
کەریم فاتم
لەم دەمەقاڵەیەی لەسەر رەخنەکانی “عەباس وەلی” و بەتایبەت لەسەر چەمکی “حماقت، گەمژەیی” (ئەگەر گەمژەیی هاوتای کوردی درووستی “حماقت” بێت) ساز بووە، پێویستە هەندێک شت روون بکرێتەوە. پێش هەموو شتێک؛ ئەو هێرشانەی ئەکرێتە سەر “عەباس وەلی” بێ ئەملاوئەولا مەحکوومە. ئازادی رادەڕبرین و لە نێویدا گرینگترین و پربەهاترین دەرهاویشتەی، واتە رەخنە لە بواری گشتیدا، مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو کەسێکە. ئەم مافە بۆ هەندێک کەس، کە خۆیان بە ئێنتێلێکتوال دەزانن گرینگریشە، لەبەر ئەوەی کۆڵەکەی ناسنامەی ئەوان دادەمەزرێنێت.
رۆشنبیر رەخنە و وتنی راستییەکان بە دەسەڵات، بە فەلسەفەی بوونی خۆی دەزانێت؛ لەئەگەری لێستاندنەوە و بەرتەسککردنەوەی ئەو ئازادییەدا، ئێمە شتێکمان بەناوی رۆشنبیر و تەنانەت هاوڵاتی بەرپرسیار نامێنێت. جیا لەوەش، ئازادیی رادەربڕین و رەخنە لە رووی کارکردیشەوە دڵخوازە.
ئەگەر رێژەیەکی بەرچاوی خەڵک ئازادیی رادەربڕین و رەخنە لە پانتایی گشتیدا بەکار بێنن، وردە وردە بناغەی کولتوورێکی دیموکراتیک و هاوبەش بیچم دەگرێت. بناغەیەک کە هەم دەتوانرێت کۆمەڵگایەکی مەدەنی زیندوو و هەم دواتریش سیستمێکی دیموکراتیکی لەسەر دامەزرێ. بۆیە پارتە سیاسییەکان، ئەندام و لایەنگرەکانیان ئەبێت ئەو کەمپەینە سیستماتیکە لە هێرش کردنە سەر رۆشنیران و رەخنەگران راگرن. ئەوەی دێتە نێو سیاسەتی دیمۆکراتیکەوە، پێش هەمووشتێک رەخنەی وەک پێشگریمانەیەک قبووڵ کردووە. ئەوەی کە دەروەستییەک بەو پێشگریمانەوە نییە، دەرخەری فۆرم و سرووشتی سیاسەتی ئەو حیزبانەیە: سیاسەتی نادیمۆکراتیک.
گەمژەیی تەنیا جنێو نییە، بەڵکوو چەمکێکی مەعریفیشە. بەشێک لە بەردەنگەکانی رەخنەکەی “عەباس وەلی” لە چەمکی “حماقت” وەکوو سووکایەتی تێگەیشتوون. واتە سووکایەتیی بەو کەسانە کردووە کە بیروباوەڕیکی تایبەتیان هەیە. ئەم خوێندنەوەیە نەگونجاوە و ئەوان هەڵە لەو چەمکە تێگەیشتوون.
پێش ئەوەی گەمژەیی وەکوو چەمکێکی مەعریفی شی بکەمەوە با راوەستەیەکی خێرا لەسەر خوێندنەوەی ئەو کەسانە بکەم. تەنانەت ئەگەر ئەم چەمکە بە سووکایەتی بزانین (واتە کارکرد و مانای گەمژەیی لە زمانی رۆژانەدا لەبەرچاو بگرین)، ئەو خوێندنەوەیە رێی تێناچێت.
عەباس وەلی “حماقت”ی وەکوو ئاوەڵناو (صفت) بەکار هێناوە. ئەو ئاوڵناوە ئەتوانێت بچێتە پاڵ زۆر شتەوە؛ بریکار، کردار، بەرهەم. بۆ وێنە ئەتوانین بڵێن:” ترامپ گەمژەیە” یان ” کارەکەی ترامپ گەمژانەیە” یان تەنانەت ” تابڵۆیەکی هۆنەریی گەمژانە”.
گەمژەیی، ئەو جۆرەی عەباس وەلی لەکاری کردووە، چۆتە پاڵ کردارەوە. ئەو وتوویەتی “حەماقەتی سیاسی”. واتە حەماقەت تایبەتمەندیی چەشنە سیاسەتێکی دیاریکراوە؛ کردەیەکی سیاسیی دیاریکراو. ئەوە بەو مانایە نییە ئەو کەسانەی لەپشت ئەو کردارەوەن گەمژەن، بەڵکوو ئەو پێی وایە کارەکەیان گەمژانەیە. ئەو دووانە لێک جیاوازن.
هەڵبەت لە خوارەوە شیی دەکمەوە کە نابێت بەو چەمکە هەڵبەزینەوە. گەمژەیی و ژیری رێژەیین. مەترسیی گەمژەیی، کەم تا زۆر بۆ هەموومان لە ئارادایە و رەنگە کەم تا زۆر زۆربەمان ئەزموونمان کردبێت. لەبەر ئەوەی گەمژەیی بە شێوەی سەرەکی کێشەیەکی مەعریفی و کولتوورییە.
ئێستا با بینە سەر چەمکی “گەمژەیی” وەکوو چەمکێکی مەعریفی. چەمک بە مانایەکی سادە ئیدەیەکی گشتییە کە شتێکمان بۆ شی دەکاتەوە. مەبەستم لە گەمژەیی وەکوو چەمکێکی مەعریفی ئەوەیە کە لەکارکردنی دیاردەیەکی تایبەتمان بۆ شی دەکاتەوە و مەجالی تێگەیشتن لەو شتەمان بۆ دەرەخسێنێت.
عەباس وەلی لە سەرەتای قسەکانیدا لە “کۆنفرانس بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان”، ئاماژەیەک بە نیچە دەکات و لە چەمکی نێهێلیزم کەڵک وەردەگرێت. “وەلی” دەڵێت، نیچە پێیوایە نهێلیزم ئەوەیە کە ئێمە چەمک و چوارچێوەی چەمکیانەی پێویستمان پێ نییە بۆ ئەوەی لە ئەزموونی ژیانی رۆژانەی خۆمان تێبگەین، هەر بۆیە تووشی نێهێلیزم دەبین. ئەمە کەلێنێک لە نێوان تێگەیشتن و ئەوەی کە روویداوە ساز دەکات؛ کەلێنێکی مەعریفەناسانە، کە دواتر لەسەر ئاستی سیاسەتیشدا کەلێنی سیاسی لێ دەکەوێتەوە. هەڵبەت “وەلی” لە روونکردنەوەیەک کە لەسەر بەکارهێنانی ئەو وشەیە لە “رادیۆ دیالۆگ” داویەتی، وشەی گەمژەیی بە چەمکی نێهێلیزمی نیچەوە، ئەو جۆرەی ئەو پێناسەی دەکات، گرێ ناداتەوە.
نیچە یەکەم کەس نییە باسی ئەم دیاردەیەی کردووە. زۆر پێش ئەو، “کانت” باس لە شتێکی هاوشێوە ئەکات و رێکیش ناوی دەنێت “گەمژەیی”. کانت دەڵێت کاتێک چەمکێک لەکار دەکەین و ئەو لەکارکردنە شتەکەمان بۆ شی ناکاتەوە تووشی گەمژەیی دەبین. لای کانت هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ فاکەڵتی هەڵسەنگاندن (the faculty of judgment) دەگەرێتەوە.
کانت لە “رەخنەی عەقڵی پاقژ”دا ئاوا ئەڵێت: ” کەسێک کە هێزی هەڵسەنگاندی (the power of judgment) نییە، ئەوە بەراستی گەمژەیە؛ ئەم نوقسانە چارەسەرێکی نییە”. کانت لە نێوان تێگەیشتن (فام) و هەڵسەنگاندن جیاوازی دادەنێت. بە کورتی، تێگەیشتن توانایی زانین و فێربوونی رووڵ و یاسا گشتییەکانە. هەڵسەنگاندن لەکارکردنی ئەو رووڵ و یاسانەیە بۆ ئەوەی لە کەیسێکی تایبەت تێبگەین یان ئەو کەیسیە تایبەتە لە ژێر ئەو رێسا گشتیانەدا کۆبکەینەوە. هەڵسەنگاندن لێرەدا کارکردی دەستنیشانکردنی (determination) هەیە[1]. کانت (بەتایبەت لە “رەخنەی عەقڵی پاقژ”دا) پێیوایە کە توانایی هەڵسەنگاندن شتێکی زکماکییە و نوقسانەکەی بە پەروەردە و فێربوون چارەسەر نابێت. لای کانت، کەسی گەمژە هەر بە گەمژەیی خۆیەوە دەمرێت. هەڵبەت تێگەیشتنی کانت بۆ گەمژەیی زۆر بەرتەسکە و یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانیشی ئەوەیە کە کانت بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرنجی نەخستۆتە سەر زمان و گرێدراویی بە بەستێنی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە.
هەندێک بیرمەندی دیکە پێیانوایە گەمژەیی کاتێک روو دەدات کە ئێمە ئەمانەوێت لە رووداوێکی نوێ تێبگەین، بەڵام بۆ ئەم کارە دەستەوداوێنی چوارچێوەی چەمکیانەی (conceptual framework ) کۆن ئەبین.[2] لێرەدا، ئەبێت سەرنجی چەمکی کۆن بدەین. کۆن زیاتر بە مانای نەگونجاو دێت. یانی ئەکرێت بەرهەمی کۆمەڵگا خۆی بێت و کۆن بووبێت یان ئەوەتا لە دەرەوە هاوردە کرابێت. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە چەمکەکە بارودۆخە نوێیەکەمان بۆ شی ناکاتەوە و واقمان وڕ دەمێنێت.
هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، گەمژەیی و ژیری چەمگەلێلی ڕەها و جێگیر نین، بەڵکو ڕێژەیین و بەپێی بەستێن و بارودۆخ دەگۆڕدرێن. ڕەنگە کەسێک لە بوارێکدا ژیر بەڵام لە بوارێکی دیکەدا گەمژە بێت. هۆکارەکەی ئەوەیە کە بوارگەلی جیاواز، هەرچەند تا ئاستێک گرێدراوی یەکترین، بەڵام هەرکام چەمکگەلی تایبەت بە خۆیان هەیە. بۆ وێنە، بەکارهێنانە چەمکگەلی بوارێک رەنگە نەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی لە رووداوێک لە بوارێکی تایبەتی دیکەدا تێبگەین. هەر بۆیە مەترسیی گەمژەیی هەمیشە لە ئارادایە و ئەبێت لێی ئاگادار بین. تەنانەت هەندێک پێیانوایە کە گەمژەیی نەبوونی ژیری و ئاوەز نییە، بەڵکوو شکستە لە بەکار هێنانی ژیری و ئاوەزدا[3].
لێرەدا ئاماژە بە، لانیکەم، دوو دەرهاویشتەی خراپی گەمژەیی ئەکەم:
یەکەم، گەمژەیی (بە پێچەوانەی کانتەوە)، بەتایبەت لە بواری سیاسەتدا، بە شێوەی سەرەکی تایبەتمەندیی گرووپە نەک تاکەکەس. بۆ؟ لەبەر ئەوەی کە ئێمە چەمکەکانمان لە جڤاکەوە وەردەگرین. دەرەنجامی ئەم مەسەلەیەش ئەوەیە کە کاتێک گەمژەیی (نەبوونی چەمک و چوارچێوەی چەمکیانەی گونجاو) باڵ بەسەر گرووپێک یان کۆمەڵگایەکدا دەکێشێت، بنەبڕکردنی زۆر ئاستەم دەبێت. گەمژەیی زیاتر”نەخۆشییەکی کلتووری”یە. ئەم نەخۆشییە پێش بە داهێنان، بڵاوکردنەوە و جێخستنی چەمکگەلی نوێ دەگرێت.
دووهەم، کە راستەوخۆ پێوەندی بە خاڵی یەکەمەوە هەیە، ئەوەیە کە گەمژەیی پەرە بە گەمژەیی زیاتر دەدات. بۆ وێنە کاتێک گەمژەیی (کەڵک وەرگرتن لە چوارچێوەی چەمکیانەی نەگونجاو) باڵ بەسەر سیاسەتی حیزبێکدا ئەکێشێ، ئەمە لە لایەن ئەندامان و لایەنگرەکانییەوە دووپاتە ئەکرێتەوە و گشتگیر ئەکرێت. کاتێک ئەمە گشتگیر ئەبێت ئیتر بازنەی گەمژەیی هەراوتر و بازنەی ئاگایی بەرتەسکتر ئەبێتەوە. ئەمە پێمان ئەڵێت کە گەمژەیی زیاتر تایبەتمەندیی کولتووری سیاسییە تاکوو تاکەکەسەکان. هەر بۆیەشە دەبێ گەمژەیی سیاسی لە ئاستی کولتووریدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
دوا قسە ئەوەیە ئەگەر چەمکی “گەمژەیی” توانای شیکردنەوەی هەندێک کردەوە و دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسیمان پێ دەدات، من پێموایە ئەمە هۆکارێکە کە ئەم چەمکە لە بەستێنی خەڵکی و رۆژانەی دەر بێنین و وەکوو چەمکێکی مەعریفی بەکاری بێنین.
[1] – چەمکی هەڵسەنگاندن لە تێگەیشتنی کانتدا ئاڵۆزە. ئەو لە ” رەخنەی عەقڵی پاقژ” دا زۆر بە کورتی باسی فاکەڵتی هەڵسەنگاندن دەکات و پێی وایە کە گرێدراوی تێگەیشتنە و بە پێی رێساکانی ئەو کار دەکات. دواتر لە “رەخنەی هەڵسەنگاندن” دا، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئاوڕ لە فاکەڵتی هەڵسەنگاندن دەداتەوە، کارکردێکی ناوازەی دیکە بۆ دەستنیشان دەکات کە ئەیش تێڕامانە (reflection)؛ کارکردیک کە سەربەخۆ لە تێگەیشتن ئەنجامی دەدات. بە کورتی هەڵسەنگاندن لەم فۆرمەدا، لە رێگای کەیسێکی تایبەتەوە، هەوڵ دەدات یاسایەکی گشتی رۆ بنێت. کانت دەڵێت لە رێگای ئەم کارکردەوە “هەڵسەنگاندن خۆی وەک فاکەڵتییەک ئاشکرا دەکات کە بنەمای تایبەتی خۆی هەیە”. (Kant, Immanuel. (1987) Critique of Judgment. Translated by Werner S. Pluhar. Indianapolis: Hackett.
[2] بۆ وێنە سەرنجی ئەو کارەی ساشا گۆلۆبیس لەسەر گەمژەیی بدەن: Golob, A. (2019). A New Theory of Stupidity. INTERNATIONAL JOURNAL OF PHILOSOPHICAL STUDIES, 27(4), 562-580. https://doi.org/10.1080/09672559.2019.1632372
[3] – بۆ وێنە “ڕۆبێرت موسیل” پێی وانییە گەمژەیی و ژیری دژ بە یەک بن. Musil, Robert. (2007) Precision and Soul. Chicago: University of Chicago Press