کەریم فاتم-محەمەدی
سەرەتا
هێرشەکانی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر بەشێک لە خاکی داگیرکراوی فەلەستین و کوشتاری خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل بە شێوەیەکی گشتی وەکوو کردەوەیەکی شەڕ شەرمەزار کراون. تەنانەت جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەنگاوێک بەولاوەتر چوو و ئەو کردەوانەی بە شەڕێکی تەواو (pure evil) دانا[1]. جیا لەو زمانەی کە بۆ وەسفکردنی ئەم ڕووداوانە دەکار دەکریت و ئەو چوارچێوانەی بۆ تێگەیشتن لەم ململانێیە دەخرێنە روو، ئەو رووداوانە ئێمەیان تووشی گێچەڵێکی ئەخلاقی-سیاسی کردووە. لە ڕوانگەی ئەخلاقییەوە، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی وامان لێدەکات ئیدانەی ئەو دڕندەییانەی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل بکەین، و لە هەمان کاتیشدا بەبێ مەرج پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین و خەباتیان لە دژی نادادپەروەری و نەبوونی ئازادی بکەین. هەڵوێستە ئەخلاقییەکان دەرەنجامی کردەییان لێ دەکەوێتەوە و گێچەڵەکە لێرەدایە. کاتێک لە ڕوانگەی سیاسییەوە سەیری بابەتەکە دەکرێت، ئەم هەڵوێستە ئەخلاقییە و دەرەنجامە سیاسییەکەی هەمیشە هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە کە لەلایەن حەماس و هاوچەشنەکانییەوە بقۆزریتەوە. هەربۆیە، کاتێک باس لە بەشداریی سیاسیی چالاکانە دەکرێت، ئەم دۆخە ناچارمان دەکات دووجار بیر بکەینەوە. بە کورتی دۆزینەوەی هاوسەنگی لە نێوان هەڵوێستە ئەخلاقی و سیاسییەکەماندا دەبێتە کێشە و گێچەڵێکی گەورە.
لە دیوی فەلەستینی هاوکێشەکەدا، ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی دوو هێزی باڵادەست دەبینەوە: لەلایەکەوە دەسەڵاتی فەلەستینی بە باڵادەستیی فەتح، حکومەتێکی نادیموکراتیک، قۆرخکار و گەندەڵ کە توانای خستنە رووی نەخشەڕێیەکی دیموکراتیکی بۆ داهاتووی بزووتنەوەی فەلەستین نییە؛ لەلایەکی تریشەوە بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس)، بزووتنەوەیەکی بناژۆخوازی ئیسلامی کە تێڕوانین و کردەوەکانی ئەستەمە لەگەڵ هەرچەشنە بنەمایەکی دیموکراتیکدا یەکبگرێتەوە. بەکورتی دوو بژاردەمان لەبەردەمدایە: یەکێکیان خراپ و ئەوی تریان خراپتر. لەم چوارچێوەیەدا ئەوانەی خەون بە داهاتوویەکی دیموکراتیک و فرەچەشنەوە بۆ فەلەستین دەبینین، ڕووبەڕووی دووڕیانێکی دژوار دەبنەوە: یان ئەوەتا دەبێ بێدەنگ بن و تەنیا ئیدانەی ئەخلاقیی رووداوەکان بکەن، یان مەترسیی ئەوە قبووڵ بکەن کە هەوڵەکانیان لەلایەن ئەو هێزانەوە بۆ ئەجێندایەکی نادیموکراتیک بقۆزریتەوە. هەرچەند لەوانەیە ئەم شیکردنەوەی سەرەوە سادە و ساکار بێت، بەڵام ئامانجی ئەم نووسینە کورتە ئەوە نییە کە لە چوارچێوەی ئاڵۆزی مێژوویی ئەم ململانێیە و چۆنیەتی گەیشتنی بەم دۆخەی ئێستا وردبێتەوە. بەڵکوو ئامانجم تیشک خستنە سەر ئەم پرسیارەیە: ئەم دۆخەی سەرەوە دەتوانێت چیمان سەبارەت بە داهاتووی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” فێر کات؟ لەم وتارەدا، سەرەتا هەول دەدەم چەمکی “شەڕ” پێناسە بکەم و پاشان لەوە بکۆڵمەوە کە چۆن ئەم تێگەیشتنە لە شەڕ دەتوانێت بەرچاوی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕوون بکاتەوە و رێگە لەوە بگرێت کە ئەم بزووتنەوەیە تووشی هەمان ئەو کێشە ئەخلاقی-سیاسییە بێتەوە کە بزووتنەوەی فەلەستین تووشی بووە.
چەمکی شەڕ و بزووتنەوە سیاسییەکان
پێش هەمووشتیک ئەبێت خوێنەر ئاگادار بکەینەوە کە لەم دەقەدا، چەمکی شەڕ لە مانا بەرفراوانەکەیدا دەکار دەکرێت. ئەم چەمکە لەلایەک کۆمەڵێک دۆخی نەرێنیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەلایەکی تریشەوە کردەوەی شەڕ (خراپەکاری)، جا چ لەلایەن دامەزراوە یان تاکەوە ئەنجام بدرێن، لەخۆدەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا، من بزووتنەوەیەکی سیاسی بە بزووتنەوەیەکی شەڕ پێناسە دەکەم کە بە پێچەوانەی ئامانج و نییەتی خۆی، کە بریتییە لە پەرەپێدانی خێر، سیاسەتەکانی لەجیاتی خێر، شەڕ بەرهەمدێنێت. ئەم خەسارەش بەرهەمی ئەو سیاسەت و کردەوانەیە کە ڕەگ و ڕیشەیان لە گوتاری ئەو بزووتنەوەیەدا داکوتراوە. ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری بکەین، چەمکی شەڕ پەیوەندییەکی نزیکی بە خەساندنی هەندێک لە چاوەڕوانییەکانەوە دەبێت. بیرۆکەکە ساکارە: وەها بزووتنەوەیەک چاوەڕوانیی وەدیهاتنی خێر دەخەسێنێت و لەبری ئەوە شەڕ بەرهەم دەهێنێت. بە زمانێکی دیکە، ئەم بزووتنەوەیە بە پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییە کە دەبێ دژی کردەوە شەڕەکانی ڕێکخراوە و دامەزراوەکان بێت، لە راستیدا خۆی دەبێتە هێمای شەڕ و بەرپرس لە بەردەوام بوونیدا.
کاتێک باس لە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز دژی نادادی و نەبوونی ئازادی دەکرێت، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت کە گوتار، سیاسەت و هەنگاوەکانی لە پەوەندی لەگەڵ کەمکردنەوەی شەڕدا بن. بەڵام لەوانەیە کەسێک بڵێت کە خودی نیەتی بەرخۆدان لە دژی نادادی، بێ گوێدانە دەرەنجامەکانی، خۆی لە خۆیدا باشە. ئەمە تا ئاستێک راستە. لە چوارچێوەی بزووتنەوە سیاسییەکاندا، بەرخۆدان لە دژی نادادی و ڕەتکردنەوەی شەڕ، هەوێنی هەڵوێستی ئەخلاقی و سیاسییان پێکدەهێنێت. ئەمەش تا ئاستێک ئەو چاوەڕوانییە ڕوون دەکاتەوە کە بۆ بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە دەبێ خێر لەجیاتی شەڕ بەرهەم بهێنێت. بەڵام نیازی بەرەنگاربوونەوەی شەڕ هەمیشە مەترسیی ئەوەی لەسەرە کە لە رێگەی سیاسەتی نادرووستەوە بەدی بهێنرێت. نموونەی بەرچاویش بزووتنەوەی فەلەستین و حەماسە. کەواتە کێشەی سەرەکی ئەوەیە چۆناوچۆن ئەم نیازە لە رێگەی درووستەوە بهێندریتەدی. ئەمە پێویستی بە پابەندبوون بە بەرەوپێشبردنی خێر (هێنانەدی دادپەروەری و ئازادی) لە ڕێگەی چەشنێک لە کردار و سیاسەتی درووستەوەیە کە لە هەمان کاتدا خۆی لە بەرهەمهێنانەوەی شەڕ (نادادی و نەبوونی ئازادی) بەدوور دەگرێت.
ئیستا پرسیار ئەوەیە کە دەرەنجامی ئەو ئاگاییە کە بزووتنەوەیەکی سیاسیی ڕزگاریخواز، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان دەکرێت و دەتوانێت شەڕ بەرهەم بهێنێت چییە؟ من پێموایە ئەم درککردنە، لانیکەم، دوو دەرەنجامی لێ دەکەوێتەوە. یەکەم: ئەم ئاگاییە مەودایەک بۆ ڕەخنە دەکاتەوە. بەو مانایەی کە گوتار و سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە دەبێ بخرێنە ژێر هەڵسەنگاندن و گفتوگۆیەکی بەردەوامەوە. ئەو بنەما و لیکدانەوانەی کە وەک پاساو بۆ ئەم سیاسەتانە دەهێنرێتەوە و هەروەها دەرئەنجامە پێشبینیکراوەکانی ئەم سیاسەتانە، دەبێ بخرێنە ژێر لێکدانەوەیەکی گشتی و ڕەخنەگرانەوە. ڕەخنە نەک هەر سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە و ئاستی گونجاو و هاوئاهەنگیان لەگەڵ واقیعە سیاسییەکان هەڵدەسەنگێنێت، بەڵکو بزووتنەوەکە ناچار دەکات بە بەردەوامی بۆ بناغە نۆرماتیڤەکەی- واتە کەمکردنەوە و نەهێشتنی شەڕ بگەڕێتەوە. بەم شێوەیە ڕەخنە دەبێتە هێزێکی ڕێنوێنیکەر کە ڕێگری لەوەی دەکات بزووتنەوەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی( واتە هێنانەدی دادپەروەری و ئازادی) خۆیدا نەبێت.
دووەم و یەکیک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی ئەم ئاگاییە، گرتنەبەری سیاسەتی ناتوندوتیژە. ئەگەر بزووتنەوە سیاسییەکە ئەو ئاگاییەی لا درووست بووبیت کە دەکرێ خۆشی سەرچاوە و بەرهەمهێنەری شەڕ بێت، ئەوە بوار بۆ ئەوە دەرەخسێت کە دنیا بەسەر خێر و شەڕی پاقژدا دابەش نەکات. ئەم تێگەیشتنە رەوایی توندوتیژی وەک هەڵبژاردە و ئامرازێکی سیاسی دەباتە ژیر پرسیارەوە. کاتیک بزووتنەوەیەک ئەویتر وەکوو هێمای شەڕی ڕەها نابینێت، ئەگەری ئەوەی زیاترە کە لە شێوازگەلی ناتوندووتیژی سیاسەت کەڵک وەرگرێت.
ئەم تێگەیشتنە لە شەڕ و دەرەنجامەکانی، لە چوارچێوەی ئێراندا، کاریگەرییەکی گرینگ لەسەر بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و داهاتووەکەی دادەنێت. لە کاتێکدا کە لەناو گرووپە پەراوێزخراو و بەکەمینەکراوەکاندا، توانایەکی بەرچاو بۆ بەرخۆدان لە دژی شەڕ هەیە ، بەڵام زۆر گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە نیازی بەرخۆدان بە تەنیایی شەڕ بنەبڕ ناکات. مێژوو پێمان دەڵێت کە بەرخۆدان لە شێوەی بزووتنەوەی سیاسیدا هەندێک جار توانیویەتی و دەتوانێت شەڕی گەورەتر بەرهەم بێنێت. بۆیە گرینگە ئەم بەرخۆدانە و سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای بەدیهێنانی خێر – واتە بنەبڕکردنی نادادی و نائازادی رۆبچنرێن.
گوتاری دیموکراتیک و بەرخۆدان
یەکێک لە بنەما گرینگەکانی گوتاری سیاسیی لە رەوتی بەرخۆدان لە دژی شەڕ، بریتییە لە فۆرموولە کردنی خواست، هیوا و خولیای بەدیهێنانی خێر، واتە دادپەروەری و ئازادی، لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیک و فرەچەشندا. کاتێک بزووتنەوەیەک ناتوانێت گەشە بە وەها گوتارێک بدات، هەم هیواکان و هەم بزووتنەوەکە دەکەونە بەر مەترسی. بەبێ ئەم گوتارە، نەک هەر بزووتنەوەکە ناتوانێت خراپەکارییەکان بەنبڕ بکات، بەڵکوو مەترسی ئەوەش دەخولقێنت کە، ناخواستە، شەڕی گەورەتر پەرە پێبدات و بەرهەم بهێنێت.
لە نەبوونی وەها گوتارێکدا، بەرخۆدان و ململانێی سیاسی ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر شەڕ کەم بکەنەوە. هەربۆیە کاتێک بزووتنەوەیەک ناتوانێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا شەڕ بە شێوەیەکی بەرچاو و دڵخواز کەم بکاتەوە، خەڵک متمانەیان بە کاریگەربوونی سیاسەتەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە دەست دەدەن؛ وەها باروودۆخێک هەستی بێهیوایی گەشە پێدەدات و تۆوی ناهۆمێدی لە نەستی بەرخۆداندا دەچێنێت. تاکەکان بە دوو شێوازی سەرەتایی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبنەوە: یان ئەوەتا خۆیان لە بەشداریی سیاسی و هەر چەشنە هەوڵێکی جەماوەری بۆ گۆڕینی شەڕ دوور دەخەنەوە، کە ئەمەش خۆ پەڕاوێز خستن و و قبوڵکردنی پاسیڤانەی دۆخی ئارایی لێدەکەوێتەوە؛ یان ئەوەتا تووشیان بە تووشی ئایدۆلۆژیا سیاسییە نادیموکراتیک و بناژۆخوازەکانەوە دەبێت.
ئەم دیاردانە لە کۆمەڵگاکەنی ئێراندا بە روونی دەکەونە بەرچاو. نیشانەکان دیارن؛ تەنها پێویستە ببینرین و شی بکرێنەوە. دەتوانین بەشێک لە هۆکاری سەرهەڵدانی مەیلی ڕاستی توندڕەو، ناسیۆنالیست و تا ڕادەیەک فاشیستی لە ناوەند و پەڕاوێز بۆ شکستی بزووتنەوەکە وبە تایبەت پارتە سیاسییەکان بۆ خستنەڕووی گوتارێکی دیموکراتیک و گشتگیر بگەڕێنینەوە. نابێت ئەم مەترسییە بە کەم سەیر بکرێت، چونکە وەک خۆرە وردە وردە بناغەکانی سیاسەتی دیموکرتیک و بە ئاشتیانە چارەسەکردنی کێشەکانی ئیستا و داهاتوو دەخوات و لەناودەبات.
بە کورتی، چەمکی شەڕ و دەرەنجامەکانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئاراستەی بزووتنەوە سیاسییەکان لە دژی شەڕ ( واتە نادادپەروەری و نەبوونی ئازادی) دەگێڕن. ئاگایی بەسەر ئەو راستییەدا کە هەموو بزووتنەوەیەک توانای بەرهەمهێنانی شەڕی هەیە، بوار بۆ ڕەخنە و سیاسەتی ناتوندوتیژی دەڕەخسێنێت. گوتاری دیموکراتیک و لەخۆگر وەک بەستێنێک بۆ سیاسەتی درووست دەبێت گرینگی پێبدرێت. لە نەبوونی وەها گوتارێکیشدا، بەستێن بۆ سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیای نادیموکراتیک و بناژۆخواز دەڕەخسێت.
لەم نووسینەدا کەڵکم لە بۆچوون و سەرنجەکانی ‘عاتفە رامسەری’ و ‘زاهید حەنبەلی’ وەرگرتووە. سپاسیان دەکەم.
[1] لەم نووسینەدا، چەمکی “شەڕ” و “خێر” م وەکوو هاوتای دوو چەمکی ئینگلیسی “evil” و “good” هەڵبژاردووە. چ لە کوردیدا و چ لە ئینگلیسیدا، ئەم چەمکانە پاشخانێکی ئایینیان هەیە. هەڵبت لە ئینگلیسیدا و لە تئۆرییە نوێکانی “شەڕ”دا هەوڵێکی زۆر دراوە کە ناوەرۆکێکی سێکۆلار بەو چەمکە بدەن. خوێنەر ئاگادار دەکەمەوە کە لەم نووسینەدا، منیش ئەم دوو چەمکەم بە تێگەیشتنێکی سێکولارەوە لەکار کردووە.