عەمار گوڵی

یازدەی ڕێبەندانی ئەمساڵ ٣٧ ساڵ بەسەر بوردوومانکردنی شاری ورمێدا تێدەپەڕی. بەرەبەیانی ١١ ڕێبەندانی ١٣٦٥ی هەتاوی،  شاری ورمێ و ناوەندی فەرماندەیی لەشکەری ٦٤ی ورمێ (سەر بە ئەرتەشی ئێران) لە چەندین لاوە بە خەستی بوردوومان کرا. لەو هێرشەدا ٢٥٥ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٢ هەزار کەسیش بریندار بوون. دەنگۆی ئەوە هەیە کە یکێک لەو کەسانەش کە دەگوترێت لەو هێرشەدا گیانی لەدەست داوە، “ئیدریس بارزانی” ئەندامی ئەوکاتەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی، بووە؛ دەنگۆیەک کە بەربرپسانی پارتی هەتا ئێستا دانیان پێدا نەهێناوە.

گەلۆ ئیدریس بارزانی لە هێرشێکی هەواییدا کوژراوە یان بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست داوە؟

پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی تا ئەم ساتەش خۆیان لە ڕوونکردنەوەی هۆکاری مردنی ئیدریس بارزانی دەبوێرن. بەپێی گێرانەوەی فەرمیی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئیدریس بارزانی سەرلەبەیانیی ١١ ڕێبەندانی ١٣٦٥ (٣١ ژانویەی ١٩٨٧) بە جەڵتەی دڵ لە شارەدێی سیلڤانا، سەر بە شاری ورمێ، کۆچی دوایی کردووە. بەڵام سەیر لەوەدایە کە تا ئەم ساتەش هیچ کەسێک وەکوو شاهێد لەسەر ئەو ڕیوایەتە فەرمییە قسەی نەکردووە.

لە زمانی نێچیرڤان بارزانییەوە دەگێڕنەوە کە ئیدریسی باوکی رۆژێک پێش مردنی لە ورمێوە دەگەڕێتەوە ڕاژان. بەرەبەیانی ڕۆژی ١١ی ڕێبەندان پێش خواردنی نانی بەیانی دەچێتە ئاودەست، بەڵام زۆری پێدەچێت و نایەتەدەرەوە. دوای ماوەیەک نێچیرڤان دەچێت بەدوایدا و دەبینێت باوکی لە ئاودەستەکە کەوتووە و گیانی لەدەست داوە. لەکاتی کردنەوەی دەرگای ئاودەستەکە سەری بەر دەکەوێت و بریندار دەبێت.

هاوکات مەسعوود بارزانی لە بەرگی چوارەمی بیرەوەریەکانیدا، بەپێچەوانەی گێڕانەوەی فەرمیی پارتی و بە ئاماژەیکی هەڵە بە ڕۆژی بووردوومانی شاری ورمێ، دەڵێت کە ئیدریسی برای ئێوارەی ڕۆژی ١١ی ڕێبەندان کۆچی دوایی کردووە.

مەسعوود بارزانی دەنووسیت: “بەیانیی ڕۆژی ٣٠ ئابی ١٩٨٦ لە “گەلی بێنارێ” خواحافیزیمان لە کاک ئیدریس و برادەران کرد. بەڵام کاتێک لە کاک ئیدریس جیا بوومەوە دۆخێکی دەروونیی ناسرووشتی و دڵيڕاوکی دایگرتم. وەک بڵێی ڕووداوێکی ناخۆش چاوەڕێمان دەکات. ساڵی ١٩٨٧ لەکاتێکدا کە لەناو جەرگەی شۆڕش و جەماوەرە خۆڕاگرەکەمان و ناوچە ڕزگارکراوەکان و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان سەرقاڵی کار و چالاکی و دیدار و کۆبوونەوەکانمان بووین، لەناکاو پێشهاتێکی ناخ هەژێن ڕوویدا. ئێوارەی ٢٩ ژانویە ١٩٨٧ سەرچاوەکانی هەواڵ، بوردوومانێکی ورمێیان بڵاو کردەوە. دواتر برووسکەی مەکتەبی سیاسی هات کە بڕیارە ڕۆژی ٣٠ ژانویە ١٩٨٧ کاک ئیدریس لە تارانەوە بگەڕێتەوە ڕاژان و سیلڤانە. کاک ئیدریس ڕۆژی ٣١ ژانویە لە کەرەجەوە بەسەلامەت گەیشتبوویەوە ڕاژان و سیلڤانە. ئێوارەی هەمان ڕۆژ کاک ئیدریس کۆچی دوایی کرد.”

مەراسیمی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی لە شنۆ؛ ساڵی ١٩٩١

 

هەروەها هەندێک لە نەیارانی بنەماڵەی بارزانیش گومانی کوژرانی لەلایەین مەسعوود بارزانیی برایەوە باس دەکەن کە جێی بایەخ نییە!

بەڵام بە پێچەوانەی ئەم گێڕانەوانە، پێشمەرگەیکی کۆنی قیادە موەقەتە بە ناوی “م. ب” دەڵێت کە ئیدریس بارزانی لە بوردوومانی شاری ورمێدا گیانی لەدەست داوە. بە گوتەی ئەم پێشمەرگەیە کە خۆی تەرمەکەی لە کاتی ناشتیندا بینیوە، تەرمی ئیدریس ڕۆژێک دوای مردنی و لە ڕۆژی ١٢ ڕێبەندان لە شاری ورمێوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی مەرگەوەڕ و لە گۆڕستانی گوندی هەلەج، لە تەنیشتی گۆڕی مەلا موستەفای باوکی ئەسپەردە دەکرێت.

ئەم شایەتحاڵە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت: “ئێمە هەواڵی مردنی کاک ئیدریسمان ئێوارەی ٣١ ژانویە لە ڕادیۆ گوێ لێ بوو. بەشی کوردیی ڕادیۆ بەغدا لە هەواڵەکانیدا ڕایگەیاند کە ئیدریس لە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە عراقییەکاندا لە ورمێ کوژراوە. پێش ئەوە خەبەرمان پێ گەیشتبوو کە کەمپی مۆعارزەی عێراقی لە ورمێ بوردوومان کراوە. بۆ بەیانییەکەی ئێمە لە زێوەوە ڕۆشتین بۆ هەلەج و کەمێک دوای گەیشتنمان تەرمی ئیدریسیان بە لاندکرووزێک هێنایە ئەوێ. تەرمەکەی خەڵتانی خوێن بوو و وا دەر ئەکەوت کە برینێکی زۆر بەسەر لەشیەوەیە. تەنانەت کفنەکەشی لەبەر برینەکانی سەر لەشی سوور هەڵگەڕابوو.”

ئەمە یەکەم هێرش نەبوو کە لە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرایە سەر بارەگاکانی پارتی، پێش ئەم هێرشەش چەندینجای دیکە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی باشووری کوردستان و بارەگاکانی پارتی کرابوونە ئامانج. بەتایبەتی ٩ مانگ پێش هێرشی ١١ ڕێبەندان، لە ڕۆژی ١٩ خەرمانانی ١٣٦٤دا، ئۆردووگای پەنابەرانی باشووری کوردستان لە شارەدێی زێوە و بارەگای سەرکردایەتیی پارتی لە سیلڤانا و ڕاژان  کرایە ئامانج و تێیدا بە لانیکەمەوە ١٩٠ کەس کوژران و ٣٥٠ کەسیش بریندار بوون.

بەشێک لە ئوردووگای پەنابەرانی باشووری کوردستان لە زێوە کە لە ١٩ی خەرمانانی ١٣٦٤ لەلایەن سوپای عێراقە بۆردوومان کرا

 

هەر دوای ئەم هێرشە بارەگاکانی سەرکردایەتیی پارتی گواسترانەوە بۆ ناو شاری ورمێ.

بەپێچەوانەی هێرشەکەی سەر زێوە و سیلڤانا، لە هێرشەکەی ١١ ڕێبەنداندا شوێنی سەرکردایەتیی پارتی نەکراوەتە ئامانج، بەڵکوو کۆبوونەوەیەکی لەشکری ٦٤ و فەرماندەکانی سپای پاسداران لەگەڵ سەرکردەکانی بەرهەڵستکارانی عێراقی لە “کەمپی ١١” لەناو پادگانی لەشکری ٦٤ بە ئامانج گیراوە.

سەردانی مەسعوود بارزانی بە یاوەریی هەژار موکریانی و عەبدولموهەیمن بارزانی بۆ ئۆردووگای زێوە، دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن سوپای عێراقەوە

فەرماندەکانی ئێران و هێزە عێراقییەکان لەکاتی ئەو بۆردوومانەدا سەرقاڵی ئامادە کردنی پلانی دوو هێرشی گەورە بە ناوەکانی “ئۆپەراسیۆنی فەتحی ٤” و “ئۆپەراسیۆنی کەربەلای ٧” (عملیات نامنظم فتح ٤ و عملیات کربلای ٧) لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون.

کەمپی ١١ شوێنی ڕاهێنان و کۆبوونەوەی هێزە عێراقییە شێعە و کوردەکان لەوانە “مجلس اعلی انقلاب اسلامی عراق” و “لەشکری بدر” بووە. ئەو کەمپە لە ساڵی ١٩٨٤،  دوای دامەزرانی قەرارگەی ڕەمەزان دادەمەرزێت و هێزە بەرهەڵستکارە عێراقییەکان، لەوانە پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ هێزە شیعەکان سەرلەنوێ و لەژێر فەرماندەیی قەرارگەی ڕەمەزاندا ڕێکدەخرێنەوە.

پایزی هەمان ساڵ دوای کۆبوونەوەیکی چەند ڕۆژە بە نێوەندگیریی ڕژیمی ئێران لە هۆتێل ئیستقلالی تاران، پارتی و یەکێتی کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان دەهێنن و بەیانێکی هاوبەش کە فەرەیدوون عەبدولقادر و فازڵ میرانی ئامادەیان کردبوو بڵاو دەکەنەوە. دوای نەمانی ناکۆکییەکان و دابەش کردنی بەرەکانی باکوور بەسەر هێزەکانی یەکێتی و پارتی و هەروەها هەماهەنگ کردنیان لەگەڵ موعارەزەی عێراقی، لە پائیزی ساڵی ٨٦  بەولاوە کۆمەڵێک هێرشی گەورە بە یارمەتیی هێزی پێشمەرگە دژی سوپای عراق لە کوردستان ڕێکدەخرێت؛ لەوانە هێرش کردنە سەر پاڵاوگە و بیرە نەوتییەکانی کەرکووک لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “فتح ١” لەژێر فەرماندەیی “حەسەن تەهرانی موقەدەم” (حسن طهرانی مقدم) و بە بەشداریی هێزەکانی یەکێتیی. (بیرەوەریەکانی فایەق گوڵپی).

ئەو کۆمەڵە هێرشە بۆ لاوازکردنی سوپای عراق لە بەرەکانی باشوور ڕێکخرا تا بەوشێوەیە ئێران بتوانێت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلای ٤ و ٥، شاری بەسرە داگیر بکات.

ڕیکلامی کۆنفڕانسی موعارزەی عراقی لە ساڵی ١٩٨٦ لە تاران

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی مەزن بە بەشداریی دژبەرانی سەدام و هەروەها دامەزراندی حکوومەتێکی کاتی، ڕۆژی ١٠ بەفرانباری ١٣٦٥ لە هۆتێل ئیستقلالی تاران کۆنفڕانسێکی چەند ڕۆژە لەژێر ناوی “مؤتمر نصرة الشعب العراقي” (کۆنفڕانسی سەرکەوتنی گەلی عێراق) بۆ هەموو دژبەرانی سەدام بە بەشداریی حزبوڵای کوردستان (شێخ خالید بارزانی و ئەدهەم بارزانی)، یەکێتی(فواد مەعسووم، فەرەیدوون عەبدولقادر و نەوشیروان مستەفا)، پارتی (فەلەکەدین کاکەیی، فازڵ میرانی و ئیدریس بارزانی)، شیوعی، سوسیالیست (محمد ڕەحیم ناسراو بە خاڵە حاجی) و حیزبە شێعەکان ڕێکخرا. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئیدریس بارزانی بە نوێنەرایەتیی حیزبە کوردییەکان بەیانێکی خوێندەوە و هاوکات نەوشیروان مستەفاش بە ئەندامی دیوان هەڵبژێردرا.

کۆنفڕانسی تاران
نەوشیروان مستەفا لە فواد مەعسووم لە کۆنفڕانسی تاران
شێخ محەمەد خالید بارزانی و ئەدهەم بارزانی لە کۆنفڕانسی تاران

هاوکات لەگەڵ جمووجۆڵی بەرفراوانی ئێران، سوپای عراقیش بەیارمەتیی زانیارییەکانی ئەمریکا دەستی دایە کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی ئێران لەوانە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ١٣ ڕۆژ پێش هێرشەکەی ورمێ، عراق لە رۆژی ٢٨ بەفرانباری ١٣٦٥ شاری سنەی بە خەستی بۆردوومان کرد کە تێیدا ٢٢٨ کەس کوژران.

لە بۆردوومانەکەی ورمێدا ناوەندی ئەو شارە بە ئامانج گیرا. هاوکات چەند شوێنی سەربازیش بەرکەوتن، لەوانە بڕیارگەی ناوەندیی لەشکری ٦٤ و کەمپی ١١، ستادی ئەوکاتی سپای پاسداران (لە نزیک نەخۆشخانەی عارفیان و قوتابخانەی بێهجەت) و چەند گەڕەکێکی ناوەڕاستی ئەو شارە.

بە وردی نازانرێت داخۆ ئیدریس بارزانی لەکاتی بۆردوومانەکەدا لە کوێ بووە. بەڵام دەگوترێت لە کەمپی ١١، لە کۆبوونەوەی ستادی هاوبەشی هێزەکانی ئێران و مۆعارزە بووە. هەر بۆیە تەرمی ئیدریس لە ورمێ بووە نەک ڕاژان.

ڕۆژێک دوای کوژرانیشی تەرمەکەی لە ورمێوە بۆ ناوچەی مەرگەڤەر و گوندی هەلەج بەڕێ دەکرێتەوە و لەوێ لە تەنیشت گۆڕی باوکی ئەسپەردە دەکرێت.

لەکۆی ئەو بەرنامانەی کە تائێستا لەسەر ژیانی ئیدریس بارزانی بەرهەم هێنراون کاتێک باسی چۆنێتیی مردنی دەکرێت، تەنیا یەک ڕەستە دووبارە دەبێتەوە: “بەرەبەیانی ٣١ ژانویە لە سیلڤانا گیانی سپارد“، تەنانەت لە بەڵگە فیلمی “ئیدریس بارزانی ئەندازیاری ئاشتی“دا کە کەناڵی تەلەفزیۆنیی ڕووداو بەرهەمی هێناوە، بەسەر ڕووداوی مردنی ئیدریسدا باز دەدرێت و وردەکارییەکانی باس ناکرێت.

وک پێشتریش باس کرا مەسعوود بارزانی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت ورمێ رۆژی ٢٩ ژانویە بۆردوومان کراوە. دیار نییە ئەم هەڵەیە بە ئەنقەست بووە یان نا. ڕەنگە لەگەڵ بۆردوومانی گوندی “ارمو” لە باشووری پارێزگای ئیلام تێکەڵی کردبێت. بەڵام ئەگەری ئەوەی کە بارزانی ڕووداوێکی بەو گەورەییە لەگەڵ بۆردوومانی شارەدێیەکی نەناسراوی ئیلام تێکەڵ بکات زۆر کەمە.

هاوکات بارزانی بووردومانەکە بە “ڕووداوێکی ناخهەژێن” وەسف دەکات و ڕێک دوابەدوای ئەوەش باسی برووسکەیەکی دەفتەری سیاسی دەکات کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیدریسی برای ڕۆژی ٣٠ ژانویە واتە ڕۆژێک پێش بوردمانی ورمێ دەگەڕێتەوە ڕاژان و سیلڤانا. بەڵام وەک مەسعوود بارزانی دەڵێت ئیدریسی برای ڕۆژێک دواتر واتە ٣١ ژانویە (١١ ڕێبەندان) “بەسەلامەت” گەڕاوەتەوە ڕاژان و سیلڤانا. دیار نییە بۆچی مەکتەبی سیاسی پارتی لە برووسکەکەیدا دەڵێت ٣٠ ژانویە دەگەڕێتەوە و هاوکات بۆچی مەسعوود بارزانی بانگەشەی ئەوە ئەکات کە بۆردوومانەکە ٢٩ ژانویە کراوە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت تا گومانەکان لەسەر کوژرانی ئیدریس بارزانی لە بوردمانەکەی ورمێدا بڕەوێنێتەوە.

مەسعوود بارزانی لە بەڵگە فیلمەکەی ڕووداودا دەڵێت “ئامادەبووم خۆم لەجێی کاک ئیدریس دابنێم، لەجیاتی ئەو بم. قەدەر بەدەست مرۆڤ نییە. بەدەست خوایە، ئەگینا ئیختیار بەدەست من بوایە، من خۆم لەجێی کاک ئیدریس دادەنا. من بڕۆم و ئەو بمێنێت”. ڕەنگە لێرەدا مەبەستی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ئەوە بێت کە حازر بووە لەجێی براکەیدا بمرێت و ئاماژەیەکە بە خۆشەویستیی لەڕادەبەدەری خۆی بۆ برا گەورەکەی، وەک چۆن گوتوویە “ئەوم لەخۆم زیاتر خۆش ئەویست”.

 ٣٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس مستەفا بارزانیدا تێدەپەڕێت. بەڵام هێشتاش گومانەکان لەسەر چۆنێتیی مردنی نەڕواونەتەوە و تەنانەت وەک باسیش کرا پڕە لە ناکۆکی.

دیار نییە هۆکاری سەرەکیی باسنەکردنی ڕاستیی ڕووداوێکی لەم چەشنە چییە. ڕەنگە هەر بەڕاست ئیدریس بارزانی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کردبێت و هاوکات‌بوونی لەگەڵ بوردمانەکەی ورمێ تەنیا بە ڕێکەوت بووبێت. دیارە دلۆڤانی کوڕیشی کە لفەودوانەی نێچیروان بارزانی بوو، ساڵی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی بارزانی، بێدەنگی کردن لەم دەنگۆیەی کە دەڵێت ئیدریس بارزانی لە هێرشی ئاسمانیدا کوژراوە، زیاتر بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە بۆردوومانەکە ڕوویداوە.”ئەگەر بارزانییەکان ئەو کاتە بانگەشەکەی دەوڵەتی عراقیان پشتڕاست بکردایەتەوە، ئەوا ورەی خەڵک و هێزەکانیان دەڕووخا و شەڕ کردن بۆیان ئەستەم دەبوو.”

هاوکات مردن بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی لەگەڵ “شکۆی پێشمەرگانەی بارزانییەکان” ناتەبا بوو. بۆیە ڕەنگە هەر ئەوکاتە بڕیاردرابێت کە نابێت باسی بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *