ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی عەمار گوڵی لەبارەی پێشینەی بنەماڵەیی و سیاسیی هاکان فیدان سەرۆکی وەزیری دەرەوەی تورکیا

بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکە دەتوانن لێرە بخوێننەوە.

 

 

دەست لەکار کێشانەوە  لەپێناو  کورسیی پەرلەمان

هاکان فیدان لە مانگی فێبرییەی ساڵی ٢٠١٥ دەستی لە پۆستی ڕاوێژکاریی دەزگای میتی تورکیا کێشایەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەی پەرلەمان خۆی بەربژێر بکات. زۆر کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە فیدان هەوڵی داوە بە چوونی بۆ پەرلەمان ڕێگە بۆ گەیشتن بە هەرەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، ئاکەپە، خۆش بکات و ببێتە جێگرەوەی ئەردۆغان. 43]

هەرچەندە دەست لەکار کێشانەوەی فیدان لەلایەن داودئوغڵو، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەوە قبووڵ کرا، بەڵام لە نێوان ئەندامانی باڵای پارتی دەسەڵاتداردا نیگەرانیی زۆری لێکەوتەوە. داودئوغڵوو هۆکاری قبووڵ کردنی وازهێنانەکەی فیدانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گوایە دەسەڵاتی قەزایی هەوڵی داوە لە چوارچێوەی دۆسیەی ناسراو بە “کەجەکە”دا دادگایی بکات.

بولەنت ئارینج، جێگری ئەو کاتەی سەرۆک وەزیران، وێڕای ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە وازهێنانی هاکان فیدان، ناوبراوی وەک “سوپەرمانێک” ناو برد کە کاری گەورە و گرینگی بە ئەنجام گەیاندووە و بەرگی نوێنەرایەتیی پەرلەمان یان وەزارەت بە باڵای ئەو کورتە. [44]  ئەردۆغانیش بە ڕاشکاوی ناڕازی‌بوونی خۆی بەرامبەر بە بەربژێریی هاکان فیدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان نیشان دا و لە وتووێژێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران پێی ڕاگەیاند کە چوونی فیدان بۆ پەرلەمان باش نابینێت و پێی دڵگرانە.

لە ئاکامدا، مانگێک دواتر، واتە لە ١٠ی مارسی ٢٠١٥، هاکان فیدان بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بوو و لە وازهێنانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و بەربژێربوونی بۆ پەرلەمان پاشگەز بووەوە.

کوودەتا یان ئۆپەراسیۆنێک لەدژی فیدان؟

بەپێی گێڕانەوەی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، چیرۆکی کوودەتا شکست‌خواردووەکەی ١٥ی جوولای ٢٠١٦ لەوکاتەوە دەست پێدەکات کە ئەفسەرێکی نەناسراوی سوپا بە ناوی “ئۆ. کەی” یان ئەو جۆرەی کە خەندە فوڕات لە کتێبەکەیدا بە “هێ. ئا” ناوی بردووە،  بەیانیی ڕۆژی ١٥ی جوولای لە شوێنی کارەکەی لە فەرماندەیی هێزی هەوایی سوپای تورکیا، زانیاریی لەسەر پلانی رفاندنی سەرۆکی میت بەدەست دەهێنێت. ئەو ئەفسەرە نەناسراوە کاتژمێر ١٥ لە شوێنی کارەکەی دەردەکەوێت و دەچێتە بینایەی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و ئەوان لەوەی کە لەوانەیە پلانێک بۆ ڕفاندنی هاکان فیدان لە ئارادا بێت، ئاگادار دەکاتەوە. [45]

هاکان فیدان یەکدابەدووی ئاگاداربوون لەو پلانە، پەیوەندی بە یاشار گولەر فەرماندەی دووەمی ئەوکاتەی فەرماندەیی ئەرکانی سوپای تورکیاوە دەگرێت. یاشار گولەریش دوای تاوتوێکردنی دۆخەکە و وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، هاکان بانگ دەکاتە ناوەندی ئەرکانی سوپا تا لەگەڵ خلووسی ئاکار سەرۆکی ئەو کاتەی فەرماندەیی ئەرکان، لە دۆخەکە بکۆڵنەوە و کۆنترۆڵی بکەن. دواتر خلووسی ئاکار بۆ پێشگرتن لە پلانی رفاندنی هاکان فیدان، ڕایدەگەیەنێت کە فەرمانی داخستنی هەرێمی ئاسمانی، قەدەغەبوونی جموجۆڵی هێزە چەکدارەکان و هەروەها پشکنینی کۆلێژی ئاسمانەوانیی سوپا دەردەکات. دوای ئەم جموجۆڵانەی ناو فەرماندەیی ئەرکانی سوپا، گوایە کوودەتاچییەکان لە ترسی ئاشکرابوونی نەخشەکەیان، لە سەعات ٢٠ و ٣٠ خولەک، واتە حەوت کاتژمێر زووتر لەو ساتەی پێشتر پلانیان بۆی دانابوو، ستارتی کوودەتاکەیان لێدەدەن. [46]

بەڵام، تا ئەم ساتە هیچ بەرپرسێکی ئەمنی و سەربازی، سەرۆک کۆمار، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانیان لەو مەترسییە گەورەیە ئاگادار نەکردۆتەوە. مەترسییەک کە هاکان فیدان لە گفتوگۆ لەگەڵ خلووسی ئاکاردا وەک بەشێک لە پلانێکی گەورەتر دەیبینێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان دان بەوەدا دەنێت کە ئەوەی لە ئارادایە کوودەتایە. تەنانەت، وەک رۆژنامەوانێکی لێکۆڵەر ئاماژەی پێداوە، هاکان فیدان دوای کۆبوونەوەکەی لە فەرماندەیی ئەرکانی سوپا، لەگەڵ وەزیرە کوردەکەی ئەو کاتەی دیانەتی تورکیا، واتە محەمەد گورمز، بە مەبەستی خواردنی نانی شێوان ناوەندی فەرماندەیی ئەرکانی سوپا بەجێ دەهێڵێت. بە گوتەی بینالی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە، هاکان فیدان لە ئێوارەی ڕۆژی ١٥ی جوولایەوە لە بەردەست نامێنێت و تا نیوەشەو کەس ئاگاداری شوێنەکەی نابێت. [47]

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەردۆغان چەند ڕۆژ دوای کوودەتاکە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە ئیدعای کرد کە ڕۆژی ١٥ی جوولای لە کاتێکدا کە بۆ پشوو لە “مارماریس” بووە، لە ڕێگەی “زیا ئیلگەن”ی هاوزاوەیەوە ئاگادار دەکرێتەوە لەوەی کە هەندێک لە فەرماندەکانی سوپا نیازی کوودەتایان هەیە. چەند کاتژمێر دواتریش لەبەر هۆکاری ئەمنی شوێنی مانەوەی لە مارماریس دەگۆڕێت. تا ئێستا، دەزانرێت کە کاربەدەستانی باڵای حکوومەتی تورکیا لە دوو ڕێگەوە و بەجیا لە هەوڵێک بۆ ئەنجامدانی کوودەتا ئاگادار دەکرێنەوە. بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار کە هێشتا نازانرێت چییە، هیچکامیان هەوڵ نادەن دامەزراوە سیاسی و ئەمنییەکانی دیکە لەو مەسەلەیە ئاگادار بکەنەوە. [48]

جیا لە گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەت، ژمارەیەک لە تۆمەتبارانی ئەندامێتی لە بزووتنەوەی گوڵەنیش، لەوانە ‘حسێن گولەر” و “نیهال ئۆلچووک”ی ئەندامی پارتی “ئایندە” بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە مانگێک پێش کوودەتاکە، واتە لە ڕۆژی ١١ی ژووەندا، ئەو بەڵگە و زانیاریانەی گەیشتبووە دەستیان، لە ڕێگەی “شیرین ئونال” ژەنەڕاڵی خانەنشین و نوێنەری ئاکەپەوە بە دەستی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و لەوانە خودی ئەردۆغان گەیاندووە. [49]

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە وەک هەندێک ڤیدیۆی ناو کامێراکانی چاودێری نیشانی دەدەن، شیرین ئۆنال کاتژمێر ١٤ی ڕۆژی کوودەتاکە دەچێتە ناوەندی فەرماندەیی ئەرکانی سوپای تورکیا و لەگەڵ خلوسی ئاکار دیدار دەکات و کاتژمێر ١٦ لەو شوێنە دێتە دەرەوە. تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی گفتگوکانی نێوان ئاکار و ئۆنال لەبەردەست نییە و لەوەش سەیرتر ئەمەیە کە خلوسی ئاکار دوای ئەو دیدارە بە سکرتێرەکەی دەڵێت ناوی شیرین ئونال لە لیستەی ئەوکەسانەی لەو ڕۆژەدا سەردانیان کردووە، بسڕێتەوە. [50]

شیرین ئونال لە فەرماندەیی ئەرکانی سوپای تورکیا؛ ڕۆژی کوودەکاتە

بەڵام ئەمە هەمووی چیرۆکەکە نییە و پێدەچێت بێجگە لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتتی تورکیا، هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەش، بە دیاریکراوی ئێرانیش، پێشتر ئاگاداری ئەگەری ڕوودانی کوودەتایەک لە تورکیا بوون. ساڵی ٢٠١٧ “عەبدولقادر سەلڤی” ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە ئاکەپە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سی.ئێن.تورک ئیدعای ئەوەی کرد کە گوایە ئێران لانیکەم سێ ڕۆژ پێشتر ئاگاداری ئەو کوودەتایە بووە و هێزە چەکدارەکانی لە نزیک سنوورەکانی تورکیا خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ئەم گۆشەنووسەی ڕۆژنامەی حورییەت لە درێژەی وتووێژەکەدا ئیدعا دەکات کە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیا تا ڕۆژی کوودەتاکە، لێی ئاگادار نەبوون، بەڵام ئێران لە ڕێگەی سەرچاوە هەواڵگرییەکانییەوە لێی ئاگادار بووە. [51]

ڕۆژی هەشتی ژانویەی ٢٠٢٠،  تەنیا پێنج ڕۆژ دوای کوژرانی قاسم سلێمانی بە دەستی ئەمریکا، “نوورەدین شیرین” سەرۆکی دەستەی نووسەرانی تەلەفزیۆنی قودس لە تورکیا ئیدعای کرد کە گوایە قاسم سلێمانی ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەنگاربوونەوەی کوودەتاچییەکاندا هەبووە. نوورەدین شیرین بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاریی زیاتر دەڵێت: قاسم سلێمانی یەکێک لەو کەسانە بووە کە ڕێگریی لەوە کردووە پڕۆژەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل سەربگرێت و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش ئاگاداری ئەمە هەیە.  [52]

سەرۆکی پێشووتری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، چەند مانگ دوای کوودەتاکە ناکامەکەی تورکیا، لە وتوێژێکدا لەگەڵ میدیاکانی ناوخۆی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە هێزە سەربازەییەکانی ئەو وڵاتە لە سەروبەندی کوودەتاکە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون.[53]

بێجگە لەو بەرپرسە باڵایە، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئێرانیش لە دانیشتنێکی داخراوی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی کۆماری ئیسلامیدا مکوڕ هاتووە لەوەی کە لە شەوی کوودەتاکەدا لەگەڵ عەلی شەمخانی سەرۆکی ئەوکاتە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم سلێمانی تا بەیانی چاودێریی دۆخەکەیان کردووە. [54]

هەروەها، ماڵپەڕی شڕۆڤەکاریی ئەلمۆنیتۆریش چوار ڕۆژ دوای کوودەتاکە، لە زاری بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند کە ئەو سێ بەرپرسە ئێرانییە شەوی کوودەتاکە بەردەوام و بە شێوەیەکی جیددی ڕاوێژیان بە بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی تورکیا داوە و سیناریۆ جیاوازەکانیان لەگەڵیان تاوتوێ کردووە. ئەلمۆنیتۆر ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئێران لە پەیامێکدا بە ئەنکەرەی گوتووە مەهێڵن لایەنگرەکانتان “شەقامەکان” چۆڵ بکەن. [55]

دیار نییە کە داخۆ ئەردۆغان دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی داوای لەخەڵک کردووە بڕژێنە سەر شەقامەکان یان نا. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم وڵات بوو پشتگیریی لە ئەردۆغان کرد و کوودەتاکەی شەرمەزار کرد.

بەم حاڵەشەوە، هێشتا کەس نازانێت داخۆ بەرپرسانی ئێرانی، لەوانە فەرماندەی پێشووی سپای قودس، کاربەدەستانی تورکیایان لە ئەگەری هەوڵی کوودەتا ئاگادار کردبووەوە یان نا؟ یاخود گەلۆ لە شەوی کوودەتاکەدا، بەرپرسانی ئێرانی ڕاوێژیان بە کاربەدەستانی ئەنکەرە داوە؟ گەلۆ هاکان فیدان کە تا نیوەشەو بزر ببوو، سەرقاڵی گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانییەکان بووە یان نا؟ ئەوندەی ڕوونە ئەوەیە کە هاکان فیدان پێوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ قاسم سلێمانی هەبووە و تەنانەت پێی سەرسام بووە. [56, 57]

هاوکات، هەم ئێران و هەم تورکیا وڵاتانی ڕۆژئاواییان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە لە پشت ئەو کوودەتایەوە بوون و پێدەچێت ئێرانیش نیگەرانی سەرگرتنی کوودەتاکەی ١٥ی جوولای بووە. چونکە مانەوە و بەرژەوەندیی گرووپەکانی سەر بە تاران، لەوانە گرووپی “تەوحید-سەلام” وەک ساڵی ٢٠١٣ ڕووبەڕووی مەترسی دەبووەوە. کەواتە ئێرانیش پاڵنەری خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کوودەتاکەی فەتحولڵا گولەن هەبووە. [58]

حەوارییەکانی ئەردۆغان

دوای سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان، ئاکەپە، لە هەردوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆک کۆماریی بەهاریی ڕابردوودا، پێدەچێت کاتی ئەوە هاتبێت باس لە ئەگەری گۆڕانکاری لە هەرەمی دەسەڵات لە داهاتووی تورکیا بکرێت. پێدەچێت ئەو گۆڕانکاریانەی لە کابینە و حکوومەتی نوێی تورکیادا هاتوونەتە ئاراوە، لە چوارچێوەی ئەو مەنشوورەدا بێت کە ئاکەپە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاندبوو و تێیدا بە ڕاشکاوی باسی ئەوە کرابوو کە “سەرجەم ئەو دامەزراوانەی تورکیا کە بایەخی یەکلاکەرەوەیان لە پلاندانان و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەکیدا هەیە، بەتایبەت وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەزارەتی بەرگری و سەرۆکایەتیی هەواڵگریی نیشتمانی، بەهێز دەکرێن.” [59] لەمڕووەوە پێکهاتەی کابینەی ئەردۆغان هەندێک خاڵی سەرنجڕاکێشی تێدایە. بۆ نموونە لە وەزارەتخانە کلیلەکاندا دەبینین کەسانێک دانراون کە هەم لە ڕووی سیاسییەوە و هەم لە ڕووی بیروباوەڕی دینییەوە لە هاکان فیدان نزیکن.

با لە ئیبراهیم کالین سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگریی تورکیاوە دەست پێبکەین. ئیبراهیم کالین یەکێک لە قوتابییەکانی ئەحمەد داوود ئوغلوو لە زانکۆی ئیسلامیی مالیزییە و ئەویش وەک هاکان فیدان بەبۆنەی هاتنی بۆ ناو دنیای سیاسەت قەرزداری داوود ئوغلووە؛ تەنانەت ڕەنگە زیاتر لە هاکان فیدانیش. هەوەها کالینیش هاوشێوەی هاکان فیدان ڕابردوویەکی ئیسلامیانەی هەیە و هۆگری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بووە و لە دەیەی ٩٠ی زاینییدا چەندین وتاری لە پەسنی “جیهادی ئەکبەر”ی خومەینی و بزووتنەوە جیهادییەکاندا بۆ گۆڤارە ئیسلامی و جیهادییەکانی تورکیا ( بۆ نموونە گۆڤارەکانی Kitap Dergisi و Yeryüzü) نووسیوە. [60, 61]

ئەم گۆڤارانە و چەند گۆڤار و ڕۆژنامە ئیسلامیی دیکەی وەک “تەوحید” و “سەلام” (تێکهەڵکێشێکی سەرنجڕاکێشیی، سەلام-تەوحیدە) بەشێک لە پڕۆژەی نفووزی سپای قودس لە تورکیا و شوێنی دیداری زۆرێک لە هێزە جیهادییەکانی هاوپەیمانی ئێران بوون. سەرباری ڕابردووی ئیسلامیی ئیبراهیم کالین، بەشێک لە چاودێران و شڕۆڤەکاران لە تورکیا بە پشتبەستن بەو بەڵگەنامانەی لەلایەن ماڵپەڕی “ویکی‌لیکس”ەوە ئاشکرا کراون و باس لە پەیوەندیی نهێنیی نێوان ئیبراهیم کالین و جۆرج فریدمەن دەکەن، لەسەر ئەو بڕوایەن کە ناوبراو ماوەیەکیش یەکێک لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی دەزگای سی.ئای.ئەی ئەمریکی بووە. [62]

یاشار گولەر

بێجگە لە ئیبراهیم کالین، یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیاش یەکێکی دیکە لە متمانەپێکراوانی هاکان فیدانە. ناوی گولەر لەگەڵ کۆمەڵکوژیی ڕۆبۆسکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ ئاوێتە بووە. بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، یاشار گولەر دوای بینینی دیمەنی گرووپێک لە کاسبکاران و کۆڵبەران کە لەلایەن فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی تورکیاوە لەسەر سنووری ئەو وڵاتە تۆمار کردبوو، فەرمانی بۆردوومان‌کردنیان دەدات. گولەر هیچ بایەخێک بە هۆشدارییەکان لەمەڕ ئەوەی لەوانەیە ئەو کەسانە قاچاخچی بن، نادات و دوو ساڵ دواتر لە میانەی دادگای ڕۆبۆسکیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو فەرمانەی بەپێی ئەو زانیارییە وردانەی دەزگای میت خستبوویە بەردەستی، دەرکردووە. هەندێک لەسەر ئەو بڕوایەن کە بۆردوومانی ڕۆبۆسکی ئۆپەراسیۆنێکی فریودەرانە بووە تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن کاریگەری لەسەر دۆسیەی ناسراو بە کەجەکە دابنێن.[63]

بەپێی ڕیوایەتی فەرمیی دەوڵەت لە کوودەتاکەی ١٥ی جوولای ٢٠١٦ش، هاکان فیدان بەر لە هەموو کەسێکی تر پەیوەندی بە یاشار گولەرەوە دەکات و زانیارییەکانی عەقید “ئۆ.کەی” پێڕادەگەیەنێت.

جەودەت یەڵماز

جیا لە ئیبراهیم کالین و یاشار گولەر، پۆستی جێگریی سەرۆکایەتیی کۆماریش بە جەودەت یەڵماز یەکێک لە هاوڕێیان و هاوزانکۆییەکانی هاکان فیدان لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بیلکەنت دراوە. یەڵماز یەکێک لە کۆنترین نوێنەرانی ئاکەپەیە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بەردەوام لە پەرلەمان بووە. لە ڕووی بەرنامە ئابوورییەکانیشەوە یەکێک لە متمانەپێکراوەکانی ئەردۆغانە و بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، بێجگە لە پۆستی بریکاریی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەرپرسیارتیگەلێکی وەک وەزارەتی گەشەپێدان، جێگری سەرۆک وەزیران و لێپرسراویی پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەنادۆلی لە ئەستۆ بووە. هاوشێوەی هاکان فیدان، بەشێک لە بنەماڵەی جەودەت یەڵمازیش لە سیاسەتدا زیاتر لایەنگری ئەو پارتانەن کە لایەنگریی لە کوردەکان دەکەن و تەنانەت مستەفا یەڵماز، برازای جەودەت یەڵماز لە ساڵی ٢٠٠٧ بەهۆی ئەوەی بە هەواداریی سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە درووشمی دابوو، دەستبەسەر کرابوو.[64]

شاکلیلێکی دیکەی کابینە تازەکەی ئەردۆغان، “ئاڵپ ئەرسەلان بایراکتار”، وەزیری وزە و سەرچاوەکانی تورکیایە کە دەکاتە برای سەلجووک بایراکتاری زاوای ئەردۆغان. ئاڵپ ئەرسەلان بایراکتاریش دەرچووی زانکۆی نێودەوڵەتیی بیلکەنتە و ئەویش هەر لە سەروبەندی ساڵانی خوێندکاریی هاکان فیدان لەو زانکۆیە ماستەری لە یاسا و ئابووری وەرگرتووە. [65] ئاڵپ ئەرسەلان لە ڕێگەی براکەیەوە پەیوەندیی بە ئاڵقەی گرووپی “پلیکان”ەوە هەیە. دەگوترێت ئەم گرووپە کە لەلایەن “بەرات ئالبایراک”ی زاوای ئەردۆغان و “سەرهات ئالبایراک”ەوە بەڕێوە دەبردرێت، لە ساڵی ٢٠١٦، هاوکات لەگەڵ قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان داوودئوغلوو و ئەردۆغان، بە قازانجی ئەردۆغان هاتە مەیدان و داوود ئوغڵووی ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کرد.[66]

ئالپ ئەرسەلان

هەروەها، گرووپی پلیکان لەلایەکەوە لە رێگەی “مەهمەت ئاغار”ەوە پەیوەندیی لەگەڵ گرووپە راستڕەوە توندئاژۆکانی ناسراو بە “گورگە بۆرەکان” و دەوڵەتی قووڵ [دەوڵەتی شاراوە] هەیە [67, 68] و لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ هاکان فیدان سەرۆکی میت هەماهەنگە.[69]

گرووپی پلیکان بە هاوکاریی گرووپە مافیاییەکانی ژێرکۆنترۆڵی “مەهمەت ئاغار”، لە ساڵانی دوای کوودەتا ناکامەکەی ساڵی ٢٠١٦دا، سەدان کۆمپانیا و هۆڵدینگی لە ڕێگەی دۆسیەسازی و سەرانەسەندنەوە خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.[70] دەکرێت کەسانی دیکەش وەک “عەلی یەرلی‌کایا” وەزیری ناوخۆ و جێگرەوەی سولەیمان سۆیلۆ و هەروەها “یەڵماز تونچ” وەزیری نوێی داد کە هاوپەیمانی سەرەکیی بیلال ئەردۆغانن، بەم لیستە زیاد بکرێت.

دەسەڵاتی ڕەهای ئیسلامگەراکان

ئیسلامی سیاسی لە دەستپێکی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تا ئێستا بەردەوام لەگەڵی لە کێشمەکەشدا بووە. کێشمەکێشێک کە لە زۆربەی کاتەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان توندوتیژیی لێکەوتۆتەوە و کاکڵی دەسەڵات واتە سوپا سەرباری ئەوەی لە بواری پرسگەلی ناسنامە و ناسیۆناڵیزم و بەربەرەکانێ لەگەڵ گرووپە چەپەکاندا هاوئاوازیی لەگەڵی هەبوو، بەڵام هیچ‌کات ڕێگەی بە باڵاکردنی نەدەدا.

دەتوانرێت چەندین نموونە لە لابردن و سڕینەوەی ئیسلامگەراکان لە هەرەمی دەسەڵاتی تورکیا بهێندرێتەوە؛ لە کوودەتای سوپا لەدژی عەدنان مەندەرس سەرۆک کۆماری ساڵانی ١٩٦٠ەکانی تورکیا و لەسێدارەدانییەوە هەتا کوودەتا پۆست‌مۆدێڕنەکەی ساڵی ١٩٩٧ لەدژی نەجمەدین ئەربەکان. لە زۆربەی کوودەتاکانیشدا، هەڵبەت، ئەمریکا و ناتۆ ڕۆڵی گرینگییان لە ڕێکخستن و بە ئەنجامگەیاندنیاندا هەبووە.

سەرهەڵدانی دووبارەی ئیسلامگەراکان لە تورکیا دوای ساڵی ٢٠٠٠ ڕەوتێکی جیاواز لەگەڵ ساڵانی پێشووی هەبوو. دامەزراندن و قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ بە پشتگیریی لابەلای وڵاتانی ڕۆژئاوایی مەیسەر بوو. ڕۆژئاوا لە ڕەوتی سەقامگیرکردنی سیستەمی نوێی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتدا، هەوڵی دەدا لە وڵاتانی ئیسلامی مۆدیلێکی بە ناو “دیموکراتیک” و هاکات ئیسلامی دامەزرێنیت و تورکیای ئەردۆغانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان وێنایەکی لەمچەشنە بوو.

ئەم بابەتە دەکرێت لەو پشتگیرییە ئابووری و سیاسیانەی لە ساڵانی سەرەتایی هاتنەسەرکاری ئەردۆغاندا لێی دەکرا، ببینرێت. بە واتایەکی دیکە، ڕۆژئاوا هەوڵی دەدا مۆدیلێک لە حوکمڕانیی ئیسلامی لەسەر بنەمای چوارچێوە تیۆری، ئابووری و سیاسییەکانی خۆی لە تورکیا و لەو رێگەیەشەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیات بنێت. [71]

بەڵام پەیوەندیی زلهێزە ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە تورکیا مێژووییەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی هەیە و درووست‌کردنەوەی متمانە لەسەر بەستێنێکی تەژی لە بێ‌متمانەیی دوور لە واقع دەینواند.[72] لە دنیابینیی گشتیی گرووپە ئیسلام‌گەرا هاوچەرخەکاندا، دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کۆمەڵێک هێزی دەستێوەردەرن کە بەردەوام هەوڵی پەرەپێدانی هەژموونیی خۆیان و بە تاڵان‌بردنی سەرچاوەکان و بە ژێردەستەیی هێشتنەوەی موسڵمانان دەدەن. پارتی داد و گەشەپێدان و پارتە ئیسلامییەکانی دیکەی تورکیاش بەدەر لەم دنیابینییە نین. ئەمەش لە دووتوێی قسەکانی هاکان فیدان لە کاتی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە و هەروەها لە چواردەمین کۆنفڕانسی باڵیۆزانی تورکیادا ڕەنگی داوەتەوە.

هاکان فیدان ئەو ڕۆژەی کە وەک وەزیری دەرەوە دەست بەکار بوو، ڕایگەیاند کە “ئێمە درێژە بە پرێسپێکتیڤی سیاسەتی دەرەکیی نیشتمانیمان لەسەر بنەمای سەربەخۆیی وڵاتەکەمان لە هەموو بوارەکانی هەژموونی و حاکمییەتی ئیرادەی نەتەوەییمان، دەدەین.” [73]

کاتێک سەرنج بخەینە سەر وشە کلیلەکانی ناو ئەم پەیامە، وێکچوونێکی ڕیتۆریک لە نێوان ئەم قسانەی هاکان فیدان و سەرکردە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەبینین. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باسی بەربەرەکانێ لەگەڵ “نفووز”ی ناوەندە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی ڕۆژئاوا و هەروەها بەرەوپێشبردنی سیاسەتێک لەسەر بنەمای ئیرادەی نیشتمانی دەکەن. [74]

هاکان فیدان لە چواردەیەمین کۆنفڕانسی باڵیۆزانی تورکیاشدا دەڵێت کە سیستەمی جیهانی لەناو کۆمەڵێک “قەیرانی ئاڵۆز و چەندلایەنە”دا گیری خواردووە و ئەمەش گۆڕانکاری لەو سیستەمەیدا کردووەتە پێویستییەکی حەتمی. لە درێژەی قسەکانیشیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە تورکیا بەنیازە لە ڕێگەی “پرێسپێکتیڤی سیاسەتی دەرەکیی نیشتمانی”ی خۆیەوە ڕۆڵی پێشەنگ لە فۆڕمگرتنی سیستەمی نوێی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت. دیار نییە ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییە نوێیەی تورکیا و هاکان فیدان خوازیارین چییە، بەڵام بە سەرنجدان لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەرفراوانکردنی نفووزی هەرێمیی خۆی لە باکوور و شاخی ئەفریقاوە هەتا قەفقازیای باشوور و ئاسیای ناوەڕاست، پێدەچێت ئەو وڵاتەش بەدوای مۆدیلێکی سوننەتەوەر، هاوشێوەی ئەو مۆدیلە بێت کە ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ڕێگەی گرووپە پڕۆکسی و هاوئاوازەکانییەوە لە ناوچەکە هەوڵی بۆ داوە؛ مۆدیلێک کە پێدەچێت ڕەگ و بنچینەی بۆ ڕۆیای نیوعوسمانیزمی تورکەکان و ئەردۆغان و تا ڕادەیەکیش پرسی فەلەستین بگەڕێتەوە.[75]

لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی پێشووی هێزەکانی دژە تیرۆری ئەو حزبە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر وتەیەکی جێی سەرنج لە هاکان فیدان دەگێڕێتەوە. ئەو دەڵێت: “هاکان فیدان جارێکیان بە منی گوت کە ئەگەر قاسم سلێمانی ئاستی خوێندنەکەی هەندێک بەرزتر بووایە، دەیتوانی ڕێبەرایەتیی ئێران بکات.”[57] پێدەچێت هاکان فیدان ئەو “قاسم سلێمانی”یە بێت کە خوێندنی باڵای هەیە؛ هەم ڕۆژئاوا باش دەناسێت و هەم خولیای ڕۆژهەڵاتی-ئیسلامیی خۆی بە باشی فۆڕمووڵە کردووە و هەوڵی بۆ دەدات. ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە نەک هەر ئیسرائیل نیگەرانی پێگە و ڕۆڵگێڕانییەتی، بەڵکوو تەنانەت بنەماڵەی ئەردۆغانیش ناتوانن وا بە سانایی وەلای بنێن. فیدان بەرەو ئەوە دەچێت کە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتی تورکیا بە دەستەوە بگرێت.

ژێدەر:

[43] Hakan Fidan’ın istifasına siyasilerin yorumları

https://www.bbc.com/turkce/haberler/2015/02/150207_hakan_fidan_istifa

[44] Arınç: Hakan Fidan’ın Milletvekili Olmasını İsraf Olarak Görüyorum

[45] Darbeyi MİT’e haber veren binbaşı konuştu

https://www.aksam.com.tr/guncel/darbeyi-mite-haber-veren-binbasi-konustu/haber-625280

[46] Türkiye’nin demokrasi zaferi dört yaşında

https://www.sozcu.com.tr/2020/gundem/turkiyenin-demokrasi-zaferi-dort-yasinda-5929961/

[47] Bu yazıdan sonra Ankara karışacak

https://www.odatv4.com/yazarlar/muyesser-yildiz/bu-yazidan-sonra-ankara-karisacak-97820

[48] Erdoğan’ın eniştesi darbe girişimini nasıl öğrendiğini anlattı

https://www.aljazeera.com.tr/haber/erdoganin-enistesi-darbe-girisimini-nasil-ogrendigini-anlatti

[49] Nihal Olçok: Darbe olacağı haberi 11 Haziran’da Şirin Ünal vasıtasıyla Erdoğan’a gitti

https://www.birgun.net/haber/nihal-olcok-darbe-olacagi-haberi-11-haziran-da-sirin-unal-vasitasiyla-erdogan-a-gitti-408513

[50] 15 Temmuz, saat 21.30’da bir telefon: “Başkomutan halkı sokağa çağırıyor”

15 Temmuz, saat 21.30’da bir telefon: “Başkomutan halkı sokağa çağırıyor”

[51] ABDULKADİR SELVİ: 15 TEMMUZ’DAN ÜÇ GÜN ÖNCE İRAN’IN DARBEDEN HABERİ VARDI, ORDUSU ALARMA GEÇTİ

https://web.archive.org/web/20180107122846/https://www.tr724.com/abdulkadir-selvi-15-temmuzdan-uc-gun-once-iranin-darbeden-haberi-vardi-ordusunu-alarma-gecti/

[52] Kudüs TV Genel Yayın Yönetmeni: Erdoğan, Süleymani’nin 15 Temmuz’da Türkiye için ne yaptığını biliyor

https://www.indyturk.com/node/114386/haber/kud%C3%BCs-tv-genel-yay%C4%B1n-y%C3%B6netmeni-erdo%C4%9Fan-s%C3%BCleymani%E2%80%99nin-15-temmuz%E2%80%99da-t%C3%BCrkiye-i%C3%A7in-ne

[53] ناگفته‌هایی از آمادگی نظامی ایران در شب کودتای ترکیه/ “داعش را در ۴۰کیلومتری ایران زدیم اما اعلام نکردیم”

https://www.tasnimnews.com/fa/news/1395/08/15/1231418/%D9%86%D8%A7%DA%AF%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D8%A7%D8%B2-%D8%A2%D9%85%D8%A7%D8%AF%DA%AF%DB%8C-%D9%86%D8%B8%D8%A7%D9%85%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AF%D8%B1-%D8%B4%D8%A8-%DA%A9%D9%88%D8%AF%D8%AA%D8%A7%DB%8C-%D8%AA%D8%B1%DA%A9%DB%8C%D9%87-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4-%D8%B1%D8%A7-%D8%AF%D8%B1-40%DA%A9%DB%8C%D9%84%D9%88%D9%85%D8%AA%D8%B1%DB%8C-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%B2%D8%AF%DB%8C%D9%85-%D8%A7%D9%85%D8%A7-%D8%A7%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%85-%D9%86%DA%A9%D8%B1%D8%AF%DB%8C%D9%85

[54] حاج قاسم در شب کودتای ترکیه، کجا بود؟!

https://www.rajanews.com/news/247861/%D8%AD%D8%A7%D8%AC-%D9%82%D8%A7%D8%B3%D9%85-%D8%AF%D8%B1-%D8%B4%D8%A8-%DA%A9%D9%88%D8%AF%D8%AA%D8%A7%DB%8C-%D8%AA%D8%B1%DA%A9%DB%8C%D9%87%D8%8C-%DA%A9%D8%AC%D8%A7-%D8%A8%D9%88%D8%AF%D8%9F

[55] Why Iran stood with Erdogan

https://www.al-monitor.com/originals/2016/07/iran-reactions-turkey-coup-attempt-zarif-erdogan.html

[56] Hizbullah: Kasım Süleymani, Hakan Fidan’la bağlantı içindeydi

https://islamianaliz.com/haber/7452664/hizbullah-kasim-suleymani-hakan-fidanla-baglanti-icindeydi

[57] Ex-intel chief Talabany warns Iraqi Kurds risk civil conflict leaving Turkey, Iran room to meddle

https://www.al-monitor.com/originals/2022/11/ex-intel-chief-talabany-warns-iraqi-kurds-risk-civil-conflict-leaving-turkey-iran

[58] Kamile’ye kumpas

https://www.yenisafak.com/yazarlar/abdulkadir-selvi/kamileuye-kumpas-2007022

[59] Kitap Dergisi, Aralik 1989 Sayi 34

https://katalog.idp.org.tr/pdf/40919/42287

[60] Yeryüzü, 15 Aralik 1990 yeni dönem sayi 1

https://katalog.idp.org.tr/pdf/37145/37461

[61] İşte AK Parti’nin Seçim Beyannamesi’nden öne çıkanlar bazı vaatler

https://www.egepostasi.com/haber/Iste-AK-Parti-nin-Secim-Beyannamesi-nden-one-cikanlar-bazi-vaatler/304856

[62] Classified By: POL Counselor Daniel O’Grady, for reasons 1.4(b,d)

https://wikileaks.org/plusd/cables/09ANKARA1486_a.html

[63] Uludere olayının iç yüzü ortaya çıktı

https://www.milliyet.com.tr/gundem/uludere-olayinin-ic-yuzu-ortaya-cikti-1818577

[64] AKP’li Vekil’in yeğeni PKK eyleminden tutuklandı

https://www.milliyet.com.tr/siyaset/akpli-vekilin-yegeni-pkk-eyleminden-tutuklandi-1010780

[65] Alparslan Bayraktar Kimdir, ailesi, nereli, özgeçmiş?

https://www.gercektekimdir.com/2023/06/alparslan-bayraktar-kimdir-ailesi.html

[66] Sosyal medyayı sallayan ‘Pelikan Dosyası’ nedir?

https://web.archive.org/web/20190707015513/https://www.timeturk.com/sosyal-medyayi-sallayan-pelikan-dosyasi-nedir/haber-143651

[67] “Mehmet Ağar Cumhur İttifakı’nın üçüncü ortağı”

https://bianet.org/haber/mehmet-agar-cumhur-ittifaki-nin-ucuncu-ortagi-243812

[68] نبرد پدرخواندەها؛ مافیا، بازوی اجرایی سیاست‌های داخلی و خارجی ترکیه

http://nnsroj.net/fa/detiles.aspx?id=131494&ID_map=19&outhorID=14

[69] CNN Türk, termik santrallere baca filtresi takılması maliyetinin anlatıldığı yayına ilişkin açıklama yaptı: Çarpıtıldık

https://web.archive.org/web/20200109102154/https://t24.com.tr/haber/cumhuriyet-yazari-terkoglu-pelikancilar-mit-baskani-hakan-fidan-hakkinda-ne-dusunuyor,855307

[70] Assets worth $11bn seized in Turkey crackdown

https://www.ft.com/content/fed595d0-631e-11e7-8814-0ac7eb84e5f1

[71] THE TURKISH MODEL AND DEMOCRATIZATION IN THE MIDDLE EAST

https://www.jstor.org/stable/41859009

[72] Turkish foreign policy in the Middle East: power projection and post-ideological politics

https://academic.oup.com/ia/article-abstract/97/4/1125/6314257?redirectedFrom=fulltext

[73] Dışişleri Bakanı Hakan Fidan: Milli dış politika vizyonunu ilerletmeye devam edeceğim

https://www.aa.com.tr/tr/gundem/disisleri-bakani-hakan-fidan-milli-dis-politika-vizyonunu-ilerletmeye-devam-edecegim/2914569

[74] راهبرد سد در برابر نفوذ

https://farsi.khamenei.ir/others-note?id=30551

[75] הסולטן וסולימאני: מקור ההשראה של הגנרל המחוסל

https://www.makorrishon.co.il/international/197615/

[76] Selam Tevhid Örgütü Nedir?

https://www.haberler.com/guncel/selam-tevhid-orgutu-nedir-6313541-haberi/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *