مافی نیشتیمان

 
2010.08.25 - 20:22

ئه‌حمه‌د‌ موفتی زاده‌

 
نیشتیمان ئه‌ی خاک و خۆڵی تۆ کله‌ی ‌چاوانمه‌
نیشتیمان ناوی به‌ڕێزت هێزی رۆ‌ح و گیانمه‌
نیشتیمان ئه‌ی به‌ربه‌یانت رۆشنی ئیمانمه‌
نیشتیمان ئێواره‌کانت خه‌ڵوه‌تی عیرفانمه‌

نیشتیمان قوربانی کۆێستانت دڵی پڕ ده‌ردی من
نیشتیمان حه‌یرانی گه‌رمێنت هه‌ناسه‌ی سه‌ردی من
نیشتیمان سه‌رمه‌شقی به‌رزی هیممه‌ته‌ کۆماری تۆ
مه‌رکه‌زی زانستی و عیرفانه لادێ و شاری تۆ
نیشتیمان باغاتی فیرده‌وسه‌ هه‌موو گوڵزاری تۆ
عیززه‌ت و فه‌خره‌ هه‌موو نه‌خشی ده‌ر و دیواری تۆ
نیشتیمان ئه‌ی شاخ و داخانت ئۆمێدی دڵ هه‌موو
نیشتیمان ده‌شت و بیابانت به‌هه‌شتی ئاره‌زوو
نیشتیمان شه‌رته‌ که‌ تۆزی ڕێت به‌ ئه‌م دنیا نه‌ده‌م
شه‌رته‌ تا ماوم له‌ شه‌رتی گیان فیدایی لا نه‌ده‌م
نیشتیمان ئه‌ی فێنکی قه‌لبم شنه‌ی کوێستانه‌که‌ت
نیشتیمان ئه‌ی ئاوی ژینم خاکی کوردستانه‌که‌ت

 

نیشتیمان ئیحسانی تۆیه‌ خوێنی باوباپیری من
هێزی شان و نوری دیده‌ و قودره‌تی ته‌دبیری من
نیشتیمان گه‌ر خوێنی من پاکه‌ و حه‌ڵاڵه‌ شیری من
هه‌ر له‌سه‌ر سه‌رڕێ خۆشه‌ویستی تۆیه‌ بڕواو بیری من
نیشتیمان دایم له‌سه‌ر ئاواتی به‌رزی ناوی تۆم
خاترت جه‌م بێ به‌ڵا گه‌ردانی خاک و ئاوی تۆم
لاوی کورد ئه‌رپاکه‌ شیرت هه‌سته‌ وه‌ک شێری ژیان
ڕاکه‌ مه‌یدان بۆ به‌جێ هێنانی مافی نیشتیمان
رۆڵه‌که‌ی سوڵتان سه‌لاحه‌ددین نه‌خۆی گۆڵی که‌سان
روکنی ئیمان خۆشه‌ویستی نیشتیمانه‌ بێ گومان
لاوی کوردم خوه‌ت نه‌که‌یته‌ داره‌ ده‌ستی دوژمنت
دوژمنت نه‌تباته‌ مه‌یدان بۆ برای خۆ کوشتنت
کورده قه‌ت نه‌نوی به‌لایه‌ی دوژمنی عه‌ییاره‌وه‌
شیری دوژمن تێکه‌ڵه‌ حه‌تمه‌ن به‌ ژاری ماره‌وه‌
ڕه‌نگ نه‌که‌ی داوێنی ناموست به‌ له‌ککه‌ی عاره‌وه‌
نیشتیمانت دایکته‌ نه‌یده‌ی به‌ده‌س ئه‌غیاره‌وه‌
ڕه‌نجی باو و باپیری تۆ ئه‌م نیشتیمانه‌ی دا به‌ تۆ
کورده‌ وریابی نه‌که‌ی باپیره‌کانت ره‌نجه‌ڕۆ
کورده‌ دین و نیشتیمانه مایه‌ی به‌رزی ژ‌ینی تۆ
دوژمنی هه‌ردوکیانه‌ دوژمنی بێدینی تۆ
هه‌ر بژی تۆ و نیشتیمانت، هه‌ر بژی ئایینی تۆ
با له‌داخا شه‌ق ببا به‌دخاهی تۆ به‌دبینی تۆ
هه‌سته‌سا، هه‌روه‌ک تریشقه‌ ریشه‌که‌ن که‌ دوژمنت
تا به‌ فێڵ و گه‌ڕ له‌ریشه‌ی ده‌رنه‌هێناوه‌ بنت

 

ــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی: ئه‌و شێعره‌ جاری یه‌که‌م ساڵی1339 له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستان له‌ تاران بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و یه‌کێک له‌ دۆستانی نووسه‌ر بۆ رێنێسانس نیوزی ناردووه‌.

 

 


Copyright © 2017 Renaissance. All rights reserved.