عارف سەلیمی

 

لە دەرەوەی بازنەی مێژوو

کوردەکانی نیشتەجێی ناوچەکانی شنۆ بەرەو سەرەوەی هەرێمی ئورمییە، کە لەناو خەڵکی موکریان و ئەردەڵاندا هەندێک جار (بە هەڵە) بە کوردی شکاک ناودەبرین و لەم نووسراوەدا بە “کوردەکانی ئورمییە” ناویان دێت، هەتا ئێستا چ لەلایەن ناوەندی ئێران (تاران)، چ لەلایەن ناوەندی ئازەربایجان (تەورێز) و چ –بەتایبەت- لەلایەن ناوەندی “ڕۆژهەڵاتی سیاسی”ەوە (موکریان و ئەردەڵان)ەوە ناویان لەناو ناواندا نەبووە. ئێستا ماوەیەکە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی کۆماری ئیسلامییەوە، وەک بڵێی کتوپڕ لەبەرچاوی ئەو سێ ناوەندە هەڵتۆقیبێتن، بوونەتە جێی باس و خواسیان.

لەم بابەتەدا مەبەست لە “تەورێز” هێمایە بۆ ناسیۆناڵیزمی توندئاژۆی تورکی ئازەری (پانتورکیزم) کە ئەو شارەی وەک ناوەندی خۆی دەستنیشان کردووە، تاران ئاماژەیە بە ناوەندی ناسیۆناڵیزمی ناوەندگەرای ئێرانی و هەروەها “ڕۆژهەڵاتی سیاسی” یان “موکریان-ئەردەڵان”یش ئەو جوگرافیایە کە هەم ناسیۆناڵیزمی کوردیی سوننەی-سۆرانی لە نەستی خۆیدا وەک ناوەندی “کوردایەتی” دەیبینێت و هەمیش کاتێک “تاران” و “تەورێز” باسی “کورد” و “کێشەی کورد” دەکەن، یەکسەر مێشکیان بۆی دەچێت.

هۆکاری ئەوەی کە کوردەکانی ئورمییە تا ئێستا لەلایەن تەورێز و تارانەوە “نەدەبیندران” تا ڕادەیەک ڕوونە. تەورێز وەک کۆمەڵێک کۆچبەری دژە شارستانی و کۆچەری پێناسەیانی کردووە و کەمتر لە کوردەکانی موکریان ئەوانی بە مەترسی زانیوە. لە ڕاستیدا ئەو کوردەی لە نەستی پانتورکێکی ئازەربایجانیدا “ئەویترە”، زیاتر کوردی مەهاباد و پیرانشار و بۆکان بووە.

 ئەوان ئەگەرچی ئێستاش باسی “تاوانەکانی سمکۆی شکاک دەرحەق بە گەلی تورک” دەکەن بەڵام کەمتر هەستیان بە مەترسی لەسەر ماکۆ و خۆی، سەڵماس و تا ڕادەیەک ئورمییە کردووە. ئەوان هەمیشە پێیانوابووە کە سەنەدی شەشدانگی ئەو شوێنانە بەناویانەوە کراوە و کۆتایی هاتووە؛ ئەوەی جێگەی مشتومڕە مەهاباد و نەغەدە و بۆکانە.

تارانیش تا ئێستا لە ڕوانگەی تەورێزەوە سەیریانی کردووە. تەنانەت زۆربەی کاتەکان لە فێستیڤاڵ و ئیڤێنتە کولتوورییەکانی “ئەقوام” و “نەواحی”ی ئێرانیشدا ئەوانی “لە جوملەی نەبووان” لەقەڵەم داوە.

ڕاستی کەس هەیە بەبیری بێت کە لە تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی یان تەنانەت تەلەفزیۆنی سەردەمی شادا، گۆرانییەک، لاوکێک، مەراسیمێک، ڕێپێوانێک یان تەنانەت مەدح و سەنایەکی خواوەندەکانی تاران، لە کوردەکانی ئورمییە نیشان درابێت؟

 بۆ تاران، ماکۆ هەتا نزیک شنۆ، لە دوورەوە هەمیشە وەک مەکۆی ئازەرییەکان وێنا کراوە.

ئەگەر لە مەهاباد و سنە کوردێکی خۆجێیی سەر بە دەوڵەت توانیبێتی ببێتە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەیەک یان تەنانەت فەرماندار و شارەدار، ئەوا لە ماکۆ تا ئورمییە، بۆ کوردیکی کرمانجی سەر بە دەوڵەتیش، تەنانەت مامۆستایەتیی قوتابخانەیەکی سەرەتایی، خەونێکی مەزن بووە.

ئەوان بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو بۆ ناوەندی ڕۆژهەڵاتی سیاسی، واتە سنە و سابڵاخیش، بێجگە لە یەک دوو قۆناغی کورتی مێژوویی (وەک سەردەمی سمکۆی شکاک، تا ڕادەیەک سەردەمی کۆمار و سەردەمی قاسملووی حدکا)، لە دەرەوەی کایەی سیاسیی “ڕۆژهەڵات” هێشتراونەتەوە.

نەدیتنەکە و خۆ لێ نەبان‌کردنەکە لەوەش قووڵترە.

بە دریژایی هەموو ئەو ساڵانە کاتێک لە ناوەند باسی “کێشەی سیاسیی کورد” لە ئێران کرابێت، یەکسەر موکریان و ئەردەڵان، یان باشترە بڵێین کوردی “سۆرانی-سوننە” وێنا کراوە و ئەگەریش باسەکە لە سیاسەت داماڵدرابێت و چووبێتە قاڵبی “فەرهەنگ” و “کولتوور” و “داب‌ونەریت”ەوە ئەوا ئەوپەڕەکەی ئیلام و کرماشانیشی پێوە لکێندراوە.

بەڵام لە دەگمەن حاڵەتێکدا وێنایەکی “کوردەکانی ئورمییە” هاتووەتە ناو مێشکەوە، بگرە ئەگەر بە “تارانییەکان” بگوترێت خۆی و سەلماس و ماکۆش کوردی لێیە، سەریشیان سووڕ بمێنێت. تەنانەت زۆر جار لای زۆرێک لە ئێرانییەکان کاتێک کە لە چوارچێوەی کوردەکانی ناو جوگرافیای ئێراندا، باسی “کرمانج” دەکرێت، (ئەگەر لەگەڵ ئەم دەستەواژەیە ئاشنا بن) لە پلەی یەکەمدا بیریان بۆ لای کوردەکاکی خۆراسان دەچێت.

ئەوان، لە ناو حزبە “ڕەسەنەکانی” ڕۆژهەڵاتیشدا، یان هەر نەبینراون یان پەرواێز خراون.

کۆمەڵەکان- بە هەموویانەوە- هەتا ئێستاش ئاسۆی ڕوانینیان ئەوپەڕەکەی هەتا “شنۆ” هەتەر دەکات.

سەبارەت بە حزبی دیموکراتیش، ئەگەرچی یەکێک لە جومگە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی ئەو حزبە بوون و هەن، بەڵام هیچکات بە لەبەرچاوگرتنی حەشیمەت و ستراتژیکبوونی جوگرافیاکەیان، حیسابێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.

خەڵکی ئەو دەڤەرە لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کەمترین پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگەی “ڕۆژهەڵاتی سیاسی”، واتە موکریان و ئەردەڵان، هەیە. لە ڕاستیدا ئەوان لە بواری ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە هەم لە “ڕۆژهەڵاتی سیاسی” و هەم لە “ئێران” دابڕاون.

پەیوەندیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت “خێزانی”ی کوردەکانی موکریان لەگەڵ تورکەکانی تەورێز و ئورمییە زیاترە تا لەگەڵ “کوردە شکاکەکان.” (بۆ کوردێکی نیشتەجێی مەهاباد یان بۆکان یان پیرانشار هاوسەرگیری لەگەڵ “عەجەمێک” ئاسایی‌ترە تا “کرمانجێکی ئورمییە”.)

حدکا و پەکەکە؛ پێشمەرگە و گەریلا

ئەوەی کە کوردەکانی ئورمییە لەلایەن “تاران”، “تەورێز” و “مەهاباد”ەوە، خراونەتە دەرەوەی بازنەی مێژووەوە و نەبینراون، بەواتای/بەهۆی “بێدەنگی”،  “نەبوون” یان “ناسیاسی”بوونی ئەوان نییە.

ئەوان کە لە هەموو ڕوویەکەوە لە “باکوور” نزیکترن تا لە “ڕۆژهەڵات”، خۆیان بە خاوەنی زۆربەی سەرهەڵدانەکانی سەدەی ڕابردووی کوردان دەزانن، یان وەک باسی دەکەن، پشکداری زۆربەیانن؛ لە سەرهەڵدانی شێخ‌عوبەیدولڵاوە تا سمکۆ و ئاگری (ئێحسان نووری پاشا)، داستان و بەیت و ڕیوایەتی “باڤ‌وکالان”یان سینگ بە سینگ هێناوە.

بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردووش، ئەو ەڤەرە ئەگەر زیاتر لە “ڕۆژهەڵاتی سیاسی” سیاسی نەبووبێت، کەمتر نەبووە. “حزبایەتی” و “حزبی کوردی” بە ناخی کۆمەڵگەی ئەوێشدا، هەر لە ماکۆوە هەتا مەرگەوەر، ڕۆچووە. بە سەدان و بگرە هەزاران “شەهیدیان” هەم لە ناو ڕێزەکانی پەکەکە و پەژاک و هەم لەناو ڕیزەکانی حدکا پێشکەش کردووە.

“بەکرێگیراو” و “سەر بە دەوڵەتیشیان” ئەگەر لە چاو “موکریان” و “ئەردەڵان” کەمتر نەبووبێت، زیاتر نەبووە.

بە پێچەوانەی سیاسییەکانی “ڕۆژهەڵاتی سیاسی”، “بادانەوە” لە ناو سیاسییەکانی ئەو دەڤەرەدا هێندە باو نییە و نەبووە. “شیمال”ییەکانی ناو حدکا ئەگەر غەدریشیان لێ کرابێت، (کە زۆر جار لێیان کراوە)، دیسانیش پشتیان لە “ڕێبازەکەی قاسملوو” بەرنەداوە. هەمیشە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی، بێدەنگ و کەمدووی حزبی دایک ماونەتەوە؛ ئەوان هیچکات ڕۆڵیان لە کێشمەکشە ناوخۆییەکان و ئینشعابەکانی ناو ئەو حزبەدا نەبووە. (هەموو ئینشعابەکانی ناو حدکا لەسەر دەستی موکریانییەکان بووە و لە زۆرینەی نزیک بە هەموویاندا “سابڵاخییەک” دەستی باڵای هەبووە.)

لەوەتەی پێی پەکەکەش گەیشتۆتە ئەو ناوچەیە، بە سەر و ماڵەوە لەگەڵی کەتوون. لەوانەیە کەمتر کوردێکی موکریانی یان ئەردەڵانی بیستبێتی یان بزانێت کە گوندێک لە دەوروبەری ماکۆ هەیە تێکڕای ماڵەکانی لانیکەم شەهیدێک یان دوو شەهیدی پەکەکە و پەژاکیان هەیە.

 تێکەڵبوونی ئەوان لەگەڵ بزووتنەوەی باکوور بە ڕادەیەکە کە بەشێکیان تەنانەت خۆیان بە پەژاکەوە نابەستنەوە و دەڵێن ئێمە پەکەکەیین. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی حزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، هەمیشە لەناو جومگە سەرەکی و پێکهێنەرەکانی ناو پەژاکدا ڕۆڵیان هەبووە.

شیرین عەلەم‌هولی و زەینەب جەلالیان کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا وەک دوو هێمای سەرەکیی بزووتنەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئاستی ئێران و جیهان ناسراون، هەردووکیان خەڵکی ماکۆن. لەناو جەنگاوەرانی داستانی بەرخۆدانی کۆبانیدا ناوەکانی “ڤیان پەیمان” و مووسا قەناس” هەتا ئێستاش لە گوێچکەکاندا دەزرینگێتەوە؛ ئەوانیش هەر خەڵکی ئەو دەڤەرەن.

کەواتە گریمانەیەکی جیددی لەوانەیە ئەمە بێت کە مانەوەی ئەوان لە دەرەوەی بازنەی حزبە “ڕەسەنەکان”ی ڕۆژهەڵات بەهۆی غیابی سیاسەت لەو دەڤەرەوە نەبووە، بەڵکوو زاڵبوونی ناوەندگەراییەکی هاوشێوەی “ناەندگەرایی ئیرانی” بەسەر ئەو حزبانەدا بووە؛ بە واتایەکی دیکە لە “ڕۆژهەڵاتی سیاسی”ش، “ناوەند”، دەوروبەری (شیمالی) پەراوێز خستووە.

 

 

ئێران و تورکیا؛ باکوور و ڕۆژهەڵات

ئێستا کوردەکانی ئورمییە کە تا ئەمدواییە لە دەرەوەی بازنەی تاران و تەورێز و مەهاباد بوون، ماوەیەکە بوونەتە جێی باس و خواسان؛ بە تایبەت دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران دەڵێی خەریکە دێنەوە ناو بازنەکەوە.

وەک بڵێی دوای ئەم هەڵبژاردنانە، هەم “ئێرانییە ناسیۆناڵیستەکان”، هەم “ڕۆژهەڵاتی سیاسی” (بەدیاریکراوی ڕۆژهەڵات‌تەوەرەکان) و هەم پانتورکەکان، بە سەرسووڕمانەوە بەبیریان هاتبێتەوە کە “ئەرێ خۆ بەڕاست، لە ئورمییە هەتا ماکۆش کوردی لێیە!”

بی.بی.سی فارسی، کە لە ئەرشیڤەکەیدا هەواڵ لەسەر وڵاتی “وانوواتوو” زیاتر دەکەوێتە بەرچاو تا کوردەکانی ئورمییە و ماکو، هەواڵ لەسەر تاکتیکی بردنەوەی دوو کورد لە ئورمییە ساز دەکات یان گۆڤەندی کوردانی ئورمییە وەک هێمایەک بۆ بەرێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز و چوارشەممە سووریی ئەو شارە بڵاو دەکاتەوە.

“تەورێز” کە لە سایەی دەسەڵاتی شێعەی ناوەندەوە، هەم لە سەردەمی شا و هەم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا، حاکمی بەڕ و بەحری ئورمییە بوو و ئەو دەڤەرەی (ماکۆ تا ئورمییەی) بۆ خۆی بە مسۆگەر دەزانی و شەڕی “ساوجبڵاخ” و “سوڵدوز” و “خانا”ی لەگەڵ حزبە کوردییەکان دەکرد، ئێستا ترسی لێ نیشتووە نەکا تاران ئەوانی بە کوردەکان فرۆشتبێت.

لایەنە کوردییەکانیش کە لە نەستی خۆیاندا (ئەگەرچی بە ئاشکرا نایدرکێنن) ماکۆ تا ئورمییەیان بە سەرئێشە دەبینی و بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا -بۆ ئەوەی هاوپەیمانە تورکەکانیان لەناو “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ” یان “شۆڕای گوزار” زیز نەبن- تا بۆیان بکرایە باسی ئەو دەڤەرەیان نەدەکەرد، ئێستا حەپەساون و دۆش داماون؛ بە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە کەیفخۆش بن هەر وەی، دردۆنگ بن هەر وەی.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێراندا کە مانگی ڕەشەمەی ڕابردوو بەڕێوە چوو، ئەنجامی سەیر و سەمەرە لە سندووقەکانی دەنگدانی پارێزگای ئورمییە (کە هەمیشە بە بەفەرمی بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ناسراوە) هێنرایە دەرەوە.

بۆ یەکەم جار لە شاری ماکۆ نەک کاندیدبوونی کوردێکی سوننە پەسەند کرا، بەڵکوو دەریشچوێندرا. لە شاری ئورمییەش کە هەمیشە- تەنانەت لای زۆرێک لە کوردەکایش- سیمایەکی تورکیی بۆ وێنا کراوە، لە کۆی سێ کورسی، دوو دانەیان بە کورد درا. لە نەغەدە و شنۆش دیسان کوردێک دەستنیشان کرا.

 

هەر ئەوەندەش نا؛ دوای هەڵبژاردنەکان باسی ئەوە کرا کە کوردەکانی ئورمییە وردە وردە لە دامودەزگا حکوومییەکانیش دابمەزرێندرێن، لە تەلەفزیۆنی ئۆستانیی ئورمییە پشکی زمانی کوردیی کرمانجی زیاتر بکرێت و تەنانەت دەنگۆیەکی پشتڕاست‌نەکراو بڵاو کرایەوە کە گوایە “ڕەزا عەبدولڵاهی” یەکێک لە سێ کاندیدە کوردەکەی ئورمییە کە دەرنەچوێندرا، بکرێتە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ئەو پارێزگایە؛ واتە بۆ یەکەم جار ئەو پۆستە بە کوردێکی سوننە بدرێت.

بۆ هەموو ئەم کەینوبەینانەش ناوی کەسێک هاتۆتە سەر زاران و وا وێنا دەکرێت کە هەموو ئەمانە فیتی ئەوە؛ کەسێک کە تا دوێنێ وەک مافیایەکی مرۆڤکوژی قونتەراتچی وێنا کرابوو، بە هەجی-مەجی-لاتەرەجییەک بووە پیاوی پشتی پەردەی ئەو ئەنجامە سیاسییە سەرسووڕهێنەرانە.

 

 ناجی زیندەشتی؛ لە باوەشی ئەردۆغانەوە بۆ ژێر عەبای خامنەیی

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی پارێزگای ئورمییە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمەدا زۆربەی سەرنجەکان چووە سەر ئەو قاچاخچی و مافیا نێودەوڵەتییەی سێ چوار ساڵێکە، وەک بکوژێکی قۆنتەراتچیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ناوی کەوتووەتە سەر زاران.

ناجی شەریفیی زیندەشتیی کە (وەک پێشتریش لە چەند ڕاپۆرتدا باس کراوە) تا چەند ساڵ لەمەوبەر زیاتر وەک کارتەلێکی مادە هۆشبەرەکان، نزیک لە ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی تورکیا و دواتر ئێران، وێنا دەکرا، ئێستا وا نیشان دەدرێت کە بەم ئەندازیاریەی هەڵبژاردنەکانی ئورمییە بۆتە فریادڕەسی کوردانی ئەو دەڤەرە.

ئەو کە وەک دەگوترێت لە تورکیا لە سایەی گەورە کارتەلێکی تورکیایی باڵی گرت، گەیشتە ئاستێک کە لە ئیمارات و ئەرووپا و پەنەما و کەنەدا نەیارەکانی خۆی بکوژێت و کەسیش نەبوو “پیلی” بگرێت. یان ئەگەر پیلیشیان گرت کەسێکی وەک “بورهان کۆزۆ” ڕاوێژکاری یاسایی ئەردۆغان پاڵپشتی بێت[1].

دەنگۆی زۆر لەسەر ڕۆڵی ناجی زیندەشتی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕەشەمە و ئەنجامەکانی پارێزگای ئورمییە هەیە.

دەنگۆگەلێک کە بەشێکیان تا ئێستاش دیار نییە چەندی ڕاستە.

گەلۆ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە پاداشتی ناوەندە ئەمنییەکانە بە زیندەشتی لەبری ئەو کەسانەی بە ئەمری تاران ڕفاندوونی یان کوشتوونی؟ گەلۆ بڵێی تاران بڕیاری دابێت پێگەکەی “حەسەنی” بە “زیندەشتی” ببەخشێت؟

تۆ بڵێی دەوڵەت بیەوێت زیندەشتی وەک “ناجی” و “فریادڕەس”ی کوردەکانی ئورمییە وێنا بکات؟ ئەگەر ئەرێ، بۆچی؟ بڵێی نیازی چی بێت و چ پیلانێکی داڕشتبێت؟

گەلۆ زیندەشتی کە لە دۆسیەی “ئەرگەنەکۆن”دا لە تورکیا، یارمەتیی ئەردۆغانی دا، ئێستا لە ئورمییە بڕیارە بۆ لاوازکردنی ڕێکخستنە شاراوەکانی پانتورکەکان، کە دەگوترێت پەلیان بۆ ناو دامەزراوە حکوومی، ئەمنی، قەزایی و سەربازییەکانی ناوچە ئازەرەی‌نشینەکان هاویشتووە، ڕۆڵی پێبدرێت؟

تۆبڵێی زەق‌کردنەوەی زیندەشتی وەڵامێکی تاران نەبێت بۆ ئەو ڕووداوانەی لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان هاتۆتە ئاراوە؟ بڵێی ئامادەکاریی پێشوەختەی ئێران بۆ هەر ئەگەرێک لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێڕەوی “زەنگەزۆر”دا نەبێت؟ بۆ ئەوەی بە تورکیا و ئازەربایجان و تورکەکانی ناو ئێران بڵێت، ئەگەر دڵتان بەوە خۆشە کە دەتوانن بە “زەنگەزۆر” پشتێنەیەکی تورکیی بە دەوری سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوا تا باکووری ڕۆژهەڵاتی قەڵەمڕەوەکەم بکێشن، ئەوا من بە “زیندەشتی” بەڕەی ئورمییە هەتا ماکۆ لەژێر پێتان ڕادەکێشم؟

 

زیندەشتی لەمبەر و هوداپار لەوبەر

پرسیارێکی تر و گریمانەیەکی تر ئەوەیە کە داخۆ بڵێی پەیوەندییەک لەنێوان هێنانەپێشەوەی زیندەشتی و هەوڵی تاران بۆ چەک‌کردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەبێت؟ یان پلانێک هاوشێوەی هێنانەپێشەوەی هوداپار لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ لێژکردنی جێگەی هەدەپە (دەم‌پارتی) و پەکەکە لە باکوور؟

ساڵی رابردوو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا بۆ یەکەم جار “هوداپار” کە هەمان حیزبولڵای تاوانکاری نەوەدەکانە، بە دوپینگی ئاکەپە چوار کورسیی بردەوە. لەو سەروبەندەدا سولەیمان سۆیلۆ وەزیری (ئەوکاتەی) ناوخۆی تورکیا لە وەڵامی ڕەخنەی تورکە نەتەوەپەرستەکاندا کە بۆچی دەوڵەت حزبێکی کوردیی زەق کردۆتەوە، گوتی بەرنامەمان بۆ هوداپار هەیە، دە ساڵی دیکە بەرهەمەکەی دەچنینەوە.

خاڵی هاوبەشی زیندەشتی و هوداپار ئەوەیە کە هەردووکیان وەک قۆنتەراتچیی دەوڵەتی دەستیان بە خوێنی بەرهەڵستکارانی تاران و ئەنکەرە سوورە. هوداپار تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا (ئەوکاتی ناوی حیزبولڵا بوو) دەستی لە تاوانەکانی ناسراو بە “بکەرنادیار”دا هەبووە و بە سەدان و بگرە هەزاران چالاکوانی کوردی بۆ ژیتەم و میت و سوپای تورکیا کوشتووە. ئێستاش کەو بووەتە “حزبی خودا” (هوداپار)، بڕیارە ببێتە بەشێک لە پیلانێکی درێژخایەنی دەوڵەت کە وەک سولەیمان سۆیلۆ ئەنجامەکەی دە ساڵی دیکە دەردەکەوێت.

گریمانەکە دەتوانێت ئەمە بێت کە تۆ بڵێی تاران و ئەنکەرە، هەریەکەو بە جیا، پیلانێکی درێژخایەنیان دانەڕشتبێت بۆ ئەوەی شوێنی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور بە بە “شەقاوەکان” پڕبکەنەوە و لە ڕوانگەی خۆیانەوە “دەفعی ئەفسەد بە فاسید” بکەن؟

بڵێی ئامانجیان ئەوە نەبێت یارمەتیی زیندەشتییەکان و هوداپارەکان بدەن تا لەباتی “حزبە سیاسییەکان” وەک فریادڕەسی کوردان وێنا بکرێن؟

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “ئەوی‌تر”ی کوردەکانی ئورمییە دەسەڵاتی خۆجیی تورکەکانە نەک دەسەڵاتی ناوەندیی تاران، ئەگەر زیندەشتی بە چرای کەسکی تاران، ببێتە “ناجی”ی ئەوان، بۆچی لەباتی حزبەکان کە دەردیسەری و زیندان و کوشتنی لەگەڵە، ڕوو لەو ناجییە نەکەن؟ هەم بەرامبەر بە تورک “کوردایەتی” دەکەن و هەم ڕووبەڕووی مەترسی نابنەوە؟

گریمانەیەکی دیکە، لاوازکردن و تەنانەت لە ڕیشە هەڵکەندنی حیزبەکانە؛ هەنگاوەکانی زیندەشتی، وردە وردە دەتوانێت ئەم قسەیە بخاتە ناو خەڵکەوە کە ئەوەی حیزبە کوردییەکان بە هەموویانەوە پێیان نەکرا، “حاجی ناجی” بە تاقی تەنیا کردی. کەواتە بژی ناجی. بەمشێوە لە دواڕۆژدا دەتوانێت لە ڕێگەی زیندەشتییەوە بەڕەی ئورمییە و خۆی و ماکۆ و سەڵماس لە ژێر پێی پەکەکە و حدکا بە تەواوی دەربهێنێت.

ئەگەر کوردێکی ماکۆ و سەڵماس کە تا ئێستا بەردەوام لەلایەن بەرپرسە تورکەکانی شارەکەیەوە حیسابی نەبووی بۆ کراوە و لە کوردایەتی و کوردبوونیش تەنیا “خوێن” و “چەوسانەوە”ی پێ بڕاوە، بە یارمەتیی زیندەشتی بتوانێت هەم لە بەرامبەر “تورکەکان” سینگ دەرپەڕێنێت و هەمیش لەباتی کوشتن و زیندان بەرەقەڵایی پێ ببڕێت، ئیتر بۆچی شوێنی حزبەکان بکەوێت؟

پرسیارێکی دیکە و گریمانەیەکی دیکە، دەتوانێت ئەوە بێت کە بڵێی ئەمە گەمەیەکی تاران بۆ ناشیرین کردنی کوردەکان، بە تایبەت دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی نەبێت و نەیەوێت ئەو وێنەیەی لە کورد دروست بوبوو، بشکێنێت؟ وێنەیەکی ناشیرین لە کورد بڵاو بکاتەوە و بڵێت ئەو کوردەی بەرەقەڵایی ئەوەی دەکرد ئەو شۆڕشەی هەڵگیرساندووە هەڵگیرساندووە، ئێستا لە ئورمییە شایی بۆ بردنەوە دەگێڕێت؟

ئەگەر ئەم پیلانەی لە ئورمییە سەر بگرێت، بڵێی لە دەڤەرەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، وەک ئەڵترناتیڤێک بۆ حزبە کوردییەکان، “زیندەشتییەکان” هەڵنەتۆقێنێت؟ لەبیرمان نەچێت لە سەرتاسەری جوگرافیای ئێراندا، تاکە شوێنێک کە هێشتا “حزبایەتی”ی تێدا ماوە و ڕێکخستنەکانی حزبەکان ڕەگیان لەناو کۆمەڵگەدا داکوتاوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هاوکات دەوڵەت بە ئەگەری زۆر دەرکی بە پۆتانسیەلی بەهێزی “خۆبەڕێکخستن‌کردن”ی کوردان کردووە. بۆ ئەوەی ئەو پۆتانسیەلە بە ڕێڕەوێکدا ببات کە زیانی بۆی نەبێت، بەرجەستەکردنی شەقاوەکان دەتوانێت ڕێگەچارە بێت. لە ئورمییە لە بەرامبەر “ئەویتری تورکان” کوردان لە دەوری ناجی زیندەشتی کۆدەکاتەوە. لە موکریان و ئەردەڵان لە ئیسلامی سیاسیی سوننە و سەلەفی-جیهادییەکان ئەوی‌ترێک بۆ خەڵک ساز دەکات و شەقاوەیەک لە بەرامبەریاندا دەکاتە پاڵەوان. لە کرماشان دوبەرەکیی “لەک” و “کورد” ساختە دەکات و بۆ هەر یەکیان زیندەشتییەک دادەنێت. لە سەرپێڵ و قەسر دوانەی یارسان و سوننە بەرجەستە دەکاتەوە و لە ئیلام مۆدێلی “ئورمییە” ئەمجارە لە نێوان کورد و لوڕ کۆپی دەکات.

لەبیرمان نەچێت کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکەم سەرهەڵدانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات بوو کە تێیدا لە ئورمییەوە هەتا ئیلام خوێنیان بۆی ڕژاند. یەکگرتووییەک لەم شۆڕشەدا لەنێوان کوردی ئەم پارچەیە دروست بوو، لە مێژوودا (لانیکەم مێژووی هاوچەرخدا) وینەی نەبوو. دیسکۆرسی پشتی ئەو شۆڕشە و ئەم یەکگرتووییەی کوردەکان، لە ئورمییەوە تا ئیلام، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشەکەوە بووە داینەمۆیی پەلهاویشتنی بە سەرتاسەری جوگرافیای ئیراندا. ئەم پۆتانسیەلە مەزنە، ئەگەر هەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە، لە ئانوساتێکی دیکەدا دەتوانێت تاران لە بنەوە هەڵتەکێنێت. تۆبڵێی دەوڵەت هەستی بەم پوتانسیەلە نەکردبێت و بیری لەوە نەکردبێتەوە هەر لە ئێستاوە مشورێکی لێ بخوات؟ تۆ بڵێی هێنانەپێشەوەی ناجی زیندەشتی لە ئورمییە و [وەک ئەگەرێک] زیندەشتییەکان لە دەڤەرەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات ئەو مشورەی دەوڵەت نەبێت؟

 

*تێبینی: چوارچێوەی سەرەکیی ئەم بابەتە دەوربەری دوو مانگ لەمەوبەر نووسرابوو، لەبەر هەندێک هۆکار بڵاوکردنەوەکەی درەنگ کەوت.

 

 

[1]  دەگوترێت زیندەشتی لە دۆسیەی ئەرگەنەکۆندا لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕۆڵی کاریگەری هەبووە و لەدژی ئەو ڕێکخراوە ئۆختاپووسییە هاوکاریی ئەردۆغان-گولەنی (کە ئەوکاتە هاوپەیمان بوون)ی کردووە، هەر بەهۆی ئەو هاوکارییەشەوە دەسەڵات و هێزی لەناو کارتەلەکەکانی تورکیا پەرەی سەند. دوای ئەوەی دوایین جار لە تورکیا خرایە زیندانەوە، پاش چەند مانگێک بە کەین و بەینێک ئازاد کرا و دەرفەتی ئەوەی پێدرا بگەڕێتەوە ئێران. وا دەردەکەوێت کە لە پاداشتی ئەو قەتڵانەی بە قۆنتەرات بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانی ئەنجامی داوە، لە کێکی دەسەڵاتی ئورمییە پشکدار کراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *