نووسینی: پێتەر یێردەفۆرش
لە سوێدییەوە: ڕێنێسانس
ئێستا ده‌چینه سه‌ر پرسیاری دووهه‌م: چۆنه ئێمه دهئاخڤین؟ خۆ مرۆڤ ده‌توانێ به شێوه‌ی دیکه‌ش بدوێت…
بێگومان، هه‌رچه‌ند زمانی ئاخافتن ته‌نیا دووسه‌دهه‌زار ساڵێکیشی ته‌مه‌ن بێ، مرۆڤه‌کان توانیویانه به شێوه‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ر پێکه‌وه بدوێن. زۆر یه‌کتر دواندن هه‌ن که زمانی ئاخافتنیان ناوێ. ئه‌وه به روونی له زمانه هێماییه‌کاندا ده‌بینرێ که که‌ڕه‌کان له سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌کاری ده‌که‌ن. ئه‌و جۆره زمانانه سیسته‌مێکی ته‌واو فراژۆتووی گرامێر و وشه‌دانێکی به‌رفراوانیشیان هه‌یه و ئێمه ده‌توانین به‌و زمانه، به‌بێ ئه‌وه‌ی [به ده‌نگ] قسه بکه‌ین، پێکه‌وه بدوێین.
زمانی که‌ڕان فۆڕمێکی پێشکه‌وتووی دانوستهندنه. به‌ڵام جۆرێکی دیکه‌ی زۆر سه‌ره‌تاییش هه‌یه که هه‌موومان لێی تێده‌گه‌ین: کاتێک ده‌چینه وڵاتێک که زمانه‌که‌یان نازانین، ده‌توانین به بزواندنی ده‌ست و سه‌ر و ده‌م هه‌موو پێداویستییه‌کانمان دابین بکه‌ین.
ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌ر له “هۆمۆ ساپیێنس” هه‌بوو، پێی ده‌گوترێ “هۆمۆ ئێرێکتووس”. مرۆڤی به‌پێوه ـ ڕاوه‌ستاو. ده‌روونناسی کانادایی مێرلین دۆناڵد پێی وایه که هۆمۆ ئێرێکتووس مۆدێلێکی فراژۆتووی دانوسته‌ندنی هه‌بووه که پشتی به جووڵه به‌ستووه. مرۆڤ ده‌توانێ له رێگای لاسایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی ئاو دێنێ، به که‌سێک بڵێ ئاو بێنه. منداڵێک ده‌توانێ لای گه‌وره‌ساڵان سکاڵا له کارێکی نه‌گونجاوی خوشک یان برایه‌کی گه‌وره‌تری بکات. مرۆڤ ده‌توانێ له رێگای دووباره‌کردنه‌وه‌ی جموجۆڵه جۆربه‌جۆره‌کانیه‌وه، پلانێک بۆ راوکردن داڕێژێت. ئێمه به‌و جۆره ده‌توانین به نمایشت کردن ـ یان بڵێین لاسایی کردنه‌وه‌ی کرداره‌کان ـ به یه‌که‌وه بدوێین. ئابا و ئه‌ژدادی ئێمه جووله‌ی ده‌ست، قاچ و ده‌موچاو و به دڵنیایییه‌وه ده‌نگیشیان ده‌کارکردووه بۆ یه‌کتر دواندنی به نمایشت.
یه‌که‌م ته‌وره پێشکه‌وتووه‌کان له لایه‌ن هۆمۆ ئێرێکتووس ـه‌وه دروست کران. که‌واته دروستکردنی که‌لوپه‌ل به‌ر له ئاخافتن سه‌ری هه‌ڵداوه. دروستکردنی که‌لوپه‌ل پێویستی به کۆمه‌ڵێک جووڵاندنی ده‌ست هه‌یه. به‌گوێره‌ی هێندێک تیۆری ئه‌و توانایه (جووڵه‌ی ده‌ست) پێویست بووه بۆ ئه‌وه‌ی دواتر زمانی ئاخافتن سه‌رهه‌ڵدا و گه‌شه بکات، چوونکا ئاخافتن کۆمه‌ڵێک جووڵه‌ی ده‌م و لێوی پێویسته. هه‌روه‌ها پێوه‌ندییه‌کی به‌هێزیش هه‌یه له نێوان توانستی به ئه‌نجام گه‌یاندنی نه‌خشگه‌لی ئاڵۆز و پێچه‌ڵاوپووچی جووڵه‌کان ـ به تایبه‌ت جووڵه‌ی ده‌ست ـ وه توانا زمانییه‌کان. پێوه‌ندییه‌که ته‌نیا زمانی ئاخافتن ناگرێته‌وه ـ ئه‌و کهڕانهی خوارووی به‌شی دواوه‌ی لای چه‌پی مێشکۆڵه‌ی پێشهسهریان (Brocas area) زیان ده‌بینێ، توانای ئاخافتنی به ئاماژه‌یان نامێنێ.
سروشتناسهکانی مرۆڤ ئه‌و تیۆرییه پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه که پێی وایه زمانی نمایشت کردن به‌ر له زمانی ئاخافتن په‌یدا بووه. ئه‌وان پشت به‌وه ده‌به‌ستن که: زمانی ئاماژه، له لایه‌ن هێندێک له سوورپێسته‌کانی ئه‌مریکا و بڕێک له خه‌ڵکه خۆجێییه‌کانی ئوسترالیا، تا ئێستاش هاوکات له‌گه‌ڵ زمانی ئاخافتن ده‌کار ده‌کرێ. ئاماژه باشتره له ئاخافتن له کاتی راوکردندا، چوونکا ده‌نگ نێچیره‌که ده‌ڕه‌وێنێته‌وه. پشتیوانه‌یه‌کی دیکه بۆ ئه‌وه‌ی زمانی ئاماژه به به‌شێک له فراژۆتنی زمانی ئاخافتن بزانین ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌یه که له‌سه‌ر منداڵان کراوه: له به‌رایی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌دا که منداڵ ده‌گاته سنووری دووساڵه‌ی خۆی له گه‌شه‌ی زمانی‌دا، به که‌یفه‌وه ژێستێک له‌گه‌ڵ وشه‌که تێکه‌ڵ ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی هێز به واته‌ی ده‌ربڕینه‌که ببه‌خشێ. ده‌توانێ به ده‌ستان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێک هێڵکاری بکا و بڵێ “حهوحهوهکه”، ئه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێ سه‌گه‌که بازی دا.
نمایشت کردن توانایه‌کی زۆر بناغه‌یی تره له‌وه‌ی که ئێمه پێی حهسیاوین (شعوورمان پێ شکاوه). رێگه‌م بده‌ن با ئه‌وه به تاقیکارییه‌کی سه‌ره‌تایی پیشان بده‌م که بۆ تیشک خستنه سه‌ر کاریگه‌ریی زمانی جووڵه له‌سه‌ر ئێمه کراوه. پیاوێک چیرۆکێک بۆ چه‌ند که‌سی به‌شدار له تاقیکردنه‌وه‌که‌دا ده‌گێڕێته‌وه. بۆ نموونه ئه‌و باسی ئه‌وه ده‌کا که ملوانکه‌یه‌کی زێڕی بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی کڕیوه. هاوکات که ده‌ڵێ “ملوانکه”، به ده‌ستی چه‌پ میچی راستی خۆی ده‌گرێ. کاتێک له گوێگره‌کانیان پرسی داخوا کابرا چی بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی کڕیبوو، نزیک به هه‌موویان گوتیان میچهوانه (ده‌ستبه‌ند). روونه که نمایشتکردنی میچهوانه کاریگه‌ریی زیاتری بووه له گوتنی “ملوانکه‌م کڕیوه”. ئه‌نجامی ئه‌و تاقیکارییه گوزاره له‌وه ده‌کات که نمایشتکردن (نیشان دان) تا ئێستاش واته‌یه‌کی یه‌کجار زۆری هه‌یه، هه‌رچه‌ند ئێمه ئێستا زیاتر به زمانی ئاخافتن پێکه‌وه ده‌دوێین.
ئاخافتن ده‌توانرێ وه‌ک جووڵه یان ژێستی ده‌نگ لێکبدرێته‌وه
نمایشتکردن رێگای بۆ زمانی ئاخافتن خۆش ده‌کا. مێشک، له رێگای خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ تێکهه‌ڵکێش کردنی جووڵه‌کان، خۆی ئاماده ده‌کا بۆ وه‌رگرتنی زنجیرۆکهکانی رستهناسی (syntax). زمانی ئاخافتن له سه‌ره‌تاوه جێگره‌وه‌ی زمانی نمایشت نه‌بووه، به‌ڵکوو ده‌توانرێ وه‌ک فراژێوی (هۆکاری فراژۆتن) وی چاوی لێ بکرێ. ئاخافتن ده‌توانرێ وه‌ک جووڵه یان ژێستی ده‌نگ لێکبدرێته‌وه. بۆ ده‌کارکردنی زمانی ئاخافتن ده‌بێ بتوانین هۆکاره بزوێنهرهکانمان ئاراسته بکه‌ین، به‌ر له هه‌موویان ماسوولکه‌کانی ده‌م و تاری ده‌نگه‌کانمان. به‌بێ کۆنترۆڵیکی وا به‌سه‌ر ئه‌و ماسولکانهدا ته‌نانه‌ت ناتوانین مینگه مینگیش بکه‌ین. وه گاڵه‌گاڵی منداڵ به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه له فراژۆتنی زمانه‌وانیی وی‌دا. ده‌توانین هاوته‌ریبێکی سه‌رنجڕاکێش له‌و منداڵه کهڕانهدا بدۆزینه‌وه که له‌گه‌ڵ زمانی هێمایی گه‌وره ده‌بن. ئه‌وان ناتوانن بزوێنه‌ره‌کانی ده‌نگیان رابێنن، به‌ڵام جووڵه‌کانیان رادێنن ـ ئه‌وان به ده‌ستان گاڵه‌گاڵ ده‌که‌ن.
وه‌ک ئامرازی یه‌کتر دواندن، ئاخافتن به چه‌ندین جۆر کاریگه‌رتره له زمانی جووله: به پله‌ی یه‌که‌م چوونکا ده‌کرێ ژماره‌یه‌کی زۆرتر “وێنه‌ی ده‌نگی” به ده‌م و لێو دروست بکه‌ین که به نۆبه‌ی خۆیان ده‌توانن رۆڵی هێما و ئاماژه بگێڕن ـ به‌و جۆره گه‌نجینه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندتری وشه‌مان ده‌که‌وێته به‌ر ده‌ست له به‌راورد له‌گه‌ڵ زمانی جووڵه‌دا. هۆکارێکی دیکه ئه‌وه‌یه که له ئاخافتندا ده‌سته‌کانمان ئازادترن بۆ سه‌رقاڵیی دیکه. هۆکاری سێهه‌میش ئه‌وه‌یه که ئاخافتن له تاریکیشدا کاری پێ ده‌کرێ، به‌ڵام زمانی جووڵه وا نییه. که‌وایه هۆکارگه‌لی باشی پشتبه‌ستوو به فراژۆتنی هه‌نگاو به هه‌نگاو (evolutionary) له‌گۆڕێدان بۆ ئه‌وه‌ی زمانی ئاخافتن له درێژخایه‌ندا زمانی جووڵه/نمایشت له مه‌یدانه‌که وه‌ده‌ر نێت و ببێته ئامرازی پێکه‌وه ئاخافتنی مرۆڤه‌کان.
هه‌رچه‌ند هۆمۆساپیــێنس یه‌که‌م بوونه‌وه‌ر بوو که زمانێکی ئاخافتنی هه‌بێ، به‌ڵام زه‌مه‌نێکی زۆری ویستووه هه‌تا ئه‌و زمانه‌ی ئێستا په‌یدا بووه. ئێمه ده‌توانین به دابه‌شکردنێکی خێرا و ناڕێکوپێك، داروپه‌ردووی زمان به‌سه‌ر دوو گرووپدا دابه‌ش بکه‌ین ـ “گرامێری” و “واتاناسی”. (Semantic) گرووپی واتاناسییهکه ئه‌و به‌شه‌ی زمان ده‌گرێته‌وه که ناوه‌رۆکی مانابهخشانهی زمان له‌خۆ ده‌گرێ، له کاتێکدا گرووپه گرامێرییهکه به‌و مه‌به‌سته ده‌کار ده‌کرێ که یه‌که (به‌ش) مانابهخشهکان بخاته‌وه سه‌ر یه‌ک، بۆ له‌ناوبردنی دوو‌مانایی.
زمان‌ناسی ئه‌مریکی دێره‌ک بیکێرتن وای بۆ ده‌چێ که قۆناغێک له ژیانی مرۆڤدا هه‌بووه که ئاخێوه‌ر ته‌نیا به‌شه سێمانتیکهکانی زمانی ده‌کار کردووه. ناوبراو بۆ ئاوبڕکردنی (به‌هێزکردن) تێزه‌که‌ی باسی ئه‌وه ده‌کات که تا ئێستاش هێندێک زمان هه‌ن که ستروکتوورێکی زۆر ساده‌یان هه‌یه: منداڵ، له ساته‌کانی به‌ر له گه‌یشتن به سنووری دوو ساڵه‌دا، به قۆناغێکی زمانی‌دا تێده‌په‌ڕێ که رسته‌کانی له دوو وشه پێک دێن، به‌بێ نیشانه‌گه‌لی سێمانتیکانه. ئه‌و مه‌یموونانه‌ی له راهێنانه زمانییه‌کاندا به‌شدار ده‌بن، قه‌ت زمانێک به گرامێره‌وه فێر نابن، به‌ڵکوو له شوێنێکدا ده‌مێننه‌وه که قۆناغی دووساڵه‌ی منداڵانمان وه‌بیر دێننه‌وه. کاتێک دوو کو‌لتوور، که له بواری زمانییه‌وه خزمایه‌تییان نییه، رووبه‌ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه، زمانێکی چکۆڵه‌ی کاتی سه‌ر هه‌ڵده‌دا که ستروکتوورهکهی وه‌ک “رسته‌ی دوو وشه‌یی” ده‌چێ. تیۆریی بیکێرتن ئه‌وه‌یه که هۆمۆ ئێرێکتووس شێوه ـ زمانێکی (proto-language) سه‌ره‌تایی هه‌بووه و ئه‌و زمانه‌ی ئێستا ستروکتوورێکی گراماتیکیشی هه‌یه، یه‌که‌مجار لای هۆمۆ ساپیــێنس سه‌ری هه‌ڵداوه.
مرۆڤ ده‌توانێ له خۆی بپرسێ که داخوا زمانێکی به ستروکتوور به چ شێوه‌یه‌ک باشتره له شێو ه ـ زمان بۆ دانوستهندن. گه‌وره‌ترین سوودی زمانی به ستروکتوور ئه‌وه‌یه که نیشانه گرامێرییهکانی زمان، دوو‌مانایی شته گوتراوه‌کان که‌متر ده‌که‌نه‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر منداڵێک له دایه‌نگه بێته‌وه و بڵێ ” ناخوا ماسی” نازانین داخوا ئه‌وه منداڵه‌که‌یه که ماسیی نه‌خواردووه (یان نه‌یویستووه بیخوات) یانیش ماسیی ناو ئاکڤاریۆمهکهیه که ئه‌و پارچه چکلێتهی منداڵه‌که ویستوویه‌تی بیداتێ نه‌یخواردووه. به‌ڵام گرامێر زمان له چنگاڵی ده‌وروبه‌ر رزگار ده‌کات، چوونکا له رێگای گرامێره‌وه به سێنایی ده‌توانین پیشانی بده‌ین داخوا باس له ئێستا یان له رابردوو ده‌که‌ین.
درێژه‌ی هه‌یه…