عارف سەلیمی

 

کاتێک کە عەبدولڵا ئۆجالان ڕێبەری کوردان تێزی کۆنفیدڕاڵیزمی دێموکراتیکی وەک جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ سیستەمی ناکارامەی دەوڵەت-نەتەوە دەخستە ڕوو، زۆر کەس، بە زۆرێک لە لایەنگرەکانیشییەوە، شتێکی ئەوتۆی لێ تێنەگەیشتن. زۆرێک لەوانەش ئیدعایان کردووە و دەیکەن کە لێی تێگەیشتوون، وەک ستراتیژییەکی درێژخایەن (یۆتۆپیایەک بۆ داهاتوو، نەک بۆ ئێستا) وەسفی دەکەن.

 هاوشێوەی ئەوەی کۆمۆنیزمی ڕووسی دەیگوت سیستەمەکەیان هەنگاوێکە بەرەو بەدیهێنانی جڤاکی کۆمۆنیستی “لە داهاتوو”، بەشێک لەو لایەنگرانەش دووپاتی دەکەنەوە کە کۆنفیدڕاڵیزمی دێموکراتیک (و نەتەوەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان) ستراتیژییەکی درێژخایەنە و بڕیارە “لە داهاتوودا” بەدی بێت. لە حاڵێکدا کە درووشمی بنەڕەتیی تێزی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک ئەمەیە کە “هەر ئێستا” و “لە هەر شوێنێک” هەیت، خۆت سیستەمەکەت بونیات بنێ و چاوەڕێی “داهاتوو” یان “ئەرزی مەوعوود” و “مەهدی/مەسیحی مەوعوود” مەکە.

دژبەران و نەیارانی ئەو تێزەش، زۆربەیان، لەبری ڕەخنەی بابەتی، تۆمەتی بێبنەما و داخ‌لەدڵانەیان پێوە هەڵبەستووە.

بەڵام جیددیترین رەخنەیەک کە تائێستا لە پارادایمی کۆنفیدڕاڵیزمی دێموکراتیکی ئۆجالان گیرابێت، لە بنەما ئابوورییەکەی بووە.

ڕەخنەکە بە کورتی ئەمەیە کە داخۆ “ئابووریی کۆمیناڵ و کۆنفیدراڵ”  لە بنەپاڵی بازاڕی هاری سەرمایەداری، کە بانکە زەبەلاحەکان و بانکە ناوەندییە قۆرخکارەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان بە هەموو هێز و توانایانەوە دەیپارێزن، چۆن هەڵدەکات؟

گەلۆ لەسەردەمی دەسەڵاتداریی ڕەهای زێڕ و دۆلار و یۆرۆدا کە سەرەداویان دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ئیقتیدار، سیستمێکی هاوتەریب و بەدەر لەو سیستەمی ئیقتیدارە، ئەویش بە ئیدعای دژایەتیکردنی، چۆن دەلوێت؟ بە پشتبەستن بە چ بەستێنێکی ئابووری دەتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت؟

گەلۆ تۆ بۆ ئەوەی بتوانیت سیستەمێکی سیاسی- کۆمەڵایەتیی تایبەت و دژەدەوڵەت/نادەوڵەت دابمەزرێنیت پێویستت بە بەستێنێکی ئابووریی تایبەت بە خۆت، لە دەرەوەی ئەم بەستێنە ئابوورییەی ئێستا، نییە؟ ئەگەر ئەرێ، ئایا مەرجێکی لە پێشینەی بەستێنێکی لەوچەشنە ئەوە نییە کە گرێدراوی سیاسەتی ئابوریی دەوڵەت-نەتەوەکان، بانکە ناوەندییەکان و تەنانەت دراوەکانیان نەبێت.

پرسیارەکە ئەمەیە سیستەمێکی لەمچەشنە لە دنیای ئەمڕۆدا چۆن و لە کوێ دادەمەزرێت؟ تەنانەت ئەگەر لە شوێنێکیش دامەزرا چۆن دەتوانێت خۆی لە  گرێکوێرەی کۆمۆنیزمی ڕووسی بپارێزێت[1]؟

ڕەنگە سیستەمی بلۆکچەین و چەمکی “شفرەدراو”  کە لەناو خەڵکدا هەندێک جار بە هەڵە بە دراوی دیجیتاڵی ناو دەبردرێت، وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە.

 

 بلۆکچەین

لەو سەروبەندەدا کە بەڕێز ئۆجالان لە سووچی زیندانی ئیمڕاڵییەوە و لە چوارچێوەی کتێبەکانی ناسراو بە پارێزنامەدا، تێزەکانی کۆنفیدڕاڵیزمی دێموکراتیکی دادەڕشت، لە سووچێکی دیکەی جیهان، کەسێک بە ناوی خوازراوی “ساتووشی ناکامۆتۆ” کە ئێستاش ناسنامەی ڕاستەقینەی دیار نییە، لە وتارێکدا باسی دراوێکی سەربەخۆ لەسەر بەستێنی “بلۆکچەین”ی هێنایە ئاراوە.

دەڵێن پاڵنەری سەرەکیی وتارەکەی ساتووشی ناکامۆتۆ، قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بووە کە بەهۆیەوە ناکارامەیی و تاڵانکاریی سیستەمی زاڵ، زیاتر لە جاران کەوتە بەرچاوان.

ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی بانکە زەبەلاحەکانەوە قەیرانێکی ئابووریی گەورە ڕووی لە بازاڕەکانی دنیای سەرمایەداری کرد. بە ملیۆنان کەس و بە سەدان هەزار بنەماڵە، کە هیوای دواڕۆژیان لەسەر متمانە بەو بانکانە هەڵچنیبوو، بەیانییەک لە خەو هەستان و بینیان ماڵ و سامان و پاشەکەوتیان نەماوە و کەوتوونەتە سەر ساجی عەلی. چەندین بانک “سولەیمان هەڵشۆیی[2]“ئاسا مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاند یان گەیشتنە لێواری مایەپووچی.

دەوڵەت-نەتەوەکان و بانکە ناوەندییەکان بڕیاریان دا یارمەتیی بانکە “هەڵشۆ”ەکان بدەن؛ خەڵکی زیانلێکەوتووش با بچنە سەر شەقامەکان سیر بخۆن و زوڕنا لێدەن. خەڵکانێکیش چوونە سەر شەقامەکان، بزاڤی ٩٩ لەسەدییان ڕاگەیاند و دوای چەند مانگێک بە دەردی بەفرەکەی پار چوون.

 ئەو قەیرانە ئابوورییە لانیکەم دوو شتی بۆ خەڵک -زیاتر لە جاران- خستە بەر چاوان: یەکەم، چاوچنۆکیی و بێ‌ئابڕوویی بانکە زەبەلاحەکان و دووەم، بەکرێگیراویی دەوڵەت-نەتەوەکان.

دەرکەوت کە دەوڵەت- نەتەوەکان لە وڵاتە هەرە دیموکراتیکەکانیش زیاتر لەوەی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک بن، بەکرێگیراوی “زەبەلاحە” چاوچنۆکە بێ‌ئابڕووەکانن. جا ئەم “زەبەلاحە” دەتوانێت شەخس بێت، پارتی بێت، بنەماڵە و عەشیرەت بێت، چین و توێژ بێت، بانک و کۆمپانیا و هۆڵدینگ بێت. یانیش تێکەڵەیەک لە هەموویان بێت.

ساتووشی ناکامۆتۆ لە ژێر کاریگەریی ئەو قەیرانە و لە دژی سیستەمی بانکیی ئەم بازاڕە چاوچنۆکەدا “بلۆکچەین”ی وەک بەستێنێکی نوێ ناساند[3] و ڕایگەیاند کە لەسەر ئەو بەستێنە دەتوانرێت دراوی شفرەیی یان شفرەدراو بەرهەم بهێندرێت؛ شفرەدراوێک کە گرێدراوی هیچ دەوڵەت و بانک و بونگایەکی ئابووری نەبێت و جێگەی متمانەش بێت. هەر خۆیشی بەستێنێکی بلۆکچەینی داڕشت، دراوێکی لەسەری هەڵکۆڵی و ناوی لێ نا “بیتکۆین”.

 ئێستا ئیتر خەڵک دەیانتوانی بەبێ ئەوەی پشت بە هیچ بانکێک یان سەڕافێک ببەستن ڕاستەوخۆ لەم‌سەرەوە بۆ ئەوسەری جیهان، بە دراوێک کە متمانەیان پێیەتی – بێمنەت لە متمانەبەخشیی دەوڵەتەکان- ساتووسەودا لەگەڵ یەکتر بکەن.

 

بەستێنی کۆنفیدڕاڵی بلۆکچەین

 تایبەتمەندیی سەرەکیی بەستێنی بلۆکچەینی بیتکۆین فرەسێرڤەری یان باشترە بڵێین فرەجەمسەربوونییەتی.

 بەستێنەکە لەلایەن سێرڤەرێک یان چەند سێرڤێری دیاریکراوەوە بەڕێوە نابرێت. تێکڕای ئەو داتابلۆکانەی بە سیستەمەکەوە دەبەسترێنەوە هاوکات رۆڵی سێرڤەریش دەگێڕن یا بە واتایەکی دیکە پێکهێنەری سیستەمەکەن. واتە، زنجیرەی داتابلۆکەکان(بلۆکچەینەکان) پەیوەندییەکی کۆنفیدڕاڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە؛ لەیەک کاتدا ئەندام، بەکارهێنەر، پێکهێنەر و بڕیاردەری سیستەمەکەن.

هەر داتابلۆکێکی نوێ بیەوێت بێتە ناو سیستەمەکەوە، دەبێ لەلایەن کۆی داتابلۆکەکانی پێش خۆیەوە پەسەند بکرێت. هیچ بڕیارێک لە دەست ناوەندێکی دیاریکراو یان تەنانەت داتابلۆکە یەکەمینەکانیشدا نییە.

 بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک بەرچاوڕونییەک بدرێت، دەکرێت بە یاریی دۆمینە بچوێندرێت. لە یاریی دۆمینەدا ژمارەکانی سەر ئەو پوولەی لەسەر مێزەکە دانراوە، دیاریی دەکەن چ پوولێک دەتوانێ بچێتە تەنیشتی. هەر ئەو ژمارانەش دیاریی دەکەن، زنجیرەی دۆمینۆیەکە بە کام ئاراستەدا بڕوات. داتابلۆکەکانی ناو بەستێنی بلۆکچەینیش میکانزمێکی لەو چەشنەیان هەیە. ئەو داتابلۆکانەی بەرهەمهێنراون، دیاریی دەکەن چ داتابلۆکێکی نوێ دەتوانێت بێتە ناو سیستەمەکەوە.

بەم جیاوازییەوە کە لەم بەستێنەدا بلۆکەکان پێشتر یان لە شوێنێکی تر بەرهەم نەهاتوون. بەڵکوو لەلایەن خودی سیستەمەکەوە و لە میانەی پڕۆسە نێوخۆییەکانییەوە بەرهەم دێن. هەر بلۆکێکیش کە بەرهەم بێت، بڕۆکەیەک بیتکۆین لەگەڵ خۆیدا هەڵدەکۆڵێت یان هەڵدەگۆزێت. لەم ڕووەوە شفرەدراوی بیتکۆین پاداشتی هەڵتۆقینی داتابلۆکەکان و گەشەکردنی سیستەمەکەیە.

ئەم بەستێنە چەند تایبەتمەندیی سەرەکیی هەیە.

تایبەتمەندیی یەکەمی شەفافییەت یان باشترە بڵێین شەفافییەتی شاراوەیە. سەرجەم زانیارییەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی بیتکۆینەکان، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ئەمڕۆ بە شەفافی لەبەردەستە. واتە ئەگەر دراوێک لە جزدانێکی ئەلەکترۆنییەوە بۆ جزدانێکی ئەلەکترۆنیی دیکە بگوازرێتەوە، هەموو زانیارییەکانی تایبەت بەو گواستنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەستێنی بلۆکچەینەکەی تۆمار دەکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا زانیاریی شەخسیی بەکارهێنەرانی جزدانەکان (ئەگەر خۆیان بیانەوێت) تەواو پارێزراوە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی بەستێنی بلۆکچەین ئەوەیە کە کەس ناتوانێت هاکی بکات. چونکە هیچ سێرڤێرێکی ناوەندیی نییە و تێکڕای ئەو کۆمپیوتەرانەی پێکهێنەری بلۆکەکانن، “بە شێوەیەکی کۆنفیدڕاڵ” ڕۆڵی سێرڤەر دەگێڕن. هاوکات داتاکانی سەر هەر بلۆکێکی ناو زنجیرە بلۆکەکان بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە و نەگۆڕە. واتە نە دەتوانی زانیارییەکانی بسڕیتەوە نە زانیاریی تازەیان لەسەر دانێییت. بۆ ئەوەی زانیاریی تازە بخەیتە سەر کۆی سیستەمەکە پێویستە بلۆکێکی نۆێ هەڵتۆقێنیت. ئەو بلۆکە نوێیەش دەبێ لەلایەن بلۆکەکانی پێش خۆیەوە “ئەرێ” بکرێت. کەسێک یان ناوەندێک بیەوێت کۆی سیستەمەکە هاک بکات، دەبێ سەرجەم داتابلۆکەکان، واتە ملیۆنان بلۆک کە لە چوارگۆشەی جیهانی ئەنتەرنێتدا بڵاوەن و بەشێوەیەکی کۆنفیدڕاڵی، نەک هێرەمی، پێکەوە گرێدراون، هاک بکات.

 

جیهانی بلۆکچەینەکان

چەند ساڵ دواتر وردە وردە کەسانی دیکەش سەرنجیان خستە سەر ئەم بیرۆکەیە و بەستێنی بلۆکچەینی تایبەت بە خۆیان دروست کرد.

ئێستا زیاتر لە پازدە ساڵ دوای وتارەکەی ساتووشی ناکامۆتۆ، بێجگە لە بلۆکچەینی بیتکۆین چەندین بلۆکچەینی دیکە کەم تا زۆر بەپێی هەمان میکانیزم داڕێژراون. لەسەر بەستێنی هەرکامیشیان دەتوانرێت دەیان و هەزاران شفرە دراوی جیاواز هەڵکۆڵدرێت.

ئێستا ئیتر هەر کەسێک بە تەنیا یان لەگەڵ چەند کەسی دیکە دەتوانێت شفرەدراوی خۆی لەسەر یەکێک لەو بلۆکچەینانە هەڵکۆڵێت و بیخاتە بازاڕەوە. یان تەنانەت بەستێنی بلۆکچەینی تایبەت بە خۆی داڕێژێت.

 بۆ ئەوەی شفرەدراوەکەی یان بلۆکچەینەکەی بخرێتە گەڕ، پێویستی بەوە نییە مۆڵەت لە بانکەکان یان دەوڵەتەکان وەرگرێت. تاکە مەرجی ئەوەیە متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت. واتە خەڵک لەدەوری دراوەکەی و بلۆکچەینەکەی کۆببنەوە و ئاڵوگۆڕی پێ بکەن. هەر ئەوندە.

هەر شفرەدراوێک و هەر بەستێنێکی بلۆکچەین، جڤاتی(کۆمیونیتی) تایبەت بە خۆی هەیە. ئەندامانی ئەو جفاتانە باس و خواسی شفرەدراوی دڵخوازی خۆیان دەهێننە ئاراوە، ڕێکلامی بۆ دەکەن و هەوڵی پێشخستنی دەدەن. ئەو جڤاتانەش، کەم تا زۆر، کۆنفیدڕاڵن.

ئێستا زیاتر لە ٢٣ هەزار شفرەدراو و تۆکن لە بازاڕی لامەرکەزیی و دژەئیقتیداری شفرەدراوەکان هەڵتۆقیون. ڕۆژانە زیاتریش دەبن.

ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەو شفرەدراوانە سکام واتە بەربادن و ئەگەرچی تائێستا پارەیەکی زۆر لەم بازاڕەدا حەپەلووش کراوە، بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکەی بەستێنی بلۆکچەینەوە نییە. بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیی بە ترس و تەماحی ئەو کەسانەوە هەیە کە بە هیوای ئەوەی لەپڕێک ببنە “ملیۆنەر” ڕوویان لەم بازاڕە نوێیە کردووە. لە پلەی دووەمیشدا پەیوەندیی بەو هەلپرستانەوە هەیە کە هەمیشە خۆیان بە سیستەمە نوێکان و ئامراز و تەکنیکە تازەکانەوە هەڵدەواسن و پارە لە ترس و تەماحی خەڵک هەڵدەلووشن.

ڕاستە، بازاڕی ناناوەندی و کۆنفیدڕاڵی شفرەدراوەکانیش وەک هەموو بازاڕەکانی دیکە زۆر کەسی کردووەتە خانی خانان و زۆرکەسیشی کردووەتە تۆزی بانان. هەروەها فێڵ و تەڵەکە و قۆڵبڕینیش هەتا بڵێی زۆرە. بەڵام خۆ بانگەشەی سەرەکیی بەستێنی بلۆکچەینی بیتکۆین ئەوە نەبووە خەڵک بکاتە ملیۆنەر. بانگەشەی سەرەکیی ئەو چەمکە ئەوەیە کە “دراو” لە قۆرخی بانکەناوەندییەکان و دەوڵەت-نەتەوەکان دەربهبێنێت.

ئێستا ئیتر بە یارمەتیی بلۆکچەین، بەستێنی ئابوورییەکی نوێ خەریکە سەرهەڵدەدات کە چیتر پشت بە دەوڵەتەکان و بانکەکان نابەستێت. بەڵکوو پشت بەو جڤاتانە دەبەستێت کە دڵخوازانە لە دەوری کۆبوونەتەوە. گەورەترین بانگەشەشی ئەوەیە لامەرکەزی یا دیسێنتراڵە و ناچێتە ژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوە بەکرێگیراوەکان و بانکە زەبەلاحە چاوچنۆکەکانەوە.

ئێستا ئیتر بەستێنی ئابوورییەکی نادەوڵەتی و لە هەندێک ڕووەوە کۆمیناڵ خەریکە لەدایک دەبێت؛ لەدایک بووە.

 

کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و کۆنفیدڕاڵیزمی بلۆکچەین

ئوجالان کۆنفیدڕاڵیزمی دێموکراتیکی وەک ئاڵترناتیڤی سیستەمی هەنووکەیی جیهان پێشنیار کردووە.

هاوکات تەکیدیشی کردۆتەوە کە ئەم ئاڵترناتیڤە هەڵەی کۆمۆنیزمی ڕووسی دووپات ناکاتەوە. واتە بە دوای ئەوەوە نییە سەرەتا سیستەمی هەنووکەیی بڕووخێنێت و دەسەڵات بگرێتە دەست، ئینجا سیستەمەکەی خۆی بونیات بنێت. بەڵکوو دەڵێت، ئەم سیستەمە دەبێ “هەر ئێستا” لەپاڵ مۆدێلی هەنووکەیی و هاوتەریب لەگەڵ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە ئاوا بکرێت، گەشە بکات و بگاتە ئەو ئاستەی مۆدێلی هەنووکەیی لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە. وەک چۆن مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری سیستەمەکانی پێش خۆی و تەنانەت سیستەمە دژبەرەکانیشی، لەناو خۆیدا تواندۆتەوە[4].

بەستێنی بلۆکچەین ڕێک خەریکە ئەم کارە دەکات. بەبێ ئەوەی هەوڵی ڕووخانی سیستەمی زاڵ بدات، سیستەمێکی هاوتەریبی درووست کردووە و وردە وردە خەریکە درز دەخاتە قەڵای ئیقتیداری ڕەهای بانکەکان و دەوڵەت-نەتەوەکانەوە.

ئەم بەستێنە نوێیە تەنانەت خەریکە جیهان و گەردوونی تایبەت بەخۆشی دەخوڵقێنێت. لەسایەی بلۆکچەین خەریکە چاخی “گەردوونە هاوتەریبە کۆنفیدڕاڵەکان” دەست پێدەکات؛ سەردەمی مێتاڤێرس بەڕێوەیە.

 

وێب سێ و مێتاڤێرس: گەردوون‌بانیسەری خۆسەر

وەک دەزانرێت ئەم چاخه بە چاخی تەکنۆلۆژیای زانیاری یان چاخی شۆڕشی زانیاری ناسراوە.

 دەگوترێت ئەم جیهانی ئەنتەرنێتەی لە چاو ترووکانێکدا تەونەکانی بە تەواوی دنیادا بڵاو کردەوە، بە ئەندازەی شۆڕشەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی، بگرە زیاتریش، جیهانی مرۆڤ و تەنانەت خودی مرۆڤی گۆڕیو و دەیگۆڕێت.

ئەم شۆڕشە مەزنە تا ئێستا دوو قوناغی گرینگی بڕیوە و خەریکە پێدەنێتە قوناغی سێیەمی خۆیەوە.

 قۆناغی یەکەم کە بە وێب ‌یەک یان نەوەی یەکەمی وێب ناسراوە، سەردەمی ماڵپەڕەکانە. لەم قۆناغەدا زانیارییەکانی سەر ماڵپەڕەکان، هاوشێوەی رادیۆ، تەلەفزیۆن و رۆژنامەکان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە دەگوازرێنەوە. واتە بەکارهێنەر تەنیا وەرگری زانیارییە و هیچ ڕۆڵێکی لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی ئەو ماڵپەڕانەدا کە سەردانیان دەکات، نییە.

قۆناغی دووەم کە ئێستایە و بە وێب ‌دوو ناسراوە، قۆناغی پلاتفۆرمەکانی میدیای جڤاکی یان سۆشیالمیدیایە (سەردەمی یوتیووب، فەیسبووک، ئینستاگرام، تویتەر، تیکتۆک، سناپچات، کڵابهاوس و …).

لە وێب‌ دوودا بەکارهێنەر دەتوانێت ئەکاونت لەسەر پلاتفۆرمەکان دروست بکات و بەرهەمی نووسراو، بینراو و بیستراو بخاتە سەری. بە واتایەکی تر بەکارهێنەر، هاوکات بەدیهێنەری ناوەڕۆکیشە.

لێرەدا ناوەڕۆک و زانیارییەکانی سەر ماڵپەڕ/ پلاتفۆرمەکان لەلایەن سەرجەم بەکارهێنەرانەوە دابین دەکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا خودی پلاتفۆرمەکان بەشێوەیەکی ناوەندی، لەلایەن کەس یان کەسانێکەوە، کۆنتڕۆڵ و قۆرخ دەکرێن. ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵی پلاتفۆرمەکانیش ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ئەو ناوەڕۆک و زانیارییانەی بە دڵیان نییە بسڕنەوە، بەکارهێنەران سڕ بکەن یان تەنانەت ئەکاونتەکانیان بە یەکجاری دابخەن. بە واتایەکی دیکە میکانیزمی کۆنتڕۆڵی پلاتفۆرمەکان ناوەندگەرا و ملهۆڕانەیە.

بێجگە لەوەش پلاتفۆرمەکان لەم سەردەمەی کە دەڵێن “زانیاری زێڕە”، بە سەدان ملیار دۆلار لە فرۆشتنی ئەو زانیارییانەی لەسەر بەکارهێنەران کۆی دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی بەکارهێنەران خۆیان پێی بزانن، دەستدەخەن یا باشترە بگوترێت حەپەلووش دەکەن.

وێب ‌سێ یان نەوەی سێیەمی وێب کە ئێستا ماوەیەکە باسی لێ دەکرێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەیهەوێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات. واتە هەم میکانیزمی کۆنتڕۆڵی پلاتفۆرمەکان لە قۆرخی ناوەندێک یان کۆمپانیایەکی دیاریکراودا نەمێنێت و هەم کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەکارهێنەران و فرۆشتنیان بەبێ ئیزنی خۆی مەیسەر نەبێت. ئەگەریش زانیارییەکان کۆکرانەوە و فرۆشران، ئەوا پشکی بەکارهێنەری لێ بدرێت. ئەگەر وێب‌یەک و وێب‌دوو جیهان‌وێبی دەوڵەتەکان و ناوەند/کۆمپانیا زەبەلاحەکان بوون، ئەوا وێب‌سێ دەتوانێت جیهانی کۆنفیدڕاڵی وێب بێت.

 

لەگەڵ وێب سێ کۆمەڵێک چەمکی نوێی دیکەش وەک دەپ (ئەپلیکەیشنی ناناوەندیی، یان دیسێنتراڵ ئەپ)، دێفی(بازاڕی ئاڵوگۆڕی ناناوەندی)، “مێتاڤێرس” و “گەردوونە ڕاستمەجازەکان” سەریانهەڵداوە.

ناناوەندێتی یان لامەرکەزییەت و دژەئیقتیداربوون تایبەتمەندیی سەرەکیی هەموو ئەم چەمکە نوێیانەیە.

لێرەدا لە چوارچێوەی مژاری سەرەکیی ئەم نووسراوەدا باسێکی کورتی مێتاڤێرس دەکرێت.

مێتاڤێرس وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو وشەی “مێتا” و “یۆنیڤێرس” پێکهاتووە. مێتا هەم واتای “بان” و “ئەوپەڕ” دەدات هەم مانای گەڕانەوە بۆ خود دەگەیەنێت. کەواتە مێتا، “بان” یان “ئەوپەڕ”ێکی خۆڤەگەڕ و خۆسەرە. یونیڤێرسیش هەمان گەردوون یان کەیهانە. بەمپێیە بێت مێتاڤێرس دەبێتە گەردوونێکی خۆڤەگەڕ و خۆسەر لەودیوی ئەم گەردوونە (یونیڤێرسە) حازرییە؛ یان گەردوون‌بانیسەری خۆسەر.

دەکرێت “بان‌گەردوون‌خۆسەر” یان “خۆسەرگەردوون”یشی پێ بگوترێت.

ئەم گەردوون‌بانیسەرە  وەک باس کرا، بە هۆی تایبەتمەندییکەیەوە کە هەمان تایبەتمەندیی  بلۆکچەین، واتە ناناوەندێتی یان لامەرکەزیبوونە، تەنیا لەسەر بەستێنی بلۆکچەین دەتوانێت بەدی بێت.

مێتاڤێرس، بەستێنی جیهان-زەمەنە ڕاستمەجازەکانە (ڕاستەقینەی مەجازی) کە بوونەوەرەکانی، بەپێچەوانەی ئەم جیهان-زەمەنەی ئێستا، بە چوارچێوەی تەسکی “شوێن”ەوە نەبەستراونەتەوە.

لەم جیهان-زەمەنە ڕاستمەجازانەدا ڕەهەندی “شۆێن” لەناو ڕەهەندی “زەمەن”دا دەتوێتەوە و بە خێرایی تێپەڕبوونی تیشک شوێنیش تێدەپەڕێندرێت. ئەمەش خەسڵەتی “لامەکانی” بە بوونەوەرەکانی دەبەخشێت.

هەڵبەت ئێمە هەر ئێستا لەسەر پلاتفۆرمەکانی جیهانی وێب‌ دوودا تا ڕادەیەک ئەم لامەکانییە ئەزموون دەکەین. هەر ئێستا لە ئانوساتێکدا دوو لە پێنج هەستە سەرەکییەکەمان ( “بیستن” و “بینین” یان دەنگمان و ڕەنگمان) بۆ چوارقوڕنەی جیهان دەنێرین و “دەنگ” و “ڕەنگ”ەکان لە چوارقوڕنەی جیهانەوە وەردەگرین. جا ئەگەر بتوانین سێ هەستەکەی دیکەشمان واتە “چەشتن”، “بۆنکردن” و “بەرکەوتن” (لامسە) لەڕێگەی وێبەوە بگوازینەوە، ئەوا ئیتر لەسەر وێب دەبینە  بوونەوەرێکی ڕاستمەجازی (ئاڤاتاڕێکی) لامەکان و لازەمەن، کە جیاکردنەوەی لە خودی حەقیقیمان ئەستەم و بگرە مەحاڵ دەبێت.

مێتاڤێرس بڕیارە ببێتە گەردوون‌بانیسەری ئەم بوونەوەرە راستمەجازانە. لەم گەردوون‌بانیسەرەدا لە هەموو شوێنێک دەبیت و لە هیچ شوێنێک نابیت. بەواتایەکی دیکە وەک هەر بوونەوەرێکی جیهان-زەمەنە ڕاستمەجازەکان، دەبیتە خواوەندێکی لامەکان.

هەر یەک لە ئێمە دەتوانێت لە هەریەک لەو جیهانزەمەنانەدا چەندین ئاڤاتاری هەبێت. بە واتایەکی تر مێتاڤێرسەکان خەریکن بە یارمەتیی بەستێنی بلۆکچەین، تەکنەلۆژیای ڤی.ئار(واقعی گریمانەیەی)، ئەی.ئار(واقعی پێوەنراو) و ئەنتەرنێتی پێنج‌ گێ، “بیگبەنگ”ی گەردوونە هاوتەریبە کۆنفیدڕاڵەکان دەقەومێنن. لەوانەشە قەوماندبێتیان.

لە سەردەمی ئەم گەردوون‌بانیسەرانەدا جیهانی واقعیش بە دڵنیاییەوە وەک جیهانە مەجازییەکان، کۆنفیدڕاڵی دەبێت. ئەوکاتە ئەوەی جێگەی نابێتەوە ئەم سترۆکتەرە سیاسی ئابوورییەی ئێستا و بە دیاریکراوی سترۆکتەری هەژموونگەرای دەوڵەت-نەتەوە و سنووربەندییە جوگرافیاییەکانی دەبێت. چۆن دەکرێت ئیقتیدار و سنوور بەسەر بوونەوەرێکدا بسەپێندرێت کە لازەمەن و لامەکانە؟

هاشوهوشی ئێستای دەوڵەت-نەتەوەکان، با لەقوول‌ کردنیان و ئەو شەڕانەی لەملا و لەولا هەڵیدەگیرسێنن، لەوانەیە دواتر لە مێژوودا وەک دوا پەلەقاژەکانیان بنووسرێتەوە. وەک چۆن شەڕی جیهانیی یەکەم دوا پەلەقاژەی ئیمپراتۆرییەکان بوو.

 

دێمۆکراسی و بلۆکچەین

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە. ئەویش ئەوەیە کە داخۆ ئەم جیهانە کۆنفیدڕاڵانە و ئەو گەردوونبانیسەرانەی داهاتوو، دیموکراتیک دەبن؟ یان، گەلۆ ئەم بەستێنە نوێیانەش مەترسیی ئەوەیان لەسەر نییە بەرەو قۆرخکاری و دیکتاتۆریی، مەترسیدارتر لەوانەی ئێستا هەن، بچن؟

ئەوکاتەی ساتووشی ناکامۆتۆ بیتکۆینی خستە سەر ئەنتەرنێت، نرخی یەک بیتکۆین کەمتر لە دۆلارێک بوو. ئێستا چەند دە هەزار دوۆلارێکە.

لەو کاتەوە تا ئێستا زۆربەی دەوڵەتانی جیهان، بازاڕەکانی بۆرسە و بانکە زەبەلاحە چاوچنۆکەکان بە هەموو توانای خۆیانەوە دژایەتیان کردووە. چین هەر تاو نا تاوێک بڕیارێکی بۆ قەدەغەکردنی بازاڕی شفرەدراوەکان دەرکردووە. لە ئەمریکا هەر جارەو بەرپرسێک قسەیەکی لە دژی کردووە. ڕووسیا و هیندیش وەک چین هەوڵی قەدەغەکردنی بازاڕەکەیان داوە. تورکیای ئەردۆغانیش بە هەمان شێوە[5].

هۆکاری سەرەکیی ئەم قەدەغە و دژایەتیانە دەتوانێت لەبەر ئەوە بێت کە ئەوان لە درزتێکەوتن و دواتر داتەپینی ئیقتیداری دەوڵەتەکان دەترسن. بۆیە زۆر سەیر نییە ئەگەر دەبیندرێت دەوڵەتە هەرە هەژموونخواز و دیکتاتۆرەکان زیاتر دژایەتیان کردووە. ئەوان دەزانن کە جیهانی شفرە دراوەکان قۆرخکاریی لە بانکەکان دەستێنێتەوە و “دەتوانێت” دەسەڵاتی دراو بۆ بەکارهێنارانی بگەڕێنێتەوە.

ئەوان دەزانن کە لەناو ئەو جڤاتانەی لە دەوری شفرەدراوەکان کۆبوونەتەوە، بڕیاردانی  تاکەکەسی، برۆکراتیک و لەسەرەوە بۆ خوارەوە لە ئارادا نییە. ئەوان دەزانن کە بلۆکچەین دەتوانێت درزێکی گەورە بخاتە قەڵای ئیقتیداری دەوڵەتان و دراوەکانیان.

لە جیهان یا باشترە بگوترێت جیهانەکانی داهاتوودا بە دڵنیاییەوە سیستەمی کلاسیکی دەوڵەت-نەتەوە، لانیکەم بەم فۆڕمەی ئێستایەوە، چیتر باوی نامێنێت. هەر ئێستاش باوی نەماوە. ئەوە زیاتر لە بیست ساڵە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە گوایە هێمای بەڕێوەبەرایەتییەکی جیهانی لەسەر بنەمای سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆتە “پەڕۆی بۆسۆ”؛ پوولێکی قەڵب ناهێنێت و “لە جوملەی نەبووانە”. ئێستا کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکان، ئامازۆن، گووگڵ و مێتا و تێسلا و هتد… دەتوانن دەوڵەت نەتەوەکان و هەموو دامودەزگاکانیان بە یەک دوو کلیکان بکەنە مەزراق. ئێستا ئیلۆن ماسک و مارک زاکێربێرگ و جێف بێزۆس سەد قات لە سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان یان تەنانەت سەرۆکی ناتۆ ناوبانگ و دەسەڵاتیان هەیە.

 زۆربەی ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە بە پڕتاو خەریکن ڕوو لەم دەرفەتە نوێیانەی سەر بەستێنی بلۆکچەین دەکەن.

 کۆمپانیا دێوەزمەکەی فەیسبووک، چەند ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەوەی لە مێتاڤێرس بەجێ نەمێنێت، ناوی خۆی بۆ مێتا گۆڕی.

لێرەدا پرسیارێکی جیددی دێتە ئاراوە. ئەویش ئەمەیە کە گەلۆ ئەم جیهانە کۆنفیدڕاڵانەی لەسەر بەستێنی بلۆکچەینەکان سەرهەڵدەدەن، دیموکراسی گەرەنتی دەکەن؟ گەلۆ مەترسیی قۆرخکاری و پاوانخوازیی کۆمپانیا دێوەزمەکان لەسەریان نابێت؟ بە واتایەکی تر سیستەمی جیهانیی کۆنفیدڕاڵیستیی داهاتوو کە بڕیارە شوێنی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بگرێتەوە، بێ ئەملا و ئەولا دیموکراتیک دەبێت؟

داهاتوو وڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە کە ئەگەر لەو جیهانە کۆنفیدڕاڵەدا پاوانخوازی، قۆرخکاری و دیکتاتۆری دروست بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناچێتە قاڵبی تەسکی دەوڵەت-نەتەوە و سنوورە دەستکردەکانەوە. هەر قۆرخکارییەک یان پاوانخوازییەک لە هەر سووچێکی جیهان، یەکسەر کاریگەریی ڕاستەوخۆ  لەسەر تەواو جیهان دادەنێت. واتە هەر جووڵەیەک لە هەر شوێنێک بێت، یەکسەر گەردوونی دەبێت. بۆیە چیتر کەس ناتوانێت خۆی لە هیچ کێشەیەک نەبان بکات و بڵێت ئەو کێشەیە کێشەی وڵاتێکی تر و خەڵکانێکی ترە، کێشەی ناوچەیەکی ترە، کێشەی من نییە و پەیوەندیی بە منەوە یان بە ئێمەوە نییە. هەر کێشەیەک لەو جیهانە بێتە ئاراوە، یەکسەر دەبێتە کێشەی هەمووان. یەکسەر دەبێتە کێشەیەکی گەردوونی.

وەک چۆن ئێستا پرسی ژینگە پرسێکی جیهانییە و تا دێت خەڵک زیاتر هەست دەکەن بەوەی کە هەر گۆڕانکارییەکی ژینگەیی لە هەر سووچێک جیهان، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر کۆی گۆی زەوی دادەنێت، لە جیهانیی کۆنفیدڕاڵیستیی داهاتووشدا دێمۆکراسی و هەموو پرسەکانی تایبەت بە سیاسەت، کۆمەڵگە، ئابووری و هتد لە هەر کوێ بن، یەکسەر دەبنە پرسی جیهانی و بە سنوور و ناوچەیەکی دیاریکراوەوە نابەسترێنەوە.

بۆیە، بە ئەگەری زۆر لەو جیهانە کۆنفیدراڵیستییەشدا، یان دیموکراسی باڵ بەسەر تەواوی جیهاندا، دەکەشێت. یان ئەوەتا کۆی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میتۆلۆژییەکان؛ واتە کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەبنە خواوەندەکان (زیۆس و ئامۆن و ئاپۆلۆن و ئۆدینەکانی جیهانی نوێ) و مرۆڤەکان دەکەنەوە بە عەبدیان. لە هەردوو حاڵەتدا جیهانی داهاتوو کۆنفیدڕاڵی دەبێت. یان کۆنفیدراڵیی خواوەند-دێوەزمەکان یان کۆنفیداڵیی دیموکراتیکی مرۆڤەکان.

 

ئایدیاکان گرینگن نەک نییەتەکان

لەوانەیە هەندێک کەس، بە چاوی گومانەوە لە کۆی باس و خواسەکانی گرێدراوبە بیتکۆین و بلۆکچەین و شفرە دراوەکان بڕوانن. لەوانەیە هەندێک کەس- وەک لێرە و لەوێ دەبیسترێت- کۆی ئەم بابەتە بە دەستکردی زلهێزەکان، ئەمریکا یان ناوەندە ئەمنی و نهێنییە سامناکەکان بزانن. لەوانەیە هەندێک کەس بڵێین دەستی دەزگا هەواڵگرییەکانی وەک سی.ئای.ئەی و مووسادی لە پشت بیتکۆینە. بۆ هەموو ئەو گومانانەش لەوانەیە بەڵگە و ئارگیۆمێنتی زۆر بهێنرێتەوە. هیچ بەڵگەیەک، لانیکەم هەتا ئێستا، لەبەردەست نییە کە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەو گومانانە بسەلمێنێت یان ڕەتیان بکاتەوە.

گومانی هاوشێوە لەلایەن هەندێک کەسەوە، بەتایبەت کوردە ئۆڵتراناسیۆناڵیستەکان، سەبارەت بە پارادیمی نوێی بەڕێز ئۆجالانیش باس کراوە و باس دەکرێت. ئەوانیش دەڵێن چۆن دەبێت کەسێک لە سووچی زیندانی دوژمنەوە بتوانێت ئەو تێزانە بنێرێتە دەرەوە؟ ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەو تێزانە قازانجی دەوڵەت یان میتی تورکیای لەپشت نەبووایە چۆن ڕێگەیان بە بڵاو کردنەوەی دەدا؟ بۆ ئەو گومانانەش هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە، بۆ پشتڕاست کردنەوە یان ڕەت کردنەوەیان لەبەردەست نییە.

بەڵام وڵامێکی هاوبەش بۆ هەردووکیان و هەروەها بۆ هەموو گومان و وەهمی لەوچەشنە هەیە. وڵامەکەش ئەمەیە: گرینگ نییە ئەو کەس و لایەنەی لەپشت تێزەکانی کۆنفیدرالیسمی دیموکراتیکەوەیە، کێیە یان کێن؟ یان تەنانەت چ نییەتێکی/ان هەیە؟ گرینگ ئەوەیە تۆ بۆ خۆت ئەو تێزە، وەک خۆی، لێکبدەیتەوە و شی بکەیتەوە و لە ئاکامادا وڵامی ئەو پرسیارە بدەیتەوە کە گەلۆ خودی ئەو تێزە، ئەو فکرە یان ئەو پارادایمە (بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ داهێنەرییەتی) ڕزگاریدەرە یان نا؟ گەلۆ ئازادیی تۆی مرۆڤ بەرفراوانتر دەکات یاخود زیاتر لە ئیستا دەتبەستێتەوە؟

هەر ئەم ڕوانینە بۆ سیستەمی بلۆکچەین و چەمکی “شفرەدراو”یش ڕاستە. پرسی سەرەکی ئەمە نییە کە ساتووشی ناکامۆتۆ شەخسە، گرووپە، دەوڵەتێکی زلهێزە یاخود دامەزراوەیەکی ئەمنی هەواڵگرییە؟ بەڵکوو پرسی سەرەکی ئەوەیە کە داخۆ ئەو سیستەمە و ئەم پێناسە نوێیەی لە چەمکی “دراو” دەیهێنێتە ئاراوە، وەک ئەوەی ئیدعای دەکات مرۆڤ لە کوتوبەندی سیستەمی بانکی ڕزگار دەکات یان نا؟ مەودای ئازادیی مرۆڤ بەرفراوانتر دەکات یان بەرتەسکتری دەکاتەوە؟ وەڵامی پرسیاری لەمچەشنەش بە شەنوکەوکردن و هەڵسەنگاندنی خودی سیستەمەکە دەدرێتەوە نەک گەڕان بەدوای ئەوەی داخۆ کێ لە پشتییەتی. لە ڕاستیدا ئەوە فکرەکان و ئایدیاکانن گرینگن، نەک نییەتی ئەو کەسانەی لە پشتیانەوەن.

[1]  لەوانەیە دوو هۆکار لە هۆکارەکانی داڕمانی سیستەمی سۆڤیەتی ئەوە بووبێت کە یەکەم، سنووری بە چواردەوری خۆیدا کێشابوو و خۆی لە ناویدا قەتیس کردبوو و دووەم و لە یەکەمیان گرینگتر، لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا لەگەڵ دەرەوەی سنوورەکانی، ملکەچی یاسا و ڕێساکانی سیستەمی سەرمایەداری بوو؛ ئەو سیستەمەی کە ئیدعای دەکرد دژایەتیی دەکات.

[2]  سولەیمان هەڵشپیی کاسبکار و بازرگانێکی ناوچەی پشدەر لە باشووری کوردستان بوو. چەند ساڵێک لەمەوبەر، پارەی لە خەڵک وەردەگرت، بۆ ئەوەی بیخاتە گەڕ و لە قازانج بەشی خاوەن پارەکە بدات. بە فێڵی سیستەمە پانزییەکان سەرەتا، خێرێکی مانگانەی باش بە خاوەن پارەکان دەگەیشت. ئەوە بوو لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکانێکی زۆر پارەیان بۆ دەبرد و بە منەت و تکا و ڕجا داوایان لێی دەکرد، لێیان وەرگرێت و  بۆیانی بخاتە گەڕ. بە سەدان هەزار دۆلاری کۆکردەوە. ئەو خەڵکە بەیانییەک لە خەو هەستان و بینیان کە سولەیمان هەڵشۆیی مایەپووچ‌ بووە.

[3]  هەڵبەت خودی چەمکی بلۆکچەین لانیکەم لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەلایەن دوو زانای کۆمپیۆتەر و فیزیک بە ناوەکانی “ستیوارت هابێر” و “سکۆت ستورنێتا”ی ئەمریکاییەوە خرابووە ڕوو. ئەوان لە وتارێکدا چوارچێوەی “بلۆکچەین”یان بۆ باشترکردنی میکانیزمەکانی ڕاگرتن و گواستنەوەی ئەمنی بەڵگە و زانیارییەکان لە چوارچێوەی “دارئاڵۆزەکان”دا پێشنیار کرد. (هەش‌تری یان دارئاڵۆز لقێک لە زانستی کۆمپیۆتەر و زانستی شفرەسازییە کە بۆ پاراستنی داتا/زانیارییەکان بەکار دەهێندرێت). ناکامۆتۆ بۆ ناساندنی بەستێنێک بۆ ئاڵوگۆری دراو کەڵکی لەو چەمکە وەرگرتووە.

[4]  پێشنیارەکانیشی بۆ دامەزراندنی سیستەمگەلی وەک ‘کەجەکە’، ‘کەژەکە’، ‘کۆدار’، ‘تەڤدە’، ‘کەجەدە’، ‘نەجەدەکە’، ‘تەژئا’ و … هەر لەو چەوارچێوەدا بووە. ئێستا ئەگەر ئەو پێکهاتانە لەباتی “سیستەم”، زیاتر هاوشێوەی “حزب” هەڵسوکەوت بکەن، کێشە لە بیرۆکەکەدا نییە.

[5]  هەڵبەت ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی لە چێوارچێوەی سنوورەکانی خۆیاندا هەوڵ دەدەن ئەم سیستەمە نوێیە قەدەغە بکەن یان لانیکەم بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، لە هەمان کاتدا بۆ کارە نهێنی و دزێوەکانیان، بە تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکانیان، بۆ ئەوەی شوێنپەنجەیان دیار نەبێت، بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لەو کارانەدا کە نایانەوێت ئاشکرا بێت، کەڵک لەو سیستەمە وەردەگرن. ئێران بە بیتکۆین پارە بۆ گرووپە میلیشیاکانی دەنێرێت، سپای پاسداران بە بیتکۆین لە دەرەوەی سنوورەکانی ساتوسەودا دەکات، ئەردۆغان و تڕامپ و زۆر دەسەڵاتخواز و دیکتاتۆری دیکەش بە ئەگەری زۆر بە بیتکۆین و تێتەر پارە ڕەشەکانیان کەڵەکە دەکەن.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *