عارف سەلیمی

سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، ئەگەر کەسێک بە “داشناک”ێکی ئەرمەنیی بگوتبایە لەو نیشتمانەی شەڕی بۆ دەکەن لە ئاکامدا بستۆکە خاکێکتان بۆ دەمێنێتەوە، لەوانەبوو گولـلەیەکی بە زارییەوە بنایە؛ یان ئەگەر بیزانیبا قسەکە ڕاست دەردەچێت، فیشەکێکی لە تەپڵی سەری خۆی بدایە.

ئەرمەنستانی مەزن، ئەو نیشتمانەی داشناکەکان لە خەیاڵیاندا وێنایان کردبوو و هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدا، ڕووبەرێکی بەرفراوان بوو. لە بەحری ڕەشەوە تا “خارپێت” و ئەلازیغ” و لەوشێوە تا بەحری سپی، لە بەحری سپییەوە  بۆ گۆلی “وان” و گۆلی “ورمێ”، لەوێشەوە تا گۆلی “سێوان”ی لەخۆ گرتبوو. چیای “ئاگری”، یان وەک خۆیان دەڵێن “ئاڕاڕات”یش “قەندیل”یان بوو.

ئێستا، تەنیا “سێوان” و بستۆکە خاکێکی دەوربەری گۆلەکەیان بە ٣ ملیۆن حەشیمەتەوە بۆ ماوەتەوە. نزیکەی سێ چارەکی کۆی ئەرمەنییەکانیش پەرتەوازەی هەندەرانن. ئەوانیش وەکوو کوردەکان لە دەریا دابڕاون.
ئێستا، لە زۆربەی شوێنەکانی “یەرەڤان”، پایتەختە خنجیلانەکەیان، لە پەنجەرەی شوققەکانیان و لە سەر تەپۆڵکەکانی شارەکەوە، بە چاوێکی پڕ لە حەسەرەت لە لووتکەی هەمیشە سپیی ئارارات دەڕوانن کە ڕێک لەو دیوی سنوورەکەیانەوە “بەیرەق”ی تورکیا لەسەری دەشەکێتەوە.

ئەرمەنییەکان چەندین سەدە پێش کوردەکان- لە بەرداشی نێوان ڕۆم و ئێراندا- بە خودئاگایی ئەوەی کە خەڵکانێکی جیاواز لە دەوروبەرەکانیانن، گەیشتبوون. لە سۆنگەی ئەو خودئاگاییەشەوە (دیسان چەندین سەدە پێش ئەوەی کوردەکان لە کوولەکەی تەڕیشدا هەست بە هەبوونی خۆیان بکەن) ئەلفوبێی تایبەت بەخۆیان داهێنابوو.

خۆیان دەڵێن یەکەم نەتەوەی جیهانن چوونەتە سەر ئاینی کریستیان. هەر لەو سەردەمەشەوە خاوەن کلێسەیەکی “خۆسەر”ی تایبەت بەخۆیانن. تائێستاکەش نە لە ژێر ڕکێفی پاپای ڕۆمن، نە ملیان بۆ ئۆسقۆفی باڵای بیزەنتە و سەنت پێترسبورگ دانەواندووە و نەش بوونەتە پڕۆتستان.

دەشڵێن خەڵک بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری کلێسەکانیاندا بەشدارن و وەک باسی دەکەن، لە شێوازی بەڕێوەبردنی جەمخانە و زیارەتگەکانی یارسان و ئێزدییەکان یان تەنانەت مزگەوتەکانی کوردستان (پێش ئەوەی پەتای ئیخوانیزم ڕووی تێبکات) دوور نییە.

ئەوان لە زۆربەی بوارەکاندا، لانیکەم لەو وڵاتانەی وەک کەمینە لێی دەژین، زۆر زیاتر لە کوردەکان خۆیان پێشخستووە. هەر لەم ئێران و سووریا و لوبنانە کەم بواری هونەری، زانست، پیشەسازی و وەرزشی هەیە، لانیکەم ناوێکی ئەرمەنی لە لیستەی ناودارەکانیدا نەبێت.

لەسەر ئاستی جیهانیش، لە ئەمریکا، رووسیا، ئەرژەنتین و ئەورووپا (بەتایبەت فەڕەنسا)، لۆبیی بەهێزیان هەیە کە وەک هەندێک کەس دەڵێن، شان لە شانی لۆبیی جوولەکەکان دەدات.

ئەی باشە بەم هەموو مێژووی خەباتەیانەوە، بەو هەموو زانا و بلیمەت و ڕۆشنبیرەیانەوە و بەو لۆبیە بەهێزانەی دیاسپۆرایانەوە، بۆ وایان بەسەر هاتووە؟

بۆ بەم حاڵەی ئێستا گەیشتوون کە لە سێ لاوە بە نەیارە دێرینەکەیانەوە، دەورە دراون و تاو نا تاوێک بەشێک لە خاکەکەیان لێ دادەچۆڕێت؟

هەولێر و یەرەڤان؛ پاڵی لێ بدەوە و دوور بڕوانە، ئاسۆ ڕوونە!

ئەرمەنستان و شاری یەرەڤان بۆ کوردێک کە سەردانی بکات، تەنانەت ئەگەر یەکەمجاریشی بێت، غەریب نییە. چیا و دەشت و دۆڵەکانی بۆن و بەرامەی کوردستان دەدات. کووچە و کۆڵانی شارەکە تەپۆڵکەکانی سەقز و سنە، یان کۆڵانەکانی هەولێر و شەقامەکانی سلێمانی دەهێننەوە یاد. لە هەندێک شەقامی شارەکە هێڵەکانی کارەبا کە بەشێوەیەکی داوەداوەیی (وەک داوی جاڵجاڵووکە) بەسەر شەقامەکاندا کێشراون، پرسیاری ئەوەت لا درووست دەکەن کە تۆ بڵێی لێرەش وەکووە هەولێر و سلێمانی “مۆلیدەی گەڕەک” بەکار نەهێنن؟

قرمەوقاڵی هەندێک گوزەری شارەکە شێوەی مەیدانەکانی ماست‌فرۆشان، سەوزەفرۆشان، میوەفرۆشان و پەلەوەر و ماسی‌فرۆشانی شارەکانی کوردستان دەدات. تەنانەت خەڵکەکەشی، دەڵێی شێوەی زۆر کەسیان دەکەیت؛ دەڵێی ئاشنان.

ژنەکانیان شان بە شانی پیاوەکان، بگرە زیاتریش، تێکەڵاوی کاروباری دەرەوەی ماڵن. لە زۆربەی شەقامەکانی شارەکە دووکان و کەچە دووکان دەبینی کە ژنانی بەساڵاچوو مرەبا یان ماست و پەنیر و هێلکەی خۆماڵی، یان کەوەر و تەڕەتیزە، یان (بەهاران) شنگ و خوژە و گیلاخە دەفرۆشن.

ئەوانیش وەک ژنانی کورد، دەڵێی لە چاو جیرانەکانیان ئازادتر و کراوەتر دیارن. ئەوانیش وەک ژنانی کورد، لە قووڵایی چاویاندا، ئازاری قووڵی “چەوساندنەوە” بە دەستی پیاوسالاری بەدی دەکرێت. لەوێش وەک کوردستانە حەیاتەکەی خۆمان، پیاوان لای ئێواران لەسەر بەڵکۆنی ماڵەکانیان پاڵی لێدەنەوە، جگەرە دەکێشن و بیرە و شەراب دەخۆنەوە؛ کاری ناوماڵ و دەرەوەی ماڵیش زیاتر لەسەر ژنەکانە.

ئەرمەنییەکانی ئەرمەنستانیش وەکوو کوردەکان زیاتر “ئەهلی حاڵ”ن و کەمتر بیر لە داهاتوو دەکەنەوە. ئەمە بەتایبەت لە شێوازی بیناسازییەکەیاندا، بە تایبەت خانووەکانی گەڕەکە کۆنەکانی شارەکە، لە شێوازی ژیانیان و شێوازی خۆشگوزەرانیاندا دیارە. پێدەچێت لەگەڵ کوردەکان سەر بە “کولتووری ئامانەتی” بن: “ئەم لادیوارە با جارێ لێرە هەڵگرین تا دوایی خوا گەورەیە”. “ئەم ڕیزە بلووکە با لێرە بە ئامانەتی هەڵچنین دواتر بیرێکی لێ دەکەینەوە”.

بە دیاریکراوی دەوڵەتداری و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان مرۆڤ وەبیری حکوومەتە ساوا تەمەن ٣٣ ساڵانەکەی باشووری کوردستان دەخاتەوە.

یەرەڤان و هەولێر هەردووکیان لە ساڵی ١٩٩٢ەوە بوونەتە خاوەنی حکوومەتی خۆماڵی. ئەرمەنستان تازە بەوەشەوە نەوەستا و هەر ئەو ساڵە “پارچەکەی تەنیشتی” واتە هەرێمی ئارتساخ/قەرەباخیشی ڕزگار کرد.
(ئەگەرچی هەرێمی کوردستان بەپێچەوانەی ئەرمەنستان وڵاتێکی دانپێدانراوی خاوەن سەروەری نییە و بە ڕواڵەت فیدڕاڵە، بەڵام هەولێرێش لە پڕاکتیزەکردنی تەواوی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا هیچی لە یەرەڤان کەم نەبووە.)

ئەو خەیاڵەی کوردە سەربەخۆیی‌خوازە هەژدە عەیارەکان ئەم ڕۆژانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆنی بۆ دەقرچێنن، ئەرمەنییەکان سی ساڵ لەمەوبەر لە ئارتساخ پڵاوەکەیان ساز کردبوو.

ئەگەر هەولێر تەنیا بە شێوەی دووفاکتۆ “سەربەخۆ” بووبێت، ئەوا ئارتساخ لە ساڵی ١٩٩٢ەوە بە فەرمی و تاکلایەنە سەربەخۆیشی ڕاگەیاندبوو.

ئیتر هەردوولا، هەم کوردەکان و هەم ئەرمەنییەکان، بە ئەرخەیان پاڵیان لێ دایەوە؛ خاک و نیشتمانەکەیان ڕزگار کردبوو؛ کاتی ئیستراحەت بوو.

لە ئەرمەنستان هیوایان بەوە بوو ئەگەر شتێک ڕووبدات “کارداشیان” لەسەریان دێتە جواب و لە کوردستان دڵیان بەوە خۆش کردبوو “هێلی لۆڤ” حەقایەتی ئازایەتیی پێشمەرگەیان بەگوێی جیهان دەگەیەنێت.

کارگەکانی کۆنیاک و شەراب

تایبەتمەندییەکی بەرچاوی یەرەڤان کارگەکانی کۆنیاک و شەرابەکەیەتی کە وەکوو هێمای شارەکەیان لێهاتووە. ئەرمەنییەک چەند ساڵ لەمەوبەر لە بەردەم کارگەی شەرابەکەدا کە لە ناوەڕاستی شارەکە هەڵکەوتووە، وتی ئێمەش لە کارگە و پیشەسازی هەر ئەمەمان بەرکەوتووە.

ساڵی ٢٠١٤ یان ٢٠١٥ لەناو ئاگر و دووکەڵی شەڕی ناوخۆیی سووریادا، عەفرین دوورگەیەکی ئارامی بوو. ئەو کاتە تاکە هەرێم بوو کە کەمترین پریشکی ئەو ئاگرەی بەرکەوتبوو. شاری حەڵەب کە تا پێش شەڕەکە جەمسەری پیشەسازیی سووریا بوو، تەواو وێران بووبوو. هەر کۆڵان و شەقامێکی بە دەست گرووپێکی چەکدارەوە بوو.

ئەو ساڵانە بەشێکی بەرچاو لە کارگە پیشەسازییەکانی حەڵەب بۆ عەفرین گواسترابوونەوە. هەر ئەو کاتە لە چەند ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکاندا باسی دامەزراندنی کارگەکانی ئاوی کانزایی و ڕۆنی زەیتوون و سابوون‌سازیی عەفرین کرابوو. تەنانەت ئاماژەش بەوە درابوو کە عەفرین خەریکە شوێنی حەڵەب دەگرێتەوە.

ڕێک لەو کاتەدا کە هێشتا لە باکوور پڕۆسەی ئاشتی لە ئارادا بوو و درگاکانی ئیمراڵی بە تەواوی دانەخرابوون، پەیامێکی توندی بەڕێز ئۆجالان لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کرایەوە. بەڕێوەبەرانی کانتۆنی عەفرین و ڕۆژئاڤای بە توندی سەرکۆنە کردبوو.

دەقی قسەکانم لەبیر نییە. بەڵام تەعبیرێکی یەک ڕستەیی پەیامەکەی ئەمە بوو کە بە تووڕەییەوە گوتبووی لەباتی ئەوەی ئامادەکاری بۆ “شتی دیکە” بکەن، خۆتان بە کارگەی ئاوی کانزایی و کارگەی ڕۆنی زەیتوونەوە دەخافڵێنن؟

ئەو کاتە ئەو تووڕەییەی ئاپۆم زۆر پێ سەیر بوو. دەمگوت بۆ دەبێ دانانی کارگەی ئاوی کانزایی لە شارێکی گەمارۆدراوی وەکوو عەفرین شتێکی خراپ بێت؟ خۆ ئەگەر وەک لە ڕاپۆرتەکاندا باس دەکرێت، عەفرین شوێنی حەڵەب بگرێتەوە چ عەیبی هەیە؟

ساڵی ٢٠١٨، دوای ئەوەی عەفرین داگیرکرا لە هۆکاری تووڕەبوونەکەی تێگەیشتم.

ئەرمەنییەکانیش وەکوو کوردەکان زیاتر لە سێ دەیە دەرفەتیان لەبەردەست بوو بۆ ئەوەی بیر لە “پێشکەوتن” (نەک بە واتای بەرزکردنەوەی باڵەخانەکان و هەڵتۆقینی مۆڵەکان) بکەنەوە و خۆیان بۆ “ڕۆژی مەبادا” ئامادە بکەن.

دەیانتوانی وەک دەروجیرانی نەیاریان “ئەوەی پێویستە” لە دەرەوە دابینی بکەن، یان ئەوەتا  وەک ئیسرائیل پشت بە خۆیان ببەستن و سیستەمی بەرگرییان پێشبخەن (لە ئیسرائیل خەڵک، بە ژن و پیاوەوە، بەشێکە لە سوپا. لە کوردستان پێشمەرگەش بووەتە سڤیل).

یەرەڤان بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوو، دە قاتی هەولێر و سەد قاتی عەفرین دەرفەتی لەبەردەست بوو بۆ ئەوەی “ئامادەکاریی بۆ شتی دیکە” بکات و مشوورێک لەم ڕۆژی مەبادایە بخوات.
کەچی بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە خۆی بە کارگەی کۆنیاک و شەرابەکانییەوە خافڵاند. وەک چۆن هەولێر و سلێمانی (ئێستاشی لەگەڵدا بێت)، خۆیان بە کارگەی دۆشاوی تەماتە و ئەوپەڕەکەی “کارگەی شیش”ەوە دەخافڵێنن.

نە هەولێر و نە یەرەڤان هیچیان نەکرد. بگرە خراپتریشیان کرد.

گەندەڵی و حوکمڕانیی خراپ و “پاڵدانەوە”ی هێزە چەکدارەکانیان ئەوەشی دەسیان خستبوو، ڕووبەڕووی مەترسیی کردەوە.

عەفرین و ئارتساخ؛ ڕووسیای گارانتۆر

خاڵێکی هاوبەش و هەڵبەت تراژیکی عەفرین و ئارتساخ/ قەرەباخ، ئەوە بوو کە ڕووسیا گارانتۆری هەردووکیان بوو.

ڕەنگە بێبەختی، یان هەڵەی هەرە ستراتژیکی کوردەکان و ئەرمەنییەکان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەکانیان، لە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە، هەڵبژاردنی هاوپەیمانێک بووبێت کە قەت هاوپەیمان نەبووە.
کوردەکان لە شۆڕشی شێخ عوبەیدولڵای نەهرییەوە و ئەرمەنییەکان لە دامەزراندنی حیزبی “داشناکسیۆن”ەوە تا ئەم سەردەمی حازرییە، پەنایان بۆ ڕووسیایەک بردوووە کە وەک “ڕەزا ئاڵتوون”، بەرپرسێکی پەکەکە، لە وتوێژێکدا دوای شەڕی عەفرین ئاماژەی پێداوە، “لە مێژوویدا شتێک نەماوە نەیفرۆشتبێت.”

ڕووسیایەک کە ئالاسکا بە چوار قڕووش بە ئەمریکا بفرۆشێت، چۆن عەفرین و ئارتساخ نافرۆشێت؟ ڕووسیایەک کوردستانی سووری هەڵتەکاندبێت، بە ئاسانی پشتی لە “کۆمار” کردبێت و گوێی لە کۆمەڵکوژیی یەک و نیو ملیۆن ئەرمەنی خەواندبێت کە تا ڕادەیەک فیتی ئەویشی تێدا بوو، بۆ دڵی بە ئاوارە بوونی چەند سەد هەزار دانیشتووی عەفرین و ئارتساخ بسووتێت؟

ساڵی ٢٠١١ برادەرێکی ئێرانی دەیگێڕایەوە کە لە سەردانێکی ئەو ساڵەیدا بۆ یەرەڤان، کەسێکی ئەرمەنی پێی گوتووە ئێرە موڵکی پۆتینە، بە “دەودوو” بە ئێمەی داوە.

پووتینێک کە بە پاساوی داکۆکی لە ڕووسە سەربەخۆخوازەکانی ئۆکرانیا، پەلاماری ئەو وڵاتەی داوە و چەند ساڵ پێشتر بە بیانووی پشتیوانی لە هەرێمە سەربەخۆخوازەکانی “ئۆسێتیای باشوور” و “ئابخازیا” لەشکرێشیی کردۆتە سەر  جۆرجیا، بە ئاسانی کۆماری ئارتساخێک کە ڕێک هەر ئەو پاساوانە هەڵدەگرێت، دەفرۆشێت. وەک چۆن پێشتریش عەفرینی فرۆشت. پاڕادۆکسێکی سەیرە.

موڵکەکەی پوتین بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو شێوازێکی حوکمڕانیی هاوشێوەی هەرێمۆکەکەی باشووری هەبووە. لە گەندەڵی و حوکمڕانیی خراپ و دەسەڵاتی ئۆلیگارشیدا لفەودووانەی یەکتر بوون.

ساڵی ٢٠١٨ خەڵکی ئەرمەنستان کە لە حوکمڕانیی خراپی دەسەڵاتدارە پڕۆڕووسەکان وەزاڵە هابتوون، هاتنە سەر شەقام و دەوڵەتەکەیان ڕووخاند. نیکۆل پاشینیان کە پێشەنگایەتیی خۆپێشاندەرانی سەر شەقامی دەکرد و تا ئەو کاتە زیاتر ڕۆژنامەنووس بوو تا سیاسەتوان، لە هەڵبژاردنی دوای نەمانی پڕۆڕووسەکان، بوو بە سەرۆک وەزیران.

پاشینیان درکی بەوە کردبوو کە بۆ ئەوەی بتوانێت هەنگاو بەرەو چارەسەریی کێشە کەڵەکەبووەکان بنێت، دەبێ بە خشکەیی لە ڕووسیا دوور بکەوێتەوە. دەشیزانی پێوێستیشە درەنگ یان زوو چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ  کێشەکانی لەگەڵ دەروجیران، لە سەرووی هەموویانەوە، ئارتساخ ببینێتەوە.

بەڵام لە ترسی ئەرمەنییە پڕۆڕووسەکان، کە لە گوتاری ئاگرینی ناسیۆناڵیستیدا وانە بە ناسیۆناڵیستە تۆخە کوردەکان دەڵێنەوە، جەسارەتی ئەوەی نەبوو بە دەنگی بەرز بابەتەکە بخاتە بەر باس.

نیکۆل پاشینیان هاوشێوەی محەمەد خاتەمی، عەبدولڵا گویل و بەرهەم ساڵح سیاسەتمەدارێکی نەرم و نیان، تا ڕادەیەک تەکنۆکڕات و ئاوەزمەند دەنوێنێت. ئەویش ڕێک وەک محەمەد خاتەمی، عەبدولڵا گویل و بەرهەم ساڵح چەمکی “کەڕامەت” لە قامووسیدا ونە. (دوو سێ هەفتە لەمەوبەر کاتێک کە قەیرانی ئارتساخ تا دەهات زیاتر گەورە دەبوو، پاشینیان لە دەوروبەری یەرەڤان سەرقاڵی بەسەرکردنەوەی کێڵگەکانی پەلەوەر و کێڵکە کشتوکاڵییەکان بوو.)

پاشینیان چەند هەفتە لەمەوبەر مکوڕ هات کە هەڵەی گەورەی وڵاتەکەی پشتبەستن بە ڕووسیا بووە. سەرۆکی پەرلەمانی ئەرمەنستانیش چەند رۆژ لەمەوبەر وەک تانەیەک لە ڕووسیا، گوتبووی هاوپەیمانەکانی ئێمە ئەمریکا و ئەورووپا و ئێرانن.

قسەکانیان کەپەنکی دوای بارانە.

ساڵی ٢٠٢١، (ساڵێک دوای ئەوەی ئازەربایجان نیوە ئارتساخی گرتەوە) شۆفیڕ تەکسییەک لە یەرەڤان دەیگوت “من تا ئەو شەڕە ڕووی نەدابوو، زۆر کەیفم بە پۆتین دەهات. بەڵام ئێستا زۆر ڕقم لێیەتی. هەست دەکەم ئێمەی فرۆشتووە.”

ئەم ڕۆژانە، برادەرێکی ڕۆژنامەنووس کە تازە لە یەرەڤان گەڕاوەتەوە، دەیگوت خەڵکی ئەرمەنستان،  بەتایبەت ئاوارەکانی ئارتساخ دەڵێن ڕووسیا خیانەتی لێمان کرد. وەک بڵێ پاش زیاتر لە سەد ساڵ تازە ئەو ڕاستییە دەبینن.

عەفرین و بۆکان

ئەو دیمەنانەی ئێستا لە ئاوارەبوونی ئەرمەنییەکانی ئارتساخ لە کەناڵەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، پێشتر لە عەفرین و پێش ئەویش لە شەنگال (هەروەها سوودان و ڕۆهینگیای بورما) بینراون.

تا چەند ساڵ لەمەوبەر کەمتر کەسێک بە خەیاڵیشیدا دەهات لە سەدەی ٢١دا دیمەنی لەوشێوە ببینرێن و دنیای “مافی مرۆڤ” خۆی لێ نەبان بکات. تا چەند ساڵ لەمەوبەر کەس بڕوای نەدەکرد، لە سەدەی ٢١، لە وڵاتێکی وەک سووریادا هەرچی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو ئەنجامدرابێت، بە بەرچاوی کامێراکانەوە دووبارە دەکرێتەوە.

بەڵام شەنگال، عەفرین و ئارتساخ (سوودان، ڕۆهینگیای بورما و زۆر شوێنی دیکەش) ڕویدا و ئەم بایە لەو کونەوە بێت، لەوە زیاتریش، بە دیاریکراوی لەدژی کوردەکان، ڕوو دەدات. دوور نییە چارەنووسی کوردەکان لە ئەرمەنییەکان خراپتریش بێت و بە دەردی چارەنووسی ئاشوورییەکان بچێت.

ئاشوورییەکان لە گەرمەی شەڕی جیهانیی یەکەمدا چەندین هەزار چەکداریان هەبوو. هاوپەیمانی بەریتانیای مەزن بوون. هێزەکانیان لە ورمێوە هەتا حەڵەب شانبەشانی سەربازانی بەریتانی شەڕیان دەکرد. ئێستا لە ورمێوە هەتا حەڵەب، ناوە ناوە، بە دەگمەن، گوند یان شارۆچکەیەکی “ئاشووری‌نشین” دەبیندرێت.

ساڵی ٢٠١٥ ئەگەر بە بەرپرسێکی “کۆماری سەربەخۆی ئارتساخ”یان بگوتبایە ئاگادار بن چەند ساڵی دیکە دەبێ ئێرە بەجێبهێڵن، بە ئەگەری زۆر بە دەم هەڵدانی پێکە شەرابەکەیەوە قاقای پێکەنینی لێدەدا. ئێستا یان هەڵاتووە، یان خۆی شاردووەتەوە و یان لە “ئازەربایجان” خراوەتە زیندان.

ساڵی ٢٠١٦ کوردەکان ئەوندە لەسەر هەورەکان بوون، لەسەر نەخشەی جوگرافیا، عەفرینیان بە دەریای سپییەوە دەلکاند. ئێستا خودا خودایانە کۆبانێ و قامیشلۆ بە دەردی عەفرین نەچێت.

ساڵی ٢٠١٣ مەسعوود بارزانی چاوی لە مالیکی و ساڵی ٢٠١٧ لە جیهان سوور دەکردەوە. ئێستا کوڕەکەی دەم لە “قەیس خەزعەلی” پان دەکاتەوە.

ئەوەی لە عەفرین و ئارتساخ ڕووی داوە، جارێکی تر بە بەرچاوی کامێراکانەوە و بێ ئەوەی کەس متەقی لێوە بێت، نەک هەر لە خۆی و ماکۆ و ورمێ، بەڵکوو لە مەهاباد و بۆکانیش دووبارە دەبێتەوە.

“ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ” کە کوردەکان تا چەند ساڵ لەمەوبەر لە خۆشیی ئەوەی ئەمجارە شتێکی باش بەوانیش دەبڕێت، ببووە نوقڵی سەر زاریان، لە مێژە ستارتی لێدراوە و وەک بە سەرەتاکانیدا دیارە ئەمجارەش سەری کورد بێ‌کڵاو ماوە.

پێدەچێت ئامانجێکی ئەم دیزاینە نوێیە یەکدەستکردنی هەموو ئەو ناوچانە بێت کە شاڕێکان و کۆردیۆرەکانی ئەو جییهانەی خەریکە سەرلەنوێ شکڵ دەگرێت، پێیدا تێدەپەڕن، یان دەتوانن سەرئێشە بۆسەر ئەو کۆریدۆرانە درووست بکەن. لە هەرێمی ڕۆهینگیای بورماوە تا عەفرین و ئارتساخ. زۆر شوێنی دیکەش ماوە.

ئەگەر کوردەکان لە ئێستاوە “ئامادەکاری بۆ شتی دیکە” نەکەن، (تازە ئەگەر درەنگ نەبووبێت) بە دڵنیاییەوە دەبێ ئامادەکاری بۆ دابین‌کردنی کەمپ بۆ ئاوارەکانی موکریان لە خوارووی سنە و کامێران بکەن.
پڕۆسەکە دەستی پێکردووە. چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، قۆناغی سەرەتایەتی.

تێبینی: ئەم نووسراوەی سەرەوەڕاپۆرتێکی “شایەتحاڵانە”یە (نەک بەڵگەمەند) لەسەر ئەو هۆکارە ناوخۆییانەی ئەرمەنییەکانی (بەتایبەت دانیشتووانی کۆماری ئارتساخ/قەرەباخی) بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ گەیاندووە؛ هەمان ئەو هۆکارانەی کە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا بەدی دەکرێن و ئەگەر مشوورێکی جیددیی لێ نەخۆن، بە ئەگەری زۆر لە ئەرمەنییەکان خراپتریشیان بەسەر دێت.

قەیرانی قەفقازیا و ئارتساخ هەڵبەت هۆکاریی دیاریکەری دەرەکیشی لە پشتە کە ئەم نووسراوە خۆی لێنەداوە. یەکێک لەو هۆکارە دەرەکیانە دەتوانێت ناتۆ بێت. بۆ نموونە دەتوانێت ئەم گریمانەیە بێت کە ورووژاندنی ئەم قەیرانە لەم کاتەدا دەستی ناتۆی لەپشت بێت. بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو ڕووسیا، وەک گارانتۆری هەرێمەکە، هاتە جواب ئەوا بە یارمەتیی ئازەربایجان و تورکیا (تا ڕادەیەکیش جۆرجیا) بەرەیەکی نوێی شەڕ لەدژی ڕووسیا بکرێتەوە. ئەگەریش وەکوو ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەدا، ئەوا بە نزیککردنەوەی ئەرمەنییەکان لە ئەمریکا و ئەورووپا، بەڕەی ئەرمەنستان (و لە ئاکامدا کۆی قەفقازیا) لەژێر پێی پوتین دەردەهێنن؛ لە هەردوو حاڵەتەکەدا جووت شەش بۆ ناتۆ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *