کۆلێکتیڤی تهوار*
پێشەکی
ئابوریی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی نەزمی نایەکسانی سەرمایەداری جیهانیدا پێکهاتووە. ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە لە هەر وڵاتێکدا بە شێوەیەکی جیاواز کاردەکات. لە ئێران کە خۆی بەشێکی پەراوێزی ئەم نەزمە جیهانیەیە، لە ناو خۆیدا زۆر پەراوێزی تریشی پێک هێناوە کە بەرهەمی سیاسەتە کۆلۆنیالیستیەکانی حکومەتی ناوەندییە. میکانیزمی کرداریی ئەم سیاسەتانە، بە پەراوێزخستنی کوردستان و داڕشتنی دابەشکردنی کولتووری کار لە ئاستێکی سەرانسەریدا، کوردستانی کردووە بە دابینکەری هێزی کاری هەرزان، کەرەستەی خاو، سامانی سروشتی لەوانە ئاو و بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ ناوەندی ئێران. ناوەند لە راستیدا هەمان بەشی پێشکەوتووتر و پیشەسازیە کە سەرمایە تێیدا کەڵەکە دەبێت و سوودی زیادکراو بەرهەم دەهێنرێت. گەشەنەکردنی کوردستان بە ئاسانی لە ئاماری ئابووریدا دەبینرێت، لەوانە بێکاریی درێژخایەن و پێکهاتەیی، زاڵبوونی ئابووریی نافەرمی، و بەرفراوان بوونی بەشی خزمەتگوزاری لە کوردستانە. بۆ نموونە، دوایین ئامارەکان دەریدەخەن کە پارێزگای کوردستان بە ڕێژەی بێکاری ١٣.٤ لە سەت بەرزترین ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا هەیە. ٦٧ لە سەتی پیشەکان لە کوردستان نافەرمی و ڕێژەی بێکاری گەنجان لەو ناوچانە دوو ئەوەندەی تێکڕای ئێرانە. بۆیە کۆچی کرێکاران لە کوردستانەوە بۆ شارە پیشەسازییەکانی ئێران بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان شتێکی باو و ئاساییە.
یەکێک لەو بوارانەی کۆچی ئابووری، کارکردنە لە کوورەخانەکان کە بە کارێکی پڕووکێنەر دادەنرێت، بەجۆرێک کە هیچ هاوسەنگی و ڕێژەیەکی لۆژیکی لەنێوان سەختی کارەکە و حەقدەستی کرێکاردا بوونی نییە. زۆربەی کات، بێبەشترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ ئەم کارە ڕادەکێشرێن، کە قەت ئەگەری جووڵەی چینایەتی و دەرچوون لە سووڕی هەژارییان پێ نادات. ئێستا ئەگەر بۆشایی جیندەری و ستەمی جیندەریش لەگەڵ ئەم پەیوەندییە نایەکسان و چەوسێنەرەوەدا رەچاو بکەین، بارودۆخی کارکردن بۆ ژنان زۆر ئەستەمتر دەبێت. زۆربەی حەشیمەتی چالاکی[1] ژنانی کورد لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، خزمەتگوزاری و کەرتی نافەرمی ئابووریدا چالاکن. بەوەشەوە، ژنانی چینە بندەستەکان زیاتر ڕوو لە کاری نافەرمی و کەم مووچە دەکەن وەکوو دەسکەنەی نۆک ، کارکردن لە باخ و کێڵگە، تەون و دروستکردنی خشت لە کوورەخانەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێکی کەم لە تێچووی ژیان دابین بکەن. لەم نێوەندەدا ژنانی کرێکار لە کارگەکانی دروستکردنی خشت، نادیارترین بەشی ژنانی کرێکاری کوردن، چونکە هەلومەرجی تایبەتی کارکردن لە کوورەخانە و دوورکەوتنەوە لە کەشوهەوای کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هەلی دیاربوونی لەوان سەندووەتەوە. تێگەیشتن لەم بۆشاییە زۆر گرنگە بۆ ڕەچاوکردنی بارودۆخی ژنانی چینە جیاوازەکان. بە مەبەستی قووڵکردنەوەی تێگەیشتنمان لە پێکەوەبوون و هاوکات بوونی چەوساندنەوەی جیندەری، نەتەوەیی و ئابووری، لەگەڵ ژمارەیەک ژن کە لە کوورەخانەکاندا کاریان کردووە قسەمان کرد و بە رەچاوکردنی هەموو سنوورداربوونێکی ماددی کە ئەم ژنانە بۆ گێڕانەوەی ئەزموونەکانیان هەیانە، ئەم راپۆرتە شیکارییە دەخەینە بەردەستی خوێنەران.
ئەزمونی ژنانی کرێکاری کورد لە کوورەخانەکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوان یەکێکن لە قوربانییە سەرەکییەکانی پەیوەندییە کۆلۆنیالیستی زاڵ لە سەر کوردستان، چونکە سیاسەتی ژێردەستەکردنی ئابووریی گەلی کورد لە شوێنی کاردا ئەوانیشی پێکاوە و لە زیانبارترین و نامرۆڤانەترین هەلوومەرجدا دەچەوسێنرێنەوە و بندەستتر دەکرێن. بێبەشبوون لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو، بارودۆخی کارکردنی ستاندارد و ئینشورانسی کۆمەڵایەتی لە تایبەتمەندییەکانی کارکردن لە کوورەخانەکانە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٦دا چوار ژنی یەک خێزان بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز لە کوورەخانەی شاری وایقان تووشی سووتانی جەستە بوون و لە ئاکامدا سۆزان عومەری منداڵی ١٤ ساڵان و شەهلا موحەممەدزادە ٣٥ ساڵان بە هۆی قووڵی برینەکانیان گیانیان لە دەستدا. لە نێو یەکتربڕیی چەوسانەوە و کۆلۆنیالیزمدا، تراجیدیای ژیانی خێزانیی سوزان تەنیا بە مردنی ئەو تەواو نەبوو، چونکە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک، باوکی سۆزان شۆڕش عومەری، لە کاتی کۆڵبەری و بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەستدا.
ئیشکردن لە کوورەخانە یەکێکە لەو کارە سەخت و زیانبەخشانەی کە گرێدراوی وەرزە و خێزان تەوەریشە. مێژووی ئیشکردنی کرێکارانی کورد لە کوورەخانەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکان (هەتاوی)، کە لەگەڵ پەرەسەندنی شارنشینی و زێدەبوونی تێچوونەکانی ژیان، داهاتی کەمی کشتوکاڵ بەشی ژیانی نەدەکرد و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بە هیوای دەستەبەرکردنی بژێوی و باشترکردنی بارودۆخی ژیان، بەرەو شارە پیشەسازییەکانی ئێران کۆچیان کرد. هەندێک لە کرێکاران لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەو کوورەخانانەی کە بەگشتی لە پەراوێزی شارە پیشەسازییە گەورەکان وەک تاران، قەزوێن و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دامەزراون، دەستیان بە کارد کرد. حەقدەست و داهاتی کرێکار لە ناو کوورەخانەکان گرێدراوی ژمارەی خشتە بەرهەم هێنراوەکانە، واتە شتێک بە ناوی لانیکەمی حەقدەست یان داهاتی نەگۆڕ لەم کارگایانەدا نییە. بۆیە هەموو ئەندامانی خێزانێک، منداڵ و پیر یان ژن و پیاو، هەموویان لە کارگەکەدا بە ئامانجی زیادکردنی داهاتی خێزانەکە قۆڵ هەڵدەماڵن بۆ ئەوەی خشتی زیاتر بەرهەم بهێنن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ژنانی کورد ڕۆڵێکی گرنگ و دیاریکەر دەگێڕن لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی خشتەکان و هەروەها بەردەوامیی چالاکییەکانی بنەماڵە لە کارگەکاندا.
کرێکارانی ئەم کوورەخانانە ڕۆژانە لە نێوان ١٠ بۆ ١٦ کاتژمێر لە ژێر خۆری سووتێنەردا بەبێ ئینشوڕانس و بەبێ گرێبەستێکی نەگۆڕ و لەگەڵ هەڵمژینی دوکەڵی گازۆیل و گەردیلەکانی گڵ لە هەوادا کاردەکەن. ئەو ژنانەی قسەمان لەگەڵ کردوون بەم شێوەیە ئاقاری ناوەوەی کارگەکان باس لێدەکەن: کارگەکان بە گشتی لە دەشتێکی گەورە کە دوورە لە ناوەندی شار و گوندەکان دامەزراون و ئیمکاناتی تەندروستی و ئاوی پاکی خواردنەوە و شوێنی گونجاویان بۆ مانەوەی خێزانەکان نییە. لە هەر کارگەیەکدا جگە لە کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی خشت، کەپرێک یان ژوورێکی بچووکە درێژایی ٩ بۆ ١٢ مەتریش بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هەموو ئەندامانی خێزانێک دروست کراوە، هەروەها تەنیا یەک سەرئاو و حەمامیش بۆ بەکارهێنانی هەمووان هەیە. زۆرجار لە هەر کارگەیەکی دروستکردنی خشتدا ٦-١٠ خێزان تەنیا بۆ ماوەی شەش مانگ جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی خاوەنکار بە ئاسانی لە ژێڕ مافی پارەی ئینشورانس و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرچێت و کرێکارەکانیش نەتوانن داوای هیچ مافێکی پەیوەندیدار بە ئینشورانس بکەن، ئەم دۆخە بە جوانی نموونەی کۆیلایەتی مۆدێرنە.
بندەستبوونی کەڵەکەبوو لە یەکتربڕی ستەمی جیندەری و چینایەتی
بەپێی ئەو شتەی ئەم ژنانە بینیویانە، لە هەر دوو کرێکاری کوورەخانە، یەکێکیان ژنە. ژنان بەزۆری لە کارگەکاندا لە بەشی “دروستکردنی قوڕ”، “قاڵب لێدان” و “قاڵب گرتن” کاردەکەن. ئەگەرچی خاوەنکار بەگشتی گرێبەستێکی زارەکی، بە واژۆی سپی و کورتخایەن لەگەڵ کرێکارەکان دەبەستێت، بەڵام ژنان لە گرێبەستەکاندا نین. ئەوان نە دەسەڵاتی گەنگەشەیان لەسەر حەقدەست هەیە، نە بەشدارن لە دیاریکردنی حەقدەستدا. هەروەها خاوەنکار تەنیا حەقدەست دەدات بە سەرپەرشتی خێزان کە بە گشتی پیاوەکانن.
گەلاوێژ دەڵێت:« ژن بە هیچ دادەنران و لە باشترین حاڵەتدا دوای تەواوکردنی کارەکانیان پارچەی قەسریێکیان بۆ دەکڕین.»
بە واتایەکی تر ژن و منداڵ بەبێ مووچە ئیش دەکەن. لە لایەکی ترەوە خراپی ئابووری خێزان لە کردەوەدا مافی بڕیاردان بۆ تەرخانکردنی داهات بە شێوەی تاکەکەسی و تایبەتی لە ژنان دەسێنێتەوە، چونکە تەنانەت ئەم داهاتە کەمەش دەبێ بۆ پێداویستییە زۆر بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی خێزان تەرخان بکرێت. لە ڕاستیدا خاوەنکار بە سڕینەوەی ژنان لە پرۆسەی تەرخانکردنی حەقدەستەکان و کردنی پیاوانی بنەماڵە بە بنەمای گرێبەستەکە، ڕاستەوخۆ پەیوەندییە پیاو-باوک سالارانەکان پتەوتر و ژنان چ لەناو خێزان و چ لە شوێنی کاردا زیاتر ملکەچ و لاواز دەکات.
شەرمین دەڵێت «کاتێک تەمەنم شەش ساڵ بوو لە کوورەخانەی دروستکردنی خشت کارم دەکرد و بۆ ماوەی ١١ ساڵ لەگەڵ بنەماڵەکەم لە کوورەخانەی وایقان و خومەینی شار کارمان کرد. ئەرکەکانم بریتی بوون لە چێشت لێنان و کۆکردنەوەی خشت و قوڕ و لەسەریەک دانانی دیوارەکان. کاتێک گەورەتر بووم، لە تەمەنی ١١ ساڵییەوە بە فەرمی بووم بە کرێکار و قاڵبم لێدەدا. ڕۆژانە چەندەها جار قاڵبی ٢٥ کیلۆم هەڵدەگرت. ڕۆژانە ٤ بۆ ٥ هەزار خشتمان بەرهەم دەهێنا.»
ئەگەرچی هەموو کرێکارانی ناو کوورەخانەکانی دروستکردنی خشت لە ژێر هەلومەرجێکی پڕووکێنەر، نەبوونی ئاسوودەیی کار، سەقامگیرنەبوونی ئابووریی، و پاک و خاوێنی نەشیاو و شوێنی مانەوەی ناستاندارددا دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام ئەو ئازار و ستەمەی کە ژن و منداڵە کرێکارەکان لەو بارودۆخانەدا تووشی دەبن، دوو هێندەیە. بەو پێیەی کە دابەشبوونی کاری جیندەری لە نێوان ژن و پیاو لە کوورەخانە هەروەک پێشترە،
«ژنان هەم لە مەیدانەکانی قاڵب لێدان و هەم لە ماڵەوە ئیش دەکەن. لە کارگەدا لەگەڵ پیاوان و لە ماڵەوە بە تەنیا، چونکە پیاوان لە ماڵەوە هیچ یارمەتی ژنانیان نەدەدا.»
دایکان و کچان هاوکات لەگەڵ ئامادەبوون لە کارگەکانی قاڵب لێدان و بەرهەمهێنانی خشت، لە ماڵەوە بە تەنیا بەرپرسی کاری بەرهەمهێنانەوەن. واتە چێشت لێنان و چاودێری کردنی منداڵە بچووکەکان و پاککردنەوەی ژوورەکان و جل شۆردنیشیان لە ئەستۆدایە.
سیما دەڵێت: «پێنجشەممە و هەینی کە ڕۆژی پشوودانی کرێکاران بوو، پیاوان دەیانتوانی پشوو بدەن. ئێمەی ژن دەبوایە ژوورەکانیان خاوێن کردایەتەوە. ئاومان نەبوو، لە لە چەندەها فەرسەخ ئەولاترەوە ئاومان دەهێنا بە سەتڵ و گۆزەڵە و جل و بەرگی هەمووانمان دەشۆرد و پینەپەڕۆمان دەکرد. لە کۆتایی حەوتەدا بۆ یەک حەوتە نانمان دەکرد. کەس گرنگی بە ژنانی دووگیان نەدەدا، دەبوو هەر لەو شوێنەدا منداڵیان بێت و ڕۆژی دواتر بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، چونکە کارەکە دوادەکەوت.»
لەم جۆرە هەلومەرجەدا، خوێنبەربوونی زۆر لە کاتی سوڕی مانگانەدا بەهۆی کاری سەخت و زیانبەخش و نەبوونی هەر جۆرە مۆڵەتێکی پشوودان لە کار لە دوای منداڵبوون و ئیش کردنی هاوکات لە کاتی دووگیانیدا، منداڵبوونی زۆر مەترسیدار لە شوێنی پیسی کارگە و دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ،هەمیشە تەندروستی جەستەیی و دەروونی ژنانی کرێکار دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە. ئەم ژنانە دەڵێن:
«لەم کارگایانە شتێک نییە بە ناوی مۆڵەتی پشووی منداڵبوون و ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونی منداڵەکە، دەگەڕێینەوە شوێنەکانی قاڵب لێدان و خشت لێدان بۆ ئەوەی ئاستی داهاتی خێزانەکە بپارێزین.»
بە واتایەکی تر، ژنانی کرێکار لە کوورەخانەکاندا هەم لەلایەن خاوەنکارەوە دەچەوسێنرێنەوە و هەم دەخرێنە ژێر ملکەچکردنی جیندەرییەوە؛ ئەوان نەک هەر لە پەیوەندییە پیاو- باوک سالارانەکانی نێو بنەماڵە ستەمیان لێ دەکرێت، بەڵکو لە هەلی خۆجیاکردنەوە لە ڕۆڵە نەریتییەکان و دابەشکردنی کاری جیندەریش بێبەشن.
«من تازەبووک بووم کاتێک لەگەڵ خێزانی هاوسەرەکەم چووینە کوورەخانە، کەمتر لە ساڵێک دوای زەماوەندەکە دووگیان بووم. زۆر قورس بوو لەوێ کار بکەم، عارەقی ڕەش و شینیامان دەردەدا. بەیانییەکی زوو هەستم بە نەخۆشی کرد بۆیە چووینە نەخۆشخانە…. بۆخۆتان سڵامەت، منداڵەکەم بە مردوویی بوو».
ئەمە ئەزمونی تاڵی کەژاڵە کە لە کۆتایی دەیەی حەفتای هەتاوی بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە کارگەکانی دروستکردنی خشت کاری کردوو.
ژیان لە بارودۆخی پاندۆلی
کارکردن لە کارگەکانی خشتدا بە کۆچێکی سەخت لە بارودۆخێکی پاندۆلی دەست پێدەکات، واتە هاتوچوونێکی بەردەوام لە نێوان دوو خاکدا وەکوو کەسێکی کۆچبەر وکەسێکی خانەخوێ. کۆچکردن بۆ کارگەیەک لە پەراوێزی دوورەدەستی شارە گەورەکان، کە کرێکارە کۆچبەرەکان دەخاتە دۆخێکی دوورخستنەوە و هەڵکنران لە شوێن، دوورخستنەوە لە بواری پەروەردەیی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی شار و گوندەکان و هەروەها هەڵکنران لە شوێنی خاک و کۆمەڵگای خۆیان.کۆمەڵگایەک کە لەوێدا تاک ،هەبوونی پەیوەندیی هەمەلایەنەی نێوان گروپ و خێزان وەک هەر بوونەوەرێکی تر،هەستی ڕەزامەندی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پێ دەبەخشێت. یەکێک لە دەرەنجامە هەرە گرنگەکانی ئەم دوورخستنەوەیە، کەوتنە ناو بازنەی بێبەش بوون لە خوێندن و نەخوێندەواری بۆ ئەم ژن و منداڵانەیە؛ لە هەلوومەرجێکدا کە خوێندەواری یارمەتی ژنانی داوە بۆ جیابوونەوە لە پەیوەندییە سەرکوتکەر و نایەکسانە جیندەرییەکان و سەربەخۆیی ئابوورییان.
شەرمین سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: «باوکم بەهۆی کارکردن لە کوورەخانە ڕێگەی پێنەدام بخوێنم و خوێندەوار بم، نەک تەنها من بەڵکو هەموو کچەکان بەو شێوەیە بوون.»
بۆ زۆرێک لەو ژنانە، گۆڕینی ساڵانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی و درێژەدان بە ژیان، رادەیەک لە ناسەقامگیری دەروونی بەشوێنەوەیە. ئەم ژنانە، کە پێشتر هەموو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییان لە ژێر کاریگەری شوێنی ژیانیان بووە و سنووردار بووە بەو ژینگەیە، لەناکاو لە کۆمەڵگاکەیان جیا دەبنەوە و پەیوەندیان لەگەڵ هاوڕێ و خزمەکانیان لەدەست دەدەن. لە لایەکی ترەوە وەک کۆچبەر، دەچنە ناو جێگایەکەوە کە شوناسی پێشوویان بە فەرمی ناناسێت، چون تەنیا وەکوو کرێکارێک دەبینرێن کە ئامادەن بە هەرزانترین نرخ، هێزی کاری خۆیان بفرۆشن. لەم ژیانە پاندۆلییەدا، شەش مانگ جارێک شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانەکە دەگۆڕدرێت، کەواتە ئەوان دەرفەتی دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نوێیان لە شوێنی نامۆ و هەروەها چاککردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لاوازبووەکانی زێدی خۆیان نییە. نەمام، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵ کە لە یەکێک لە گوندەکانی بۆکان دەژی، بەم شێوەیە باسی ئەم دۆخە دەکات:
«بە هیچ شێوەیەک هیچ هەواڵێک نەبوو کاتێک چووینە ئەوێ. ئەگەر زەماوەند بوو، ماتەمینی بوو، ئێمە لە خێزانەکەماندا هیچمان لەو بارەیەوە نەدەزانی. زۆر بیری خێزانەکەم دەکرد؛ بیری چوونم بۆ باخ و بێستان لەگەڵ کچانی خزممان لە هاویندا.»
نەمام لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت:
«هەندێکجار کەلوپەلیان لە شارەوە دەهێنا ئەگەر پێویستمان بە کڕینی شتێک بوو. ئێمە کە زمانی ئەوانمان نەدەزانی، هەر تەنیا سەیرمان دەکرد. تەنانەت کاتێک لە بیمەوە هاتبوون، سەرەتا تێنەگەیشتین چی دەڵێن. لەگەڵ خاوەنکار و ئەو پیاوانەی فارسی یان تورکیان دەزانی قسەیان دەکرد. خاوەنکارەکە دەیوت داهاتەکەتان کەم دەبێتەوە ئەگەر خۆتان بیمە بکەن. ئێمەیش خۆ داهاتی زیاترمان دەویست.»
بێ گومان ژنان لە دەڤەری دوورەدەستی کوورەخانەکان، سەرەڕای هەبوونی ئەزموونی چەوساندنەوە و بندەستی، لەلایەن خاوەنکار و هەروەها کرێکارانی پیاوەوە رووبەڕووی ئازاردانی جنسیش دەبنەوە. لەم نێوەندەدا هەڕەشەی دەرکردنی خێزانەکە دەبێتە هۆکارێکی گوشارخستنە سەر ژنان لەلایەن خاوەنکار و ئەوان ناچار دەکات لە بەرامبەر ئازاردانی جنسی یان تەنانەت دەستدرێژی جنسی خاوەنکارەکانیانەوە بێدەنگ بن. ژنان خۆیان لە دۆخێکدا دەبیننەوە کە دەبێت زۆر کاربکەن بۆ دابینکردنی بژێوی بنەماڵە و بەرگەی گوشارەکانی خاوەنکاریش بگرن، بۆ ئەوەی “رێز و شەرەف”ی خێزانەکە بپارێزرێت. دووڕیانێک کە هەر چۆنێک بێت، دەبێتە هۆی لۆمەکردنی ژنان و قسە و باس لە پشتیانەوە. ئەم دۆخە لە ڕووی دەروونییەوە ژنان زۆر لاواز دەکات و توندوتیژی دەکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیان و کاریان. بەم شێوەیە بۆ زۆرێک لەو ژنانە ئەزموونی کارکردن لە کوورەخانەکان، وەبیرهێنەری ئاوارەبوونی زۆرەملێ، لە مرۆڤایەتی خستن، کێشەی دەروونی، دڵەڕاوکێی بەربڵاو، خەمۆکی، ستەملێکراویی، سووکایەتیی، توڕەیی و ناچاربوون بە بێدەنگییە. بێ گومان بەبێ ڕەچاوکردن و تێگەیشتن لەم جۆرە بارودۆخی بندەست کردنە کە لە بەرزترین ئاستی خۆیدا ستەمی جیندەری، نەتەوەیی و چینایەتی بەرهەم دەهێنێت، هێشتا مەودایەکی زۆرمان تا بەدیهاتنی ئازادی و یەکسانی هەیە.
[1] Active population
* ئەم وتارە بەرهەمی “کۆلێکتیڤی تەوار”ـە کە کۆلێکتیڤێکی فێمێنیستیی کوردە و لە گۆشەنیگای چەپ و فێمێنیستییەوە ئاوڕ لە پرسە گشتییەکان و بەتایبەت پرسەکانی پێوەندیدار بە ژنانی کوردستان دەداتەوە. کۆلێکتیڤی تەوار لەلاپەڕەکانیاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەمجۆرە خۆیان پێناسە کردووە:
شۆڕشی ژینا، هەموو ئێمە جەستە پڕ لە تووڕەیی و دابڕاوەکانی کۆکردووەتەوە کە ساڵانێکە شایەتی ئازاری زۆر و بەرخۆدانی تاکەکەسیمان بووین و زور جار بە مشتێکی گرژەوە لە شەقامەکاندا بۆ ڕزگاری دەنگمان هەڵبڕیوە. ئێمە بووین بە کۆمەڵێک کە چیتر ناتوانێت بۆ پێش ئەم ڕووداوە مێژووییە بگەڕێتەوە و بڕیاری داوە وەک زۆرێک لە ژنان “ئەم دیلانە بەر نەدات”. ئێمە کۆمەڵێک ژنی فێمینیستی کوردی دانیشتووی دیاسپۆراین کە وەک زۆرێک لە هاوچارەنووسەکانمان، لە بەرخۆدانی کوردستان لە شۆڕشی ١٣٥٧ وانەی خۆڕاگری فێر بووین، بە تێپەڕینی کات ئەو میراتەمان لە باوەش گرت و لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاڤاش، ئیرادەمان بۆ بەدیهێنانی بیرۆکە ڕزگارکەرەکان بەهێزتر بوو؛ ڕاپەڕینی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ توانی ئێمە بە پەراوێزخراوەکانی ترەوە ببەستێتەوە و ئێستاکەش شۆڕشی ژینا زیاتر لە جاران پێویستیی ڕێکخستن و ڕێکخراوبوونی لە ئاستە جیاوازەکاندا بە بیر هێناینەوە.
ئێستا ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر لە پێویستیی بەهێزکردنی دەنگە پێشکەوتووخوازەکان لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان تێدەگەین و هەر بۆیەش وەک گرووپێکی سەربەخۆ کە پەیوەندیمان بە هیچ حزب و ڕێکخراوێکەوە نییە، بڕیارمان داوە ئەم ڕێگەیە بگرینەبەر. بۆ ئێمە شۆڕشی سیاسی بەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و گۆڕینی ئەو پێکهاتە و باوەڕە ڕەقانەی کە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتەی پیاوسالاری، پڕۆسەیەکی ناتەواوە کە مەرج نییە ببێتە هۆی ڕزگاریی ژنان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئێمە بەشێک لە ئەرکەکانی خۆمان بە بەرەنگاربوونەوەی بیر و کردەوە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی پێکەوەناسینەوە و پێناسەکردنەوەیان دەزانین کە سەرتاپای ژیانی ڕۆژەڤی ژنانی کوردستانی تەنیوە.
ئێمە پێمانوایە حکوومەتە پاوانخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بەرهەمی سەرمایەداریی تێکەڵ بە ئیمپریالیزم و ئیسلامی سیاسیین؛ ئەو پێکهاتە پیاوسالارییانەی کە ئێمە لە پێگەیەکی پەراوێز و بندەست دادەنێن. بەڵام ئەم پێگە پەراوێزخراوە لە هەمانکاتدا ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە چەوساندنەوەیەکیشی بە ئێمە بەخشیوە؛ تەنانەت ئەگەر ئێمە خۆمان ڕاستەوخۆ قوربانیی نەبین. ئێمە هەروەها هاودەنگی لەگەڵ گرووپە پەراوێزخراوەکانی دیکە بە ڕەمزی سەرکەوتنمان دەزانین و لەم ڕێگەیەدا سنوورێکی ڕوونمان لەگەڵ فێمینیزمی ناوەندگەرا یان لیبڕاڵ و ناسیۆنالیزمی پاکتاوکەر (ڕاست و چەپ) هەیە.
ئێمە ناوی “تەوار”مان بۆ خۆمان هەڵبژاردووە کە نازناوی “مەستوورە شەهسەواری”یە، یەکێک لە پێشەنگانی ژنانی تێکۆشەری کورد کە لە دوای شۆڕشی ۱۳۵۷ لە کوردستان لەسێدارە درا، بۆ ئەوەی بە میراتی خەباتگێڕانەی ژنانی وەک ئەو وەفادار بمێنینەوە و پەیوەندی مێژووییمان لەگەڵ ساڵەها بەرخۆدانی خوشکەکانمان لە کوردستاندا زیندوو ڕاگرین. ئێمە وەک کۆلێکتیڤی تەوار بڕیارمان داوە لە ڕوانگەی فێمینیستییەوە مژار و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان هاوار بکەین و ڕەنگدانەوەی ئازار و بەرخۆدانی ژنان و مرۆڤە کوئییرەکانی ناو کۆمەڵگەکەمان بین، کە سات بە ساتی ژیانیان لە شەڕ لەگەڵ نایەکسانی و ستەمدا تێدەپەڕێت و لە جەغزێکی بێکۆتاییدا لە بەرەنگاریی ڕۆژانەدا دەسووڕێتەوە. هیوادارین دەستێکی زۆر بە هانای ئێمەوە بێت.