جەلیل گادانی

وێنەی جەلیل گادانی

لەم وتووێژەدا کە ساڵی ٢٠١٤ بۆ “گۆڤاری ئەلەکترۆنیی ڕێنێسانس” ئەنجام دراوە، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی حیتزبی دێموکرات جەلیل گادانی، باس لە قوتابخانەکانی کۆمەڵەی ژێکاف و ئەو گۆڤار و بڵاوکراوانە دەکات کە لەو قوتابخانانەدا بۆ خوێندکاران دەخوێندرانەوە. ناوبراو وێڕای باس لە هەلومەرجی سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان، باسیش لە ڕۆڵی “هەندێ سەرۆک عەشیرەت” دەکات کە وەک ئەو دەڵێ لەلایەن ڕژیمەوە پۆست و مەقامیان پێدراوە بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەمانە “لەناو خەڵکدا مەقبووڵ و خۆشەویست نەبوون، خەڵک بە قسەی نەدەکردن و زۆر جار بێحورمەتیشیان پێدەکرا”.

 

ناوبراو لەم وتووێژەدا هەروەها ڕەخنە ئاراستەی “بیری تەنگنەزەرانە”ی کۆمەڵەی ژێکاف دەکا کە وەک ئەو دەڵێ “باسی مافی میلیەتەکانی دیکە لە کوردستانی نەدەکرد، کە لە فەزای دێموکراسی دوور بوون و کوردایەتییەکی تەنگەنەزانەیان دەکرد” بەڵام نایشارێتەوە کە کۆمەڵەی ژێکافیش زەمینەسازی پێکهاتنی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان بووە.”

جەلیل گادانی، یەکێک لە خوێندکارانی “قوتابخانەی کوردی”ی سەردەمی ژێکاف و دواتر، لە ئەندامە دیارەکانی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

ئا: کەریم مەرەسەنە

ڕێنێسانس: تۆ یەکێک لەو کەسانەی کە لەسەردەمی کۆمەڵەی ژێکافدا نەوجەوانێک بووی، کە بەهۆی بنەماڵەکەتانەوە تا ڕادەیەک لە کار و چالاکییە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف ئاگادار بووی. گۆیا یەکەم مەدرەسەی کوردیی شەوانە لەماڵی ئێوەدا دامەزراوە و ئەوەش یەکێک بووە لە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵە. تا چەند لەو بابەتە ئاگاداری؟ دامەزرێنەرەکانی ئەو مەدرەسەیە و مامۆستاکانی کێ بوون؟

جەلیل گادانی: بەڵێ ژێکاف وێڕای چالاکیی سیاسی، چالاکیی فەرهەنگیشیان هەبوو. ژێکاف ئەوکاتی لە خانووە گەورەکەی ئێمەدا کە لە گەڕەکی قوڵە قەبران و بنبەستی ئەیوبی هەڵکەوتبوو، مەدرەسەیەکی شەوانەیان کردەوە کە لەوێدا دەرسی کوردییان پێ دەگوتین. سەرەتا ئێمە بە ڕۆژانە دەچووینە مەدرەسەی فارسی و ئێوارانیش دەچووینە ئەو قوتابخانەی. ئێمە لە ماوەی سێ چوار مانگاندا فێری خوێندن و نووسینی زمانی کوردییان کردین. قوتابخانەکە دوو دەورە بوو و ئەمن کە قوتابیی دەورەی دووهەم بووم، ناوی قوتابیانی هەردوو دەورەکە لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆماردا چاپ بووە ـ هەڵبەت دوای ئەوەی کە کوردستان دەستی بە وەشان کردبوو، وتووێژیان لەگەڵ بەرپرسی مەدرەسەکە کردبوو و لە ڕاپۆرتێکدا ئەو زانیارییانەیان بڵاوکردۆتەوە. ئەوەندەی لەبیرم مابێ ناوی مەدرەسەکەمان “گەلاوێژ” بوو، بەڵام سەید عوبەیدوڵای ئەیوبیان نێوێکی دیکەی لێناوە کە ئێستا دەقیقی لەبیرم نییە. ئەو مەدرەسەیە دواتر لە سەردەمی کۆماردا بوو بە ڕۆژانە و بەشی زۆری ئەوانەی قوتابیی شەوانە بوون چوونە ئەوێ. هەر لەو سەردەمیدا مەدرەسەیەکی شەوانەی کوردیی دیکە لە گەڕەکی هەرمەنیان هەبوو کە ناوی “ئازادی” بوو، ئەویش بۆ کوڕ و کچەکانی خەڵکی ئەو گەڕەکەی بوو. دامەزرێنەری مەکتەبەکەی گەڕەکی ئێمە خاڵە مەلای داوودی بوو کە لە دامەزرێنەرانی “کۆمەڵەی ژێکاف”یشە. مامۆستاکانیشمان مەلا عەبدوڵای داوودی بۆخۆی و سەعیدی داوودی و عوسمان دانێش تازە هاتبووە مەهاباد، محەمەد تۆفیق وردی بوو و جار جار نووری ئەحمەد تەهاش دەهات دەرسی پێ دەگوتینەوە. قوتابییەکانی دەورەی یەکەمیش کە هێندێکیان ژن و منداڵیشیان هەبوو، دوای تەواو کردنی دەورەکە ببوونە یاریدەدری مامۆستاکان و لە مەدرەسەکان دەرسیان دەگوتەوە. لە ناو ئەواندا دەتوانم ناوی ئەوانە بێنم: سەید محێدینی نیزامی، مەحموودی خاتەمی، حەسەنی حەسەنپوور یان حەسەنزادە، محەمەدی داوودی کە کوڕی خاڵە مەلای بوو، هاقشمی مووسازادە کە بۆخۆی کارمەندی ئیدارەیەک بوو، عەلی فەرهادی، شێخ عوبەیدولای ئەیوبیان، ئەوانە بوونە مامۆستا و هاوکاریی برادەرانیان دەکرد کە تەخەسوسیان کوردی گوتنەوە نەبوو بەڵام باش فێر ببوون و دەرسیان دەگوتەوە.

بێگومان ئەتۆش لەو مەدرسەدا دەرست خوێندووە، چییان پێدەگوتن؟ ئەو کتێب و نووسراوانەی دەرستان لە ڕوو دەخوێندن چ بوون؟

جەلیل گادانی: دەرسەکانمان زیاتر لە ڕووی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانە بوو کە لە کوردستانی عێراق [باشووری کوردستان] چاپ ببوون و دەهاتن، لەوانە گۆڤاری گەلاوێژم لەبیرە کە یەکەم گۆڤاریشە ئەمن بە کوردی دیتوومە. دەرسەکانمان زیاتر بە یارمەتیوەرگرتن لە قەڵەم و کاغەز و تەختەڕەش دەخوێند، دەنا کتێبی چاپکراومان نەبوو. زۆر جار گۆڤاری نیشتیمانیشیان بۆ دێناین کە ئۆرگانی کۆمەڵەی ژێکاف بوو و ئەوکاتی لە تەورێزێ چاپ دەکرا. 

وا هەبووە کە لە دانیشتنی شەوانی ماڵی ئێوەدا یانیش لەو مەدرەسەدا کە دامەزرابوو باسی گۆڤاری “نیشتیمان” کرابێ یانیش خوێنرابێتەوە؟

جەلیل گادانی: بەڵێ گۆڤاری نیشتیمانمان نەک هەر دەدیت، بەڵکوو هێندێک شێعریشیان پێ لەبەر دەکردین کە لە گۆڤارەکەدا چاپ کرابوون. دواتر هێندێک لە دەقەکانی گۆڤاری نیشتیمانیشیان وەک وانە بۆ دەخوێندینەوە و لە هێندێک لەو دەقانە ئیستیفادەمان دەکرد بۆ سازکردنی شانۆ و ئەو جۆرە چالاکییانە.

هێندێک شایەدحاڵ گێڕاویانەتەوە کە گۆڤاری “نیشتیمان” لەناو خەڵکدا زۆر پێشوازیی لێکراوە و زۆر کەس ئامادە بوون بە پارەی چەند قات زیاتر لە قیمەتی خۆی بیکڕن. ئێوە لەو بارەوە چیتان لەبیرە؟

جەلیل گادانی: بەڵێ، چوونکا گۆڤارەکە نۆبەرەی گۆڤاری کوردی بوو کە لەلایەن ژێکافەوە چاپ دەبوو، مەتڵەبەکانیشی لە ناخی دڵی خەڵک هەستابوو، زۆر جاران دەبوونە مەوزووعی نەک هەر شەونشینی، بەڵکوو مەوزووعی ناو کووچە و کۆڵان و قاوەخانەکانیش و خەڵک شێعرەکانیان لەبەر دەکردن. وەک گوتم قوتابییەکان کەڵکمان لە هێندێک دەق وەردەگرت و لەنێو خۆماندا شانۆمان لێ ساز دەکرد و ئیجڕامان دەکرد.

 

لەو ساڵانەدا ئەرتەشی شاهەنشاهی لە موکریان دەستەڵاتی نەمابوو، وەک ئەمن لە هێندێک سەرچاوە خوێندوومەتەوە، کۆمەڵەی ژێکاف بە جۆرێک لە جۆرەکان شاری بەڕێوە بردووە، کار و باری خەڵکی ڕێک خستووە و “قۆڵسوور”ی هەبووە بۆ ئاسایشی ناوشار. شتێکتان لەو بارەوە لەبیر ماوە؟ کۆمەڵە ئەو کارانەی چۆن ڕێک دەخست؟

جەلیل گادانی: تەواو وایە، ژێکاف بۆ ئەمنیەت و ئاسایشی شارەکە، لە زۆربەی گەرەکانی شار لە هێزی خەڵک کەڵکی وەردەگرت و لە هەر یەک لەو گەڕەکانە بنکەیەکی چکۆڵەی بۆ پشوودان و کۆبوونەوەی قۆڵسوورەکانی گەڕەک دروست کردبوو. هەروەها لە گەنجان و پیاوانی گەڕەکیش بۆ هاوکاریی قۆڵسوورەکان کەڵک وەردەگیرا. زۆربەی هەرە زۆریشیان بە چەکی خۆیان ئەو ئەرکەیان بەڕێوە دەبرد، هەرچەند چەک کەم بوو بەڵام ئەوەی هەبوو هەر ئی خەڵکەکە بوو و ژێکاف چەکی نەبوو بیدا بە خەڵک.

کۆمەڵەی ژێکاف چ کارێکی دیکەی دەکرد لەو سەردەمیدا؟ بۆ نموونە داخوا لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، یانیش ڕێکخستنی کاروباری بازاڕدا ڕۆڵی هەبوو؟

جەلیل گادانی: کۆمەڵە زیاتر بۆ ئیجادی ڕووحی کوردایەتی و برایەتی هەوڵی دەدا، لە بواری قەزایی و ئیجرایی کاری نەدەکرد، مەگەر هەر ئەوە کرابا کە کەسێک ئەگەر لاڕێ ڕۆیشتبا یان بە دژی کوردایەتی قسەی کردبا بانگیان دکرد و ئامۆژگارییان دەکرد. بۆ نموونە ئێمە جەوان و نەوجەوانەکان لە گەڕەکی خۆمان شانۆی دایکی نیشتیمانمان دووبارە پێشەکەش کردبۆوە، بۆ سبەینەکەی کە چووینەوە مەدرەسەی ڕۆژانە بانگیان کردین و دارکاری و فەلاقەیان کردین، بەڵام ئێوارێ کە مامۆستاکانی کوردیمان ئەوەیان زانی، لە ڕێگەی بنکەی قۆڵسوورەکانەوە هەموو مامۆستاکانی مەدرەسەی ڕۆژانەیان بانگ کرد و ئیختاریان پێکردن کە جارێکی دیکە ئەو کارە دووبارە نەبەێتەوە.

هەر کاتێکیش دەنگۆی هێرشی عەشیرەتەکان بۆ سەر شار بڵاو دەبۆوە، [کۆمەڵەی ژێکاف] پەیامیان بە خەڵک دەدا کە ئامادەی دیفاع بن، بەڵام دەستیان لە کاروباری بازاڕ و کاری قەزایی و ئەوانە نەدەدا ـ چوونکا ڕاستە کە هێزی ئینتیزامی نەمابوو، بەڵام ئیدارەکان کاری خۆیان هەر دەکرد.

ڕێنێسانس: باشە ئەدی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکان کێ جێبەجێی دەکردن، بازاڕ و ئەو شتانە چۆن کۆنتڕۆڵ دەکرا؟

جەلیل گادانی: لە ڕاستیدا ئیدارەکان، وەک گوتم، کاری خۆیان دەکرد و پەیوەندییان لەگەڵ ناوەندی ئوستان [پارێزگە] هەبوو، ئەگەر لە جێگایەکیش ئەو دەرفەتە نەبا و کارەکان ڕاوەستابان، خەڵک دادەنیشتن بە شێوەی سوننەتی و مەسڵەحەتی عەشیرەتی ناکۆکییەکانیان چارەسەر دەکرد.

مابەینی پیاوانی ئایینی شار و سەرۆک عەشیرەتەکان، لەگەڵ ئەندام و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵە چۆن بوو؟ ئەوەندەی لەبیرت مابێ لەناو خەڵکدا چۆن باسی ئەو مەسەلانە دەکرا؟

جەلیل گادانی: هەندێک لە عەشیرەتەکانیش حەزیان لە کوردایەتی هەبوو و بەشێکیشیان ببوونە ئەندامی ژێکاف، کەسانێکیش هەبوون ـ وەک قەرەنیاغای مامەش و عەلیاغای حاجی ئیلخانی ـ کە لە لایەن حکوومەتی تاران و ورمێوە پۆستی فەرماندار و ئەو شتانەیان پێدرابوو، بەڵام لەناو خەڵکدا مەقبووڵ و خۆشەویست نەبوون، خەڵک بە قسەی نەدەکردن و زۆر جار بێحورمەتیشیان پێدەکرا. هەتا نموونەی ئەوەش هەیە کە لە شار وەدەر نراون. جار جار دەنگۆش پەیدا دەبوو کە عەشیرەت هێرش دەکەن، بەلام هیچکات لەو سەروبەندیدا هێرش نەکرا.

وەک دەزانین کۆمەڵەی ژێکاف دواتر لەژێر زەختی ئەو هێزانەدا کە ئەوکات ناوچەکەیان داگیرکردبوو هەڵوەشێنرا و لەجیاتان حیزبی دێموکرات دروستکرا. گوتاری مێژوویی حیزبی دێموکرات ئەوە بووە کە ڕێبەرایەتیی کۆمەڵە، لە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ژێکافدا بەشدار بوونە و حیزبی دێموکراتیش لە درێژەی کار و خەباتی ژێکافدا دامەزراوە. بەڵام هەندێ بەڵگە ئەوە نیشان دەدەن کە لەکاتی هەڵوەشانەوەی ژێکافدا، بەشێک لە سەرکردایەتیی ئەو ڕێکخراوە لە زیندان بووە و لە ڕاستیدا ژێکاف بە ویستی خۆی نا، بەڵکوو بە ویستی کەسانی دیکە هەڵوەشێنراوەتەوە! بۆچوونی جەنابت لەو بارەوە چۆنە؟

جەلیل گادانی: باوەڕی من وا نییە کۆمەڵەی ژێکاف لەژێر زەختی خەڵکدا بووبێتە حیزبی دێموکرات، بەڵکوو نیشانەی وریایی خەڵک و بەتایبەتی هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی سیاسیی ئەوکاتیدا بوو کە ئەندامانی کارامەی ژێکاف ـ بە تایبەتی پێشەوا قازی، بێگومان لێکدانەوەی قووڵیان لەسەر ئەوزاع و ئەحواڵی سیاسی هەبووە ـ ژێکاف بووە بە حیزبی دێموکرات. ڕاستە ئەودەمی چەند کەسێک لە مەئموریەتێکدا گیرابوون و چەند مانگێک لە ورمێ و تاران بەند کرابوون، ئەوانە مەئموریەتیان هەبووە کە نامە و شت بەرن بۆ ورمێ و لەگەڵ مەقاماتی ئەوێ و عەشیرەتەکان قسە بکەن، بەڵام پێش ئەوە لە نێوان ڕێبەریی ژێکافدا مەسەلەی گۆڕانی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکرات وەک باسێک خراوەتە بەر باس و پاش باسێکی زۆری سێ ـ چوار مانگە دێنە سەر ئەو باوەڕە ژێکاف بگۆڕن و بیکەنە حیزبی دێموکراتی کوردستان. ڕێبەرایەتیی کۆمەڵەی ژێکاف خۆ هەر ئەو سێ کەسە نەبوون، بەڵکوو زۆر پیاوی دیکەی ساڵح و تێگەیشتووی سیاسیی دیکەشیان لەگەڵ بووە کە هەموویان ئەم ئاڵوگۆڕەیان لا پەسەند بووە. ئەوانەی یەکەم بەیانیەی ئێعلامی هەشت مادەیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان لە ١/٨/١٣٢٤ی هەتاویدا ئیمزا کردووە و مەوجودیەتی حیزبی دێموکراتیان ڕاگەیاندووە و ڕۆژی دواتریش کە کۆنگرە گیراوە تێیدا بەشدار بوون، لە پیاوە سیاسی و ماقووڵەکانی ئەو سەردەم بوون. بۆیە دەڵێم حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای ژێکاف دامەزراوە، بەڵام بە بەرنامەیەکی گونجاوتر و پێشکەوتووتر بۆ ئەودەم.

ڕێنێسانس: جەنابت باسی ئەوەت کرد کە بەڵگەنامەیەکی هەشت مادەیی هەیە کە ئەوکاتی لە دامەزرانی حیزبدا ئیمزا کراوە. گەلۆ ئەو بەڵگەنامەیە لە دەستدا هەیە، لە کوێ دەست دەکەوێ کە ئێمەش بتوانین بیبینین؟

جەلیل گادانی: بەڵێ بەڵێ هەیە، ئەمن لە کتێبی “پەنجا ساڵ خەبات”دا چاپم کردۆتەوە. کاک نەوشیروانیش لە کتێبەکەیدا چاپی کردووە و وابزانم کەسانی دیکەش چاپیان کردۆتەوە. کاتی خۆی، چەند ساڵ دواتر کە خەریکی دامەزراندنەوەی حیزب دەبن ئەو بەرنامەی هەشت مادەییەیان وەدەست کەوتبوو ـ بیستویەک مادەکەیان نەدیتبۆوە ـ کاک کەماڵ فوادیش کە لەم نزیکانەدا فەوتی کرد، کاتی خۆی بە دیواری کتێبخانەی پێشەواوە ئەو بەڵگەنامەیەی دیتووە کە ئیمزا و تاریخیشی لەسەر بووە.

ڕێنێسانس: ئەوەش هەیە کە زۆربەی ئەندامانی پلەبەرزی کۆمەڵەی ژێکاف لە مهاباد، دوای ئەوەی کۆمەڵە هەڵوەشا، نەک هەر نەهاتنە ناو حیزبی تازە دامەزراو بەڵکوو هێندێکیان هەر بە تەواوی لە سیاسەت دوور کەوتنەوە. ئەو شتە لەناو ئەندامانی ژێکاف لە شارەکانی دیکەشدا دەبینرێ ـ بۆ نموونە لە کرماشان، تەنیا دوو کەس لە ئەندامانی ژێکاف هاتنە ناو کۆمار و باقییەکەی یان لە سیاسەت دوور کەوتنەوە یانیش بە جودا درێژەیان بە کاری فەرهەنگیی خۆیان دا.  

جەلیل گادانی: نەخێر، ئەوەش وا نییە، لە هەموو شارەکان بەشی هەرە زۆری بەرپرس و ئەندامانی ژێکاف بوونە ئەندامی حیزبی دێموکرات و لە کۆماری کوردستانیشدا بەرپرسایەتییان هەبووە. کرماشانت بۆ نموونە باس کردووە و دەڵێی دوو کەس لەوێوە هاتوون، ڕاستە، بەداخەوە لە کرماشان و شوێنەکانی دیکەی جنووب [باشووری ڕۆژهەڵات] نە حیزبی دێموکرات و نە حیزبەکانی دیکەش نەیانتوانیوە ئەو جۆرەی کە پێویستە پایەگای سیاسیی زۆر قورس و قایمیان هەبێ و کوردایەتی وەک موکریان و شوێنەکانی دیکە قەوی بێ. بۆیە لەوێش کۆمەڵەی ژێکاف زەعیف بووە، ڕەنگە هەندێک ئەندامی مەحدوودی هەبووبێ. ئەو دوو کەسەش ئاغای مودەبیر و ئاغای نادری کە هاتوون لەوێ [کۆمار] چالاک بوون. نادری موشاویری پێشەوا بووە و دوای قاسمی ئیلخانیزادەش بوو بە ڕەییسی فەرهەنگی کوردستان. ئەوەی ئەمن بزانم تەنیا عەزیزی زەندی خەڵکی مەهابادێ کە دەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕە نەگونجا و ماڵی چووە تەورێزێ و لەوێشەوە چووە تارانێ و تا ئاخری عومریشی هەر لەوێ بوو و قەتیش کاری سیاسیی نەکردەوە. باقیی کەسانی سەرشناس هەموویان چالاک بوون و لە کۆماری کوردستاندا بەرپرسایەتییان هەبووە. جا هەر کەس بەپێی زانیاری و بەپێی ئیتلاع و زانست و ئیمکانات و لێهاتوویی خۆی.

ڕێنێسانس: بەڵام لێکۆڵینەوەیەک هەیە کە لە ژمارەی ٨ و ٩ و ١٠ی گۆڤاری ڕۆژەڤدا بلاو بۆتەوە و دەڵێ ژێکاف لە مەهاباد ١٢ ئەندامی هەبووە ـ چوار شانەیان هەبووە کە دەزانین شانەکان ئەوکاتی سێ کەسی بوون. هەر ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەوەش نیشان دەدا کە ئەوانەی کە نەهاتوونە ناو حیزبی دێموکرات، دوو کەسیان بە یەکجاری وازیان لە سیاسەت هێناوە و هەشتیشیان درێژەیان بە کۆبوونەوە ئاساییەکانی خۆیان داوە کە تێیدا گۆڤاری گەلاوێژ و ئەوانە خوێندراوەتەوە …

جەلیل گادانی: ئەو ئەگەرە هەیە، خۆ ئەمن ناڵێم هەموو کەس ڕازی بووە، ڕەنگە ناڕازیش هەبووبن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو کەسایەتییانەی هاتوونە ناو حیزب و کۆمار و لە ڕۆژنامەی کوردستاندا ناویان هەیە و نووسەر بوون و بەرپرسیارەتیی حیزبییان هەبووە ـ چ لە هێزی پێشمەرگەدا چ لە بەشەکانی دیکەی ئیداری و ئەوانەدا، بەشی هەرە زۆریان کەسانێک بوون کە لە کۆمەڵەی ژێکافدا چالاک بوون. ئەوانەی بۆکان، شنۆ و نەغەدە و ئەو شارانەی دیکە پێیان وا نەبووە کە حیزبیان بەسەردا تەحمیل کراوە، بەڵکوو پێیان وابووە کە هەلومەرجەکە ئەوە هەڵدەگرێ کە خۆیان دەگەڵی ئەو وەزعە نوێیە تەدبیق بدەن. هەرچەند بەداخەوە ئەوان پێیان وابوو کە ئەو کۆمارە دەردەگرێ و درێژخایەن دەبێ، چوونکا ئەگەر چاو لە نوتقی پێشەوا دەکەی لە ڕۆژنامەی کوردستاندا، هەروەها نێوی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دانراوە لەسەر ئەو ئەساسەیە کە شتەکە پەرە بستێنێ و کوردستانی گەورە دامەزرێ، هەر بۆیەش نوێنەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆمار و دواتریش لە هێندێک مەسائیلی دیکەدا بەشدار بوون.

ڕێنێسانس: بەڵام پرۆفسۆر ئەمیری حەسەنپوور پێی وایە بەرنامەی حیزبی دێموکرات، بە بەراورد دەگەڵ ئەوەی ژێکاف، هەنگاوێک بووە بۆ دواوە و ئەوەی ژێکاف مۆدێڕنتر بووە لەوەی کە دواتر حیزبی دێموکراتی لەسەر دامەزراوە. کاک ئەمیر دەڵێ “ح. د. ک وەلانانی پڕۆژەی کوردستانی گەورە و سەربەخۆیی گەڵاڵە کردبوو… کوردستانی گەورەی کۆمەڵەی ‘ژ. ک’ی بە قەد موکریان تەسک کردەوە و سەربەخۆیی لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی ترنجاند” (پێشەکیی کتێبی “ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی”، لاپەڕە ٢٢)

جەلیل گادانی: نا، کۆمەڵەی ژێکاف دوایی لە عێراقێ بوو بە پارتی دێموکرات، هەر وەک چۆن لە ئێرانێ بوو بە حیزبی دێموکرات. لە راستیدا هەر لە نەتیجەی پێشنیاری حیزبی دێموکراتدا بووە کە لە عێراقیش پارتی دێموکرات دادەمەزرێ. هەر ئەو کەسانەی کە لەوێ [لە باشووری کوردستان] ژێکاف بوون ئەو حیزبەیان دامەزراند. چوونکا فەزاکەی ئەو زەمانی ـ هەر وەکوو تا ئێستاش بە کردەوە دەردەکەوێ ـ ئەوە نەبووە کە تۆ زۆر بە ڕاحەتی بتوانی خۆت لەگەڵ سیاسەتی نێونەتەوەیی تەدبیق بدەی و هەموو دونیا تەئیدت بکا تا ئەتۆ کوردستانی گەورە دروست بکەی. ئێمە ئێستا پاش ٦٩ ساڵانیش شتێکمان بۆ نەکراوە کە نزیک ببینەوە لە قۆناغی سەربەخۆیی و تێکەڵکردنەوەی کوردستانەکان. بۆیە ئەودەمی، لە روانگەی نێونەتەوەییەوە ـ بە تایبەت کە ئەودەمی هاوپەیمانان هەر لە کۆنفڕانسی تارانێدا قەراریان داوە کە شەش مانگ دواتر ئێرانێ چۆڵ کەن و  هەر واش بوو، هەرچەند ڕووسەکان زیاتر مانەوە بەڵکوو بتوانن کارێکی بکەن، بەڵام ئەوانیش سەرئەنجام لە بەرامبەر سیاسەتی ئەمریکایەدا نەیانتوانی زۆر زیاتر بمێننەوە. چوونکا ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی هەبوو و تازەش لە هێرۆشیما و ناکازاکی بەکاری هێنابوو، دەنا خۆ سۆڤیەت نەیدەویست چۆڵی کا و بڕوا. بەڵام لەژێر فشا ر و هەڕەشەی ئەمریکا و بریتانیا ناچار بوو چۆڵی بکات. کەوابوو بارودۆخی نێونەتەوەیی بەهیچ شێوەیەک گونجاو نەبوو کە هەق و حقووقی کوردان دیاری بکرێ. ئەوە ئێستایە کە دەبینی هەموو ئەوانەی کە ساڵان و جاران دوژمنی میللەتی کورد بوون، پێویستیان بە کورد هەیە و کورد دەبێ شەڕیان بۆ بکا و تەئیدی کورد دەکەن.

ڕێنێسانس: ئایا ئەو قسەی جەنابیشت هەر بۆچوونەکەی کاک ئەمیر حەسەنپوور ناسەلمێنێ؟ یانی حیزبی دێموکرات ـ بەپێی هەلومەرجی ئەوکاتی کوردستانی سەربەخۆی بە گونجاو نەزانیوە. وەک بڵێی جەنابیشت دەتەوێ هەر عەینی ئەو شتە بڵێی بەڵام بە زمانێکی دیکە.

جەلیل گادانی: بە باوەڕی من نەکشاوەتەوە دوایە، بەڵام دوایە تووشی بنبەست بووە. دەنا لە سەرەتاوە تۆ لە نێوەڕاستی وڵاتێکی پاشایەتیدا دێی کۆماری دێموکراتی کوردستان ئیعلام دەکەی یانی حکوومەتی ناوەندیت قبووڵ نییە. پاشان، ئەو کارانەی کە کۆمار کردوویەتی ـ لە بواری پەیوەندیی نێونەتەوەییەوە و دروستکردنی ئیتیفاق لەگەڵ ئازەربایجانی سۆڤیەتی و ئازەربایجانی ئێرانێ و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و … هەموو نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان ویستوویانە بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن. نوتقی پێشەوا قازیش لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماردا بۆخۆی نیشان دەدا کە مەبەستی پێشەوا تەنیا ئەو چوارچێوەیە نییە کە لە ئێرانێدا بەرتەسکی کاتەوە ـ چوونکا باسی مێژووی کوردستانیش دەکا، باسی شۆڕشەکانی کوردستانی دەکا، زەمانی میرموکرییەوە، باسی شێخ سەعید و شێخ مەحموود و ئەوانە دەکا. هەمووی ئەوانە نیشانەی ئەوەیە کە ئامانج ئەوە بووە کە بناخەیەک دروست بێ تا دواتر بەشەکانی دیکەی کوردستانیشی بخرێتە سەر، بەلام ئیدی هەلومەرجی ئەوکاتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و فشاری هاوپەیمانان بۆ سۆڤیەت لەسەر کوردستان و ئازەربایجان و هەتا هەڕەشەکردن بە لێدانی ئەتۆمی و فڵان و ئەوانە، هەموویان مەسەلەیەکن کە زۆر هاسان نەبوو چارەسەریان بکەی. بەڵام بە باوەڕی من دەرفەتێکی مێژوویی بووە کە هەڵکەوتووە و ئەوانیش بە باشتریش شێوەی مومکین لەو سەردەمیدا کەڵکیان لێ وەرگرتووە. لە حاڵێکدا ئەگەر کۆمەڵەی ژێکاف بایە ئەوەشمان وە چنگ نەدەکەوت. بێجگە لەوەش، ئەمن نیشانەیەک لە پێشەکەوتوویی زۆری کۆمەڵەی ژێکاف نابینم، ڕاستە ڕەنگە ئیدعاکەیان کوردستانی بووبێ، بەڵام تۆ تەماشا کە لەبواری مەزهەبییەوە هەموو ژمارەکانی نیشتیمان بە ئایەتێکی قوڕئانێ دەست پێدەکا، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سەرەڕای دونیای پێشەکەتووی ئەودەمی ڕەنگی مەزهەبییان نیشان داوە. بێجگە لەوەش قەت باسی مافی میلیەتەکانی دیکە لە کوردستانی هەر ناکا، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە لە فەزای دێموکراسی دوور بوون و کوردایەتییەکی تەنگەنەزانەیان کردووە. لە حاڵێکیدا ئەودەمی هەر لە شاری مەهابادێ چل ـ پەنجا ماڵی ئەرمەنی لێبووە، نزیکەی سەد ماڵی کەلیمی لێبووە کە دوای کۆمار مەدرەسەیان بۆ دادەنرێ، هێندێکیان هەتا ئازاد کراون بۆخۆیان بە مەیلی خۆیان چوونەوە ئەرمەنستانی سۆڤیەت.

ڕێنێسانس: بەڵام ئەوەش هەیە کە ڕێبەرایەتیی ژێکاف هەموویان کەسی خوێندەوار بوون و لە بەرنامەکەشیاندا ئەوەیان گونجاندبوو کە مەلا و شێخ و ئاغا نابێ ببنە سەرۆکی کۆمەڵە. دوای ئەوە پێشەوا قازی کە هەم سەرۆکی حیزب و هەمیش سەرۆکی کۆمار بووە هەر کەسایەتییەکی ئایینییە و ئەگەریش قەرار بێ هێنانەوەی ئایەتی قوڕئان نیشانەی دواکەوتوویی بێ، خۆ رۆژنامەی کوردستانیش ئایەتی قوڕئانی تێدایە و هەر لەم ساڵانەی ئێستاشدا بەرنامەی ڕادیۆ هەر بە ئایەتەکانی قوڕئان دەستی پێدەکرد.

جەلیل گادانی: ڕاستە ڕاستە، ئەو ئایەتانە لە ڕۆژنامەی کوردستانیشدا هەبووە و ئێستاش لە رادیۆ و ئەو شتانەدا هەیە، بەڵام من لەسەر ئەو باوەڕە نیم کە ئەوانەی ژێکاف هەموویان خوێندەوار و ئەوە بووبن، دوو ـ سێ کەسی خوێندەواریان تێدا بووە. گۆڤاری نیشتیمان ئەگەر سەیر بکەی، دەبینی هەمووی بیست ـ سی نەفەرێک نووسیویانە. بەڵام بەربڵاوییەکی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان داویەتی بە چالاکیی سیاسی، لە زەمانی ژێکافدا ئەو بەربڵاوییە نەبووە و ئەو پێشوازییەی لێ نەکراوە کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کراوە و توانیویەتی چین و توێژی جیاواز لەخۆیدا کۆ بکاتەوە. بێجگە لەوە، ئەودەمی خوێندەوارەکان زیاتر لە چینی دەوڵەمەند و خەڵکی خاوەنموڵک و ئەوانەدا هەڵکەوتوون، خۆ فەقیر هەقی خوێندنی نەبووە. با ئەمن لەسەر قسەکانی کاک ئەمیریش شتێک بڵێم، ئەمن لەگەڵ کاک ئەمیر وەختی خۆی لە پاریس باسێکمان هەبوو، دەیگوت ئەتۆ بۆ باسی تاریخ دەکەی، بۆ باسی ڕابردوو دەکەن. کەچی ڕیشەی ئێمە لە تاریخدایە، ئەمن ئەگەر سابیتی نەکەم کە کورد کێیە و لە کوێیە و چۆن هاتووە، چۆن دەتوانم بیسەلمێنم کە هەیە و مافی هەیە و ئەوانە.

ڕێنێسانس: ئەو باسەی کاک ئەمیر دەبێ لە کانتێکستێکی ئەکادیمیکدا ببینرێ، خۆ لێکۆڵینەوەکانی وی چ لەسەر پرسی ناسیۆنالیزم و چ لەسەر زمان و ئەوانە هەر باسی مێژوویین بەڵام بە ڕێبازێکی دیاریکراوی ئەکادیمیک. یانی قسەکانی وی دەبێ وەک قسەی ئەکادیمیسیەنێک چاو لێبکرێن نەک وەک قسەی کەسێکی سیاسی…

جەلیل گادانی: بەڵێ مومکینە کارەکەی ئەکادیمیک بێ، بەڵام بۆ ئاگاداریت کاک ئەمیر و حەسەنی قازی وەختێک لە ساڵەکانی پێشوودا لە سوێد دیتمن بەحسم لەگەڵ کردن و پرسیاری فەرهەنگی ئەو زەمانیان لە من پرسی و پێم گوتن دوو مەدرەسە ئاوا دانراوە و ئەو شتانە، خۆ ئەوان هەر خەبەریشیان نەبوو.

هەڵبەت چوونکا کورد ئارشیڤی دەقیقی نییە، ڕەنگە زۆر ئەسنادی موهیم لەگۆڕێدا بێ کە تا ئێستا نەدیتراونەوە. ئەسنادی ئێمە زیاتر لەبەر دەستی داگیرکەرانی کوردستاندا بوون، لەبەر دەستی بریتانیا و وڵاتانێکدا بووە کە هاتوون لەوێ حوکمیان کردووە.

ڕێنێسانس: دەمەوێ شتێکی دیکەت لێ بپرسم. لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتدا زۆر بە کەمی باسی کۆمەڵەی ژێکاف دەکرێ، لە حاڵێکدا کۆمەڵەی ژێکاف چوار ـ پێنج ساڵ پێش لە حیزبی دێموکرات و کۆمار دامەزراوە و ڕەنگە نادروستیش نەبێ ئەگەر بڵێین زەمینەی سیاسی و فەرهەنگیی ئەو دوو ڕووداوە مێژووییەی دروستکردووە.

جەلیل گادانی: هیچ گومانی تێدا نییە. ئێمە بۆیە دەڵێین حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف دامەزراوە، چوونکا وەک لە ڕۆژنامەی کوردستانیشدا (نازانم ژمارە ٧٩ یان یان چەندە، بەڵام لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٩٢٥دا بووە) هەیە، کاتێک ساڵگەردی دامەزرانی حیزب دەگرن، لەوێدا برادەری ناتق دەڵێ ئەوە پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزب جێژن دەگرین ـ بۆیە دەڵێ پێنجەمین ساڵ چوونکا چوار ساڵەکەی دیکەش کە ئی کۆمەڵەی ژێکافە، هەر لەسەر سابیقەی ئەو حیزبە حیساب کراوە. ئەمن ئەمڕۆژانە سیمینارێکم بوو لێرە [مەبەستی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە] لەوێدا باسی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئەو ەختی مەهابادێم کرد. باسی ئەوەم کرد کە لە موحیتێکی [ژینگەیەکی] ئاوا دواکەوتوودا، بەو فەرهەنگی ئەو دەمیەوە، بە ئیمکاناتی زۆر کەمی ئەودەمی توانیویانە کۆمارێکی ئاوا دامەزرێنن ـ لە هەقیقەتدا لە زاری ئەژدیهایدا دایانمەزراندووە.

ڕێنێسانس: ئەوانە ڕاستە و ئەو بەڵگەیەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، بەڵام ئەوە لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتی دوای کۆماردا ڕەنگدانەوەی نییە، بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک بڵێی کۆمەڵەی ژێکاف لەبیر دەکرێ و کەس باسی ناکا. “چل ساڵ خەبات”ی د. قاسملوو لە دوای کۆمارەوە دەست پێدەکا و بیرەوەرییەکانی کەسانی وەک جەنابیشت بە هاکەزایی نەبێ باسی کۆمەڵەی ژێکاف ناکەن.

جەلیل گادانی: ڕاستە، بەهەرحاڵ بۆخۆت دەزانی کە شەرایەت و زەمانەکان فەرق دەکا، کۆمەڵەی ژێکاف لەبیر نەکراوە، چوونکا هەر کامێکمان ـ لانیکەم ئەمن کە تاریخچەی حیزبم نووسیوە لە پێش کۆمەڵەی ژێکافەوە هێناومە. گوتووشمە کە کۆمار شتێک نەبووە کە هەر وا بە ئان و ساتێک جێبەجێ بێ، بەڵکوو هەموو شۆڕشەکانی پێش کۆمار کاریگەرییان هەبووە و کۆمەڵەی ژێکافیش زەمینەسازی پێکهاتنی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان بووە.

ڕێنێسانس: هەڵبەتە بۆچوونێکی ئاواش هەیە کە دەڵێ ڕاستە کۆماری کوردستان لە دووی ڕێبەندانی ١٩٤٦دا ڕاگەیەنراوە، بەڵام پێش ئەو وەختی و لەسەردەمی کۆمەڵەی ژێکافدا ئەو ناوچەیە هەر خۆبەڕێوەبەر بووە. ئەو دەیەوێ بڵێ کۆمارەکە لە سەر ئەرزی واقیع هەبووە.

جەلیل گادانی: خۆ پێشەوا لە وتووێژێکیدا کە لەگەڵ رۆژنامە فارسییەکان کردوویەتی، دەڵێ ئێمە چوار ساڵە بۆخۆمان خۆمان بەڕێوە دەبەین، بەڵام بە شکڵێ ڕەسمی دابەشکردنی کار و ئەرک بە شێوەیکی حکوومەتی نەبووە. ئەنجومەنێکی شار هەبووە و ئیداراتی دیکەی مەدەنی کاری خۆیان کردووە و هەموو شتێک بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی وای بە ناوەندەوە مابێ، بەڕێوە دەچوو. کۆمەڵەی ژێکاف رۆڵی زۆر زۆر ئەساسیی هەبووە لەو کارانەدا.

______________________

*ئەم وتووێژە لە دێسامبری ساڵی ٢٠١٤دا، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ جەلیل گادانی ئەنجام دراوە و بڕیار بووە لە ژمارە یەکی “گۆڤاری ڕێنێسانس”دا بڵاو بکرێتەوە. تۆماری دەنگیی ئەم وتووێژە لای سایتی ڕێنێسانس پارێزراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *