کوردەکانی ئێران کە حەشیمەتیان ١٠ میلیۆن کەس دەبێت، بەهۆی دووبەرەکیی ناوخۆیی و لەژێر هێرشی بەردەوامی ڕێژیمی ئێراندا، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بوونەتەوە.

لە ئینگلیزییەوە: کارۆخ مەریوان

نووسەر: ئیسرائیل کاسنێت

 

بۆ چەندین سەدەیە گەلی کورد ناسنامەی تایبەتی خۆی وەک پێکهاتەیەکی دیاریکراو لە ناو ئێراندا پاراستووە، بەڵام زۆرجار کارلێککردنیان لەگەڵ ڕێژیمدا گرژیی تێکەوتووە.

ساڵی ڕابردوو دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بوو، کاتێک ژینا ئەمینی کچە کوردێکی ئێرانی لە ژێر بارودۆخێکی گوماناویدا دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی “گەشتی ئیرشاد”ی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا. دوای مەرگی ژینا، [کوردستان] ناڕەزایەتییەکی بێ‌وێنەی دژەڕژیمی بەخۆیەوە بینی، کە تیشکی خستە سەر خەباتی درێژخایەنی کورد بۆ مافەکانی.

بە گوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، ئەم خەباتە کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو ئالنگارییانەیە کە ملیۆنان ئێرانیی پەراوێزخراوی دیکەش، کە خوازیاری ئەوەن دان [بە مافەکانیاندا] بنرێت و تواناکانیان بەرجەستە بێت، ڕووبەرووی بوونەتەوە.

زۆرینەی ١٠ ملیۆن کوردی ئێران لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە نیشتەجێن و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەردەوام دەیانچەوسێننەوە. ئەم ناوچەیە چەندین جار ناڕەزایەتیی توندوتیژی بەخۆیەوە بینیوە و هەر جار ڕژیم بە توندترین شێوە سەرکوتی کردووە. شیمانە دەکرێت بە سەدان کەس بەهۆی توندوتیژی و سەرکوتکارییەکانی دەوڵەت گیانیان لەدەست دابێت.

بە گوێرەی ئەنستیتۆی کوردیی واشینگتۆن کە ڕێکخراوێکی توێژینەوە و پەروەردەییە و بنکەکەی لە “واشینگتۆن دی.سی”یە، “لە مانگی جولای ڕابردوودا دەوڵەتی ئێران “دەیان خۆپیشاندەری دانیشتووی گوندی ئاقدەرەی تیکابی دەسبەسەر کرد. لانیکەم سێ کەس لەو خۆپێشاندەرانەش بە سەختی بریندار بوون. دەوڵەت دوای ئەوە هەڵیکوتاوەتە سەر گوندی ئاقدەرە کە چەند پیاوێکی کورد لە بەردەم کانێکی زێڕی گوندەکە گردبوونەتەوە و داوای کارییان  کردووە.

لە ئیلامیش هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی شارەوانی ماڵێکی کوردیان رووخاندووە و خۆپیشاندانێکی بچووکیان سەرکوت کردووە. سێ کوردیشیان بریندار و شەش کەسی دیکەیان دەستبەسەر کردووە.

ڕیژیم هەروەها ژمارەیەک چالاکوانی لە سەرانسەری کوردستانی ئێران دەستبەسەر کردووە.”

بە گوتەی جۆناتان سپایەر، توێژەر لە پەیمانگای ستراتیژی و ئەمنیی ئورشەلیم ، ئەو ئازارانەی زۆرێک لە دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیچێژن، ”بە شێوەیەکی گشتی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی پشتگوێ دەخرێن، مەگەر تا ئەوەی کاتەی دەتەقێنەوە و دەگەنە ئاسێک لە  ناڕەزایەتی کە چیتر نەتوانرێت پشتگوێ بخرێت.”

 سپایەر دەڵێت: ” بە داخەوە کوردەکانی ئێران، دۆستی بەهێز و وڵاتی گەورەیان لە پشت نییە بۆ ئەوەی دۆزەکەی ئەوان بەرجەستە بکەن. هەر لەبەر ئەمەش “سەرباری ئەوەی دۆزەکەیان ڕەوایە، بەڵام پشتگوێ دەخرێن.”

هەروەها ئێران لە ڕێگەی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکییەوە بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی کوردستانی عێراق کە بنکەکانی ئەمریکا و گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانی لێیە. حکومەتی ئێران هۆشداری دەدات لە لێدانی زیاتر، ئەگەر بێتوو عێراق هەنگاو لەدژی ئەو گرووپە ئوپوزسیونە چەکدارانە نەگرێتەبەر.

مانگی سێپتەمبری ساڵی ڕابردوو، ئێران گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی لە باکووری عێراقی بەبیانووی ئەوەی پشتیوانی سەرهەڵدانەکانی دژی حکومەتیان کردبوو، بۆردومان کرد. تاران هۆکاری نائارامی ناوخۆیی دەگەڕێنێتەوە بۆ دەستوەردانی دەوڵەتانی بیانی و چەند حزبی سیاسیی کوردی لە دەرەوە. بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنیانەوە لە ماوەی دوو مانگدا لانیکەم ٢٠ کەس کوژران و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون.

عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لەو کاتەدا نیگەرانییەکی زۆری سەبارەت بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر حیزبەکەی و گرووپە کوردییەکانی دیکەی ئێران کە بە ئاوارەیی لە باکووری نیمچە سەربەخۆی عێراقەوە چالاکی دەکەن، دەربڕیبوو. داواشی لە ئەمریکا کردبوو “دەستێوەردان” بکات و پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بکات لە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئێرا بکات.

لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە کوردستانی عێراق خستۆتە ڕوو کە ئەگەر پەسەند بکرێت و ببێتە یاسا، هەموارکردنەوەی یاسای مۆڵەتی بەرگری نیشتمانی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ مەشق و ڕاهێنان لەخۆ دەگرێت.

سپایەر ئاماژە بەوە دەدات کە هێزەکانی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا لە چەند بۆنەیەکدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیان بەکارهێناوە و هێرشیان کردووەتە سەر گروپە کوردییەکانی ئێران کە بنکەکانیان لە کوردستانی عێراقە. دوایین هێرشی گەورە کە سپایەر شاهیدی بوو، لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤەمبری ساڵی ٢٠٢٢ بوو. بەڵام ئازار و ئەشکنجەدانی بەرخۆدیرانی کوردی ئێران لەلایەن ڕژیمەوە بەردەوامە و ڕیژیم لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی ئامانجدار هەندێکی کەسی کوشتووە.

بەگوێرەی ئەنستیتۆی ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە ساڵانی ٢٠١٠ەوە ئاڵەنگارییەکی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووە. ئێران تا دێت زیاتر لە  فڕۆکەی بێ فروکەوان بۆ هەراسانکردنی نەیارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەڵک وەردەگرێت.

کاتێک ئێران لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٢وە  فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی، بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی دژی ئۆکراینا، هەناردەی ڕووسیا کرد، دۆخەکە زیاتریش ئاڵۆز بوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە کە لانیکەم هەزار و ٧٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دابین بکات.

لە بەرامبەردا ئەمریکا لە نێوان سێپتەمبری ٢٠٢٢ تا ئاپریلی ٢٠٢٣ هەشت سزای نوێی دیکەی بەسەر  کاربەدەست و کۆمپانیا ئێرانییەکاندا سەپاندووە. ئەم سزایانە زیاتر لە دوو دەرزن کەس و لایەنی کردووەتە ئامانج کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران و هەروەها چەند کۆمپانیای گواستنەوە لە ئێران و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی تێدایە.

تا مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، ڕووسیا سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیی جێگیر کردبوو. لەوانە دوو جۆری بەناوەکانی  “شاهید-١٣١” و “شاهید-١٣٦”، و هەروەها “موهاجیر-٦” کە توانای بومبەبارانکردن و چاودێریکردنیشیان هەیە. ئەم درۆنانە پێگە سەربازییەکانی ئۆکراینا، بینای نیشتەجێبوون، وێستگەکانی کارەبا، پرد، گۆڕەپانی یاری، وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ و ژێرخانی دیکەیان کردووەتە ئامانج و هەروەها بوونەتە هۆی زیانی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

بڕیاری ئێران بۆ هاوکاریکردنی ڕووسیا ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان تاران و مۆسکۆ.

وەک بیلال وەهاب، لێکوڵەر لەبارەی گرووپی میلیشیایی ڤاگنەر و هەروەها شارەزای کاروباری کوردان لە ئەنستیتۆی واشینگتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەڵێت، ئێران “پێش ئەوەی بتوانێت ئەم دڕۆنانە بە ڕووسیا بفرۆشێت، عێراقی وەکو شوێنی راهێنانی پراکتیکی بۆ بەهێزکردنی توانای درۆنەکانی بەکارهێناوە.”

وەهاب دەڵێت: “بەڕاستی ئەوە مەتەڵێکە” کە وادیارە کەس گرنگی بە کوردەکانی ئێران نادات.

ناوبراو بەبیری هێنایەوە کە واشینگتۆن دوای دەست پێکردنی دانووستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران کە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ی لێکەوتووە، ئیتر وازی لە پەیوەندیگرتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی ئێران هێنا.

وتیشی: “ئەم سیاسەتەی ئەمریکا تەنانەت لە کاتی هەڵمەتی “زۆرترین گوشار”ی ئیدارەی دۆناڵد تڕامپیشدا بەردەوام بوو.”

جگە لەوەش، وەک بیلال وەهاب ئاماژەی پیدەکات، ” گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لەڕووی سیاسییەوە گۆشەگیر کراون و لەڕووی سەربازییەوە لەژێر هێرشدان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات خۆی لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت.”

وەهاب وتی “ئێستا ئێران هەرەشەی لە حکومەتی هەرێم کردووە کە تا مانگی سێپتەمبر ئەم گرووپانە چەک بکرێن یان دەنا ڕووبەڕووی لەشکرکێشی زەمینی دەبنەوە.”

“گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران خۆیان لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بوون و ئەمەش بەشێکە لەو هۆکارەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە پشتگیریی دۆزی ئەوان بکات.” بیلال وەها وا دەڵێت.

ئەوە هەروەها وتی: “بەداخەوە گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران لەبری یەکگرتن و خەبات لەپێناو دۆزەکەیان بەهۆی دووبەرەکیی ناوخۆیی و ناتەبایی، زیاتر لاواز دەبن؛ ئەمەش وایان لێدەکات نەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن.”

سەرچاوە: https://www.jns.org/world-news/iran/23/8/6/308090/

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *