ئەوەی کە ئازەربایجان کۆنتڕۆڵی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغی گرتۆتەوە دەست ئاشکرای دەکات کە ڕووسیا لە باشووری قەفقاز کشاوەتەوە و تورکیاش بەرەو پێش هەنگاو دەنێ. ڕیسکی ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە هەیە، دوو لێکۆڵەری کاروباری قەفقاز وایان نووسیوە.
شارۆچکەی شۆوشی، ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ
نووسینی: مێرتا ـ لیسا ماگنوسسۆن
کاترینا ڤاملینگ
زۆرینەی هاووڵاتیانی ناگۆڕنۆ ـــ قەرەباغ ئەرمەنییەکانن، بەڵام ناوچەکە لە ئازەربایجان هەڵکەوتووە. ئاڵۆزی و ململانێکانی ئەم دواییە پیشان دەدات کە هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. سەرکەوتووەکە ئازەربایجانە و دۆڕاوەکەش ئەرمەنستان و ناگۆڕنۆ ـــ قەرەباغ. ئەمە، بۆ ئەرمەنییەکانی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ، دێتە مانای کارەساتێکی مرۆیی و سیاسی.
بە پشتبەستن بە داهاتەکانی نەوت و پشتیوانیی تورکیا، ئازەربایجان توانیویەتی هێزێکی سەربازیی بەهێزتر لەوەی ئەرمەنستان بنیات بنێ. ئەرمەنستان، کە هیچ سەرچاوەیەکی سامانی سروشتیی نییە، بۆ بنیاتنانی توانای سەربازیی خۆی، ناچار بووە پشت بە پشتیوانیی ڕووسیا ببەستێ وەک هاوپەیمانێک کە بنکەیەکی سەربازیشی ئەرمەنستان هەیە. سەرکەوتنی ئازەربایجان [لە ململانێی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغدا] ئاشکرای دەکا کە ڕووسیا، وەک ئەکتەری سەرەکی لە باشووری قەفقاز، خەریکە پەراوێز دەخرێ، لە کاتێکدا تورکیا قەڵەمبازێک چووەتە پێشتر.
کۆمارێکی جیابووەوە کە کەس دانی پێدا نانێ
ناکۆکییەکانی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ کۆنترین ململانێی سەربازییە لەم ناوچە پۆست ـ سۆڤیەتییەدا. لە ساڵی ١٩٨٨ەوە ئاڵۆزیگەلێک سەریان هەڵدا کە چەند ساڵ دواتر، لە بەهاری ١٩٩٢دا، پێی نایە قۆناغی شەڕی ڕاستەوخۆ. شەڕەکە، دوای ئەوەی بە ناوبژیوانیی ڕووسیا ئاگربەست واژۆ کرا، هاوینی ١٩٩٤ ڕاگیرا. ناکۆکییەکە مێژوویەکی دوورودرێژتری هەیە بەڵام هۆکارەکەی یەک شتە: کۆنتڕۆڵکرنی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ. ناوچەکە لە زۆر کۆنەوە هاووڵاتیانی ئەرمەنی و ئازەریی بە تەنیشت یەکەوە تێدا نیشتەجێ بوون، یەکەمیان مەسیحی و ئەویتریان موسوڵمانن، بەڵام دوای شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیا، یەکێتیی سۆڤیەت ناوچەیەکی خودموختاری سەر بە ئازەربایجانی سۆڤیەتیی تێدا دروست کرد. ئەرمەنییەکانی ناوچەکە هەرچەند دژی سەروەریی ئازەربایجان بوون لە هەرێمەکەیان بەڵام لە سەردەمی سۆڤیەتدا نەیاندەتوانی بە ئاشکرا ئەمە پیشان بدەن. ئەوان، دوای داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت، بە پشتیوانیی سەربازیی ئەرمەنستان، کۆمارێکی جودایان بۆخۆیان دروست کرد کە هیچ وڵاتێک دانی بە ڕەسمییەتەکەیدا نەنا ـ تەنانەت ئەرمەنستانیش.
سەرلەنوێ پێکدادانی چەکدارانە
ئاگربەستی ساڵی ١٩٩٤ هیچ پەیمانێکی ئاشتیی بەدوادا نەهات، ئەمە سەرەڕای هەوڵی ناوبژیکەرانەی “گرووپی مینسک”، کە ڕووسیا، فەڕانسە و ئەمریکا پێکهێنەرە سەرەکییەکانی بوون. ئەوکاتی ئاگربەستەکە ڕاگەیەنر (١٩٩٤) هێزە سەربازییەکانی ئەرمەنستان و ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ، دەستیان بەسەر نەتەنیا خودی ناوچەکانی ئەو کۆمارە ڕاگەیەنراوە، بەڵکوو بە سەر ناوچەیەکی بەرینی دیکەشدا گرتبوو کە نەدەکەوتە ناو جەگرافیای کۆمارە تازە ڕاگەیەنراوەکەوە بەڵکوو بە خاکی ئازەربایجان دەزانرا.
لە سێپتامبری ساڵی ٢٢٠دا شەڕێکی نوێ هەڵگیرسایەوە کە شەش حەوتووی پێچوو. دوای ئەمە، بە ناوبژیوانیی ڕووسیا، هەژمۆنیی ئازەربایجان بۆ بەشێک لە ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ و هەموو ئەو ناوچانەش گەڕێندرایەوە کە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن هێزەکانی ئەرمەنستان و ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو. سێپتامبری ٢٠٢٢ دیسان پێکدادانی سەربازی سەری هەڵدایەوە و ساڵێک دواتریش، سێپتامبری ٢٠٢٣، ئازەربایجان دیسان هێرشێکی تری بۆ سەر ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ دەست پێکردەوە کە بە “ئۆپەراسیۆنی ئانتی تیرۆر” بەناوی کرد.
باڵادەستیی ڕووسیا کەم دەبێتەوە
باشووری قەفقاز، دوای ئۆکراین و لەناو ئەو ناوچانەدا کە پێشتر لە ژێر هەیمەنەی سۆڤیەتدا بوون، لە بواری ئابووری، ئاسایشی و هێڵەکانی پێوەندیشدا، لە ڕوانگەی ڕووسیای ئێستاوە، ستراتیژیکترین ناوچەیە، بەڵام سەرنەکەوتنی لە شەڕی ئۆکرایندا ڕووسیای ناچار کردووە دەست بە توانا سەربازییەکانییەوە بگرێت. بە گوتەی هەندێ لێکدەرەوە ئاڵۆزییەکانی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ لە کاتێکدا سەریان هەڵدایەوە کە هێزی سەربازیی ڕووسیا، لەدوای هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین، ناچار بە پاشەکشێ کرا. تەرکیز و فۆکووسی ڕووسیا ـ هەروەها ئی وڵاتانی ڕۆژئاواییش ـ لەسەر ئۆکراین، وای لە سەرۆکی ئازەربایجان کرد دەست بداتە هێرشی نوێی سەربازی.
ئەرمەنستان، بەپێچەوانەی ئازەربایجانەوە، ئەندامە لە هاوپەیمانیی سەربازیی “سی ئێس تی ئۆو” (Collective Security Treaty Organization). بەڵام ئەو ڕێکخراوە، لە کێشەی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغدا کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەشێکە لە ئازەربایجان، هیچ هاوکارییەکی ئەرمەنستانی نەکرد. ڕێکخراوەکە پێشتریش هاوکاریی ئەرمەنستانی نەکردبوو کاتێک هێزەکانی ئازەربایجان، لە سێپتامبری ٢٠٢٢دا، نوختە سەربازییەکانی ئەرمەنستانیان لەناو ئەرمەنستاندا کردە ئامانج. ئەو هێزە ئاشتیپارێزەی ڕووسیاش کە لە دووهەزار سەرباز پێکهاتبوو و لە ڕۆژانی یەکەمی ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٠ەوە لەناوچەکە جێگیر کرابوون، پێشیان بە هێرشە نوێیەکانی ئازەربایجان نەگرت. ئەمە لەناو ئەرمەنییەکاندا ناڕەزایەتیگەلێکی لێکەوتەوە کە لەم چەند مانگەی دواییدا پەرەی زیاتریان ئەستاندووە. لە لێدوانێکی ڕەسمیدا لەم ماوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان “نیکۆڵ پاشینیان” ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی، لە مەسەلەی ئاسایشیی خۆیدا، نە دەتوانێ پشت بە هاوپەیمانیی “سی ئێس تی ئۆو” ببەستێ و نە بە ڕووسیاش. ئەرمەنستان ئێستا ئیتر بەشداریی چالاکانەی خۆی لە “سی ئێس تی ئۆو”دا کەمڕەنگ کردۆتەوە و سیگناڵگەلێکیشی داوە کە دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا پەرە پێ بدات و هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە ناونەتەوەییەکان پەرە پێ بدات. ئەرمەنستان هەروەها چەند مەشقێکی سەربازیی لەگەڵ هێزە ئەمریکاییەکان لە ناوچەکە ئەنجام داوە، یارمەتیی مرۆیی بۆ ئۆکراین ڕەوانە کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە دەیەوێ پەیوەندیی لەگەڵ دادگەی تاوانەکانی نێودەوڵەتیی دابمەزرێنێ، ئەم کارە بەو مانایە دێت کە ڤلادیمیر پووتین، ئەگەر سەردانی ئەرمەنستان بکات، دەکرێ قۆڵبەست و ڕادەستی دادگەکە بکرێت.
ڕووسیا تا ئێستا توانیویەتی رۆڵگێرانی خۆی وەک بنیاتنەری ئاشتی لە کێشمەکێشەکەدا وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ کاریگەری دانان لەسەر هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بەکار بێنێ. ئازەربایجان، دوای ئەوەی بە تەواوی کۆنتڕۆڵی هەرێمی ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغی گرتە دەست، ئیتر، لە ڕوانگەی ئەو وڵاتەوە، پێداویستییەک بۆ نێوبژیوانی لەلایەن ڕووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکەی دەرەکییەوە لە گۆڕێدا نامێنێ. داهاتووی ئەو هەرێمە و ستاتۆ سیاسییەکەی، ئیتر وەک بابەتێکی ناوخۆیی لە ئازەربایجان هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ.
پشتیوانییەک بۆ سەربەخۆیی نییە
لە هاوکاری و ئاسایشی ناودەوڵەتیدا, ڕێزگرتن لە سنوورە دانراوەکان و تەواویەتی ئەرزیی (territorial integrity) دەوڵەتان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی چاوی لێدەکرێ. لێکتێگەیشتن سەبارەت بەم پرەنسیپانە لە پێشنیارەکانی ئاشتیی ‘گرووپی مینسک” و پێشنیاربڕیارگەلی نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا کە لەو پێوەندییەدا پەسەند کراون، ڕەنگی داوەتەوە و ئەمەش پشتیوانییەکە لە هەڵوێستی ئازەربایجان [سەبارەت بە ناوچەکە]. ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ، بەپێێ یاسای نێودەوڵەتی بەشێکە لە ئازەربایجان و بەپێی پرەنسیپی نێودەوڵەتیی “تەواویەتی ئەرزی” نابێ جیابکرێتەوە. مافی خۆبەڕێوەبەری کە ئەرمەنستان لە پرسی قەرەباغدا پشتی پێ بەستبوو، لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە، بەڵام پێشمەرجی خۆبەڕیوەبەری ـ بە مانای مافی دامەزراندنی دەوڵەت، سەرەتا پێویستی بە دانپێدانانی “دەوڵەتە سەرەکییەکە” هەیە، ناگۆڕنۆ ـ قەرەباغ ئەم دانپێدانانەی لە ئازەربایجان وەرنەگرتووە.
هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراین و دابڕینی ناوچەگەلێکی ئەو وڵاتە، جارێکی دیکە جەخت لە واتاداربوونی ڕێوشوێنە ناونەتەوەییەکان دەکاتەوە، ئەو یاسا و ڕێوشوێنانەی کە “تەوایەتی ئەرزی” و سنوورە دانپێدانراوەکانیش دەگرنە خۆ. ئامانجی ئەرمەنییەکانی قەرەباغ ـ گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و یەکگرتنەوەی لەگەڵ ئەرمەنستان ـ ئێستا لە هەر کاتێک دوورەدەستتر خۆی دەنوێنێ، لە جیاتی ئەمە ڕیسکی ئەوە هەیە کە ئەوان ئیتر ناچار بن ئاسایشی خۆیان لە پەنابەربوون لە ئەرمەنسستاندا ببیننەوە.
ڕوانگەی نوێی ئاسایشی
لاوازبوونی هێژمۆنیی ڕووسیا لە باشووری قەفقاز، دەرگا بە ڕووی ڕێکخستنەوەیەکی نوێی ئاسایشیدا دەکاتەوە. دەستوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٨ و بۆ پشتیوانی لە دوو هەرێمە جیابووەوەکەی ئەبخازیا و ئۆسێستیای باشوور، گورجستانی لە هەوڵەکانی بۆ ئەندامەتیی لە ناتۆدا پاشگەز کردەوە. بۆ ئەرمەنستان، بە هۆی ئەو هاوکاریییە ئاسایشییە کە لەگەڵ ڕووسیا هەیبووە، تا ئێستا بابەتی ئەندامەتی لە ناتۆدا جێگەی باس نەبووە. ئازەربایجانیش، تا ئەم ساتەوەختە، پێی باش بووە لە دەرەوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا بمێنێتەوە، بەڵام هاوکارییەکی نزیکی لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆدا هەیە. تورکیا هەروەها کاریگەرییەکی زۆری بەسەر ئابووری وهێڵەکانی پەیوەندیی ناوچەکەدا هەیە.
سەرکەوتنی ئازەربایجان لە دەستەبەرکردنەوەی تەوایەتیی ئەرزیی خۆیدا، هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکان لەپێناو سەقامگیری لە سیستەمی نێودەوڵەتی وزیادکردنی تەرکیزی دەوڵەتان لەسەر تەواویەتیی ئەرزی. بەڵام ئەمە هەروەها پۆتانسیەلی ناسەقامگیریی زیاتریش بە دوای خۆیدا دێنێ لەم ناوچە ئاڵۆزەدا کە پێی دەگوترێ قەفقاز.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*کەریم مەرەسەنە کردوویەتی بە کوردی، سەردێڕەکە ئی وەرگێڕە