حامید فەرازی
لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا، لە بەریتانیا، دەسەڵاتی تێئۆدۆرەکان ڕوو لە کزی بوو. “ئێلیزابێت” ی یەکەم وەکوو دوایین فەرمانڕەوای بنەماڵەی تێئۆدۆر تا ساڵی ١٦٠٣ حکوومەتی کرد. پاشان بنەماڵەی ستیوارتەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست. بەڵام بە پێچەوانەی تێئۆدۆرەکان، پاشاکانی ستیوارت لەگەڵ پەرلەماندا بەردەوام تووشی کێشە دەبوون. ئەوان هێشتا جۆرێک دەجووڵانەوە کە وەک بڵێی حکوومەتکردن مافێکی خوداییە و ڕادەستی ئەوان کراوە. بۆیە هەرچی پێیان خۆش بوو دەیانکرد.
لە ساڵەکانی ١٦٨٨ و ١٦٨٩دا سەرەنجام پەرلمان و پاشاکان لە شەڕ و خوێنڕشتن ماندوو بوون و بە جۆرێک لەگەڵ یەک ڕێککەوتن؛ لەو کاتەوە بونیادی حکوومەتێکی دێموکڕاتیی مۆدێرنیان دانا.
بەڵام ڕیشەی گۆڕانکارییەکان بەر لە هەموو شتێک هەڵدەگەڕایەوە بۆ ناکۆکییە ئایینییەکان کە ئەوانەش دەگەڕانەوە بۆ بزووتنەوەیەکی ڕێفۆرمخوازی کە لە ١٥١٧وە مارتین لۆتێر ڕێبەرایەتیی دەکرد. هەر لەو سەردەمەدا چینێکی مامناوەندیی، کاسب و بازرگان، لە کەناری چینی دەوڵەمەندی خاوەنزەوی پێدەگەیشتن و سەروەت و سامانیان پێکەوە دەنا و بەو بۆنەوە خوازیاری بەشداریی زیاتر لە حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیدا بوون. لەلایەکی دیکەوە هەندێک گۆڕانکاری لە شێوەی بیرکردنەوە و تێڕوانینی خەڵک بۆ ڕووداو و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان هاتبوونە ئاراوە کە پێشتر لە ڕوانگەیەکی ئایینییەوە شرۆڤە دەکران.
شاژن “ئێلیزابێت”ی یەکەم، هیچ جێگر و میراتگرێکی نەبوو. پاش مردنی، پەرلەمان داوای لە جەیمزی شەشەم، شای سکۆتلەند کرد کە بەناوی جەیمزی یەکەمەوە وە وەکوو شای ئینگلتەرە و ئایرلەنداش، دەسەڵات بگرێتە دەست. جەیمزی شەشەم کە ئێستا بووببووە جەیمزی یەکەم، هەر لەسەرەتاوە لە گەڵ پەرلمان ناکۆک بوو. ئەو لە نێوان ساڵەکانی ١٦١١ تا ١٦٢١دا هەوڵێدا بەبێ پەرلمان بەسەر بریتانیادا حکوومەت بکات. بۆیە دەسەڵاتی کەمکەم تووشی نوشست بوو و سەرئەنجام لە ١٦٢٥دا کۆچی دوایی کرد. پاش ئەو چارلزی یەکەم، کوڕی جەیمزی یەکەم، وەک دووەمین شا لە بنەماڵەی ستیوارت بە دەسەڵات گەیشت.
شا چارلز کەسایەتییەکی وای هەبوو کە دەیتوانی لەگەڵ پەرلەماندا پەوەندییەکی سازگاری هەبێت. بەڵام بەردەوام مەیلێکی بەرەو کاتۆلیکەکان دەچوو و ئەوە خۆی دەبووە هۆی بەدگومانیی ئینگلیزییەکان. هەروەها ئەو لەسەر دەسەڵات و سامانی وڵات لەگەڵ پەرلەمان لە ناکۆکیدا بوو. بۆیە هەندێک جار تەنیا پاش چەند مانگ پەرلەمانی هەڵدەوەشاندەوە. ناکۆکییەکان هەروا پەرەیاندەسەند.
دژبەران و لایەنگرانی شا بوونە دوو دەستە؛ لەوێوە یەکەم نیشانەکانی سازبوونی حیزبە سیاسییەکان سەریانهەڵدا. لە ١٦٤٢دا پاش ئەوەی کە شاچارلز داخوازییەکانی دژبەرانی ڕەت کردەوە، بە ڕێبەرایەتیی ئۆلیوێر کرامۆێڵ ڕێبەری پیوریتەنەکان، پەرلمان ئەرتەشێکی تایبەت بە خۆی بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ شا دامەزراند. ئەو ڕووداوانە لە ساڵەکانی دوایی دەسەڵاتی شا چارلزدا بەریتانیای بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی برد کە چوارساڵی خایاند. لە ئەنجامدا کرامۆێڵ و هاودەستەکانی سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، شا چارلز دەسبەسەر کرا و بەشێوەیەکی بێڕەحمانە سەری لە لەشی جیا کرایەوە.
ئەمجارە کرامۆێڵ دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەو کرامۆێڵەی کە خۆی پێشتر لە بەرامبەر شای پاوانخوازدا ڕاوەستابوو، کاتێک دەسەڵاتی ڕووی لە زیادبوون کرد، دەستی کرد بە سەرکوت و کوشتاری جیابیران و یەکسانیخوازان. هێرشی کردە سەر گەلانی ئیرلەندی و سکۆتلەندی و ماڵ و سامانیانی زەوت کرد. لەدرێژەدا ناڕەزایەتییەکان لەو حکوومەتەش زیادی کرد. کرامۆێڵ بۆ ڕاگرتنی حکوومەتەکەی دەستی دایە سانسۆر و جاسوسی و سەرکوتی زیاتر. هەروەها کرامۆێڵ لە ساڵی ١٦٥٨دا، پەرلەمانی کە لەناو خویدا تووشی کێشە و چەندبەرەکی بوو، هەڵوەشاندەوە و پاشان لە پاییزی ئەو ساڵەدا ئەویش کۆچی دوایی کرد.
دوای کرامۆڵ، کوڕەکەی، ڕێچارد دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت. بەڵام ڕۆحی سەرکەشی بەریتانییەکان لەو دۆخە ناڕازیی بوو و خوازیاری گەڕانەوەی شا و سەڵتەنەت بوون. ئەو پڕۆسەیە هەروا درێژەی کێشا تا لە ئەنجامدا پەرلمان و ئەرتەش پێکەوە شکستیان بە لەشکری کرامۆێڵ هێنا و لە مانگی ٤ی ١٦٥٩ ڕیچارد لە دەسەڵات لاچوو و هەڵهات بو فەڕەنسا.
پاشان سەردەمێکی گەڕانەوەی ستیوارتەکان دەستی پێکردەوە. لە مانگی ٥ی ساڵی ١٦٦٠دا چارلزی دووەم، کوڕی چارڵزی یەکەم، لە نێوان شادمانی و پێشوازیی گەرمی خەڵکدا هاتە سەر دەسەڵات. ئەو ڕەوەندە بەوشێوەیە تا ساڵانێکی تریش بەردەوام بوو. سەرەتا قۆناغێکی گەشبینی و هاریکاری لە ئارادا بوو؛ ئەمجارە دیسانەوە ناکۆکی و ڕەشبینی سەبارەت بە ئامانج و بەرنامەکانی شا سەریهەڵدەدایەوە. تا چارلزی دووەمیش لە مانگی ٢ی ١٦٨٥دا مرد و براکەی بەناوی جەیمزی دووەم، وەک پاشای بەریتانیا، جێگەی گرتەوە.
بەڵام ئەو ڕەوتی بەدگومانی و ناکۆکییانە بەنیسبەت شا جەیمزی دووەمیشەوە لە ئارادا بوو تا لە ساڵانی دواتردا، شۆڕشێک زۆربەی بەشەکانی کۆمەڵگەی گرتەوە. فەرماندەی گشتیی ئەرتەش داوای لە سەربازەکانی کرد کە بە پشتیوانی لە پڕەنس ویلیام، زاوای شا جەیمز، دەست لە کار بکێشنەوە. ئەوە بوو کە لە سەر داوای ڕێبەرانی پڕۆتێستان، لە مانگەکانی دوایی ساڵی ١٦٨٨دا، ویلیام هێرش دەکاتە سەر بەریتانیا، شا جەیمز لە دەسەڵات لادەچێت و لە سەرەتاکانی ١٦٨٩دا، بە پێشنیاری پەرلمان ویلیام، وێڕای خێزانی، دەسەڵات بەدەستەوە دەگرن.
لێرەوە سەردەمێکی نوێ لە مێژووی وڵاتی بەریتانیا دەست پێدەکات. لەئەنجامی ئەو شۆڕشەدا گۆڕانێکی جیددی لە پێکهاتەی دەسەڵات و شێوەی حکوومەتکردنی شاکان دێتە ئاراوە. شۆڕشی ١٦٨٩ی بەریتانیا ئەو شۆڕشەیە کە دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ شۆڕشە مەزنەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا. بەڵام شۆڕشی بەریتانیا شۆڕشێکی تایبەت و ناوازەیە کە بەبێ هیچ شەڕ و خوێنڕشتنێک بە ئاکام گەیشت.
سەبارەت بەهۆکار و بەستێنەکانی ئەو شۆڕشە ناوازە، دیارە یەکەم زەمینەکانی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ نوێگەرییە فکرییەکانی مارتین لۆتێر. بەڵام لە دوایین سەدەی پێش شۆڕشی ١٦٨٩دا، هاوکات لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، گۆڕانێکی گرینگ لە بواری ئەندێشە و زانستدا لەئارادا بوو.
فرانسیس بەیکن، سیاسەتمەدار و ئەندام پارلمان کە پەروەردەی سەردەمی ئێڵیزابێتی یەکەم بوو، لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەدا، وک بلیمەتێکی بواری زانست تیشکی دەخستە سەر بابەتی زانست و مێتۆدی زانستی. دواتر لە ساڵەکانی سەردەمی شۆڕشدا ئایزاک نیۆتۆن فیزیکناسی پلەبەرزی ئینگلیزی، لە کتێبێکدا هەنێک یاسا و ڕێسای بۆ خوێندنەوەی جیهانی دەوروبەرمان دانا و پاشان جان لاک، فیلسوف، لە سەر بنەمای مێتۆد و کارەکانی ئەوان، دەستی بە شرۆڤەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و ناساندنی پڕەنسیپ و یاساکانی حکوومەتداری کرد. ئەوە بووە هۆی گۆڕان لە شێوەی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ دیاردە و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان و بەمشێوە ئیمتیازی لێکدانەوە و حوکمدانی لە دەستی شاکان و کڵێسە و ڕێبەرانی ئایینی دەرهێنا.
پاش ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییانەیە کە کۆمەڵگەی بەریتانی دەرەتانێک بەخۆوە دەبینێت و هەناسەیەک دەدات. کەمکەم ئابووری پەرەدەستێنێت، کۆمەڵگەی مەدەنی سەرهەڵدەدات. لەشفرۆشیی و ڕانت و بەرتیل و گەندەڵی و … کەم دەبێتەوە و جۆێک لە ئەخلاقیات له ناو خەڵک و کۆمەڵگەدا پەرەدەستێنێت.
خوێندنەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە مێژووییانە بۆ ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵات گرنگە. لەم ساڵانەدا تەمێکی نائۆمێدی لە ڕەوەندی ڕووداوەکان بە کۆمەڵگەدا بڵاو بۆتەوە، وەک بڵێی خەڵک هەموو دڵساردن لە هەرجۆرە گۆڕانێکی هیوابەخشی سیاسی. بەوبۆنەوە بیر لەوە دەکرێتەوە کە ئایا هەر دەکرێت داهاتوویەکی گەش بۆ پێکەوەژیان لە ئێراندا، بە بەشداریی هەموو خەڵکانی ناو ئەو قەوارە سیاسیە وێنا بکەین؟
وەڵامی ئەو پرسیارە سەختە بەڵام دەکرێت بڵێین گۆڕانکاری خۆی دیاردەیەکی ئێجگار ئەسپاییە و هەر پێشڤەچوونێک لەسەر بەستێنێکی فکری، سیاسیدا ڕوودەدات. جارهەیە چەندین حکوومەت دەبێ بێن و بچن تا کۆمەڵگەیەک کەمێک ڕووی بەرەوپێشچوون و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.
ڕەنگە نەکرێت ئەو وانە و ئەزمونانەی وڵاتانی تر، دەقاودەق بگوازینەوە بۆ فەزای سیاسیی وڵاتێکی وەک ئێران کە لە جوگڕافیایەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە. بەڵام ئەم جۆرە پێشهاتانە لانیکەم پێمان دەڵێن تەنانەت لە وڵاتانێکی وەک بەریتانیا، لە ڕابردوودا شەڕ و شۆر و سەرکوت و نەسازان زۆر بووە. جار بووە ملی چەند و چەندین پاشایان پەڕاندووە. جار هەبووە ناکۆکیی و لێکتێنەگەیشتنەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە کەسێکی وەک کرامۆێڵ بێتاقەت دەبێت و پەرلمان هەڵدەوەشێنێتەوە؛ تا وردە وردە خەڵک جۆرێکیان لێدێت کە ماندوو دەبن لە پێکەوەشەڕکردن و ناچار دەبن لەگەڵ یەکتر هەڵبکەن.
ئێمەش نازانین چی دەبێت. ڕەنگە هێشتا چەند شەڕ و چەند شۆڕش و گۆڕانکاریی ترمان لەپێش بێت؛ بەڵام ئەوە دەزانین جارێک نیازمان بە گوزەری زەمان هەیە.
تا نە تەنیا خۆمان بەڵکوو لایەنە بەرامبەرکانیشمان، بگەنە ئەو ئاستە لە قەناعەت و پێگەیشتن کە بە شێوەیەکی ئینسانی لەگەڵ یەکتر پێکبێین کە هەڵبەت، باڵانسی هێز، لیرەدا، ڕۆڵی سەرەکیی دەبینێت.