رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان

 
2010.08.20 - 21:02

شۆڕش گوڵکار

 

onij_1364@yahoo.com
ئه‌و په‌ڕانپه‌ڕ و چوارچێوه‌ کولتوورییه‌ی که‌ لێی له‌ دایه‌ک ده‌بین و تێیدا گه‌شه‌ ده‌که‌ین، کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵسه‌که‌وتی ئێمه‌، بۆیه‌ هه‌ر تاکێکی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ سه‌رنج و وردبینییه‌وه‌ ده‌روانێته‌ هێز و پوتانسییه‌لی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی نیشتمانه‌که‌ی و هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێ، چونکه‌ ده‌زانێ چاره‌نووسی ئه‌میش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌ڵسووکه‌وتی ئه‌وان.

تاک، نیشتمان و کۆمه‌ڵگه‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان سێ ره‌هه‌ندن که‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان و ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و گه‌شه‌ی ئه‌م سێ ته‌وه‌ره‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و مافپه‌روه‌ر و مرۆڤته‌وه‌ر پێکده‌هێنێ ،به‌م پێیه‌ پرسیارێ دێته‌ ئاراوه‌ که‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی بۆ هیچی بۆ ناکه‌ن ؟

 

ئایا خه‌ڵک، گیان خۆشه‌ویست و ترسه‌نۆکن یان ده‌وڵه‌مه‌ندنوو ئاسایش و دڵنیایان هه‌یه‌ و نایانه‌وێ له‌ ده‌ستی بده‌ن یان به‌ واتایه‌کی دیکه‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی خۆیانیان خۆش ده‌وێ. به‌ڵام که‌ چی وانییه‌ چونکه‌ کاتێک سه‌یری رابردووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌که‌ین ده‌بینین که‌ به‌ ده‌یان جار تامی تاڵی ئاواره‌یی و ماڵویرانیان چه‌شتووه‌ و هه‌زاران رۆڵه‌ی گیان له‌ سه‌ر ده‌ست و به‌ ئه‌مه‌گیشیان له‌ به‌رگری ره‌وادا پێشکه‌ش به‌ باره‌گای ئازادی کردووه‌، که‌وابوو دێینه‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ هه‌وڵسوکه‌وتی نابه‌جێ و هه‌ڵه‌ و شکسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌ که‌ ئه‌مانیشی تووشی بێ هیوایی و بێ ده‌ره‌تانی و بێ ئه‌نگیزه‌یی کردوووه‌ یان به‌ شێوه‌یه‌کی سیاسیوو واقعبینانه‌تر ده‌بێ بڵێین که‌ ئه‌م کرده‌وه‌ بێ پلان وسه‌لێقه‌یی و بێ ده‌سکه‌وتوو و بێ ئاکامه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌کانه‌ که‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا خه‌ڵکی به‌ره‌و پاسیڤ بوون بردووه‌ و راسته‌وخۆ کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌ سه‌ر رۆح و ده‌روونی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بووه‌ و تووشی قه‌یرانێکیانی کردووه‌ به‌ ناوی بێخه‌یاڵ بوون له‌ چاره‌نووس و داهاتووی خۆیان.

 

هه‌روه‌ها جگه‌ له‌مانه‌ ئه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ باتی ئه‌وه‌ی ژێرخانی عه‌قڵییه‌تی سیاسییان هه‌نووکه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ و به‌ خۆداچوونه‌وه‌ بێ، که‌ ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ماکانی دیموکراسی و به‌ره‌وپێشچوون و گه‌یه‌شتن به‌ سه‌رکه‌وتن،که‌چی مه‌خابن ژێرخانی عه‌قڵییه‌تی ئه‌وان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی دوگم و یه‌ک لایه‌نانه‌ و پاوانخۆازانه‌ ئه‌و ته‌وه‌ر و مژاره‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ روبه‌ڕووی گه‌لی ئێمه‌ ده‌بێته‌وه‌ راڤه‌ی ده‌که‌ن و هه‌ر به‌م مێتوده‌ش له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن که‌ ئه‌مه‌ له‌ درێژخایه‌ندا پێگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و ره‌مه‌کی بوون و ده‌مارگرژی ده‌بات و کوردستان ده‌کاته‌ گۆڕه‌پانی ململانی ئه‌و تاک و لایه‌نه‌ قازانج خۆازانه‌ی که‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی ناکه‌ن و هه‌موو هێز و توانایی خۆیشیان وه‌گه‌ڕ ده‌خه‌ن تا به‌ فرت و فێڵ و چه‌واشه‌کاری به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تاکه‌که‌سییه‌کانی خۆشیان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن .ئه‌گه‌ریش چه‌ند ده‌یه‌ جاریک هه‌لێک بۆ کورد بڕه‌خسێ ئه‌مانه‌ ئه‌و هه‌له‌ مێژوویی‌یانه‌ش فیدای قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی خۆیان ده‌که‌ن و به‌ فیرۆی ده‌ده‌ن.

 

بۆیه‌ ئێستا بۆ به‌رگریکردن له‌ هاتنه‌ ئارای ئه‌م دۆخه‌ پێویسته‌ که‌ هێز و لایه‌نه‌ ساسییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ کارێکی مێژوویی بکه‌ن و ریفورمێک له‌ خۆیاندا پێکبێنن تا ئیتر نه‌رۆنه‌ نێو "نادیاری و ئوتوپیایی" و له‌ دۆخی هه‌نه‌ووکه‌دا نه‌مێیننه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ دۆخی دڵخوازیشی دابنه‌یین و له‌ باتی نووسین و هێنانه‌ گۆڕیی بیروکه‌ی سیاسی و تێز و رێکاری خۆماڵی، ببنه‌ گێڕه‌وه‌ و جێبه‌جێکه‌ری تێوری بیانییه‌کان ، بۆیه‌ و له‌ قۆناخی هه‌نووکه‌دا ریفۆرم له‌ بیرکردنه‌وه‌ پێکهاته‌ و هه‌ڵسووکه‌وتی هێز و لایه‌نه‌ ساسییه‌کانی کوردستان پێویستییه‌کی مێژوویه‌ که‌ پێویسته‌ بکرێ چۆن ئه‌گه‌ر وانه‌بێ که‌ڵێن و قۆژبنه‌کان یان باشتر بڵێین برینه‌ سارێژ نه‌کراوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ که‌ بریتین له‌ جیاوازی ئایینی، تاقمچیتی، عه‌شیره‌تچێتی، زاراوه‌چێتی و ئیدولوژیچێتی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ئاکامه‌که‌شی ده‌بێته‌ زاڵبوونی پاشاگه‌ردانی به‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ و له‌ کۆتاییشدا دووکه‌ڵی ئه‌م نابه‌رپرسیاره‌تیانه‌ ده‌چیته‌ چاوی خه‌ڵکی کورد و دیسانه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێک و سه‌ره‌تای کاره‌ساتێکی نوێ....

 

 

 


Copyright © 2017 Renaissance. All rights reserved.