ئان هانسێن
وەرگێڕان: کاوە فاتحی*
داخوازی و داواکاریی بنچینەیی زۆربەی هەرە زۆری بزاڤە فێمینیستییە سپیپێستەکان بریتین لە مووچە، داهات، کار، بەها و بایەخی یەکسان، هەروەها زێدەکردنی باخچەی ساوایان بۆ پارێزگاری لە منداڵان، دەرکردنی یاساگەلێكی توندوتۆڵ دژ بە پۆرن و دژ بە دەستدرێژیكردنهسەر ژنان، تەرخانکردنی پارەی زۆرتر بۆ کۆم و کۆمەڵەی ژنان و پتر داڕشتنی بەرنامە و گەڵاڵە کردەییە ئەرێنییەکان لە بواری بازرگانی و پیشەیی. ئەم داواکارییانە پتر وەکوو چاکسازی و ڕیفۆرمخوازی دادەنرێن، بە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی ئامانجە سەرەکییەکە، واتە پیاوسەروەری، ناپێکن. جووڵە و بزاڤی ئەم دەستە فێمینیستییانە پەیوەستە بەو یاسا و ڕێساگەلەی لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتدارەوە دادەڕێژرێن، بە وتەیهکی تر، لە لایەن دەسەڵاتی پیاو(نێر)–تەوەرەوە بۆیان دادەنرێن؛ بەمەشەوە، داخوازییەکانی فێمینیستە چاکخوازەکان بەم ئاڕاستەدا دەڕۆن.
هەندێ لە ژنان پێیان وایە لە ڕەوتی چاکسازیدا بە شێوازی ئاڕاستەکردنی داواکارییەکانیان دەتوانن بە سەربەستی و ڕزگاری بگەن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە سەربەستیی ئەوان بە سیستەمی کاپیتاڵیزمەوە گرێ دراوە و دەبێ بەر لە هەر شتێک بەرهەڵستیی ئەم سیستەمە بكەن. بە گشتی، لە جیهان و بە تایبەت لە ئامریکای باکوور، هیوا گەورەکەی ژنە سپیپێستەکان ئەوەیە لە ڕێگەی ڕیفۆرم و چاکسازییەوە بتوانن بەرەنگاری نێرسالاری ببنەوە و لە ئاکامدا خۆیان وەکوو کەسایەتیی پیاو پێناسە بکەن. هەندێ لە ژنە فێمینیستە ڕادیکاڵەکان ڕیفۆرم وەکوو دەسکەوتە کورتخایەنەکان بۆ پێکهێنانی بناغەی بزاڤی شۆڕشگێڕانە دژ بە نێرسالاری بە هەند وەردەگرن. زۆر جار هەوڵەکانیان بۆ ڕیفۆرم دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئامانجە شۆڕشگێڕییە سەرەکییەکانیان لا بدەن و شێوازی خەباتیان بەپێی ڕیفۆرمخوازی دیاری بکەن. بۆ نموونە، بۆ گۆڕینی ئەو یاساگەلەی پێوەندییان بە پۆرنۆگرافییەوە هەیە –بۆ سنووردارکردن یان لابردنی– پەنا بۆ وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت دەبەن یان بە شێوازی ڕێکخستنی کەمپەین و واژۆکۆکردنەوە دژی ڕادەوەستن. لای ئەوان، خەون و ئاواتی شۆڕشگێڕی ئەوەیە ژن لە ڕێگهی چاکسازییەوە بەرەنگاری یاسا نێر–تەوەرەکان ببێتەوە.
ئەم ڕیفۆرمانە، بگرە لە ناوکۆییهکی ڕادیکاڵ یان کاپیتاڵیستییشدا بێت، تەنها ویست و خواستی ژنە سپیپێستەکان جێبەجێ دەکات کە دەیانەوێ لە ناو دامودەزگا نێرتەوەرەکاندا جێی خۆیان بکەنەوە و تێیدا بتوێنەوە. واتا سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە هەموو بنەما و بایەخەکانی جیهانی هەنووکەیان لا پەسەند کراوە. ژنێک دەتوانێ لە جیهانی ئابووریی هەنووکەدا پێگەیهک بۆ خۆی دابین بکات، بەڵام بەو مەرجەی بەدوای پارە و دەسەڵاتهوه بێت و لەگەڵ ئەمەشدا توندئاژۆ، بەرزخواز و ڕکابەر بێت. ژنێکی وەها دەتوانێت ‘سەربەستی و یەکسانی’ بە دەست بێنێ و لەگەڵ پیاوانیشدا هاوڕادە و یەکسان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم شێوازە، بەپێی ڕوانینی هەژاران، وەکوو دەسەڵات و چاوچنۆکی دادەنرێت. لە ئەورووپا و ئامریکای باکوور بۆ ئەوەی توانست و وزەی بزاڤە فێمینیستییەکان تێک بدەن و پەکی بخەن، پتر ڕێگە دەدەنە ژنە سپییەکانی چینی ناوەڕاست تا بە دەسەڵات بگەن. بەم پێیە، هیوایهک لای ژنانی چینی ناوەڕاست دروست دەبێت. هیواکە ئەوەیە لەگەڵ پیاوان یەکسان و هاوڕادەن، ناوەندەکانی خزمەتگوزاری بۆ ژنان زێدە کراون، بەپێی ئارەزوو منداڵەکانیان لەبار دەبەن، یاساگەلی دژ بە پۆرن و دەستدرێژیکردنەسەر ژنان دەردەکرێن و پلانە کردەوەییە ئەرێنییەکان بۆ ژنان دادەڕێژرێن. بەپێی ئەم ڕێرەوە، هەر ژنێک دەتوانێت لە بواری لێهاتوویی خۆیدا جێگە و پێگەی خۆی ساز بکات.
لە جیهانی ڕۆژئاوادا چی قازانج و بەرژەوەندی هەیە، بۆ دابینکردنی ژیانی ژنانی چینی ناوەڕاستە، بەم بۆنەوە، کەمکردنهوهی زەبر و زەخت و هەژاریی ژنە ڕەشپێست و سوورپێستەکان و هەروەها ژنانی جیهانی سێیەم لە بەرژەوەندی و قازانجی ئەواندا نییە، چونکوو بناخە، پێناسە و ناواخنی کاپیتاڵیزم و پیاوسەروەری لەسەر کەڵكئاوهژۆیی و چەوساندنهوه هەڵچنراوە، واتە کەڵکوەرگرتن لە زۆرینەی خەڵک لە بەرژهوەندیی کەمینەی خەڵک. وەکی تر، کاپیتاڵیزم–نێرسالاری ژن و سروشت بۆ کاڵا دەگۆڕن و وەکوو ئۆبژە سەیر دەکرێن تاکوو پتر قازانجیان لێ وهربگرن. پارلەمان، یاسا و پۆلیس پاڵپشتیی ئەم سیستەمە دەکەن و دەیپارێزن. بناغەگەلی پیاوسەروەری، کە بریتین لە دامودەزگا و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، وەک خۆیان دەمێننەوە و سەلامەتن، بەمەشەوە هەتا دێت هەژاری، چەوسانهوه و مەینەت زۆرتر دەبن ئەگەر ژن پهره به شێواز و ئامانجی شۆڕشگێڕانەی خۆی نەدات. کاتێک چەند ژنی ڕەمزی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا بەشدار دەبن، بیرۆکەی شۆڕش لە بیر دەچێتەوە. بەرەی ڕیفۆرمخواز دۆخ و سیستەمی هەنووکە بەهێزتر دەکات و کەڵک لە ئایدیۆلۆجیی ئازادی، ڕزگاری و دێمۆکراسی وەردەگرێت بۆ ئەوەی دژوازی و ڕاستییەکانی گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی بشارێتەوە. هەرچەندە ئەم دژوازی و دۆخە بە شۆڕش و ڕاپەڕین چارەسەر دەبێت، بەڵام بەرەی ڕیفۆرم دژوازییەکان دادەپۆشێت و سەروسیمایهکی هێورتر و نەرمتر بۆ نێرسالاری وێنا دەکات، ئەمەش بە قازانجی چینی ناوەڕاست دەشكێتەوە. بەرنامە کردەوەییە ئەرێنییەکان ئاوای وێنا دەکەن –وەهمێک چێ دەکەن– کە ژنان لە توندئاژۆیی و دەستدرێژی پارێزراون، کە وا دیارە ئەمەش بەبێ بەشدارکردنی ژنان لە سیستەمە نەریتییە نێرسالارییەکەدا دەستەبەر ناکرێت، بەم بۆنەوە، ناوەندە خزمەتگوزارییەکان دەبنە ڕێخۆشکەر بۆ ئەوەی ژنان پەیوەستی هێزی کار ببن و هەروەها یاساگەلی نوێیان بۆ دەربکەن. بەرەی ڕیفۆرم دەسەڵات و ئازادی بە هەندێ ژنی خواپێداو لە ناو بازنەی نێرسالاریدا دەدات کە ئەمەش دەبێتە هۆی زاڵبوونهوهی بایەخ و بەها نێرینەییەکان کە ڕەگوڕیشەیان لە نێو دونیاخوازی و چاوچنۆکیدایە. کۆمەڵگهی ئینسانی هیچ بایەخێک بە دەروونی ژن نادات و بەردەوام لایەنە خراپە ژیانتێکدەرەکانی دەروونی پیاو وێنا دەکات، لە حاڵێکدا بە ملیۆن ژنی سوورپێست و جیهانی سێیەم هەن كه نەك تەنها بایەخیان پێ نادرێت، بەڵکوو وەکوو کاڵا سێکسییەکان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و هەتا دێت پتر ڕوو لە هەژاری و چەوساوەیی دەکەن.
ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بەرەی ڕیفۆرم سیمایهکی ڕووکەشانە و درۆینەی لەمهڕ یەکسانی چێ کردووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی وەکوو چەک دژ بە ژنە هەژار و چەوساوەکان –ئەو ژنانەی توندوتیژی، سووکبوون و نەدارییان ئەزموون کردووە– بەکاری بهێنن و وای نیشان بدەن ئەو دۆخەی تێیدان، بە هۆی کەمتەرخەمی و بێدەسەڵاتیی خۆیانهوه بووە. ئەمەش وای کردووە دامەزراندنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان و مافی ئیشکردن و لەباربردنی منداڵ بە دەسکەوتی خۆیان بزانن. ئەم ڕیفۆرم و چاکسازییانە، تەنانەت بۆ چینی ناوەڕاستیش، جگە لە وەهمێک چیی دیکە نین، بە هۆی ئەوەی کە یەکسانی لە ناو پێکهاتەی پیاوسالاریدا، لە ڕاستیدا، تەنها گۆڕینی ژنە بۆ مێیینەیهک لە بەرگی پیاودا کە لەگەڵ چێژوەرگرتن لە دەسەڵات و چاوچنۆکی ڕاهاتووە. لەم دۆخەدا ئەگەر وەکوو ژن بمانەوێ بڕۆینە دەوام و ئیش، دەشێت واز لە منداڵەکانمان بێنین و ڕادەستی ناوەندەکانی منداڵپارێزییان بکەین کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بایەخ و بەهاکانی نێرسالاری کاریگەریی خۆیان لەسەر منداڵەکانیشمان دابنێن، سەرەڕای ئەمەش، ژنان دەبێ ڕەچاوی ڕێساگەلی شوێنی ئیشەکەی خۆیان بکهن کە سەروبنی لەسەر پیاوسالاری دانراوە.
ئێمە دەشێت بەرەنگاری بەردەوامی و مانەوەی چەوساندنهوه ببینهوه و چیی دیکە ڕێگە نەدەین لەو تاوان و چەوساندنەوانهدا بەشدار بین، ئەو چەوساندنەوانەی کە دژوازییەکانی ناو پانتایی نێرسەروەری هێور و کەم دەکهنەوە. لەباتیی ئەمە، دەبێت دژوازی و ناکۆکییەکان بخەینە بەر شرۆڤە و لێیان بکۆڵینەوە تاکوو بتوانین بیانکەین بە ئامانجی هێرشەکانمان هەتاکوو ئازادی و ڕزگاریی تەواو بە دەست بهێنین.
پێکدژی و دژوازیی ئایدیۆلۆجیی کاپیتاڵیزم/نێرسەروەری لەگەڵ واقعی ڕۆژانەی چەوساندنەوە و وێرانکردنی ژیان بە مەرجی گۆڕانی تەواو چارەسەر دەبێت، هۆکەشی ئەوەیە واقع بەشی سەرەکیی ئەو سیستمەیە. بۆ ئەوەی تێ بگەین بۆچی ڕیفۆرم ڕزگارمان ناکات، دەشێت دەرک بە سروشتی دڵڕەق و ستەمکاری ئەم سیستەمە گەردوونی و نێونەتەوەییە بکەین، سیستهمێك کە ئێمەی کۆیلە و ژێردەستەی خۆی کردووە. پێویستە خۆمان لە شووشە بۆیەکراو و بۆیاغکراوەکان ڕزگار بکەین و چیرۆکە ئەفسانەییەکانی چینی ناوەڕاست تووڕ بدەین، ئەو چیرۆکانەی فێریان کردووین کۆمەڵگه شوێنێکی پاک و بێگەردە و هەمیشە شتەکان بە جوانی نیشان دەدرێن. ئەوەی ڕاستی بێ، ڕەگی کاپیتاڵیزم و نێرسەروەری لە چەوساندنەوە و بەئۆبژەکردنی ژیاندایە. کاپیتاڵیزم کۆئەندامێکی ئابوورییە کە قازانج و بەرژهوەندی بە بنەما دەگرێت، نێرسەروەرییش کۆئەندامێکە تەنها بایەخ بە بەها نێرینەییەکان –واتە ڕکابەری، دەسەڵات و توندئاژۆیی– دەدات و نکۆڵی له چی بەهای دیکەیە دەکات.
ڕزگاری تەنها بە لەناوبردن و وێرانکردنی نێرسەروەری دێتە دی، بەم پێیە، شێوازی بەرەنگاری و خەباتی ئێمەش لەسەر ئەم ڕێڕەوە داڕێژراوە. هەندێک لە فێمینیستەکان بە بەڵگاندنەوە دەوڵەت وەک قەڵای نێرسەروەری دادەنێن، بە دەربڕینێکی تر، ڕێبەر و سەرۆکە حکومییەکان لە دامەزراندنی ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان و دەرکردنی یاساکاندا، سەروەری و زاڵبوونی نێر دەپارێزن و سەری دەخەن. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی هەره زۆری ئەم ژنانە لەو باوهڕەدان ژنان دەتوانن بە یارمەتیی سەرۆکە پیاوە حکومییەکان ڕزگار ببن. بەپێی ئەم شێوازە، ژنان ناتوانن چاوەڕوانیی ئەوە بکەن لە ڕێڕەوی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی دەوڵەتە پاتریارکییەکاندا ئازادی چێ بکەن. ئەو شتەی پتر لەم شێوازە چاوەڕوان دەکرێت، ئەوەیە دەوڵەت و دامودەزگا پیشەییەکان بە گۆڕینی هەندێک لە یاساکان و دابەشکردنەوەی سامان دەگمەن فێمینیستگەلێ ڕازی دەکەن.
ڕەگی شێوازە پێشکەوتووەکانی بەرەنگاری و خەبات لە بەرخۆداندایە و ئەمەش بەو مانایه نییە هەموو ئامانجە کورتمەوداکان ڕەت بکەینەوە. پرۆسەی ئازادی و ڕزگاری درێژخایەنە و وردەوردە شێوە دەگرێ. بۆ نموونە، کاتێک بەرامبەر بە پۆرنۆگرافی و لەباربردنی منداڵ بەپێی ئارەزوو تێ دەکۆشین، دەبێ ئەمانە لە ناوکۆیی شۆڕشگێڕییەوە بن. ئەمە ئەوە دەگەیهنێت لە ڕوانینێکی ڕادیکاڵەوە سەیری کێشەکانمان بکەین و ئەو تاکتیکگەلە بەکار بهێنین كه بە تەواوی ئەو سیستەمە ئاسایی، سیاسی و ئابوورییە ڕەت دەکهنەوە و ڕاشکاوانەش ڕوانین و شێوازەکانمان بنوێنن. زێدەتر، لەباتیی ئەوەی داوای ماف و بەهای یەکسان بکات، دەبێ هەوڵ بدات گەشە به شێوازە نوێیەکانی مانەوە و بەردەوامیی ژیان بدات، مانەوەیهک چەوساندنهوهی لێ نەکەوێتەوە و کۆمەڵگەیهکی هاوسان و یەکسان دروست بکەن کە تێیدا ژیانی هەرەوەزی، کۆیی و دوور لە تایبەتسازیی ژن بیچم بگرێت.
لەم کۆمەڵگه وێناکراوەدا ژنی ئازاد بەردەوام لە بەرخۆدان و بەرەنگاریدایە، بێپسانەوە بەرهەڵستیی هەموو ئەو ڕێگر و بەربەستانە دەكات کە سنوورداریان کردوون. ژنی ئازاد دەشێت چیی پێوەندیی لەگەڵ نێرسەروەریدا هەیە بیپچڕێنێ هەتاکوو بتوانێ جڤاک، فەرهەنگ و سیاسەتی خۆی دابەزێنێت و بە ڕێوەی ببات. لەباتیی ئەوەی وزە و هێزی خۆی بۆ داوای یارمەتی لە دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی پیاو تهرخان بكات، پێویستە هەتا دەتوانێ پەرە به تاکتیکەکانی بەرخۆدان بدات؛ بەمەشەوە، ئەوەی پێوەندیی بە دەوڵەت و دەستوچیلەکانیەوە هەیە، نەتوانن ژن دەستەمۆ و ژێردەستە ڕابگرن. بەرامبەر بەو ئامرازانەی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان بەکاریان دەهێنێت، کەڵک لە تاکتیکەکانی خۆ وەربگرێت، وەکوو: پۆستهر، دیوارنووسی، بڵاوکردنەوەی زانیاری، داگیرکردنی پانتایی گشتی و هاتنەسەر شەقام و ژیانی کۆیی. ئەگەر وەکوو بزاڤێک یەک بگرن، تاکتیکەکانی بەرخۆدان کاریگەر دەبن و ئەوەش دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەت و هاوپەیمانەکانی. ئێمە دەبێ چیتر باوەڕمان بەوە نەبێ بە گۆڕینی یاسا و قانوون لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەوە دۆخی ژن گونجاوتر و باشتر دەبێت، بە پێچەوانەوە، دەبێ هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە لەناوبردنی نێرسەروەری بە بنەما بگرێت. وەکی تر، دەبێ بێبەزەییانە و دڵڕەقانە هێرش بکەینە سەر هەموو ئهو پشتیوان و پاڵپشتانەی کە پێ دەچێت پشتیوانی لە یاسا و ڕێساگەلی نێرسەروەری بکەن، چیتر نەهێڵین ئەم کۆمەڵگه نێرتەوەرە دەستدرێژی بکاته سهر خاک و خەڵک.
دەبێ یەک جار و بۆ هەمیشە پەیوەستی شۆڕش و بزاڤی بەرخۆدان و بەرەنگاریی ژنان ببین تا بۆمان دەربکەوێت بە سانایی دەتوانین زنجیرەکانی نێرسالاری بپچڕێنین و تاهەتایه نێرسەروەری بسڕینەوە. لەم دۆخەی ئێستادا، پێویستە دژکردەوەی خۆمان نیشان بدەین بەرامبەر بەو بڕیارانەی دەوڵەت و ڕێکخراوە فرەنەتەوەییەکان دەیدەن، بۆ نموونە، لە هەمبەر بەڕێوەبردنی مێگا–پرۆژەکان لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی کاناداوە کە بوونەتە هۆی پیسکردن و تێکدانی ژینگە، نابێ بێدەنگ بین.
پێویستە ژن بە تیۆر و شێوازە ڕادیکاڵە فێمینیستییەکان ڕاهاتبێت تا بتوانێت قەڵای نێرسەروەری تێک بشکێنێت، ئەو قەڵایانەی بەردەوام چاودێریی کۆمەڵگهی مرۆیی دەکەن و هەروەها درێژە و پەرە به پۆرنۆگرافی، دەستدرێژی و بەکاڵاکردنی ژنان دەدەن.
هەستی قووڵی شۆڕش و بەرخۆدان لەگەڵ هەستی ئەویندارانە بۆ ژیان ورەی ئێمەی بۆ بەرەنگاری هەتا ڕزگاری بەرز کردووهتەوە و ئامادەین لەپێناو ڕزگاریی زەوی و ژنان، واتە ژنانی هەموو جیهان، ژنانی جیهان سێیەم، ژنە ڕەشپێست و سوورپێستەکان و هتد … خۆمان فیدا بکەین.
سەرچاوە: گۆڤاری ئانتۆرەلی پرێس
*ئەم بابەتە پێشتر لە ماڵپەڕی ناوەخت بڵاو کراوەتەوە.