ئێگۆییزم، شانتاژ، چەواشەکردن و شەڕانگێزی

 

وەڵامێک بۆ کاک کەمال سلێمانی

عەدنان حەسەنپوور

 

 

پێشەکی

هەرجۆرە هەوڵێکی بەئەنقەست بۆ بە دروست لەقەڵەمدانی شتێکی نادروست، یان لەوەش خراپتر، تێکەڵکردنی ڕاست و درۆ بە چەشنێک کە ڕاستی بکرێتە ڕێگایەک بۆ باوەڕاندنی درۆ بە بەردەنگ، بێگومان کارێکی نائەخلاقییە. لە ئاوا دۆخێکدا مرۆڤ یان بەردەنگ یەکسەر دەتوانێت بەدوای هۆکار(ەکان)ی ئەم بەلاڕێبردنەدا بگەڕێت.

کۆی ڕەخنەیەک کە من ئاڕاستەی فەزایەکی گشتیی بانگەشەکارانەم کردبوو و ناڕاستەوخۆ ئاماژەم بە هەرای سۆشیاڵ میدیایی ئەم دواییانەی کاک کەمال سلێمانی کردبوو، تەنهاوتەنها ئەوە بوو کە ئەو بەشەیتانکردنەی بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە دوورە لە چەند پرەنسیبێکی گرنگ: ڕاستگۆیی سیاسی، میتۆدی زانستی و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، کە ئەمانەش دواجار دەبنە هۆی لەخشتەبردنی گرنگترین ئامانجێک کە هەر بکەرێکی کۆمەڵایەتی دەبێ هەوڵی بۆ بدات کە ئەویش دەستەبەرکردنی «خێری گشتی»یە.

مخابن بەڕێزیان نەتەنها هەوڵی نەدا لەم ڕەخنەیە تێ بگات، بەڵکوو بەئەنقەست هەناوی ڕەخنەکەی خستە پەراوێزی یارییەکی نزم و بێبەهای میدیاییەوە و هەموو هەوڵی بەو ئاقارەدا گەڕا کە من بە پەکەکەوە بلکێنێت و هەڵوێستی سیاسیم لەگەڵ هەڵوێستی گشتیی ئەندامانی پەکەکەدا بە یەکسان لە قەڵەم بدات. وەک بڵێی لە دەرەوەی لایەنگر و ئەندامانی پەکەکە هیچ تاکێکی کورد ناشێ و ناکرێ دەستێوەردانی پێچەوانەی بۆچوونی جەنابیان لە باسوخواسی پێوەندیدار بەو حیزبە کوردستانییەدا بکات. ئەمەش ئاوێتەی جۆرێک لە خۆمەزڵوومکردن دەکات تاکوو لە پێگەی ڕووناکبیرێکی سەربەخۆی دڵسۆزی هەڕەشەلێکراوی کۆمەڵگاوە خۆی لە کاکڵەی ڕەخنەکان بدزێتەوە.

ئەرکی من نە لێرە و نە لەو تویتە بچووکەی پێشوودا بەرگریکردن لە کەجەکە و پەکەکە نەبووە و نییە، بەڵکوو خستنەڕووی هەوڵێکی ناشیرین و دژ بە خێری گشتییە بۆ بەشەیتانکردنی لایەنێکی سیاسی کە چەنددە ساڵە لە مەیدانی خەباتی کوردستاندا چالاکە و بمانەوێ یان نا، ئەکتەرێکی ئێستە و داهاتووی ئەم سەرزەمینەیە. ئەمەش لە پێناو ڕێگەگرتن لە ژەهراویکردنی هەرچی زیاتری فەزاکە هەم لە ئاستی گشتی و جەماوەریدا و هەم لە ئاستی بەستێنی نووسین و ڕەخنەکاریدا.

 ئەگینا خۆ پێش بەڕێزیان لانیکەم لە ناو مامۆستا و ئاکادیمیسیەنەکانی ڕۆژهەڵاتدا کاک عەباس وەلی و کاک کامران مەتین ڕەخنەی زۆر جیدیتریان لە پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلان گرتووە و بڵاویان کردووەتەوە و بۆ خۆم لەگەڵ بەشی هەرەزۆری ڕەخنەکانیاندا هاودڵم. ئاخۆ ئەگەر کێشەی من نەفسی ڕەخنەگرتنەکە بوایەت، پێشتر هەوڵم نەدەدا وەڵامی ئەو دوو مامۆستایە بدەمەوە؟! خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی زانستی بۆ کتێب و مانیفێستەکانی ئۆجەلان و پەکەکە نەتەنها هەڵگری هیچ کێشە یان مەترسییەک نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگریشە، تەنانەت یارمەتیدەرێکە بۆ خودی ئەو لایەن یان وەک خۆیان دەڵێن «تەڤگەر»ـەیش تاکوو لە پارادۆکس و گرفتە تیۆریک و کردارییەکانی خۆیان تێبگەن و ئیمکانێک بۆ پیاچوونەوە لە بەردەمیاندا بکرێتەوە.

من نامەوێ وەکوو کاک کەمال دەست بکەم بە گێڕانەوەی کارنامەی خۆم، چونکوو لە ئاوا باسوخواسێکی سیاسیدا دزێوترین کار ئەوەیە کە لە ڕۆچنەی کەسییەوە لە بابەتێکی گشتی بڕوانیت و بتەوێت خۆت وەک تاکەکەس بسەلمێنیت. مخابن کە بەڕێزیان ئاستەکەی هێندە دابەزاندووە کە ناچاریت پێشوەختە کۆمەڵێک قسەی ناپێویست لە ڕوانگەی تاکەکەسییەوە بکەیت. بەڵام هەر ئەوەندە بڵێم کە بەشێکی گەورە لە چالاکانی بەستێنی گشتیی ڕۆژهەڵات بە درێژایی ئەم ساڵانەی ڕابردوو، بە شێوەی ئاشکرا یان شاراوە، ڕەخنەی قورسیان ئاڕاستەی هەموو حیزبەکان کردووە بە پەکەکە و پەژاکیشەوە. بەڵام چونکوو مەبەستیان کاریگەریدانان لەسەر خەباتی کۆمەڵگا بووە نەک خۆقەبەکردن و ناودەرکردن یان هەر مەبەستێکی تاکەکەسی و گرووپیی دیکە، نەیانکردووەتە هەڵڵای میدیایی. هاوکات نەیانویستووە ڕەخنەکانیان بە ئاڕاستەی لێکدوورخستنەوەی زیاتری حیزبەکاندا بڕوات و لەوێشەوە زەمینەخۆشکەر بێت بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە داهاتوودا. جیاوازیی نێوان شێوازە جیاوازەکانی دەستێوەردان لە بەستێنی گشتیدا، ڕێک لە میتۆدی دەستێوەردانەکەدا خۆی دەنوێنێتەوە؛ مرۆڤی خاوەن کەڵکەڵە و حەقیقەتدۆست ڕادیکاڵترین هەنگاو و ڕەخنەکانیش بە ئاڕاستەی خێری گشتیدا دەورووژێنێت، بەڵام مرۆڤی بێکەڵکەڵە و خۆپەرست هەنگاو و ڕەخنە دروستەکانیشی بە ئاڕاستەی شڵەژاندنی فەزا و لێکدوورکردنەوەی خەڵک و لێکهەڵپژاندنی هەرچی زیاتری کۆمەڵگادا دەجووڵێنێت.

هەر لە پێشترەوە و بەو هەراوهوریا سەیرەی بەڕێزیانەوە لە ناو سۆشیاڵ میدیادا، پێشبینی دەکرا کە هەرچەشنە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم ئاستە نزمە دابەزێنێت. هەروەها هەندێ لە هاوڕێیانی ئەکادیمیسیەنیش کە کاک کەمالیان لە نزیکەوە دەناسی، دەیانگوت کە بەدەر لە هەموو باکگراوندە ئیسلامییەکەی کە مێنتاڵیتییەکی ڕەهابیری پێ بەخشیوە، لە ڕووی دەروونیشەوە حەزێکی نەبڕاوەی بۆ شەڕی پۆلیمیکی نزم هەیە. هەر بۆیە پێشنیاریان پێ کردم خۆم لەو باسە و لە فەزاسازیی دواتری بەڕێزیانەوە نەگلێنم، چونکوو کۆی توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ تۆخترکردنەوەی بانگەشە ناڕاستەکانی و یەکسەر ئەتیکێتی گرێدراویی حیزبیم لێ دەدات. بەڵام پێم وایە مرۆڤ کاتێک کە بە هەوڵێکی دژ بە خێری گشتی دەزانێت کە دەشێت لە درێژماوە و تەنانەت کورتماوەیشدا کاریگەریی نیگەتیڤ لەسەر بەستێنی گشتی دابنێت، ئەرکی چەندڕەهەندییەتی بێدەنگیی لێ نەکات.

هەروەها بە پێچەوانەی کاک کەمال کە وا دیارە هەموو ئەم شەڕانگێزییانەی بۆ شاردنەوەی ڕابردووی سیاسیی خۆی و پاشخانی ئیسلامییانەی ئێستایەتی، هەروەتر دیسان بە پێچەوانەی بەڕێزی کە ئامادە نییە بە ڕستەیەکیش چییە تۆمەتی ئیسلامیبوون ڕەت بکاتەوە، بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنم کە ئەندام یان تەنانەت لایەنگری پەکەکە نیم. بەڵام بەمەشەوە لایەنگربوون و ئەندامبوون لە هیچ حیزبێکی کوردستانیدا، لە نەفسی خۆیدا بە عەیبە و مایەی سەرشۆڕی نازانم.

ئەوەی مایەی سەرشۆڕییە ئەندامبوونە لە ڕێکخراوەی ئیسلامی سیاسیدا و موریدبوونی کەسانێکی وەک بێن لادەن و گوڵبەدین حیکمەتیار و فەتحوڵڵا گولەن کە بەڕێزیان بە ڕاست یان درۆ تۆمەتبارە پێی، نەک لایەنگریکردن لە پەکەکە و ئۆجەلان کە بێگومان خاوەنی گەلێ دەسکەوتی دیارن لە خەباتی کوردستاندا. دواجاریش خۆ ئەمە شەڕی خۆسەلماندنی دوو کەس نییە، لانیکەم لای من شەڕێکە لە پێناو خێری گشتیدا و ئەمە هێندە بەهادارە کە دەشێت مرۆڤ تێچووی زۆر گەورەیشی بۆ بدات، چ بگا بە گەلەکۆمە و جنێو و ئەتیکێت لێدانی میدیایی کە گاڵتەئامێزترە لەوەی مرۆڤ بترسێنێت و بێدەنگی بکات.

 

ئەتیکێت و شانتاژ؛ هەڵاتن لە وەڵامدانەوە

بەڵام کاک کەمال بۆ پەنا دەباتە بەر میتۆدی ئەتیکێت لێدان لە کاتێکدا کە خۆی زۆر بێتاقەتە لەوەی کە ئەتیکێتی ئیسلامیبوون و جیهادیبوونی لێ دراوە؟! بە گەڕانەوە بۆ دەروونشیکاری دەشێت بڵێین ڕێک یەکێک لە هۆکارەکانی کەڵکوەرگرتن لەم میتۆدە، هەڵاتنە لە وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی خۆی کراوە؛ ئەویدی تۆمەتبار بکە با تۆمەتی خۆت لە بیر بچێتەوە، فارسەکان بەمە دەڵێن «فرار بە جلو». هەر بۆیە بەڕێزیان هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ تاکوو لایەنی بەرانبەر ئاوێتەی هەمان ئەو یارییە بکات کە پێشتر خۆی بە هۆی کەسانی ترەوە تێوەی گلاوە. ئێستەیش بە پەنابردن بۆ ئەم میتۆدە و ناوزەدکردنی ڕەخنەگرانی بە پەکەکەبوون، لە ڕاستیدا خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدزێتەوە کە لە لایەن خەڵکانێکی ترەوە ئاڕاستەی کراوە.

پێشوەختە پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە روناکبیر یان ئەکادیمیسەن کاتێک دێتە ناو پانتای گشتی، چیتر ژیانی تاکەکەسیی خۆیشی ناچێتە ناو بەشی پرایڤێتەوە و ئەوەش وەک بەشێک لە پانتای گشتی سەیر دەکرێت، وەک چۆن لە وڵاتانی ڕۆژائاوایشدا هەر ئاوایە.

با بزانین ئەو گومانە ورووژێنراوانە چین کە کاک کەمالی بەم ئاستە بێتاقەت کردووە و هەموو کاتی پڕبەهای توێژینەوەی ئەکادیمیکی خۆی تەرخان کردووە بۆ شەڕی سۆشیاڵ میدیایی و تەنانەت نامەناردن بۆ ناوەندی ئەکادیمیکی MESA و گرووپی ئەکادیمیسیەنەکانی کورد و لەوەش سەیرتر، تۆمارکردنی سکاڵا لای ناوەندە ئەمنییەکانی ئامریکا؟!

دەوترێت کاک کەمال ڕابردوو و باکگراوندێکی ئیسلامییانە لە جۆری جیهادیی هەبووە و تۆمەتبار کراوە بەوەی کە لە ڕابردوودا هەندێ کرداری توندئاژۆیانەی نواندووە کە ئەگەر ڕاست بێت بێگومان هیچ ڕێگایەکی بۆ بەرگریکردن پێ نییە. بۆ وێنە دەڵێن لە ئەفغانستان و پاکستان ئەندامی ڕێکخراوەی «موحدین آزادیخواە ایران» بووە، لەگەڵ تەیارە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەک ئەلقاعیدە هاوکاریی کردووە و کەسێکی نزیکیشی لەم ڕێگایەدا لە دەست داوە. هەرچەند شتی زۆر قورستریشی لەسەر دەوترێت و دەنگۆی کۆمەڵە گومانێکی ئابووریشی هاتووەتە سەر کە بابەتی باسی من نین.

لانیکەمی شتێک کە قابیلی سەلماندن بێت ئەوەیە کە بەڕێزی لە ئێستەدا بەرپرسی بەشێکی سەرەکیی ناوەندێکی خوێندنە بە ناوی «ئەنستیتۆی زەهرا» کە ناوەندێکی ئیسلامییە، لە سەر ڕێبازی «سەعید نەورەسی» دامەزراوە و پێشتر لەگەڵ گۆلەنیستەکان و ئاکەپەی ئەردۆغان لە یەک بەرەدا بوون و ئێستە درزی سیاسی، نەک مەعریفی، کەوتووەتە نێوانیان. ئەو پرسیارانەی کە کاک کەمال بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە وەڵامیان بداتەوە و بەردەوام بازی بە سەردا داون، ئەمانەن: ئایا ئەو پێشینە سیاسییە ڕاستە و بەڕێزیان جیهادیست و لە ئەفغانستان و پاکستان بوون؟ ئەگەر درۆیە کە هیچ، بەڵام ئەگەر ڕاستە ئایا هێشتا باوەڕی بەو ڕێباز و تێڕوانینە ماوە یان نە؟ هەروەها ئەو ناوەندەی کە پلەی بەرپرسایەتیی ئەکادیمیکی تێیدا هەیە، تا چەند باوەڕی بە (اسلام هوالحل) هەیە و ئایا بەشێکە لە تەیاری ئیسلامی سیاسی یاخود ناوەندێکی توێژینەوەیی پەتییە بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی لە ئایین و بەتایبەت لە ئیسلام؟ ئایا ڕاستە کە ناوەندی زەهرا بەشێکە لە پلانی ئۆریەنتاڵیستیی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ چەسپاندنی مۆدێلێک لە ئیسلامی میانەڕەو لە وڵاتانی ئیسلامیدا لە ڕێگای کەسانێکەوە کە پێشینەی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵیان هەیە و ئێستە بە نیمچە پارادایم-شیفتێک نەرمونیانتر بوونەتەوە؟

گریمان ئەم تۆمەتانە ڕاست بێت، لە ئاوا دۆخێکی شیمانەکراودا کەسی تۆمەتبار دەشێت دوو کار بکات: قبووڵکردنی ڕابردوو بە ڕوانگەیەکی خودڕەخنەگرانەوە و باسکردن لەوەی کە چیدی باوەڕی بەو ڕێباز و تێڕوانینە نەماوە، یاخود حاشاکردن لە هەرهەمووی.

لە حاڵەتی یەکەمدا کە ڕێگا دروستەکەیە، ئەگەر تاوانێک ڕووی نەدابێت و زەبری ڕاستەوخۆ بەر مرۆڤێک نەکەوتبێت، کەس بۆی نییە لەبەر ڕابردووی فیکری یان سیاسی، هەوڵی سزادان یان ناوزڕاندنی کەسێکی تر بدات. بەڵام لە حاڵەتی دووهەمدا پەرچەکرداری کەسی تۆمەتبار تەنها بە حاشاکردنەوە ناوەستێت و بەردەوام تووشی هەڵە و هەڵەشەی سەیرسەیر دەبێت. ئەمەش لێکەوتەی ئاسایی هەرجۆرە حاشاکردنێکە لە ڕاستییەک کە دەشێت مرۆڤ لە ئاستیدا شەرمەندە و پەشیمان بێت یاخود بە هەر هۆکارێک بیەوێ بیشارێتەوە، کە بێگومان لەم نموونە تایبەتەی کاک کەمالدا زۆر گرنگە بەردەنگی بزانێت لە بەر چی ئەیەوێ بیشارێتەوە. چونکوو لە پێگەی ئەکادیمیسیەن و ڕۆشنبیرەوە دەستێوەردانی بەستێنی گشتی دەکات و بەردەنگ کۆ دەکاتەوە نەک لە پێگەی باوەڕدار یان تەنانەت ڕووناکبیرێکی ئایینییەوە.

ئەگەر ئەو پێشینەیە ڕاستە و شەرمەندەیە لە ئاست ئەو ڕابردووەدا و لێی پەشیمانە، ئەرکی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و زانستییەتی لەوپەڕی بوێریدا و بە گەڕانەوە بۆ ئەقڵی ڕەخنەگرانە، هەر ئەو جۆرەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، بیدرکێنێت، کە لە دڵەوە هیوادارم ئاوا بێت و چیدی پێوەندیی بەو تەیارە توندڕەوە ئیسلامییانەوە نەمابێت. لە ئاوا ئەگەرێکدا و بە مەرجی ڕوونەدانی تاوان، یەکەم کەس دەبم بەرگریی لێ بکەم. ئەگەریش پێچەوانەیە و بەڕێزی هێشتا باوەڕی بە «اسلام هوالحل» ماوە و لە ئێستەدا بە گەڕانەوە بۆ پرەنسیبی «تەقیە/توقیە»ی ئیسلامییانە خەریکی شاردنەوەی باوەڕە حەقیقییەکانیەتی بەپێی پرەنسیبی «مەسڵەحەتی ئوممەتی ئیسلامی»، ئەوا مافی هەر بەردەنگێکە لێی دڕدۆنگ بێت و لێپێچینەوەی لێ بکات.

ئێستە گومانی دووهەم ورووژێنراوە و پێویستی بە وەڵامدانەوەی بەڕێزیانە؛ ئەگەر ئەو گومانە لەسەر ڕابردووی سیاسی و فیکریی خۆی بە درۆ دەخاتەوە و حاشا لە هەرچەشنە پێوەندییەک لەگەڵ تەیارە ئیسلامییە جیهادیستەکاندا دەکات، ئەوا کەسانێک کە گومانیان خستووەتە سەری یان دەبێ بیسەلمێنن یاخود داوای لێبوردنی لێ بکەن. ئەمەش کارێکی دژوار نییە: تەنها لە یەک ڕستەدا بنووسێت قەت پێوەندیم بە جیهادیزمی ئیسلامی سیاسییەوە نەبووە و هەموو ئەو قسانەی دەکرێ، درۆیە. خۆ بەڕێزیان دەستێکی توانا و وزەیەکی ناکۆتایان بۆ وەڵامدانەوە هەیە، ئەی بۆ تا ئێستە بە یەک ڕستەیش چییە ئاوا راشکاوانە گومانەکانی بە درۆ نەخستووەتەوە؟! هەر خودی ئەم خۆدزینەوەیە لە وەڵامدانەوەی کورت و سادەی گومانەکان زیاتر وامان لێ دەکات حاڵەتی دووهەم بە دروست بزانین کە بەڕێزیان خەریکی تەقیەکردنە و باوەڕی ڕاستەقینەی خۆی بەپێی مەسڵەحەتێکی سیاسی دەشارێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەیش هەرایەکی گەورە بەڵام سواو و منداڵانەی میدیایی ساز کردووە تاکوو دارودەستە کۆ بکاتەوە و بیکاتە شەڕی ئەم حیزب و ئەو حیزب! ئەم چەشنە شۆوئافانە قەت لە مامۆستایەکی ئەکادیمیسیەن کە بە شانازییەوە دەڵێت لە زانکۆی کۆلۆمبیای ئامریکا خوێندوویەتی، چاوەڕوانکراو نییە، مەگەر ئەوەی تاکەڕێگای ڕزگاربوون لەو گێچەڵەی تووشی بووە، لە تێکدانی مەیدانەکە و شڵەژاندنی باسەکەدا ببینێتەوە.

بەڕێزیان چاک دەزانێت کە لە فەزای کوردستاندا هێرش بکەیتە سەر هەر حیزبێک، کۆمەڵێک خەڵکی سەر بە حیزبەکانی تر پشتگیریت لێ دەکەن، کە وایە باشترین تاکتیک ئەوەیە کە ڕەخنەگرانت بلکێنی بە حیزبی ژێرهێرشتەوە تاکوو لە پۆتانسیەلی هێرشبەرانەی لایەنگرانی ئەوانی تر بەهرەمەند بیت. بەم شێوەیە هەم هاوڕێی پشتیوان و هێرشبەرت بۆ زیاد دەبێت و هەم بە ئاسانی دەتوانی خۆت لە خودی ڕەخنەکە بدزیتەوە و دیالۆگە شیمانەکراوەکە بگۆڕیت بۆ یارییەکی میدیایی، کە ئەگەر لە تەکنیکی شانتاژ و ئاژیتاسیۆندا شارەزا بیت، ئەوا یارییەکەت بردووەتەوە!

ئەگەرچی ئەم تاکتیکە گەلێ کۆن و سواوە، هێشتا لە کورتماوەدا دەتوانێ خزمەت بە کەسێکی وەک کاک کەمال بکات. بەڵام هەوڵدان بۆ سەلماندن یان باشترە بڵێین شاردنەوە/سەپاندنی گۆشەنیگا و مەبەستی خۆت لە ڕێگای یاری و شانتاژی میدیاییەوە، تەنانەت ئەگەر تێیدا سەرکەوتوویش بیت، تەنهاوتەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە خاوەنی کەڵکەڵەی راستەقینەی زانستی-کۆمەڵایەتی نیت و لەگەڵ بنەماکانی حەقیقەتدۆستیدا بە تەواوی نامۆیت.

 

ڕەخنە و زانست؛ دەمەتەقێی فەیسبوکی یان توێژینەوەی ئەکادیمیک؟

بە پێچەوانەی ئەو هەموو بانگەشە ناڕاستەی کاک کەمال و کۆمەڵێک کەسی دیکەی نزیک لە بەڕێزیان، ڕەخنە و تێبینیی من تەنها ڕووبەڕووی یەک شت کراوەتەوە: بەشەیتانکردنی بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە و قەبڵاندنی ئەو دوژمنایەتییە خوێنینە وەک ڕەخنەی زانستی، نەک ڕەخنەگرتن لەو تەیارەی ئێستە بەشێکە لە واقیعی سیاسیی هەموو کوردستان و لەوانە ڕۆژهەڵات.

کاک کەمال سلێمانی دەمێک ساڵە بە خەستی لەسەر پەکەکە چڕ بووەتەوە، ئەمەش مافی بێئەملاولای هەر هاووڵاتییەکی کوردستان و دەرەوەی کوردستانیشە. پێشتر نامیلکەیەکی فەیسبوکیی لەسەر کەجەکە نووسیوە کە دواتر وێڕای چەند وتووێژێک لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی «پەکەکە و پرسی کوردستان، خوێندنەوەیەکی پەیماننامەی کەجەکە، وەشانخانەی کۆمەڵگەی زارا، ساڵی ٢٠٢٢» بڵاوی کردووەتەوە.

خوێندنەوەی ئەم کتێبە ئێجگار ئەستەمە، چونکوو زمانە کوردییەکەی پڕە لە هەڵەی ڕێزمان، ڕێنووس، داڕشتن و تایپ کە زۆرجار دەبێ تەنها بە پشتبەستن بە ئەقڵی خۆت هەوڵی تێگەیشتنی واتای ڕستەکان بدەیت! ئەگەرچی لە پێشەکییەکەدا سوپاسی چەندین کەس کراوە بۆ پێداچوونەوەی کتێبەکە تاکوو بەبێ هەڵە بکەوێتە بەردەستی خوێنەر، بەڵام بە دەگمەن دەتوانی ڕستەیەکی بێهەڵە و تەواو تەندروست بدۆزیتەوە کە کۆی ڕێساکانی نووسینی کوردیی تێدا ڕەچاو کرابێت.

خودی ئەم کێشەی زمانە یەکەم فاکتەرە بۆ ئەوەی بڵێین ئەو کتێبە هەرچی بێ زانستی و ئەکادیمیک نییە و بە هەناسەسوارییەک نووسراوە. نەتەنها لە هیچ ئەکادیمیا و زانکۆیەکدا بەڵکوو لە هیچ دەزگایەکی چاپەمەنیی متمانەپێکراویشدا کتێبێک بەم هەموو هەڵە زمانەوانی و واتایی و تایپییەوە چاپ ناکرێت.

بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە پێشنیار دەکەم کتێبەکە بدرێتە دەستی ئێدیتۆرێکی «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم» لە سلێمانی یان «توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان» لە سنە تاکوو تێبینییەکانی خۆیان لەسەر هەرچەند لاپەڕە کە نووسەر دیاریی دەکات، بنووسن.

کورتهێنانی زمان لە لای کاک کەمال سلێمانی لەو وەڵامانەشدا کە بە منی داوەتەوە ئێجگار زەقە، بریا هێندەی کە خۆی گوتەنی زمانی جۆراوجۆری بیانی فێر بووە، لەسەر فێربوونی زمانی زگماکی خۆیشی هەستیار بایەت تاکوو نووسینە کوردییەکانی بەم ئاستە سەقەت و ناکوردی نەبوایەن. ئەڵبەت مرۆڤ دەتوانێت جۆرێکی تریش ئەم کەمتەرخەمی و بگرە بێتەرخەمییە بۆ زمانی کوردی شرۆڤە بکات: ڕەنگە هەر لە بنەڕەتدا نووسین بە کوردی بە کارێکی لاوەکی و ناپێویست بزانێت، یان ڕەنگە خوێنەری کورد بە بوونەوەرێکی کەمخوێنەوار و بەو پێیەش، بەستێنی خوێندنەوەی کوردی بە بەستێنێکی ڕووکەش و بێخاوەن لە قەڵەم بدات کە هەرشتێک بە هەر شێوەیەک بنووسیت لێت قبووڵ دەکرێت و بەرۆکت ناگیرێت.

یاخود پێدەچێ بەئەنقەست ڕستەکان لێڵوپێڵ بکات تاکوو سەر لە خوێنەر بشێوێنێت کە ئەمە گریمانەیەکی دوورترە و ئەو دوانەی یەکەم قورساییەکی زیاتریان هەیە. بە گشتی دیاردەیەکی سەیر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە: بەشێک لەو کەسانەی خۆیان وەکوو ڕادیکاڵترین نوێنەرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی پێناسە دەکەن، کۆڵەوارن لە زانینی زمانی کوردیدا، هاوشێوەی زمانە کوردییە سەقەتەکەی میدیای باشوور کە لێوانلێوە لە تێکدان و شێواندنی زمانی کوردی.

دواجار بە هەر زەحمەتێک بوو هەوڵم دا کتێبەکە بخوێنمەوە. کاک کەمال لەو کتێبەدا زنجیرەیەک ڕەخنەی لە پێڕەو و مانیفێستی کەجەکە گرتووە کە بەشێک لە ڕەخنەکانی تا ڕادەیەک جێی سەرنجن و هەڵگری کۆمەڵێک خاڵی جیدین. بەڵام ڕۆحی گشتیی کتێبەکە بە ئاڕاستەی شەیتانسازی لە ئۆجەلاندا دەسووڕێت و ئەمەش کۆی کارەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

یەک لەو شتانەی زەبری کوشندەی لە کتێبەکە داوە، سڕینەوەی پەنامەکی و هەستپێنەکراوی مێژووی جووڵانەوەی پەکەکەیە لە پێنج دەیەی ڕابردوودا، وەک ئەوەی بڵێی کۆی کرداری سیاسیی ئەو جووڵانەوەیە تەنهاوتەنها بەرئەنجامی تیۆری و ڕیتۆریکی سیاسیی ئۆجەلانە لە قۆناغە جیاوازەکانی پێش و پاش بەندکرانیدا و هیچ سەرچاوە و پارامێترێکی دیکە لە خولقاندنی ئەو کردار و ڕووداوانەدا دەوری نەگێڕاوە.

هەروەها بچووکترین ئاوڕیش لە دەسکەوتەکان و پێشڤەچوونەکانی ئەو جووڵانەوەیە بە درێژایی ئەو پەنجا ساڵەی ڕابردوو نەدراوەتەوە. خوێنەری نائاشنا بە مێژووی باکوور وا تێدەگات کە کۆی خەباتی پەکەکە لە دامەزراندنی کەجەکە و ئەو «خەسار»انەدا کورت دەبێتەوە کە بە باوەڕی بەڕێزیان لە ئەنجامی وەرچەرخانەکەی ئۆجەلاندا لە بزاڤی کوردی دراوە.

ئاشکرایە لە خوێندنەوەی زانستیی بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا هیچ کات تەنها پشت بە دەق و مانیفێست و ڕیتۆریکی سیاسیی ڕێکخراوە و سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە نابەسرێت، بەڵکوو ئاوڕ لە کۆی ئەو مێژووە دەدرێتەوە کە بزاڤەکە تێیدا لە دایک بووە و پێیدا تێپەڕیوە. بزاڤی کۆمەڵایەتی بەرئەنجامی پێوەندی و کارلێکی زنجیرەیەک بگۆڕی وەک دۆخ، ڕووداو، هاوکێشە و هەوڵ و سووژایەتیی مرۆییە لە دووتوێی زەمەنێکدا کە دەشێت تا سەرەتای مێژووی تۆمارنەکراوی مرۆڤیش درێژ بێتەوە، واتە بەبێ تێگەیشتن لە پێوەندیی دیالێکتیکاڵی نێوان دەق و کۆنتێکست، یان کردە و تیۆر، هیچ ئیمکانێک بۆ پێناسەکردنی بزووتنەوە بوونی نییە.

هەرچەشنە هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە یان وێناکەرانە، گرێدراوی ڕۆچوونە بە ناخی ڕەهەندە جیاوازەکانی مێژووی دوور و نزیک و پێوەندیی دیالێکتیکاڵی ئاماژەپێکراودا. هەر خوێندنەوەیەک کە ئیدیعای پێناسەکردنی گشتێتیی بزووتنەوە یان دۆخێک بکات و ئەم میتۆدە ڕەچاو نەکات، بێگومان کورت دەهێنێت و ناکرێ وەک خوێندنەوەیەکی ئەکادیمیک و زانستی ناوزەد بکرێت.

کتێبەکەی کاک کەمال ئیدیعا دەکات کە پەکەکە (کەجەکە) چ وەک دیاردە و چ وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی، دەکاتە بابەتێکی فامکراو بۆ خوێنەر، بەڵام بۆ ئاوا ئامانجێکی گەورە تەنها پشت بە کۆمەڵێک لە قسە و نووسینەکانی ئەم بزووتنەوەیە، ئەویش بە شێوەیەکی گوڵبژێرکراو و بە دڵخوازی خۆی، دەبەستێت. بە دەگمەن نەبێ ناپەرژێتە سەر ڕەهەندەکانی تری بابەتی ڕەخنەلێگیراو، لە کاتێکدا کە وەک وترا بزاڤی کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێکی جیهان و لە هەر زەمەن و کاتێکدا، بەرهەمی کارلێکی دیالێکتیکی و شێوازی دەرکەوتن و کاریگەریدانان و کاریگەریوەرگرتنی زنجیرەیەک پارامێترە لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا.

هیچ دیاردەیەکی مرۆڤکرد تاکجەمسەر و تاکهۆکار نییە، بەڵام لەم کتێبەی کاک کەمالدا کۆی بزاڤی پەکەکە بەرهەمی یەک هۆکارە کە هەمان تیۆری و قسەکانی بەڕێز ئۆجەلانە، تاکە یەک لێکەوتەیشی لێ کەوتووەتەوە کە هەمان دامەزراندنی کەجەکەیە کە بە باوەڕی نووسەر خیانەتێکی گەورەیە و «وێدەچێ سەدەیەکی دیکەیش کورد لەو سەرلێشێواوییەی کە پەکەکە سازی کردووە، ڕزگاری نەبێ»!.

 کاک کەمال مانیفێستەکەی «کەجەکە»ی لە کۆی مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کوردانی باکوور و بەتایبەت «پەکەکە» دابڕیوە و خستوویەتە بەر ڕەخنەوە، ئەو دەیهەوێ لە ڕێگای ئەو بە ناو ڕەخنەیەوە نەتەنها کۆی مێژوویەک ڕەت بکاتەوە کە هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ نەکردووە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا کۆی بزووتنەوەکەیش وەک دەستکردی وڵاتان و پیلانێکی دژەکوردی پێناسە بکات. واتە مێژووی بزاڤی کوردانی باکوور لە چوارچێوەی پەکەکەدا لە سروشتیبوون و دەرئەنجامی بزۆزییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان دادەبڕێت و هەر لە بنەوە ڕەشی دەکات.

خوێنەری نائاشنا بە دۆخی مێژوویی ژین-جیهانی کوردی باکوور بە درێژایی سەدەی بیستەم، کاتێک دەکەوێتە بەردەم نووسینەکانی بەڕێزیان، بەو ئەنجامە دەگات کە ئۆجەلان هەر لە بنەڕەتەوە سیخوڕێکی دژەکورد بووە کە لە لایەن دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی تورکیاوە ڕاسپێردراوە بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی کوردانی ئەو پارچەیە و پاشانیش هەموو پارچەکانی تر. دیارە کاک کەمال هێندە شارەزایی هەیە کە تەنها بە قسەی ڕووت لە هەمان یەکەم ڕستەدا ئاوا دەرئەنجامێک بە دەستەوە نەدات، هەر بۆیە وەک پێشتریش وترا، کۆمەڵێک ڕەخنەی دروستیش ئاوێتەی نووسینەکانی دەکات. بۆ وێنە ئاماژەدان بە پارادۆکسی دەوڵەت-نەتەوە یاخود ڕۆڵی خودی دەوڵەت لە واقیعی بابەتییانەی جیهانی ئەمڕۆدا کە بە ڕای منیش بەشێکن لە کەموکورتی و پارادۆکسەکانی تیۆریی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکی بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە.

ئەم چەشنە ڕەخنانە و چەندانی تریش کە کەسانی دیکە بە زمانێکی زانستییانەتر و خوێندنەوەیەکی قووڵتر لە بەڕێزیان بڵاویان کردووەتەوە، بچووکترین تێبینی لە دەرەوەی خودی بابەتەکەوە لای منی خوێنەر دروست ناکات. جیاوازییە بنچینەییەکە ئەوەیە کە لە توێژینەوەی توێژەری ڕاستەقینەدا کە بێگومان حەقیقەتدۆستە و هاوکات وەفاداریشە بە بنەماکانی زانستێک تێیدا شارەزایی هەیە، دینامیکی توێژینەوەکە بە شێوەیەکی ناونشین لە هەناوی گشتێتیی خودی بابەتی ڕەخنەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە شتی لاوەکیی دیکە یان بڕگەیەک لە بڕگەکانی جەمسەرێکی ئەو بابەتەوە.

گرفتێکی دیکەی نامیلکە بەکتێبکراوەکەی کاک کەمال، بەتاڵبوونە لە ڕوونکردنەوەی تیۆریک و هاوکاتیش نزمبوونی ئارگیۆمێنتەکان بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوون و تیۆرییەکانی بەڕێز ئۆجەلان. گەرچی لە هەندێ شوێنی ئەو نووسینەدا وردەئاماژەی سەرپێیی بە هەندێ تیۆری کراوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ڕوونکردنەوەی پێویست و میتۆدیک بۆ تیۆرییەکان نەکراوە. هەروەها لەو بڕگانەشدا کە دەیهەوێت بۆچوونێک ڕەت بکاتەوە، بەڵگاندنی ئێجگار نزم و ژۆرناڵیستی بە کار دەهێنێت کە زۆرجار لە بیچمی بانگەوازێکی سیاسیی ڕۆژانەدا خۆی دەبینێتەوە.

بۆ وێنە لە شوێنێکدا زۆر سەرپێیی ئاماژە بە تیۆریی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت لە لای مارکس و بیرمەندانی پێش مارکس دەدات، بەڵام هێندە سەرپێیی بە سەریدا تێدەپەڕێت کە خوێنەر ناتوانێ لە کاکڵەی تیۆرییەکە بگات. هاوکات لە چەند دێڕێک خوارتردا و وەک بەڵگاندنێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تیۆرییە، لەپڕ دەچێتە سەر وێنای زەینیی خۆی کە «قەت لە تەسەورمدا ناگونجێ کابرایەکی خەڵکی دێیەکەم کە هەوەسی کرد بچێت لە پەنا کۆشکی ئیلیزە لە پاریس ماڵێک بگرێت»!

زۆربەی هەرەزۆری ئارگیۆمێنتەکانی کاک کەمال بۆ ڕەتکردنەوەی تیۆرییەکەی بەڕێز ئۆجەلان بەم ئاستە نزم و نازانستییە.

کەچی هەر لەم نموونە دیاریکراوەدا و سەرباری ئەوەی دەشێت کاکڵەی ڕەخنەکەی دروست بێت و پارادۆکسی دەوڵەت گرفتێکی ناو تیۆرییەکە بێت، هێندە کاڵوکرچ و سەرپێیی ئاوڕی لێ داوەتەوە و خۆی لە لێکۆڵینەوەی بواردووە کە گومانێک لای خوێنەر دەوروژێنێت: ڕەنگ بێ ڕەخنەکە بەرهەمی بیرکردنەوەی خۆی نەبێت و لە شوێنێکی تر و کەسێکی ترەوە وەری گرتبێت، شوێن/کەسێک کە ڕێفرێنسی پێ نادات.

ئاشکرایە ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیبی زانستییە. ئەڵبەت دەشێت ئەم شیمانەیە ڕاست نەبێت، بەڵام ئەو لێکدژییەی نێوان /تیۆری/ڕەخنە/بەڵگاندن کە لە کتێبەکەدا بە زۆری دەبینرێت، پێویستی بە ڕاڤەیەکی قەناعەتپێکەرە کە لانیکەم من نەمدۆزیوەتەوە.

بۆ سەلماندنی نازانستیبوون و نائەکادیمیکبوونی نامیلکەکتێبێک تەنها ئەم خاڵانە بەسە، چونکوو تەنانەت ئەگەر هەڵگری هەندێ لە مەرجەکانی تری میتۆدۆلۆژیای زانستییش بێت، دیسان ئەم گرفتە قووڵانە لە بازنەی توێژینەوەی زانستی دەیخاتە دەرەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ حسێبی دەمەتەقێیەکی ژۆرناڵیستیی بۆ بکرێت.

 

شانتاژی میدیایی وەک ڕێگای هەڵاتن

دیسان بە هەموو ئەوانەیشەوە دەکرا مرۆڤ چاو لە کەموکورتییەکانی نامیلکەکەی بەڕێزیان ببوێرێت و بەشێک لە ڕەخنەکانی کە ڕێژەیەک لە دروستبوونیان تێدایە، بە هەند وەربگرێت، تا ئەم شوێنەیش هیچ لارییەکم لە قبووڵکردنی ڕەخنەکانیدا نەدەبوو. بەڵام ئەو هەڵڵا و شانتاژە میدیاییەی ناویەتەوە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەوە نابێت واز لە کورتهێنان و کەماسیی نووسینەکانی بهێنین.

بەو مانایە کە تەنانەت ئەگەر کتێبەکەیشی بە هەموو ناتەواوییەکانیەوە بنێینە لاوە و وەک هەوڵێکی ڕەخنەگرانەی قبووڵکراو وەری بگرین، دیسان ناتوانین بەدگومان نەبین بەرانبەر بەو شەڕە پۆلیمیکە بێمانایەی لە سۆشیاڵ میدیادا خستوویەتە گەڕ و بە چەشنی تازەلاوێکی پێنەگەیشتوو سکرین شاتی پچڕپچڕ بڵاو دەکاتەوە و دەرئەنجامی گەورەگەورەی لێ هەڵدەهێنجێت! یاخود ڕستەیەکی سادەی ناو یادداشتێکی ناوێکی خوازراو لە سایتێکدا دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەی حیزبێک و لایەنە ئەمنییەکانی ئامریکای لێ ئاگادار دەکاتەوە کە لە کوێن هاکا پەکەکە کوشتمی! ڕستەکە ئەمەیە کە کاک کەمال کردوویەتە کراسەکەی عوسمان:

«ئەو سەردەمە گوزەشت تۆ بە مەیلومەرامی خۆت بنووسیت و لێپرسینەوەت لێ نەکرێت. بێگومان ڕۆژێک گەل و ویژدانی بێداری گەنجان بە باشی لێپرسینەوەتان لێ ئەکەن».

ئینجا چاوەڕوانیشە ئێمەمانان لەبەر ئەو ڕستەیە کە یەکەم جار لە بەشی یەکەمی وەڵامەکەی خۆیدا بینیم، پۆتەیشنی پاڵپشتیی بۆ واژۆ بکەین و داوا لە دەوڵەتانی دونیا بکەین ئەو حیزبە تیرۆریستە کوردە سزا بدەن و گیانی کاک کەمالی ستەملێکراوی هەڕەشەلێکراو بپارێزن!!

هەر بە جیدی ئەم سلووکەی کاک کەمال بە هیچ ڕبەیەک ناپێورێت، تەنانەت شۆومەنە ئێرانییەکانیش بە دەگمەن پەنا بۆ ئەم چەشنە لە شانتاژ و خۆمەزڵوومکردن و خۆڵکردنە چاوی خەڵک دەبەن. خۆ ئەگەر هەر ڕستەیەکی تەفسیرهەڵگری ناو ئەم دونیا بەرینەی ئینتەرنێت بەڵگەی حەتمی و سەلمێنراوی هەڕەشەی کوشتن بێت، یەکەیەکەی ئەوانەی پۆستێکی دوودێڕیی سیاسییان لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا بڵاو کردووەتەوە، بەر ئەو جۆرە ڕستانە کەوتوون. خۆ ئەگەر بە میتۆدەکەی کاک کەمالی دەرسخوێندووی زانکۆی جیهانیی کۆلۆمبیا بێت، ئەوا هەر تاکێکی خاوەن پەیجێکی پەڕپووتیش دەبێ سکاڵای یاسایی تۆمار بکات و لایەنە ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە کە بگەنە فریام هەڕەشەی کوشتنم لێ کراوە!

کاک کەمال دەبێ چ کارێکی تر بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت تا سەر ئێسقان دوژمنی خوێنینی پەکەکەیە و ئامادەیە هەر شتێک بکات بۆ زەبردان لەو حیزب و تەیارە؟! بەڵام با بەڕێزیان بێخەم و خۆشحاڵ و ئەرخەیان بن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و پۆلیس و دەزگای ئەمنیی ئەو وڵاتە و گەلێ وڵاتی ڕۆژئاوایی دیکەیش، دەمێک ساڵە پەکەکەیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە و ئەم ڕاپۆرتەی جەنابیشیان بە هەموو ئەو بەڵگانە زیاد دەکەن کە ساڵانە بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە و نەمانەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا بە کاریان دەهێنن.

هەروەها دەکرێ ئەو سەدان فیلسووف و ڕووناکبیر و ئەکادیمیسیەنە بیانییەیش کە چەندین ساڵە داوای لابردنی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەکەن، هەر بەو سکاڵانەمەیەی کاک کەمالی گەورە ئەکادیمیسیەنی کورد دەمبەست بکرێن و هەموو هەوڵەکانیان پووچەڵ بکرێتەوە.

هەر لەم ڕۆژانەدا مامۆستایەکی زانکۆی خەڵکی باشوور کە لە زانکۆیەکی ئامریکا وانە دەڵێتەوە و وا دیارە دەمێکە چاودێریی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی کاک کەمال و هاوڕێیانی لە ئەنیستیتۆی زەهرا دەکات، لە پۆستێکی کاتیدا ئاوای نووسیبوو:

«لێرە کاکێکی کۆنە ئیسلامیی سیاسی دەبینم کە ئێستایش ئەندامی ڕێکخراوێکی ئیسلامیی سیاسییە و نامەوێ ناویان ببەم بە هۆی ئەخلاقی زانستییەوە. چونکو چەند نووسینێکی ئەوانەم هاتۆتە بەردەست و هەموویم ڕەت کردۆتەوە لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون ناوی باکووری کوردستان بە کوردستان بێنن و بە ئینگلیزی نووسیبوویان کوردانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا. هەروەها باش ئاگادارم کە ڕێکخراوەکەیان بە پارەی فەتحوڵڵا گولەن بەڕێوە دەچێت. ئەوانە هیچی سەرسامم ناکەن، چونکە وەکوو گوتراوە کە چەم بێ چەقەڵ نابێت. بەڵام سەرسامم بەوەی کە چەند برادەرێکی ڕۆژهەڵات (لە ئاگاییانەوە بێت یان نائاگایی) دەستخۆشیی نووسینەکانیان لێ دەکەن کە دژی بەڕێز ئۆجەلان دەینووسن. لەوانەیە ئەوان پێیان وا بێت کە هەموو نووسینێک دژی شۆڕشگێڕانی باکوور لە هەمان کاتدا دژایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیشە (پەژاک). من لام ئاساییە برادەرانی کۆمەڵە و دیموکرات بیانەوێت لە پەژاک باشتر بن، بەڵام نابێت ئەو کێشمەکێشمە بیانخاتە کۆشی دوژمنانی کوردەوە. من ئەو نووسینەم بۆ برادەرانی ڕۆژهەڵاتە کە دەبێت بەئاگاتر بن بەتایبەت سەبارەت بەو شتانەی کە تایبەتن بە باکوور. ئەگەر نا لە ناکاوێک دەکەونە باوەشی گرووپی لە نموونەی فەتحوڵڵا گولەن یان هوداپار و ئەکەپە…».

بەم پێیە بێت، کەسانێک کە ئەو مامۆستایە ئاماژەیان پێ دەدات، جیا لە گرێدراویی کرداری و فیکری بە بەرەیەکی ئیسلامیی دژەکوردەوە، لە نووسینی کوردی و ئینگلیزییشدا دوو جۆر دەربڕینی سیاسیی جیاواز و بگرە دژبەیەک پێڕەو دەکەن؛ لە کوردییەکەدا بە کەمتر لە سەربەخۆیی کوردستان ڕازی نابن بەڵام لە نووسین بە زمانەکانی تردا ئامادە نین ناوی کوردستانیش وەک خۆی بهێنن.

 

قسەهەڵبەستن و حەقیقەتسازی

بەشێکی تر لە گرفتەکانی وەڵامەکانی کاک کەمال دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبەستنی قسەی ناڕاست بە دەمی ڕەخنەگرانیەوە، دیارە ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ ئەو میتۆدەی کە «قسەیەکی ناڕاست هێندە دووپات بکەرەوە کە لای خوێنەر ببێتە حەقیقەتی ڕوون.» مخابن کە فەزای سۆشیاڵ میدیایش هێندە شڵەژاوە کە ئاوا حەقیقەتسازییەک دەشێت هەندێ جار سەرکەوتوو بێت.

بۆ وێنە وتوویەتی گوایە من تۆمەتبارم کردووە بە زماننەزانین و وەرگێڕان بە گووگڵ ترانسلەیت، ڕستەکە ئەمەیە:

«گرتنەبەری شێوە ئاژیتاسیۆنێکی ڕووکەش و سۆشیاڵ میدیایی بە میتۆدۆلۆژیای گووگڵ ترانسلەیت! دەبوو لە خاوەن بەڵگەنامەی ئەکادیمیک و مامۆستای زانکۆ نەوەشێتەوە»،

ڕێک بە پێچەوانەی وتەی جەنابیان، لێرەدا وتراوە مامۆستایەکی زانکۆ کە بێگومان دەبێ زمانزان بێت، چۆنە کە بە «میتۆدی گووگڵ» نەک «لە ڕێگای گووگڵ»ـەوە کار دەکات؟ ئەگەر دوکتۆرێکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک بۆ دەرمانکردنی نەخۆشێک پەنا بباتە بەر دۆعا و جادوو، ئایا بە مانای ئەوەیە کە لە زانستی پزیشکی هیچ نازانێت؟! لە ئاوا ئەگەرێکدا ئەو دوکتۆرە تۆمەتبار دەکرێ کە پێچەوانەی شارەزایی، بەڵێن و ئەخلاقی زانستیی خۆی پەنای بۆ میتۆدێکی نامۆ و بگرە دژ بە بواری پسپۆڕییەکەی خۆی بردووە.

لەوەی بەڕێز سلێمانییشدا ڕەخنەکە لەسەر زماننەزانین نەبووە، بەڵکوو چەواشەکردنی بەئەنقەست بووە کە تۆمەتێکی زۆر قورسترە لە تۆمەتی ناشارەزایی. هەر لە میانەی ئەم زنجیرە شانتاژە میدیاییەدا، کاک سەلاح بایەزیدی کە هەموان کۆکن لەسەر زاڵبوونی بەسەر زمانی تورکیدا، لە ژێر پۆستێکی کاک کەمالدا ئاوای نووسیوە: «لە وەرگێڕانی ڕستەکاندا چەواشەکارییەکی بچووک دەکەی، وەک ئەوەی کۆمەڵناسان دەیکەن و خەڵکی پێ دەترسێنن، یان وەک چۆن حیزبە ڕاستڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا پەنای بۆ دەبەن».

ئەستەمە کاک کەمال لە مانای ئەو ڕەخنەیە تێنەگەشتبێت، بەڵکوو لەسەر هەمان ڕێچکەی سوێندلێخواردووی خۆی دەیهەوێ ئەو ڕەخنەیەش بە ئاقارێکی ناڕاستدا بەرێت. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: بە ئاستی یەکەم خۆی باش دەزانێ ڕێک ئەو چەواشەکارییە زمانییەی کردووە و بۆ بەرگریلێکردن نابێت، بە ئاستی دووهەمیش دەتوانێ بە وەسفکردنی توانای زمانیی خۆی بەردەنگ/موریدی زیاتر کۆ بکاتەوە. واتە هاوکات هەم لە گێژاوی تۆمەتی چەواشەکردنی بەئەنقەست هەڵدێت و هەم ئیمکانێک بۆ هەڵدان بە باڵای خۆیدا و نیشاندانی ئاستی وانەخوێندن و مێژووی وانەوتنەوەی خۆی دەڕەخسێنێت.

بەڵام خۆ «زانایی» و «بەڵگەنامەی ئەکادیمیک» لە جەوهەری خۆیاندا هەڵگری هیچ «فەزیلەت»ێک نین و دەشێت ئاقاری «ڕەزیلەت»یش وەربگرن، ئەم تایبەتمەندییانە تەنها ئەو کاتە دەبنە فەزیلەت کە بکەونە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەرگریکارانەوە لەگەڵ «حەقیقەت»دا و خزمەت بە «خێری گشتی» بکەن.

بەدەر لەم تێبینییە، ڕەنگە کاک کەمال بیری لەوەش نەکردبێتەوە کە ئەم بازدان و ئێگۆییزمە هاوکاتە نەتەنها لەو گێژاوە ڕزگاری ناکات، بەڵکوو وا لە بەردەنگی دەکات گومانێکی دیکەیشی بخاتە سەر کە ونبوونی «خاکەساری یان تەوازوعی زانستی»یە، پرەنسیبێک کە لە سوکراتەوە تا ئێستا ماکی جیانەکراوەی ئەندێشە و بیرکردنەوەیە.

نموونەیەکیش لە شوبهاندنی ناڕاست کە هەر لە هەمان چاوگی چەواشەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت: کاک کەمال ئاماژەی بەو ڕەخنانە داوە کە لە کاک عەبدوڵڵا موهتەدیم گرتووە و دەپرسێ بۆچی ڕەوایە من لە کاک عەبدوڵڵا ڕەخنە بگرم و ئەو بۆی نییە لە بەڕێز ئۆجەلانی بگرێت.

ئەمەیش دیسان هەڵبەستنی قسەیەکی تەواو ناڕاستە و کەس باسی ڕەخنەی نەکردووە، بەڵکوو باسی شەیتانسازی کراوە. بە پێچەوانەی نووسینەکانی بەڕێزیان، لە هیچ کوێی ڕەخنەکانی مندا کۆی خەبات و دەسکەوتەکانی کۆمەڵە و خودی کاک عەبدوڵڵا موهتەدییش نەتەنها ڕەت نەکراوەتەوە، بەڵکوو نیگەرانییش دەربڕراوە کە ئەو ڕێڕەوە ئێرانچی و سێلێبێریتگەرایانەیە، هاوکات کە پێچەوانەی ناواخنی ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازانەی شۆڕشی ژینایە، لە هەمان کاتدا دژ بەو نەریتەیشە کە لە کۆنەوە ڕێڕەوی گشتیی چالاکیی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی نەخشەکێش کردووە و کۆمەڵەیش خۆی ئافرێنەرێکی گرنگ و کاریگەری بووە.

لەو زنجیرە ڕەخنەیەدا کە ئاڕاستەی کاک عەبدوڵڵام کردووە، بەڕێزیانم نەکردووەتە شەیتانێک کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات یان دەوڵەتانی هەرێمییەوە ڕاسپێردرابێت بۆ لەخشتەبردنی خەباتی کوردستان، بەڵکوو بە ڕوونی وتراوە کە بەڕێزیان تووشی هەڵەیەکی مەعریفی و سیاسیی قورس بووە کە پێی وایە یاریکردنێکی لەو چەشنە (نەک هەرجۆرە یاریکردنێک) لە ناو هاوکێشەی هەرێمیدا و هاوپەیمانبوون لەگەڵ کۆمەڵە تاکێکی بێناوەرۆکدا کە هەڵگری هیچکام لە تایبەتمەندییەکانی «ئۆپۆزیسیۆن» و «دیمۆکراسیخوازی» نین، لەخشتەبەری کارنامەی سیاسیی خودی خۆیانە و زەبر بە خەباتی کۆمەڵە و کوردستانیش دەگەیەنێت. تەنانەت خۆم بواردووە لەوەی خۆی و حیزبەکەی بە یەکسان لە قەڵەم بدەم و هێڵێکی سوور بەسەر کۆی بزووتنەوەیەکدا بکێشم کە کۆمەڵە بە هەموو فراکسیۆن و لقەکانیەوە نوێنەرایەتیی دەکات.

پاش ئەوەیش کە پێشبینییەکانی ئێمەمانان لەمەڕ شکستهێنانی خێرای ئەو هەوڵە نەزۆکە هاتە دی، نەتەنها شمشێری لۆمە و توانجم بۆ کاک عەبدوڵلا هەڵنەگرت، بەڵکوو لە دووتوێی وتارێکی ڕەخنەگرانەدا هەوڵم دا ئاسۆیەک لە بەردەم گەڕاندنەوەی قورساییدا بۆ بزاڤی ژینا بکەمەوە، لینکی وتارەکە.

تەنانەت کاتێکیش بارەگا بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چۆڵ کرا (لەوانە بە کۆمەڵەکەی کاک عەبدوڵلا) واتە کاتێک کە بانگەشەی ئاشبەتاڵی هەندێ کەس و لەوانە کەسانی نزیک لە پەکەکە بەرز ببوویەوە، لە یادداشتێکدا ئاشبەتاڵبوونی ئەو ڕووداوەم ڕەت کردەوە و تێگەیشتنێکی دیکەم خستە بەردەست، لینکی یادداشتەکە.

ئەو نەفەس و هەوایەی لە ڕێیەوە ڕەخنەم لە کاک عەبدوڵلا گرتووە، زەوی تا ئاسمان دوورە لەو نەفەس و هەوایەی کاک کەمال کۆی مێژووی جووڵانەوەی باکووری پێ ڕەش و ڕەت دەکاتەوە.

ڕەخنەی من و بەڕێزیان لەو دوو سەرکردەیەی کوردستان، هەروەها کۆی دەستێوەردان و تێڕوانینی پێشووتری سیاسیی هەردووکمان بۆ مەیدانی سیاسەتی حیزبی و چالاکیی مەدەنی لە کوردستاندا، بە هیچ لێکدانەوەیەک پێکدی ناشوبهێنرێن.

هەر لەم نموونانەوە دەتوانین لەو ڕێچکەیە بگەین کە بە ئاقاری قسەهەڵبەستن و گۆڕینی ناوەرۆکی مەبەستی کەسانی تردا دەگەڕێت و بووەتە لایەنێکی جیانەکراوەی سەرجەم شانتاژەکان.

 

دەرئەنجام: ڕەخنە، لێکهەڵپژان و ئازادیی ڕادەربڕین

با بە نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە کە ئەوەی کاک کەمال و کەسانێکی دیکەیش دەیکەن بۆچی مەترسییەکە لەسەر ژینگەی سیاسیی کوردستان:

بە درێژایی دوو دەیەی پێشوو هەردوو حیزبی دیمۆکرات و پەژاک بە زمانێکی زبر و نەشیاو لەسەر یەکتر قسەیان کردووە، دیمۆکرات (هەروەها کۆمەڵەیش) پەژاکی بە دروستکراوی سوپای پاسداران لە قەڵەم دەدا و پەژاکیش حیزبی دیمۆکراتی بە حیزبی کلاسیک و ناسیۆنالیستی سەرەتایی پێناسە دەکرد.

ساڵانی کۆن چالاکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبیی خۆیان و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە (و کۆمەڵەکانیش)دا کۆدەبوونەوە و هەوڵیان دەدا بە پشتبەستن هەم بە تیۆری و هەم بە ئەزموونی باشوور و تەنانەت دەیەی شەستی خودی ڕۆژهەڵاتیش، قەناعەتیان پێ بکەن واز لەو زمان و دەربڕینە نەگونجاوە بهێنن و بوونی یەکتر قبووڵ بکەن.

ڕەنگە کاک کەمال بە هۆی دووربوونی هەمیشەییەوە لە مەیدانی چالاکیی ڕۆژهەڵات قەت ئاگای لەو فەزا و باسوخواسانە نەبووبێت، بەڵام ئەم مژارە بۆ ساڵەهای ساڵ کەڵکەڵەیەکی گەورەی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی کوردستان بووە.

ئێستە چەند ماوەیەکە هەردووک حیزب بە قەناعەتێکی جیاواز گەیشتوون و نەتەنها بوونی یەکتریان قبووڵ کردووە بەڵکوو لەگەڵ یەک دادەنیشن و بەیاننامەی هاوبەشیش دەردەکەن.

بەڵام هاوکات هەردووکیان دووچاری کێشەیەکی جیدی لە ناوخۆی ڕیزەکانی حیزبەکانیاندا بوون؛ ئەندامانی دیمۆکرات دەڵێن خۆ ئەو هەموو ساڵە بە ئێمەتان دەوت پەژاک سازکراوی سوپایە، ئەی چۆنە ئێستە لەگەڵیان دادەنیشن و هاوکارییشیان دەکەن. لەولاوە ئەندامانی پەژاکیش دەڵێن خۆ ئێمە خۆمان پێ پێشڕەو و پرۆگرێسیڤ و ئەوانیشمان پێ کۆیلە و دواکەوتوو و مایەی شکستی کوردستان بوو، دەی بە چ ئەقڵێک ئێستە ئەو دواکەوتووانە قبووڵ بکەین. سەرکردایەتیی هەردوولا ڕووبەڕووی ئەم کێشە ناوخۆییە بوونەتەوە و ڕەنگە تەنانەت هەر ئەمەش وا بکات دواجار نەتوانن وەک پێویست لێکدی نزیک ببنەوە.

سەرباری ئەو لێکنزیکبوونەوانە، ئێستایشی لەگەڵ بێ، هیچ فەزایەکی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنگران و ئەندامانی ئەو حیزبانەدا دروست نەبووە و زمانە زبرەکەی پێشوو هێشتایش برەوی هەیە. ئەم فەزایە بەرهەمی چەندەها ساڵ بەشەیتانکردنی یەکترە کە هەم خودی پێکهاتە حیزبییەکان خۆیان و هەم کەسانی وەک کاک کەمال لە خولقاندن و پەرەپێدانیدا دەوریان گێڕاوە.

ئەگەر کاک کەمال سەرنجی دابێت کە بێگومان زۆر هۆشیارانە لێی ورد بووەتەوە، لە هەموو ئەو هەوڵانەیدا دژ بە پەکەکە، زیاترین پشتگیری و لایکی لە لایەن برادەرانی حیزبی دیمۆکراتەوە وەرگرتووە. ڕەنگە ئەگەر هەمان کاری دژ بە دیمۆکرات کردبا دیسان زیاترین پشتگیریی لە هەڤاڵانی پەژاک و پەکەکەوە وەربگرتایەت. ئەمە دەرئەنجامی سروشتیی ژەهراویکردنی ژینگەی سیاسییە کە بە درێژایی ساڵان ڕووی داوە و بەم ئاسانییەش کۆتایی پێ نایەت. بەتایبەت کە کاک کەمالەکان شانیان لێ شل کردووە و هێندەی تر ئاگرەکەی دەگەشێننەوە!

ئاوڕدانەوەیەک لەو زەمینە گوفتاری و کردارییانەی باشووری پێدا تێپەڕی و لە هەشتاکان و نەوەدەکانی زایینیدا شەڕی خوێناویی ناوخۆی لێ کەوتەوە، دەتوانێت لە پێشبینیکردنی داهاتووی ڕۆژهەڵات لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم فەزا ژەهراوییەدا یارمەتیدەر بێت. یەکێتی و پارتی پێش و پاش ڕاپەڕین وێنایەکی هێندە شەیتانییان لە یەکتر نەخشەکێش کردبوو کە لایەنگر و ئەندامەکانیان پێیان وا بوو تاکەڕێگای ڕزگاریی کورد لەناوبردنی لایەنی بەرانبەرە. یان هەر ئێستا ئەگەر سەیرێکی ئەدەبیاتی مامەڵەکردنی هەردوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەگەڵ یەکدا بکەین، بە ئاسانی دەتوانین پێشبینی بکەین کە دەشێت لە داهاتوودا دیسان ڕووداوی هاوشێوەی کوشتنی ئەو دوو پێشمەرگەیە لە ئاستێکی زۆر بەربڵاوتردا ڕوو بداتەوە.

هیچکام لە حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کە پەکەکەیش یەک لە کاریگەرترینەکانیان بووە، لە دروستکردنی کەشی بەشەیتانکردندا پاک و بێگەرد نین، کەشێک کە ئێستە لە باشووردا قەوارەی هەرێمی کوردستانی خستووەتە بەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکییەوە.

هەر بۆیە ئەرکی هەر چالاکێک، لە هەر بوارێکدا، ڕەچاوکردنی پرەنسیبەکانی کاری سیاسیی تەندروست و پاراستنی ژینگەی سیاسییە لە شەڕانگێزی و لێکهەڵپژان. ئەمەیش بە گەڕانەوە بۆ پێوەندیی دوولایەنەی نێوان «ماف» و «بەرپرسیارێتی»؛ هەر مافێک هەڵگری بەرپرسیارێتییەکە.

ڕوونکردنەوەی ئەم «بەدیهییات»ـە بۆ «مامۆستایەکی سیاسەت» نەدەبوو پێویست بوایەت، ئەو لە هەمان یەکەم وانەکان و لە بەشی هۆبزدا دەبوو فێری ئەم شتە سەرەتاییە ببوایەت. ئەم داواکارییە ڕوونە تۆسقاڵێکیش چییە پێوەندیی بە سەرکوتکردن یان بەکارهێنانی ئازادیی ڕادەربڕینەوە نییە.

ئەڵبەت ئاساییە کە ئاوا کەسێک بە ڕابردوویەکی لێڵ و ئێستایەکی، خۆی وتەنی، ئەکادیمیکی ڕووتەوە، هیچ لە هەستیارییەکانی کردە و وتەی سیاسی لە کوردستاندا نەزانێت. مرۆڤی ئەکادیمیک یان دەبێ هەر لەو بەستێنە توێژینەوەییە ئەکادیمەکەی خۆیدا بمێنێتەوە، یان کاتێک کە دەستێوەردانی بەستێنی گشتی دەکات و دەیەوێ ڕۆڵی ڕۆشنبیریش بگێڕێت، بە مێژوو، پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی کار لە کۆنتێکستی مەبەستدا ئاشنایی و گرێدراویی کرداریی تەواوی هەبێت.

دیسان بە وەرگرتنی گریمانەی ڕابردووی باسلێکراویەوە، لە سەردەمێکدا کە بەڕێزی سەرقاڵی جیهادی ئیسلامی بوو، چالاکان و ڕووناکبیرانی کوردستان لە ئەنجومەن و ڕێکخراوە و چاپەمەنییەکاندا خەریکی بەرزکردنەوەی ئاستی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بوون و بە دەیان ڕێکخراوە و گۆڤار و کۆڕ و کۆنگرەیان ڕێک دەخست. بەڵام نەک بەو مەبەستەی هەرکەس لە ئیسلامیزمەوە پارادایم-شیفت (ی واقیعی یان مەسڵەحەتی)ی کرد و بەرگێکی ئەکادیمییانەی لەبەر کرد، لەسەر تەختێکی شاهانە و پرسیارلێنەکراو دابنیشێت و هەرچەشنە ڕەتکردنەوەیەک بۆ شێوەفتواکانی خۆی وەکوو دوژمنایەتیی ئازادیی ڕادەربڕین ناوزەد بکات و هاواری وا موسیبەتا هەڵبدات.

ئەو تۆمەتانەی ئەو ئاڕاستەی لایەنگران و خودی ئۆجەلانی دەکات، دەقاودەق دەبێ ڕووبەڕووی خۆی بکرێتەوە؛ بەڵگەنامەی دوکتورا و ١٧ وتارە زانستییەکەی لە ژۆرناڵەکانی جیهاندا کە خەڵکی ڕۆژئاوایی ئاواتیانە وتارێکیان بڵاو بکەنەوە!، بەڵگەیە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕەتکردنەوەی بۆچوونە پڕهەڵە و شەڕانگێزەکانی، بەڵام کەس بۆی نییە داوا بکات لە دەیان ساڵ مێژوو، هەزاران شەهید و زیندانیی سیاسی و هێزێکی ئامادەی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، شەیتان دروست نەکرێت!

بریا ئەو دۆستانەی نامەی دڵسۆزانە بۆ ڕەخنەگرانی کاک کەمال دەنووسن ئاوڕێکی سەرپێیی لە نا-میتۆدی نابەرپرسیارانەی ئەم دوکتۆرە نامۆیە بە ژینگەی سیاسیی کوردستان بدەنەوە و نەکەونە ژێر کاریگەریی شانتاژە میدیاییەکانیەوە.

ئەو دەیهەوێت بە ڕاکێشانی سەرنج و وزەی دڵسۆزانەی ئەوانیدی، چەشنێک لە گەلەکۆمە ڕێک بخات و فەزاکە بە ڕووی ڕەخنەگردا هێندە تەسک بکاتەوە کە چیدی کەس نەوێرێ خۆی لە قەرەی فەرمایشە ئاسمانییەکانی بەڕێزیان بدات. ئەم تەفەرعونە ئەکادیمیکەیش نەریتێکە لە تیۆریسیەنی ئێرانشارییەکانەوە، جەواد تەباتەبایی، فێری بووە، تەفەرعونێک کە هاوکات خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی ئێرانشاریگەری و شەئنی حەزرەتی مامۆستایش ئەجەل لە سەرڕووتانی نەخوێنەوار دەزانێت!

گەرچی بەڕێزیان خۆی وەک دوژمنی ئەو ڕەوتە بە بەردەنگی کورد دەنوێنێتەوە، بەڵام لە میتۆد و سلووکی خۆیدا دەقاودەق ئیقتیدا بەوان دەکات، تاکە جیاوازییەکەی ئەوەیە کە نە بەقەد جەواد تەباتەبایی خوێنەواریی تیۆریکی هەیە و نە وەک ئەو زاڵە بەسەر زمانێکدا کە خاوەنداریی لێ دەکات.

لە ڕاستیدا ئەم وەڵامە نەک بۆ کاک کەمال بەڵکوو بۆ بەردەنگەکانیەتی، چونکوو بەڕێزی هێندە سوورە لەسەر شانتاژی ناکۆتا و نەبڕاوە، کە پێم وا نییە ئەوەی دەیکات و دەیڵێت بەرهەمی توێژینەوە و هەڵێنجانی فیکری بێت؛ بەڵکوو بەخشینەوەی ڕقێکی کۆنینەی بیرلێکراوەیە و ئەمەیش بە دیالۆگ و ڕەخنە چارەسەر نابێت.

بەڵام بە سەرنجدان بەو پێگەیەی لێوەی قسە دەکات و ڕەوایەتی بە نا-ڕەخنەکانی دەدات، دەبێ نیگەران بین لە کوشتنی چەمکی ڕەخنە لە ڕێگای ئالوودەکردنیەوە بە ڤایرۆسی فرۆشتنی کاڵای ساختە بە ناوی کاڵای ئۆرژیناڵەوە، ئەمەش مانای مەترسیی ناخگیرکردن و زاڵکردنی کردە و وتەی ڕووکەشی کەمبەها لەباتیی باڵادەستبوونی کردەی ڕەخنەگرانەی ڕادیکاڵ و حەقیقی.

هەروەها دەبێ نیگەران بین لە پاوانکردنی «کوردایەتی» و بەتاڵکردنەوەی بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کوردستان لە هەرچەشنە چەمک و ماکێکی پێشکەوتنخوازانە و ڕادیکاڵ لەژێر ناوی ناسۆنالیزم و سەروەریی سیاسیدا. مەیلێک کە ئێستە ئیتر بۆ خۆیان پەردەیان لەسەر لاداوە و وردەوردە خەریکن هاوشێوەی پاشاییخوازەکانی ئێران دەکەونە دوژمنایەتیکردنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی.

هەرچەند دەبێ لەم کارەیان پێشوازی بکەین: با هەرکەسە بە دروشمێکەوە پێ بنێتە ناو بەستێنی گشتییەوە کە شیاوی بیرکردنەوەی خۆیەتی و چیدی کەس خۆی لە پشت دروشمی نامۆ بە باکگراوندی مەعریفیی خۆیەوە نەشارێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *