کاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌و پیشانه‌یه که خۆی زۆر له کاروباری ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌قورتێنێ و بگرە هەندێ جار له‌گه‌ڵی تێکدهگیرێ. چونکه له لایه‌که‌وه ده‌سه‌ڵات هه‌وڵ ده‌دات ته‌نیا ئه‌و زانیارییانه بدرکێنێ که به قازانجی خۆی ده‌زانێ، له لایه‌کی تره‌وه رۆژنامه‌نووسیش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات که گوێ نه‌ک به ویسته‌کانی ده‌سه‌ڵات نادات به‌ڵکوو له گه‌یاندنی زانیاری‌دا ته‌نانه‌ت ویسته‌کانی خۆیشی ره‌چاو ناکات. بۆیه هه‌ردوولا به‌رده‌وام ململانه‌یه‌کی شاراوه‌یان له‌گه‌ڵ یەک هه‌یه و ئه‌م ململانهیهش هه‌ندێ جار و به تایبه‌ت له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی (حیزب، ئۆرگان یان حکومه‌ت) کە هێشتا بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه خه‌ڵک هەموویان وه‌ک ئه‌وان بیر بکه‌نه‌وه، ده‌گاته ئاستی توندوتیژی و هه‌ڕه‌شه‌ی لایه‌نی به‌هێزتر (ده‌سه‌ڵات) له لایه‌نی لاوازتر (رۆژنامه‌نووس). دڵنیابوون له‌وه‌ی که کار نه‌گاته ئه‌و ئاسته ته‌نیا کاتێک دەبێت که هه‌ردوولا له‌سه‌ر چوارچێویه‌کی دیاریکراو بۆ ململانێکه‌یان رێک بکه‌ون. ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ش یاسایه.
به‌ڵام له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (به کوردستانیشه‌وه) کێشه‌یه‌کی دیکه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که یان یاسا بوونی نییه، یان هه‌یه و سه‌رده‌میانه نییه، یان ئه‌گه‌ر سەردەمیانەش بێت ڕه‌چاو ناکرێت یان بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی “دەسەڵات” لێکدەدرێتەوە.له‌م جۆره کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا کاری رۆژنامه‌گه‌ری وه‌ک داره داره کردن وایه له تاریکایی نووته‌کدا و هه‌رده‌م له‌وانه‌یه بکه‌وێته ناو چاڵ و چۆڵی و داوه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
لێره‌دا نووسینی رێسای ئه‌خلاقی له لایه‌ن مێدیا ئازاده‌کانه‌وه، به هه‌ڵکردنی مۆمێک و بگره چڵهشهمچهیهک ده‌چێ له‌و تاریکاییه نووتهکهدا و هه‌وڵێکه بۆ شکاندنی سنووره کۆنه‌کان و راهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بیر له یاسا (یان یاسای سه‌رده‌میانه) بکاته‌وه و دواجار هه‌وڵدانیشه بۆ چه‌سپاندنی به‌ها ئه‌خلاقی و پیشه‌ییه‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری.
هەر لەم پەیوەندییەدا ماڵپەڕی ڕێنێسانس بە ئامادەکردنی ئەم رێسا ئەخلاقی و پیشەییە هەوڵ دەدات چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ خۆی، لە کاری رۆژنامەگەریدا، وێنا بکات.
ڕێساکانی ئێمه به پشتبه‌ستن به دوو مادده‌ی سه‌ره‌کیی قانوونی ئه‌ساسیی سوێد ـ قانوونی ئازادیی خۆئیفاده‌کردن و قانوونی ئازادیی چاپه‌مه‌نی ـ ئاماده کراون و تا ئه‌و چرکه‌ساته‌ی ئێستامان، وه‌ک یه‌کێک له مۆدێڕنترین قانوونه‌کانی چاپه‌مه‌نی له ئاستی جیهاندا چاویان لێده‌کرێ.
ڕێسا ئه‌خلاقییه‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتی له سه‌رمان فه‌ڕز ده‌که‌ن که:
ڕووداوه‌کان پاته‌وپات وه‌ک خۆیان ڕووماڵ بکه‌ین، وه‌ڵامده‌ر بین له به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه که به پشتبه‌ستن به‌م ڕێساگەلە لێمان ده‌گیرێ، رێز له شعوور و که‌سایه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تیی تاک و گرووپه جیاوازه‌کان بگرین و برینداری نه‌که‌ین، خۆمان له بڵاوکردنه‌وه‌ی وێنه، ده‌ق و ده‌نگ ببوێرین ئه‌گه‌ر گومان بکرێ که ئه‌وانه بینه‌ر ـ خوێنه‌ر ـ بیسهرـ چه‌واشه ده‌کات یان ئازاری دەدات و دەروونی دەڕۆشێنێ، له ڕووماڵکردندا بێلایه‌ن (ئۆبژێکتیڤ) بین و ڕا و بۆچوونه جیاوازه‌کانیش وه‌ربگرین.
هەروەها پابەند دەبین بەوەی کە:
- سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراو بین و ته‌نیا ئه‌و زانیاریانە بۆ خوێنه‌رانمان بگوزاینهوه که له راستبوونیان دڵنیاین. وردبینی و سه‌رئه‌نجام دڵنیابوون له “ڕاستی”، گرینگ‌ترن له خێرایی و تێکه‌وه‌هاویشتنی سه‌وداگه‌رانه (commercial). له بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاریی بێ بنه‌ما و ناڕوونیش خۆمان ده‌بوێرین و ئه‌وه‌ی بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه، باوهڕپێکراوە و به زمانێکی ڕوون و پاراو ـ هه‌م پیشه‌یی و هه‌میش ڕێزمانی ـ ده‌ینووسینه‌وه.
- هه‌وڵ ده‌دەین بۆچوونی جیاواز، سه‌باره‌ت به بابه‌ته جیاوازه‌کان، به له‌به‌رچاوگرتنی هاوسه‌نگی و رێزگرتنی دوو لایه‌نه بڵاو بکەینەوە.
III. هه‌موو هه‌وڵی خۆمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی بێلایه‌نی و هاوسه‌نگی له هه‌ر ڕووماڵکردنێکدا و ڕا و بۆچوونی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانیش وه‌رده‌گرین. لەم رووەوە هیچ چه‌شنه نزیکبوونێکی هه‌سته‌کی (عاتیفی) له خۆمان نیشان ناده‌ین و به شێوه‌یه‌کی هارمۆنیک و به‌بێ هه‌ڵوێستگرتنی سیاسی ڕووداوه‌کان ڕووماڵ ده‌که‌ین.
- په‌یمان ده‌ده‌ین که بڕیاره‌کانمان له به‌ستێنگه‌لی جۆراوجۆردا، له ژێر کاریگه‌ریی هیچ چه‌شنه هۆکارێکی سیاسی، پڕوپاگه‌نده‌یی یانیش به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سی و تاقمهییدا نه‌بن.
- به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، تۆمه‌تلێدراو، تا کاتێک تاوانه‌که‌ی له لایه‌ن دادگەوه نهسهلمێنرابێ، بێتاوانه. به‌و پێیه، تا یه‌کلاییبوونه‌وه‌ی بڕیاری ناوه‌ندگه‌لی حقووقیی، خۆمان له بڵاوکردنه‌وه‌ی ناو وێنه‌ی تۆمه‌تلێدراوان ده‌بوێرین. دیارە مەبەست ئەو ناوەندگەلە حقووقیانەیە کە بە پێی پێوەرە جیهانییەکان، هەڵقوڵوای چوارچێوەیەکی یاسایی و دێموکراتیکن.
- رێز له هه‌رێمی ژیانی تاکه‌که‌سیی تاکەکان و لایەنگرییە سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌زهه‌بی و ئاینییه‌کانیان ده‌گرین.
VII. گرێدراوی مافی پاراستنی ناسنامه‌ی “زانیاریده‌ران” ده‌بین، ئه‌گه‌ر زانیاریدهرهکه به هۆکاری ئاسایشی، پیشه‌یی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌یه‌وێ ناوی ئاشکرا بکرێت. ناسنامه‌ی په‌یامنێرانمان ـ که له ناوخۆی وڵاتن ـ زۆر به توندی ده‌پارێزین و ئاسایشی گیانی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییان ناخه‌ینه مه‌ترسییه‌وه.
VIII. له به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌س و گرووپانه‌دا که له هه‌واڵ، ڕاپۆرت و وتاره‌کانماندا باسیان ده‌کرێ، وه‌ڵامده‌ر ده‌بین و هیچ زانیارییه‌ک بڵاو ناکه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر که‌س و لایه‌نه‌که پێمان بسه‌لمێنێ که بڵاوکردنه‌وه‌که زیان به “به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی” ده‌گه‌یه‌نێ.
- په‌یمان ده‌ده‌ین که هه‌موو ئاسانکارییه‌ک بۆ تاکه‌که‌س، گرووپ و ده‌سته‌ی سیاسی و … بکه‌ین، ئه‌گه‌ر بێت‌و گازنده‌یان له بڵاوکراوه‌یه‌کی ئێمه هه‌بێ و بیانه‌وێ به‌دواداچوونی حقووقیی بۆ بکه‌ن.
- ئه‌و جوگرافیایه‌ی ئێمه کاری تێدا ده‌که‌ین کوردستانه، کوردستان له روانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌و 500 و ئه‌وه‌نده هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشه‌یه که به‌سه‌ر چه‌ند وڵاتێک‌دا دابه‌ش کراوه؛ به‌و واتایه ئێمه کوردستانی دابه‌شکراو وه‌ک جه‌سته‌یه‌ک چاو لێده‌که‌ین و هه‌موو بەشەکانی ئه‌و جه‌سته‌یه‌ش وه‌ک مه‌یدانی چالاکیی رۆژنامه‌گه‌ریی خۆمان چاو لێده‌که‌ین.
رێساکانی ئێمە و نووسەران:
- رێساکانی ئێمە هەروەها لەسەر ئەو وتار و بابەتانەی بۆ ئێمە دەنێردرێن پەێڕەو دەکرێ و تەنیا ئەو وتارانە بڵاو دەبنەوە کە به پشتبه‌ستن به فاکت و سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێکراو، نەک قسە و قسەڵۆک، نووسرابن.
- نووسه‌ران خۆیان به‌رپرسیارن له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یانوروژێنن، ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه بواره سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و حقووقییهکانیش ده‌گرێته‌وه. ئەو بابەتانەی بڵاو دەکرێنەوە تەنیا دەرخەری ڕا و بۆچوونی نووسەرەکانیانە و بۆچوونی بەڕێوەبەرانی ڕێنێسانس ناگەیەنێت.
III. هه‌ر نووسه‌رێک که ناسنامەی راستەقینەی بۆ ده‌سته‌ی کارگێڕ ناشکرا نه‌بێ، به‌هیچ شێوەیەک به ناوی خوازراو بابه‌تی بۆ بڵاو ناکرێته‌وه.
- هەر بابەتێک کە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یانیش سایتە ئەنتەرنێتییەکاندا بڵاو بووبێتەوە، ئێمە بڵاوی ناکەینەوە. بەڵام بەو حاڵەیشەوە ئەو نووسەرانەی کە سەرچاوەی داهاتیان بەرهەمەکانیانە و بە هۆی ئەوەی کە ئێمە هیچ بودجەیەکمان لە بەردەست نییە تا “هەقدەستی نووسین”یان بدەینێ، چاوپۆشی‌یان لێ دەکرێ.
- ڕێنێسانس، لە رووی زمانەوانییەوە مافی دەستکاری کردن و هەڵەچنی لەو بابەتانەی پێی دەگات- بە بێ ئەوەی ئەو دەسکارییە ناوەڕۆکی بابەتەکە بگرێتەوە- هەیە و بە گوێرەی پێویست و بە ئاگاداری نووسەر، هەڵە چنی لەو بابەتانەدا دەکات.
له کاره‌کانماندا پشت به وردبینی، راستی، بێ لایه‌نی و سه‌رچاوه‌ی باوەڕ پێکراو ده‌به‌ستین و هیوادارین له‌م پێناوه‌دا، به گه‌یاندنی هه‌واڵ و ناردنی بابه‌ت و هه‌روه‌ها بۆچوون و پێشنیاره‌کانتان، یارمەتیدەرمان بن.