ڕێنێسانس
دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێسەت ڕۆژ بەسەر یەکەم چالاکییە جەماوەرییەکانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، چالاکییە جەماوەرییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمڕەنگ بوونەتەوە، بەڵام ژینگەی گشتیی ناوچە ژێر ستەمەکان تا ئێستاش لە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانەی خۆیان دانەبڕاون و لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئێمە شاهیدی دەیان چالاکیی بووین کە لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی گوتاریی چڕیان لەگەڵ شۆڕشەکەدا هەبووە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا پێ دەنێتە یەک ساڵەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە، کە چالاکییەکان لە بەشەکانی دیکەی ئێران تا ئاستی ئاکسیۆنی تاکەکەسی و هەندێ ئەکتی کۆمەڵایەتی پاشەکشەیان کردووە. بەو حاڵەش دۆزی کورد لە ئێران، بەهۆی ناڕێکی لە ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی سنوورەکان، خەریکە دەبێتە قوربانیی هەندێ ساتوسەودای سیاسی کە لەوانەیە کوردستان لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم شۆرشە دوور بخاتەوە.
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە ڕۆژانی یەکەمی ڕاپەڕینەکەوە، بە وەڕێخستنی مانگرتنگەلی سەرانسەری، خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی کەموێنەی جەماوەری، هەروەها فۆڕمۆلەکردنی ویست و داخوازیگەلێکی ڕادیکاڵ بەلام دێمۆکراتیک، مەشخەڵی شۆڕشێکیان گرتە دەست کە بە خێرایی زۆرینەی ناوچە ژێر ستەمەکانی ئێرانی گرتەوە. کاریگەرییەکانی ئەم ڕادیکاڵیزمە دێموکراتیکە، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیش، لە قالبی یەکڕیزییەکی کاتی لەناو لایەنە کودییەکاندا، خۆی پیشان دا، یەکڕیزییەک کە لە ڕۆژانی دواتری شۆڕشدا، بە هۆی نەبوونی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ داهاتووی ئەم ڕاپەڕینە سەرانسەرییە، زیاتر لە لێکترازان نزیک بووەتەوە.
دوکتۆر کامڕان مەتین، شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆی “ساسێکس”ی بریتانیا، باوەڕی وایە کە هێزە کوردییەکان “هەڵوێست و هەڵسوکەوتی جیاوازیان سەبارەت بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی گرتەپێش و بەم هۆیەشەوە هەڵە ستراتیژیکەکانیان وەک یەک نین”.
ـ حیزبە ناسیۆنالیستەکان کە لە ‘ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران’دا کۆبوونەتەوە، قورسایی سیاسیی خۆیان خستە سەر گۆڕانکاری لە سەرێ ڕا و لە ئاستێکی ناونەتەوەییدا، هەروەها لە ڕێگای هاوپەیمانی لەگەڵ کەسایەتی و حیزب و ڕێکخراوگەلێک کە زیاتر ناسۆنالیستی ئێرانین و ئەحزابی کورد پێیان وابوو پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاواییدا هەیە. ئەمانە لەبیریان کردبوو و لە بیریان کردووە کە ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بایەخی زیاتر بە بەند و بیسات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەدات لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی، نەک پشتیوانییەکی ستراتیژیک لە بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی سیاسی کە هەمان کاتدا ڕێبەرییەکی بە ڕێکخراوبووی نییە؛ دوکتۆر کامڕان مەتین وای گوت.
بە گوتەی ناوبراو ئەزموونی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ پیشان دەدات کە ئەم وڵاتانە، تەنیا کاتێک دەکەونە قۆناخی پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆن کە ئەگەری ڕووخانی ڕژیم یەکلایی بووبێتەوە. لە حاڵەتێکی واشدا نزیکایەتی و دانوستان تەنیا لەگەڵ ئەو هێزانە دەکەن کە بەرنامەی سیاسییان لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوورە.
کامڕان مەتین ئاماژە بەوەش دەکات کە حیزبەکانی ناو “ناوەندی هاوکاری”، لە قۆناخێکدا وا دیاربوو بە ڕادەیەک لە توانایی خۆیان بۆ ڕێکخستن و ڕێنیشاندانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستان بە گومان بوون، کە داوای “ئارامی”یان لە جەماوەری ڕاپەڕیو کرد.
سەبارەت بە هەڵسوکەوتی حیزبە چەپە ڕادیکاڵەکانیش، ئەو مامۆستایەی زانکۆی ساسێکس دەستنیشانی دەکات کە ئەمانە “تووشی هەڵەی لە جۆرێکی دیکە بوون”.
ـ پارتە چەپەکان بەڵام تووشی هەڵەیەک لە جۆرێکی دیکە بوون. ئەوان توانستی گونجاندنی دیسکۆڕس و سیاسەتی خۆیان لەگەڵ سروشتی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادیدا نەبوو، بەهۆی ئەوەی دینامیزمی چەندلایەنەی ئەم بزووتنەوە ژن ـ تەوەرە و خەباتیان لە دژی هێرارشی جێندەری، لە ڕوانگەی مارکسیزمی کلاسیکی ئەوانەوە لەسەر بنەمای چینایەتی بینا نەکراوە. دەکرێت تا ڕادەیەک ئەم کێشەیە لەگەڵ هەڵسوکەوتی کۆمەڵە ـ سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ببینرێت؛ کامڕان مەتین وای گوت و ڕوونیشی کردەوە کە بە سەرنجدان بە لێکترازانی ئەوکاتی ناو ئەو ڕەوتە، وێدەچێ کۆمەڵە لە داکۆکیکردن لە پرسی کورد و مافی چارەی خۆنووسین ـیش دەستاودەستی کردبێ، تا نەوەکا تۆمەتی ناسیۆنالیستبوونی لێ بدرێت و ئەمەش شەرعیەت بەو ڕەوتە بدات کە لێی جیابوویەوە.
لە سەرەتاکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا گەلێک لە چاودێران ڕەخنەیان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەوە بوو کە توانایی ڕێبەریکردنی شۆڕشەکەیان لە خۆیان پیشان نەدا. لێکبڵاویی سیاسی و نەبوونی ستراتیژیی ڕێکخستن و ڕێبەریکردن لەو ڕەخنانە بوون کە لە حیزبەکان دەگیران.
یەکێک لەو حیزبانەی کە زۆر کەمتر لە چاوەڕوانییەکان توانی هێزی سیاسی و مەعنەویی خۆی بخاتە خزمەت شۆڕشەکەوە، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک” بوو. ئەو پارتە، کە بە هاوڕێبازی پارتی کرێکارانی کوردستان دەناسرێ، چاوەڕوان دەکرا ڕۆڵێکی سەرەکیتر بگێڕێ لە سەرهەڵدانێکی شٶڕشگێڕانەدا لەسەر بنەمای ژن ژیان ئازادی ـ کە ئاخێزگەکەی بەستێنی مێژوویی تێکۆشانی سیاسیی پ.ک.ک و شۆڕشی ڕۆژاڤایە.
پژاک، بەگوتەی دوکتۆر کامڕان مەتین “لە مانگەکانی یەکەم و زۆر گرینگی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادیدا، لە بەستێنەکانی سیاسی و گوتاریدا، بە ڕێژەیەکی کەم لە مەیدانەکەدا بینرا.”
ـ لایەنگرانی ئەو هێزە نادەروەستیی پژاک بە چالاکیی نهێنیی کادرەکانی ئەو حیزبە پاساو دەدەن کە زەحمەت بتوانین قبووڵی بکەین. بەڵام لەوانەیە سیاسەتی “بە ـ پلەی ـ یەکەم ـ باکوور”ی پ.ک.ک و هێزەکانی نزیک لەوان وەڵامی ئەم بەشدارییە کەمڕەنگە بێت. هەرچۆنێک بێت لێوردبوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە هەمووی ئەم هەڵوێستانە، لە ئاراستەی دەورەکانی داهاتووی ئەم سەرهەڵدانە، کە بە ئەگەری زۆر درێژەی دەبێ، زۆر گرینگە.
ئێستا کە لە نزیک بە ساڵێك بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێ، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر بەڵام لێک بڵاو و ڕێکنەخراو، درێژەیان هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە چالاکییەکانی ئەحزابی سیاسیی ڕۆژهەڵات، لە قاڵبی هەندێ کۆڕ و کۆبوونەوەی سیاسیدا چڕکراوەتەوە، بەڵام هەوڵی ناوەندە سیخوڕی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر ئەو حیزبانە، مەیدانی چالاکییەکانی بەرتەسکتر کردۆتەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی کار و چالاکییەکانی ئێستای حیزب و ڕێکخراوەکان، بە تایبەت بە وەبەرچاوگرتنی ئەو ڕەخنانە کە کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان و ڕۆشنبیران لێیانی گرتووە، یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکانی ئەم قۆناغەی شۆڕشەکە بێت.
بەڵام کامڕان مەتین پێی وایە کە “لەمە گرینگتر، ڕێککەوتنی هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانە، نە تەنیا چەند حیزبی تایبەت، لەسەر بەرنامەیەکی لانیکەم بۆ داخوازییە سیاسییەکانی کورد، دۆزینەوەی میکانیزمی وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بەو داخوازیانە، و پەیمان دانیانە بەوەی لە کێشە ناوخۆیئیەکانیاندا دەست بۆ توندوتیژی نەبەن”.
یەکێکی تر لەو هەنگاوانەی ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی ناونەتەوەیی ئاماژەی پێدەکا هەوڵدانە بۆ دەستەبەرکردنی پشتیوانیی ناونەتەوەیی بۆ داخوازەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام وەک ئەو دەڵێ “ئەمە بەهیچ جۆرێک نابێ لەسەر حیسابی تێکۆشانی ستراتیژیک بۆ ڕێکخستن و بە ڕێکخراوبوون لە ئێران وکوردستان بکرێت. لە نەبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی ـ سیاسیدا لە ناوخۆ، پشتیوانی و هاوپەیمانیی ناونەتەوەیی بۆ ئەحزاب، هیچ چەشنە سوودێک بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و بە خودی ئەو حیزبانەش ناگەیەنێ.”
لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلانی ئێراندا، هەرچەند کوردستان یەکێک لە ئاخێزگەکانی ناڕەزایەتی بە دژی ستەمی نەتەوایەتی بووبێت، بەڵام تەنیا دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەکردەوە بوو بە پێشڕەوی ئەو خەباتە. ئەمەش، بە گوتەی زۆرێک لە چاودێران، دەرفەتێکی زێڕینی خوڵقاندووە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کە مۆری خۆی لە خەباتی سەرانسەریی ئێران بدات، بەڵام ئەمە لە بەستێنی سیاسی ـ گوتاریدا نە تەنیا پێکنەهاتووە، بەڵکوو بەهۆی نالێکیی سیاسی و نەبوونی هاوئاهەنگیی پێویست لە نیوان ئەحزاب لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی ناوەندگەلی فکری، هەندێ هێز و لایەنی ناوەندگەرا دەرفەتەکانیان لە سوودی سیاسەتی خۆیاندا کەڵک لێ وەرگرتووە.
بۆ ئەوەی بزووتنەوەی دێموکراتیکی کوردستان بتوانێ ڕۆڵێکی سیاسیی هێژمۆنیک لە سەرانسەری ئێراندا بگێڕێ، وەک دوکتۆر کامڕان مەتین دەڵێ “پێویستە گوتار و ستراتیژییەکی سیاسیی نوێ بێتە کایەوە کە بتوانێ، بێ ئەوەی دەست لە داخوازییە نەتەوەیی ـ دێموکراتیکەکانی کوردەکان شل بکات، بتوانێ لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسیی پێشڕەو و ڕادیکاڵی دێموکراتیک و بەربڵاوتردا بیانگونجێنێ و هەوڵ بۆ دەستەبەربوونیان بدات، بەرنامەیەک کە بۆ هەموو گرووپ و چینە کۆمەڵایەتی، کولتووری، زمانی و نەتەوەییەکانی گەلانی ستەملێکراو سەرنجڕاکێش بێت و بتوانێت ئاوات و ئامانجەکانی ئەوانیش بگرێتە خۆی. چاوخشاندنێکی ڕەخنەگرانە بە هەڵسوکەوت و ستراتیژیی “پارتی دێموکراتیکی گەلان ـ هەدەپە” لە تورکیا لەم پێوەندییەدا دەکرێ ڕێنیشاندەر بێت”.