سۆران محەممەدی
نووسراوەکان، بە تایبەت ئەو بابەتانەی لە ناو دەقی کۆمەڵگە سیاسییە سەقامنەگرتوو- لێکترازاو یان جەمسەربەندیکراوەکانەوە دەنووسرێن، لەلایەکەوە کاریگەریی ناڕاستەخۆ، دەرئەنجامی سیاسیی چاوەڕواننەکراو و ئاقاری دیارینەکراویان بۆ تەنینەوەی توندوتیژی لە ناو کۆمەڵگەدا لێ دەبێتەوە، لەلایەکی دیکەوە هەستیاریی زۆرتر بۆ لای خۆیان ڕادەکێشین؛ بە تایبەت ئەو کاتەی دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکان یان ئاقارە نەبینراوەکان، ڕەنگ بێت ببنە مایەی شڵەژانی کۆمەڵگە لێکترازاوەکە؛ یان ئەگەری کەڵکوەرگرتنی هێزی داگیرکەریان لێ بکەوێتەوە.
لەبەرچاوگرتنی ئەم هەستیارییانە وا دەکات نووسەر یان هەر کەسێک کە دێتە ناو ساحەی گشتییەوە، بە گەڕانەوە بۆ دۆخی تایبەتی خۆی، وەک ڕاستوێژی لە ئاست حەقیقەتدا (پارێزیا/(parrēsia لە هەڵبژاردنی وشەکان، ڕیتۆریک، شێوازی دەربڕینی ئارگیۆمێنتەکان و ئەو ئامانجانەدا کە (نا)ڕاستەوخۆ دەیانپێکێت، ئەوپەڕی هەستیاری نیشان بدات. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت نووسەری پرۆفیسیۆنال، ڕووناکبیر یان ئاکادیمیسیەنی بەرپرس، بەپێی ئەو پێگەیەی بۆ خۆی دەسنیشانی کردووە، بە مەبەستی ڕاستوێژی لە ئاست حەقیقەتدا، بەپێی وێناکردنی دۆخی خۆی وەک کەسێکی دەرەوەی ڕووداو- مژار/ سوبژێکتی ڕەخنە و لە هەمبەر ڕەخنەلێگیراودا، وەک ڕووداو یان سوبژێکت، جیاوازی دابنێت و بۆ رەچاوکردنی پرەنسیپەکانی پارێزیا، پێگەی خوی جارناجار بگۆڕێت و لە دەلاقەی ئەویشەوە، واتە بەپێی لۆژیکی پێگە-کردە، سەیری ڕووداو بکات، تاکوو لە ئاکام و لێکەوتەی دەربڕینەکەی خۆیدا، ڕاستوێژیی خۆی لە ئاست حەقیقەتدا بپارێزێت.
زیاتر لە ساڵێکە کاک کەمال سولەیمانی، وەک ئەکادیمیسیەن، فیگورێکی ناو مەسمیدیا، کوردێکی دڵسۆز و ڕوناکبیرێک کە بە تەرکیزکردن و نووسین لە سەر کوردایەتی و چەمکی ساورێنتی، هەوڵی ئاشکراکردن/ پەردەهەڵماڵین لە چەواشەکاری/ خیانەتەکانی بەڕێز عەبدولڵا ئۆجالان بە کوردایەتی و هەڵخەڵەتاندنی لاوانی کورد دەدات. ئەو دەڵێت هەوڵی داوە ڕووی ڕاستەقینە و چەواشەکارانەی ئەم بزووتنەوەیە و ڕێبەرەکەی بخاتە ژێر تیشکی ڕوونکردنەوە و ڕەخنەوە.
هەروەها لە درێژەی هەوڵەکانی و لەم دواییانەدا، بە ورووژاندانی باسێک لەسەر لێدوانێکی ی.ر.ک سەبارەت بە هۆشداریدان بەو کەسانەی بە ناوی جۆراوجۆر، بەڵام وەک سیخۆڕ، دەچنە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانەوە، هەمدیسان داکۆکی لە سەر بانگەشەی هاوکاریی «پەکەکە و کۆماری ئیسلامی ئێران»، بە «چەتە و مافیا نیشاندان»ی ئەو پارتییە و وێکچواندنی فەرماندەکانی پەکەکە و ئەمیرەکانی! [داعش] کردەوە و زۆر هەڵوێستی دیکەی لەم چەشنەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوکدا بڵاو کردووەتەوە.
لێکەوتەکانی ئەم دەربڕینە کاتێک زیاتر دەنگی دایەوە کە دوابەدوای نامەیەکی بۆ ڕێکخراوەی MESA و کوردیش ستادیزگرووپ (KSN)، بانگەشەی هەڕەشەلێکران و زەروورەتی دابینکردنی ئاسایشی خۆی وەک کەسێکی ژێرمەترسی بڵاو کردەوە و هەوڵی دا سیمای بزووتنەوەی پەکەکە و پەژاک وەک خۆی دەڵێت ” بە ئێتنێک کورد”، لە لای ئاکادیمیسیەنە بیانییەکانیش ڕەش بکات.
لەم یادداشتەدا -سەرەڕای هەوڵدانم بۆ کۆرتکردنەوەی هەندێک تێبینی کە نەشکرا- بە ئاوڕدانەوە لە تەنها چەند پۆستی فەیسبوکی، بەبێ پێداگرتنی جیدی لەسەر نامیلکەکەی ساڵی ڕابردووی لەسەر عەبدولڵا ئۆجاڵان و کەجەکە، هەوڵ دەدەم بە پێی چەمکی پارێزیا هەندێک سەرنجی گشتی لە سەر میتۆدی نووسراوەکان، زمانی چەواشەکارانە، شێواندنی بەئەنقەست یان دەرهاویشتن لە ناودەقی سیاسی-زەمەنی، پێشکەش بکەم و دواجار، دەرئەنجام یان ئاڕاستەی وتەکانی دەسنیشان بکەم. لە کۆتاییشدا، بەبێ ئەوەی بڕۆمە سەر بازدان و خۆدزینەوەی کاک کەمال لە وەڵامدانەوەی گومانەکان لەمەڕ پێشینەی ئەندامبوونی لە ناو گرووپێکی تیرۆریستی-ئیسلامیدا، واتە «سازمان موحدین آزادیخواە ایران»، سماء، کە ساڵانی ١٣٧٠-٧١ پەیوەست بووە بە ڕیزەکانیەوە، هەروەها دەنگۆی بەدەستەوەدانی کەسێکی ئەندامی ئەو رێکخراوەیە و دەنگۆی دەستپیسیی ئابووری (ی لەو کاتەدا) کە وەک بەڵگە لە بەردەستن، لە سەر هەندێک خاڵ ڕاوەستە بکەم.
دیارە مەبەست لە نووسینی ئەم یادداشتە نە بەرگریکردنە لە پارتی کرێکارانی کوردستان یان پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و نە هێرشکردنیشە بۆ سەر کاک کەمال؛ پارتی کرێکارانی کوردستان و پژاک خۆیان بە هەزاران و سەدان ئەندام و لایەنگریان هەیە و مافی خۆیانە و دەشتوانن بەپێی ئایدیۆلۆژی و کردەی سیاسیی خۆیان، بەو داکیۆمێنتانەی لە بەردەستیانە وەڵامی بانگەشەکانی کاک کەمال بدەنەوە.
مەبەست لە نووسینی ئەم یادداشتە، زیاتر ئاماژەکردنە بە هەندێک هەڵەی وەرگێڕان، شێواندنی بەمەبەست یان ڕژاندنی بوغز و ڕقی بەئەنقەست لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانێکی نەشیاوەوە ئاڕاستەی دەکات، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە ئەو وەک کەسێک کە بانگەشەی ئەکادیمیکبوون دەکات، پێوەرەکانی ئەخلاقی زانستی دەشێوێنێت.
گرینگیی ئاماژەکردن بەم بابەتە لەوەدایە کە دەمامکی ئەکادیمیکبوون، دەتوانێت لە سەر نەوەی نوێ، کە ڕەنگە ئاگاداریی کەمتریان لە چۆنیەتیی ڕەوتی ڕووداوەکانی کوردستان هەبێت، تۆوی نەفرەتێکی درۆیین بچێنێت و ژینگە و کولتوری سیاسیی کوردی، لەوەی کە هەیە زیاتر تووشی داڕمان بکات.
دیارە نووسەر ئاگاداری ئەوەش هەیە کە لەم گەمەیەدا هەندێک لە هاوڕێیانی کاک کەمال (نا)ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی لێدەکەن یان هانی دەدەن و خۆیان لە پشتییەوە دەشارنەوە. هەر بۆیە ئەم نووسراوەیە ڕووی لە کاک کەمال نییە، بەڵکوو لە پێناو پاراستنی ڕاستوێژیدا و بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سیاسیی ئەخلاقییانە، بەردەنگەکەی توێژی خوێندەوار و نەوەی نوێی کوردە، تاکوو ئاسۆ سیاسییەکانی دواڕۆژی ئەم شەڕەی بە هەناسەسواری و بە دوور لە چوارچێوە ئەکادیمییەکان دەستی پێ کردووە -چونکە بەم ناوە بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە- ڕوونتر دەر بکەوێت.
بەم پێیە، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی چوارچێوەی باسەکە و ئەو دۆخەی بکرێت تەعبیر لە پێگەی کاک کەمال و لایەنگرانی بکات، لە یەکەم هەنگاودا بە چەند پەڕەگرافێک لە سەر چەمکی پارێزیا چڕ دەبمەوە، دواتر ئاوڕێکی کورت لە چەند نووسراوەیەکی کورتی فەیسبوکیی دەدەمەوە- کە دەتوانێت کەموزۆر تەعبیر لە کۆی ئارگیۆمێنتی کارەکانی بکات- لە کۆتاییشدا بە پێی دەرئەنجامە شیمانەکراوەکان لە دۆخی ئێستاکەی کوردستاندا، هەڵوێستی خۆم دەسنیشان دەکەم.
پارێزیا و پێگەی نووسەر/ ڕووناکبیر
پارێزیا وەک بوێری بۆ دەربڕینی حەقیقەت یان ڕاشکاوانەوتنی ڕاستییەکان(Dire-Vrai) ، یان دەربڕینی بێپەردە و بێترسی حەقیقەت (Franc-Parler)، دیاردە/چەمکێکی سەردەمی مۆدێرن نییە. لەگەڵ هەردوو چەمکی ئیزۆنۆمیا (isonomia/ مافی یەکسان لە ئاست یاسادا) و ئیزیگۆریا ( isēgoria/ مافی یەکسانی ئاخاوتن لە ئەنجومەنی هاووڵاتیاندا)، لە دیمۆکراسیی ئاتێنەوە سەرچاوەی گرتووە و وەک تایبەتمەندیی کەسایەتیی ڕوناکبیر، لە سەردەمی مۆدێڕنیشدا بەرهەم هاتووەتەوە. لە سەر ئەم بنەمایە، لە ئاتێن تەنیا بەشێکی دەسنیشانکراو لە هاووڵاتیان، واتە ئەوانەی لە واڵاترین ئاستدا (prōton zugon) بوون و خاوەنی بەرزترین تایبەتمەندییە تاکەکەسی و ئەخلاقییەکان بوون، لە کردەوەدا مافی ئاخاوتنیان لە ئەنجومەنەکاندا پێ دەبەخشرا. واتە بوونی پێگەی پارێزیا تەنیا بۆ هەندێک کەسی تایبەت تەرخان کرابوو تاکوو ئەمانە لە ڕێگەی گەمەیەکی ئاگۆنیستییەوە بتوانن بە کردەی پارێزیایی، داهاتووی شار بگرنە دەست خۆیان.
لەو مۆدێلەدا، گەمەی حەقیقەت چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەبژێرە ڕاستەقینەکان. بەڵام ئەم دۆخە دژاوز/پارادۆکسیکال بوو؛ واتە لەلایەک هەموو کەسێک دەیتوانی قسە بکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەموو کەسێک لە کردەوەدا ئەو مافەی نەبوو. لەم شێوازە دیموکراسییە ڕاستەوخۆیەدا، دیموکراسی و پارێزیا پەیوەندییەکی پارادۆکسیان هەبوو. واتە حەقیقەتوێژی یان ڕاستوێژیی ئاگۆنیستی (پارێزیا) تەنیا لە دووتوێی یەکسانی لە گەمەی دیموکراتیکدا و بە شێوازی فۆرمال دەرفەتی بۆ دەڕەخسا، بەڵام هاوکات بەپێی ئەوەی کە پارێزیا چەمکی دەستەبژێربوونی دەهێنایە ناو دیموکراسییەوە کە لەگەڵ پێکهاتەی یەکسانخوازانەیدا جیاوازیی هەبوو، وەک مەترسییەک بۆ دیموکراسییش چاوی لێ دەکرا. هاوکات ناکۆکبوونەکەشی لەوەدا بوو کە دیموکراسی بەبێ پارێزیا نەیدەتوانی خۆی بەرهەم بێنێتەوە. واتە گەمەی ئاگۆنیستیی ڕاستوێژی، ئەو دەرفەتەی بۆ دەستەبژێری سیاسیی ڕاستەقینە دەڕەخساند تاکوو بەرپرسیارێتی بگرێتە دەست خۆی.
وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی “پارێزیابوون” بەڵام مەترسیداریش بوو، لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خوازیاری ئەم ڕۆڵە بووایە، دەبوا وتەی خۆی ئەوەندە گرینگ و نزیک لە حەقیقەت زانیبایە کە مەترسییەکانی شاربەدەرکردن (Ostracism) یان تەنانەت مەرگیشی لە بەرچاو گرتبایە. ئەوە لە ناخی خۆیدا پیوانەیەکی گرینگ بوو بۆ بەرپرسیاربوون لە سەر وتە یان دەربڕینێک لە پێناو ڕاستوێژیدا.
کێشەکانی ئەم ڕەوتە لە ئاتێن، بە تایبەت دوای مەرگی پریکلێس، زەق بوونەوە؛ لەلایەکەوە دیموکراسی بەبێ پارێزیا نەیدەتوانی بوونی هەبێت و لەلایەکی دیکەشەوە، دیموکراسی دەبوو بە هۆکاری وەدیارکەوتنی پارێزیای دزێو. چونکە دامەزراوەی دیموکراسی وای دەکرد کەسانێک بە دەمامکی ڕاستوێژیی درۆیین یان ماستاوکردن یان مەراییکردن، بە هۆی کەسانێکی زمانلووسەوە بێنە ناو ئەم گۆڕەپانە.
ئەم پێناسەیە لە پارێزیا، بە هۆی فۆرمی دیموکراسی لە سەردەمی یۆنانی کۆندا، لایەنی دیکەشی هەبوو؛ ئەفلاتۆن پێیوابوو تا ئەو کاتەی شا-فیلسووفەکان نەتوانن فەلسەفەیەکی ڕاستەقینە بۆ هێزی دەسەڵاتدار و دەوڵەتەکان دابین بکەن، مرۆڤەکان ناتوانن لە دزێوی و شەڕانگیزییەکان دەربازیان بێت. بۆیە چەمکی پارێزیا لە بەڵگاندنەکانی ئەفلاتۆندا، چڕبوونەوە لە سەر خود، یان پێکهێنانی جۆرە پەیوەندییەکی ڕاستوێژانەی لەگەڵ خود-ی بە خۆوە بینی. فۆکۆ لە سەر بنەمای ڕاڤەی وتەکانی سوکرات، ئەفلاتۆن و ئەرەستوو، پێیوایە لێرەدا دەکرێت کێشە و ململانێیەک بۆ قۆڕخکردنی پارێزیا لە نێوان فەلسەفە و ریتۆریادا ببینرێت. ریتۆریا، «تەخنە»یە، (لێزانی/مهارت)، هەر بۆیە سوکرات خۆی وەک مرۆڤی ڕاستوێژی «بێ_تەخنە» دەناسێنێت. بەم پێیە، لە کاتێکدا زمانی خیتابە بۆ کاریگەریدانان لە سەر بەردەنگە، پارێزیای فەلسەفی درکاندنی بێپێچوپەنای شتێکە کە وتەبێژەکە پێی وایە خودی حەقیقەتە.
هەر بۆیە بەپێی فۆکۆ، پارێزیای فەلسەفی بەرەو ئاڕاستەیەکی ئەخلاقی و لە سەرووی ئەویشەوە دەڕوات؛ ئەو پارێزیایە، وەک شێوەژیانی سوکرات خۆی، گوێگرتن و بیستنی دەنگی هەموو لایەنەکانە. تێگەیشتن لە پەروەردەکردنی خود، مەرجدارە بەوەی کە ئایا خود لە بەربەستەکانی زانین، لە نەزانینەکانی خۆی، ئاگادارە یان نا؟ دەتوانێ ژیانێکی بەدوور لە دەمارگرژیی هەبێت یان نا؟ بۆیە پارێزیا لەم ڕەهەندەدا دوو واتای لێ دەبێتەوە؛ وریای خۆت بیت و بە کەسانی تریش بڵێیت وریای خۆیان بن. هەر بۆیە هەڵگری حەقیقەتبوون و بانگەشەی پارێزیا، بەو واتایە نییە کەسەکە خۆی بانگەشەی ئەوە بکات کە حەقیقەت دەدرکێنێت و ئامۆژگاری دەدات، بەڵکوو بکەری حەقیقەتبوون لە شێوەی ژیانکردندایە. واتە جۆرێک لە ژیانی ڕازێنراوەیە بە هارمۆنیای نەرمونیانی، بوێری، ئاوەز و دادپەروەری.
بەم وەرچەرخانە و بە مەبەستی نیشاندانی مەترسییەکانی ڕووەو دواڕۆژ، شوێنی ڕاستوێژی لە ēkklēsiaدا بەرەو مرۆڤایەتی/ مرۆڤبوون، بەرەو چاودێریکردن/ چاودێربوون دەروات. بۆیە ژیان تەنیا ژیانکردن نییە بەپێی پڕەنسیپەکان، بەڵکوو bios خۆی وەک حەقیقەت دەردەکەوێت. واتە حەقیقەت زیاتر لەوەی ڕاستوێژی بێت، ژیانکردنێکی ڕاستوێژانە دەبێت و ژیانکردن لە askēsis، ڕووتبوونەوە، وەک مومارەسەیەکی ئەخلاقیی ژیانکردن دەردەکەوێت. بۆ ئەو کەسەی بانگەشەی درکاندنی حەقیقەت و پەردەهەڵماڵین لە سەر درۆ، چەواشەکاری و خیانەت دەکات، تەنیا ئەو گۆشەنیگایە بۆ ژیانە کە بوێری دەداتە شێوەژیانێک بۆ حکومەتکردن لە سەر خود.
ئێکلێزیا
لە سەردەمی ئێستاکەدا هەموو کەسێک ئەو مافەی هەیە بەپێی بیروبۆچوون و پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا، لە پلەتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان یان ژۆرناڵەکاندا دەنگی خۆی سەبارەت بە دیاردە جۆراوجۆرەکان هەڵبڕیت؛ بە تایبەت ئەگەر لە دەرەوەی کوردستان بێت و کێشەی ئەمنییەتیشی نەبێت.
دیارە ئەو کەسانەی خاوەن پسپۆڕییەک بن، ئەو مافەیان دەبێ لە پێگەی prōton zugon ـەوە بدوێن. بەڵام سەرەڕای ئەوەی سەردەمی یۆنانی کۆن نییە، دەکرێت ئەو کەسانە لە دەرئەنجامی قسەکانیان یان بڕیاردانەکانیاندا تووشی مەترسیەکانی شاربەدەرکردن (Ostracism) یان تەنانەت مەرگ- نەک جەستەیی بەڵکوو ژیانی فیکری-یش ببنەوە. بۆیە قسە و لێدوان وەک کەسایەتییەکی خاوەن پێگەی prōton zugon لە ساحەی گشتیدا، بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆی دێنێت.
لە ٢٢ی مانگی مەیی ٢٠٢٢، هێنری کۆڵبۆڕن-ی ئانترۆپۆلۆژیست و مێژووناسی هونەر، لە وێبلاگەکەی خۆیدا ناڕەحەتی و ناڕەزایەتیی خۆی لەمەڕ بڵاوکردنەوەی وتارێک لە ژۆرناڵی «Current Anthropology»دا دەربڕی. ئەو لە وتارەکەیدا باسی لە تێگەیشتنی چەوت لە فەکتەکانی وتارێک کردبوو کە نووسەر(ەکان) لە لاپەرەی ١٩١-ی وتارەکەدا ئیمپراتۆریای هەخامەنیشییان وەک ئیمپراتوریایەکی یەکپارچە لە قەڵەم دابوو. کەچی بە وتەی کۆڵبۆڕن و مێژوویش، هەخامەنێشییەکان قەت ئیمپراتۆریایەکی یەکپارچەیان پێکنەهێنابوو. هەروەها کۆڵبۆرن ئاماژەی بەوە کردبوو کە نووسەرەکان بەردەنووسی کەعبەی زەرتوشت-یان وەک ئاسەواری سەردەمی هەخامەنیشی دەستنیشان کردووە. کەچی ئەمە لە سەرجەم کتێبە پێوەندیدارەکاندا بەم ئیمپڕاتۆرییەتەوە، وەک ئاسەواری سەردەمی ساسانییەکان ئاماژەی پێکراوە. لە بەردەوامیی ئەم گازندەیە لە ژۆرناڵەکە، کۆڵبۆرن ئاماژەی بە چەند هەڵەی فاکتیی دیکەش بۆ ئەو بەڵگاندنە کردبوو کە وتارەکە لە سەر بنەمای ئەو فاکتانە نووسرابوو، وەک زمانی ئیداریی ئەو سەردەمە و ماوەی دەسەڵاتداریی ئەشکانییەکان. وەک هەموو کەسێکی پروفیسیونال، کۆڵبۆرن بە ئاماژەیەکی کورت بۆ نەزانینی جیاوازیی نێوان ناسیونالیزمی مۆدێرن و کۆن لەلایەن نووسەرانی وتارەکەوە، تەنها ژورناڵەکەی لۆمە کردبوو، ئەویش لە بەر ئەوەی کە نەیتوانیوە دادوەرێکی لێهاتوو بۆ بڕیاردان لەسەر ئاوا وتار و نووسینێک بدۆزێتەوە.
لە ٢٧ی ئەگۆستی ٢٠٢٢دا، مەسمیدیای «قەندیل پرێس»، یادداشتیکی شەماڵ بەشیریی لەمەڕ ئەو هەڵە فاکتییانە بە تێهەڵکێشێکی سیاسی بڵاو کردەوە. دواتر ئەم بابەتە وەک هەموو دەمەتەقەکانی تری مەسمیدیای کوردی، لەلایەن کەمال سولەیمانییەوە بە لاڕێدا برا و خرایە ئاقاری بەرەی مقاومەتەوە؛ وەڵامی پرسیارەکەش لەمەڕ چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو هەڵە فەکتییە لە وتارەکەدا هەر نەدرایەوە.
ئەم تێڕوانینەی کۆڵبرۆن سەبارەت بە نەزانینی جیاوازیی نێوان ناسیۆنالیزمی مۆدێرن و کۆن، یان پێداگریی نووسەر(ان) لە سەر میتۆدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی، ڕەنگە بتوانێت دەلاقەیەک بکاتەوە ڕووەو هەڵسەنگاندنی نووسراوەکانی یەک لە نووسەرانی ئەو وتارە (کەمال سولەیمانی) لە فەیسبووک، هەروەها تێنەگەیشتنی لە مەودای زەمەنیی ڕووداوەکان، لەبەرچاونەگرتنی دەق و ناودەق و بەستێنی سیاسی-کۆمەڵایەتی و لە ئاکامدا هەڵە شیکارییەکانی. بەڵام ئەو هەڵ(ان)ـە هەر بەو پێوانەیە موتوربە ناکرێن؛ بەڵکوو بە هۆی ئەوەی تێکەڵاوە بە نەفرەت و قینێکی ئاشکرا و پشووسوارییەکی کەموێنە و پێداگری لەسەر قینڕشتن و وەڵامنەدانەوەی بەردەنگەکان، دەکرێت ئاوڕی زیاتری لێ بدرێتەوە.
لە پۆستێکی فەیسبوکیی خۆیدا لە ڕێکەوتی ١٧-١١-٢٠٢٣، کەمال سولەیمانی لە ژێر سەردێڕی «زنجیرەی فەلسەفەی ڕزگاریی ئۆجالان» نووسیویەتی: «لە بیرتانە کە چۆن پژاک ڕیاکارانە خۆی دەخستە بەرەی دژایەتی لەگەل مەنشووری مەهسا. بەڵام، لێرەدا، ئاپۆ لە داوای گۆڕینی یاسای بنەرەتی تورکیادا زۆر کەمتر لە مەنشوری مەهسا و یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دەوێت: «هەر ئامادە نیم باسیش لە خوێندنی زمان بکەم. . Dil eğitimini tartıþmıyorum bile» دەشڵێت کە تەنیا بنووسن کە: «یاسایی بنەڕەتییەکەمان هەموو کولتوورە مێژووییەکانی وەکوو دەوڵەمەندی تورکیا قبووڵ دەکات.» (دێمۆکراتیک کورتوڵو. لاپەرەی ١٣). ئەویکە ئۆجەڵان دەیهەوێت لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا زۆرتر دراوە بە نەتەوەکان.»
با سەیری وەرگێڕانی تەواوی ئەو لاپەڕەیە بکەین کە ناوبراو نەتەنیا بە ئەنقەست شێواندوویەتی، بەڵکوو پەیوەندییەکەی لەگەڵ ناودەقیی بابەتەکەش، بە مەبەست پچڕاندووە:
«دەمانەوێت کوردەکان بگەیەنینە ئاستی یەکینەی دیمۆکراتیک. هەتا ئەوە لە یاسای بنچینەیی و یاساکانی تورکیادا جێگیر نەبێت ئاشتی پێکنایەت. ئاکەپە دەڵێت پێویست بە ئەمە ناکات. باشە ئەدی چۆن بژین؟ ئەگەر ٢٠ میلیۆن مرۆڤ لە یاسای بنچینەیی و لە یاسادا گوزارەی لێ نەکرێت ئێمە چۆن بژین؟ هەر بۆیەش بەرنامەیەکی چالاکی (پراکتیک) دەردەخەم. قۆناخەکانی ئەم بەرنامەیە ئەمانەن: ١. مسۆگەرکردنی کەشوهەوای بێپێکدادان؛ ٢. قۆناغی دەستووری بنچینەیی (قانوونی ئەساسی) و یاسایی. پێویستە پێشنیار بڕیاری (لایحە) ریفۆرمی کورد بەهێز بکرێت. بۆ پێناسەی هاوڵاتیبوون وەها پێشنیار دەکەم: دەستووری بنچینەییمان هەموو فەرهەنگە مێژووییەکان وەکوو دەوڵەمەندیی تورکیا پەسەند دەکات، مافی گەشەپێدان بە خۆی (پەرەپێدان بە خۆی)، بە ئازادیی گوزارە لەخۆکردن و خۆبەڕێکخستنکردنیان بۆ دەناسێت. لە دەستووری ئەساسی ئیسپانیادا ئەوە هەیە. ئەو پێناسەیە پرسی هاوڵاتیبوون و چەندین پرسی دیکەش چارەسەر دەکات. پێشنیاری بێلایەن (خونسا) وەکوو هیی ئاکەپەش دەبێت، بەڵام ئەو پێناسەیەی من زۆر کێشە چارەسەر دەکات. (مافی) پەروەردەی زمان بۆ من هەر جێگەی نیقاش نییە. مافی یاسادانان، خۆسەریی ئیکۆنۆمیک دەبێ هەبێت. پێویستە ئەو دڵەڕاوکێیەی لە مەرجەکانی خۆسەریی ڕێوەبەریی هەرێمیدا هەن، نەمێنن. ٣. قۆناغی ئاساییبوونەوە (نۆرماڵبوون) نکۆڵیکردن لە هەبوونی کوردەکان، نکۆڵیکردن لە هەبوونی تورکەکانیشە. ئەگەر کورد نەمێنێت و ئیسلام نەمێنێت، تورک ناتوانێت لە ئانادۆل بمێنێتەوە. ئەگەر ئەو عونسورانە (عنصر) وەدەر بنرێن، فۆبییەکان، هێزە دەسەڵاتدارەکان، ئێوەش (ئێوەی تورک) وەدەر دەنێن. ڕێزگرتن لە هەموو فەرهەنگە مێژووییەکان و ناسینی مافی گوزارە لەخۆکردن و خۆبەڕێکخستنکردنیان گرینگە. سەرڕاستکردنێکی وەها دەتوانێت چارەسەر[ی دروست] بکات. هەموو شتێک (هەموو ناسنامەکان) دەکەونە ناو ئەو پێناسەیە. دەستووری بنچینەیی (قانوونی ئەساسی) نابێ بۆ ئەوە داخراو بێت. هەژمارتن پێویست ناکات. سێ وشە بەسە: هاوڵاتیبوون خاڵی (نیشانەی) پێوەندبوون بە دەوڵەتە.» (وەڕگێڕانی لاپەڕەی ١٤ی بەشی یەکەمی کتێبی «ڕزگاریی دیمۆکراتیک و بونیاتنانی ژیانی ئازاد»).
دەکرێت دوای وەرگێڕانی تەواوی ڕستەکانی پێش و پاش ئەم بەشە کورتە، خوێنەر بۆی ڕوون بێتەوە چۆن ئەو ڕستەیە بەئەنقەست لەم لاپەڕەیەدا بە هەڵە زەق کراوەتەوە: «هەر ئامادە نیم باسیش لە خوێندنی زمان بکەم. Dil eğitimini tartıþmıyorum bile» بەو واتایە کە بە باشی بۆی دەردەکەوێت کە چۆن بە ئەنقەست گۆڕدراوە و چەواشە کراوە.
لە پۆستێکی تری فەیسبوکیدا، کەمال دووبارە بە دانانی بەشێکی کتێبی «ڕزگاریی دیمۆکراتیک و بونیاتنانی ژیانی ئازاد» و ئاوێتەکردنی لەگەڵ بابەتی لێدوانەکەی ی.ر.ک و وتەیەکی سالی ٢٠١٥ی ئۆجالان و سڕی سوریا ئۆندەر لە کاتی پرۆسەی چارەسەریدا، نووسیویەتی: «ئەگەر لە سیخۆڕی ئێران دەگەرێن لە کوێستانەکانی ڕۆژهەڵات نین، بچن بۆ لای جەمیل بایک کە بە وتەی ئوجەلان سیخوڕەکانی ئێران لە دەوروبەری بایک فڕکەفڕکیانە (کتێبی دێموکراتیک کورتولوش. لاپەرەی ١٨١).»
ئەمە دەقی دروستی ئەو بەشەیە کە کەمال بە ئاماژەدان بە لاپەرەی ١٨١ و هەڵەوەرگێڕانی بەئەنقەست، هەم نەفرەتی خۆی نیشان داوە و هەمیش ئاماژەی بە بەستێن و ڕستەکانی پێش و پاشی ئەو باسە نەکردووە. وەرگێڕانی وردی دەقی تورکی بەم شێوازەیە:
«ئەگەر دانوستانێکی جیددی لە ماوەی ٤ مانگدا دەست پێنەکات، هیچ کەس ناتوانێت بەری شەڕ بگرێت. من ئەوە دەکەم بۆ ئەوەی پەکەکە لەو کودەتایەدا بەشدار نەبێت و دەمەوێت پەکەکە لە بەرانبەر بە کودەتا بپارێزم. هەر بۆیەش جەمیل وریا دەکەمەوە. بەڵام جەمیل مرۆڤێکی دروستە. باوەڕیم پێی هەیە. جاسووسەکانی ئێران لە هەموو شوێنێک لە جووڵەدان (جریتان داوێن)، زیرەکیی عەجەمان ئەوە ٣٠٠-٤٠٠ ساڵە لەو ناوەدا یاری دەکات.»
ڕستەکانی پێش ئەم دەربڕینەی ئۆجالان لەم گفتوگۆیەدا لەگەل سوریا ئۆندەر لە جەنگەی پرۆسەی ئاشتیدا چۆنن؟ با ئاوڕێکیان لێ بدەینەوە:
«ئۆجالان (ڕووەو بەرپرسێک): لێرەدا دەوڵەت نابێ ڕۆڵی تورکێکی بەفیز بگێڕیت. (لەو کاتەدا بزەیەکی ماناداری هاتە سەر لێو) ئەگینا وەک مەندێرێس یان ئۆزاڵ دەتانبەن. ژەنەڕاڵی زۆریان هەیە، نابێ متمانە بکاتە ژەنەڕاڵەکانی. نیوەی ئەوانە هەر ئێستاکە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییان هەیە. بە مەبەستی بەرگرتنی کودیتایەک و پیلانگێڕییەک پێویستە ئەمەریکاش بۆ ئەم پرۆسەیە [ی ئاشتی] بانگهێشت بکرێت. لە جیاتیی ئەوەی کە سووریا وەک هێڵی سوور دیاری بکەن، با بارزانی بکەنە هێڵی سوور. مورسی بۆی دەرچوو، ئەگەر ئەوە ماوەی یازدە ساڵە ئەردۆغان لە سەر حوکمە، ئێمەش لەمەدا بەشمان هەیە. ئەردۆغان یازدە ساڵە لەم بارەیەوە درۆ دەکات.»
لە کتێبەکەی کەمال سولەیمانیدا، لە ژێر ناوی «پەکەکە و پرسی کوردستان، خوێندنەوەیەکی پەیماننامەی کەجەکە، چاپی ساڵی ٢٠٢٢، وەشانخانەی کۆمەڵگەی زارا» کە دەکرێت کەم و زۆر هەر ئێدیتی پۆستەکانی فەیسبوکی بووبێت، زۆر بانگەشەی بێبەڵگە، وەرگێڕانی هەڵە و بەئەنقەست و شێواندنی بەمەبەست بەدی دەکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە زۆر کەسی ناسراو لە ئاستی جیهانی لە ویلیام گورۆلی بگرە تاکوو یوست یۆرگێندن و جەنگیز چانداری بە ڕەگەز تورکیش، بە زمانە بیانییەکان، لایەنە جیاوازەکانی قۆناخەکانی شەڕ و ئاشتیان لە باکووری کوردستان تاوتوێ کردووە، ڕەخنە کردووە بەڵام بە پێی پێگەی ئەکادیمییان ئاستی شیکارییەکانیان بۆ چرکەیەکیش بووبێت، تا ئەو ئاستەی کەمال پێی دەنوسێت دانەبەزاندووە. هەوڵیانداوە تەواوی لایەنەکان ببینن…
با بە ئاماژەکردن بە چەند ڕستەیەک ئاوڕێک لەو دوو بابەتەش بدرێتەوە:
نووسەر بەبێ ئاماژەکردن بە بەستێنە فیکرییەکانی ئۆجالان بەر لە ڕفاندن و دوای ڕفاندن، بەبێ ئاماژەکردن بە لایەنە ژیۆپۆلەتیکەکانی پێگەی کورد، بەبێ ئاماژەکردن بە ڕاپۆرتی ئۆجالان بۆ کۆنگرەی پێنجەمی پەکەکە لە مەڕ پێویستیی ئاڵوگۆڕ لە شێوازی تێفکرین و ڕێکخستنی ئەم پارتییە لەگەڵ گۆرانەکانی سەردەمدا و هەروەها گفتوگۆکانی ئۆجالان لەگەڵ «مێهری بەللی»دا -وەک لانیکەم دوو سەرچاوەی گرینگ بۆ تێگەیشتن لە گۆرانکارییەکانی ناو ئەم پارتییە- پێی وایە «دامەزراندنی کەجەکە هیچ پێوەندییەکی بە بانگەشەکانی لەنێوچوونی دەوڵەت-نەتەوە یان گۆڕانی فەلسەفی و پاڕادایمی لە بیروڕای ئۆجەلانەوە نیە. بەڵکوو بە ئیعترافی خودی ئۆجەلان دامەزراندنی کەجەکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەلومەرجی ئۆجەلان و سازانی ناوبراو لەگەڵ تورکیا هەیە (٦-٧).» کەمال پێیوایە لەم پەیماننامەیەدا هیچ مەرجێک بۆ دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتانی ناوچەکە دانەنراوە و یاساکانی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بە سەر کوردستاندا بەبێ هیچ شەرت و مەرجێک قەبووڵ کراوە.
کەچی ئەگەر سەرنجێکی گشتی بدرێتە سەر لاپەڕەی ٦-ی دەقی سۆرانیی پەیماننامەی کۆنفێدرالیسمی کۆمەڵگەکانی کوردستان، چاپی ساڵی ٢٠٠٧، ڕاشکاوانە وتراوە هەر بەو ڕادەیەی ئەو دەوڵەتانە یاسای کۆنفێدراڵیی کورد بە فەرمی دەناسن و دان پێدا دەنێن، گەلی کوردیش یاسای ئەوان بە فەرمی دەناسێت و دانی پێدا دەنێت. لەم چوارچێوەیەدا بۆ ئاشتی و لێکتێگەیشتن هەنگاو دەنرێت.
لە شوێنێکی دیکەی کتێبەکەیدا، کەمال وتوویەتی «ئەگەر هاتوو ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئاستی جیهانیشدا هەندێک پێشکەوتنیان هەبێت چ گەرەنتییەک هەیە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دان بەمانەدا بنێن؟» لە لاپەرە ٥٢ی پەیماننامەکەی کەجەکەدا ئەم پرسە لە ژێر ناوی پاراستنی ڕەوادا باسی لێ کراوە و لە مادەی ٣١، لاپەڕەی ٦٦ و مادەی ٣٢، لاپەرەی ٦٧دا، وتراوە: [ نووسەری ئەم یادداشتە کورتی دەکاتەوە] «ئەگەر دەوڵەت بە شێوازێکی جیدی و وشیار ئاوڕ لە رێگای چارەسەریی دیموکراتیک نەداتەوە… تەواوی هەوڵە ئاشتیخوازانەکان لەبار بچن، سەرهەڵدان و شەڕی گەریلایی لە سەر بنەمای پاراستنی ڕەوا…. وەک پێویستی دەردەکەوێت.» لە مادەی دواتردا هاتووە: «لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێک کە لە مادەی ٣٣-دا هاتووە، لە لایەن… کۆنگرەی گەل بە زۆرینەی دەنگ بەرخۆدان یان شەڕی پاراستنی ڕەوا پەسەند دەکرێت و… کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەست پێکردنی ئاشتییش هەر بەم شێوازە پەسەند دەکرێت».
جگە لە وەرگێڕانی هەڵە و بەئەنقەستی دەقە تورکییەکان و بەستنەوەیان بە دۆخی ئەمڕۆوە، نموونەی دابڕاندنی بەئەنقەستی وتەکانی ئۆجالان لە بەستێنە فیکری و سیاسییەکانی خۆیان و هەروەها داشاردنی ئەو ڕاستییە کە ئەم قسانە لە میانەی پرۆسەی ئاشتیدا کراون، لە ناو نووسراوەکانی کەمالدا زۆرن. کەچی بۆ خۆی دەزانێت هەر لێکۆڵەرێکی جیدی بۆ شیکاریی سیاسی دەبێ وتە لە ناو بەستێنی تایبەتی خۆیدا لێکبداتەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو لەم بابەتە ئاگادارە، بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارە کە بۆ ئاوا دەکات با خۆی بیداتەوە.
لە یادداشتێکی تری لە قەندیل پرێس و لە ژێر ناونیشانی «ئاخرین وەڵامم بۆ تاکەکەسی ئاپۆڵڵاهی»، بێئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لێی کراوە، دیسان هەوڵی داوە هەموو شتێک تێکەڵ بکات.
بەڵام لە خاڵێکی پارادۆکسدا دەلێت «من لە ڕووم هەڵنەهات کە ئەو نووسراوەی دوێنێی چیاکۆ بۆ کوردیش ستادیز نێتورک بنێرم. پێمخۆش نەبوو کە هێندێک غەیرەکورد ئاستی ئاوا نزمی گوتاری حیزبێکی بە ئیتنیک کورد ببین.» من نە دەزانم ئەهوەن چیاکو چ بەرپرسیارێتییەکی هەیە و نە بەرگریشی لێ دەکەم، بەڵام چۆنە کەمال لێرەدا پێی ناخۆشە هێندێک غەیرەکورد ئاستی ئاوا نزمی گوتاری حیزبێکی بەئیتنیک کورد ببینن، بەڵام لە نامەکەیدا بۆ MESA و KSN ئەوەی پێ ناخۆش نەبووە؟!
هەر لەم پۆستەیدا دەنووسێت: «کەسی وەکوو عەدنان حەسەنپووریش دەنێرن حیلەشەرعی بۆ ئەو هەڕەشەیە بێنێتەوە. بۆ ئەوەیکە ئێمە دەست بکەین بە شەڕە جنێو هەڕەشەکەش شەرعییەت پەیدا بکات.»
من لێرە بەرگری لە عەدنانیش ناکەم و خۆی دەتوانێت وەڵام بداتەوە، بەڵام بە شەهادەتی نووسراوەکانی کەمال، خۆی بەردەوام لە زمانی کووچەوکۆڵان و شەڕەجنێو کەڵکی وەرگرتووە. بۆ ئەم بەشە تەنیا یەک پرسیاری لێ دەکەم: ئایا بوێریی ئەوەی هەیە هەر بەو زمانە شڕ و ڤۆڵگارەی کە خۆی لە فەیسبوک بە کاری دێنێت، یەک یادداشتی بچووکی شێوە-ئاکادیمی، نەک ئاکادیمی، بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بکاتەوە و ئاستی خۆی، هەر ئێستاکە، تۆسقاڵێک لە ئاستی “موحسینی ئەڵڵاکەرەم و مەسعوود دێهنەمەکی” بباتە سەرترەوە؟ دەتوانێت لە ناو وتارێکدا بە زمانی ئینگلیزی و بەپێی پێوەرە ئەکادیمییەکان، ڕستەی «گەل وەکوو لەپەیە لە هەموو شۆرباوێکی سیاسی ئەو پەکەکەدا هەیە و لە هیچ دیزەیەکیشدا ئەو گەلە ئەسکوێ نییە» و دەستەواژەی «کلک و گوێیەکانیەتی» بنووسێت؟
پەکەکە و تەواوی لایەنەکان دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن یان نەیکەن، ئەوە بابەتێکی جیاوازە و پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. لێرەدا تەنها ئەوەم مەبەستە کە کەمال سولەیمانی ئەگەر بەئەنقەست، ئاڕاستەکراو یان ئاڕاستەپێکراو، نانووسێت، ئەی بۆ بێڕێزی بە شعوور و کەرامەتی خوێنەری کورد دەکات؟
بە پێچەوانەی ئەو کاتەی کەمال بۆ پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی سازمانی موەحیدینی ئازادیخاهی ئێران، مەهاباد و کوردستانی بەجێهێشت، ئێستاکە توێژی خوێندەواری کورد لە کوردستان و ئێران، دەستیان دەگاتە باشترین سەرچاوەکانی زانست بە زمانە جۆراوجۆرەکان و لێی تێدەگەن و جیاوازیی نێوان «ڕەخنە» و «شێواندنی بەمەبەست، هەڵەوەرگێڕانی بەئەنقەست و تەکنیکەکانی بەلاڕێدابردنی پرسەکان» بە باشی دەزانن. هاوکات لەگەڵ ئەوەش ئەگەر ڕەخنەیان لە لایەنێک، لە حیزبی دیموکراتەوە بگرە تا کوو پژاک، هەبووبێت، بە وردی و زانستی یان لانیکەم بە زمانێک کە خوێنەر بە گەوج و نەفام لە قەڵەم نەدرابێت، نووسیویانە. بە ساڵانیشە هەر لە ناوخۆی کوردستان دەستیان گەیشتووەتە زۆر نووسراوەی ڕەخنەگرانە، لە بونیادە مەعریفییەکانی ڕەخنە و ڕەخنەی ئەدەبییەوە بگرە تا ڕەخنە لە پارتی کرێکارانی کوردستان. بابەتیشیان نووسیوە و بە ناو و بێناو بڵاویان کردووەتەوە و هەر ئێستاکەش بڵاوی دەکەنەوە.
شاربەدەرکردن
هەموو کەسێک مافی قسەکردن، ڕەخنە و ئازادیی دوای دەربڕینی ڕەخنەی هەیە. هەر هەوڵێک بۆ کپکردنی دەنگی ڕەخنە لە لایەن هەر کەسێکەوە بێت، مەحکوومە. چونکە بەپێی پڕەنسیپی پارێزیا، هەر وتەیەک، هەر وشەیەک و هەر ئاخاوتنێک بەرپرسیارێتیی لێ دەبێتەوە و لە ئەگەری شێواندنی حەقیقەتدا، دەرئەنجامی «شاربەدەرکردن»ی لێ دەکەوێتەوە. کۆمەڵگەی کوردستان و بە تایبەت نەسڵی خوێندەوار، سەرەڕای تەواوی زەختە قورسەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ وشیاربوونەکەیدا، وردبینە و بە سەرنجەوە گومان دەخاتە سەر هەرجۆرە توندڕەوییەک کە ئاماژەی ئاڕاستەکراوبوونی تێدا بەدی بکرێت.
پێشینە و هەڵسوکەوتەکان، زمان و ئاڕاستەی ئاخاوتن و نووسراوەکان، وەک ئێکلیزیا، بە جوانی دەبینێت و لێکیدەداتەوە. بەپێی تەجروبەی ژیانی خۆی لە ناو سیستەمی دیکتاتوریی ئایینیدا، دەزانیت ئاخاوتن و ژیانکردن بە هارمۆنیای فەزیلەت چۆن دەکرێت. ئاگادارە ڕاستوێژی لەگەڵ خود لە ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا چەندە دژوارە و هاوکات بۆ مانەوەی ئەو بەهایانەی سەد ساڵە کورد خەباتی بۆ کردووە، چەندەش گرینگە. هەر بۆیە ئەو تێگەیشتنەی لەلا دروست بووە کە دەنگی هەموو لایەنەکان ببیسێت، هەموویان ببینێت و هەوڵی ئەوە بدات لە سەر چەند خاڵێک، لایەنە سیاسییەکان لێک نزیک بکاتەوە تاکوو شکستەکان دووپات نەبنەوە. نەک بە چەواشەکاری و شێواندنی بەمەبەست و ئەنقەست، بەشێکی کۆمەڵگە لەگەڵ بەشێکی دیکەیدا تووشی شەڕ و ململانێ بکات. کەمال تا ئێستاکە لەگەڵ خودی خۆی ڕاستوێژ نەبووە، بەڵگەکان بۆ تیشک خستنە سەر پێشینەی لە بەردەستن، با وەڵام بداتەوە ئاخۆ لەناو ئەو وێنانە کام وێنە هی خۆیەتی؟
با تەنانەت بۆ یەکجاریش بووبێت لە بەردەم ئێکلیزیادا ڕاستوێژیی خۆی بچەسپێنێت و بڵێت سەردەمێک ئاوا بووم و ئێستا لە ڕابوردووم پەشیمانم و لەمانەش زیاتر کە بەپێی ئەوەی لە ناوخۆی وڵات دەستم کەوتووە. با بە زمانە شڕەکەی -ئاپوڵاهیبوون- وەک تاوانێک لە تەوێڵم نەدات. بە یەک وشەش پشتگیریم لە ئۆجەلان و حەرەکەتەکەی نەکردووە و نایکەم. تەنیا بە ئاماژە بە ٢ هەڵەی زەق و وەرگیڕانی بەمەبەست و ٢ نموونەی شێواندنی ڕاستییەکان، نیشانم داوە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی و لەگەڵ خودی خۆی ڕاستوێژ نییە.
بەڵام دڵنیام کەمال ئەوەشی بۆ ناکرێت، لە بەر ئەوەی کە ئێستاکەش هەر بەمەبەست ڕاستییەکان چەواشە دەکات و وەڵامی بۆیان نییە. هێشتاکەش پشتراستی نەکردووەتەوە لەم ناوەندەدا کە ڕێکخراوەیەکی ئیسلامیی نەرمە، چ ئەجێندایەک بەڕێوە دەبات؟ بۆ پارتییە کوردییەکانی دیکە ختووکە دەدات، بەڵام بە قیزەونترین زمان و ئەدەبیات هەڕەشە لە هەرکەسێک دەکات کە دەڵێت کاکەی برا ئەوە زمانی ڕەخنە نییە؟! ئەویش لە کاتێکدا کە بە تایبەت نەسڵی خوێندەوار و سێکولەری کورد بە باشی دەزانێت کە «گراهام فولێر» خۆی بە وردی باسی لە دروستکردنی ئیسلامی نەرم وەک پرۆژەیەک لەلایەن دەزگای «سی.ئای،ئەی»ی ئەمریکییەوە لە ساڵانی ١٩٦٠دا کردووە و دەرئەنجامەکەشی دەرکەوتنی ئاکەپەی لێ کەوتەوە.
کەمال لە بەردەم مەحکەمەی ئیکلیزیای کوردیدایە؛ دەبینرێت، ڕابردووی تیشکی لە سەرە، ئێستاکەی دەنرخێنرێت. هەر بۆیە بۆ مانەوەی خۆی لە ساحەی ئیکلیزیا، ناچارە لەگەڵ ڕابردوو و ئێستاکەی خۆیدا ڕووبەڕوو بێتەوە و ڕووبەڕوو بکرێتەوە. پێویستە وەک کەسێکی بەردەم ئیکلیزیا ڕەخنە لە هەموو هەڵەکانی خۆی، نا-راستوێژییەکانی خۆی، بگرێت. پێویستە لە بەردەم کۆمەڵگەی کوردیدا دان بە هەڵەکانیدا بنێت، چونکە لە رێگای بە گەوج و نەفام دانانی نەسڵی خوێندەواری کوردەوە ڕاستییەکانی شێواندووە، چەواشەی کردووە و بەو پێگەیەوە کە بۆ خۆی دەستنیشانی کردووە، لەگەڵیان نەدوواوە. بگرە لەمە زیاتر، توخمی نەفرەت و شەڕ بۆ داهاتوو دەچێنێت. تەنیا لەم حاڵەتەدایە کە “شاربەدەر” ناکرێت. ئەمە ئەزموونێکە بۆ بەرپرسیاربوون لە کردە و نووسین. بۆ تاکی کورد؛ بۆ ئەوەی هەموو کەس بە هەستکردن بە بەرپرسیارییەوە بنوسێت و بدوێت.
وریابوون لە خود: askēsis
دەگەڕیمەوە بۆ نامەکەی کۆڵبۆرن بۆ شەماڵ. چوارشەممە ٣١-ی ئەگۆست، هێنری کۆڵبۆرن لە نامەیەکیدا بۆ شەماڵ بەشیری، لە مەڕ وەڵامنەدانەوە و بەلاڕیدابردنی پرسیارەکانی شەماڵ ڕووەو کەمال، لە کورتەنامەیەکدا نوسیبووی «قەت زۆرەوانی لەگەڵ بەرازدا مەگرە، چونکە نەتەنها پیست دەکا، بەڵکوو ئەوەشی پێ خۆشە.»
من بۆ خۆم قەت حەزم لە زۆرەوانی لەگەڵ هیچ بەرازێکدا نەبووە و تەنانەت نازانم ئاخۆ دەتوانن کەسێکیش پیس بکەن یان نا، بەڵام ئەوە دەزانم کە بەراز حەزی لە زۆرەوانییە، هەر بۆیە پێموایە لەمەوبەدوا لە جیاتیی پەرژانە سەر بەراز، پێویستە ئاوڕێک لە ژینگەی بەرازەکان و ئامانجەکانیان بدەینەوە و هەوڵ بدەین پێش لە زیانەکەنیان بگرین.