هێرشی حەماس- و لە پاڵیدا ڕۆڵی ئێران- وەهمەکانی واشنیگتۆنی  کرد بە بڵقی سەرئاو

 

سوزان مالۆنی؛ فارێن پاڵسی

لە ئینگلیزییەوە: سۆران محەمەدی

 

سەربازێکی ئیسرائیلی لە سدێرۆت، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣
سەربازێکی ئیسرائیلی لە سدێرۆت، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

 

هێرشە شۆکهێنەرەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەسنیشانکردنی خاڵی سەرەتا و کۆتایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین خێراتر کردووە. ئەوەی بە شێوازێکی بێ‌پسانەوە دەستی پێکردووە، شەڕێکی خوێناوی و پڕ لە تێچوو لە داهاتوویەکی نزیکە کە ئازاربەخشانە لە ڕەوت و دەرەنجامەکانیدا پێشبینی‌نەکراو دەبیت. ئەوەی ئێستاکە کۆتایی پێ هاتووە و وا دێتە بەرچاو پێویستە هەموو کەسێک لێی مکوڕ بێت، کۆتایی‌هاتنی ئەم وەهمەیە کە دەیگوت ئەمریکا دەتوانێت لە ناوچەیەک وەدەربکەوێت کە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا بە سەر ئاجێندای ئاسایشی نەتەوەییدا زاڵ بووە.

بە دژواری دەکرێت تەنیا ئیدارەی بایدەن بەوە تاوانبار بکرێت کە بە تەنیا ئەم هەوڵەی دەدا. بیست ساڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، هاوکات لەگەڵ شکستهێنانی پرۆژەی نەتەوەسازی لە ئەفغانستان و عێراق، کاریگەرییەکی ترسناکی لە سەر کۆمەڵگە و سیاسەتی ئەمریکا دانا و پارەی ئەمریکای بۆ ئەمە بە فیڕۆ دا. سەرۆک کۆمار بایدن کە میراتگری دەرەنجامە ناڕێکەکانی ڕەهەندی ئاڵۆزی ترامپ لە ناوچەکەیە، لەوە تێگەیشت کە تێوەگلانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناڤین، سەرەنجی ئەم وڵاتەی لە کێشە دەمودەستەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هێزی بەرەوگەشەی چین و هێزی ڕووەو کاڵبوونەوەی ڕووسیا بەلارێدا بردووە.

لەمڕووەوە، کۆشکی سپی ستراتێژییەکی داهێنەرانەی بۆ وەدەرکەوتن لەم دۆخە و لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین گەڵاڵە کرد و هەوڵیدا هاوکێشەیەکی نوێی هیز لە ناوچەکە بەدیبهێنێت تا رێگە بۆ ئامادەبوونی کەمتری ئەم وڵاتە خۆش بکات و هاوکات سەرەنجەکانیش لەسەر خۆی کەمتر بکاتەوە و دڵنیاش بێت لەوەی چین ئەم بۆشاییە پڕ ناکاتەوە. لە بەردەوامیدا هەوڵدانی دیرۆکیی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نیوان ئسراییل و عەرەبستانی سعوودی، هەڵگری بەڵێنی فەرمی ئەم وڵاتە بوو بۆ دوو هاوبەشی گرینگی ناوچەیی واشینگتۆن؛ تا ئەم دوو وڵاتە لە دژی دووژمنە هاوبەشەکەیان، واتە ئێران، هاوتەریب بکات و لەلایەکی دیکەشەوە سعودییەکان لە دەرەوەی دەوری ستراتێژیی چین کۆ بکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵدانانە، ئەم ئیدارەیە هەوڵی کەمکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ ئێران، وەک مەترسیدارترین دوژمنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- یشی دەدا. واشینگتۆن دوای هەوڵی شکستخواردووی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتننامەی ناوەکی ساڵی ٢٠١٥، [بەرجام] هەنگاوەکانی خۆی لە سەر تەنینەوەی تۆڕێکی ئاڵۆزکاوی ئاستەنگی و سزاکان، چاوەدێریکردنی بەرنامەی ناوەکی ئێران و هەر وەها پلانی “بی” و لێکتێگەیشتنە نافەرمییەکان پەرەپێدا. لە سەر ئەم بنەمایە ئەمریکا هیوادار بوو لە بڕی پاداشتی ئابووری نە زۆر گەورە، تاران لەوە تێگەیێنێت کە چالاکییەکانی خۆی لە بواری بەرنامەی ناوەکیی خۆی خاو بکاتەوە و لە دەستتێوەردانە ورووژێنەرەکانیشی لە ناوچەکە پاشگەز بێتەوە. قۆناخی یەکەم لە مانگی سیپتەمبەر، بە رێککەوتنێک لەسەر ئازادکردنی پێنج ئەمریکایی بە ناڕەوا دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانی ئێران دەستی پێکرد. ئەم رێککەوتنە ڕێگەی دا بە تاران دەستی بە  ٦ ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتەکەی کە پێشتر بلۆکە کرابوو، ڕابگات. هەر دوو لایەن لەسەر دانوووستانەکانی عومان نیشاندا. دیار بوو بە هۆی چەورکردنی دامودەزگای دیپلوماسی ئێران بە پارەی هەناردەکردنی بێ‌وێنەی نەوت ئەم دەرفەتە لوابوو؛ ئەمەش بە نووقاندنی چاوی واشینگتۆن لە سەپاندنی سزاکان دەستەبەر بوو.

بەوپێیەی هەنگاو بەرەو گەمە سیاسییە گەورە مەبەستدارەکان دەنرا و لەم ناوەدا بەتایبەت یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی بەرژەوەندیی نێوان سەرکردەکانی ئسراییل و سعوودیا کە بەر لەوە گوشاری بەهێزی بۆ هاوکاریی دوولایەنەی زیاتر سەبارەت بە مژارە ئەمنی و ئابوورییەکاندا هێنابوو، پشتیوانی لێ دەکرا. ئەگەر ئەم هەوڵدانانە سەرکەوتوو بووایە، لەوانەبوو یەکڕیزییەکی نوێ لە نێوان هەر دوو ئاکتەرە سەرەکییەی ناوچەکەدا بۆ گۆڕینی ڕاستەقینەی ئاسایش و ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی بسەندبایە.

چ هەڵەیەک ڕوویدا؟

بەداخەوە لەوانەیە ئەم بەڵێنە مایەی پووچەڵکردنەوەی ئەم هەوڵدانانە بووبێت. هەوڵی بایدن بۆ دەرکەوتنی خێرا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین کێماسییەکی چارەنووسسازی هەبوو: ئەو یارمەتیی و هاندەرانەی بە ئێران دران، لە لایەن ئەم وڵاتەوە، وەک تێکدەرترین ئاکتەری سەر شانۆکە، بە هەڵە لێکدرایەوە. ئەوە هەرگیز جێگەی متمانە نەبوو کە تێگەیشتنە نافەرمییەکان و گەمەکردن بە کەمکردنەوەی ئابلۆقەکان بۆ ئارامکردنەوەی کۆماری ئیسلامی و پڕکسییەکانی، کە پێزانینێکی قوڵ و دوورودرێژیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە قازانجی  بەرزبوونەوەی پێشخستنی بەرژەوەندییە ستراتێژیک و ئابوورییەکانیان هەیە، هەوڵدانێکی تێر و تەسەل بێت. ڕێبەرانی ئێران هەموو هاندەر و ئامرازێکیان بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیا لەبەردەست بوو؛ بەتایبەت کە گەرەنتییە ئەولەهییە درێژخایەنی ئەمریکا بۆ ریاز، ڕێگەی بۆ سعودیا دەکردەوە تا بەرنامەی بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکی ئاشتیخوازانەیان پەرە پێبدەن.

لە سات و کاتی ئێستاکەدا ڕوون نیە داخۆ ئێران دەورێکی تایبەتی لە کۆکوژییەکەی ئیسرائیل هەبووە یان نا. لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیەدا، ڕۆژنامەی “واڵ ‌ستریت ژوورنال” لە زاری ئەندامە پلە بەرزەکانی حەماس یان حیزبولڵاووە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکات گوتی تاران ڕاستەوخۆ دەستی لە پلاندانان بۆ ئەم هێرشەدا هەبووە. ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن بەرپرسانی ئسراییل و ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و بە گوتەی جان بینەر، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ئەوان تەنیا ئەوەندە لەسەری ڕۆیشتوون کە تاران بە شێوازێکی بەربڵاو لەم کردەوەیەدا بەشدار بووە. وەک لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕۆژنامەی واشینگتۆنپۆست لە زاری بەرپرسانی باڵای پێشوو و ئێستاکەی ئسراییل و ئەمریکادا هاتووە، ئەم ئۆپەڕاسیۆنە لانیکەم پشتیوانی ئێرانی لەگەڵ بووە. تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامیش پەلەپیتکەی چەکەکەی نەکێشابێت، دیسان ناکرێت بڵێین دەستەکانی خاوێنن. ئێران پارەی بۆ حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینی دابین کردووە و راهێنانی پێکردوون و بە تایبەت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە نزیکەوە لە رووی ستراتێژی  و ئۆپەڕاسیۆنەکانەوە هەماهەنگیی لەگەڵیان کردووە. ناکرێت وای بۆ بچین حەماس هێرشێکی بەم قەبارە گەورەیە و پڕ لە وردەکارییەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوە و پاڵپشتیی  ئەرێنی و لە پێشینەی ڕێبەریی ئێران دەست پێبکات. ئێستاکەش بەرپرسانی ئێران و میدیاکانیان خۆشحاڵیی خۆیان لەو دڕندەییانەی بە سەر هاوڵاتیانی مەدەنیی ئسرائیلدا هاتووە دەردەبڕن و هیوادارن هێرشی حەماس ببێتە هۆکاری لەناو چوونی ئسرائیل.

ئەم هێرشە چ قازانجێکی بۆ ئێران هەیە؟

لەیەکەم نیگادا، لەوانەیە هەڵوێستی ئێران پارادۆکسیکال بنوێنێت. لە هەر ڕوویەکەوە بێت، بە سەرنجدان بەوەی کە ئیدارەی بایدن وەک هاوکاری، هاندەر و دڵگەرمییەکانی خۆی پێشکەشی ئێران دەکات، لەوانەیە ناعەقڵانی بێتە بەر چاو کە ئەم وڵاتە ببێتە هاندەری تەقینەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئسراییل و فەلەستینیەکان؛ ئەمەش بێگوومان هەر چەشنە ئەگەرێکی گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشینگتۆن تێک دەدات. بەمەشەوە، لە سەردەمی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بە دواوە، کۆماری ئیسلامی کەڵکی لە گرژکردنەوەی کێشەکان، وەک ئامرازێکی سیاسی هەڵبژاردە، وەرگرتووە. ئەو کاتەی رژیم لە ژێر گوشاردایە، کایەکردن بە ریتوریکی شۆڕشگێرانە خوازیاری دژە-هیرشێکە بۆ بێزارکردنی نەیارەکانی و دەستخستنی قازانج و سوودی تاکتیکی. هەر بەم ئاراستەیەش، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی شەری غەزە وەک ئامانجێکی دێرینە بۆ پەکخستنی مەترسیدارترین دوژمنی ناوچەیی خۆی، بەرەوپێش دەبات. ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتولڵا عەلی خامنەیی، لە هیچ کات و ساتێکدا لە دژایەتییە پڕ لە تاوەکەی خۆی لەگەڵ ئسراییل و ئەمریکا توشی دڵەڕاوکێ نەبووە. ئەو و لایەنگران بە تەواوی باوەڕیان بە بێ‌ئەخلاقی و خراپەکارییەکانی ئەمریکا هەیە، سووکایەتی بە ئسراییل دەکەن و بۆ لەناوبردنی ئەم وڵاتە وەک بەشێک لە سەرکەوتنی هەمیشەیی جیهانی ئیسلام، کە وەک بەشێک لە ڕۆژئاوای ڕووەو داڕمان و  کیانێکی زایۆنی ناشەرعیی دەیبینن، هاوار دەکەن.

سەرەڕای ئەوانەش، تاران لاڵانەوە و سازانیی ئیدارەی بایدن لەگەڵ خۆی، وەک بێ‌هیوایی واشینگتۆن بۆ وەلانانی میراتی سەردەمی ١١-ی سیپتەمبەر، وەک لاوازیی ئەو وڵاتە لێکدەدایەوە. وا دێتە بەرچاو گێژاوی ناوخۆیی هەر دوو وڵاتی ئەمریکا و ئسرائیل ئەم ویستەی سەرکردەکانی ئێران کە لە مێژە پێیانوایە ئەوە ڕۆژئاوا خەریکە لە ناوەوە هەرەس دێنێت، بە گوڕتر بکات. هەر لەبەر هۆکاریە تاران بە تووندی خۆی پابەندی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا کردووە. ئەم پەیوەندییانە لە پلەی یەکەمدا بە هۆی هەلپەرەستی، ئۆپۆرتونیزم و ناڕەزایی واشینگتۆنەوە دەجوڵێن. بەڵام هەر ئەم پەیوەندییانە بۆ ئێران توخمێکی سیاسی ناوخۆییشیان هەیە: هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بەشە میانەڕۆیەکانی دەستەبژێری ئێرانی پەراوێز خراون، ئاراستەی ئابووری و دیپلۆماتیکی رژێمیش بەرەو ڕۆژهەڵات، واتە چین و ڕوسیا گۆڕاوە. هۆکارەکەشی ڕوونە: لە بەر ئەوەی کە چیتر دەڵالەکانی هێز، ڕۆژئاوا وەک سەرچاوەی دڵخواز یان تەنانەت وەک سەرچاوەیەکی بژاردە بۆ دەرفەتە ئابووری و دیپلۆماسییەکان سەیر ناکەن. پەیوەندیی نزیکیی نێوان ئێران و چین و هەر وەها ئێران و ڕوسیا، بۆتە هۆکاری دنەدانی هەڵوێستی شەڕانی و هێرشبەرانەی ئێران. هۆکاری ئەوەش ڕوونە؛ لە بەر ئەوەی کە قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینە سەرنجی واشینگتۆن و پایتەختە ئەوڕوپییەکان بە لاڕێدا دەبات و هاوکات بەرژەوەندیی ستراتێژی و ئابووری بۆ مۆسکۆ و پەکین بەرهەم دێنێت.

لە کۆتاییدا، بە دڵنیاییەوە بە هۆی ئەوەی پێکگەیشتنی نێوان ئسراییل و سعوودیا هاوسەنگی ناوچەکەی لە بەرژوەندی ئەمریکادا دەگۆڕی، ئەم لێکنزیکبوونەوەیە هاندەرێکی خێراکەری زۆرتری بۆ ئێران دەستەبەر کرد. ڕێبەری ئێران، خامەنەیی لە وتەیەکیدا، تەنیا چەند ڕۆژ بەر لە هێرشی حەماس هۆشداریی دا کە ڕوانگەی پتەوی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئەو حکوومەتانەی قومار لەسەر بنەمای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن، تووشی زیان دەبن، شکستهێنان چاوەڕوانیانە، ئەوان خەریکن هەڵە دەکەن.

لێرەوە بەرەو کوێ؟

پێدەچێت بە دست پێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی بەژایی ئسرائیل بۆسەر غەزە، ئەو ئەگەرە بەهێز بێت کە ململانێکان تەنیا بەم ناوچەیەوە سنووردار نامێننەوە. تاکە خاڵی جێگای پرسیار، مەودا و خێرایی بەرفراوانبوونی گۆڕەپانی شەڕەکەیە. ئێستاکە ئسرائیلییەکان سەرنجیان داوەتە سەر هەڕەشە دەستبەجێکان و حەزیان لە بەرفراوانترکردنی ململانێکان نییە. بەڵام بۆی هەیە ئەوان بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەست نەبێت. حیزبولڵای لوبنان کە گرینگترین هاوپەیمانی ئیرانە، پێشتر، لە تەقەکردن لە سنوورەکانی باکوری ئسرائیل بەشدار بووە و لەمناوەشدا لانیکەم چوار کەس لە شەڕکەرەکانی ئەم گرووپە کوژراون. حیزبولڵا ڕەنگە دوابەدوای سەرکەوتنی حەماس ویستی کردنەوەی بەرەیەکی دووەمی زۆرتر بێت. بەڵام سەرکردەکانی حیزبولڵا دانیان بەوەدا ناوە کە نەیانتوانیوە پێشبینی زیانە قورسەکانی شەڕەکەیان لەگەڵ ئیئسراییل لە ساڵی ٢٠٠٦-دا بکەن، هەر ئەمەش وای کرد گرووپەکە وەک خۆی بمێنێتەوە و تواناکانیشی بە تووندی لەناو برد. لەوانەیە ئەم گرووپە ئەمجارەیان زیاتر وریا بێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە تاران لە هێشتنەوەی حیزبولڵا بەرژەوەندی خۆی هەیە و وەک گەرەنتییەک لە ئەگەری هێرشی داهاتووی ئیئسرائیل بۆسەر بەرنامە ناوەکییەکەی خۆی دەیبینێت.

بۆیە ئەگەرچی ئێستاکە ئەگەری مەترسیی شەڕێکی بەرفراوانتر وەک واقیعێک هەر لە بەر چاوە، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە ئەم دەرەنجامە بە دژواری وەک ئەگەرێکی بێ ئەملاوئەولا دەمێنێتەوە. حکومەتی ئێران وەک هونەرێک توانیویەتی خۆی لە ململانێی راستەوخۆ لەگەڵ ئسراییل دوور بخاتەوە؛ ئەمەش لەگەڵ ئامانجەکانی تاران و هەروەها ئامانجی پڕۆکسییە ناوچەییەکانی و داژدارەکانیی وەک مۆسکۆ هاوتەریبە کە ئەم ئاورە هەر وا بە هەڵگیرساویی بمێنێتەوە، بەڵام هاوکات خۆیان لە بڵێسەکانی دوور رابگرن. لەوانەیە هەندێک کەس لە ئسراییل پاڵپشتیی گورز وەشاندن لە ئامانجە ئێرانییەکان، تەنانەت ئەگەر وەک ناردنی سیگنالێکیش بووبێت، بکەن، بەڵام وا پێدەچیت ئێستاکە هێزە ئەولەهییەکانی ئەم وڵاتە دەستیان پڕە و بەرپرسە باڵاکانی ئسراییل بە بڕیارەوە سەرەنجیان داوەتە شەڕی بەردەمیان. بە ئەگەرێکی زۆر، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێکان، ڕەنگە ئسراییل لە سووریا گورز لە بنکە و سەرچاوەکانی ئێران بدات، بەڵام نەک لە ناوخۆی ئێران. تا ئێستاکە تاران هیرشی لەو چەشنەی، بێ‌ئەوەی هەست بە تۆڵەکردنەوەی راستەوخۆ بکات، بەسەردا تێپەڕیوە.

لە بەر ئەوەی بازارەکانی نەوت سەبارەت بە گەڕانەوەی مەترسی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناڤین پەرچەکردار نیشان دەدەن، لەوانەیە تاران تووشی خولیای سەرلەنوێ هەراسانکردن و هێرشبردن بۆ سەر کەشتییەکانی ناو کەنداوی فارس لەسەری بدات. ژەنەڕاڵ “سی.کیو. براون” سەرۆکی تازە ڕەزامەندی‌ لەسەر دراوی ئەرکانی گشتیی ئەمریکا، راستی دەکرد کە هۆشداری بداتە تاران بۆ ئەوەی دوورەپەرێز بیت و لەم شەڕەدا تێوەنەگلێت. بەڵام بەداخەوە، هەڵبژاردنی وشەکانی ئاماژەیەکە بۆ شکستهێنان لە تێگەیشتنی ئەم مژارە کە ئێرانییەکان هەر ئێستاکە بە قووڵی و بە شێوازێکی دانەبڕاو، لەم شەڕەدا تێوەگلاون. بۆ ئیدارەی بایدن، ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم تێگەیشتنەدا کە سەبارەت بە دیپلۆماسیی پێشووی ئیرانی بێچمیدابوو، تێپەڕیوە: واتە ئەو تێگەیشتنەی کە دەڵێت دەکرێت قەناعەت بە کۆماری ئیسلامی بهێندرێت بەوەی سازانی پراگماتیک و کردەیی لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیدایە. ئەوە سەردەمانێک دەکرا جێی متمانە بێت. بەڵام رژیمی ئێران گەڕاوەتەوە سەر بنەما بنەڕەتییەکەی خۆی: بڕیار بۆ تێکدانی نەزمی ناوچەیی بە هەر ئامرازێکی پێویست. پێویستە واشینگتۆن خۆی لە وەهمی ئاگربڕ لەگەڵ ئۆلیگارشیی دەسەڵاتداری ئایینی بپارێزێت.

لە سەر کێشە ژیوپۆلەتیکەکانی دیکە، هەڵوێستی بایدن بە شێوازێکی چاوڕاکێش لە ڕوانینی سەردەمی ئۆبامەوە گەشەی سەندووە و لەمناوەشدا سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران نوقمی ناو پێشگریمانە ماوەبەسەرچووەکانی دە ساڵ لەمەوبەر بووە. لە ژینگەی ئێستاکەدا، پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسە ئێرانییەکان لە پایتەختەکانی وڵاتانی کەنداودا، نابێتە هۆکاری سنووردارکردنی بەردەوام و ماوەدرێژی تاران. واشینگتۆن پێویستی بە جێگیرکردنی هەمان ڕیاڵیزمی توندڕەو سەبارەت بە ئێران هەیە کە ڕووسیا و چین-ی سەبارەت بەمە ئاگادار کردۆتەوە: پێکهێنانی هەڤاڵبەندیی لە نێوان ئەو لایەنانەی خوازیاری ئەوەن گوشارەکان زیاتر بکەن و تۆڕی تیرۆری نێودەوڵەتیی ئێران پەک بخەن و سەرلەنوێ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئابووری ئێران تووندوتۆڵتر بکەن. هەر وەها پێویستە بە ڕوونی ئەمە لە ڕێگەی دیپلۆماسی، هەڵوێستی بە گوڕ و گرتنەبەری هەندێک کردە بە مەبەستی ڕێگریکردن یان بەرسڤدانەوەی هەوڵەکانی ئێران ڕاگەیێنن و نیشانی بدەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە ڕێگری لە دەستدرێژییە ناوچەییەکانی ئێران و گەشەسەندنی بەرنامەی ناوەکی ئەم وڵاتە بکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن ڕێگایەکە بۆ ئەوەی خۆی بە سەر ئەجێندای هەر سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکادا بسەپێنێت؛ دوای ئەم هێرشە وێرانکەرە کۆشکی سپی پێویستە لە هەمبەر ئەو بەرەنگارخوازییەدا، ڕاوەستێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *