وتووێژی ڕێنێسانس لەگەڵ هێڤی مستەفا جێگری هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمی عەفرین

وتووێژ لە: سۆران محەمەدی

 

 

ڕێنێسانس: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕۆژئاوا ئێستاش بە هەستارییەکی تایبەتەوە دەشۆپێندرێن. چەند هەفتە لەمەوبەر پەیمانی کۆمەڵایەتی، یان هەمان دەستووری بنەڕەتیی هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەسەند کرا و بەو جۆرەی لە ڕاگەیەندنەکاندا هاتووە لە ڕۆژی پەسەندکردنییەوە خراوەتە بواری جێبەجێ‌کردنەوە. هەندێک کەس لەبەر ئەوەی وشەی “ڕۆژئاڤا” لەو پەیمانەدا نەهاتووە و هەروەها لەبەر ئەوەی کە سەبارەت بە پرسی دەسەڵات ناڕوونییەکی تێدا بەدی دەکرێت، ڕەخنەیان لێی گرتووە. ئێوە ئەو ڕەخنانەی لەو دەستوورە گیراوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هێڤی مستەفا: سەبارەت بەم پەیمانە کۆمەڵایەتییەی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ئەم ماوەیە ڕاگەیەندرا، بە پێویستی دەزانم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و لە دەستپێکی کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی سووریاوە، ئێمە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکمان خستە ڕوو و بە کردەوەش ئەم پەیمانەی ئێستا نزیکەی ١٠ ساڵە جێبەجێ دەکرێت. پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک تێکڕای نەتەوە و ئاینەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەخۆ دەگرێت و وێنای تەواوی فرەڕەنگییەکانی ئەم ناوچەیەیە. دان بە تەواوی ناسنامەکان و جیاوازییەکاندا دەنێت. لەمڕووەوەیە کە بەشێوەیەکی دیاریکراو باسی هیچ نەتەوەیەک، نە کورد، نە عەرەب یاخود نەتەوەکانی دیکەی وەک سوریانی و ئاشووری تێیدا بەرجەستە نەکراوە. ئەم ناوچەیە لە ٧ کانتۆن پێکدێت و کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤا، واتە جزیر، عەفرین و کۆبانیش هەبوونی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو قەوارەیەدا پاراستووە و بە ناسنامەی کوردیی خۆیانەوە داکۆکی لە خۆبەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکەن. بە درێژایی ئەم ساڵانە، تەنانەت فیشەکێکیش لەم هەرێمانەوە بەڕووی تورکیادا نەتەقێندراوە و ئەم ناوچانە ئەرکی پاراستنی خۆیان بەجێ گەیاندووە. هەر لەم ناوچانە بوو کە خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندرا و خەڵکەکەی تا ئیستاش خۆیان بەڕێوە بردووە. سەرباری ئەو فرەڕەنگییەی لەم هەرێمانە هەیە، هیچ نیشانەیەک لە شەڕی ناوخۆیی یان براکوژی بەدی نەکراوە. کەچی بەم حاڵەشەوە بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر هێرش کراوەتە سەری و هەندێک ناوچەی ئەم کانتۆنانە داگیر کران.

 

ڕێنێسانس: ئێستاکە هەندێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤا لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە توندئاژۆکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیادان. ئەم گرووپانە لەو ناوچە داگیرکراوانە چیان کردووە و چی دەکەن؟

هێڤی مستەفا: دەبیندرێت کە دوای داگیرکردنی هەندێک لەم ناوچانە، ئەو گرووپانەی کە ئێمە وەک چەتە ناویان دەبەین، هەموو تاوانێک لە قەتڵ و دزییەوە تا ڕفاندن و تاڵان ئەنجام دەدەن. تەنانەت دەست لە بڕینەوەی دار زەیتوونەکانیش نابوێرن و بازرگانیی بە دار زەیتوونە سەدان ساڵەکانی عەفرینەوە دەکەن. ناوچە مێژووییەکان و شوێنەوارییەکان بۆ دۆزینەوەی زێر و گەنجینە خاپوور دەکەن. هەموو ئەو هێرش و پەلامارانە بە هاوکاری و هەماهەنگیی دەوڵەتی تورکیا و لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچەیە ئەنجام دەدرێت. دانیشتووانی کورد، ئەوانەی کە لەو ناوچەیە ماونەتەوە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی گوشار و پەلامار و دەستدرێژیی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە. هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەتەکانی بە ئاراستەی ناچارکردنی کوردەکان بە چۆڵکردنی زێد و واری خۆیان، ئەنجام دەدرێت. بۆیە ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری لە ڕادەبەدەر دەبنەوە. ماڵەکانیان زەوت دەکرێت. زەوییەکانیان لێ داگیر دەکرێت و بە بیانووی بێ‌بنەما ڕاپێچی دەخرێنە زیندانەوە. کچەکانیان بە زۆر ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێن. ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵی ڕفاندنی کچان و دواتر داواکردنی فەدیە لە بنەماڵەکانیان لە پێناو ئازادکردنیان دەبین. لە ڕاستیدا دانیشتووانی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بوونەتەوە کە ڕۆژانە دەبینین و مایەی شەرمەزاریی مرۆڤایەتییە.

 

ڕێنێسانس: لە کاتی داگیرکردنی عەفریندا، لایەنەکانی سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، ناسراو بە ئەنەکەسە، هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو دەوڵەتەیان کرد. گەلۆ ئێستاکەش ئەم لایەنانە لە عەفرین هەن؟ ئەنەکەسە چ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر داگیرکردنی عەفرین هەبووە؟

هێڤی مستەفا: وەک ئێوەش ئاگادارن، ئەنەکەسەش لە داگیرکردنی عەفریندا هاوکاریی دەوڵەتی تورکیای کرد. ئەم لایەنە ڕوانگەیەکی یەکجار بەرچاوتەنگانەی هەیە و تەنیا لە گۆشەنیگای حیزبییەوە چاو لە پرسی کورد دەکات. ئەندامانی ئەنەکەسە ناتوانن پرسی کورد لە دەرەوەی ڕوانگەی حزبییەوە ببینن. زیاتر و بەر لە هەموو شتێک داکۆکی لە بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان دەکەن و ناسنامەی کوردی لەبەرچاو ناگرن. تەنانەت لەم قۆناغەی ئێستاشدا ئەندامانی ئەنەکەسە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دۆخی عەفرین ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە. دەڵێن عەفرین پێشکەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە و لەلایەکی دیکەوە بەیاننامە لەبارەی گەڕانەوەی عەفرینییەکان بۆ شارەکە بڵاو دەکەنەوە. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە ئەمەیە کە هیچکام لە ئەندامانی ئەنەکەسە و بنەماڵەکانیان لەو شارە ناژین. ئەوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی لەمچەشنە لەلایەکەوە هەوڵ دەدەن پاکانە بۆ کردەوەکانی تورکیا و گرووپە چەتەکانی بکەن و لەلایەکی دیکەوە هەوڵ دەدەن، ڕێگە نەدەن ئەو پێشێلکاریانەی، بە تایبەت پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ، کە لەو ناوچەیە ڕوو دەدەن، دەنگ بداتەوە. ئێمەش دەڵێین ئەگەر دۆخی عەفرین تا ئەو ڕادەیەی ئێوە باسی دەکەن ئارام و سەقامگیرە، فەرموون خۆتان بگەڕێنەوە شارەکە و نووسینگەکەتان لەو شارە بکەنەوە.

 

ڕێنێسانس: گرینگترین ناوچەیەک کە لەلایەن جیهادیستەکان و دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکرابێت، عەفرینە. ئەم گرووپانە بە چ شێوەیەک هەوڵی دەکردن و کۆچبەرکردنی کوردەکانی عەفرین دەدەن؟

هێڤی مستەفا: هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، لە پلەی یەکەمدا بە دزی و تاڵانکاری و دواتریش بە دەستدرێژیی هەمەلایەنە بۆسەر مافە بنەڕەتییەکانی کوردانی ئەو ناوچەیە و ناچارکردنیان بە چۆڵکردنی زێد و ماڵیان، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەدەن. لەمڕووەوەیە کە گرووپە چەتەکان بە گرتنەبەری کردەوەگەلی وەک ڕفاندن و سەرانە و باج سەندن ئەو ڕەوتی کۆچی زۆرەملییە بەهێز دەکەن. بۆ نموونە لەم ساتەوەختەدا کە وەرزی ڕنینی زەیتوونە، ئەوان پەرەیان بە کردەوەگەلی لەمچەشنە داوە. کوردەکان بە ترس و دڵەڕاوکێوە دەستیان بە ڕنینەوەی زەیتوون کردووە. بە ترس و دڵەڕاوکێوە سەردانی باخە زەیتوونەکانیان دەکەن، یان تەنانەت لە ماڵەکانیان دەردەکەون. بە حوکمی ئەوەی ڕۆژانە پەیوەندیمان لەگەڵ عەفرین هەیە، گوێ بیستی ئەوە دەبین کە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت ژنان دەڵێن لە ترسی ئەوەی ڕووبەڕووی دەستدرێژی نەبنیەوە، هەندێک جار بە مانگان لە ماڵ دەرنەکەوتووین. بە واتایەکی دیکە تا دۆخێکی ئاوارتە و ناچاری نەهاتبێتە ئاراوە نەمانوێراوە لە ماڵەکانمان دەرکەوین.

 

ڕێنێسانس: بەمدواییە هەندێک ڕاپۆرت سەبارەت بە هەوڵەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و دەوڵەتی تورکیا بۆ نیشتەجێ‌کردنی عەرەب و فەلەستینییەکان لە عەفرین بڵاو کراوەتەوە. گەلۆ ئێوە ئەم ڕاپۆرتانە پشتڕاست دەکەنەوە؟

هێڤی مستەفا: لە بارەی ئەم پرسیارەوە، ئێمە زانیاریی وردمان لەبارەی چەند و چۆنی کارەکە لەبەردەست نییە. بەڵام ڕەوتێکی لەوچەشنە لە ئارادایە. لەو ڕۆژەوە کە عەفرین داگیر کرا، دەیان گوندی نوێ بۆ نیشتەجێ‌کردنی بنەماڵەی گرووپە چەتەکان درووست کرا. ئەو گوندانەش بە هاوکاریی ژمارەیەک لە ڕێکخراوە فەلەستینییەکان بونیات نران. بە واتایەکی دیکە، دەبینین کە دەیان گوندی نوێ لەلایەن ڕێکخراوە فەلەستینییەکانەوە و لەسەر زەوی و زاری خەڵکی عەفرین درووست کراوە. بێ‌گومان ئەو ڕێکخراوانەی دەستیان لە بونیاتنانی ئەو گوندانەدا هەبووە، بیریان لە نیشتەجێکردنی فەلەستینییەکانیش کردۆتەوە. بەڵێ، ئێمەوە ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە. سەرباری ئەوەی کە یەکێک لەو ڕێکخراوە فەلەستینیانە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە هیچ کەسایەتییەکی حقووقی هاوکاریی ئەو بابەتەی نەکردووە و کەسە حەقیقییەکان تێیدا بەشدارن، بەڵام ئێمە ئەو بەیاننامە فەرمییە بە ڕاست نازانین و وەک پاساوێکی شەرمێونانە لێکیدەدەینەوە و بە ڕەنگدانەوەی واقعی مەسەلەکەی نابینین.

 

ڕێنێسانس: گەلۆ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک، پەیەد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانەی بە ئاراستەی تەعریب‌کردنی عەفرین ئەنجام دەدرێت، هیچ هەنگاوێکی ناوە یان هیچ گفتوگۆیەک لەم چوارچێوەیەدا هەبووە؟

هێڤی مستەفا: پارتی یەکێتیی دیموکراتیک، پەیەدە، ئەرکە دیپلۆماتیکەکانی خۆی لەم بارەیەوە بە ئەنجام دەگەیەنێت. پرسی خۆبەڕێوەبەری و داعش، گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین و تەعریبی ناوچەکانی ڕۆژئاڤا، تا ئێستاش لە بەرنامەی کاریدایە و پێوشوێنی دەگرێت. هەڵبەت، ئەمە پرسێکی ئەوندە ئاسان نییە. بەشێکی بۆ مەسەلەی تەعریب دەگەڕێتەوە کە لەلایەن گرووپە چەتەکان و بنەماڵەکانیانەوە پەیڕەو دەکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی فریودانی ئەو گرووپە چەتانە دەدات و هاوتەریب لەگەڵ ئەو سیاسەتی تەعریبەی لە ئارادایە، سیاسەتی تەتریک یان بە تورک‌کردنی ناوچەکە پەیڕەو دەکات. بۆ نموونە لەسەر هەموو دەزگا و دامەزراوەکانی عەفرین، بە دیاریکراوی لەسەر قوتابخانەکانی ئەو ناوچەیە، ئاڵای تورکیا وەک هێمایەکی سەرەکی هەڵدراوە. خوێندن بە زمانی تورکییە. واتە سیاسەتی تەتریک و تەعریبە بە یەکەوە لەو ناوچەیە پەیڕەو دەکرێت و هەوڵ دەدرێت ناسنامەی کوردیی ناوچەکە لە ڕەگ و ڕیشەوە نەمێنێت. هەندێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان لەمبارەیەوە هەڵوێستی باشیان نواندووە. هەندێکیشیان پشتگیریی ئەو ڕەوتەیان کردووە و پشتیوانی لەو گرووپە چەتانە دەکەن. بەڵام بە گشتی تا ئێستا هیچ هەوڵوێست یان کاردانەوەیەکی شەفاف و فەرمی کە ڕەخنە لەو دۆخە نامرۆڤانەیە بگرێت، بەدی نەکراوە.

 

ڕێنێسانس: گەلۆ حکوومەتی دیمەشق لەمبارەیەوە چ هەڵوێستێکی هەیە و هیچ کاردانەوەیەکی هەبووە؟

هێڤی مستەفا: حکوومەتی دیمەشقیش خۆی لەو کردەوانەی لە عەفرین هاتوونەتە ئاراوە نەبان دەکات. بە واتایەکی تر بێدەنگیی لێ کردووە. حکوومەتی دیمەشق لەم هەلومەرجەی ئێستادا هەوڵی ئەوە دەدات مانەوەی خۆی بپارێزێت و لەسەر پێ بمێنێتەوە. هەوڵ دەدات لەسەر خوێنی گەلانی سووریا درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. بەتایبەت لەبارەی عەفرینەوە پێویستە ئاماژە بەم خاڵە بدرێت کە لە کاتی هێرشەکەی تورکیادا، ڕژیمی سووریاش بەشداری پیلانگێڕییەکە بوو. واتە دەوڵەتی سووریاش خۆی لە هێرش بۆسەر عەفرین و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای نەبان کرد. سووریا بەپێی حیساباتی خۆی و لە چوارچێوەی ساتوسەودایەکی چەپەڵدا، عەفرینی فرۆشت بۆ ئەوەی بنەماڵەی گرووپە چەتەکان لە دەوربەری دیمەشق و غووتەوە بەرەو ئەو ناوچەیە بچن و لە عەفرین نیشتەجێ بکرێن. ئەمەشی لەپێناو مانەوەی دەسەڵات و سیستەمەکەی خۆی ئەنجام دا.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *