کوردێکی رۆژهه‌ڵات به‌ تۆمه‌تی کاری تیرۆریستی له‌ کانادا گیراوه‌

 
2010.08.26 - 21:02

رێنێسانس نیوز

 
پۆلیسی کانادا سێ "جیهادیست"ی گرتووه‌ که‌ ده‌گوترێ ئاماده‌کارییان کردووه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێکی گرینگ له‌و وڵاته له‌ ژێر چاودێری یانیش به‌ فیتی "رێکخراوگه‌لی تیرۆریستی". وتوبێژێکی پۆلیس وێرای ئاشکراکردنی ئه‌و بابه‌ته‌ باسی ئه‌وه‌شی کرد که‌ یه‌کێک له‌ گیراوه‌کان به‌ ناوی هیوا محه‌مه‌دعه‌لیزاده کوردی ئێرانه‌. ‌


 

به‌ گوێره‌ی بنکه‌ی ئینته‌رنێتیی (The Vancouver Sun) ئه‌و سێ که‌سه‌ به‌نیاز بوون چه‌ند "شوێنێکی گرینگ" له‌ ناو کانادا بته‌قێننه‌وه‌ و پاره‌شیان کۆکردۆته‌وه‌ بۆ فاینانس کردنی چه‌ند هێرشێک بۆ سه‌ر هێزه‌کانی کانادا له‌ ئه‌فگانستان.

 

وته‌بێژێکی پۆلیسی "ئۆتاوا" له‌ پرێس کۆنفرانسێکدا ئه‌وڕۆ (پێنجشه‌ممه‌) ئاشکرای کرد که‌ دوو که‌س له‌و گومانلێکراوانه‌ به‌ ناوه‌کانی هیوا محه‌مه‌دعه‌لیزاده‌، ته‌مه‌ن 30 ساڵه‌ و میسباحودین ئه‌حمه‌د ته‌مه‌ن 26 ساڵه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسی کاناداوه‌ و که‌سی سێهه‌میشیان به‌ ناوی خوڕه‌م سه‌ید شێر ته‌مه‌ن 28 ساڵه‌، له‌ له‌نده‌‌ن قۆڵبه‌ست و خراونه‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌.

 

وته‌بێژه‌که‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاند که‌ گرتنی ئه‌و سێ که‌سه‌، که‌ ئه‌و به‌ "جیهادیست" به‌ناوی کردن، له‌ ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونێکی درێژخایه‌ندا مه‌یسه‌ر بووه‌ که‌ مانگی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2009 ده‌ستی پێکردووه‌ و له‌ رێگای چاودێریکردنی راسته‌وخۆ و ئه‌لکترۆنییه‌وه‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر هه‌رسێ گومانلێكراو کۆکراوه‌ته‌وه‌.

 

پۆلیسی کانادا پێیوایه‌ ئه‌و گرووپه‌ سێ که‌سییه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ تیرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ و "هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ بوون بۆ سه‌ر هاووڵاتیان و ئاسایشی" نه‌ته‌وه‌یی کانادا.

 

وته‌بێژه‌که‌ نه‌یویست ورده‌کاریی زیاتر ئاشکرا بکات له‌مه‌ڕ ئه‌و شوێنانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌یان له‌سه‌ر بووه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌وانه‌ له‌ به‌رنامه‌یاندا بووه‌ گورز له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کانادا بوه‌شێنن له‌ ناوخۆی کانادا، له‌ ئێران، پاکستان و دوبه‌ی.

 

پۆلیسی ئۆتاوا له‌ کاتی گرتنی ئه‌و که‌سانه‌دا ده‌ستی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر که‌لوپه‌لدا گرتووه‌ که‌ تێیدا ده‌کرێ ئاماژه‌ بکرێ به‌ که‌لوپه‌لی ئه‌لکترۆنیی ته‌قاندنه‌وه‌ له‌ رێگای دوور، ڤیدیۆ، به‌رنامه‌‌ی چالاکییه‌که‌ و هێڵکاریی شوێنی ته‌قاندنه‌وه‌کان.

 

هیوا محه‌مه‌دعه‌لیزاده‌ (وێنه‌ ـ به‌ ره‌نگی سوور نیشانه‌ کراوه‌)، ئه‌و گیراوه‌ی پۆلیس به‌ کوردی ئێران به‌ناوی کردووه‌، به‌وه‌ تاوانبار ده‌کرێ که‌ ئاماده‌کاریی کردبێ بۆ له‌مه‌ترسی خستنی گیانی هاووڵاتیان و زیانگه‌یاندنی له‌ راده‌به‌ده‌ر به‌ سامانی وڵات، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپگه‌لی تیرۆریستی و له‌ژێر چاودێری یانیش به‌ رێنوێنیی ئه‌و گرووپانه‌.

 

پۆلیس هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ناوبراو هه‌یه‌ که‌ هه‌وڵی دروستکردنی ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی داوه‌ و راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆش کاروباری بازرگانیی وه‌ڕێخستووه‌ بۆ پشتیوانیکردن له‌ گرووپێکی تیرۆریستی.

 

 

 

 


Copyright © 2017 Renaissance. All rights reserved.