ڕیشەی فاشیزم، وەک ئیدۆلۆژییەکی تۆتالیتێر بۆ سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە لە فۆڕمی بزووتنەوەیەکی سیاسیدا لە ئیتالیا سەری هەڵدا. میلیتاریزم، ناسیۆنالیزم و هەڵاواردنی ئێتنیکی و جێندەری لە پاژە سەرەکییەکانی ئەو ئیدۆلۆژییەن. فاشیزم، لەگەڵ ئەوەشدا کە کەمتر کەسانێک بە ئاشکرا خۆیانی پێوە پێناسە دەکەن، بەو هۆیەوە کە توندوتیژی وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەزانێ، بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار.
بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی هاوچەرخی کوردستان، هەرچەند مێژوویەکی دوورودرێژی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سەرکوت و هەڵاواردنی شێوە فاشیستیدا هەبووبێ، بزووتنەوەیەکی یەکسانیخواز بووە کە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و گونجان لەگەڵ “ئەوانیتر”دای وەک ئامانجی درێژخایەنی خۆی هەڵبژاردووە. ڕەنگدانەوەی ئەم نزیکبوونەوەیە لە ئەزموونە هاوچەرخەکانی خۆبەڕێوەبەریدا لە کوردستان، لە کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، حاشاهەڵەنگرە، بەو حاڵەش، کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ فاشیزم و ڕەفتاری شێوە فاشیستیانەی وەک قەتڵوعام، هەڵاواردنی ئێتنیکی و پاکتاوی کولتووریدا بەرەوڕوو بۆتەوە.
فاشیزم، زیاتر لە سەت ساڵ دوای تێکشکانی لە بواری سەربازییەوە، ئێستا، لەسەر ئاستیێکی بەرینی کۆمەڵایەتی، لە وڵاتانێک کە بە ئەزموونی بە دێمۆکراسیبووندا تێنەپەڕیون، سەری هەڵداوەتەوە. مرۆڤایەتی ئێستا، لە سایەی قەیرانەکانی وەک تێکچوونی ژینگە، هەڵاوسانی ئابووری، نایەکسانی لە دابەشبوونی دارایی و فەشەلهێنانی پڕۆژەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و … هتددا، لە لەسەر لێواری خۆ لەناوبردندا دەژیت، قەیرانگەلێک کە دەیان و سەتان شەڕی گەورە و بچووکیان لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتۆتەوە و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە.
لە وڵاتانێکی وەک ئێران کە بە هۆکارگەلی مێژوویی و سیاسی، پۆتانسیەلی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییان زیاتر تێدایە، وەڵامی دەسەڵاتداران و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ قەیرانەکان، نزیکبوونەوەی زیاتر لە هەڵاواردنە کولتووری، جنسیەتی و ئەتنیکییەکان بووە. ئەمە لە خۆیدا هەنگاونانە بەرەو فاشیزمێک کە لەوانەیە تەواوی ناوچەکە بەخۆیەوە بەرەو هەڵدێر پەلکێش بکات. دوایین نموونەی ئەم هەنگاونانە بەرەو فاشیزم، لە ڕۆژانی یەکەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”ەوە، لەناو ڕاگەیەنە گشتییەکانی دەوڵەت و تەنانەت لەناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیشدا بە شێوەیەکی بەربڵاو کاریان لەسەر کرا.
سایتی “ڕێنێسانس”، بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو بابەتە، ژمارەیەک ئەکادیمیسیەن و ڕۆشنبیری کورد، بەڵام هەروەها چالاکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”ش دەدوێنێ. ئەم وتووێژە کورتەی بەر دەستتان، یەکەم بەشی ئەم زنجیرە باسەیە.
کەریم مەرەسەنە
ڕێنێسانس: زۆر سپاس کە بە پیل داخوازییەکەمانەوە هاتن بەڕێز عاتفە، با لێرەوە دەست پێ بکەین کە داخوا دەکرێ ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستییەی لەناو دەسەڵات و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشدا لەم چەند ساڵەدا و بە تایبەت لە یەک ساڵی ڕابردوودا (دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی ژن، ژیان ئازادی) هەوڵی یەکڕەنگکردن و یەکدەستکردنی سیاسەت لە ئێران دەدات و لە ئەدەبیاتی خۆیشیدا هەموو جیاوازییەکان ڕەت دەکاتەوە، بە فاشیزم ناو بەرین؟
ئاتفە ڕامسەری: بۆ تێگەشتن لە فاشیزم دەبێ بڕوانینە سەر ئایدیا سەرەکی و کردەوە ڕاستەقینەکانی. بۆ ئەو مەبەستە ئەبێ مێژوو و پاشخانەکانی بناسرێن، تایبەتمەندییەکانی باس بکرێن و لێکەوتەکانی شی بکرێنەوە. من لێرە هەوڵ دەدەم بە کۆرتەیەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دیاردەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەوەمە. وەک تایبەتمەندیی فکری و رێڕەوی سیاسی، فاشیزم لە سەر بنەمای باوەڕ بە ڕادیکاڵ ناسیۆنالیسم، بەرتەسک خوازی کولتووری و خواستی دروستکردنی نەتەوەیەکی مەزنە. لە نمونە ئاڵمانیەکەیدا هیتلر بە تەمای دروست کردنی Volksgemeinschaft واتە کۆمەڵەگەی خەڵکی بوو کە لە باری ڕەگەزیەوە یەکدەست بێت و خواستی تاکەکان بە تەواوی ژێردەستەی بەرژەوەندی میللەت، یان گەل بێت و مرۆڤەکان وەکوو سەربازێک بەردەوام ئامادەی پارێزگاری لە گەلەکەیان بن و پەیڕ ەوی ئەو دیسیپلینەی بکەن کە بۆ ئەم ئامانجە دیاری دەکرێت. لە پشت ئایدیای فاشیزم، خەونێکی ئەمپریالیستی هەیە بۆ درووستکردنی ئێمپراتوورییەکی گەورەی پڕشکۆ، وەک چۆن لە ئیتالیا موسولینی بە تەمای دروستکردنی “نیشتمانێکی باوکی” لە چەشنی ئێمپراتوریی ڕۆم بوو. ئیدئۆلۆگەکانی فاشیزم پێیان وایە کە شوناسی نەتەوەیی بناغەی شوناسی تاکە و نابێ بە کاریگەریی دەرەکی خەوشدار بکرێت. پێناسەکانی ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە بریتین لە نیشتمان پەرەستی، دژی “ئەوی دی” بوون، باوەر بە هەرێمێکی جۆغرافیی پیرۆز، نەتەوەیەکی ئەزەلی و پێداگری لە سەر مێژوویەکی شکۆمەند.
فاشیستەکان نەیارانی سیاسیی خۆیان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کەمتر لە خۆیان “نیشتمانپەروەر”ن، تەنانەت هەندێکجاریش بە “خائین”، “بیانییە ناوخۆییەکان” یان “دژەنەتەوە” ناویان دەبەن. تایبەتمەندییەکی گرێدراوی ئەم ناسیۆنالیزمە ڕادیکاڵە ڕەگەزپەرەستی و دژە ئەوی دی بوونە، بە جۆرێک کە تێکەڵ بە تووندوتێژی دەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هەوڵیان داوە رەهەندێکی میلیتاری بدەنە ئەو دژایەتی و دژبەریانە ولێکەوتەی ئەم سیاسەتەشیان کوشتن و سڕینەوەی ئەوانیتر بووە. لە لایەنی هزریدا فاشیزم بیرۆکەیەکی پۆپۆلیستی دژە روناکبیرییە کە حەزێکی زۆری بۆ خولقاندنی کارەکتری میناک، قارەمان و کاریزما هەیە. بەم پێیە دژایەتیی فکری سەربەخۆ و کریتیکاڵیش دەکا، هەوڵی گۆڕاندنی ڕاستییەکان دەدات و تاکی باش بە تاکی ملکەچ و گوێڕایەڵ پێناسە دەکات.
وەکوو دەرهاویشتە، هەوڵدانی فاشیزم بۆ یەکدەستکردنی کۆمەڵگا و بە تایبەت بە شێوازە میلیتاریەکەی دەرئەنجامی سەرەکی تۆتالیتاریزمێکە کە پێش بە پلوڕالیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگرێت. بەشداری سیاسی وەکوو کردەوەیەکی ئەرێنی تەنیا کاتێ دانپێنراوە کە بە پێی پرەنسیپی داڕێژڕاو (Führerprinzip ) بێت. بێدەنگکردن، سەرکوتکردن و قڕکردن لێکەوتەی ئەو هەوڵە فاشیستیانەن کە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامانج دەگرێت.
ئەگەر ئاوڕێک لە سەر کۆمەڵگای سیاسیی ئێران بدەینەوە، بە ئاسانی دەکرێ کۆی ئەم تایبەتمەندیانەی تێدا ببینینەوە. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەم تایبەتمەندیانە لە نێو رێکخستنی دەوڵەتی و ساختاری سیاسیدا کورت ناکرێنەوە بەڵکوو ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتییان هەیە و لە نێو پەیوەندییە ئاساییەکانی ڕۆژانەشدا بەرهەم دێنەوە و دووپات دەکرێنەوە. زۆر لە بیرمەندەکان باوەڕیان وایە فاشیزم نابێ وەک ئیدئۆلۆژییەکی ئەبسترەکت پێناسە بکرێت، بەڵکوو دەبێ وەکوو فۆرمێکی تایبەتی بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەیری بکەین. وەک جۆرج مۆس[1] باسی دەکات، فاشیزم چی دیکە نابێت تەنیا لە مەیدانی سیاسەتدا شرۆڤەی بۆ بکرێت بەڵکوو دەبێ وەک جووڵانەوەیەکی کولتووری سەیری بکرێت. لە پانتایی سیاسی ئێراندا، هەم ڕێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی، هەم دژکردەوەکان لە لایەن رووناکبیرانی پۆزسیۆن و ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ئاسایی دەکرێ پێکهاتە فاشیستییەکانی تێدا پێناسە بکرێت.
هەرچەند لە ئێران وەکوو نموونەکانی دیکە فاشیزم چەمکێکە کە ئامانجی دەوڵەتێکی بەهێز و گەلێکی شکۆمەندە و لەم پێناوەدا تاکەکان دەکاتە ئامڕاز، بەڵام جیاوازییەکی جێی باس لێرەدا هەیە. لە نێو کۆمەڵگای سیاسیی ئێران دوو ڕەوتی فاشیستی بوونیان هەیە کە خاوەن تایبەتمەندیی یەک جۆرن، بەڵام لە دوو هێڵی هاوتەریب دەچنە پێشەوە. لە بازنە حکومەتییەکەیدا دەوڵەتی ئێرانی شیعی بنەمایە و تاکی ئێرانی دەبێ بەرژەوندیی ئەو هێڵە بە توندی بپارێزێت، هەرچەشنە دژایەتیەک بە “ئێلحاد” ناو دەنرێت. لە هێڵی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی/فارسی گرینگییەکی زیاتر بە “نەتەوەی ئێران” دەدرێت و هەردەم وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن شکۆی مێژوویی ناو دەبرێت. هەردووی ئەم ڕەوتانە نەتەوەی فارس و ئایینی شیعە بە بنەمای گەلە “مەزن”ەکەیان دادەنێن و بەرژەوەندیی نەتەوەکانی دیکەی نێو سنووری ئێران لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی ئەو گەلە مەزنە دەخەنە پەراوێزەوە. هەر لەم ئاراستەیەدایە کە چەمکگەلی وەک “تجزیە طلب” دەبنە ڕەمزی سەرکوت و قڕکردنی ئەو دەنگە جیاوازانەی کە دژی ئەو سیستەم و بیرۆکەیەن.
ڕێنێسانس: بەڵام لەبەرامبەر ئەم ڕەوتەدا کە لە ناوەند حاکمیەتی لە دەست دایە و لەناو ئۆپۆزیزیۆنیشدا خەریکی ڕیشە داکوتانە، لەناو هەندێ لە ڕۆشنبیرانی کوردیشدا، هیچ نەبێ وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە ناسیۆنالیستییەدا کە لە ناوەند پێڕەو دەکرێ، ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی سەری هەڵداوە. هەڵسەنگاندێکتان بۆ ئەمە هەیە ـ ئەرێنییە یان نەرێنی؟
ئاتفە ڕامسەری: سەرەڕای ئەوەی کە جووڵانەوە فاشیستییەکان جیاوازیی فۆرمی زۆریان هەیە، بەڵام چەندین تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە کە لە سەرەوە گرینگترینەکانم باس کردن. ڕادیکال ـ ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ کە بناغەی فکری فاشیزمە لە هەر بەرەیەکەوە دەکرێ خۆی نیشان بدات. لە نێو فەزای چالاکیی کوردیشدا هێندێ ئاماژە بۆ دروستبوون و پەرەسەندنی ئەو بیرۆکەیە بەو تایبەتەمەندیانەوە هەیە. بۆ تێگەیشتن لەم ڕەوتە وەک نموونە هاوتەریبەکانی لە شوێنەکانی دیکە دەبێ ئاوڕ بدەینەوە سەر ئەو پاشخانە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ئەم ڕەوتەیان لێ هەڵقۆڵاوە.
فاشیزم لە کاتی سەرهەڵدانی لە ئورووپا دوای شەڕی یەکەمی جیهانی وەکوو دژەبیرۆکەیەک بەرانبەر لیبرالیزم، مارکسیزم و تەنانەت کۆنزێرڤاتیزمی سیاسیی ئەوکات لە ئیتالیا و ئاڵمان سەری هەڵدا. هۆکارگەلێک وەک هەست بە شکانی کەرامەتی نەتەوەیی، لە ئاستێکی نێونەتەوەیی بە پلەی خوارۆ هەژمارکران، ناسەقامگیری و داڕمانی سیاسی، حیزبی سیاسیی بێ پلان و پەرتەوازە کە نەیاندەتوانی خاوەنداریەتی خواستەکانی چین و توێژی جیاوازی کۆمەڵگا بن و هەروەها قەیرانی ئابووری، [ئەمانە] بارودۆخێکی وایان بەرهەم هێنا کە بیرۆکەیەک تێیدا پەرە بستێنێ کە خۆلیای دروستکردنی وڵاتێکی گەورەی بەهێز بێت کە تەنیا ئەندامە ڕاستەقینەکانی خۆی بتوانن لە سەرچاوەکانی بەهرەمەند بن. بە لە بەرچاو گرتنی ئەم پاشخانانەوە دەتوانین شوێنپێی ڕەوتی فاشیستی کوردیش بگرین. لە دوای پاسیڤبوونی حیزبە کوردییەکان لە ساڵانی ڕابردوو و کێشەیان لە تێگەیشتنی بارودۆخی سیاسی و نەبوونی ستراتیژیی بەڕۆژ بۆ ئەم بارودۆخە، هەست بە ئیستغلال کردن لە بەرانبەر نەتەوەی باڵادەستی فارسەوە و هەست بە بۆنبەستگەیشتن بۆتە هۆکاری پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمێکی توندئاژۆ لە نێو کوردستان.
ئەم ڕەوتە وەکوو فۆرمە جیهانییەکەی چاو لە ستەمە چەندقاتییەکان دەبەستێت و هەموو کێشەکانی کۆمەلگای کوردی لە رەهەندی ستەمی نەتەوەییەوە دەبینێ و کۆی کێشە هاوتەریبەکان وەک کێشەی ژنان، چینایەتی و ژینگە بۆ ئەوان دەبێتە لاوەکی یان پاشکۆی ستەمی نەتەوەیی. تاکی کورد هاوکات خاوەنی شۆناسگەلی دیکەی جندەری، چینایەتی و ئایینیە کە لە پێناو ڕادیکاڵ ناسیۆنالیزم لە پەراوێز دەخرێن. لە لایەکی دیکەوە ئەم ناسیۆنالیزمە توندئاژۆیە کە سەری هەڵداوە خۆی وەکوو دژکردەوەیەک بۆ ناسیۆنالیزم/فاشیزمی فارس دەناسێنێت. لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە، ناسیۆنالیزم ئەو بیر و کردەوانەن کە بە پشت بەستن بە شۆناسی نەتەوەییەوە گروپێک زاڵ دەکات بە سەر گرووپێکی دیکەدا و هێزیان بە سەردا دەسپێنێت بەو مانایە کە نایەکسانی لە نێو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا بەرهەم دێنێت و دەبێتە سەرەتای هەڵاواردن و سەرکوتکاری. خەباتی تاکی کورد لە پێناو بە دەست هێنانی مافە زەوتکراوەکانی و ڕاوەستان دژی ئەو هەڵاواردنە سیاسی، ئابوری، کولتووری و زمانیانەی کە بە بۆنەی شۆناسی نەتەوەییەوە تووشیان بووە خەباتێکی ڕەوایە. بەڵام خەباتی هەر گرووپێک کە لە نێو بازنەی هێزەدا وەکوو بندەستە نابێ ببێتە هۆکار کە ئەو بندەستە خۆی لە بازنەی دیکەدا لە کات و شوێنی دیکەدا ببێتە بناغەدانەری هێزسەپاندن لە نێو پەیوەندیەکاندا، نایەکسانی دروست بکات و توندووتیژی بسەپێنێت. کێشەی دیکەی ئەم چەشنە ناسیۆنالیزمە فاشیستییە ئەوەیە کە ساختار و هۆکارە بنەڕەتییەکانی ژێردەستی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی کورد بە نیشانە ناگرێت، بەڵکوو هێندێ پرەنسیپی ناسیۆنالیستی- تۆتالیتاری دروست دەکات کە تەواوەن لە سەر بنەمای دژایەتی نەتەوەکانی دیکە دروست کراوە و هەر جۆرە ئەکتێک کە لە دەرەوەی ئەو پرەنسیپانە ڕوو بدات بە “دژەنەتەوە”، “خائنانە” و “جاشانە” ناوزەدیان دەکات.
ڕێنێسانس: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بیری فاشیستی دژایەتیکردنیەتی لەگەڵ ڕەوتە یەکسانیخوازەکانی وەک فێمێنیزم، ئێستا کە گەلانی ئێران لە چوارچێوەی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا لە تەنیشت مافە کولتووری و سیاسییەکاندا، باس لە یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیش دەکەن، ئایا ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستی/ فاشیستیانە دەکرێ وەک لەمپەرێک لەبەر دەستەبەربوونی ئەو مافانەدا چاو لێ بکەین؟
ئاتفە ڕامسەری: باوەڕ بە هیرارشی کۆمەڵایەتی سروشتی یەک لە بناغە فکرییەکانی فاشزمە. پیێیر تاتینگێر، کە دامەزرێنەری گرووپی فاشیستی (لاوانی نیشتمانپەرەست) بوو لە سالی ١٩٢٤ دا، دەڵێ: “ئێمە بەرگری لە هیرارشی چینایەتی دەکەین، هەموو کەس دەزانێ کە هەمیشە ئاستی کۆمەڵایەتیی جیاواز هەن، بە هێز و لاواز، دەوڵەمەند و هەژار، بڕیاردەر و گوێڕایەڵ”. لەو سەردەمەدا کە بەرەی فاشیستی لە ئورووپا لە دەستپێکی درووستبووندا بوو، ئەم هێرارشییە کۆمەڵایەتییە زیاتر بە هێرارشیی چینایەتی پێناسە دەکرا، بەڵام دوای پەرەسەندی ئەم بیرۆکەیە لە وڵاتانی دەرەوەی ئورووپا و بە تایبەت لە نئۆفاشیزمی پەرەسەندوو لە وڵاتانی جیهانی باشووردا، هێرارشیی قەومی\نەتەوەییش بووە بە بەشێک لەو بیرۆکەیە. ئەمە بە تایبەت لە وڵاتە چەند نەتەوەییەکاندا و هەروا لە نێو کۆچبەران و خەڵکی خۆجێییدا دیار دەکەوێ. فاشیزم لە چەقێکدایە کە دژی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەرابەری چینایەتی، یەکسانی مافە نەتەوەییەکان و هەروا گروپە جنسی/جنسیەتییەکانە. لە ڕوانگەی فاشیستیەوە یەک نەتەوەی باڵادەست هەیە کە هەموو چین و گرووپەکانی ناوەوەی خۆشی تەنیا کاتێ قبوڵ دەکا کە لە خزمەت پاراستنی شکۆی ئەو نەتەوەیەدا بن.
لە مۆدێلە ژاپۆنییەکەیدا کە بە “بنەمای سیستەمی خێزان”ی ناسراوە، فاشیستەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە نەتەوە وەک خێزانێک وایە، تەنها کاتێک بەهێزە کە خەڵک بە هەمان شێوەی منداڵان گوێڕایەڵی سەرکردەکانیان بن. لەم خێزان/نەتەوەیەدا پیاوان ئەرکی نوێکردنەوە و بەهێزکردنی نەتەوەیان هەیە و ژنانیش ئەو چینەن کە دەبێ تەسلیمی پیاوان و نەتەوەکەیان بن بۆ دروستکردنی ئەو نەتەوە مەزنەی کە ئیلیتی فاشیست باوڕیان پێیە. دەنگهەڵبڕینی ژنان بۆ مافەکانیان بە نارەزایەتییەکی دژە نەتەوەیی لێکئەدرێتەوە و لە بەرانبەریدا رادەوەستن. لەم هەلومەرجەدا بزووتنەوەکانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان سەرکۆت دەکرێن و دژیان پرۆپاگەندا دەکرێت.
هەروا کە باسم کرد بە شێوازێکی گشتی تایبەتمەندیی بنەڕەتی فاشیزم دژە روناکبیری و دژە بیری کریتیکاڵە کە ئەمە خۆی لەمپەڕێکی گەورە لەبەر دروستکردنی گوڕان و خەبات بۆ ئەو گوڕانەیە. پێویستی ئیجابی بۆ ناسیۆنالیزمی یەکپارچە، دوژمنایەتیکردن لەگەڵ تاکگەرایی و فرەڕەهەندی سیاسییە. تاک تەنیا لە نێو و بۆ نەتەوەکەی مانای هەیە و تەنیا نۆرم و ڕێسا تایبەتە داڕێژراوەکانن کە نەتەوەکە دەپارێزن و دەبێ پارێزگاری لێیان بکرێت.
[1] Mosse, George L.: The Fascist Revolution. Toward a General Theory of Fascism. New York 1999 , ISBN 0-86527-432-0