ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی عەمار گوڵی لەبارەی پێشینەی بنەماڵەیی و سیاسیی هاکان فیدان سەرۆکی وەزیری دەرەوەی تورکیا
هەڵبژاردنەکانی بەهاری ڕابردوو لە تورکیا یەکێک لە پڕ مشتومڕترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەو وڵاتە بوو. لەو هەڵبژاردنانەدا ئەردۆغان توانی، سەرباری هەموو باس و خواسەکان و وێڕای هەموو ئەو کێشە ئابووری، سیاسی و ئەمنییانەی هەڵقوڵاوی حوکمڕانیی خۆی بوون، ڕکابەرەکانی ئاچمەز بکات و بۆ چەندەمین جار لەسەر یەک بەسەریاندا سەرکەوێت. زۆرکەش هێشتا بەدوای وڵامی ئەم پرسیارەوەن کە چۆناوچۆنە نیوەی خەڵکی تورکیا سەرباری ئەو کارنامە پڕکارەسات و لێوانلێو لە گەندەڵییەی ئەردۆغان و کابینەکەی و هاوڕێیانی هەیانە، دیسانیش هیوای پێدەبەستن؟
زۆرکەس بە درووستی، ئەو ئەو ئەنجامەی هەڵبژاردنەکان بۆ مەیلی ئاینیی بەشێکی بەرین لە دانیشتووانی تورکیا و گەمەی لێزانانەی ئەردۆغان و تیمی هەڵبژاردنەکەی بەو مەیلەوە، وەک کارتێکی یەکلاکەرەوەی یارییەکە، دەگەڕێننەوە. لە بەرامبەریشدا هەندێک پێیانوایە ئەم سەرکەوتنە پەیوەندیی بە بەڵێنە ئابوورییەکانی ئەردۆغان، بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینان و کارمەندان بە شێوەیەکی خێرا و سەیروسەمەرە و هەروەها بەخشینی یارمەتی دارایی بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە، تەنیا چەند مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە.
هاوکات، نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و لەو سۆنگەیەوە دوودڵیی خەڵک لە داهاتوویەکی ناسەقامگیر، هاشێوەی ئەو سەردەمەی لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو بەسەریاندا هاتبوو، تا ڕادەیەک کاریگەریی لەسەر ئەو ئەنجامانە هەبوو.
بۆ ئەو سەرکەوتنەی ئەردۆغان، دەکرێت کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وەک قۆرخکردنی هەموو ئیمکانیاتی دەوڵەت و دەستبەسەرکردنی هەزاران چالاکی سیاسی، نەخاسمە لە کوردستان، ڕیز بکرێت. بەڵام بەمانە چیرۆکەکە تەواو نابێت. سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی بە درووستی لە ئەردۆغان و تیمەکەی دەگیردرێت، دەبێ دان بەوەدا بنرێت کە ئەو و تیمی هەڵبژاردنەکەی کارێکیان لواندووە کە بە بڕوای زۆربەی شارەزایان نەدەلوا؛ لواندنی کارێکی نەلواو کە پێدەچێت ئەستێرە دەرەوشاوەکەی هیچ کەسی تر بیجگە لە ناسراوترین ڕوخساری نەناسراوی کابینەکەی ئێستای ئەردۆان، هاکان فیدان، نەبێت.
هاکان فیدان تا پێش ئەوەی پاڵ بە کورسیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیابداتەوە، بۆ ماوەی لانیکەم ١٣ ساڵ سەرۆکایەتیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، ناسراو بە میت، لە کارنامەیدا بوو. ئەو هەروەها ڕۆڵێکی گرینگی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی پەلهاوێژانەی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، قەفقازیا و باکووری ئەفریقا گێڕاوە. کەچی بەمحاڵەشەوە کون و قوژبنەکانی کارنامەکەی، هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ڕاست و درووست هەڵنەسەنگێندراوە و تەنانەت تا پێش هاتنیشی بۆ بینایەی وەزارەتی دەرەوە کەمتر کەسێک دەنگی بیستبوو. لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵ دەدرێت پوختەیەک لە کارنامەی ئەمنیترین وەزیری دەرەوەی تورکیا بە بەرجەستەکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ بکرێت.
کوردێک لە تەباری سەرحەد یان ئەنکەرە؟
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئێستا و سەرۆکی پێشووی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، میت، یەکێک لە نەناسراوترین کارگوزارەکانی گۆڕەپانی سیاسەتی ئەو وڵاتەیەل کەسێک کە کەمترین زانیاری و شوێنپێیەک لە پێشینەی بنەماڵەیی و هەروەها ئاسەواری منداڵەکانی لەبەردەستە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، هاکان فیدان ساڵی ١٩٦٨ لە ناوچەی “حەمامئۆنوو” سەر بە گەڕەکی حاجەتتەپەی ئەنکەرە لە دایک و باوکێک کە هیچ ئاسەوارێک لە ناسنامە و ڕابردوویان لەبەردەست نییە، لەدایک بووە. خاڵی جێگەی سەرنج سەبارەت بەو گەڕەکەی هاکان فیدان تێیدا هاتووەتە دیناوە، ئەوەیە کە ئەو گەڕەکە لە دێرزەمانەوە شوێنی ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانە بووە کە پێش و پاش دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە هەرێمەکانی ئەرزەڕووم، قەرس، ئاگری، مووش و وانەوە کۆچبەری ئەنکەرە بوون.[1]
سەرباری ئەمانە، هەبوونی هەژمارێکی بەرچاوی کوردەکان لە حاجەتتەپە ناتوانێت بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کوردبوونی هاکان فیدان بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاکان فیدان بە پێچەوانەی وەزیری درەوەی پێشووتری تورکیا، هەتا ئێستا خۆی لە لێدوان لەوبارەیەوە بواردووە. ئەمەش ڕەنگە لەترسی ئەوە بێت کە نەکا ئەمیش هاوشێوەی سکاڵاکەی “چاوشئوغلوو” لە “ناتالی ئاوازیان” سەبارەت بە ڕەچەڵەکی کوردیی بنەماڵەکەی و ناوی باوکی، لە دادگە بیدۆڕێنێت. [2]
دەگوترێت کە ڕەچەڵەکی بنەماڵەیی هاکان فیدان بۆ پارێزگای مووش دەگەڕێتەوە و بنەماڵەکەی بەشێک لە عەشیرەی “حوسنان” (لقی سەیدییەکان) یەکێک لە گەورەترین هۆزەکانی کوردستانن. ئەرجان کۆنووک گوتەبێژی عەشیرەی حوسنان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان پشتڕاستی کردۆتەوە کە “فیدان” ئامۆزایەتی و ڕەچەڵەکی بۆ گوندی “سوسکەن” لەنزیک شاری ئەردیش و بنەماڵەی “قەسێ قەدنۆ” دەگەڕێتەوە. [3]
پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٠، ناجی شەریفی زیندەشتی لە قاچاخچییە بەناوبانگەکانی مادە هۆشبەرەکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ “سەعید سەفا” ڕۆژنامەوانی تاراوگەنشینی تورک، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاکان فیدان خزمی نزیکییەتی و چەندین جار لە تورکیا، بەتایبەت لە وان، پێکەوە دیداریان کردووە. [4]
لە ساڵی ٢٠١٤ و لە میانەی گفتوگۆکانی ئاشتیشدا، چەندین جار پرسی ڕەچەڵەکی هاکان فیدان بووە ڕۆژەڤی سەرەکیی میدیاکان. هەر ئەو کاتە، ڕاگەیەندرابوو کە بەشێکی گەورە لە خزم و کەسوکاری هاکان فیدان لە شاری ئەردیش سەر بە پارێزگای وان، پەیوەستی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، بەدەپە دەبن؛ مەسەلەیەک کە گوایە نیگەرانیی هاکان فیدانی لێکەوتبووەوە. [5]
لە ساڵی ٢٠١٨شدا یەکێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، بە ناوی “عەگید زیلان” لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوڕات ئیدعای کردبوو کە باوەگەورەی ئەو مامی هاکان فیدانە. [6]
لەگەڵ ئەوەشدا، ناوەندی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دوای ئەوەی هاکان فیدان سوکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرت، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا هیچ برازای یان کەسوکارێکی نییە ئەندامی پەکەکە بێت. [7]
چیرۆکەکە بەمەوە کۆتایی نایەت و هەندێک لە ئۆڵترا ناسیۆناڵیستەکانی لایەنگری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکانی دیکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هاکان فیدان ڕەچەڵکی ئەرمەنیی هەیە و دزەی کردۆتە ناو دامودەزگای حکوومیی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی لێکیهەڵوەشێنێتەوە. هەرچەندە تا ئەم ساتە هیچ بەڵگەیەک لەوبارەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە و پێدەچێت ئەم قسانە زیاتر هەڵقوڵاوی بیرۆکەی دژەئەرمەن لە ناو پێکهاتەی تورکیادا بێت.
لەگەڵ ئەمەشدا، هەتا ئێستا خودی هاکان فیان لەبارەی ڕەچەڵەک و بنەماڵەی خۆیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.
پەیوەستبوونی بە سوپا
هەروەک لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، هاکان فیدان لە ساڵی ١٩٨٦ لە قوتابخانەی زانیاریی هێزی وشکانیی سوپا دەرچووە. سەبارەت بەوەی کە لە چ ساڵێکدا و بە ڕێنوێنیی چ کەسانێک چووەتە ئەم قوتابخانەیەوە، هیچ زانیارییەک لەبەردەست نییە. [8]
لە ڕاستیدا ئەو لە ناوەندی ڕاهێنانی سیستەمگەلی پەیوەندیی ئەلەکترۆنیکیی سوپا (MEBS Okulu ve Eğitim Merkezi) پەروەردەی بینیوە. ئەم ناوەندە کە پێشینەکەی بۆ ساڵانی سەرەتایی دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەگەڕێتەوە، بۆ ڕاهێنانی شەڕی ئەلەکترۆنی و پێگەکانی زانیارییە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووی زاینیدا و دوای کودەتاکەی سوپا، ئەو ناوەندە بەرپرسیارەتیی ڕاهێنان و دابینکردنی هێزی هەواڵگری بۆ دەزگای هەواڵگریی سوپا و هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی تورکیای لە ئەستۆ بوو. [9]
فیدان لەم ناوەندە پلەی ئەفسەری بەدەست دەهێنێت و هەر ئەو ساڵەش لە قوتابخانەی زمانە بیانییەکان سەر بە هێزی وشکانیی سوپا، بڕوانامە وەردەگرێت. بەمحاڵەشەوە دیار نییە کە لەو قوتابخانەیەدا چ زمانگەلێک فێر بووە و چەند ساڵ تێیدا خوێندوویەتی.
دوای وەرگرتنی بڕوانامە، وەک تەکنیسیەن لە یەکێک لە ناوەندەکانی پڕۆسێسی ئۆتۆماتیکی زانیارییەکان سەر بە فەرماندەیی هێزی وشکانیی سوپا لە ئەنکەرە دەست بەکار دەبێت و تا ساڵی ٢٠٠١ لەناو دامەزراوەی سوپادا دەمێنێتەوە.
لە ماوەی خزمەتی ١٥ ساڵەی لەناو سوپادا، لانیکەم سێ جار و هەر جارەو بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ ببەشداری لە خولەکانی پەروەردەی ڕێکخراوی سەربازیی ناتۆ دەنێردێتە ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە ماوەی مانەوەی لە ئەڵمانیادا، لەناو یەکینەکانی ئامادەی ناتۆدا (هێزەکانی جووڵەی خێرا) کار دەکات و وەک ڕاسپاردەی بەشی هەواڵگریی سوپای تورکیا لەو ڕێکخراوەدا کار دەکات.
لەمیانەی ئەرکە دەرەکییەکانی لەناو ناتۆدا، لە زانکۆی مریلەندی ئەمریکا وەردەگیرێت و لە کۆلێژی ئەورووپایی ئەو زانکۆیە لە شاری “کایزەرس لاوتێرن”ی ئەڵمانیا بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکان وەردەگرێت. دوای وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە و گەڕانەوەی بۆ تورکیا، لە ناوەڕاستەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووی زایینی، لە قۆناغی ماستەر لە زانکۆی نێودەوڵەتیی “بیلکەنت” لە ئەنکەرە وەردەگیرێت و ساڵی ١٩٩٩ داکۆکی لە تێزی ماستەرەکەی سەبارەت بە بەراوردی نێوان سیستەمەکانی هەواڵگرییی ئەمریکا، بەریتانیا و تورکیا دەکات.
فیدان لە کۆتایی نامەی ماستەرەکەیدا، زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر زەقکردنەوەی خاڵە لاواز و بەهێزەکانی سیستەمی هەواڵگریی تورکیا و پێیوابووە کە تورکیا پێویستی بە تۆڕێکی هەواڵگریی دەرەکیی بەهێزتر هەیە. دوای کۆتاییهاتنی خزمەتی ١٥ ساڵەی لە سوپادا، ساڵی ٢٠٠١ لە سوپا دێتە دەرەوە و دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی گشتیی خانەنشینانی سوپای تورکیا ناسراو بە “ئۆیاک”.
لەو ماوەیەشدا خوێندن لە قۆناغی دوکتورا دەست پێدەکات و ساڵی ٢٠٠٦ داکۆکی لە نامەی دوکتوراکەی لەبارەی کەڵکوەرگرتن تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ هەلسەنگاندنی ڕاستی و درووستیی ڕاپۆرت و ڕووداوە هەواڵگرییەکان لە سیستەمگەلی هەواڵگریدا، دەکات. [10]
ڕۆڵی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا
هاکان فیدان لە میانەی ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ دەبێتە ڕاوێژکاری باڵای سیاسی و ئابووری باڵیۆزخانەی ئۆسترالیا لە ئەنکەرە و دواتریش وەک سەرۆکی ڕێکخراوی هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی تورکیا ناسراو بە “تیکا”، دەستنیشان دەکرێت. فیدان ئەو پێگەیەی لەناو ڕێکخراوی “تیکا”دا بە باشترین شێوە بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک وەیزان و وەزیرەکانی حکوومەتی تورکیا، دەقۆزێتەوە و لە ڕێگەی ناسینی ئەحمەد داوودئوغلوو و ئەردۆغانەوە، سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠٠٧ دا سوکانی بریکاریی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دەرەکی و نێودەوڵەتیی پێدەسپێردرێت. [11]
فیدان هەر لەو سەردەمەدا، بێجگە لە ڕاوێژکاریی وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیران، یەکێک لە دیپلۆماتە باڵاکانی تورکیا لە ئەنستیۆتۆی توێژنەوە بۆ چەکداماڵین (UNIDIR) و ڕاوێژکاری ناوەندی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان، ڕاهێنان و هەواڵگری (VERTIC ) لە لەندەنیش بووە. هێشتا دیار نییە داخۆ ئەو چۆناوچۆن توانیویەتی کاروباری خۆی لەو سێ دامەزراوەیەدا ڕێکبخات و لە هەرکامێکیاندا چ ڕۆڵێکی هەبووە. [12]
فیدان بە بەدەستهێنانی متمانەی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە و [هاوکات کارکردنی وەک ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران] پۆستی نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی پێدەسپێردرێت. هەر لەو سەردەمەدا سوکانی سیاسەتیی دەرەوەی تورکیا (لە پشتی پردەوە و) لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ناوکیی ئێران دەگرێتە دەست. لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٩، لە میانەی دەنگدانی “ئەنجوومەنی حوکم”ی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیدا لەسەر دامەزراوەی ئەتۆمیی “فەردوو”ی ئێران، هاکان فیدان نوێنەری تورکیا و نوێنەرانی شەش وڵاتی دیکە، سەرباری گوشارەکانی ئەمریکا و ناتۆ، دەنگی “نەرێنی”یان لەدژی ئێران بەرز نەکردەوە. ساڵێک دواتر، تورکیا و بەرازیل دەستپێشخەرییەکیان بۆ چارەسەریی ئاشتیانەی دۆسیەی ناوکیی ئێران خستە ڕوو، بەڵام لە ئاکامدا هیچ کام لە هێزە نێودەوڵەتییەکانی ڕەزامەندیی لەسەر نیشان نادەن.[13, 14]
هێشتا زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری مەیلی هاکان فیدان بەلای کۆماری ئیسلامیدا و ڕۆڵگێڕانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی تاران لەبەردەست نییە. بەڵام، زیاتر باس لە دوو ئەگەر دەکرێت. یەکەم ئەوەی کە دەگوترێت هاکان فیدان لە پیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر لایەنگری تیۆریی “ستراتیژیی سفر ناکۆکی”ی ئەحمەد داوود ئوغڵوو وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی تورکیا و هاوکات یەکێک لە ڕێبەرانی پێشووی پارتی داد و گەشەپێدانە. لەمڕووەوە هەوڵی داوە پەیوەندیی دیپلۆماتیکی تورکیا لەگەڵ ئێران هەر لەم چوارچێوەدا بهێڵێتەوە و باڵانسێک لە نێوان پەیوەندییەکانی ئەنکەرە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئێران ڕاگرێت. لەگەڵ ئەمەشدا ڕووداوەکانی ١٥ ساڵی ڕابردووی ڕژۆهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراویی قەیرانی سووریا، ڕوخسارێکی دیکە لە هاکان فیدان دەردەخات و نیشانی دەدات کە ناوبراو لەپێناو ئامانجەکانیدا سڵ لە هیچ تەڵەکەیەک و سیاستێکی دەستێوەردەرانە ناکاتەوە.
ئەگەری دووەم بۆ پێشینەی ئیسلامگەرای هاکان فیدان، بە پشتبەستن بە بەڵگە و دیکۆمێنتە بڵاو کراوەکان و لێدوانی ژمارەیەک لە ئیسلامگەراکانی تورکیا دەگەڕێتەوە و لانیکەم نیشانی دەدات کە پەیوەندیی هاکان فیدان لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەوەی وێنا دەکرێت، قووڵتر بێت.
پیاوە سێبەرەکەی “سەلام-تەوحید”
ڕۆژی ٢٨ی فێبرییەی ١٩٩٧ یەکینە زرێپۆشەکانی سوپای تورکیا لە ئەنکەرەی پایتەخت جووڵەیان کرد و بە شەقامەکانی شارۆچکەی “سینجان” لە کەرتی ڕۆژئاوای پایتەختدا تێپەڕین. ئەم جووڵەیەی سوپا بە شێوەیەک لە شێوەکان هەڵوێستێک بوو لە دژی هەڵسوکەوتی ئیسلامگەرایانەی حکوومەتەکەی پارتی ڕیفاه و ئەنجمەدین ئەربەکان و نزیکبوونەوەی ڕژیمی ویلایەتی فەقیهی تاران. [15]
نزیکەی مانگێک پێش کوودەتا پۆست مۆدێرنەکەی سوپا، لە ڕۆژی ٣١ی ژانیوەریی ساڵی ١٩٩٧دا، گرووپێک لە ئیسلامگەراکانی تورکیا لە شارۆچکەی سینجان ڕێوڕەسمێکیان بەبۆنەی ڕۆژی “قودس” بەڕێوە برد. بە ڕواڵەت بەکر یەلدز سەرۆکی شارەوانیی سینجان ڕێکخەری ڕێوڕەسمەکە بوو. بەکر یەڵدز محەمەد ڕەزا باقری باڵیۆزی ئەوکاتەی ئێران لە تورکیاشی بۆ وتاردان لەو ڕێوڕەسمەدا بانگێهشت کردبوو. [16]
بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نەبوو. لە ڕاستیدا ڕێوڕەسمەکە لەلایەن ڕێکخستنەکانی حیزبولڵای تورکیاوە ئۆرگانیزە کرابوو کە یەکێک لە گرووپەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، بە دیاریکراوی کەسانێکی وەک دووران ئۆزدەمیر، موکەڕەم کلینچ، عوسمان ئوزوپەک و عەونی یازکچی ئوغڵوو ڕێکیانخستبوو و بەڕێوەیان دەبرد. زۆربەی ئەو کەسانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ناسر تەقیپوور بەپرسی ئەوکاتەی سپای قودس لە تورکیا و یەکێک لە بکەرانی تیرۆری دوکتور قاسملوو لە پەیوەندیدا بوون و بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران لە تورکیا و قوبرسیش هەر لەلایەن ئەمانەوە جێبەجێ دەکرا. [75]
لە مەرایسمەکەی “شەوی قودس”دا محەمەد ڕەزا باقری لە وتەکانیدا جەخت دەکاتەوە لەوە کە ئەوان هیچ باکیان بەوە نییە، بە “بونیادگەرا” ناوببرێن و دەڵێت: “حیزبولڵاهییە بونیادگەراکان و خەڵکانی شوێنکەوتووی شەریعەت لە عاقڵترین، ئیماندارترین و مۆدێڕنترنی خەڵکەکانن…. هەرکەس لەسەر ڕیبازی پێغەمبەرەکەمان و ئەهلی بەیتەکەی و سوننەتەکەی بڕاوت، دەبێتە بونیاتکەرا…خودا موژدەی سەرکەوتنی بەوان داوە و سەردەکەون.” لە کۆتاییشدا بە ئاماژەدان بە ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران و بەبێ ئەوەی ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بە تورکیا بکات، دوعا دەکات کە “خودواوەند کۆمەڵێک سەرکەوتنی دیکەش بە نسیبی موسڵمانان بکات.” [17]
قسەکانی باڵیۆزی ئێران دەنگدانەوەی گەورەی لە ڕۆژنامە و میدیاکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپادا دەبێت و دوو ڕۆژ دواتر، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا محەمەد ڕەزا باقری (دوای حەوت ساڵ مانەوەی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەنکەرە) لەو وڵاتە دەردەکات. زۆربەی ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکەی “شەوی قودس” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست دەکرێن و لە میانەی دادگاییەکی خێرادا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە “ڕێکخراوی تیرۆریستیی حیزبولڵا” حوکم دەدرێن و دەخرێنە زیندانەوە. [18] محەمەد ڕەزا باقری لە یادداشتی ڕۆژانەی خۆیدا ئیدعای کردووە کە ئەو گوایە “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی حکوومەت بە دەستی ئەربەکانەوەیە، بەوپەڕی نەرمونیانییەوە قسەی کردووە، بەڵام بەهۆی پڕۆپاگەندەی بەربڵاو و دەستێوەردانی باڵیۆزی ئیسرائیل، تورکیا وەدەری ناوە و ویستوویەتی چیتر نەگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.” [19]
“دووران ئوزدەمیر” پێش ئەوەی قۆڵبەست بکرێت هەڵدێت و دەچێتە ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەی غیابی دادگایی دەکرێت. بەڵام حسێن عەونی یازکچی ئوغڵوو سەرپەرشتی بەشی فەرهەنگیی شارەوانیی سینجان و ئەندامی گرووپی میلیشیایی “سەلام-تەوحید” سەرباری ئەوەی دەستبەسەر و زیندانی دەکرێت، دوای ئازادبوونی لە زیندان ، ئەمجارە لە ئەستەمبووڵ و مزگەوتی “زەینەبییە”، دوور لە چاوی ناوەندە ئەمنییەکانی تورکیا و بە گرتنبەری ڕێوشێونی ئەمنی، دەست بە چالاکیی نهێنی دەکاتەوە.
چالاکییەکانی یازکچی ئوغڵوو تا ساڵی ٢٠١٠، بە شێوەیەکی گشتی ناکەوێتە بەرچاوی دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیا. لەو ساڵەدا ژنێکی تەمەن ٥٤ ساڵان دەچێتە ئۆفیسی یەکەی دژەتیرۆری شاری بوورسا و کۆمەڵێک بەڵگەی تایبەت بە چالاکییە نهێنییەکانی گرووپی سەلام-تەوحید ڕادەستیان دەکات. هێزە ئەمنییەکان دوای لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەو ژنە، بۆیان دەردەکەوێت کە ناوی “کامیلە یازکچی ئوغڵوو”ە و هاوسەری حسێن عەونی یازکچی ئوغڵوو یەکێک لە کادیرە باڵاکانی گرووپی سەلام-تەوحیدە.
کامیلە لە لێپرسینەوەکاندا ئیدعا دەکات کە هاوسەرەکەی سیخوڕی ڕژیمی ئێرانە و ئەو بەڵگانەش کە ڕادەستی کردوون، ئەم ئیدعایەی پشتڕاست دەکەنەوە. مکوڕهاتنەکانی ئەو ژنە دەبێتە سەرەتاییەک بۆ دەست پێکردنی زنجیرە لێکۆڵینەوەیەکی نهێنیی یەکەی دژەتیرۆر و سەردۆزگەریی ئەستەمبووڵ.
کامیلە یازکچی ئوغڵوو لە میانەی دانپێدانانەکانیدا بانگەشەی ئەوەش دەکات کە “هاکان فیدان” سەرۆکی ئەوکاتەی میت یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی هاوسەرەکەیەتی و پێکەوە کار دەکەن. بە گوتەی کامیلە، بێجگە لە پەیوەندیی شەخسیی ئەو دووانە، کوڕەکەی هاکان فیدان و کوڕەکەی حسێن یازکچی ئوغڵوو لە زانکۆی بیلکەنت هاوپۆل بوون و بەشێک لە زانیارییەکانی نێوانیان لەڕێگەی منداڵەکانیانەوە ئاڵوگۆڕ کردووە. [20]
ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی کامیلە ڕادەستی کردوون، بریتین لە نەخشەی سەربازیی ئەوپەڕ نهێنی لە بنکە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ناتۆ لە دەوربەری شارەکانی “عەنتاب” و ئەدەنە، لەوانە بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیک، زانیاریی نهێنی لەسەر دانیشتنەکانی کابینە و تایبەتمەندیی ئەندامانی حکوومەتی تورکیا و کادرە باڵاکانی پارتی داد و گەشەپێدان و هەروەها وێنەی سەتەلایەتیی ورد لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لەسەری شڕۆڤە بۆ بیناکانیشیان نووسراوە.
لێکۆڵینەوەکان لەبارەی گرووپی “سەلام-تەوحید” بیجگە لەوەی قەبارەی نفووزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تانوپۆی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا دەکات، هەروەها پەردەش لەسەر بەشێک لە کردوە و کارە تیرۆریستییەکانی ئەم گرووپە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووی زاینییش هەڵدەداتەوە. بۆ نموونە، بەشێک لەو کردەوانە بریتین لە دانانی بۆمب لەناو ئۆتۆمبیلی دیپلۆماتکارێکی هیندیی، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر شەڕی کەشمیر و هەروەها هێرش کردنەسەر دیپلۆماتەکانی ئیسرائیل لە هیندوستان و جۆرجیا لە ساڵی ٢٠١٢ بووە. [21]
لەمیانەی لێکۆڵینەوەکاندا، یەکەی دژەتیرۆر دەتوانێت پردی پەیوەندیی سپای قودس لەگەڵ ئەندامانی گرووپی سەلام-تەوحید و هەروەها تۆڕی سیخوڕیی ئێران لە تورکیا ئاشکرا بکات. لەم سۆنگەیەوە، ساڵی ٢٠١٢ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ زۆربەی ئەندامانی سپای قودس لە تورکیا، لەوانە ناسر غەفاری ئەفسەری باڵای سپای قودس و پردی پەیوەندی و پشتیوانی سەرەکیی گرووپی سەلام-تەوحید ناچار دەکرێت تورکیا بەجێ بهێڵێت. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ناوبراو ساڵێک دواتر لە تاران دەمرێت. [22]
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دۆسیەیە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی تۆڕی سپای قودس لە تورکیا، بەر لەوەی بگاتە ئەنجام بە دەستێوەردانی شەخسی ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە، دادەخرێت. دواتریش چەند دادوەری دەستنیشانکراوی حکوومەت و دەزگای میت دۆسیەیەکی نوێ دەکەنەوە و سەرلەنوێ حسێن عەونی یازکچی ئوغڵوو و کامیلە یازکچی ئوغڵوو بانگهێشتی بەردەم دادگە دەکەن و لێدوانی پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشوویان لێ وەردەگیرێت. هەر لەسەر بنەمای ئەو لێدوانە تازانەش، ئەفسەرەکانی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەردۆزگەرەکانی ئەو دۆسیەیەی تێیدا باسی پەیوەندیی هاکان فیدان و ئەندامانی گرووپی سەلام- تەوحیدی کرابوو، بە ساختەکردنی بەڵگە و دیکۆمێنتەکان و پیلانگێڕی لەدژی هێزە ئەمنییەکان و حکوومەتی تورکیا تۆمەتبار دەکرێن. [23]
پەیوەندیی هاکان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی سپای قودس و گرووپی سەلام-تەوحید هەڵبەت تەنیا ڕەهەندی ناوخۆیی نەبوو؛ بەڵکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش ئاگاداری ئەمە بوون و هەندێک جار نیگەرانیی خۆیان لەمبارەیەوە بە گوێی کاربەدەستانی ئەنکەرەدا دەدایەوە.
جەیمز جێفری باڵێۆزی ئەوکاتەی ئەمریکا لە تورکیا، هەر لەو سەروبەندەدا لە وڵامی ڕۆژنامەنووساندا گوتبووی “ئێمە دەبێ هاوکاریمان لەگەڵ ناوبراو [هاکان فیدان] هەبێت، چونکە دەزانێت چۆن کارەکان بە ئەنجام بگەیەنێت. بەڵام نابێ بڕوا بەوە بکەین کە دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، چونکە وا نییە.” [24]
بۆ نموونە چەند مانگ دوای دانیشتنی فیدان لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی دەزگای ئاسایشتی نیشتمانیی تورکیا، میت و هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەشتیی هەڵگریی یارمەتییەکانی ئەنکەرە بۆ غەزە (کەشتیی ماڤی مەرمەرە)، ئیهوود باراک وەزیری ئەوکاتەی برگریی ئیسرائیل لە کابینەکەی نەتانیاهوودا، حکوومەتی تورکیا و هاکان فیدانی بەوە تۆمەتبار کرد کە زانیاریی هەستیاریان لەسەر ئیسرائیل، بە ئێران داوە.
ساڵی ٢٠١٣ ڕۆژنامەی واشینگتۆنپۆستی ئەمریکا لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو میتی تورکیا ناسنامەی لانیکەم ١٠ سیخوڕیی ئێرانیی مووسادی بە بەرپرسانی ئێرانی گەیاندووە. [25] تەنانەت باس لەوەش دەکرێت کە دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار و ئاشکرابوونی ناسنامەی ژمارەیەک لە سیخوڕەکانی ئەمریکا لە لوبنان لە ساڵی ٢٠١١ بەهۆی ئەو زانیارییانەوە بووە کە هاکان فیدان ڕادەستی ئێرانی کردووە.
گفتوگۆکانی ئاشتی و پرسی کورد
هاکان فیدان لە ئاپریلی ساڵی ٢٠٠٩، جێگری “ئەمرە تانەر” سەرۆکە کوردەکەی ئەوکاتەی میتی تورکیا بو. هەر لەو کاتەدا فیدان ئەرکێکی تایبەتی پێ دەسپێردێت و لەگەڵ ئەمرە تانەر لەلایەن سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانیی تورکیاوە بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، لە ئۆسڵۆ ئەرکدار دەکرێت. دەگوترێت ئەمرە تانەر خاوەنی بیرۆکەی سەرەتایی ئەو گفتوگۆیانە بووە و هاکان فیدانیش لەوبارەیەوە ڕاوێژی لەگەڵ کردووە. [26]
بەپێی دادخوازنامەی ناو دۆسیەی ناسراو بە لێکۆڵینەوەکانی کەجەکە، هاکان فیدان لەگەڵ “ئافەت گونەش” و ئەمرە تانەر، ڕۆژی ٨ی فێبرییەی ساڵی ٢٠١٠ بۆ یەکەمجار لەگەڵ سەبری ئۆک و قەرەسوو دوو ئەندامی باڵای پەکەکە و زوبەیر ئایدار سەرۆکی ئەوکاتەی کۆنگرەی گەل، لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویژ دیدار دەکەن و بەوشێوە ئەو گفتوگۆ نافەرمیانەی لە ساڵی ٢٠٠٩وە بە نێوەندگیریی چەند وڵات و دامەزراوەی نێودەوڵەتی دەستی پێکردبوو، دەچێتە قۆناغێکی جیددیترەوە. [27]
هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی ئاشتیی ئۆسڵۆ، ئەمرە تانەر خانەنشین دەبێت و ڕۆژی ٢٧ی مەی/ئایاری ساڵی ٢٠١٠ هاکان فیدانی تەمەن ٤٢ ساڵان بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە، وەک گەنجترین سەرۆکی میت دەستنیشان دەکرێت. بەڵام گفتوگۆکانی ئاشتی سەرباری ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆی بینیوە، دوای گەڕانەوەی شاندێکی ئاشتی بە نوێنەرایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان و پێشوازیی دەیان هەزار هاوڵاتیی کورد لێیان لە سنووری شاری سلۆپی، ڕادەوەستێت و پێکدادانەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی تورکیا دەست پێدەکاتەوە. پێکدادانەکان لە ڕۆژی ١٤ی ژووییەی ساڵی ٢٠١١ کە تێیدا ٧ گەریلا و ١٣ ئەندامی هێزەکانی سوپای تورکیا گیانیان لەدەست دا، دەگاتە لووتکە. [28]
بەمحاڵەشەوە، چیرۆکەکە بەمەوە نەوەستا و قەیرانێکی ناوخۆیی لێکەوتەوە. ڕۆژی ١٣ی سێپتەمبەری ٢٠١١ ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی (قەدەغەکراوی) دیجلە لەلایەن کەسان یاخود گرووپێکی نەناسراوەوە هاک دەکرێت و فایلێکی دەنگیی لەسەری دادەنرێت. فایلەکە هی گفتوگۆکانی نێوان پەکەکە و بەرپرسانی باڵای هەوالگریی تورکیا، لەوانە هاکان فیدان، بوو. فیدان لەو فایلە دەنگییەدا خۆی وەک نوێنەری تەواو ڕاسپێردراوی سەرۆک وەزیران دەناسێنێت و بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت کە ئەم گفتوگۆیانە پشتگیریی ڕەهای سەرۆک وەزیرانی لە پشتە. [29]
ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییەی گفتوگۆکانی ئۆسڵۆ، سەردۆزگەری لە دۆسیەی تایبەت بە کەجەکەدا، پارێزەرانی عەبدولڵا ئۆجالانی تۆمەتبار کرد و هورووژمی کردە سەر نووسینگەکانیان و ژمارەیەکیانی دەستبەسەر کرد.
لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا، پۆلیس، بە بەمەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر، دەست بەسەر پیوەندییە ئیمەیلییەکانی سەرۆک وەزیرانیشدا دەگرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە و قووڵبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی تورکیا و پەرەسەندنی شەڕ لە کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١١ فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا گرووپێک لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردیان لە نزیک ناوچەی ڕۆبۆسکی، لەسەر سنووری باشوور و باکووری کوردستان، بۆردومان کرد. لەو هێرشەدا ٣٤ کەسی سڤیل گیانیان لەدەست دا و هەژمارێکی بەرچاویش بریندار بوون. [30]
قەیران و ناکۆکیی نیوان دەسەڵاتی قەزایی و حکوومەت، لە مانگی فێبرییەی ئەو ساڵەدا بە بانگهێشتی کردنی هاکان فیدان بۆ بەردەم لقی چواری دادگەی تاوانە قورسەکانی ئەستەمبوول، وەک گومانبارێکی سەرەکیی دۆسیەی کەجەکە، دەربازی قۆناغێکی هەستیاری دیکە بوو. [31]
ئەردۆغان و کابینەکەی، بۆ ڕێگریکردن لە بانگهێشت و لێپرسینەوە لە هاکان فیدان، دەستبەجێ پڕۆژە یاسایەکیان ناردە پەرلەمان و لە نیوەشەوی ١٥ی فێبرییەدا، یەک هەفتە دوای بانگهێشتکردنەکەی سەرۆکی میت، بە زۆرینەی دەنگ دەریانچوواند. [32]
بەپێی یەم یاسا نوێیە، لێپرسینەوە و بانگهێشتکردنی سەرۆکی میت و ئەو کەسانەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بۆ کاری تایبەت ئەرکدار دەکرێن، لەکاتی ئەرکداربوونیاندا، تەنیا و تەنیا بە ئەرێکردنی سەرۆک وەزیران دەلوێت. [33]
سەرباری ڕاوەستانی گفتوگۆکانی ئۆسڵۆ بۆ ماوەی یەک ساڵ، هاکان فیدان کە ئێستا ئیتر پشتگیریی یاساییشی لەگەڵ بوو، لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ جارێکی تر بۆ سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە و ڕێبەرە بەندکراوەکەی، عەبدولڵا ئۆجالان ئەرکدار کرایەوە. جیاوازی ئەم گەڕەی گفتوگۆکان لەگەڵ گەڕی پێشوو لەوەدا بوو کە ئەمجارە بەبێ ئامادەبوونی لایەنی سێیەم و ڕاستەوخۆ لە نێوان نوێنەرانی پەکەکە و حکوومەتی تورکیا، لە ڕێگەی ئیمراڵی و نوێنەرانی ئەوکاتەی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، بەدەپەوە، بەرەپێش دەچوو.
هەڵبەت، گەڕی دووەمیش، کە تەنانەت تا ڕاگەیاندنی بەیاننامەی “دۆڵمە باغچە”ش بەرەوپێش چووبوو، پێش هەڵبژاردنەکانی ٧ ژووەنی ساڵی ٢٠١٥ بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و لەترسی دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕاگیرا. هاوکات هێرش و پەلاماری ڕێکخراو بۆسەر پارت و ڕێکخراوە چالاکەکان لە کوردستان، زیاتر لە جاران پەرەی سەند. ١٣ ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژووەن، لە ڕۆژی ٢٠ ژووەندا خۆکووژێکی داعش کە لەلایەن پۆلیسەوە ناسراو بوو و تەواوی پەیوەندییە تەلەفۆنی و جموجۆڵەکانی لەژێر کۆنترۆڵدا بوو، لە ناوەندی فەرهەنگیی ئامارا لە شاری سورووج، خۆی لە نێوان گرووپێک لە جەوانانی سۆسیالیست و ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلاندا تەقاندەوە و ٣٢ کەسی کوشت.
دوو ڕۆژ دوای ئەو تاوانەش، لە شاری “جەیلانپینار” تەرمی دوو ئەفسەری گەنجی پۆلیس لە ئەپارتمانێکدا دۆزرایەوە. گرووپێکی نەناسراو بە ناوی “فەداییەکانی ئاپۆ” بەرپرسیارەتیی قەتڵی پۆلیسەکانی لە ئەستۆ گرت و ئاژانسی هەواڵی فوڕاتی سەر بە پەکەکەش بەیاننامەی ئەو گرووپەی ڕووماڵ کرد. [34]
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە دەوڵەت هەموو ئیمکانیات و دەرفەتی خۆی بۆ دۆزینەوەی بکەرانی کۆمەڵکوژیی سورووج و کوشتنی دوو پۆلیسەکەی جەیلانپینار دەخاتە گەڕ. ڕۆژێک دواتر فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا بە بیانووی هێرش بۆسەر پێگەکانی داعش، دەیان شوێنی کویستانەکانی قەندیل لە باشووری کوردستانیان بۆردوومان کرد. هاوکات لانیکەم ٨٥٠ کەس کە زۆربەیان چالاکی سیاسیی کورد بوون، لە ٣٤ پارێزگای تورکیا بە تۆمەتی لایەنگری لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان قۆڵبەست کران.
چەند ڕۆژ دوای ڕووداوەکەی جەیلانپینار، موراد قەرەییلان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە کوشتنی ئەو دوو پۆلیسە کاری هێزەکانی ئەوان نەبووە. [35] دوو مانگ دواتریش جەمیل بایک بە هەمان شێوە ڕەتی کردەوە کە پەکەکە دەستی لە کوشتنی ئەو دوو پۆلیسەدا هەبووبێت و هاوکات داوای پێکهێنانی کۆمیتەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانی ئەو ڕووداوە کرد. [36]
کەچی بەمحاڵەشەوە. حکوومەتی تورکیا بەردەوام گەریلاکانی پەکەکەی وەک بکەری ئەو ڕووداوە دەناساند و لانیکەم ١٣ کەس، تەنیا بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی تەلەفۆنیی نەناسراو، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە قەتڵی ئەو دوو پۆلیسەدا قۆڵبەست کران. تێکڕای ئەو ١٣ کەسە چوار ساڵ دواتر بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگە و شایەتحاڵێک لەسەریان، لەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کرابوو، بێبەری کران. [37]
لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی قەزایی خۆی لە لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆڵی گریمانەیی چوار ئەفسەری پۆلیس کە پەیوەندییان لەگەڵ دوو ئەفسەرە کوژراوەکە هەبوو و لێدوانی دژبەیەکیان لەسەر ئەو تاوانە دابوو، نادات. بەرپرسانی دۆسیەکە تەنانەت ئامادە نین پەنجەمۆری ئەو چوار ئەفسەرە لەگەڵ ئەو دە پەنجەمۆرەی لە شوێنی ڕووداوەکە بەجێ ماون، بەراورد بکەن و بە هیچ لەونێکیش لە پێشینەی پەیوەندییەکانی ئەو کەسانەش ناکۆڵنەوە.
هەروەها هیچکات دیار نەبوو داخۆ کێ کامێراکانی ئەو ئەپارتمانەی تەرمی پۆلیسەکانی تێدا دۆزرایەوە، هەڵکەندووە و لەگەڵ خۆی بردوونی. حکوومەت و پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان تەنانەت رێگریی لە پێکهێنانی کۆمیتەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە کرد. [38]
ئەو چوار کەسەی ئاگری شەڕ دەگەشێننەوە
ڕۆژی ٢٧ مارسی ساڵی ٢٠١٤ بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگیی کۆبوونەوەیەکی نهێنیی حکوومەتی تورکیا، وەکوو بۆمبێک فەزای سیاسیی ئەو وڵاتەی هەڵتەکاند. لەو فایلە دەنگییەدا کە هێشتا بە ڕوونی دیار نییە لەلایەن چ کەسانێک یاخود چ دەوڵەتگەلێکەوە و بە چ ئامانجێک بڵاو کرایەوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵا و ئەمنیی حکوومەتی تورکیا، لەوانە ئەحمەد داوود ئۆغڵوو وەزیری دەرەوە، فەرەیدوون سینرلی ئوغڵوو جێگرەکەی، هاکان فیدان سەرۆکی میت و ژەنەڕاڵ یاشار گولەر سەرۆکی دووەمی ناوەندی گشتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا سەبارەت بەوەی چۆناوچۆن دەتوانن بیانوویەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر سووریا ببیننەوە، قسە دەکەن. [39]
پێدەچێت ئەم کۆبوونەوەیە بۆ سەردەمێک بگەڕێتەوە کە هەردوو گرووپی داعش و بەرەی نوسرە لە باکووری پارێزگای حەڵەب و لەنزیک شاری ڕەققا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ پێکهەڵپرژابوون. لەم فایلە دەنگییەدا داوود ئۆغڵوو بە ئاماژەدان بە گۆڕی “سلێمان شا” لە نزیک قەڵآی “جەعبەر کە وەک خاکی تورکیا دێتە ئەژمار، بە گێڕانەوە لە زاری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە، تەئکید دەکاتەوە کە ئەنکەرە نابێت ئەم دەرفەتە بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا لەکیس بدات.
وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی تورکیا لەبارەی چاوەڕووانییەکان لە وەزارەتخانەکەیەوە، لە یاشار گولەر دەپرسێت گەلۆ بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەوچەشنە پێویسە لەپێشدا کۆنسوولخانەی سووریا لە ئەستەمبوول و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار بکرێنەوە یان نا؟ یاشار گولەر دەڵێت هێرشێکی لەوچەشنە دەبێ لەناکاو بێت و جێگرەکەی داوود ئۆغڵووش تەئکید دەکاتەوە کە شەڕ لەدژی داعش لەم ساتەوەختەدا پاساوی نێودەوڵەتیی هەیە و هەروەها تورکیا مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خاکی خۆی لە “گۆڕی سلێمان شا” بکات.
یاشار گولەر داوا لە داوود ئوغڵوو دەکات لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆش گفتوگۆ بکات و بوار بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ناو سووریا بڕەخسێنێت. هاکان فیدان لە وڵامی گولەردا دەڵێت کە ئەوان تا ئێستا زیاتر لە هەزار بارهەڵگر چەک و تەقەمەنییان ئاودیوی سووریا کردووە.
وەزیری دەرەوەش جەخت دەکاتەوە کە ئەوان لە سووریا پێویستیان بە هێزی مرۆیی هەیە نەک چەک و تەقەمەنی و بە ئاماژەدان بە قەیرانی لیبیا و دەستێوەردانی ناتۆ لەو وڵاتە، بە داخە لەوەی کە بۆچی لە ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ بڕیاری بوێرانەیان بۆ دەستێوەردان نەگرتووە. داوود ئوغڵوو لە درێژەدا دەڵێت کە ئەردۆغان خوازیارە ئەگەر پێویست بوو، کەڵک لەم دەرفەتە وەرگیرێت و بەمشێوە داوای پاساوێکی گونجاو بۆ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات.
هاکان فیدان لە وڵامدا دەڵێت کە ئەو دەتوانێت، چوار کەس بنێرێتە ئەودیوی سنوورەکان بۆ ئەوی هەشت مووشەک ئاراستەی ناوچەیەکی بۆشایی ناو خاکی تورکیا بکەن، یان ئەوەتا هێرش بکەنە سەر گۆڕی سلێمان شا و بەمشێوە بیانووی پێویست بۆ جووڵەی سوپا بەرەو سووریا فەراهەم دەبێت.
ئەم گفتوگۆیە ڕێک ساڵێک دوای سەرهەڵدانی ناکۆکیی جیدیی لە نێوان واشینگتۆن و ئەنکەرە سەبارەت بە ستراتیژیی ناتۆ لە سووریا، بڵاو کرایەوە. ستراتیژیی تورکیا و هەڵبەت هاکان فیدانیش ئەوە بوو کە بەشار ئەسەد بە هەر لەونێک بووە بڕووخێت، لەم پێناوەشدا هیچ سنوورێکیان نەدەناسی.
لە مانگی مەی ساڵی ٢٠١٣ باراک ئۆباما لە دیدار لەگەڵ ئەردۆغاندا هۆشداریی دایە ئەنکەرە کە “تێکڕای بەرهەڵستکارە چەکدارەکانی ئەسەد، شەڕڤانی باش نین” و داوای لە تورکیا کرد تا سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریا دابخات و ڕێگری لە چوونی هێزە توندئاژۆ و جیهادییەکان بۆ سووریا بکات. [40]
کەچی دیسانیش ئەردۆغان و سەرۆکی ئەوکاتەی میتی تورکیا ئەو بۆچوونەی ئۆبامایان ڕەت کردەوە و داوایان لە واشینگتۆن کرد لە پڕچەککردنی بەرهەڵستکارانی ئەسەد دا یارمەتییان بدات. واشینگتۆن سەرەئنجام مل بۆ ستراتیژیی هاوپەیمانەکەی ناتۆی دەدات و لە هاوکارییەکی نێهنیدا و ئەو جۆرەی گوتەبێژی ئەوکاتەی پێنتاگۆن باسی کردووە، “بۆ لاوازکردن و بەرەنگاربوونەوەی داعش” دەست بە ڕاهێنانی هێزەکانی “سوپای ئازادی سووریا” دەکات.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا، ئەو هیزانە دوای ڕاهێنانیان، دەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندئاژۆکان، لەوانە داعش، دەربازی باکووری پارێزگای حەڵەب ببن. کەچی ساڵێک دوای دەست پێکردنی بەرنامەکە، ئەو هێزە ڕاهێنراوانە دوای ئەوەی لە باکووری پارێزگای حەڵەبەوە گەیشتنە ناو خاکی سووریا، یەکسەر پەیوەستی لقی ئەلقاعیدەی سووریا واتە “بەرە نووسرە” بوون. [41]
ئەم ڕووداوە و کۆمەڵێک ڕووداو و فاکتەری دیکە، لە ئاکامدا ئەمریکای بەو قەناعەتە گەیاند کە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بە نیسبەت سووریا و هەروەها هاوکارییە ئەمنییەکانی لەگەڵ تورکیا بکات و تا ئەو جێگەی بۆی دەلوێت، خۆی ڕاستەوخۆ لە دۆخی سووریا دەستێوەردان بکات. لە ساڵی ٢٠١٩، هاوکات لەگەڵ هەڵکردنی چرای کەسکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هێرشی تورکیا بۆسەر هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاڤا)، برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هاپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە دەستی لەکار کێشابوویەوە، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە تورکیا ملی بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ داخستنی سنوورەکانی بە ڕووی چەکدارە توندئاژۆکان نەدەدا و ڕێک دوای ئەوەی کوردەکان شکستیان بە داعش هێنا، تەواوی سنووری خۆی لەگەڵ سووریای بە دیواری بێتۆنی داخست [42]
درێژەی هەیە…
ژێدەر:
[1] Hacettepeli Kürt İsmail Keş İsmail
https://anayurtgazetesi.com/haber/10717061/hacettepeli-kurt-ismail-kes-ismail
[2] ‘Çavuşoğlu’nun babasının lakabı hırsız Kürt Osman’ yazmıştı, gözaltına alındı
https://ahvalnews.com/tr/ifade-ozgurlugu/cavusoglunun-babasinin-lakabi-hirsiz-kurt-osman-yazmisti-gozaltina-alindi
[3] Kabinede aynı sülaleden iki isim: Hakan Fidan ile Fahrettin Koca akraba çıktı!
https://www.yeniakit.com.tr/haber/kabinede-ayni-sulaleden-iki-isim-hakan-fidan-ile-fahrettin-koca-akraba-cikti-1764252.html
[4] Zindaşti’den 3 Milyon Euro Rüşvet İsteyen İst. Emn. Mdr. Yard. Kim?
[5] Seçim, MİT Müsteşarı Hakan Fidan’ın aşiretini böldü
https://t24.com.tr/haber/secim-mit-mustesari-hakan-fidanin-asiretini-boldu,253443
[6] Neffe des MIT-Chefs als Guerillakämpfer in Bradost
https://anfdeutsch.com/kultur/neffe-des-mit-chefs-als-guerillakaempfer-in-bradost-4528
[7] Saray’dan “Hakan Fidan’ın yeğeni PKK üyesi” iddiasına yanıt
https://www.birgun.net/haber/saraydan-hakan-fidan-in-yegeni-pkk-uyesi-iddiasina-yanit-445075
[8] Dışişleri Bakanı
https://www.mfa.gov.tr/bakan-genel.tr.mfa
[9] MIT müstesarlari biografiler
https://web.archive.org/web/20200219054051/http://www.mit.gov.tr/must-biyog14.html
[10] Diplomacy in the information age: the use of information technologies in verification
https://repository.bilkent.edu.tr/items/79d25f0d-c2d1-4441-b3f6-11104f3cf34c
[11] MİT’te atama
https://www.sabah.com.tr/gundem/2010/04/17/mitte_atama
[12] Erdoğan’ın “sır küpüm” dediği Hakan Fidan kimdir?
https://www.yeniasya.com.tr/gundem/erdogan-in-sir-kupum-dedigi-hakan-fidan-kimdir_325558
[13] Kemal İnat; Türkiye’nin İran Politikası 2010
https://ormer.sakarya.edu.tr/uploads/files/00_mey_2010_9.pdf
[14] تركيه و برزيل خواستار انعطاف ايران در مذاكرات اتمى با غرب شدند
https://www.radiofarda.com/a/f4_Turkey_Brazil_urge_Iran_flexible_nuclear_drive/2109174.html
[15] SİNCAN BELEDİYESİNİN ORGANİZE ETTİĞİ “KUDÜS” GECESİ (31 Ocak 1997)
http://www.28subatgercekler.com/?p=1636
[16] SİNCAN YILDIZ KUDÜS ÇADIRI=28 ŞUBAT: 3
https://bekiryalcinkaya.tr.gg/Sincan-Y%26%23305%3Bld%26%23305%3Bz-Kud.ue.s-%C7ad%26%23305%3Br%26%23305%3B%3D28-%26%23350%3Bubat-d–3.htm
[17] 1997’den Bugüne Kudüs Günleri: Devr-i İstibdat mı, Devr-i Hürriyet mi?
https://daktilo1984.com/forum/1997den-bugune-kudus-gunleri-devr-i-istibdat-mi-devr-i-hurriyet-mi/
[18] Sincan’a ceza yağdı
https://www.milliyet.com.tr/the-others/sincana-ceza-yagdi-5373865
[19] خاطرات دوران خدمت در وزارت امور خارجه
https://mfa.gov.ir/portal/pulications/1134/3968
[20] Selam Tevhid Terör Örgütü böyle ortaya çıktı
https://www.siyasetcafe.com/selam-tevhid-teror-orgutu-boyle-ortaya-cikti-6220h.htm
[21] Elçiye nasıl zeval olduğunun kısa tarihi
[22] جانباز شیمیایی، ناصر غفاری به درجه رفیع شهادت رسید
https://www.tasnimnews.com/fa/news/1393/06/20/495610/%D8%AC%D8%A7%D9%86%D8%A8%D8%A7%D8%B2-%D8%B4%DB%8C%D9%85%DB%8C%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D9%86%D8%A7%D8%B5%D8%B1-%D8%BA%D9%81%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D8%AF%D8%B1%D8%AC%D9%87-%D8%B1%D9%81%DB%8C%D8%B9-%D8%B4%D9%87%D8%A7%D8%AF%D8%AA-%D8%B1%D8%B3%DB%8C%D8%AF
[23] Kumpası Yazıcıoğlu’nun eşini kullanarak başlatmışlar
https://www.star.com.tr/guncel/kumpasi-yazicioglunun-esini-kullanarak-baslatmislar-haber-1065620/
[24] Turkey’s Spymaster Plots Own Course on Syria
https://www.wsj.com/articles/SB10001424052702303643304579107373585228330
[25] Turkey blows Israel’s cover for Iranian spy ring
https://www.washingtonpost.com/opinions/david-ignatius-turkey-blows-israels-cover-for-iranian-spy-ring/2013/10/16/7d9c1eb2-3686-11e3-be86-6aeaa439845b_story.html
[26] Exclusive: CIA Spies Caught, Fear Execution in Middle East
https://abcnews.go.com/Blotter/cia-spies-caught-fear-execution-middle-east/story?id=14994428
[27] ‘Barış Grubu’ üyeleri serbest
https://www.bbc.com/turkce/haberler/2009/10/091020_pkknew
[28] Silvan’da çatışma: 13 asker öldü
https://www.bbc.com/turkce/haberler/2011/07/110714_turkey_clashes
[29] Müzakerenin Ses Kaydı mı?
https://bianet.org/haber/muzakerenin-ses-kaydi-mi-132693
[30] Uludere olayı için hükümetten ilk tepkiler!
https://www.haberturk.com/gundem/haber/701508-uludere-olayi-icin-hukumetten-ilk-tepkiler
[31] “KCK, MİT’in gözetiminde oluştu!”
https://www.haberturk.com/gundem/haber/714093-kck-mitin-gozetiminde-olustu-
[32] Jet hızıyla imzalandı
https://www.milliyet.com.tr/siyaset/jet-hiziyla-imzalandi-1504545
[33] DEVLET İSTİHBARAT HİZMETLERİ VE MİLLİ İSTİHBARAT TEŞKİLATI KANUNU
https://web.archive.org/web/20140903125008/https://www.mit.gov.tr/2937.pdf
[34] HPG: 2 polisi Apocu fedai timi cezalandırdı
https://firatnews.com/kurdistan/hpg-2-polisi-apocu-fedai-timi-cezalandirdi-51114
[35] Karayılan: Çözüm için Direniyoruz
https://m.bianet.org/bianet/siyaset/166851-karayilan-cozum-icin-direniyoruz
[36] Bayık: Artık tek taraflı ateşkes olmayacak
https://www.bbc.com/turkce/haberler/2015/11/151130_bayik_mulakat_1
[37] “Ceylanpınar’da 2 Polisin Faili Meçhul, Çözüm Süreci Bitti, Yüzlerce Kişi Öldü”
https://m.bianet.org/bianet/insan-haklari/194813-ceylanpinar-da-2-polisin-faili-mechul-cozum-sureci-bitti-yuzlerce-kisi-oldu
[38] Savaşa gerekçe yapılan Ceylanpınar suikasti hakkında Meclis araştırması talebi
https://sendika.org/2018/03/savasa-gerekce-yapilan-ceylanpinar-suikasti-hakkinda-meclis-arastirmasi-talebi-478772
[39] Ses kaydına göre, Suriye ile savaş çıkarmaya çalışmışlar
https://www.evrensel.net/haber/81055/ses-kaydina-gore-suriye-ile-savas-cikarmaya-calismislar
[40] איש הצללים של ארדואן
https://www.ynet.co.il/articles/0,7340,L-4439730,00.html
[41] U.S.-trained Syrian rebels gave equipment to Nusra: U.S. military
https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-usa-equipment-idUSKCN0RP2HO20150926
[42] “They All Came Through Turkey Debate” || Debate Clip