شۆڕشی ژنان، شۆڕشی هەڵوەشاندنەوە
زاهید حەنبەلی
١. پێشەکی
“ژن ژیان ئازادی” سنوورەکانی بزووتنەوەی کورد و دۆستە ئێنتێرناسیۆنالەکانی بەزاند و لە کات و ساتێکی زۆر ناوازەی سیاسیدا شەقام و کۆڵانەکانی وڵاتی ئێرانی تەنیەوە. ئەم درووشمە هاوکات بوویە هاواری بەرابەریخوازی ژنانی ئەو وڵاتە و هەروەها سەروچاوی زاڵی ئەم سەرهەڵدانە بێوێنەیە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دا. لە ئاستی جیهانیش دا پێشوازی زۆری لێکراو و وەکوو پێشکەوتووی و پێگەیشتووی داخوازی خەڵکی راپەڕیوی ئێران لێکدرایەوە. یەکەمجار لە کاتی ناشتنی ژینا لە شاری سەقز بوو کە ژنانی کوردی ئەو شارە حیجاب و لەچکەی زۆرەملیان لابرد و هاواری ژن ژیان ئازادیان کرد. ئەم ئەکتە بەو درووشمەوە زوو تەشەنەی سەند و ژنانیتر لە شار و ناوچە کورد وغەیرە کوردییەکانیشدا دووپاتیان کردەوە؛ درووشەمکەیان بە فارسی ئەوتەوە و حیجابەکانیان گڕ تێبەردا.
بە دوای رووداوەکانی باکووری کوردستان لە چەند دەیەی رابردوودا و بەتایبەت دوای شۆرش و بەرخودانی مێژوویی رۆژئاوا ئەم درووشمە بووە وێردی زمانی ژن و پیاوی ئازادیخوازی کورد و بەو هۆیەوە زۆر بە شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان غەریب نەبوو. بەڵام پێشوازی و تەشەنەی بۆ نێو ئێران، لە کاتێکدا گوومان دەکرا ئەم کۆمەڵگایە بە تەواوی لە ژێر کاریگەری دیسکۆرسە سیاسی-کۆمەڵایەتییە راست و کۆنەپارێزەکان دایە، زۆر سەرنج راکێش بوو و بە جۆرێک گیانی وەبەر ویستی بەرابەریخوازی خەڵکی ئەو وڵاتەدا کردەوە. ئەم دۆخە کە ژنان و پیاوانی راپەڕیوی ناو ئێران ئەم درووشمە بەکار دێنن, لە کاتێکدا رەوت و پارتە سیاسییەکان و زۆربەی چالاکانی هونەری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرەوە و ناوەوەی ئەو وڵاتە کە ئیدیعای نوێنەرایەتی سیاسی و بە جۆرێک رێپرێزێنتی ئەوان دەکەن زیاتر ناسیۆنالیست یان نیۆلیبراڵن و ئەجیندای سیاسییان بیچم و پێکهاتەیەکی تەواو پیاوسالارانەی هەیە و پرسی ژنان جێگایەکی ئەوتۆی لە ناویدا نییە، تووشی سەرسوڕمان و ئەنجامێکی پارادۆکسیکاڵمان دەکا. تەنانەت لای چالاکان و رێکخراوە فمینیستیە ناسراوەکانیشدا دەبینرێ کە زیاتر ئۆلگویان فمینیستی مەینستریم، سپی یان لیبراڵ-سەرمایەداریە .ئەمانیش کەمتر ئەم بابەتەیان بە دیوی نەمانی نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان و لابردنی جۆرەکانی ستەم و هەروەها تێپەربوون لە هێرارشییە کۆمەڵایەتییەکاندا شی دەکردەوە. بۆیە ئەم پرسیارە ساز بوو کە تا چەند شەقامی ئێرانی لەم درووشمە تێگەیووە؟ چەندە کۆنتێکستەکەی دەناسێ؟ ئەم درووشمە ناوەڕۆکی سۆبژێکتیڤ و ئازادیخوازی و ئەکتی رادیکاڵ لە گەڵ خۆی دەباتە نێو ئەم سەرهەڵدانەوە یان تەنیا وەک درووشـم دەمێنێتەوە؟ بە کورتی “ژن ژیان ئازادی” ئەبێتە مانیفێستی سەرهەڵدان و شۆڕش و بە گژ نابەرابەری و نادادپەروەریدا دەچێت یان ئەگۆڕێت بۆ درووشمێکی بریقەدار و بێ ناوەڕۆک بۆ دۆخێکی کاتی لە ئێران دا؟
ئەم پرسیارانە کاتێک گرینگ بوون کە کەسانێک لە پێگەی مامۆستای زانکۆ، رۆژنامەنووس، وەرزشڤان، شرۆڤەکار یان چالاک و ووتەبێژی سیاسیەوە خۆیان لە باسی پاشخان و کۆنتێکستی ئەم درووشمە ئەدزییەوە و ئەیانویست بە دەستکارییەوە بیخەنە خزمەت دەزگای فیکری پیاوسالارانە و ناسیۆنالیستی خۆیان یان لە بەرانبەریدا بە قوت کردنەوەی درووشمی هاوشێوە بۆ پیاوان بێ ناوەرۆک، رووکەش و بەتاڵی بکەنەوە. لەم روویەوە گەڕانەوە و گێڕانەوەی بەستێن و مێژوو و پاشخانی سەرهەڵدانی درووشمی “ژن ژیان ئازادی” و هەروەها ناوەرۆک، تیئۆری و پرۆژە کریتیکاڵە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئێکۆلۆژییەکان لە پشت پرسی ژنانەوە گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەویش لە کاتێکدا کە ئەم رووداوە سیاسی کۆمەڵایەتییانەی ئێران لە درێژەی لانیکەم چەند دەیە سەرهەڵدان، گەشە و پەڕەگرتنی بزووتنەوەی ژنان لە باکور و رۆژئاوای کوردستانەوە دێت. هەربۆیە لێرەدا هەوڵ ئەدرێت لە توێی راڤەیەکی کورتدا، ئاوڕێک لە بنەما تیۆری و فەلسەفییەکانی “ژن ژیان ئازادی” بدرێتەوە و لەگەڵ بیروئەندیشەی فیمینیزمی پێشرەودا بەراورد بکرێت. هاوکات تیشک دەخرێتە سەر گرینگی تەشەنەی ئەم درووشمە بۆ ناو کۆمەڵگای راپەڕیوی ئێران و ئەو دەرفەتانەی ئەتوانێ لە ئەنجامی بەریەککەوتنی لەگەڵ دیسکۆرسی راست و کۆنسێرڤاتەکاندا بە قازانجی بەرەی پەراوێزخراودا درووستی بکات.
ئەم نووسینە گەرەکیەتی ئەوە بخاتە روو کە “ژن ژیان ئازادی” خواستێکی هەڵتۆقیو، هەنووکەیی و بەهەڵکەوت نییە و لە پشتییەوە خوێندنەوەیەکی زۆر رادیکاڵی فەلسەفی و سیاسی لە مەڕ رێڕەوەی شارستانییەتی مرۆڤی و پرسەکانی بەرابەری و دادپەروەری و هەروەها مێژوویەکی دوورودرێژی بەربەرەکانێی ژنان لە بەرانبەر ژێردەستەیی و نابەرابەری بوونی هەیە. هاوکاتیش دزەی ئەم پرسە بۆ ناو کۆمەڵگای ئێران بۆ نێوەرۆکی پێشکەوتنخوازانە و سرووشتی بێ سنوور و یونیوێرساڵی ئەم خواستە شی ئەکرێتەوە. ئەم نووسینە لە درێژەدا ئاوڕێک لەو دەمەتەقە سیاسیەی سەر ئەم درووشمە ئەداتەوە و ئەو ئاکامە ئەخاتە روو کە چ ئەوەی “ژن ژیان ئازادی” لە لایەن رەوتێکی دیاریکراوی سیاسییەوە مۆنۆپۆل بکرێ یان بە هۆی سەرهەڵدانی ئەم درووشمە لە داوێنی رەوتێکی دیاریکراوی سیاسی کۆمەڵایەتییە بایکۆت یان خۆد دەستکاری و بێناوەڕۆک بکرێ هەر دووکیان لەگەڵ سرووشتی یونیوێرساڵ، ئینسانی، ئاوانگارد، رزگاریدەر و شۆڕشگێرانەی ئەم درووشمە مانیفێستیە ناتەبایە.
١. شرۆڤەی تێۆریکی “ژن ژیان ئازادی”
٢.١ . پرسی ژن لە روانگەی ئۆجەلانەوە
“هەموو ئەو شتانەی بە دەستی مرۆڤ چێ بوون، ئەتوانن بە دەستی مرۆڤیش لە ناو بچن” (ئۆجەلان ٢٠١٨، ل.١١).
“ژن ژیان ئازادی” لە دڵی خەباتی ژنانی کورد لە باکوری کوردستان سەریهەڵدا. ئەم بزاڤە و روانین و دەستپێشخەرییانە بۆ بەشداری کارا و پێشەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژن بە خەباتی فکری، سیاسی و فەلسەفی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە گرێ ئەدرێت کە زیاتر لە چەند دەیەیە بە توێژینەوە لەو بوارەدا سەرقاڵ بووە. ئۆجەلان لە چەندین بەڵگەی نووسراو وکۆبوونەوە و بەرگرینامەدا هەوڵی داوە بۆچوونەکانی خۆی لە مەر پرسی ژن و گرێدراوی بە پرسی ئازادی و بەرابەری گشتیەوە گەڵالە بکات؛ هەوڵدانیک کە دواتر توانی جێی خۆی لە پراکتیکی سیاسی ئەو رەوتەشدا دا بکاتەوە. ئەم هەوڵدانە لە دۆخی شەڕی ناوخۆی سوریا و بەکاتی هێڕشی “دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق” (داعش) وەک مانیفێستێکی سیاسی و بە دامەزراندنی “یەکینەی پاراستنی ژنان” و بەشداری راستەوخۆ و بە هێزیان لە شەڕدا گەیشتە لووتکە و بوویە گێچەڵێکی جیدی بۆ سەر ئایدۆلۆژی و دواتر بوونی فیزیکی داعش و داوێنی دەوڵەتە فاشیستی و ئاینییەکانی دەورووبەر و بە تایبەتی رەوتی ئیسلامی سیاسی گرتەوە. هاوکات خەڵکانێکی زۆری لە دەرەوەی کوردستان هێنایە رێزی شۆرش و پێکەوە و بە بەشداری ژنانی شەرڤان، سەرکەوتنی مێژووییان تۆمارکرد کە خۆی ورە و هێز و هیوایەکی زۆری بۆ خەباتی بەرابەری خواز و فمینیستی جیهانی گەراندەوە و بوویە نموونەیەکی رادیکاڵ و هاوکات کریتیکاڵی ئەم مەیدانە (دیرەک ٢٠٢١/ پیکاردی& بارکا ٢٠٢٢).
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە درێژەی وردبوونەوە و شیکارییەکانی بۆ پرسی ئازادی و دادپەروەری لە کۆمەڵگای مرۆڤی دا پەنجە ئەخاتە سەر خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی کە لێیەوە کۆمەڵگا و شارستانییەت، سرووشت و نەزمی ئاساییان ئەگۆڕێ و شارستانییەتێک لە دایک دەبێت کە بنج و بناوانی لە سەر کۆیلایەتی بەشیك لە مرۆڤەکان و دوور خستنەوەیان لە بیاڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی دامەزرێنراوە. بەڕای ئۆجەلان مێژووی مرۆڤایەتی لە پێنج هەزار ساڵ بەملاوە مێژووی بە کۆیلەکردنی ژن بووە کە هەر لە شارستانییەتی سوومەر و ئاکاد تا ئاشوور و یونان و هتد دەست پێدەکات. دواتریش ئەم رەوتە درێژەی بووە و لێیەوە زنجیرەیەک لە ستەم، نادادپەروەری و نابەرابەری دەستپیدەکات کە تا رۆژی ئەمڕۆش قووڵتر و ئاڵۆزتر و بە فۆرمی جیاوە، ئەم کۆیلایەتیە رژدتر و قورستر درێژە بە بوونی خۆی ئەدات. پێش ئەو رێکەوتە مرۆڤایەتی سیستەمێکیتری بەڕێوەبەری ئەزموون کردووە کە ئۆجەلان بە دایکسالاری ناو دەبات. ئەو دایکسالاری بۆ چاخی بەردینی نوێ ئەگەڕێنێتەوە کە مرۆڤایەتی دەستکەوتێکی زۆری هەم لە ژیانی سۆشیاڵی خۆیدا و هەمیش لە دۆزینەوە و خولقاندنی ئەمراز و رێکاری نوێ بۆ ژیان و خۆبەڕێوەبەری بووە. لەو قۆناغەدا و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئۆجەلان باس لە سیستەمی Ursozialismus یان سۆسیالیزمی سەرەتایی ئەکات کە رۆڵی سەرەکی تەیدا ژن-دایک گیڕاویە. سۆسیالیزمی سەرەتایی بە ڕای ئۆجەلان لە سەر ئازادی و بەرابەری دامەزراوە و بەری بووە لە خاوەندارییەتی تایبەت کە بەڕای ئەو سەرچاوەی دووبەرەکی و ناتەبایی نێوان مرۆڤەکانە. سیستەمی دابەشینی کار دوور لە خاوەنداریەتی و پیوەندی هێزەوە بووە. پێوەندی تایبەتی و پرایوت لەبەینی ژن و پیاودا بوونی نەبووە و مرۆڤەکان موڵکی یەکتر نەبوون. خواردن کۆیی بووە و مناڵەکان لە لایەن خێڵ/کۆمۆنەوە بە هاوبەشی بەخێو کراون. بەش کردن و هاوپەیوەندی solidarity وەک پرەنسیپی بنەرەتی توانیبوویان ئەو کۆمەڵگا بچووکانە رابگرن. بە ڕای ئۆجەلان هەر ئەم تایبەتمەندییانە وایان کردووە کە ئەم سیستمە بۆ هەزاران ساڵ بژیت و ئێلێمێنتە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی و بەرابەری، ببنە خۆزگە و هیوایەک کە دواتر مرۆڤ بە درێژایی مێژووی نوێ عەوداڵیان بێتەوە (ئۆجەلان ٢٠١٨).
دایک سالاری و سیستەمی بەڕێوەبەری سۆسیالیزمی سەرەتایی لە پرۆسەیەکی مێژووی دا جێی خۆی بە شارستانییەتێک لە سەر بنەمای کوێلەکردنی ژنان ئەدا کە بەڕای ئۆجەلان لە سێ ئاستی گشتی دا ئەم پرۆسەیە بەڕێوەچووە: یەکەمیان کۆیلەکردنی ئایدۆلۆژیک، دووهەم بەکارهێنانی فاکتەری تووندوتیژی و زەبر وزەنگ و سێهەمیشان لە رێگای دەست بە سەردا گرتنی ئابوریدا. ئۆجەلان تێکچوون و داڕمانی ئەم سیستمە “سرووشت”یە لە رێی ئانالیزێکی ئابووری-کۆمەڵایەتیەوە socioeconomics روون ئەکاتەوە. لای ئەو ژنان بە سەر کارووباری بەڕێوەبەری وەک کشت و کاڵ، خۆراک، بەڕێوەبەری کۆمەڵ و بەخێوکردنی هاوبەشی مناڵان رادەگەیشتن و پیاوانیش کاریان راوکردن و پاراستنی کۆمەڵ لە هەڕەشەی دەرەکی بووە. هەر دوولایان کلتووری تایبەت بە خۆیان لە مێژوودا گەشە پێداوە کە لە درێژەی خۆیدا گرژی و ئاڵۆزی درووست کردووە. ئەگەر چی سیستەمی دایکسالاری بە رادەیەکی سنوور دار کەڵەکەبوونی بەرهەمی زیادەیان ناسیوە و لە رێیەوە خۆراک و بەرهەمی زیادەیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام ئەوە پیاوان بوون کە بە باشتر کردنی مێتۆدەکانی راوکردن دو دژە تایبەتمەندییان گەشە پێداوە: تووندوتیژی و خاوەنداریەتی. پیاوان هەوڵیانداوە شوێن و ستاتۆی خۆیان وەک پیاوی بەهێز لە کۆمەڵدا بەرزتر بکەن و خۆیان هەڵکێشن. وردە وردە سیستەمی هیرارشیک و جیاوازی لە کۆمەڵدا گەشە دەکا و فاکتەری هێز دەور ئەگێڕێ. ئەمانەی دوایی تایبەتمەندییەک بوون کە پیاوان زیاتر بە هۆی سرووشتی ڕاو و بەرگریەوە ئەیانتوانی هێمای بکەن و بەم جۆرە براوەی یارییەک بن کە لە پرۆسەیەکدا زۆر دیاردەیتری وەک فاکتەری “زۆر”، خاوەندارییەتی، سیستەمی میرات، کوڕسالاری، شەڕ، کوشتن، کۆیلایەتی، ئایین، متافیزیک و هتد گەشە پێدا. ئۆجەلان ئەم قۆناغە بە یەکەم گۆڕانکاری قووڵی جنسی دەناسێنێت کە تێیدا مرۆڤایەتی بەرو سیستەمی پیاوسالاری دەڕوات و ژن لە بەڕێوەبەری و رۆڵی سەرەکی کۆمەڵگاوە پاشەکشەی پێدەکرێ و ئەخرێتە ژێر رکێفی پیاوەوە. ئۆجەلان ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بە گەورەترین گۆڕانکاری مێژوو و بە دژە شۆڕش counterrevolution دەزانێ کە سوودی بۆ مرۆڤایەتی نەبووە و زیانی گەورە و تا ئێستاش قەرەوەبوونەکراو بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەو پێی وایە پیاوسالاری بە کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەی هێراشیک و پاوانخواز زیاتر رەگی داکووتا، کە لە درێژە دا دەوڵەتی لێ درووست دەبێت. دەوڵەت لێرەدا لە خزمەت پاوانخوازی دایە و ئەم تایبەتمەندییە گرینگانەی سیستەمی نوێ بە دامەزراوەیی دەکات و دەکەوێتە داپڵۆسینی ژنان و مرۆڤەکانی ژیرەوەی سیستمی هێرارشیکی خۆی. لێرەدایە کە مرۆڤەکان دابەشی چین، کلاس و کاستی جیاواز ئەبن کە ئۆجەلان بە پرۆسەی بە کوێلەکردنی پیاوان لە لایەن پیاوسالارییەوە و لە پاڵ درێژەدان بە کۆیلەکردنی ژنی دەبینێ (ه.س.).
ئۆجەلان لە درێژەدا باس لە دووهەم گۆڕانکاری گەورەی جینسی لە مێژوو دا دەکات، ئەویش سەرهەڵدانی دینە یەکتاپەرەستییەکانە، کە بە بڕوای ئەو خزمەت بە چڕکردنەوەی پیاوسالاری و زاڵ بوونی پیاوان و بەو پێیەش زیاتر بەکۆیلەکردنی ژنان دەکەن. بە هاتنی دوا بە دوای یەکی ئەم ئایینانە، ژنانیش زیاتر پاشەکشێیان پێکراوە و لە کونجی ماڵەوە بەند کراون. کارکردی سەرەکی ئەم ئایینانە، بە سەقامگیرکردن، بە خوایی کردنی نێرسالاری و کۆیلەکردنی ژنان بوو. لەگەڵ دەوڵەت و ئایین، بنەماڵەش دیاردەیەکیتری دونیای پیاوسالارییە کە تێیدا رۆڵی زاڵی پیاو بەرجەستەیە و ئەو خاوەنشکۆ و سەرۆکی بێ ئەملاو ئەولایە و ژنانیش تێیدا وەک بەشێک لە موڵکی ئەو و بە پێی ئەمری ئەو ئەرکی خزمەت و هێنانی مناڵی کوڕی بۆ میراتداریان لە ئەستۆدایە. ئەوەی لەم پرسە دوورودرێژەی جێگۆرکێی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بە گشتی شکانی ستاتۆی ژن لە شارستانیەتی نوێ دا دەبینرێ، ئۆجەلان بە پرۆسەی “بە ژنی ماڵێ کردن” ی ناودەبات کە بە پێی وتەی ئەو کۆنترین فۆرمی کۆێلایەتی لە جیهاندایە. بەو پێیە تا دێ ژن زیاتر لە فەزای گشتی، سیاسەت و کۆمەڵگا دوورئەخرێتەوە و رۆڵی ئەو وەک ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی کاڵتر و بێ مانا ئەکرێتەوە. ئەم رەوتە لە سەردەمی سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێرنیتە و دەوڵەت نەتەوەدا بە قووڵی لە ژیان و پێگەی ژنان دا درێژەی دەبێ و دواجار لە فۆرمی جیاوازی وەک کلتور- سێکس- یان هونەری ئیندۆستری دا هەم ئۆبژێکتیف و هەم سۆبژێکتیف ژنان زیاتر دەخاتە پەراوێز و هەڵاواردنەوە و مێنتالیتەی پیاوسالاری کۆی بیچم و پێکهاتە و دامەزراوەکان داگیر ئەکات.
ئۆجەلان ژن بە تاقە دۆڕاوی مێژوو نازانێت. بەڵکوو شارستانیەت، سرووشت، مێژوو، زانست و بە گشتی کۆی ژیان و پرسەکانی مرۆڤایەتی بە دۆڕاوی دەستی نێرسالاری دەزانێ، کە بنەمایان لە سەر نادادپەروەری، نا یەکسانی، هێز، تووندوتیژی و هێراشی کۆمەڵایەتییە. لەم پێوەندیەدا ئەو چەمکی سێنتراڵ و گرینگی خۆی واتە کۆمەڵگای سێکسیست بەکار دێنێت کە ئاماژەیە بە ئاستی بەرینی خەسارەکانی کۆیلەکردن و ستەمی مێژووی سەر ژنان بۆ سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا و دەلێ: ” شکەست و دۆڕاندنی ژن بە واتای شکست و دۆڕاندنی کۆی کۆمەڵگایە، کە ئاکامەکەی ئەبیتە کۆمەڵگای سێکسیست” (ئۆجەلان ٢٠١٨: ل٩-١٠). لەم پێوەندیەدا مێنالیتێتی پیاوی سێکسیست شی دەکاتەوە کە هەموو هەوڵی چێکردنی هێژموونی کۆمەڵایەتی بە سەر ژن دایە و ئەمەش لە هەموو پێوەندیەکی لەگەڵ ژن دا و لە رێگای سەپاندنی بالادەستی خۆی بەسەر ژن دا پیشان ئەدا. لێ بۆیە گۆڕانی قووڵ و پڕ واتا کە بتوانێ دەستەبەری ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بێت لای ئۆجەلان لە ئازادی ژنەوە تێئەپەڕێ. ئەو ئازادی ژن بە پێشمەرجی ئازادی کۆمەڵگا ئەزانێ و لە نێوان سێ ستەمی گەورەی هەنووکەییدا (لانیکەم بۆ سەر کورد کە ئۆجەلان وەک تاک و سرکردەی بزاڤێکی سیاسی لەگەڵی رووبەڕوویە) واتە ستەمی سەر ژنان، ستەمی ئیتنیکی و ستەمی چینایەتی ئەو یەکەمیان بە ئەولەویت دادەنێ. ئۆجەلان لە دەڕبڕینێکی زۆر گرینگ دا واوەتر لە ئازادی نیشتمانی و خەباتی چینایەتی دەچێت و ئازادی ژنان بە خەباتی یەکلاکەرەوە و سەرەکی ئەزانێ کە خۆی ئەتوانێ هەموو جۆرەکانی خەبات بۆ لابردنی فۆرمەگەلی جیاوازی ستەم وەک چینایەتی، نەتەوەی، دژە سەرمایەداری و هتد بگرێتە خۆی؛ ئەو پیی وایە ئەبێ سێهەم گۆڕانکاری قووڵی جنسی، دژ بە پێگەی باڵادەستی پیاو و سیستەمی پیاوسالاری بێت؛ هەر بۆیە ئێژێ ئەبێ “پیاو(یەتی) بکوژرێ” (ئۆجەلان ٢٠١٨: ل.54).
٢.١. پرسی ژن لە روانگەی سالی هاسلێنجێرەوە
لێرەوە دەکرێ دەربازی ئەندیشەی پێشڕەوی فمیمینیستی بین و لەگەڵ بەراوەرد کردنی بە هزر و بنەمای فکری ئۆجەلان، جیاوازی و هاوبەشییەکانیان بە کورتی لێکدەینەوە و ستراتێژیان بۆ لابردنی ستەمی ژنان بهێنینە بەر باس. لێرەدا بۆچوون و هزری فمینیست و فیلسووفی پێشرەی ئامریکایی “سالی هاسلێنجێر” وەک نموومە باس ئەکرێت کە خاوەن رێبازێکی دیاریکراوە لە سەرقاڵی بە ئانتۆلۆژی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە جێندەر(gender) ، رەیس (race) وسێکشوالیتەوە. هاسلێنجێر هەوڵیداوە لە خوێندنەوەیەکی تایبەتدا ئەم دیاردانە و زانست، کلتور، ناسنامە و تێرمەکانی پێوەندیدار بەم بابەتانەوە بە مێتۆد و ستراتێژی تایبەت بە خۆی وەک چێکراوی جڤاکی social constructions)) لێکبداتەوە (هاسلێنجێر ٢٠١١).
پرسی سرووشتی بوون یان دەستکردبوونی دەستەبەندیی و کاتاگۆرییەکان کە لێیانەوە مرۆڤەکان پێناسە و ناسنامەی خۆیان (وەک ژن، پیاو، کورد، فارس، رەش، سپی، خۆیی یان ئەویتر و هتد) وەرئەگرن و بەوهۆیانەوە جێ و رێی خۆیان لە کۆمەڵگادا دیاری ئەکەن، پرسێکی بنەرەتیە کە لە دێرزەمانەوە مرۆڤ پێیەوە سەرقاڵ بووە. ئایا مرۆڤەکان بە سرووشتی و هەر لە سەرەتاوە ژن یان پیاو بوون؟ سپی یان رەش بوون؟ کورد یان فارس بوون؟ یان ئەوە کۆمەڵگا و مرۆڤەکان خۆیانن کە ئەم دابەشکارییانەیان ساز کردووە؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن کە ئایدۆلۆژی و رەوتە فکری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و دینییەکان لە میژوودا هەوڵیانداوە وڵامی بدەنەوە و لێیەوە رێبازی فکری و ئایدۆلۆژیک و ستراکچێری کۆمەڵایەتی بە ئەجێندای سیاسی تایبەتەوە بەرهەم بێنن کە ژیان، بیرکردنەوە و واقعی مێژوویی و ئێستاکەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگا شکڵ پێ بەن. لەم پێوەندییەدا هاسلێنجێر پشت بەو تیئۆرییە فمینیستیانە ئەبەستێت کە سرووشتی بوونی دەستەبەندییەکانی وەک جێندەر و رەیس رەت ئەکەنەوە و هەر هەوڵێک کە ئەم کاتاگۆرییانە بە سرووشتی و ئۆبژێکتیڤ نیشان بدەن بە ناراست و شکەست خواردوو ئەزانێ. هاسلێنجێر رەخنە لەو مێتۆد، رێباز و پێکهاتە سیاسی-کۆمەڵایەتییانە دەگرێت کە هەوڵ ئەدەن ئەم کاتێگۆری و دیاردانە بە سرووشتی بزانن و بوون و مانەوەیان بەم جۆرە پاساو بدەن. ئەو پێی وایە کە هۆکاری سەرەکی شکستی هەموو مێتۆد و هەوڵەکانی رابردوو بۆ دەستەبەری دادپەروەری، زانین و حەقیقەت بۆ نەناسین و گرینگی نەدان بە هێزی چێکراوە جڤاکییەکان social constructions)) دەگەڕێتەوە. لەم رووەوە هەوڵ ئەدا بە شیکردنەوەیەکی ئانتۆلۆژیک چێکراوە جڤاکییەکان لێکبداتەوە و لە سەر ئەوە پێداگری ئەکات کە دیاردەکانی وەک رەیس، جێندەر، سابجێکت، ناسنامە، حەقیقەت، زانین، سروشت و واقع درووستکراوێکی کۆمەڵایەتین یان خۆ بە رێوشوێنێکی کۆمەڵایەتی بنیات نراون.
بۆ دەرکی ئەم ئیدیعایە پێویستە کاریگەری بازنەیی(Looping-Effekten) لە نێوان توانای بیرکردنەوە و قسەکردنی مرۆڤ لە لایەک و جیهانی ماتریاڵ لە لایەکیترەوە بناسین کە بە پێی بۆچوونی هاسلێنجێر ئەتوانێ پرسیاری بنەڕەتی بەستراوەیی یان سەربەخۆیی جیهان بە نیسبەت تێگەیشتن، بیرکردنەوە و کردەوەی مرۆڤەوە شی بکاتەوە؛
بازنەیە یەکەم: ” ئەو رێ و شوێن و شێوازەی کە ئێمە لە بارەی شتەکانەوە بیر ئەکەینەوە یان لە سەریان ئەدوێن، لە ڕێگەی کردارەکانمانەوە کاریگەری لەسەر چیەتی شتەکان دەبێ.” بازنەی دووهەم: “ئەو رێوشوێن و شێوازەی کە شتەکانمان گۆڕیوە، کاریگەریان لە سەر ئەو رێوشوێن و شێوازانە ئەبێ کە چۆن لە سەر شتەکان بیر ئەکەینەوە و لە سەریان قسە ئەکەین” ( هاسلێنجێر ٢٠١١: ل.١١). واتا ئێمە شتەکان لە سەر بنەمای تێگەیشتنی خۆمان لێیانەوە ئەگۆڕین. بەواتایەکیتر ئێمە جۆرێ کاریگەری لە سەر جیهان دائەنێن و ئەیگۆڕین کە ویست و خواست و تێگەیشتنەکانی خۆمان بێنێتە دی. هاسلێنجێر دەگاتە ئەم ئاکامە کە “ئێمە بە زۆری لە ناو بازنەیەکی هۆکاریدا causal loop گیرمان خواردووە کە چیتر لێمانەوە روون و دیار نیە کە: جیهانێک کە ئێمە خۆمان دەستمان بووە لە درووستکردن و داڕشتنی دا، بەو جۆرە شی ئەکەینەوە و پیشانی ئەدەین وەک ئەوەی لە دەرەوەی ئێمە بوونی بێت و سەربەخۆ بێت” (ه.س). ئەو لە درێژەدا بە ئاکامێکی زۆر گرینگ دەگا و دەڵێ: “ئەگەر کاریگەری بازنەیی کاتاگۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک جێندەر، رەیس، کەم ئەندامی یان سێکشوالیتە لەبەرچاوبگرین، ئەگەینە ئەو راستییە، کە گریمانەی ئەم دیاردانە وەک بوونێکی سرووشتی رێ لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بە دیوی وەدیهاتنی دادپەروەری دا دەگرێت” (ه.س). لە ئانالیزێکی ورد و پڕ ناوەرۆک دا (کە لێرە لە بەر درێژەدادڕی نەکردن خۆم لە باسکردنی ئەبوێرم ) دێ و چەندین جۆری چێکراوی جیڤاکی وەکconstitutive, discursive(causal) وpragmatic لێک جیادەکاتەوە، کە پێکەوە چۆنیەتی ساز بوونی کاتاگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان شی ئەکەنەوە (هاسلەنجێر ٢٠١١).
پێوەندیدار بە باسی سەرەکییەوە، هاسلێنجێر جێندەر لە سێکس SEX (وەک بوونی بیۆلۆژیکی مرۆڤەکان) جیادەکاتەوە و بە پێوەندی کۆمەڵایەتی دوو گرووپی ژنان و پیاوان لەگەڵ یەکتردا مانای دەکاتەوە. بۆ پیشاندانی چۆنیەتی چێ بوونی جێندەر، دۆخ و کەش و باروودۆخێکی کۆمەڵایەتی وێنا دەکات کە تێیدا مرۆڤەکان بە تاک و کۆمەڵ لەگەڵ یەکتردا تێکەڵی و ئینتێرئەکشێن یان کارلیکەری درووست ئەکەن. یەکەم شت کە سەرنجی دەداتێ “ژنی ئیدەئال”ە کە تێیدا لە راستیدا خواست و ئارەزووەکانی پیاو بەرجەستە ئەبنەوە. ئەم ئیدەئالە وەک سرووشتی ژن ئەبینرێ و بە هەست، باوەڕ و جۆرەی رەفتاری تاکەکانی ژنەوەی ئەبەستنەوە و بەم پێیە بە تایبەتمەندی جەوهەری و بنەمایی ژنانەی دادەنێن. پاشان قەبووڵ کردنی ئەو رۆڵە لە لایەن ژنانەوە دێتە بەر باس. لەم قۆناغەدا تاکی مێینە هەوڵ ئەدا خواستی ژنی ئیدەئال بوون بە دەروونیکردنەوەی نۆرم و بەهاکان جێبەجێ بکات. هەم ئەو ئیدەئالە و هەم پرۆسەی بە ژنانەکردنە، مێنتاڵ و ئاکاری ژنان شکڵ پێدەدەن و هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانیش (لە لایەن پیاوان یان کۆمەڵگاوە) دیاری ئەکەن. لێرەدا سەرەتا تاکی مێینە، بە وتەی هاسلێنجێر، بە هۆی ئەو کۆنتێکستەی باسمان کرد و بە هۆی پێدراوی یان دەستنیشانکراوی (attribution) وەکوو “ژن” کە بە سرووشتی زاتی ئەو دادەنرێت، بە شێوازی گوتاری یان diskursiv چێ دەبێت. پاشان ئەو “ئایدیالی سرووشتی ژنانە” بە چێکردنی جڤاکیانە لە چەشنی پراگماتیستی pragmatic بەهێزدا دەبینێت و وەک وەهمێکی پێشبینیکراو وەسفی دەکات کە لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-سێکسییە ئاڵۆزەکان دامەزراوە و لە راستیدا فڕی بە تایبەتمەندییە دەروونی یان جەوهەرییەکانی ژن بوونەوە نییە. هاسلێنجێر دوو چەمکی مانیسفێست و ئۆپێراتیڤ لە درێژەدا بەکار دێنیت کە هاوکێشەکەی سەرنجراکێش پیشان بدات. بەم پێیە وەهمی جەوهەر و سرووشتی ژنانە (بە رووە کۆمەڵایەتی و جێندەریەکەی دا) بە مانیفێست و ئاشکرا وەسف ئەکا و بە دەمامکێک دەبینێ بۆ بەشی ئۆپێراتیڤی بابەتەکە کە ئەویش بە شێوازی konstitutiv و لە رێی دژکردەوەی سێکسی و جینسی پیاوانەوە بەرانبەر بە ژن دادەنێت. بە کورتی ئەو شتێک بەناوی سرووشتی ژنانە یان سرووشتی بوونی ژنایەتی بە دەستکرد دەبینێ کە بە شێوازی کۆمەڵایەتی و بە هۆی بوونی نۆرم و فۆرمی پێشوەخت و لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی دا درووست دەبن و لێیەوە جێندەر ساز دەبێت.
کاری هاسلێنجێر تەنیا لە شیکردنەوەی ئانتۆپۆلۆژی کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتیان کورت ناکرێتەوە و ئەو هەوڵ ئەدا واوەترەوە بچێ و ستراتیژییەکی سیاسی رادیکاڵ بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سیستەمی سەرکووتی بەرهەم هاتوو لەم کاتاگۆرییانە پێشکەش بکات. بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە نەریتی فمینیزمی ماتریالیستی وەردەگرێ و هەوڵ ئەدا پرۆژەیەکی رخنەگرانە گەشە پێبدا کە بە قەولی خۆی “ئامانجی سەرەکی ئەوە بێت کە جێندەر بە جۆرێک پێناسە و شی بکاتەوە کە بکەوێتە خزمەت ئامانجی بەرابەری و دادپەروەرییەوە” (هاسلەنجێر ٢٠١١: ل.٧٦). بۆ ئەم مەبەستە ئەو لە هەوڵی خۆیدا گەرەکییەتی هێز و فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر عەبای یان دەمامکی جیاوازی بیۆلۆژیک دا ئاشکرا بکات. بە کورتی ئەو پێیوایە ئەو سیستەمی سەرکووتە بە پێی مکانیزمی هێراشی کۆمەڵایەتی هەڵدەسووڕێ کە خۆی لە سەر گریمانەی بە سرووشتی کردنی naturalization بوونی ئەم دەستەبەندی و کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییانەی وەک جێندەر دامەزراە. واتە باس لە نەزمێک ئەکات کە جێندەر وەک بوونێکی سرووشتی دائەنێت وبە جیاکردنەوەی ژن و پیاو لە سەر بنەمای جیاوازی بیۆلۆژیکی نێر و مێیانە، تەنیا بە هۆی بوونی لەشی نێرانەوە پیاوان دەکاتە خاوەن ئیمتیاز، باڵادەست و پێگەیەکی تایبەتییان ئەیاتێ و ژنانیش تەنیا بە هۆی بوونی تایبەتمەندی لەشی مێینەوە ئەخاتەوە پێگەی خوارترەوە. بەم خوێندنەوە جێندەر بۆ ژنان مانای ژێردەستەیی و بوونی ستاتو و پێگە و پرستیژی کۆمەڵایەتی نزمترە لە چاو جێندەری باڵادەستی پیاو. واتە جیاوازییەکان تەنیا بیۆلۆژیک نین بەڵکوو خوازەی کۆمەڵایەتی وەرئەگرن و شوێن و پێگەی تاکەکان تەنیا بە هۆی بوونیان وەک ژن یان پیاو دیاری ئەکات. ئەو پێی وایە کە ئەم هێراشیە بە زۆری لە هەموو کۆمەڵگایەکی مرۆڤی بوونی هەیە و روونی دەکاتەوە کە رەنگە لە کلتورێکەوە بۆ کلتورێکیتر فۆرمەکانی چەوسانەوە و سەرکووت جیاواز بێت بەڵام بە زۆری هەر کامیان رێ و شوێنی و مکانیزمی خۆیان بۆ چەوسانەوەی جنسی و ئیستیسماری توانای منداڵهێنانی ژنان گەشە پێداوە. هاسلێنجێر هەروەها هاوڕا لەگەڵ فمینیسزمی ماتریالیستیدا، روانینی مارکسیستی لە سەر فۆرم و کانتێکستی سەرکووتی جێندەری ژنان واوەتر لە ئێکۆنۆمی و لە بوارەکانی زمان و کلتوریش دا شی دەکاتەوە (هاسلەنجێر ٢٠١١).
٢.٣. ئۆجەلان و هاسلێنجێر؛ جیاوازی و هاوبەشییەکان
هەم ئۆجەلان و هەم هاسلێنجێریش پێوەندیەکی راستەوخۆ و پۆزێتیڤ لە نێوان دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگای مرۆڤی و لابردنی ستەم و چەوساندەنەوەی ژن دەبینن. واتە دادپەروەری کاتێک دەبێت کە ئەم فۆرمە لە چەوسانەوەش کۆتایی بێت. بەڵام ئەم دوو بیرمەندە ئەندیشەی جیاواز و هابەشی زۆریتریان هەیە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە چەند نموونەیان دەکرێت:
یەکەم: پێوەندیدار بە خاڵی جەهەری ئەندیشەی هاسلێنجێرەوە، ئەو جێندەر بە دەستکرد و چێکراویکی جڤاکی دەزانێ کە لە پرۆسەی بە سرووشتی کردنی ئەم سازبوونە جڤاکیانە دێتەوە ئاوارە. لەم پرۆسەدا و لە کانتێکستێکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سۆشالیزەکردنەوە لە رێی نۆڕم، بەها، چاوەڕوانی، پێوەندی هێز و هێڕاڕشیەوە، ژن و پیاو دێنە کایەوە کە ئەگەر چی بوونیان لە سەر جیاوازی بیۆلۆژیکی پاسا دەدەرێت بەڵام لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پیاو دەبێتە جێندەری بەرزتر و باڵادەست و ژن بە پێچەوانەکەیەوە بندەست دەبێت. واتە جێندەر خۆی کێشەیە و بوونی هاوتای نابەرابەرییە. هاسلێنجێر رای وایە کە جێندەر دەبێ نەمێنێت و دەکرێ مرۆڤ کاتاگۆرییەکیتر بەرهەم بێنێ کە ئەم هێڕاڕشی و ئاراستەی هێزەی تێدانەبێت کە یەکیان باشتر و بە پلەی بەرزتر لەویتر ببینێت. ئۆجەڵان ئەم دیدە ئانتۆلۆژیکەی بۆ پرسی جێندەر نیە. ئەگەرچی ئاماژە بەوە دەکات کە جیاوازی بیۆلۆژیک و پرسی مناڵ هێنان و زاوزێ دەبنە هۆی پاساوێک بۆ پیاوسالاری کە ژنان بچەوسێننەوە و لەم روویەوە چەوساندنەوە و کۆیلایەتی بە چێکراوێکی کۆمەڵایەتی دەزانێ. پێوەندیدار بە جیاکردنەوەی سێکس و جێندەر وەک ئەوەی لای هاسلێنجێر هەیە لای ئۆجەلان جیاوازە. بەتایبەت کە ئۆجەلان بوونی جێندەر رێک بە پیاوسالارییەوە نابەستێتەوە و لەو بڕوایەدایە کە مرۆڤ سیستەمی جیا لە پیاوسالاری ئەزموون کردووە کە تێیدا ژنان بە کلتور و تایبەتمەندی زاتی خۆیانەوە بەڕێوەبەری کۆمەڵگایەک بوون کە ئەو بە ناوی قۆناغی پڕشنگداری دایک سالاری ناویدەبات. دیار نییە چەندە ئۆجەلان ئەو قۆناغە بە بوون و چێ بوونی جێندەر دەناسێنێت. یان ئایا ئەو سەردەمە کە بە بۆچوونی ئۆجەلان، هێڕاشی و پێوەندی هێز نەبووە و ژن و پیاو ئازاد و بەرابەر سەیرکراون، هەمان ئۆتۆپیای هاسلێنجێر بێت کە فۆرمی ئێستای جێندەر بە کێشە و مەحکووم بە لە ناوچوون دەبینێ. ئایا ئۆجەلان پیاوسالاری و ساز بوونی جێندەر وەک یەک ئەبینێ یان ئەم گریمانانە لای ئەو رەت ئەکرێنەوە و ئەو باوڕی بە گەشەی پیاوسالاری لە رێڕەوی شارستانیەتی مرۆڤ دایە کە ئاراستەی هێز و ژیانی بەرابەری “جێندەری” تێکداوە؟ ئەم چەند پرسیارە لە پێوەندی بە هزری ئۆجەلان و پرسی دەستپێکی نابەرابەری جێندەری بە ناڕوونی دەمێننەوە و کاری تیۆریک و شیکاری زۆرتریان پێویستە.
دووهەم: ئۆجەلان پرسی ژن بە روویەکی فەلسەفی، سیاسی و رەوتێکی کریتیکاڵی دیالێکتیکەوە ئەخوێنتەوە کە شارستانیەتی نوێی مرۆڤی لە سەر ساز بووە. بەڕای ئەو کۆی دیاردە، دامەزراوە و پێکهاتەکانی ئەم شارستانییەتە لە سەر رەنج، چەوسانەوە، کۆیەلەکردن و بەرخۆدانی ژنان و دواتر مرۆڤ بە گشتی دامەزراوە؛ لەم روویەوە مانیفێستی خەباتێکی رادیکاڵ گەڵالەدەکات کە مرۆڤ بۆ گەڕانەوە بۆ قۆناغی پێش ئەم کارەساتە رێنوینی دەکات. لەم روویەوە پێی وایە خەبات دژی پیاوسالاری پێویستییەکی هەنووکەییە کە هاوکات خەباتە دژی دەوڵەت نەتەوە، سیستەمی چەوسێنەری چینایەتی و پێکهاتە مێتافیزیکییەکان کە رەنجی ژن یاسایی و ئاسایی دەکەنەوە و بەگشتی پێوەندی و ئاراستەی هێز و سیستەمی هێراڕشی و پرستیژی کۆمەڵایەتی دیاری ئەکەن و سیستەمی هەنووکەی جیهانی ئێمە سازدەکەن. هاسلێنجێر ئەم خەباتە بەو گشتگیریەوە نابینێت و زیاتر جەخت لە سەر نەمانی کێشەی جێندەری و پیاوسالاری دەکاتەوە و لەوانەش زوومی لەسەر ئاراستەی هێز و سیستەمی هێڕاڕشیکە. هاسلێنجێر، بە پێچەوانەی ئۆجەلانەوە، کێشەکانی جێندەری، راسیزم و کێشەی سیکشوالیتە و هتد نە لە پێوەندییەکی بەرفراون بە بوونی دەوڵەت و ئایین و لەو کانتێکستە مێژوویی و خوێندنەوەی دیالێکتیکییەوە دەبینێ بەڵکوو سێلێکتیڤتر و بە بژرادە لەگەڵ گۆڕان ئەم بوارە دەجووڵێتەوە.
سێهەم: جیا لە پرسی ئانتۆلۆژی کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێکرا، لە ئاستی ئێپیستمۆلۆژیکیشدا جیاوازی و هاوبەشی زۆر ئەبینرێت. هەر دوولا بە وریایەوە لەو چەمک و دەستەواژانەی لەم پێوەندیەدا بەکاربراون وەک reality, objectivity و verificationism و هتد دەڕوانن. هاسلێنجێر سوورە لە سەر ئەوەی کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوازی ئانتۆپۆلۆژی وەک چێکراوێکی چڤاکی لیکبداتەوە. بەڵام لە هێندی شوێن دا بابەتی وەک reality و سنووری نێوان دەستکرد و سرووشت دا بە ئاڵۆز ناودەبات کە وا دەکات جار و بار پرسەکان، دەستەواژە و چەمکەکان لە ئاستی ئێپیستمۆلۆژیکیشدا ببینێ و ئانالیز بکات. لای ئۆجەلان ئەم پرسە رادیکاڵتر شرۆڤە ئەکرێت. لە بەر ئەوەی ئۆجەلان زانست و بەشێک لە مەعریفەش بە دەستکار و بەرهەمی کۆمەڵگای نێرسالار ئەبینێ و scientism بە ئایینێکی پۆزیتیڤیست ناو دەبات، کە بەڕای ئەو لەگەڵ ئایین و هەڵاواردنی جێندەری وەک چەکی سەرەکی کاپیتالیزم بۆ مۆنۆپۆلکردن و دەستکاریکردنی بیرکردنەوە بەکار دێن. ئۆجەلان پێی وایە کە کاپیتالیزم لە رێگای ئایینەوە بیرکردنەوە و ئەندیشە ولە رێی ناسیۆنالیزمیشەوە پرسی چینایتی و بۆرژوازی کۆنترۆڵ ئەکا. هەروەها کاپیتالیزم لە رێگای هەڵاواردنی جێندەرییەوە هیوا و خۆزگەی ژنان بۆ گۆڕین قۆرەخ ئەکا و لە رێگای بەهێزکردنی پێگەی هێزەوە لە لایان پیاوانە و بە رێگای تووندوتیژی و دەستدرێژی بەردەوام دژ بە ژنان، ئەوان بێ هێز و دەستەوەستان دەکات. زانستی پۆزێتیڤیستی بەڕای ئەو فانکشێن و کاریان خەساندن، بێلایەن و بێکەڵک کردنی دونیا ئاکادیمیک و چینی گەنجانە. هەر ئەم دۆخەش بووتەوە ئەوەی کە بیر لە زانستی ئالتێرناتیڤ بە ناوی زانستی ژنان یان ژنۆلۆژی بکاتەوە (هاسلێنجێر ٢٠١١/ ئۆجەلان ٢٠١٨).
چوارەم: ئۆجەلان و هاسلێنجێر تەنیا تیۆریسیەن و بیرمەند نین، بەڵکوو هەوڵ ئەدەن پرۆژە و ستراتیژی سیاسی تایبەت سەبارەت بە گۆڕانی قووڵ و ریشەیی لە مەڕ نەهێشتینی ستەمی سەر ژنان پێشکەش بکەن. هەر دووکیان لە کارەکانیان لەو بوارەدا و بۆ پێشکەشکردنی مانیفێست بۆ گۆڕانێکی قووڵ، دۆخی سەر ژنان بە کێشەی چینایەتی دادەنێن و دەشوبهێنن. لێرەدا روونە کە هەردووکیان خەبات، ئەزموون و خوێندنەوەی مارکسیستی بۆ گۆڕانی قووڵ و رادیکاڵی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییان لە بەرچاوە. ئۆجەڵان لە بەر ئەوەی یەکەم خویندەوەی لە سەر پرسی ژنان وەک باسکرا خوێندنەوەیەکی رادیکاڵترە و ئازادی ژن بە پێشمەرجی گۆڕانەکانی تری پێویست لە شارستانیەتی مرۆڤ دا ئەزانێ و دووهەمیش خۆی رێبەرێکی سیاسی بزووتنەوەیەکی مەیدانی گەورەیە کە پرسی ئێتنیکی و چینایەتیش نوێنەرایەتی دەکات، زیاتر و نزیکتر بووەتەوە لەوەی بیرۆکەکانی وەک مانیفێستێکی بەهێزی شۆڕشگێڕانە بخاتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. لەو پێوەندییەدا دەڵێ ئێمە ” تیئۆری گونجاو و پێویست، بەرنامە و پرۆگرام، رێکخراو و ئۆگانیزەیشێن و مکانیزمان گەرەکە بۆ ئەوەی ئازادی ژنان بەدی بهێنین” (ئۆجەلان ٢٠١٨: ل.١٢)
باس و بەراوەردی بیر و ئەندیشە و رێبازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سالی هاسلێنجێر یان فمینیزمی پێشرەو بە گشتی دەکرێ زیاتر و وردتر شی بکرێنەوە و جیاوازی و هاوبەشی و کریتیکی سەریان شرۆڤە بکرێن. ئەوەی بەڵام بۆ ئەم راڤە کورتە گرینگ و مەبەست بوو پیشاندانی بیر و ئەندیشەی پێشرەو و رادیکاڵی پشتی پرسی ژن و جێندەر و گۆڕان لەو بوارەدا بوو. بینیمیان کە هەم ئۆجەلان و هەم لانیکەم فمینیزمی ماتریالیسیت زۆر رخنەگرانە و رادیکاڵ مێژوو، سیستەمی ئاڵۆز و هیڕارشیکی کۆمەڵایەتی و پێوەندی هێز لە پیاوسالاریدا شرۆڤە دەکەن. رێگاچارەشیان بۆ ئەم پرسە، چارەسەریەکی رادیکاڵ بۆ نەمانی یەکجارەکی سیستەمی پیاوسالارییە کە خۆی بە مانای پاشەکشێی زۆربەی ئەنیستیتۆشن و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دێت کە لای ئێمە و بۆ دونیای ئەمڕۆی ئێمە ئاسایی، سرووشتی و رەنگە نەگۆڕ بێنە بەرچاو. بەتایبەتی ئۆجەلان چارەسەری پرسی ژن هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان سەیر ناکا، بەڵکوو بە پرسی سەرەکی و هەنووکەیی و یەکلاکەرەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی، بەرابەری، دادپەروەری و دێمۆکراسی دەزانێت.
١.سەرهەڵدانی “ژن ژیان ئازادی” لە ئێران دا
ئەگەر بەم پاشخانەوە باسی پرسی راپەڕینی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و ئەوەی دەگوترێ شۆڕشی ژینا بکەین، کە “ژن ژیان ئازادی” درووشمی سەرەکیەتی، ئەوە گرینگە ئەم کۆنتێکستەی پشتی خەباتی فمینیستی و بەرابەری دەرک بکەین کە خۆی رووبەرووی زۆرینەی دێسکۆرسە سیاسی-کۆمەڵایەتییە بەرچاوەکانی ئێستای کۆمەڵگای کوردستان و ئێران دەبێتەوە. بەتایبەتی لە دوو دەیەی رابردوودا، دێسکۆرسی بەرابەریخوازی، و فرەرەنگی لەو کۆمەڵگایانە دەنگی کزتر و رەنگی بزرتر بووە و فەزای سیاسی ئەوان زیاتر بەرەو ناسیۆنالیزم، گووتاری نیشتمان پەرەستی، راست و کۆنزێرڤات چووە. ئەمە ئەو وێنەیە بوو کە ئۆپۆزیسۆن بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵات و لە لایەن میدیای مەینسترێم یان باڵی راستەوەدا نیشانیان ئەدا کە لانیکەم بە نیسبەت پرسی ریشەیی جێندەرەوە هاوبەشی زۆریان لە زۆر شوێندا لەگەڵ روانینی پۆزیسیۆنیش دا بووە. لەم دۆخەدا پرسی چینایەتی، خەڵکی پەراێزخراو و پرسی ئیتنیکە غەیرە فارسەکان، ژنان، پەلکەزێڕینەکان، پرسی ژینگە و ئێکۆلۆژی، هەژاری، ئایینیەکان، دادپەروەری و بەرابەری و هتد هیچیان نابنە رۆژەڤ یان ئەجێندای سیاسی ئەو لایەنانەی پرۆژە بۆ داهاتوو پێشکەش دەکەن. یان ئەوەی لە پلانیان بۆ داهاتووی “ژیانی هاوبەش و پێکەوەیی” لە ئێران دا، مافی خەڵکی سەر بە کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان لە سەر ئەساسی مافە مرۆڤییەکانی خۆیان لە بەرچاو ناگیرێ بەڵکوو ئەجێندای تەسک و بەرچاو تەنگی لایەنەکان خۆیان پێوەرە دەبێ. پێوەرێک کە خەڵکی پەڕاوێزخراو بە بیانووی جیاخوازی سەرکوت و بە وشەی سواو و پڕگووماناوی تیرۆریست یان جیا خواز و بە زمانێکی سێکسیستی و تەنانەت فاشیستی لەگەڵ ئەم جیاوازییانەدا هەڵسوکەوت دەکەن. لەم نێوەندەدا بەتایبەت پرسی ژن لەو روویەوە گرینگە کە ژنان دوای شۆڕشی ١٩٧٩ یەکەمین گرووپ بوون کە هەم ئیدۆئۆلۆژیک و هەم بە پراکتیکیش لەلایەن ئیسلامی سیاسی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانەوە کەوتنە ژێر زەبر و زەنگ و لەشیان کرایە شوێنی رەمبازێنی دوو گووتاری ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستیەوە.
لەم دۆخەدا هاواری “ژن ژیان ئازادی” لە سەقز بەرز دەبێتەوە و بە خێرایەکی بێ وێنە لە مێژووی سیاسی هاوجەرخی ئێراندا لە تاران، تەورێز، زاهیدان، گیلان و کەلین و قوزژبنی جوغرافیایی سیاسی ئێراندا زایەڵەی دەبیسرێت. ئەم درووشمە زوو دەبێتە زمانی ئەم راپەڕینە مەزنە و خۆی بە سەر هەموو لایەنیک دا دەسەپێنێ کە بەردەوام هەڵوەدای درووشمی زبری ناسیۆنالیستی خۆیان لە نێو کۆمەڵگادا بوون. لە دەرەوەش و بە شێوازێکی بێ وێنەدا لەلایەن بیر و رای گشتی، چالاکانی فمینیست، هونەرمەندان و وەرزشڤانانەوە پشتگیری دەکرێ و دەبێتە دەنگێکی سەراسەری کە لە شەقامەکانی دونیای ئازادیش دا لە لایەن خەڵکانی خۆجێی و لە رواڵەت ئازادیشدا دەگوترێتەوە. لە نێوخۆشدا دەنگی ئەو لایەنانەی ئەجێندای سیاسیان دژایەتی “ئەویتر”ە، کز دەکا و خەڵکی سەر بە نەتەوە بندەستەکان گۆرانی و درووشـم بۆ یەک دەڵێنەوە و سەرنجەکان بۆ لای خەڵکی پەراوێزخراو دا دەبات و هاودەنگی ساز دەکات. ئەم دۆخە و ئەم درووشمە، ئەو کۆنتێکستەی هەیە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا و وەک دەبینین لەم حاڵەتە ساوایەی خۆشیدا تەنگ بە گوتارە دژە ژنەکان، زمانە سێکسیستیەکان، پرۆژە ناسیۆنالیستیەکان و چینی بان دەستی کۆمەڵگا هەڵدەچنێ و هەموو لایەک تووشی سەرسووڕمان دەکات کە ئەم هاوارە لە کوێیەوە دێت و چی ئەوێت. لەو پێناوەشدا زۆر جار هەوڵ دەدرێت بە دژە گووتار، “ژن ژیان ئازادی” کە بە هەموو زمانێک جوانی و پڕواتایی خۆی دەپارێزێ بە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی، ئایینی و چینایەتی خۆیانەوە دەستکاری بکەن و بیشێوێنن. گەڕانەوە و باسکردنی ئەم کۆنتێکستە لەو روویەوە گرینگە کە لەسەر ئەم راستییە پێداگری بکرێتەوە کە پیاوسالاری سیستمی زاڵی جیهانییە و بە قووڵی لە شارستانیەت، بیچم و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ژیانی تاکی و کۆیی مرۆڤەکاندا رەگی داکووتاوە. ئەگەر بێت پیاوسالاری خۆی نەبیتە مژاری گۆڕانی رادیکاڵ و شکستی یەکجارەکی نەبێتە ئەجێندا و دیسکۆرس بۆ شۆڕشی ئازادی و بەرابەری، ئەوە زۆرینەی ویست و داخوازی و هەوڵەکان بۆ گۆڕانیش دواجار هەر لە نێو ئەو سیستەمە و لە خزمەت پیاوسالاری دا دووبارە بەرهەم دێنەوە و رزگاری هیچ لایەن و کۆمەڵگایەکی بە دواوە نابێت.
“ژن ژیان ئازادی” مانیفێستێکە بۆ شۆڕشێکی قووڵ لە رێگای رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سیستەمی هێرارشی و پرەستیژی کۆمەڵایەتییەوە کە مرۆڤەکان بە پێی جێندەر، ئەتنیک و رەنگی بیۆلۆژیکی جەستەیان، پێگەی چینایەتیان، ئاراستەی سێکسوالیتەیان و هتد دەکاتە ئامانجی هەڵاواردن. بەو پێیە و لە بەستێنی کۆمەڵگای فرە چەشنی ئێراندا دەرفەتێکی مەزنە کە مرۆڤەکانی سەر بەم جیاوازی و فرە چەشنیە، ستراتێژی شۆڕشیان لە سەر بنەما سەرەکییەکانی لابردنی ستەم، هەڵاواردن، و نادادپەروەری دابرێژنەوە و بەشیک نەبن لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم دیاردانە. گووتاری بەرابەری خوازی، گووتاری خەڵکی پەراوێزخراو و چەوساوەیە لە سیستەمی هیڕارشێکی پیاوسالاریدا، کە لە رێگای ئایین، دەوڵەت نەتەوە و نەریتی پیاوسالارییەوە و بەتایبەتی لە دونیاری ئەمرۆیدا لە لایەن “مۆدێرنیتەی کاپیتالیستییەوە” بەقوولی بەردەوامی هەیە و تا دێ ئەم کەلێنانە گەورەتر و خەڵکی زیاتریش پەراوێزدەخرێن و دەچەوسێنەوە، هەروەها فۆرمەکانی چەوساندەوە زیاتر بەریەک ئەکەون و لێک دەئاڵێن.
بەم هۆیانەوە “ژن ژیان ئازادی” بۆ کورت ماوە چالێنج و ئاستەنگی زۆری لە لایەن ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و ناوچەکەدا لە سەر رێ دەبێت، کە بیچم و ناوەرۆکیان لە سەر پیاوسالاری قووڵ بنیات نراوە. بەڵام پتانسیەلی گەورەی لە کۆکردنەوە و هاوبەشکردنی خەڵکانی چەوساوەی ئێران و ناوچەکەش دژ بە سەرچاوە و بنکەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەبێت و ئەتوانێ “نەخشە رێگای” گەیشتن بە سەربەستی، بەرابەری مرۆڤەکان و پێوەندی تەندرووستیان بە ژینگەی دەورووبەریانەوە بێت.
١.کۆتایی
لە سەر بنەمای ئەم شیکردنەوە لە سەرەوە پێشکەشکرا، ئەتوانرێ بوترێت کە: یەکەم، درووشمی مانیفێستیانەی “ژن ژیان ئازادی” خاوەن ناوئاخن و سرووشتێکی رزگاریخوازانەیە. دووهەم، بەردەنگی ئەم مانیفێستە بە تەنیا خەڵکی سنوورێکی دەستکردی ئینسانی نییە. لەبەر ئەوەی پیاوسالاری سیستەمێکی جیهانییە، خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری ژنیش لە هیچ سنوورێکی دەوڵەت نەتەوەیی، یان چینایەتی و جێندەریدا قەتیس نامێنێتەوە. سێهەم، سرووشتی یونیوێرساڵ و رزگاریخوازانەی رێ لە مۆنۆپۆل کردنی ئەم درووشمە و ئەم خەباتەش دەگرێ و هەروەهاش رێ بە بایکۆت، دەستکاری و لە خشتەبردنیشی نادات. ئەم خاڵە نابێت ببیتەوە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە لە کانتێکستەکەی خۆی دەربێنین یان رێ لە شرۆڤە و رەخنەکردنی بگرین. چوارەم، سەرهەڵدانی ژنان و داواکاری بەرابەری بە گشتی، درزێکە لە سیستەمی سەرکووتکاریدا، سیستەمێک کە جیهانی ئەمرۆی ئێمەی لە سەر بنیاتنراوە. بەم پێیە هەوڵ بۆ گۆڕانی قووڵ و بنەڕەتی، لە ڕێی شۆڕشی بەرابەریخوازیەوە، هەڵوەشاندنەوەی کۆی ئەم دیاردە، دام و دەزگا، پێکهاتە، دێسکۆرس و ئایدۆلۆژییە بە ڕوالەت نەگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانە لە خۆی ئەگرێت، کە بیچم و ناوئاخنێکی پیاوسالارانەیان هەیە.
سەرچاوەکان:
- Dirik, Dilar (2021): The Kurdish women’s movement. History, theory, practice. London: Pluto Press.
- Haslanger, Sally (2021): Der Wirklichkeit widerstehen. Soziale Konstruktion und Sozialkritik. Erste Auflage. Hg. v. Daniel James. Berlin: Suhrkamp (suhrkamp-taschenbuch wissenschaft, 2174). Online verfügbar unter https://ebookcentral.proquest.com/lib/kxp/detail.action?docID=6828499.
- Lepold, Kristina (2013): Anzeige von Sally Haslanger: Resisting Reality: Social Construction and Social Critique. v. Zeitschrift für philosophische Literatur. Online verfügbar unter https://zfphl.org/article/view/35304/32711, zuletzt aktualisiert am 01.09.2022, zuletzt geprüft am 01.09.2022.
- Öcalan, Abdullah (2014): Befreiung des Lebens. Die Revolution der Frau. Köln, Neuss: Internationa-le Initiative Edition; Mesopotamien-Verlag.
- Piccardi, Eleonora Gea; Barca, Stefania (2022): Jin-jiyan-azadi. Matristic culture and Democratic Confederalism in Rojava. In: Sustain Sci 17 (4), S. 1273–1285. DOI: 10.1007/s11625-022-01099-x.