تانکەکانی ئیسرائیل لەسەر سنووری غەزە

پێدەچێت قەیرانی لەمێژینەی ئیسرائیل و فەلەستین دوای هێرشی ئەمدواییەی گرووپی حەماس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل کە کوژرانی زیاتر لە ١٣٠٠ ئیسرائیلیی (بە چەکدار و سڤیلەوە) لێکەوتەوە، دەربازی قۆناغێکی نوێ و چارەنووس‌ساز بووبێت. لەلایەکەوە حکوومەتی ڕاستگەرای بنیامین نەتانیاهوو کە وڵاتەکەی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەودا گەورەترین گورزی لە کاتی شەڕی “یۆم کیپوور”ەوە لە ساڵی ١٩٧٣ (یان تەنانەت وەک هەندێک کەس دەڵێن لە دامەزراندنی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە ) بەرکەوتووە، بەڵێنی داوە کە بە هیچ شتێک کەمتر لە لەناوبردنی یەکجارەکیی “حەماس” و “گۆڕینی هەمیشەیی دۆخی غەزە” رازی نابێت. دەشزانێت کە ئابڕووی خۆی و تەنانەت مانەوەی ڕیوایەتی “ئیسرائیلی لە شکست‌نەهاتوو” بە بردنەسەری ئەو بەڵێنەیەوە بەندە.

لەلایەکی دیکەوە ڕاستڕەوە ئیسلامگەراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پێشی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی و گرووپە چەکدارە پڕۆکسییەکانی و تەنانەت تورکیای ئەردۆغان، تاڵیبان و قەتەریش سەبارەت بە بەرفراونبوونی شەڕەکە هۆشدارییان داوە. عەلی خامنەیی و هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران گوتوویانە کە ئەگەر هێرشەکان بۆسەر غەزە ڕانەوەستێت، ئەوا گرووپە چەکدارەکانی دیکەی وەک حیزبولڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و میلیشیا شێعەکانی عێراق و سووریا تێوەیدەگلێن. هاوکات مەلیک عەبدولڵا پادشای ئۆردونیش هۆشداریی داوە کە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری هەڵدێرە.

گەلۆ ئەم قەیرانەی ئێستاش لە درێژەی هەمان قەیران/سازی/ەکانی ئەم چەندین دەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دوای مااوەیەک بە قەیرانێک یان قەیران‌سازییەکی نوێ تێدەپەڕێت؟ یاخود ئەمجارە دۆخەکە بە تەواوی جیاوازە و کۆی ناوچەکە بەرەو جەنگێکی سەرتاسەری دەبات؟ هەڵوێستی تا ڕادەیەک دووفاقیانەی لایەنە چەپەکان، بەتایبەت چەپی ئەورووپایی بە نیسبەت قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ نموونە بێدەنگبوونیان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەنگهەڵبڕینیان لەدژی شەڕی غەزە، چۆن لێکدەدرێتەوە؟

رێنێسانس ئەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکەی ئاراستەی کامران مەتین مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ساسێکسی ئینگلتەرا کردووە.

 بۆردومانی شاری غەزە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە

سازدانی وتوێژەکە: سۆران محەمەدی

ڕێنێسانس: هەرچەندە قەیرانە یەکتربڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە یەکتریان بەهێز کردووە، بەڵام لە چوارچێوەی هێرشی ئەمدواییەی حەماس بۆسەر ئیسرائیلدا، ئێوە تا چ ڕادەیەک هەم هێرشە وەک هەوڵێکی ئێران بۆ قەیران‌سازی لێکدەدەنەوە بەو ئامانجەی لەڕێگەی شەڕێکی بە وەکالەتەوە پێش بە ئاسایی‌بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بگرێت؟

کامران مەتین

مەتین: گومانێک لەوەدا نییە کە ئێران لەم چەند دەیەدا پشتیوانێکی سەرەکیی حەماس بووە. لەلایەکی دیکەوە گومانیش لەوەدا نییە کە هێرشی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، ڕەوتی ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیلی بە لاڕێدا بردووە و ئەستەمە ئەم ڕەوتە لە داهاتوویەکی نزیک یان تەنانەت مامناوەندیدا دەست پێبکاتەوە. بەڵام گومانم هەیە لەوەی کە ئەو هێرشەی حەماس تەنیا لەبەر ویستی ئێران و یاخود لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام درابێت. ئاسایی‌بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و ئیسرائیل و گەورەبوونی پەیمانی ئیبراهیم بە ئاراستەی سعوودیا، دەرئەنجامی چارەنووس‌سازی بۆ فەلەستینییەکان دەبێت. چونکە ڕێککەوتنێکی لەوچەشنە، چارەسەری ئاشتیانەی کێشمەکێشی ئیسرائیل فەلەستین دەور لێدەداتەوە و بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆسەی ئاشتی لەگۆڕ دەنێت، هەروەها دەرفەتی زیاتر بۆ بەرفراوانبوونی شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە سنووری ناوچە داگیرکراوەکانی دوای شەڕی ١٩٦٧ دەڕەخسێنێت. دەکرێت گەمارۆی تەواوی غەزە لەلالیەن حەماسەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەمەش زیاد بکرێت. لەمڕووەوە لەو باوەڕەدام کە حەماس بۆ ئەو هێرشە ئارگیۆمێنتی تایبەت بەخۆی هەبووە و ویستوویەتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پرسی فەلەستین بخاتە بەرنامەی کاری سیاسی و دیپلۆماتیکەوە. لەلایەکی دیکەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر دەستێکی باڵای لەناو ناوەندە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێراندا هەبووە، پێدەچێت حەماس بە لۆژیکیی نەزانیبێت کە ئێران لە هەموو وردەکارییەکان ئاگادار بکاتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو زانیارییانەی لەبەردەستن، ئەوە نیشان دەدەن کە ئێران و هەروەها حیزبولڵای لوبنان بەشێوەیەکی گشتی، هەڵبەت نەک بە وردەکارییەوە، ئاگاداری هێرشێکی گەورە لە داهاتوویەکی نزیکدا بووگن.

 

ڕێنێسانس: لە گۆشە نیگایەکی دیکەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی میدیاکان بڵاویان کردۆتەوە، پێدەچێت چەند ڕۆژ پێش هێرشەکە دەزگای هەواڵگریی میسر سەبارەت بە جموجۆڵەکانی حەماس هۆشداریی بە مووساد دابێت. گەلۆ خۆخافڵاندنی مووساد لە نیشاندانی کاردانەوەیەکی خێرا، دەکرێت وەک هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتێک کە بۆی دەڕەخسێت لێکبدرێتەوە؟ 

مەتین: گومانم هەیە ئەمە ڕاست بێت. لەو بڕوایەدام کە خافڵبوونی مووساد و ئیسرائیل لەو هۆشدارییەی میسر زیاتر پەیوەندیی بەو لێکدانەوەی ئیسرائیلەوە هەبێت کە مەترسیی سەرەکیی لە باکوور و لەلایەن حزبولڵا و بەمدواییەش لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆنەوە دەبینی. بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی فەلەستینییەکان لەدژی ئەو کوشتوبڕەی ڕۆژانە لەلایەن دانیشتووانی شارۆچکە جوولەکەنشینەکانی کەرتی رۆژئاوا لەدژیان ئەنجام دەدرێت، لەو ناوچانە جێگیر کرابوون. هەروەها ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە جاران مۆڵەتی کارکردنی بە دانیشتووانی غەزە دەدا و رێگەشی بە هەناردنی پارە لە قەتەرەوە بەرەو غەزە دابوو. ئیسرائیل وای لێکدابوویەوە کە باشبوونی رێژەیی دۆخی ئابووریی غەزە و ناکۆکیی نێوان حەماس و بەڕێوبەرایەتیی فەلەستین، وا دەکات حەماس لە کردەوەیەکی سەربازیی لەم ئەندازە و قەبارەیەدا خۆببوێرێت. هەروەها ئیسرائیل بە پلەی یەکەم پشتی بە چاودێریی ئەلەکترۆنیی غزە بەستووە. ئەمەش ئاستەنگی و کەموکوڕیی تایبەت بەخۆی هەبووە. چونکە حەماس بەپێی ئەزموونی شەڕەکانی پیشووی لەگەڵ ئیسرائیل، تێگەیشتبوو لەوەی کە نابێت بەهیچ لەونێک لە پەیوەندییەکانیدا ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بەکار بهێنێت.

وێنەیەک لە هێرشێکی مووشەکیی حەماس بۆسەر ئیسرائیل

ڕێنێسانس: ئێستا ئیسرائیل تەواوی ژێرخانی ئابووریی غەزەی کردووەتە ئامانج و لەو ناوچەیە هەوڵی پاکتاوکاری دەدات. لەلایەکی دیکەوە وەیزیری دەرەوەی ئێرانیش باس لە ئەگەری پەرەسەندنی کێشمەکێشەکان دەکات. بە ڕای تۆ، هێرشی وشکانی بۆسەر غەزە دەتوانێت درووست‌بوونی هاوبەندیی نێوی ناوچەیی و گەورەبوونەوەی قەیرانەکە و تەنانەت پەلهاویشتنی بۆ ئێران لێبکەوێتەوە؟

مەتین: ئەگەری پەلهاویشتنی شەڕەکە لە غەزەوە بۆ باکووری ئیسرائیل و تێوەگلانی حیزبولڵا و لە ئاکامدا ئێرانیش، لە پەنجا لەسەد زیاترە. لەناوچوونی یەکجارەکیی حەماس، ستراتیژیی تاران بۆ پێکهێنانی چەندین بەرە و مەتەرێزی سەرەکی لە بەرامبەر ئیسرائیلدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی گریمانەیی ئەو وڵاتە بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە. هەروەها دەستێوەرنەدانی حیزبولڵا و هاوکات لەناوچوونی حەماس، زەبری گەورە لە شەرعییەت و تێڕادوویی بەو گرووپە و ئێران کە خۆیان وەک پاڵەوانی فەلەستینییەکان وێنا کردووە، دەدات. بە لەبەرچاوگرتنی هاوکێشەکانی سیاسەتی ناوخۆیی لوبنان، دەتوانین بڵێین دەستێوەردانی حیزبولڵا و لە ئاکامدا شەڕی لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان بە قازانجی ئەو گرووپە نابێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر حیزبولڵا بچێتە ناو شەڕەکەوە و ئیسرائیل هێرش بکاتە سەری، ئەوا بۆ ئێران زەحمەت دەبێت خۆی تێهەڵەقورتێنێت. چونکە حیزبولڵا وەک هێزی کلیلی ئێران بۆ ستراتژیی ئاستەنگ‌نانەوە لە قەڵەم دەدرێت. ئەم کێشمکەشکانە لە کاتێکدایە کە ئێرانیش و حیزبولڵاش هیوادارن هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەزە سنووردار بێت و لەناوچوونی یەکجارەکیی حەماسی لێنەکەوێتەوە. بەڵام دڵنیا نین لەوەی ئەو هیوایەیان دێتە دی. بۆیە وا پێدەچێت دۆخەکە بە گشتی شڵەژانێکی پێوە دیار بێت و توندبوون و پەرەسەندنی شەڕەکە ئەگەرێکی جیددی و ڕاستەقینە بێت. ئەگەر ئیسرائیل بڕیار لەسەر هێرشی “پێشگیرانە” بدات، ئەوا ئەو ئەگەرە بەهێزتر دەبێت. هەدنێک لە ڕاپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و وەزیرە ڕاستگەراکانی دیکەی کابینەی نەتانیاهوو خوازیاری ئەمەن. بەڵام لانیکەم تا ئێستا نەتانیاهوو لەدژی ئەو ویستەی ئەوان وەستاوەتەوە.

ڕێنێسانس: بە بڕوای هەندێک لە چاودێران ئەو دۆخە ناجێگیرەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە بەلایەکدا یەکلایی ببێتەوە و جێگیر بێت. بە ڕای ئێوە، ئەم قەیرانە بە لەبارچاوگرتنی قەیرانی ئەتۆمیی ئێران و هەروەها پرسی سووریا، لە ئاکامدا بە چ ئاقارێکدا تێدەپەڕێت؟

مەتین: ئەوەی کە لە بەرچاوە ئەمەیە کە ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی گەڕاندنەوەی هێز و هەیمەنەی ڕەهای خۆی بۆ ئەو پێویستییەکی ڕەهایە و لەو پێناوەشدا لەناوچوونی حەماس هەنگاوی یەکەمی دەبێت. بەڵام لەم کات و ساتەدا، پێشبینیی ئەوەی کە داخۆ ئیسرائیل بتوانێت ئەم شەڕە تەنیا بە لەناوچوونی حەماسەوە سنووردار بکات مومکین نییە.  هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێ درا، ئەم پرسە گرێدراوی چەندین فاکتەری جۆراوجۆرە. بۆ نموونە گەلۆ هێزە پڕۆکسییەکانی دیکەی ئێران، ناسراو بە “میحوەری مقاوەمەت” خۆیان لەو شەڕەوە دەگلێنن یان نا؟ ئەگەر بێتوو ئەو هێزانە بێنە ناو شەڕەکەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش خۆی تێوەدەگلێنێت؛ ئیتر ڕێگە لەبەردەم هەموو ئەگەرێک کراوە دەبێت و لەوانەیە ئەمریکا و ئیسرائیل بیانەوێت دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ئامانج بگرن. فاکتەرێکی خێرایی‌بەخش کە دەتوانێت ببێتە کاتالیزۆرێک بۆ ئەگەرێکی لەوچەشنە، لەوانەیە هێرشی ئازەربایجان بۆسەر ئەرمەنستان بێت کە ئانتۆنی بلینکەن لەسەر ئەو بابەتە هۆشداریی بە کۆنگرێسی ئەمریکا داوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر هەرچەشنە هەوڵێک بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی قەفقازیا، هەوڵەکانی ئازەربایجان بە پشتگیریی تورکیا و ئیسرائیل بۆ کردنەوەی کۆریدۆری “زەنگەزوور” دەتوانێت کاردانەوەی ئێران، لە ئەنجامدا تورکیا و ئیسرائیل و لەوانەشە ئەمریکای بەدواوە بێت. بەڵام خاڵێکی گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەمریکا بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا و هەروەها کێشمەکەشکانی لەگەڵ چین، خوازیاری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانیکەم تا پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی نییە. بەڵام خۆبواردنی ئەمریکا لە شەڕێکی لەمچەشنە لەوانەیە هەمان ئەو پاڵنەرە بێت کە حەماس و حیزبولڵا و ئێران لەپێناو دەستخستنی ئامانجەکانیان لەم قۆناغەدا ختووکە دەدات. لەلایەکی دیکەوە، هەرچەشنە کێشمەکێشێکی هەرێمی کە ئەمریکا سەرقاڵ بکات، لە قازانجی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا، واتە هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئێران، دەبێت.

 

داڕمانی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆڕۆنا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاکامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا

 

ڕێنێسانس: بەر لە دەست پێکردنی ئەم قەیرانەی ئێستای فەلەستین و ئیسرائیل، تورکیا ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە گشتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی بە ئامانج دەگرت و ئێستاش هێرشەکانی بەردەوامە. وەک بەراوردێک، بۆچی هەڵوێستی مافی‌ مرۆیی و سیاسیانەی کۆمەڵگەی جیهانی بە نیسبەت ڕۆژئاواوە بە بەراورد لەگەڵ کەرتی غەزە نابیندرێت؟

مەتین: دەبێ سەرنج بدەینە سەر دوو لایەنەبوونی ئەم پرسیارە. واتە هەم دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان هەڵوێستیان نییە و هەمیش چەپەکان و هێزە پڕۆگرەسیڤەکانیان گوێی پێنادەن. بە لای دەوڵەتە  ڕۆژئاواییەکانەوە ئەم ڕاستییە کە “تورکیا بەشێکە لە ناتۆ و هێزێکی گەورەی ناوچەییە و پێویستە لە شەڕی ناڕاستەوخۆماندا لەگەڵ ڕووسیا لەگەڵمان بمێنێتەوە”، بەشێک لە هۆکارەکانی بێهەڵوێستیی ئەوان بەنیسبەت تاوانەکانی شەڕی تورکیا لە ڕۆژئاڤایە. لەلایەکی دیکەوە، چەپەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواییش، هێشتا لە چوارچێوەی دووالیزمی چەوتی هێزە ئەمپریالیستەکان و دژە ئەمپریالیستەکاندا بیر دەکەنەوە. هێزەکانی یەپەگە و قەسەدە کە لەدژی داعش شەڕ دەکەن، پشتیوانیی ئەمریکایان هەیە و هەر ئەمەش وا دەکات ئەوان ئاوڕ لە ڕۆژئاڤا نەدەنەوە. هەروەها بنەماکانی درووست‌بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل و توندوتیژیی کۆلۆنیالیستیی ئەو دەڵەتە لەدژی فەلەستینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی ئەورووپا و چەپی ئەورووپایی خوازیاری ئەوەیە ئەم کۆلۆنیالیزمە تەنیا وەک دیاردەیەکی تایبەت بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی” لە بەرامبەر خەڵکانی غەیرەڕۆژئاوایی پیناسە بکات. لەمڕووەوەیە کە شێوەزاەکانی دیکەی کۆلۆنیالیزم و توندوتیژیی کۆلۆنیالیسیی کە ڕۆژئاوایی نەبن، لەبەرچاو ناگرێت.

 

ڕێنێسانس: هەندێک دەنگۆ هەیە کە گوایە هەوڵ دەدرێت دانیشتووانی غەزە بۆ چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگوێزرێن. پێشتریش جیادیستەکان لە چەند شوێنی عەفرین نیشتەجێ کرابوون. بە ڕای ئێوە قەیران‌سازییەکانی تورکیا و ئێران چۆن دەتوانێت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە هۆی مانەوەی قەیرانە یەکتربڕەکان؟

مەتین: تەوای قەیرانەکانی ناوچەکە پێکەوە گرێدراون. تورکیا و ئێران هەردووکیان وەک دوو هێزی ئەمپریالیستیی ناوچەیی هەڵسوکەوت دەکەن و هەوڵ دەدەن بازنەی نفووزی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خۆیان وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی پێگەی نێودەوڵەتییان، بەرفراوانتر بکەن. دۆخێکی لەمچەشنە خۆی لە خۆیدا هەڵقوڵاوی ئەم ڕاستییەیە کە سیاسەتی جیهانی لەبەردەم گوزەر و گۆڕانکاریی گەورەدایە و لە سەردەمی کورتخایەنی تاک‌جەمسەریی دوای شەڕی ساردەوە بەرەو نەزمێکی فرەجەمسەریی هەنگاو دەنێت کە تێیدا چین وەک ئاکتۆرێکی سەرەکی خەریکە نەزمی لیبڕاڵی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دەکاتەوە؛ واتە ئەو نەزمەی کە دوای شەڕی جیهانیی دووەم شکڵی گرتووە. لە دۆخێکی وادا کە ئەمریکا سەرقاڵی ئەو ئاڵنگاریانەیە کە چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕووسیا لە ئەورووپا بۆی دەنێنەوە، دەوڵەتەکانی ناوچەکە، بەتایبەت تورکیا و ئێران هەوڵ دەدەن کەڵک لەم ساتەوەختە وەرگرن و نەزمی هەرێمەکە بە گوێرەی ویستە ئەمپریالیستییەکانی خۆیان دابڕێژنەوە. ئەگەرێکی مەترسیدار ئەوەیە کە پڕۆژە ئەمپریالیستییەکانی ئێران و تورکیا بەر یەک بکەون و ئەمەش پێکدادانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ئەو دەوڵەتەی لێبکەوێتەوە. ئەمە لەوانەیە لە قەفقازیا ڕووبدات، سەرەڕای ئەوەی کە هەردووکیان لە سووریا لەسەر دەرپەڕاندنی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا کۆکن و هاوکاریی یەکتر دەکەن و لە هێرشەکانیان بۆسەر ڕۆژئاوا “لە باکوور و باشوورەوە (دێرەئەلزوور) لەگەڵ ڕووسیا و ئەسەد هەماهەنگن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *