سولەیمان چووکەڵی کارناسی بواری جوگرافیا و جی ئای ئێس
لە رێکەوتی ١٢ دیسەمبەری ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی گشتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی پەسەند کرد. پەیمانەکە دەستوورێکی ١٣٤ مادەییە بۆ چۆنێتیی بەڕێوەبردنی رۆژئاڤا و ئەو بەشە لە سووریا. لە بەشی دووەمی دەستوورەکە و لە دەستپێکی دەقی تایبەت بە مادەی ٩١یدا سەبارەت بە پانتای جوگرافیایی ئەو بەشە ئاوا هاتووە:
“ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا [ ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک – قەسەدە] لە حەوت کانتۆن پێکدێت: جزیرە، دێرەزوور، رەققە، فورات/شەهبا، منبج، عەفرین و تەبقا.
بە سەرنجدان و پشتبەستن بە کۆمەڵیک بەڵگە، دۆکیۆمێنت و سەرچاوەی کۆن و نوێ، لە پێکهاتە ئیتنیکییەکانی ئەو کانتۆنانە ورد بوومەتەوە و لە سەر ئەو بنەمایە ئەم نەخشەیەم سەبارەت بە پانتا و رووبەری جوگرافیایی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە ئامادە کردووە.
کورد، عەرەب، ئاشووری و سوریانی، ئەرمەنی، تورکمان، چەرکەس و چیچانی بە جیاوازییە ئایینییەکانیانەوە پێکهاتەکانی ئەو ئەو ناوچانە پێکدەهێنن.
نیشاندانی گرافیکانەی جوگرافیایی، بۆ نموونە چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان پێویستی بە پسپۆڕییەکی بابەتیانە و کەم تا کورت تێگەیشتنێک لە گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکانی ناوچەکە هەیە. کاتێک کە نێوی پارچەیەک لە کوردستان دەهێندرێت، دیارە مەبەست ئەو بەشەیە کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردن.
بەر لە دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە ساڵی ٢٠١٥، رۆژئاڤا پێکدەهات لە کانتۆنەکانی جزیرە، کۆبانی و عەفرین کە زۆرینەی دانیشتوانی کوردن. دوابەداوای ئەوە و بە بەرفراوانبی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئەو هێزانە و کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە ناوچە عەرەبییەکان، نێوی بەرێوەبەریی رۆژئاڤا بۆ بەرێوەبەریی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا گۆڕدرا. بەڵام لە نێو رای گشتیدا تا ئێستاش کورد وەک رۆژئاڤا نێوی ئەو بەشەی هەر لەسەر زارانە.
ئەو نەخشەیە ئەنجامی خوێندنەوەیەکی بنەڕەتی و وردبوونەوەیەکی مەیدانی نییە. بەڵکوو وردبوونەوە لە کۆمەڵیک بەڵگەی کۆن و سەرچاوەی نوییە؛ لەوانە پڕۆژەگەلێکی وەک چۆنێتیی دابەشبوونی ئیتنیکی و ئایینیی سووریا و لوبنان کە ساڵی ١٩٣٥ فەڕەنسییەکان لەرێگەی ئەفسەرانی پسپۆڕی خۆیانەوە ئەنجامیان داوە. یان بۆ نمونە “کوردستان و گرووپە کوردە گۆشەگیرەکان” کە هەر بەم شێوەیە فەڕەنسییەکان لە چوارچێوەی نەخشەیەکدا لە ساڵی ١٩٤٧ ئاماژەیان پێکردووە. دیاریکردن و هەڵێنجانی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کارێکی ئاسان نییە و تەنیا پشت ئەستوور بووە بە دوو راپۆرت کە یەکەمیان سکرتاریەتی دەوڵەت بۆ کۆچبەران (سویسڕا) لە ٢٠١٨و ئەوەی دیکە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩ ئەنجامیان داوە و کەڵکیان لێ وەرگیراوە.
پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە نەخشەکەی ساڵی ١٩٣٥دا چۆناوچۆن دەبینرێن؟
لەو نەخشەیەدا کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی( بەودیوی سنووردا شاری جزیری باکووری کوردستانمان هەیە) سووریاوە هەتاکوو باکووری رۆژئاوای ناوچەکانی عەفرین درێژ بۆتەوە. لە بەشی رێنمایی نەخشەکەدا کورد بە سیمبۆلێکی رەنگ سوری تۆخی خاڵ خاڵ نیشان دراوە. هەر وەک دەبیندرێت کورد لە چەند کۆلۆنییەکی جیاواز، لە یەکتر دابڕاو و بێ ئەوەیکە لە هیچ شوێنێک لێک گرێدرابنەوە دەبیندرێن. هەروەها لە نەخشەکەدا ئەوەش دەبیندرێت کە عەرەب لە چواردەوری زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێن.
چەند شوێنی سرنجڕاکێش لەو نەخشەیەدا بەدی دەکرێن؛ لەوانە مەودای نێوان “سەرێکانی و گرێ سپی”یە کە بە درێژایی سنوورەکە کورد دەبیندرێت. یان ناوچەکانی دەوروپشتی “دێرک، گرکێ لەکێ و باشووری شاری قامیشلۆ”.
حکوومەتی سووریا بۆ تێکدانی دۆخی دێموگرافیکی ناوچە کوردییەکان کە درێژکراوەیەکی سرووشتیی دێمۆگرافێکی دەگەڵ باشوور و باکووری کوردستاندا هەیە، تەعریبی دەست پێکرد. پشتێنەی عەڕەبی وەک پڕۆژەیەک دەبوو ئەو دۆخە سرووشتییە تێک بدات. هەر بۆ ئەو مەبەستە لەساڵی ١٩٦٠دا، حکومەتی ئەوکاتی سووریا هێندێک لە هاوڵاتیانی عەرەبی ناوچەکانی دەرعا، حەمما و ئیدلیب بۆ ناوچەکانی باشووری قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا دەگوازێتەوە. لە قۆناغێکی دیکەدا و هاوکات لەگەڵ لێدانی بەنداوی تەبقا لە ساڵی ١٩٧٣، دەبوو هەزاران بنەماڵەی عەرەب کە ماڵ و زەوی و زاریان دەکەوتە ژێر ئاو و لە دەوروپشتی بەنداوەکە هەڵکەوتبوون ناوچەکە جێبهێڵن و لەناوچە کوردییەکان و لە سەر زەوی و زار و مڵک و ماڵی کورد نیشتەجێیان بکەن. “عرب الغمر” یان عەرەبە ژێر ئاوکەوتووەکان بەو عەڕەبانە دەگوتران کە جێگۆڕکێیان پێ کردرابوو.
کوردکانیشان ناچار دەکرد بەرەو باکووری شاری حەسەکە یان “جنوب الرد” کۆچ بکەن. بە پڕۆژەی”لە نێوان دوو گوندی کورد گوندێکی عەڕەب یان خطوالعشرا”، کوردێکی زۆریان کۆچاند و باری دێمۆگرافێکی زۆربەی ناوچەکانیان وەک دێرک، گرکێ لەکێ، چل ئاغا، ترپەسپی، قامیشلۆ و… گۆڕی.
ژمارەی بنەماڵەکانی “عرب الغمر” ٤٠٩٠ بنەماڵە بوون. ئەوان بۆ ناوچەکانی نزیک سنوور و سەر سنوور گواسترانەوە. بە جۆرێک کە ٣٣٥ گوندی کورد وەبەر ئەو هەڵمەتەی پشتێنەی عەرەبی کەوتوون.
بەراوردکردنی نەخشە نوێیەکەی پشت ئەستوور بە زانیارییە نوێیەکان لەگەڵ نەخشەکەی ساڵی ۱۹۳٥، گۆڕانکارییەکانی ئەو ناوچانەمان بە باشی نیشان دەدات. ئەوەش دەکرێت دەرخەری ئەو راستییە بێت کە سیمای ئەنجامی پرۆژەی پشتێنەی عەرەبی چۆناوچۆن بووە. بە چەشنێک کە دەبیندرێت دەوروبەری دێرک، گرکێ لەکێ، چل ئاغا، ترپەسپی و قامیشلۆ زۆر بە ئاشکرا گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە و مەودای نێوان سەریکانی و گرێ سپی بە یەکجاری لە کورد چۆل کراوە. دواتر پڕۆژەی بە عەرەب کردن بە هۆی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە تارادەیەک وەستا و دواجار شۆرشی رۆژئاڤا پێشی پێ گرت.
رووبەر و پانتای جوگرافیایی رۆژئاڤا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک
باروودۆخی دوای ئاڵۆزییەکانی بەهاری عەرەبی لە سووریا هەلێکی بۆ کورد ڕەخساند تا بتوانێت دەسەڵاتێکی خۆجێیی بۆخۆی دەستەبەربکات. لە ماوەیەکی کورتدا ناوچە کوردنشینەکانی دەوروبەری قامیشلۆ، کۆبانی و عەفرینیان کۆنترۆڵ کرد و دوای شکەستپێهێنانی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی داعش، وێڕای کۆمەڵێک هێزی میانەڕۆی عەرەبیی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریا و بە پشتیوانی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیان توانیان دەست بە سەر ناوچەیەکی بەرفراواندا بگرن. هەر ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ بە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەناوبانگە، بێجگە لە عەفرین و دەوروبەری. ڕووبەری ناوچەکە نزیک بە ٥٥ هەزار کیلومەتری چوار گۆشەیە. هەر وەک لەنەخشە نوێیەکەدا دەردەکەوێت عەرەب لە چاو کورد لە رووبەرێکی یەکجار زۆردا نیشتەجێن و بە دوای ئەواندا کورد و پێکهاتەکانی دیکەن. بەجۆرێک کە کورد تەنیا لە ١٦ لە سەدی ئەو ڕووبەرەدا ( ٩ هەزار کیلۆمەتری چوار گۆشە) نیشتەجێن و ٨٤ لەسەدیشی عەرەب و ئەوانی دیکەی لێ نیشتەجێن. واتا رووبەڕی ناوچە کوردییەکان نزیک بە ئەندازەی کۆی گشتی رووبەڕی هەر چوار شارستانی مهاباد، بۆکان، پیرانشار وسەردەشت دەبێت.
ژمارەی دانیشتوان:
بە پێی راپۆرتێک کە ڕێکخراوی سویسری بۆ یارمەتیدانی پەنابەران لە ٢٠١٩ ئەنجامی داوە و ژمارەی دانیشتوانی کورد و عەرەبیشی بە مەزندە باس کردووە، دەردەکەوێت کە ٢ ملیۆن و حەوسەد هەزار کەس لەو ناوچانەدا دەژین. لەو رێژەیە تەنیا ملیۆنێک وسەت و پەنجا و پێنج هەزار واتا ٤٣ لەسەدیان کوردن. واتا زۆرینە عەرەب و چەند لەسەدێکی کەمیشیان گرووپە ئیتنیکییەکانی دیکەن. لەو ڕاپۆرتەدا ژمارەی کورد لە چاو ئەوانی دیکە بە پێی هەر یەک لە کانتۆنەکان بەو جۆرە باس کراوە:
لە کانتۆنی جزیرە: لە حەشیمەتێکی ١ ملیۆنی، کورد ٦٠٠ هەزارە، واتە ٦٠ لەسەدی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.
لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا: لە حەشیمەتێکی ٣٠٠ هەزار کەسی، کورد ٢٧٠ هەزارە. واتە لە ٩٠ لەسەدی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.
لە کانتۆنی کۆبانی: لە حەشیمەتێکی ٢٥٠ هەزار کەسی، کورد ١٧٥ هەزارە، واتە ٧٠ لەسەدی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.
لە کانتۆنی منبج: لە حەشیمەتێکی ٤٠٠ هەزار کەسی، کورد ٦٠ هەزارە، واتە ١٥ لەسەدی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.
لە کانتۆنی رەققە و تەبقا: لە حەشیمەتێکی ٥٠٠ هەزار کەسی، کورد ٥٠ هەزارە، واتە ١٠ لەسەدی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت.
لە کانتۆنی دێرەزوور: لەو کانتۆنە بە حەشیمەتێکی ٢٥٠ هەزار کەسیییەوە وا وێدەچێت کوردی تێدا نەژی، یان ئەوەندە کەم بێت کە نەگاتە یەک لەسەدیش.
راستە کە زۆرینەی پێکهاتەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لە رابوردووشدا عەرەب بوون، بەڵام بە هۆکاری پرۆژەی تواندنەوە و ئاوارەکردنی کورد و کۆچی پێکهاتە ئایینی و ئیتنیکییەکانی دیکە بۆ ناوەندی شارەکان و دەرەوەی وڵات، ناوچە کوردییەکان بەتایبەت دەوروبەری شارە گەورەکان تووشی گۆڕانکاریی خێرا هاتوون.
جوگرافیای لێکداپچڕاوی کورد لە رۆژئاڤا، ڕووبەری بەرفراوانی ناوچە عەرەبییەکان بە گشتی و پشتێنەی عەرەبی بە تایبەتی و هەروەها میکانیزمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتە جۆراوجۆرەکان، هێز و ئیرادەیەکی لە رادەبەدەری پێویستیە تا بتوانێت ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە بگەیەنێتە ئەنجام.