ژینگەی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی پاییزی ساڵی ڕابردوو، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە. ئەگەر پێشتر دادگە و دەزگا سیخوڕییەکانی دەوڵەت ئەرکی چاودێری و بەربەرەکانییان لەگەڵ چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ئەستۆ بووبێ، ئێستا ئەم ئەرکە بە هێزە چەکدارەکان ئەسپێردراوە، هێزێک کە دوای سەرهەڵدانەکان، بە تەواوی ناوچەکەی میلیتاریزە کردووە.

گرتن، ڕاونان و ئێعدامی چالاکانی فەرهەنگی، سنفی و سیاسی، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو، ڕووی لە هەڵکشان بووە و بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٢٣ هاووڵاتیی کورد، کە یازدە کەسیان منداڵ بوون، بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت گیانیان لە دەست داوە. ئەمە بێجگە لە زیندانیکردنی دەیان کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و دوورخستنەوەی ژمارەیەکیان لە کار و پیشەکانیان.

ئەم توندوتیژییە لە بەستێنەکانی خوێندن، کاری ڕێکخراوەیی و بەگشتی ئەوەی پێی دەڵێن “کۆمەڵگەی مەدەنی”دا، ڕەنگی داوەتەوە و مامۆستایان، چالاکانی بزووتنەوە خوێندکاری و کارێکارییەکان، بەڵام لە سەرووی ئەوانیشەوە، چالاکانی بواری ناسنامەخوازی، پەلکێشی دادگەکان دەکرێن و حوکمی قورسیان بەسەردا دەسەپێندرێ.

لەگەڵ ئەمانەشدا، لە ئەنجامی سەرهەڵدانی شۆڕشگێرانەی “ژن، ژیان ئازادی”دا، چالاکانی ناوخۆی وڵات، ڕادیکاڵتر لە پێشوو، لە ژینگەی فەرهەنگی و سیاسیی کوردستاندا بەشداری دەکەن، بەڵام ئەم چالاکییە، لە ئاستی کاری ڕێکخراوەییدا لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات، لەو ئاستە بەرینەدا نەبووە و نییە. ئەحزابی سیاسی، تا ئەم ساتەش، لەسەر پڕۆژە و پلانێکی هاوبەش بۆ وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات کۆک نین.

لەم وتووێژەدا کە ماوەیەک لەوەپێش لەگەڵ  شەماڵ میرزا، دوکتۆرای کۆمەڵناسی و وانەبێژی “London School of Science and Technology”  ڕاوەستە لەسەر هەڵسوکەوتی حیزبەکان، کار و کاردانەوەکانیان، لەم سەردەمە مێژووییەدا کراوە.

 

سازدانی: ڕێنێسانس

 

تا چ ڕادەیەک لەگەڵ ئەم پرسیارەدان کە پارتییە سیاسییە کوردەکان لە بڕیاڕدانەکانیاندا لە ماوەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا تووشی هەڵەی ستراتیژیک بوون؟ و ئەگەریش تووشی ئەم هەڵەیە نەبوون، ئێستاکە سەبارەت بە داخوازییەکانی شۆڕش لە کوێ وەستاوەن و بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن؟

شەماڵ میرزا: لە ڕاستیدا بۆ چاوەدێریکردن و بەدواداچوونی هەڵەی ستراتیژیکی پارتییەکان لە سەردەمی شۆڕشی ژینا-دا پێویستە بگەڕێێنەوە سەر ئەو هۆکارانەی کە بە گشتی ڕیشەیان لەناو کاتدا داکووتراوە. ستراتیژی نەخشە و چوارچێەیەکی کردەییە و هەر کردەیەک کە ڕێکخراوەیەک یان حیزبێک دەیکات، لە ناو ئەم چوارچێوەیەدایە؛ ئەمە وەک بەڕێوەبردنی ستراتێژیک بۆ بەدواداچونی ئامانجێکی تایبەت و دابینکردنی سەرچاوە و وزەکان پێناسەی بۆ کراوە. ئەو کاتەی چوارچێوەیەکی ستراتێژیک لە ئارادا نەبێت، هەر ڕووداوێک لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی ئەو ڕێکخراوەیە یان حیزبە ڕوو ئەدات. بەڵام کاتێک چوارچێوەیەکی کردەیی بوونی هەبێت، هێزی ئامادەکاریی بۆ هەر چەشنە ئەگەرێک لە کورتمەودا دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە ئاخو ئەم چوارچێوەیە بوونی هەبوو کە پارتییە سیاسییە کوردەکان بتوانن لەم دۆخەدا، بێ دەستەوەستان بتوانن خویان و کۆمەڵگە بە رێکخراوە بکەن و بەڕێوەی ببەن؟ وەڵامەکە نا-یە و نەبوونی دەرفەت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە یەکێک لەو هەڵە گەورانە بوو کە ئەتوانین ئاماژەی پێ بکەین. هۆکارەکانی ئەمەش دەگەڕێتەوە ناو هۆکارە زەمەنییەکان و بە کورتی ئاماژەیەکیان پێدەکەم.

ساڵانێکی درێژ بوو ەپارتی سیاسییەکان لە کوردستانی ئیران، تا بەر لە شۆرشی ژن، ژیان ئازادی، لە دۆخی چاوەڕوانیدا بوون. ئەم دۆخە تا رادەیەک لە گەڵ پرۆگرامی ئەتۆمی-ناوەکی ئیران پەیوەندیی هەبوو؛ بەم واتایە کە هیواکان هاوکات لەگەڵ شکستهێنانی وتووێژەکان، بۆ دووپاتبوونەی سیناریۆی عراق لە ئێران گەشەیان دەسەند و دۆخی پێچەوانەکەشی چەشنە بێ هیواییەکی بەدی دەهێنا. لە راستیدا ئەو پارتییە سیاسییانە، ستراتیژیی خۆیان لە ستراتیژیی و بەرژەوەندیی هیزە جیهانییەکان گرێ دەدایەوە؛ هەر ئەوەش پێویستیی هەبوونی ستراتێژییەکی وەک مژارێکی ناپێویست دەخستە روو. جیا لەوەش، هەر لەم کاتانەدا و تەنیا چەن مانگ بەر لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، پارتییە سیاسییەکانی کوردستان، دوای چەند ساڵ پاسیڤبوون و تووشی دابرانبوون، لە ژێر زەختە ناوخۆییەکان، سەرقاڵی یەکگرتنەوە بوون.

ئەم پارتییانە کە ساڵانی زووتر، بە هیوای خەباتی سیاسی دەستیان لە خەباتی چەکداری هەڵگرتبوو، بەداخەوە لە پانتایی سیاسیشدا نەیانتوانی لە ئاستی کوردستان و ئیران باندۆرێکی بەرچاویان هەبێت تاکوو بتوانن توانستی ئەکتەرێکی سیاسی لە خۆیان نیشان بدەن. لەم ناوەشدا هەندێک پارتی سیاسی وەک پژاک بوون کە چالاکییەکانی خۆیان تەنیا بە کردەوەی سیاسی یان چەکداری ئاستەنگ نەکردەوە و تا رادەیەکیش توانیان مۆرکی خۆیان لەم شۆڕشە بدەن. بەڵام ئەوەش تێرکەر و قایلکەر نەبوو، بە هۆی ئەوەیکە ئامانج دەستکەوتەکانی شۆڕشە و شۆڕش تەنها ئامرازێکە بۆ دەسکەوت؛ ئەوانیش بە تەنیایی خاوەن توانستی شۆڕش و گەیشتن بە ئامانجیان نەبوو.

شەماڵ میرزا

ــ چۆن دەکرێ بە شێوەیەکی هەندێ کۆنکرێت زیانەکانی ئەم هەڵە ستراتیژی/ یان بڵێین ئەم پرشوبڵاوییە پێناسە بکەین؟

شەماڵ میرزا: بە بڕوای من، ئەم دۆخە، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان خاوەن توانست و پۆتانسیەلی گۆرانکاری سیاسی هەبوو و هەشیەتی، ئێستاکە تووشی بێهیوایی سیاسیی کردووە و ئەمەش وەک دەرەنجامی بەرێوەبردنی ناگوونجاوە. هیچ شۆڕشێک هەر لەخۆوە ناگا بە ئەنجام، تەنیا ئەوکاتەی بەڕێوەبەرانی بەهێز، ڕێکخەر و وردبینی هەبێت کە بتوانن ئەم ڕەوتە ئاراستە بکەن و بەرەو ئامانجی ببەن. بە کورتی پارتییەکانی کوردستان خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە بە چوارچێوەیەکی ستراتیژیک و توانست و ئامرازی بەڕێوەبردن نەبوون تاکوو لە دۆخی ئاوارتەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازدیدا، بتوانن وەڵامدەرەوەی بن.

پارتییە کوردەکان نە تەنها نەیانتوانی لە توانستی شۆڕشگێرانەی هەیی لە کوردستان کەڵک وەرگرن، بەڵکوو لە دەرەنجامی کردەوەکانی خۆیان، هەر ئەو دامەزراوەیەی کە خۆیان لە ساڵی ٢٠١٨ لە ژێر ناوی “ناوەندی هاوکاری” بۆ لێک نزیکبوونەوە پێکیان هێنابوو، ئەویشیان بەرەو لێکترازان برد. واتە کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لەگەڵ رەزا پەهلەوی هەڤاڵبەندیی پێهێنا و حیزبی دیموکراتیش مەیلی بەرەو رێکخراوەی موجاهیدینی خەڵق بزووت، ئەمەش هەر دەگەڕایەوە سەر سیاسەتی چاوەڕوانیی یان نەبوونی ستراتێژی؛ هەر ئەم هۆکارەش بوو ئەم پارتییانەی لە بایەخەکانی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دوور کردەوە و هەمیش لە گەلی کوردستان و تەنانەت ئیرانیش.

 

ــ بۆ دوورکەوتنەوە لەم تەنگەژە و کێماسییانە دەبوا چیان کردبایە؟

شەماڵ میرزا: بە بڕوای من دەبوا پارتییە سیاسییەکانی کوردستانی ئیران لە ئەزموونی باشوور فێرببوونایە و بەر لە هەموو شتێک بەستێنی لێکنزیکبوونەوەی نێوان پارتییەکانیان بڕەخساندایە تا لانیکەم بیانتوانیایە خۆیان ئاقارەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئاراستە بکەن. تەنانەت ئەگەر لە رابردووشدا ئەم کارەیان نەکردبوو، دەیانتوانی لەم شۆڕشە وەکوو ئامرازێک بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کەڵک وەربگرن، کەچی بەداخەوە ئەوەشیان نەکرد.

پارتییەکان دەیانتوانی بەر لەم شۆرشە یان لە کاتی شۆڕشەکەدا ناوەندێکی هاوکاریی پارتییەکان، یان دامەزراوەیەکی دیکە، بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوەی تەواوی حیزبەکان دامەزرێنن و لە بەرەوڕووبونەوە لەگەڵ دەرەوە، هاودەنگ بوونایە تاکوو هێزێکی زۆرتریان بۆ کردەی سیاسی، لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکان هەبوایە. دامەزراوەیەکی وەها هاوکات ئەو هێزەشی دەدایە ئەوان تا بتوانن ڕەوتە دێموکراتەکانی ئیرانش بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن، پاڵپشتیان لێ بکەن و ڕەوتێکی گشتی لە ئیران لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ڕێکخراوە بکەن و تەنانەت ڕێبەریشی بکەن.

بەداخەوە، لە جیاتی ئەمە، رێگایان بۆ بە پاشڤەڕۆترین ڕەوتی ئیرانی کردەوە و ئێستاکەش هەر ئەو ڕەوتەی کە خۆیان زلیان کردبۆوە، ئەمێستاکە کێشەی بۆ خۆیان ناوەتەوە. لە کاتێکدا لە کوردستان ڕەوتی شۆڕش لە بەر دەستی خەڵکەکەدا بوو، پارتییەکان لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕەوتەکانی دیکەدا تووشی سستی و لاوازی بوون. مەبەستم ئەوەیە لە سیاسەتدا نابێ لەگەڵ هیچ لایەن و ڕەوتێکدا لە پێگەی لاوازەوە مامەڵە بکرێت، جگە لەو کاتانە نەبێت کە وەک ئامرازێک لە لایەنی بەرامبەر بۆ گەیشتن بە ئامرازە سیاسییەکانی خۆت کەڵک وەرگیرێت.

 

ــ بەبۆچوونی ئێوە دەبێ چی بکرێت؟

شەماڵ میرزا: ڕەنگە تێپەڕبوونی ماوەی زیاتر لە سالێک لەو شۆڕشە و هەڵەکانی ئەم دەرەفەتمان بۆ بڕەخسێنێت کە بتوانین هەڵەکان بەرەو ئاراستەیەکی پۆزەتیڤ ببەین. لەم ماوەیەدا، سنووربەندیی سیاسیی نێوان ڕەوتەکان، پارتییەکان و گرووپە ئایدۆلۆژیکەکان و تەنانەت کەسەکانیش بیچمی گرتووە. تەنانەت هێڵی گرژییەکان رۆژ لە دوای رۆژ خەریکن زەقتر دەبنەوە. کەسەکان، پارتییەکان، کەسایەتییەکان بە پێچەوانەی سەرەتاکانی ئەم شۆڕشە کە گەرموگوڕیی شۆڕشگێرانە وای دەکرد پەردەیەک بە سەر راستییەکاندا بکێشرێت، هەموویان جێگە و پێگەی خۆیان لەناو هێڵە سیاسییەکاندا بە جوانی دەبینن؛ هەر بۆیە پێویستە ئەوانەی تووشی هەڵە بوون چیتر هەڵەکانیان دووپات نەکەنەوە و ئەوانەی هەڵەکانیان بە ئەنقەست بووە چیتر ناتوانن هەم خۆیان وەک شۆڕشگێر بناسێنن و هەمیش گرێدراوی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هاوکات لەگەڵ پاشڤەرۆکانیشدا بن.

بەم پێیە، بە دانپێدانان بە هەڵەکانی پێشوو دەکرێ بڵێێن:

دامەزراندنی مەرجعییەتێکی سیاسیی هاوبەش لە نێوان پارتییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بڕیارە گرینگەکان، لە بەرەوڕووبونەوە لەگەڵ ڕووداوەکان، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی مژارێکی حاشا هەڵنەگرە.

دامەزراندنی هێزێکی هاوبەشی سەربازی لە ژێر چاوەدێریکردنی ئەم مەرجەعە سیاسییە دەتوانێت لە دۆخی تایبەت، بەستێن بۆ بەدیهێنانی تەناهی بەدی بێنێت.

هەوڵدانی بە پەلە بۆ دروستکردنی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی- لە فۆرمی تینک تانک- هاوبەش بۆ بەرهەمهێنانی فکر وەک پێویستییەکە. ئەمە دەتوانێت پەیوەندیی نێوان دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ پارتییەکان دامەزرێنێت.

هەوڵدان بۆ دامەزران و کەڵکوەرگرتنی باشتر لە تەکنۆلۆژیا و میدیا بۆ گەشەپێدانی دەرەنجامی بڕیاردانە هاوبەشەکان پێویستییەکی ترە.

دامەزرانی کۆمیتە بە مەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ گەل، گەرموگوڕترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکان لە ئێران و تەریکخستنەوەی هێزە پاشڤەڕۆ و ملهوڕەکان.

دامەزران و ڕێکخستنی کۆمیتە و ناوەندەکان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ ناوخۆی کوردستان و ئێران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *