پرۆفسۆر پێته‌ر یێرده‌فۆرش
لە سوێدییەوە: ڕێنێسانس
مرۆڤ سه‌رده‌مێکی دوور و درێژ هیچ زمانێکی نه‌بوو. ئێمه به گشتی دووسه‌د هه‌زار ساڵیک ده‌بێ ده‌توانین به یه‌که‌وه بدوێین، به‌ڵام به‌ره به‌ره کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌واو قسهکهرمان خوڵقاندووه. له کۆمه‌ڵگه‌ی پاش مۆدێڕنه‌ی ئێستادا زمان، ئاخافتن و زانیاری بوونه‌ته بزوێنه‌ری (ماتۆڕ) کولتووره‌که‌مان که ژیانی رۆژانه، کار و داهێنانهکانمانی له ده‌ور کۆکراونه‌وه. زمان واتادارترین داهێنانی مرۆڤه و له‌و روانگه‌وه په‌یدابوونی زمان ده‌بێته یه‌کێک گرینگ‌ترین پرسیاره‌کان، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ڵامی پرسیاری ـ گه‌لۆ ئێمه بۆ دهئاخڤین ـ سه‌رمان ده‌سووڕمێنێ.
له سه‌رده‌مێکی زۆر دوور و درێژی ژیانی مرۆڤدا هیچ زمانێکی قسه‌کردن بوونی نه‌بووه. وا لێک دراوه‌ته‌وه که لقی ئه‌و بوونه‌وه‌ره سه‌ره‌تاییه‌ی دواتر به‌ره‌و مرۆڤ بوون کامڵ بووه، لانیکه‌م پێنج ملوێن ساڵ به‌ر له ئێستا، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و لقه‌ی که مه‌یموونی “شیمپانز”ی لێ که‌وتۆته‌وه. به‌ڵام وێده‌چێ زمانی ئاخافتن له به‌ینی 200 تا 300 هه‌زار ساڵێک به‌ر له ئێستا په‌یدا بووبێ. که‌واته ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ی فۆڕمه‌کانی بیری مرۆڤ زۆر به‌ر له توانای ئاخافتن، به شێوه‌یه‌کی هه‌نگاو به هه‌نگاو شکڵیان گرتووه.
چۆنیه‌تیی په‌یدابوونی زمان یه‌کێک له مه‌ته‌ڵه هه‌رێ گه‌وره‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تییه. ئه‌من لێره‌دا ئه‌و هێزه فراژێوه پیشان ده‌ده‌م که په‌یدابوونی زمانی مه‌یسه‌ر کردووه، ئه‌وه‌ش له رێگای وه‌ڵامدانه‌وه به‌و سێ پرسیاره.
یه‌ک: چۆنه ئێمه دهئاخڤین؟ واته بۆ توانای قسه‌کردن له هیچ بوونه‌وه‌رێکی دیکه‌دا گه‌شه‌ی نه‌کردووه و چ شتێک پێداویستیی گه‌شه‌کردنی ئه‌و توانا شازه‌ی ده مرۆڤدا خوڵقاندووه؟
دوو: چۆنه ئێمه دهئاخڤین؟ خۆ مرۆڤ ده‌توانێ به شێوه‌ی دیکه‌ش پێکه‌وه بدوێت. بۆ نموونه به‌هۆی جووڵه/ ژێسته‌وه. جوناتان سویفت باس له سه‌فه‌ره‌کانی گۆلیــڤێر ده‌کات بۆ وڵاتی “باڵنی باربی”، که زاناکانی له رێگای پیشاندانی شتومه‌ک به‌یه‌کتر گفتوگۆ ده‌که‌ن. ئه‌وان پێــپێــچهیهکی گه‌وره‌ی پڕ له شتومه‌ک ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌گێڕن هه‌تا بتوانن زۆرترین زانیاری به‌یه‌که‌وه بگۆڕنه‌وه. ئه‌وه رێبازێکی هاسان نییه بۆ گفتوگۆ، به‌ڵام فۆڕمێکی مومکینه. که‌وایه بۆچی راست ئاخافتن بووه‌ته هه‌ڵگری زمان نه‌ک شتێکی دیکه؟
سێ: چۆنه ئێمه دهئاخڤین؟ ئه‌رکی سه‌ره‌کیی زمان چییه؟ وه‌ڵامێکی به‌ده‌سته‌وه ئه‌وه‌یه: ئێمه زمان ده‌کار ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زانیاریی بده‌ین به یه‌کتر له سه‌ر چۆنیه‌تیی ده‌وروبه‌ر. به‌ڵام ئه‌من لێره پیشانی ده‌ده‌م که مه‌رج نییه ئه‌وه ئه‌رکه بنگههییهکهی زمان بووبێ؛ پێم وایه رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تیی زمان گرینگتر بووه.
یه‌ک: چۆنه ئێمه ده‌ئاخفین به‌ڵام بوونه‌وه‌ری دیکه نا؟
تیۆریی داروین له‌بابه‌ت په‌یدابوونی زمان له کتێبی (The Descent of Man) دا ده‌دۆزینه‌وه. ئه‌و تێبینیی ئه‌وه‌ی کردووه که ئاژه‌ڵه‌کان هه‌رچه‌ند ده‌نگیشیان سنووردار بێ، ده‌توانن تۆنی ده‌نگیان بگۆڕن به جۆرێک که گوزاره له دۆخی هه‌سته‌کیی جیاواز بکات. به‌ڵام کامه هه‌نگاوانه لێره‌وه ده‌مانگه‌یه‌ننه توانای ئاخافتنی مرۆڤ؟ داروین وای بۆ ده‌چێ که به‌ر له په‌یدابوونی زمانێکی سه‌قامگیر، جۆرێک له گۆرانیی سه‌ره‌تایی په‌یدا بووه و دواتر لاساییکردنه‌وه‌ی [به ده‌نگ] دیارده‌ی جۆراوجۆری به‌دوودا هاتووه.
له ناو ئاژه‌ڵاندا کۆمه‌ڵێک فۆڕمی جیاوازی کۆمۆنیکاسیۆن هه‌ن. مه‌یموونی “مارکاتا” سێ جۆره ده‌نگی جیاوازی هه‌یه بۆ وشیارکردنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری له پڵنگ، مار یان باز. مێشه‌نگوینه ده‌توانێ به سه‌ماکردن شوێنی ده‌قاوده‌قی عه‌تری گوڵان به مێشهنگوینهی دیکه رابگه‌یه‌نێ.
ئه‌دی که‌وایه جیاوازیی زمان چییه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێما و ئاماژانه‌ی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر ده‌کاری ده‌که‌ن له‌کاتی دانوستهندندا؟ یه‌کێک له جیاوازییه سه‌ره‌کییه‌کان ئه‌وه‌یه که سیگناڵ (هێما و ئاماژه) باسی ئه‌و شتانه ده‌کا که له ده‌وروبه‌ری ئاژه‌ڵه‌که‌ن. مێشه‌نگوینه ته‌نیا ئه‌و کاته سه‌ما ده‌کا که عه‌تری گوڵانی دیبێته‌وه و گه‌ڕابێته‌وه ناو خهڵهفهکهی. مه‌یموونه‌که ته‌نیا کاتێک ئاماژه ده‌دا که هه‌ڕه‌شه‌که نزیک بووبێته‌وه. به‌ڵام ئێمه به زمانی ئاخافتن ده‌توانین باسی ئه‌و شتانه‌ش بکه‌ین که لێره نین، له ئێستادا نین و ته‌نانه‌ت بوونیشیان نییه. ئێمه ده‌توانین چیرۆکی زاره‌کیی سه‌یر و سه‌مه‌ره بۆ منداله‌کانمان بگێرینه‌وه. سه‌گێک ده‌توانێ ئاماژه‌یه‌کمان بداتێ که ده‌یه‌وێ بچێته ده‌رێ یان خۆشحاڵه، به‌ڵام خۆ ناتوانێ باسی ئه‌وه‌مان بۆ بکا که دوێنێ که‌روێشکێکی راو کردووه یان پێمان بڵێ که ئه‌گه‌ر ئه‌مشه‌و به ته‌نیا به‌جێی بێڵین تووڕه ده‌بێ و که‌وشه‌کانمان ده‌جوێ. هێماکان باس له جیهانی ده‌وروبه‌ر ده‌که‌ن، له کاتێکدا زمان باس له جیهانی ناوه‌وه‌ی ئێمه ده‌کات، واته له بیرۆکه‌کانمان، پلان و به‌رنامه و فانتازیاکانمان. زمانی ئاخافتن له‌و ده‌ربڕینی سێمبولیکانه دروست بووه که سه‌رچاوه‌یه‌کیان هه‌یه.
زۆر جۆری ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر هه‌ن که به ده‌نگ دانوستهندن ده‌که‌ن. تووتی و هێندێک باڵنده‌ی دیکه ته‌نانه‌ت ده‌شتوانن لاسامان بکه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا ئه‌و شتانه ده‌ڵێنه‌وه که فێریان کراوه ـ وه بۆخۆیان ناتوانن هیچ بخه‌نه‌وه سه‌ر یه‌ک، که ئه‌وه پێویستییه‌که بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێی بڵێین زمان. ئه‌دی مه‌یموونه‌کانی شیمانز و گۆریلا که هێنده وه‌ک ئێمه ده‌چن، ئه‌دی ئه‌وان ناتوانن زمانێک فێر بن؟ هه‌وڵی وا هه‌بووه، به‌ڵام ناکرێ زمانی ئاخافتنیان فێر بکرێ چوونکا مه‌یموونه‌کان ده‌سته‌ڵاتی ته‌واویان به سه‌ر کۆئه‌ندامی ده‌نگیاندا نییه. له به‌رامبه‌ردا هه‌وڵ دراوه مه‌یموونان فێری زمانی هێما بکه‌ن و دوای هه‌وڵێکی یه‌کجار زۆر، وشه‌دانه‌ی ئه‌و مه‌یموونانه‌ی زۆر له ئه‌زموونه‌که‌دا سه‌رکه‌وتوو بوون، بریتیی بووه له 200 ئاماژهوشه.
توانای دانوسته‌ندنی مه‌یموونان، سه‌ره‌ڕای ته‌قه‌لایه‌کی زۆر، سنووردار بووه. ئه‌وان له باشترین دۆخدا ده‌توانن له بواری زمانییه‌وه (زمانی به هێما) بگه‌نه ئاستی منداڵێکی دوو ساڵان. ئه‌وان زۆر به که‌می ده‌توانن له دوو هێما زیاتر پێکه‌وه بلکێنن. ئه‌وه‌ی ده‌شیڵێن ئه‌غڵه‌ب په‌یوه‌ندیی به‌و شتانه‌وه هه‌یه که لێمانیان ده‌وێ. نموونه‌یه‌ک له‌وانه ئاماژه‌کانی شیمانزه مه‌یموونی “نیم چیمپسکی”یه کاتێک به هێما ده‌ڵێ “نیم شیر، شیر بده، لاورا شیر بده به نیم”. مه‌یموونه‌کان زۆر به که‌می شتێک ده‌گێڕنه‌وه ـ له‌وانه‌یه ئه‌وپه‌ڕی سکاڵا له هاوڕهگهزێکیان بکه‌ن که مۆزه‌کانی شاردۆته‌وه.
ئێستا ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تیی فێربوونی زمان له لایه‌ن منداڵانه‌وه به‌راورد بکه! ده‌زانین که تازه‌لاوێکی ئاسایی نزیکه‌ی 40هه‌زار وشه‌ی زمانی دایکی تێده‌گا. سه‌رژمێرییه‌کی گشتی نیشان ده‌دا که منداڵێک به شێوه‌یه‌کی مامناوه‌ند له رۆژێکدا 10 وشه فێر ده‌بێ، له ماوه‌ی هه‌موو کامڵبوونیدا. منداڵه‌کان بێ خۆماندووکردنێکی زۆر و به دڵخوازی خۆیان وشه فێر ده‌بن. فێربوون/دۆزینه‌وه‌ی وشه‌کان له ته‌مه‌نی ساواییدا، ئه‌غله‌ب دڵخۆشییان پێ ده‌به‌خشێ. وشه‌کان وه‌ک به مێشگرهوه بنووسێن ئاوا ده‌چنه ناو بیردانهوه. به پێچه‌وانه‌ی منداڵی مرۆڤان، مه‌یموونه‌کان ژماره‌یه‌کی زۆر مۆز و کاکڵه گوێزیان ده‌وێ تا وشه‌یه‌کی نوێ فێر بن. جیاوازییه‌کی دیکه‌ی مرۆڤ و مه‌یموون له فێربوونی وشه‌دا ئه‌وه‌یه که مه‌یموونه‌کان ده‌بێ وشه‌کان له پێوه‌ندیی راسته‌وخۆدا فێر بن. ئه‌گه‌ر شیمانزێک فێری وشه‌ی “شیر” ده‌که‌ین، ده‌بێ له نزیک وی شیری لێ بێ ـ ئه‌وه به‌س نییه که باسی ئه‌و شیره‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ین که دوێنێ رژابوو. توانای فێربوونی ئه‌وان په‌یوه‌ندیی به مێتودی “وه‌جۆش خستن و به‌پیره‌وه‌چوون ـ”ه‌وه هه‌یه. که‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه مرۆڤه‌کان ته‌نیا له رێگای گوێگرتنه‌وه فێری وشه ده‌بن. منداڵان به‌هۆی بیستنی گوتاری که‌سانی دیکه، وه دواتر به‌هۆی خوێندنه‌وه، به‌هۆی چیرۆک و حه‌قایه‌ته‌کان له هه‌موو بوارێک‌دا وشه ده‌قۆزنه‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و شت و رووداوانه‌ش که نه‌یاندیون و هه‌بوونیشیان نییه. به خێرایییه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر فێری ئه‌وه ده‌بن که وشه‌ی وا تێک هه‌ڵکێشن که پێشتر گوێیان لێ نه‌بووه، له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بیرۆکه‌ی وادا که پێشتر که‌س بیری لێ نه‌کردۆته‌وه.
له‌و ره‌وته مێژوویییه‌ی به‌و لقه کورته‌دا ده‌ڕوا که ئێمه له شیپمانز و ئاژه‌ڵی دیکه لێک جیا ده‌کاته‌وه، شتێک رووی داوه که په‌یدابوونی زمانی مه‌یسه‌ر کردووه؛ به‌ڵام چی رووی داوه؟
دوو جیاوازیی ئاناتۆمیانه (لهشناسیانه، لهشزانیانه) له نێوان شیمپانز و مرۆڤدا هه‌یه که گونجاوه ئاماژه‌یان پێ بکرێ. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که مێشکی مرۆڤ گه‌وره‌تره ـ به تایبه‌تیش پێشه‌سه‌ر که فۆنکسیۆنه هۆشییه‌کانی تێدان. هێندێک له مێشک گونجێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زمانێک بکات که گرامێر و هه‌نبانه‌ی وشه‌کانی به‌رفراوان بێ. هێندێک حه‌سته‌مه راست ئه‌و شوێنانه له مێشک‌دا بدۆزینه‌وه که پێوه‌ندییان به زمانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به زه‌قی به توانا زمانییه‌کانه‌وه گرێ ده‌درێته‌وه ” Wernickes area”یه، (لای دواوه‌ی مێشکۆڵه‌ی پێشه‌سه‌ر) که تێیدا ده‌نگه زمانییه‌کان شیته‌ڵ ده‌کرێن (یان بڵێین دهتوێژرێنهوه و ورد ده‌کرێنه‌وه)، هه‌روه‌ها ” Brocas area ” ( خوارووی پشته‌وه‌ی مێشکۆڵه‌ی پێشه‌سه‌ر) که به‌رهه‌مهێنانی زمانی له ئه‌ستۆیه. هه‌ردوو ئه‌و به‌شانه ده‌که‌ونه لای چه‌پی مێشکی پێشهسهرهوه. (به‌داخه‌وه فه‌رهه‌نگی پزیشکیم ده‌ست نه‌که‌وت که ناوه عیلمییه‌که‌ی ئه‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه بدۆزمه‌وه و هیوادارم خوێنه‌ر لێم ببوورێ)
جیاوازییه‌کی دیکه که ده‌توانین بیبینن ئه‌وه‌یه که پیوازۆکه‌ی ئه‌وکی مرۆڤ له خوارتر هه‌ڵکه‌وتووه له‌چاو پیوازۆکه‌ی مه‌یموون. ئه‌و دابه‌زینه[ی پیوازۆکهکه] هێندێک دره‌نگ و به کاوه‌خۆ له پرۆسه‌ی کامڵ‌بوونی مرۆڤدا رووی داوه. ئه‌و رووداوه به سه‌رده‌می په‌یدابوونی جۆری ئێمه ـ هۆمۆ ساپیێنس ـ ـه‌وه گرێ ده‌درێته‌وه، له 200 تا 300 هه‌زار ساڵ له‌وه پێشدا. ئه‌نجامی دابه‌زینه‌که ئه‌وه‌یه که ناو ده‌م گه‌وره‌تر ده‌بێ و بۆیه‌شه که هۆمۆ ساپیێنس ده‌توانێ ژماره‌یه‌کی زۆرتر ده‌نگ ده‌ربێنێ، به تایبه‌ت پیتی ده‌نگدار. (vocal) ئه‌و گۆڕانه ئاناتۆمییه، سه‌ره‌کیترین هۆکاره بۆ ئه‌وه‌ی که ئێمه ئێستا وای لێک ده‌ده‌ینه‌وه زمانی ئاخافتن نزیک به چاره‌که ملوێنێک ساڵ له‌وه پێش په‌یدا بووبێ.
هه‌روه‌ها جیاوازیی کۆگنێتیڤ (هۆشناوهندانه)ش هه‌ن له نێوان مه‌یموونی شیپمانز و مرۆڤدا. له مهیمووناندا زۆربه‌ی به‌شه‌کانی مێشک گرێ دراونه‌وه به چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامانه‌ی له هه‌سته‌کانه‌وه پێیان ده‌گا. به‌پێچه‌وانه‌وه له مێشکی مرۆڤدا ئه‌و به‌شانه‌ی هه‌سته جۆراوجۆره‌کان تێکهه‌ڵکێش و وێنه‌یه‌کی گشتییان لێ ساز ده‌که‌ن زۆرترن. ئێمه هه‌روه‌ها ده‌توانین [شته‌کان] له هه‌ستێکه‌وه بۆ هه‌ستێکی دیکه وه‌رگێڕین: منداڵێک ده‌توانێ به چاوان ئه‌و شته بناسێته‌وه که له ژێر پارچه قوماشێکدا ده‌ستی لێداوه. توانای پێکه‌وه گرێدانی هه‌سته‌کانی حه‌سیان، بینایی و بیستن له مرۆڤدا سروشتییه، به‌ڵام سه‌لمێنراوه که ئه‌و پێکه‌وه گرێدانه‌وه‌یه بۆ ئاژه‌ڵان زۆر حه‌سته‌مه. با به خێراییش بێ ئاماژه‌یه‌ک به‌وه بکه‌م که ئه‌و توانایه‌ی مرۆڤ، مه‌رجێکی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین له زماندا که‌ڵک له “مێتافۆڕ” (وێناکردنی سێمبولیک) وه‌ربگرین.
به‌ڵام جیاوازیی هه‌رێ سه‌ره‌کی له نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵاندا، له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ توانای فێربوونی زماندا، ئه‌وه‌یه که مرۆڤ زۆر کارامه‌یه له تێگه‌یشتنی مه‌به‌ستی ده‌ربڕینێکی زمانی. منداڵ زۆر به‌ر له‌وه‌ی له ناوه‌رۆکی گوتراوه‌کان تێ‌بگا، فام ده‌کا که بێژه‌رێک ده‌یه‌وێ شتێک بڵێ. به‌ڵام مه‌یموونه‌کان وه‌ک سیگناڵێک له وشه و هێماکان تێده‌گه‌ن، ئه‌وان ناتوانن بچنه ناو جیهانیی بیر و داڵغه‌کانی بێژه‌ره‌وه.
له‌و دواییانه‌دا بایه‌خی زیاتر به‌و به‌هره‌یه‌ی منداڵان دراوه که ده‌توانن بچنه ناو جیهانی بیره‌کانی که‌سێکی دیکه و هه‌ست به‌وه بکه‌ن که‌سه‌که چۆن بیر ده‌کاته‌وه. سه‌لمێنراوه که مه‌یموونه‌کان توانایه‌کی یه‌کجار سنوورداریان هه‌یه له تێگه‌یشتنی داڵغه و فکره‌کانی ئه‌وانی دی. له زمانی ئینگلیزی‌دا ده‌گوترێ که (children have a theory of mind)، وه‌رگێڕانی ئه‌وه بۆ زمانی سوێدی [وه کوردی] زۆر حه‌سته‌مه، به‌ڵام له‌وانه‌یه بتوانین بڵێین منداڵان توانای چوونه ناو دۆخیان تێدایه.
که‌وایه سه‌ره‌کیترین وه‌ڵامی پرسیاری چۆنه ئێمه دهئاخڤین به‌ڵام بوونه‌وه‌ری دیکه نا، ئه‌وه‌یه که ئێمه توانایه‌کی فراژۆتووی چوونه ناو دۆخمان تێدایه (توانستی هه‌ستکردن به ـ وه تێگه‌یشتن له شته‌کان)، ئه‌وه له ئاژه‌ڵاندا نییه. به‌بێ ئه‌و توانسته [شازه] دانوسته‌ندنی زمانی دروست نابێ و ته‌نیا له کۆمه‌ڵێک هێما و ئاماژه‌دا ده‌مێنێته‌وه.
درێژه‌ی هه‌یه …