ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و گەڕاندنەوەی قورسایی بۆ بزاڤی ژینا

عەدنان حەسەنپوور

عدنان حسن پور

ئاماژە: ئەم یادداشتە قسەیەکی تازەی ئەوتۆی پێ نییە، بەڵام ئەمە لە گرنگیی باسەکە کەم ناکاتەوە، چونکوو دیسان ئاوڕ لە بەشێک لەو گرفت و کێشانە دەدرێتەوە کە هۆکارن لە دروستبوونی دۆخی نەگونجاوی ئێستەدا. هەر بۆیە ناتوانین بەو ئاسانییە وازیان لێ بهێنین.

١.

پێشبینیکردنی دۆخی ئەمڕۆی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هۆشیارییەکی زۆری پێویست نەبوو، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە دیار بوو کە فەزای گشتیی هێزە ئێرانییەکان بارگاوییە بە چەشنێک لە فاشیزم و تۆتالیتاریزم کە بەرهەمی سەدەیەک سەردەستبوون و شکستی هاوکاتە. تا ئێستەیش کەسانێک لە کوردستاندا دژ بەم ئەنجامگیرییە دەوەستن و لەژێر ناوی «واقیعگەرایی سیاسی»دا هەمان بۆچوونی کۆن بەرهەم دەهێننەوە و سیاسەتیان کردووە بە پەرچەکرداری تەسلیمخوازانە یان چەشنێک لە پاڕانەوە و نزا بۆ گونجاندنی نیمچەخواستی ئێمە لەگەڵ کردار و مەیلی «ئەویدیی گەورە»دا. واتە نەیانتوانیوە لە پێوەندیی سواو و کۆنی «سووژە» و «ئۆبژە» تێپەڕن و تا ئێستایش ئەویدیی گەورە بە سووژە و ناوەندی واتا دەزانن و ئێمەیش بە ئۆبژەیەک کە لە سەرچاوەی مەعریفیی نەبڕاوەی سووژەوە واتاکانی وەردەگرێت. بێگومان ئەم دۆخە زەینییە بەرئەنجامی مێژوویەکی درێژی بندەستبوون و ژیانکردنە لە دۆخی ئۆبژەبووندا، هەر بۆیە دژواربوونی چەسپان و ناخگیربوونی ئایدیایەکی سووژەگەرایانەی وەک «ژن، ژیان، ئازادی» لە لای بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکانمان، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. بنکەوتە و نیشتووە مێژووییەکان لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا پێک دێن و سڕینەوەیشیان کارێکی هەروا ئاسان نییە، ڕەنگە خودی سڕینەوەکەیش پێویستی بە پرۆسەیەکی هاوشێوە بێت. بەڵام بێگومان دەرفەتی پرۆسەی درێژی هاوشێوە لە بەردەستدا نییە، چونکوو زەمەن زۆر خێرا لە تێپەڕیندایە و بە هەمان شێوە ڕووداوەکانیش زۆر خێرا ڕوو دەدەن، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێ بکەرێتیی خۆمان نەدۆڕێنین دەبێ گۆڕانکارییە زەینی و بابەتییەکانی ئێمەیش هەمان خێرایی بژین.

بە هەموو ئەمانەشەوە و سەرەڕای ئەوەی کە ئیدی هیچ شتێکی ناڕوون نەماوەتەوە و بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە تۆتالیتارییەت چۆن شەپۆل دەدا، کەچی دیسان بکەرە سەرەکییەکانی ئەو هەڵە مێژووییە نەتەنها ئامادە نین بە چاوی ڕەخنەوە لە کارە پڕخەسارەکانیان بڕوانن، بەڵکوو پاساوی بێبنەما دەهێننەوە و شکستیش دەکەنە دەسکەوت! بۆ وێنە دەڵێن ئەگەر ئێمە نەچووباینە ناو هاوپەیمانییەکەوە سیمای پەهلەوی بەم چەشنە دەرنەدەکەوت! واتە نەتەنها ڕاستگۆیانە ددان بە هەڵەکانیاندا نانێن بەڵکوو لە دەرئەنجامێک کە هیچ پێوەندییەکی بە خواست و مەبەستی ئەوانەوە نەبووە و بگرە بۆ پێچەوانەکەیشی تێکۆشاون، خەریکن دەسکەوت دەتاشن و خەڵکیش قەرزاربار دەکەن. لەگەڵ ئەمەیشدا بینیمان کە لێکترازانە چاوەڕوانکراوەکان چلۆن یادەوەریی شەڕی ناوخۆی زیندوو کردەوە و ترسێکی واقیعییانە بەڵام ناپێویستی خستە ناو خەڵکەوە کە نەکا دیسان مێژوو دوبارە بێتەوە و ئەم هەلەیش لە دەست بدەین.

هەڵسوکەوتی ناسیاسیی هەندێ لایەنی کوردستان و بەشێک لە چەپ و کۆماریخوازانی ئێران و تەسلیمبوونیان بە فەزای میدیایی و بێدەنگبوونیان لە ئاست چەواشەکردنی ڕاستییەکاندا، ئەم دۆخە شڵەژاوەی ئێستەی لێ کەوتووەتەوە کە هەرڕۆژەو کەسێک و تەیارێک دەکەوێتە بەر تەکفیر و پەلاماری گرووپی پڕپارەی هەژارمێشکی ناوەندگەرای ڕاستڕەوی دژەژنەوە. ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم هێزانە بوێرانە بێنە مەیدان و لە ڕەوتێکی خۆڕەخنەگرانەدا، ڕاستگۆیانە بە خۆیاندا بچنەوە؟ ئەم داواکارییە بەتایبەت ئاڕاستەی ئەو هێزە کوردستانیانە دەکرێت کە کەمتازۆر بوونە بەشێک لەو پلانە دەرەکی و سەرەکییە کە فەزای پڕهیوا و پڕوزەی مانگە یەکەمەکانی بزاڤی ژینای تووشی ئەم دڵساردی و کەمهیواییەی هەنووکە کردووە.

ئێستەیش دەکرێ بەر بە خەساری لەمە زیاتر بگیرێت، بە مەرجێک کە کرانەوەیەک لە ئاست ڕەخنەکانی ئەم چەند مانگەدا دروست ببێت و واز لە پاساوی بێبنەما بهێنرێت. فەزای گشتیی کوردستان هێشتا زۆر دوورە لەو ئێبتزالە کە فەزای سیاسیی ئێرانی تەنیوە؛ هێشتا بەشێکی گەورە لە حورمەتەکان ڕاگیراوە، توندترین ڕەخنەکانیش بە ئاڕاستەی خێری گشتیدا ئاڕاستە دەکرێن؛ ئەگەر هێرشی ناڕەوا کرابێتە سەر چالاکێک یەکسەر دژکردەوە بەرانبەری نوێنراوە و سەرەڕای دڵساردی لە حیزبەکان، بەرگری لە ڕەوایەتیی ئەوانیش کراوە. بە بەراورد لەگەڵ فەزای قڕێژ و موبتەزەلی ئێراندا، ئەم تایبەتمەندییەی فەزای گشتیی کوردستان سەرمایەیەکی سەرنجڕاکێش و بەنرخە کە دەشێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی خەسارەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و لەوێشەوە گرتنەبەری ڕێڕەوێکی دروست و کارامە بۆ خستنەوە سەرهێڵی لایەنە هەڵەکارەکان و دروستکردنەوەی پێوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەریدا. بێگومان پاش تێگەیشتن لە خەسارەکان، ئەم کارە پێش هەر شتێکی تر بەندە بە هەوڵێکی جیدییەوە بۆ ناسینەوەی خواستی جەماوەری کوردستان و گونجاندنی ئەم خواستە لەگەڵ بەرنامەی کرداریی سیاسەتی خۆیاندا. چونکوو لە ڕاستیدا ئەو درزەی ساڵانێکە کەوتووەتە نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگا، لە #بزاڤی_ژینا و لە هەردوو ڕووبەڕی گوتار و کرداردا بە زەقی خۆی نیشان دا. نە زمانی ئاخاوتنی خەڵک هاوشێوەی زمانی حیزبەکان بوو و نە کرداری مەیدانیی جەماوەریش بەپێی ویستی ئەوان بوو.

پێشبینیکردنی دۆخی ئەمڕۆی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هۆشیارییەکی زۆری پێویست نەبوو، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە دیار بوو کە فەزای گشتیی هێزە ئێرانییەکان بارگاوییە بە چەشنێک لە فاشیزم و تۆتالیتاریزم کە بەرهەمی سەدەیەک سەردەستبوون و شکستی هاوکاتە. تا ئێستەیش کەسانێک لە کوردستاندا دژ بەم ئەنجامگیرییە دەوەستن و لەژێر ناوی «واقیعگەرایی سیاسی»دا هەمان بۆچوونی کۆن بەرهەم دەهێننەوە و سیاسەتیان کردووە بە پەرچەکرداری تەسلیمخوازانە یان چەشنێک لە پاڕانەوە و نزا بۆ گونجاندنی نیمچەخواستی ئێمە لەگەڵ کردار و مەیلی «ئەویدیی گەورە»دا. واتە نەیانتوانیوە لە پێوەندیی سواو و کۆنی «سووژە» و «ئۆبژە» تێپەڕن و تا ئێستایش ئەویدیی گەورە بە سووژە و ناوەندی واتا دەزانن و ئێمەیش بە ئۆبژەیەک کە لە سەرچاوەی مەعریفیی نەبڕاوەی سووژەوە واتاکانی وەردەگرێت. بێگومان ئەم دۆخە زەینییە بەرئەنجامی مێژوویەکی درێژی بندەستبوون و ژیانکردنە لە دۆخی ئۆبژەبووندا، هەر بۆیە دژواربوونی چەسپان و ناخگیربوونی ئایدیایەکی سووژەگەرایانەی وەک «ژن، ژیان، ئازادی» لە لای بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکانمان، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. بنکەوتە و نیشتووە مێژووییەکان لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا پێک دێن و سڕینەوەیشیان کارێکی هەروا ئاسان نییە، ڕەنگە خودی سڕینەوەکەیش پێویستی بە پرۆسەیەکی هاوشێوە بێت. بەڵام بێگومان دەرفەتی پرۆسەی درێژی هاوشێوە لە بەردەستدا نییە، چونکوو زەمەن زۆر خێرا لە تێپەڕیندایە و بە هەمان شێوە ڕووداوەکانیش زۆر خێرا ڕوو دەدەن، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێ بکەرێتیی خۆمان نەدۆڕێنین دەبێ گۆڕانکارییە زەینی و بابەتییەکانی ئێمەیش هەمان خێرایی بژین.

بە هەموو ئەمانەشەوە و سەرەڕای ئەوەی کە ئیدی هیچ شتێکی ناڕوون نەماوەتەوە و بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە تۆتالیتارییەت چۆن شەپۆل دەدا، کەچی دیسان بکەرە سەرەکییەکانی ئەو هەڵە مێژووییە نەتەنها ئامادە نین بە چاوی ڕەخنەوە لە کارە پڕخەسارەکانیان بڕوانن، بەڵکوو پاساوی بێبنەما دەهێننەوە و شکستیش دەکەنە دەسکەوت! بۆ وێنە دەڵێن ئەگەر ئێمە نەچووباینە ناو هاوپەیمانییەکەوە سیمای پەهلەوی بەم چەشنە دەرنەدەکەوت! واتە نەتەنها ڕاستگۆیانە ددان بە هەڵەکانیاندا نانێن بەڵکوو لە دەرئەنجامێک کە هیچ پێوەندییەکی بە خواست و مەبەستی ئەوانەوە نەبووە و بگرە بۆ پێچەوانەکەیشی تێکۆشاون، خەریکن دەسکەوت دەتاشن و خەڵکیش قەرزاربار دەکەن.

هەڵسوکەوتی ناسیاسیی هەندێ لایەنی کوردستان و بەشێک لە چەپ و کۆماریخوازانی ئێران و تەسلیمبوونیان بە فەزای میدیایی و بێدەنگبوونیان لە ئاست چەواشەکردنی ڕاستییەکاندا، ئەم دۆخە شڵەژاوەی ئێستەی لێ کەوتووەتەوە کە هەرڕۆژەو کەسێک و تەیارێک دەکەوێتە بەر تەکفیر و پەلاماری گرووپی پڕپارەی هەژارمێشکی ناوەندگەرای ڕاستڕەوی دژەژن. ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم هێزانە بوێرانە بێنە مەیدان و لە ڕەوتێکی خۆڕەخنەگرانەدا، ڕاستگۆیانە بە خۆیاندا بچنەوە؟ ئەم داواکارییە بەتایبەت ئاڕاستەی ئەو هێزە کوردستانییانە دەکرێت کە کەمتازۆر بوونە بەشێک لەو پلانە دەرەکی و سەرەکییە کە فەزای پڕهیوا و پڕوزەی مانگە یەکەمەکانی بزاڤی ژینای تووشی ئەم دڵساردی و کەمهیواییەی هەنووکە کردووە.

ئێستەیش دەکرێ بەر بە خەساری لەمە زیاتر بگیرێت، بە مەرجێک کە کرانەوەیەک لە ئاست ڕەخنەکانی ئەم چەند مانگەدا دروست ببێت و واز لە پاساوی بێبنەما بهێنرێت. فەزای گشتیی کوردستان هێشتا زۆر دوورە لەو ئێبتزالە کە فەزای سیاسیی ئێرانی تەنیوە؛ هێشتا بەشێکی گەورە لە حورمەتەکان ڕاگیراوە، توندترین ڕەخنەکانیش بە ئاڕاستەی خێری گشتیدا ئاڕاستە دەکرێن؛ ئەگەر هێرشی ناڕەوا کرابێتە سەر چالاکێک یەکسەر دژکردەوە بەرانبەری نوێنراوە و سەرەڕای دڵساردی لە حیزبەکان، بەرگری لە ڕەوایەتیی ئەوانیش کراوە. بە بەراورد لەگەڵ فەزای قڕێژ و موبتەزەلی ئێراندا، ئەم تایبەتمەندییەی فەزای گشتیی کوردستان سەرمایەیەکی سەرنجڕاکێش و بەنرخە کە دەشێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی خەسارەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و لەوێشەوە گرتنەبەری ڕێڕەوێکی دروست و کارامە بۆ خستنەوە سەرهێڵی لایەنە هەڵەکارەکان و دروستکردنەوەی پێوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی جەماوەریدا. بێگومان پاش تێگەیشتن لە خەسارەکان، ئەم کارە پێش هەر شتێکی تر بەندە بە هەوڵێکی جیدییەوە بۆ ناسینەوەی خواستی جەماوەری کوردستان و گونجاندنی ئەم خواستە لەگەڵ بەرنامەی کرداریی سیاسەتی خۆیاندا. چونکوو لە ڕاستیدا ئەو درزەی ساڵانێکە کەوتووەتە نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگا، لە #بزاڤی_ژینا دا، لە هەردوو ڕووبەڕی گوتار و کرداردا بە زەقی خۆی نیشان دا. نە زمانی ئاخاوتنی خەڵک هاوشێوەی زمانی حیزبەکان بوو و نە کرداری مەیدانیی جەماوەریش بەپێی ویستی ئەوان بوو.

٢.

کۆمار کوڕی هەموو نەتەوە ژێردەستەکانە، هەموو ئەو نەتەوانەی دیکتاتۆرەکان خوێنیان دەمژن.

باوکی «کۆمار دەرئوفتادە» لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا

فواد دژ بە سیستەمی چینایەتی بوو، دژ بە چەوساندنەوەی کرێکار بوو، ئەیوت ئێمە ماڵەکان ئەکەینەوە بەڵام خۆمان ماڵمان نییە. ئەیوت تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت.

هاوژینی «فواد موحەممەدی» لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا

مامەڵەکردنی کۆماری ئیسلامی لە تاران بە باتومە و لە کوردستان بە فیشەک و گوللە، چونکوو لە تاران فاشیستە بەڵام لە کوردستان داگیرکەریشە.

برای «غەفوور مەولوودی» لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا

هاوشێوەی ئەم دەربڕینانە لە ناو خۆپیشاندانەکان، دروشمی سەر دیوارەکان، کاتی ناشتنی تەرمی گیانبەختکردووان یان ڕێوڕەسمی چلە و یادکردنەوەیاندا زۆر بینراوە، هەندێ چەمک و دەستەواژە و شێوازی دەربڕین کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبەکانماندا کەمتر دەبینرێت یان ئەگەر هەشبێ ناکەوێتە ناوەندی گوتاری سیاسییانەوە. چەشنێک لە بیرکردنەوەی ڕادیکاڵ لە فەزای سیاسیی کوردستان لە گەشەونەشەدایە کە پۆتانسیەل و توانستی دروستکردنی چەمک و زاراوەی نوێی هەیە، هەروەها دەتوانێت لە ڕووبەرێکی بەربڵاو و سەرنجڕاکێش و لە ماوەیەکی کورتدا جووڵەیەکی مەیدانیی بەرچاو ڕێک بخات. لە بەرانبەردا حیزبەکان نەتەنها خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە نین بەڵکوو جۆرێک لە مەیین و کۆنەپارێزیی خەستیان بەسەردا زاڵ بووە.

بۆ وێنە هەرتەنها لەو سێ دەربڕینەی سەرەوەدا “هاوچارەنووسی و لەوێشەوە زەروورەتی بەبنەماگرتنی هاوکاری و هاوژینیی نەتەوە ژێردەستەکان، زەروورەتی کۆکردنەوەی خەباتی دژ بە فۆرمە جیاوازەکانی ستەم لە یەک گوتار و بزووتنەوەی هاوکاتدا، زەروورەتی ژنتەوەربوونی گوتاری سیاسی-کۆمەڵایەتی و زەروورەتی تێگەیشتن لە حەقیقەتی پێوەندییەکان و جیاوازییەکانی نێوان ناوەند و پەراوێز” بە سادەترین زمان و لە هەمان کاتدا بە قووڵترین ئاستی تێگەیشتن دەستنیشان کراوە.

هەروەها لەو زنجیرە ئەکتە و لە دەرکەوتەکانی تری بزووتنەوەی ژینادا، ماکی بوێری و فڕێدانی بەرگی کۆنەپارێزی دەبینین. لە دووتوێی دروشمی “بەرخۆدان ژیانە”دا، خەڵک نیشانیان دا کە نەتەنها ئامادەیی و توانای ڕێکخستنی خۆپیشاندان و بەگژاچوونەوەی هێزی سەرکوتیان هەیە، بەڵکوو چیدی جووڵەی مەیدانیی خۆیان لە دووتوێی چەمکی سواوی «خۆپیشاندانی هێمنانە»دا قەتیس ناکەن و پێ دەنێنە نێو ڕووبەری «بەرگریی ڕەوا» و تێکدانی یاریی دەسەڵاتەوە. هەروەها نەتەنها بە سەرکوت و کوشتنەکان پاشەکشەیان پێ ناکرێت بەڵکوو مکوڕتر دەبن لەسەر مانەوە لە مەیداندا.

لە بەرانبەردا حیزبەکان بە درێژایی ئەو چەند مانگەی خەڵک لەسەر جادە بوون، دەستەوەستان مابوونەوە و جگە لە یەک دوو جار داوای مانگرتن هیچ گەڵاڵەیەکی تریان نەخستە بەردەم خەڵک، کە بێگومان ئەگەر داوای مانگرتنەکەشیان نەکردایەت خەڵک هەر خۆی بەڕێوەی دەبرد. پاش کزبوونی بزووتنەوەکەیش لەسەر شەقام، ئەم جارە هەندێ لەم حیزبانە کەوتنە گۆڕینی مەیدانی بزووتنەوەکە لە بزاڤێکی خەڵک‌بونیادەوە بۆ ناسیاسەتێکی لابی‌تەوەر و میدیاسەروەر.

ئێستە کە مەودایەک کەوتووەتە نێوان شەپۆلە سروشتییەکانی پرۆسەی بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی، باشترین دەرفەتە بۆ پیاچوونەوە بە ڕەوتی ڕووداوەکاندا و تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ئەو جیاوازییە قووڵانەی نێوان خەڵک و حیزبەکان.

پێشتریش باس لەو ڕاستییە کراوە کە دەمێک ساڵە پێوەندییەکی ئۆرگانیک و ئایدیۆلۆژیک لە نێوان کۆمەڵگا و حیزبەکاندا نەماوە و ئەوەی هەیە پێوەندی و گرێدراوییەکی سۆزەکی و هەندێ جاریش چەشنێک لە نۆستالۆژیایە. ئەوەی کە حیزبەکان ڕەوایەتییان لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە بە هیچ شێوەیەک بەو واتایە نایەتەوە کە ئیمکانی نواندنەوەی ویستەکان و لەوێشەوە نوێنەرایەتیکردنی ئەو ویستانەیان هەیە. نەبوونی گرێدراویی ئۆرگانیک لە ساڵانی پێشوویشدا بە ڕوونی دەبینرا، بەڵام هیچ‌کات نەبووە مایەی تێڕامانی حیزبەکان. نموونەی هەرەبەرچاویمان لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و سەرکۆماریی ئێراندا دەبینی کە سەرەڕای بایکۆتکردنی هەمیشەیی ئەو هەڵبژاردنانە لە لایەن حیزبەکانەوە، کەچی لە زۆربەی خولەکاندا خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان تێدا دەکردن و بەپێی تێگەیشتنی خۆیان دەنگیان دەدا. ئاستی خۆشەویستیی حیزبەکان لەو کاتەدا ئەگەر لە ئێستا زیاتر نەبووبێ بێگومان کەمتریش نەبووە، بەڵام قەت بڕیاری ڕاگەیەنراوی ئەوان نەدەبووە بنەمای بڕیاری سیاسیی خەڵک. ئەگەر ئەو پشتگوێخستنەی پێشوو ببوایەتە مایەی پرسیار و تێڕامان بۆ حیزبەکان، ڕەنگ بوو ئێستە و لەدوای وەرچەرخانی بنەڕەتیی بۆچوونی خەڵک لە ئاست ئیمکانەکانی گۆڕاندا، ئاوا درزێکی گەورە نەژیاباین.

ئەم دیاردەیە بێگومان تاک‌هۆکار نییە و فرەهۆکارە، بەڵام پێش هەرشتێک بەرهەمی دوو شتە: دوورکەوتنەوەی حیزبەکان لە دۆخی بابەتییانەی کۆمەڵگا و هەروەها هەژاریی تیۆریکیان لە ئاست ژین-جیهانی خەڵکدا. تێگەیشتن لەم دوو خاڵە سەرەکییە لە دووتوێی ڕوانینێکی مێژووییدا مومکین دەبێت. (لێرەدا تەنها ئاوڕ لە دەرکەوتەکانی هەڵسووڕانی جەماوەری دەدەینەوە و ناتوانین بڕۆینە سەر شیکاریی زانستیی هەموو ڕەهەندەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان).

پاش شکستی شۆڕش لە دەیەی شەستدا (هەشتاکان) بە شێوەیەکی سروشتی فەزای کوردستان تووشی کپوکڕی بوو، شکست هەمیشە جۆرێک لە نائومێدی و بێدەنگیی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئەم نسکۆیە کاتی بوو و شکستەکە نەیتوانیبوو کۆی نەریتی بەرهەمهاتوو لە خەباتی نزیک و دووری کوردستان بسڕێتەوە. دوای ساڵانێک کۆمەڵگا بیری لە جۆرەکانی تری بەرگری و چالاکی کردەوە، ئەم بیرکردنەوەیە پشتبەستوو بە هەمان ئەو بنەما و نەریتانەی پێشوو بوو، واتە سەرمایەی مەعنەویی خەباتی ڕابردوو بوو بە بنەمای هەوڵی تازە بۆ دۆزینەوەی ڕۆچنەکانی بەرگری و چالاکی. سەرەتا لە چالاکیی کولتوورییەوە دەستی پێ کرد و لە ماوەی دوو دەیەی حەفتا و هەشتای هەتاویدا بە دەیان ئەنجومەن، کۆنگرە، سێمینار، فێستیڤاڵ، گۆڤار و حەفتەنامە لە دایک بوون. ئەم ڕەوتە بە کۆڕەکانی یادکردنەوەی هەڵەبجەوە ڕێگای چوونە ناو جەماوەری گرتە بەر و لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی پاش گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا قەڵەمبازێکی گەورەی بڕی. دواجاریش لە بۆنەکانی نەورۆزدا، لە سەرەتای دەیەی هەشتاوە، بەتەواوی بەجەماوەری بوویەوە. لە قۆناغی دواتردا، ژمارەیەکی زۆری ئەنجومەن و ڕێکخراوەی ژینگەپارێز دروست کران و «بەڕێکخستنکردنی جەماوەر» دیسان لە کوردستاندا ئەزموون کرایەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە هەم دیوێکی ناوەکی و کوردستانیی هەبوو و هەم لە گۆڕانکارییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و جیهانەوە کاریگەریی وەردەگرت، واتە لە نێوان ویستی ناوخۆیی کۆمەڵگای کوردستان و ڕووداوەکانی دەرەوەی کوردستاندا پێوەندییەکی لێک‌گرێدراو دەبینرا.

لە ئاست ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، چەشنێک لە سەقامگیریی ڕێژەیی کە پاش شەڕی ئێران و ئێراق هاتە ئاراوە، دەرفەتی بۆ نەوەی تازەی کوردستان ڕەخساند کە بڕۆنە زانکۆ و درێژە بە خوێندن بدەن، لە ماوەی چەند ساڵێکدا بە هەزاران خوێندکاری کورد پلەکانی خوێندنی ئەکادیمیکیان بڕی. ئەم شەپۆلە بەربڵاوە ئەکادیمیکە کۆمەڵێک ئەکادیمیسیەنی لە هەموو بەستێنەکانی زانستدا پەروەردە کرد و تێکەڵبوونی ئەمانە بە ڕەوتی چالاکییەکان سیما و ناواخنی کاری کولتوریی تووشی گۆڕانی گەورە کرد. بۆ یەکەم جار سنوورە تەنگەکانی ئەدەبیات و بەتایبەت شێعر بەزێنرا و باسوخواسی فیکری و فەلسەفی لە ئەنجومەنەکان و لە ناو گۆڤارەکاندا بوونە پرسی سەرەکیی گفتوگۆکان. لە ئاستە گشتییەکەی کوردستانیشدا، پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاڵی وەرچەرخان بوو و فەزای سیاسیی ڕۆژهەڵاتیش کەوتە ژێر کاریگەریی ئەو دەسکەوتەی باشوورەوە. هەوڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش بۆ دروستکردنی رێکخستنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتدا هەندێ چەمک، دەستەواژە و ئەزموونی تازەی بە ئەزموون و زمانی سیاسیی ڕۆژهەڵات زیاد کرد.

بە دیوی دەرەوەیشدا، بەدەر لەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە هەموو جیهاندا ڕوویان دا و وەک هەموو شوێنێکی دونیا کاریگەرییان لەسەر کوردستانیش دانا، لە ناوخۆی ئێراندا هاتنەسەرکاری دەوڵەتی خاتەمی و کرانەوەی ڕێژەیی فەزا هۆکارێک بوو بۆ پەرەسەندنی بەرچاوی هەموو جۆرەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان هێندەی تر گەورە و ئەکتیڤ بوویەوە. هەروەها ئاستی بژێو و داهاتی خەڵکیش تا ڕادەیەک باشتر بوو و دەرفەتی پەرژانەسەر خولیا سەروومادییەکانی ژیان زیاتر ڕەخسا.

ئەو ڕەوتەی زۆر بە کورتی و تەنها وەک مانشێت ئاماژە بە ناونیشانە سەرەکییەکانی کرا، کوردستانی خستە بەردەم گۆڕانکاریی ئێجگار گەورەی هەمەلایەنەوە. بەڵام حیزبەکان زۆر کەمتر کاریگەرییان لەم ڕەوت و شەپۆلانە وەرگرت، هەر بۆیە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە وردەوردە ئەو قسەیە کەوتە سەرزاران کە حیزبەکانمان توانای وەڵامدانەوە بە قۆناغ و بە خەڵکیان نییە و چیدی وەک خۆی لە خولیا و ویستەکانی خەڵک، بەتایبەت لە نەوەی نوێی کوردستان، تێناگەن. هەر لەو ساڵانەوە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی ناوخۆی کوردستان بەردەوام هەوڵیان دەدا ئەم ڕاستییە بگوێزنەوە بۆ سەرکردایەتیی حیزبەکان و داوای تێگەیشتن لە دۆخی نوێ و پیاچوونەوە بە گەڵاڵە سیاسییەکان و کارە مەیدانییەکانیان لێ بکەن. ئەگەرچی سەرکردایەتیی حیزبەکان زۆرجار وایان نیشان دەدا کە بە باشی گوێ بۆ ڕەخنە و پێشنیارەکان دەگرن و لە زەروورەتی گۆڕانکاری تێگەیشتوون، بەڵام لە کردەوەدا هیچ گۆڕانکارییەکی جیدی بەدی نەدەکرا. هەر بۆیە هەمیشە دەکەوتنە بەردەم دەستپێشخەریی خەڵکەوە و تووشی شۆک دەبوون، بە جۆرێک کە تەنانەت هەندێ جار دەبوونە لەمپەر لە بەردەم جووڵەی جەماوەریشدا! بۆ وێنە ساڵی ٨٤ کە دوای کوژرانی «شوانە سەیدقادر» زنجیرە خۆپیشاندان و مانگرتنێکی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی گرتەوە، کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست بانگەوازێکی بڵاو کردەوە و ڕۆژێکی بۆ مانگرتنی گشتی لە هەموو کوردستاندا دیاری کرد. بەڵام کۆمەڵەکەی تر و حیزبی دیمۆکرات بایکۆتیان کرد، چونکوو پێیان وا بوو «ئەو کۆمۆنیستانە ئەیانەوێ دەرفەتەکە بە سوودی خۆیان بقۆزنەوە!». هەر ئەوکات لە ناوخۆوە بە سەرکردایەتیی هەردوولا وترا کە دۆخەکە لەبارە و خەڵک مان دەگرن، تکایە لەبەر «وەهمی قازانجی حیزبی» دژایەتیی کردەی سیاسیی جەماوەر مەکەن، بەڵام هەموو هەوڵەکان بێسوود بوون و ئەوان مکوڕ بوون لەسەر بایکۆتکردنی چالاکیی مانگرتنی ئەو یەکشەممەیە. دواجاریش کە مێژووییترین جووڵەی سەرانسەریی هەتا ئەوکاتی ڕۆژهەڵات ڕووی دا و تا ڕادەیەک تا خوارووی کوردستانیش کشا، خۆیان لە هەڵوێستی ڕۆژی پێشوو گێل کرد و بە ناچار کەوتنە ستایشکردنی خەڵک!! ئەم دژوازییە ئاشکرایە تەنانەت نەبووە مایەی خۆڕەخنەیەکی سادەیش لەلای ئەو حیزبانە، بەڵکوو تەنها هەر بەو خۆگێلکردنە تێیان پەڕاند.

ئەوان زیاتر لە ٣٥ ساڵە وەک بوونی مەیدانی دوورن لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات، وەک خۆنوێکردنەوەی تیۆریکیش نەتەنها هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنییان بەسەردا نەهاتووە بەڵکوو ئاڕاستەی بەرەودواشیان بڕیوە و ئەوەیش کە پێشتر هەبوو فەرامۆشیان کردووە. لەم سێ دەیەدا بە سەدان لاوی خوێنەر و خوێنەوار چوونەتە ڕیزی ئەو حیزبانەوە، بەڵام پێکهاتەی بەستوو و داخراویان وای کردووە هیچ جێگایەک بۆ ئەو کەسانە نەکرێتەوە و ئەگەریش تەنانەت هەندێکیان ڕێگا و جێگایەکیان بۆ کرابێتەوە، زیاتر فۆرمالیتە بووە و لە دووتوێی کەمینەیەکی ڕەهادا قەتیس خراون، بە چەشنێک کە لە ناو پێکهاتە بەستووەکەدا توانەوە و بە کردەوە نەیانتوانی هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی گۆڕانکارییە پێویستەکاندا هەڵبگرن. دواجاریش بەشی هەرەزۆریان وازیان لە چالاکیی حیزبی هێنا و ڕێگای هەندەران یان باشووریان گرتە بەر.

٣.

تا کاتێک کە ئاسۆی گۆڕانی حکوومەت زۆر ڕوون نەبوو، دواکەوتن و مەیینی پێکهاتەیی حیزبەکانیش زۆر بەرچاو نەبوو. بەڵام لەوەتەی وەرچەرخانێکی گشتی لە ئاست ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لە حکومەتدا دروست بووە و هیوای خەڵک بە چاکسازی گەشتووەتە کۆتایی، بونبەستی پێکهاتەیی حیزبەکانیش زەقتر لە جاران خۆی نیشان داوە. بەتایبەت لە زەمەنێکدا کە کوردستان توانیویەتی بۆ یەکەم جار گوتاری فیکری-سیاسیی خۆی لە ماوەیەکی کورتدا بکاتە گوتاری هێژمۆن و پۆتانسیەلی سەرکردایەتیکردنی فیکری (و بگرە کرداری)ی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئاست هەموو ئێران و ناوچەکەدا بخولقێنێت. ئەم گوتارە هەڵگری کۆمەڵێک چەمک و ناواخنی ڕادیکاڵە کە مەبەستی تەنها ڕووخاندنی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتێکی تر نییە، بەڵکوو دەیهەوێ کۆی پێوەندییەکان دەسکاری بکات و هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ئاوەژووکردنەوەی نەزمی هەنووکە و سەقامگیرکردنی دۆخێکی نوێ هەڵبگرێت. هەروەها بە پێچەوانەی زۆربەی گوتارەکانی پێشوو، دەست بۆ ماکی ستەم لە واتا گشتییەکەیدا دەبات و فۆرمە جیاوازەکانی ستەم لێکدی دانابڕێت. واتە دەیهەوێ سەرجەم ستەمەکان لە دووتوێی یەک بزووتنەوەدا کۆ بکاتەوە و بەدوای ڕێگای سڕینەوەی بنەڕەتیی ستەم لە واتا گشتییەکەیدا بگەڕێت. تایبەتمەندیی کوردستانیی ئەم گوتارە بە ڕوویەکی دیکەیشدا شایانی سەرنجە؛ «ژن، ژیان، ئازادی» پێشتر لە دوو پارچەی تری کوردستاندا بووەتە مایەی بزاڤی کۆمەڵایەتی و لە ڕاستیدا لەوێوە گەیشتووەتە ڕۆژهەڵات، هەر بۆیە لەم ڕووەیشەوە لە هەموو گوتارەکانی پێشوو کوردستانیترە.

بە واتایەکی سادەتر، «ڕادیکاڵبوون» و «کوردستانیبوون» دوو تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم گوتارەن، بەڵام حیزبەکان هێشتا زۆر نامۆن بەم دوو لایەنە گرنگەی بزاڤی نوێی ڕۆژهەڵات کە دەرئەنجامی بەریەککەوتنی چەندین گۆڕان و نەریتە و ئێستە لە دووتوێی بزاڤێکی یەکگرتوودا ڕەنگی داوەتەوە. لێرەوەیە کە هەڵوێست و ڕێوشوێنی دژواز و لێکدژ دەگرنە بەر و خەڵکیشیان تووشی چەشنێک لە سەرلێشێواوی کردووە. بە ناوی کوردەوە دەچنە هاوپەیمانییەوە لەگەڵ فاشیزمی ئاشکرا و کۆنەپەرستیی سەدەناوەڕاستیدا بەبێ ئەوەی ئاوڕ لە ماکە سادە و ڕوونەکانی دروستکردنی هاوپەیمانی بدەنەوە. یاخود بۆیان گرنگ بێت کە ئەو تاقمانە بە هیچ شێوەیەک بچووکترین نزیکایەتییان لەگەڵ گوتارە کوردستانی و ڕادیکاڵەکەدا نییە. بێگومان هەر دەبوو چاوەڕێی ئاوا دۆخێکیش لە حیزبەکان بکەین، چونکوو لە کۆنەوە دیار بوو کە لەبەر مەیین و نەزۆکبوونیان هەم لە بەستێنی تیۆریک و هەم لە ڕووبەری پێکهاتە و ڕێکخستنی ناوخۆییاندا، لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا یان تووشی بێ‌بڕیاری دەبن یاخود بڕیاری پێچەوانە وەردەگرن.

خۆبەستنەوە بە هێزە ئێرانییە کۆنەپارێزەکانەوە و باسکردن لەم کردارە وەکوو زەروورەتی کاری سیاسیی پراگماتیستی، لێکەوتەیەکی ڕوونی ئەم دواکەوتن و درزەیە. ئەم بانگەوازە کە لە ڕێگەی پەنابردنەوە بۆ بەشێک لە حەقیقەت و ئاوێتەکردنی لەگەڵ ڕێژەیەکی بەرچاوی ناحەقیقەتدا ڕوو دەدات، یان بەرهەمی شپرزەیی زەینی و تیۆریکە یان دەرئەنجامی تێکەڵبوونی «ناڕەوا» بە یارییە سیاسییە هەرێمییەکان کە دواجار ئەمەی دووهەمیش هەر بەرهەمی ئەوەی یەکەمە. هەرکامیان بێت، دەرئەنجام هەر یەک شتە: لەخشتەبردنی ماکە سەرەکی و بونیادییەکانی بزووتنەوەکە و لەوێشەوە لەکیسدانی هەلی مێژوویی کە مێژوویەکی درێژمان لەم بوارەدا هەیە.

لە سەردەمێکدا کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای کوردستان دەمێکە لە ئاست ناسنامەی ئێرانیبووندا هەست بە نامۆییەکی قووڵ دەکات و لە هەمان کاتدا خواستی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی ڕووبەرێکی بەرچاو لەو کۆمەڵگایەی گرتووەتەوە، دانانی خاڵی دەسپێک لە «ئێرانیبوون» و «ڕیال‌پۆلەتیکی ڕووت»ـەوە جگە لە زەمەن-شپرزەیی هیچی تر نییە. ئاشکرایە مەبەست لەم ڕەخنەیە کورتکردنەوەی گوتاری کوردستان بۆ گەڵاڵەی سەربەخۆیی و ئارمانگەرایی پەتی و میتافیزیکاڵ نییە، بەڵکوو دەستنیشانکردنی خاڵی دەستپێکی سیاسەت‌داڕشتنە، واتە ئەو شوێنەی کە لێوەی دەست بە بیرکردنەوە لە چەمکی سیاسەت دەکەین.

لە حەفتاکانی هەتاوییەوە و دوابەدوای ڕووخانی سۆڤییەت، کە بە دروست یان هەڵە وەک نوێنەر و نوێنەرەوەی ڕادیکاڵیزم و ئارمانگەرایی لە قەڵەم دەدرا، وەکوو کۆی جیهان لە کوردستانیشدا وردەوردە وازهێنان لە بیر و ئەندێشەی ڕادیکاڵ سەری هەڵ دا و بەردەوام تەشەنەی سەند. بە جۆرێک کە ئارمانگەرایی فیکری وەک جۆرێک عەیبە و نیشانەی ساوابوون و پێنەگەیشتوویی لە قەڵەم دەدرا. لێرەوە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەکانی ناو مەیدانی ڕیال‌پۆلەتیک ڕەسەنایەتییەکی زیاتری وەرگرت و خولیایەکی گەورە بۆ خوێندنەوە و بینینی هەموو بەرهەمێک لەمەڕ دەستە شاراوەکانی پشتەوەی سیاسەتی جیهانی هاتە ئاراوە. لێرە بەدواوە مەیلێکی نەبڕاوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەمەڕ تاقمە ماسۆنییەکان و پیاوانی پشتی پەردەی سیاسەت کەوتە گۆڕێ. سەروەربوونی زانیاری و پاشەکشەی مەعریفە دەرئەنجامی سروشتیی ئەم مەیلە نەبڕاوەیە بۆ تێگەیشتن لە نهێنییەکانی پشتەوەی دەرگای سیاسەت بوو. بە چەشنێک کە جێگایەک بۆ لۆژیکی گۆڕانی کۆمەڵایەتی نەمایەوە و هەموو شت وەک بەرهەمی ڕێکەوتنی ژێربەژێری دەسەڵاتدارانی دیار و نادیار سەیر دەکرا.

ئەم تێڕوانین و خولیا تازەیە هێندە پەرەی سەند کە تەنانەت تا خوێندنەوەی ڕووداوەکانی سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩یش درێژ بوویەوە. بۆ وێنە ئارمانگەرایی ڕێبەرانی ئەودەمی کۆمەڵە وەک هۆکارێکی گەورەی شکستی کورد لە قەڵەم دەدرا. بێگومان دەزانین کە تەشەنەسەندنی ئەم تێڕوانینە تەنها لە دونیا و نیشتمانی ئێمەدا ڕووی نەدابوو و وەک وترا ئاوا بۆچوونێک بە کۆی جیهاندا بڵاو بووبووەوە. بەڵام هاوکات هەندێ خاڵی بابەتی و ناوەکیی دیکەیش لە ئارادا بوون. بۆ وێنە ڕزگاربوونی باشوور لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی کەنداودا و هەروەها سەقامگیربوونی پتەوی کۆماری ئیسلامی و نەمانی هیوا بە ڕووخاندنی لەڕێی شۆڕشی جەماوەرییەوە. ڕەنگە تەنانەت بتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە تا ئێستایش بەشێک لە حەقیقەتی تێدایە و بەبێ ئاوڕدانەوەی جیدی لە واقیعی هاوکێشەکان نامومکینە بتوانین گەڵاڵەیەکی ڕزگاریبەخش دابڕێژین. هەر بۆیە سەرچاوەی کێشەکە ئاوڕدانەوە لە بەستێنی سیاسەتی کرداری و یاریکردن لە ناو واقیعی بابەتیدا نییە و بێگومان ئەمە بەشێکی ناچارییە لە هەرچەشنە سیاسەتکردنێک. گرفتەکە دەگەڕێتەوە بۆ شتێکی تر: سڕینەوەی تەواوی هەرچەشنە ئارمان و بیرکردنەوەیەکی ڕادیکاڵ بۆ هەموو زەمەن و قۆناغێک و لەوێشەوە دابەزاندنی سیاسەت بۆ لابی و هاوکێشەی هەرێمی و جیهانی. زاڵبوونی ئەم ڕوانینە لە تەنیشت هەموو گۆڕانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێکهاتەییەکانی دونیای نوێدا، یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی «سیاسەتسڕینەوە» و «بەناسیاسیکردنی جەماوەر».

٤.

بە کورتی لە ئێستەی کوردستاندا داوای چی دەکرێت و کامە سیاسەت مومکینە؟

ئەوەی دیتوومانە خەڵکی کوردستان نایانەوێ بکرێنە پاشکۆی هیچ ڕەوتێکی سیاسیی ئێرانی و پێیان وایە چ وەک گوتار و چ وەک هێزی جەماوەری لەوان سەرتر نەبن بێگومان کەمتر نین. ئینجا بێگومان پێشوازی لە گەڵاڵە و گوتارێک دەکەن کە بە شێوەی بنەڕەتی و ڕادیکاڵ کێشەکان چارەسەر بکات نەک ئەوەی نیوەی دانێ بۆ دوایی و نیوەکەی تریشی بخاتە قەرز! بە ڕوونییش هاواریان کردووە کە ئەمە مومکین نابێت مەگەر بە هاوکاریکردنی ستراتیژیکی حیزبەکان لەگەڵ یەکتردا. ئەو تۆزە دەرکەوتن و هاوکارییەی ئەم چەند مانگەی پێشووی حیزبەکان پاڵپشتیی گەورەی جەماوەریی لەگەڵ بوو و هیوایەکی لای خەڵک ژیاندەوە. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان یان بە ئاڕاستەی ئەم خواستانەدا هەنگاو دەنێن و دەیبەینەوە، یاخود درێژە دەدەن بە سێکتاریزم، خۆبەتەوەرزانین لە ئاست خەڵکدا و خۆبەئۆبژەزانین لە ئاست ئەویدیدا، داخستنی دەرگای ڕەخنە، وەرنەگرتنی وانە لە ڕابردوو و ئێستە و لە یەک وشەدا مانەوە لە دۆخی ڕابردوودا کە ئەنجامی ئەمەش بێگومان دۆڕانی دووبارەیە.

ئێستە کە سیحری وەهماویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی دەرەوە بە تەواوی سڕاوەتەوە و بە باشی دەرکەوتووە کە مەبەست لە هەموو دەسپێشخەرییەکان تەنها بەرجەستەکردنەوەی تاکەکەسێک بوو و یاری بە هەموو ئەوانی دی کراوە، زەمینەی ژیاندنەوەی سیاسەتی ڕاستەقینە، تەنانەت لە ئاست ئێرانیشدا، گەلێ لەبارترە لە چەند مانگ لەمەوپێش. هێزەکانی ئێمە دەتوانن نەتەنها دەسپێشخەر بەڵکوو پێشەنگ و بەڕێوەبەری ئەم کارە بن. بەڵام پێشەکی دەبێ مل بەو تێڕامانە ڕەخنەییە بدەن و ئینجا بەپێی ئەو زەروورەتانەی لە هەناوی ئەو تێڕامانەوە دەردەکەون، هەنگاوی کرداریی بۆ هەڵبگرن.

ئەوەی لە ئێستەدا پێش هەمووان پێویستی بە ڕزگاربوونە حیزبەکانمانن، ئەوانن که لە شێوەبونبەستێکدا چەقیون و کۆمەڵگای ئامادە و بزۆزی کوردستانیشیان دەستەوەستانی خۆیان کردووە. ئەگەر تەنها ئاوڕ لە دوو بابەت بدەینەوە نەبوونی گەڵاڵەی سیاسیی تۆکمەی حیزبەکانمان بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێت: چوونەناو هاوپەیمانیی پەهلەوی و نەبوونی نەخشەڕێگایەکی دیاریکراو بۆ دەستنیشانکردنی شێوازی قسەکردن لە سەر ناوچە هاوبەشەکان لەگەڵ تورکەکاندا. لەم مانگانەدا ئەم دوو بابەتە نەتەنها حیزبەکانی تووشی گەلێ کێشە و قەیران کرد، بەڵکوو لێکەوتە نیگەتیڤەکانی بەرۆکی خەڵکی ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەیشی گرتەوە و سەرلێشێواوییەکانی زیاتر کرد.

بێگومان ڕێگای ڕزگاریی حیزبەکان لە دەروازەی ڕەخنەی هەمەلایەنەوە تێدەپەڕێت و وەستانەوە لە بەرانبەر ڕەخنەگراندا یان پاساودانەوەی خەتا و گوناهە پاساوهەڵنەگرەکان، تەنها بونبەستەکە ئاڵۆزتر دەکات. دەبێ بە دەنگی بەرز هاوار بکەین: ڕەخنەیە کە ڕزگاریبەخشە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *