didar

کەریم فاتم

 

بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کورد بەڕاستی مێژووییە. بەڵام وەک هەموو بەڵگەنامە و بەیاننامەیەکی گرنگ، ئەکرێ و ئەشێ خوێندنەوەی جیاوازی لێ بکرێت. ئەم ئەگەرە بۆ خوێندنەوەی جیاواز بەهۆی ناڕوونی ئۆجالان لە دەربڕێندا نییە، بەڵکو بەشێکی لە کراوەیی هەموو دەقێکەوە و بەشێکیشی لە ڕوانگەی ئەو کەسانەوە کە هەوڵی لێکدانەوە و تێگەیشتن لەو دەقە دەدەن، سەرچاوەدەگرێت.

 

بەگشتی، ئەشێ لانیکەم سێ خوێندنەوەی سەرەکیمان بۆ ئەو بانگەوازە هەبێت، کە رەنگدانەوەی گوشەنیگای سێ ئەکتەری سەرەکین: دەوڵەت، پەکەکە و هێزە مەدەنییەکان. بە لەبەرچاوگرتنی بێمتمانەیی قووڵی نێوان دەوڵەت و پەکەکە، پێدەچێت خوێندنەوەی هەردوو لایەن توندڕەوانە بێت. هەر لایەنێک تیشک دەخاتە سەر بەشێکی تایبەتی راگەیەندراوەکە و لە هەمان کاتدا چاوپۆشی لە بەشەکانی دیکەی دەکات. هەم دەوڵەت و هەم پەکەکە هەوڵ دەدەن بەیاننامەکە بە شێوەیەک بخەنەڕوو و لێکبدەنەوە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان، چاوەڕوانییەکانیان بۆ داهاتوویەکی نزیک، و گریمانەکانیان سەبارەت بە نیەت و ئامانجی ئەویتر بگونجێت. خوێندنەوەی سێیەم کە دەکرێت لەلایەن هێزە مەدەنیەکانەوە بکرێت، مامناوەندترە. ئەم خوێندنەوەیە نیگەرانی و بەرژەوەندییەکانی هەردوو لایەنی ناکۆک و پێداویستییەکانی پرۆسەیەکی دیموکراتیک لەبەرچاو دەگرێت. سەرەتا خوێندنەوەی چاوەڕوانکراوی دەوڵەت و پەکەکە ڕوون دەکەمەوە  و لە کۆتاییشدا خوێندنەوەی سێیەم و مامناوەندتر دەخەمە بەرباس.

 

  1. خوێندنەوەی دەوڵەت

دەوڵەت هێشتا کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕاگەیاندنەکەی ئۆجەلان نەبووە. هەرچەندە هێشتا زووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، مرۆڤ دەتوانێ پێشبینی خوێندنەوەکەی دەوڵەت بکات- بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی سەرکوت و دەسبەسەر کردنی ئەم دواییەی چالاکوانانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسانی کورد و هەروەها جێگرتنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی کورد بە ڕاسپێردراوانی دەوڵەت. ئەوەی کە دەوڵەت بەخۆی لایەنێکە لە دانوستانەکانی داهاتوودا وادەکات خوێندنەوەیەک بۆ دەقەکە بکات کە دەستی سەرەوەی لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا پێبدات.

 

پرسیار ئەوەیە، خوێندنەوەی دەوڵەت چی دەبێت؟ وەڵامەکە سادەیە: دەوڵەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە پەیامی ئۆجەلان ڕوونە- پەکەکە دەبێت چەک دابنێت و وەک حزبێک خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەم خوێندنەوەیە  کە دەستەبژێر و لە دەرەوەی چوارچیوەی تێکستەکەیە، لە هەمانکاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئۆجەلان دانی بەوەدا ناوە کە بەستێن و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پەکەکە چیتر لە ئارادا نەماون. دەوڵەت ئەم بەشە لە لێدوانەکەی ئۆجەلان زەق دەکاتەوە: “[پەکەکە] وەک هاوتاکانی خۆی رەوتی خۆی پێواوە و پێویستە هەڵوەشێتەوە.” ئەم خوێندنەوەیە پاڵپشتی پلانی چاوەڕوانکراوی دەوڵەت بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات.

 

پێدەچێت دەوڵەت بڵێت هەنگاوی یەکەمی پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە کە پەکەکە چەک دانێت و هەڵوەشێتەوە. ئەگەر پرۆسەکە شکستی هێنا و یان تەنانەت دەستی پێنەکرد، دەوڵەت پەکەکە تاوانبار دەکات کە گوێی لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان نەگرتووە و بەوە تۆمەتباری دەکات گۆلەمستی دۆژمنانی توکیایە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان رەچاو ئەکات. پێدەچێت دەوڵەت بەو هیوایە بێت کە ئەم لێکدانەوەیە درزێک لە نێوان ئۆجالان و پەکەکەدا دروست بکات و ببێتە هۆی دابەشبوونی ناوخۆیی و لاوازبوونی بزووتنەوەی کوردی.

 

  1. خوێندنەوەی پەکەکە

خاڵی دەستپێک بۆ خوێندنەوەی پەکەکە لە بەیاننامەکەی ئۆجالان، بەشی کۆتاییە، لەو جێگەیەدا کە ئۆجەلان مەرجە کردارییەکانی پێویست بۆ چەک داماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەخاتە ڕوو. پەکەکە دەڵێت پەیامی ئۆجەلان ئاشکرایە: بارگرانی گەیشتن بە ئاشتی دەکەوێتە سەر شانی دەوڵەت؛ دەوڵەت دەبێت گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا بێت. ئەوان جەخت لەسەر ئەم قسەیەی خوارەوەی ئۆجەلان دەکەنەوە: “بێ گومان دانانی چەک و بە کردەوە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پێویستی بە داننان بە سیاسەتی دیموکراسی و چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە”.

 

پێدەچێت پەکەکە پێشوازی لە بەیاننامەیە و بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوە بکات، بەڵام ئەوان دەڵێن کە تەنانەت خودی ئۆجالانیش دان بەوەدا دەنێت کە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە مەرجدارە. ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم رستە سەرەکییە لەناو خودی بەیاننامەکەدا نییە بەڵکو وەک جۆرێک لە تێبینی لە ژێرەوە لێ زیاد کراوە، رستەیەک کە رەنگە ولامێک بۆ نیگەرانییەکانی قەندیل بێت، کە لەلایەن شاندەکەوە بۆ ئیمرالی گواستراوەتەوە.

 

بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی دەوڵەت، خاڵی دەستپێکی پەکەکە بۆ دانوستان، چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە نییە، بەڵکو هەنگاوی یەکەم ئەبێت دەوڵەت هەڵیگرێت: رەخساندنی چوارچێوەیەکی دیموکراسی و یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی. پەکەکە دەڵێت ئەمە لەگەڵ بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەگونجێت. ئەگەر دەوڵەت ئەم داواکارییە ڕەت بکاتەوە، پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەوڵەت جارێکی دیکە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ نەکرد و هەموو پرۆسەی ئاشتی تەنیا هەنگاوێکی تاکتیکی بووە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەوەی قەیرانە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی چارەسەر بکات. پەکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەوڵەت قەت نییەتی گەیشتی بە ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کوردی نەبووە.

  1. خوێندنەوەی مەدەنی

ئەم خوێندنەوەیە لە سۆنگەی بەرژەوەندی گشتی و لە لایەن هێزە دیموکراسی و مەدەنییەکان دەکرێت. ئەم خوێندنەوەیە پێدەچێت لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنی و لەناو فەزای گشتی سیاسیدا پێشبخرێت و پەسەندکردنی پێوەندی بە بەهێزی ئەم دوو بوارەوە هەیە. ئەم خوێندنەوەیە مامناوەند دەبێت و بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت کە بە کردەوە بەسەر ئاڵۆزی دۆخەکە و بێمتمانەیی قووڵی نێوان لایەنەکاندا زاڵ بێت.

 

داکۆکیکارانی ئەم خوێندنەوەیە دەڵێن پەیامی ئۆجەلان لەوە ڕوونتر نەدەبوو: گەیشتن بە ئاشتی پێویستی بە هەردوو چاکسازی یاسایی و دیموکراسی و چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە یەک کاتدا هەیە. بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، خاڵی دەستپێکی ئەم پرۆسەیە لێکتێگەیشتنە- یان بە زاراوەی ئۆجەلان، “کۆدەنگییەکی دیموکراتیک”ە- لە نێوان لایەنەکاندا بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی پرۆسەی ئاشتی. ئەم هەنگاوانە دەبێت بێ پاشەکشە بن، بەو مانایەی کە دەبێت گەرەنتی یاسایی و پراکتیکی بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونیان لە ئارادا بێت.

 

لە سیناریۆی ئەم خوێندنەوەیەدا هەموو لایەنەکان ئەیبەنەوە. ئەم خوێندنەوەیە هەروەها ڕێگری لە مانۆڕی تاکتیکی و لۆمەکردنی یەکتر لەلایەن دەوڵەت و پەکەکە ەوە دەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆکی بەیاننامەکە، ئەم خوێندنەوەیە هەم لە ڕووی دەقەوە و هەمیش لە ڕووی پراکتیکییەوە  لە خوێندنەوەکانی دیکە گونجاوترە. بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانەی پرسی کورد، لێکدانەوەیەکی لەو شێوەیە پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. دوو لێکدانەوەکەی تر هەم لە ڕووی دەقەوە بەرتەسکن و هەم بە کردەوە دەرنجامەکەیان شکستی پرۆسەی ئاشتی ئەبێت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *