ئه‌گه‌ر کتێبی "ده‌رد و مه‌ینه‌تی سوور پێسته‌کانی ئامریکاتان" خوێندبێته‌وه ده‌بینن که هه‌ر شانۆیه‌ک له‌وه دوو باره‌ی هه‌مان کاره‌ساتی پێشووه، به‌و جیاوازییه‌ی که نووسه‌ر له وه‌سف کردنیان دا له ناوی نوێ که‌ڵکی وه‌رگرتووه: فه‌رمانده‌ی ئامریکایی له‌گه‌ڵ سوور پێسته‌کان په‌یمان ده‌به‌ستێ، پاش ئه‌وه‌ی که هێزێکی ئه‌وتۆی کۆ کرده‌ووه، به‌ڵێنه‌که‌ی خۆی ده‌شکێنێ و ژن و پیاو و منداڵی سوور پێست به کۆمه‌ڵ ده‌کۆژێ، جا له هه‌ندێک جێگا که‌م و له هه‌ندێک جێگا زۆر. چیرۆکی کورد و تورک و عه‌ره‌ب هه‌ر هه‌مان چیرۆکه. له خۆراسانیه‌کیان پرسی "مه‌غوله‌کان" چیان کرد؟ وتی: هاتن و کوشتیان و سوتاندیان و چوون. گه‌ر له منیش بپرسن کورده‌کان چیان کرد، ده‌ڵێم: "شۆڕ‌شیان کرد، شه‌ڕیان کرد، له‌گه‌ڵ یه‌ک خه‌یانه‌تیان کرد، سه‌ر نه‌که‌وتن و کوژران". مه‌غوله‌کان ڕۆیشتن، به‌ڵام تورکه‌کان و عه‌ره‌به‌کان و فارسه‌کان هه‌ن تاکوو بکۆژن و بسوتێنن. به‌ڵێ کوردستان نیشتمانی سوور پێستانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینه. به‌ڵام سوور پێستانێک له‌گه‌ڵ یه‌ک بێگانه نین و خه‌یانه‌ت به یه‌ک ده‌که‌ن". کورد له ئێران کوردستان ئه‌م وڵاته‌یه به‌سه‌ر چه‌ندین وڵات‌دا دابه‌شکراوه و ئه‌مڕۆکه خۆی له چوار پارچه‌ی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق و و کوردستانی تورکیا و کوردستانی سووریا دا ده‌بینێته‌وه و جیا له‌مانه له‌چه‌ندین ولاتی تر وه‌ک لوبنان و ئه‌رمه‌نستان و ئازه‌ربایجان و ته‌نانه‌ت له ئه‌فغانستان و به‌شێکیش له ئه‌وروپا کورده‌كان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. کورد بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانی خۆی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت خه‌باتی کردووه و خه‌بات ده‌کات، ئه‌وه‌ی لیره‌دا ده‌مانه‌وێ باسی لێوه بکه‌ین کوردستانی ئێرانه و به‌تایبه‌تی ده‌مانه‌وێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین کورد له پاش شۆڕشی گه‌لانی ئیران چی ده‌سکه‌وتووه و له داهاتوودا چی به‌ده‌ست دێنیت. هه‌ر حکومه‌تێک که له ئێران هاتۆته سه‌ر کار دانی به مافی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز دانه‌ناوه و به‌رده‌وام به رێگه‌ی جۆراوجۆر هه‌وڵی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یان داوه. به پێی داوایین ئاماره‌کان حه‌شیمه‌تی کورده‌کان له ئێران له نێوان 8تا 9 میلیۆن که‌س ده‌بێت و تا ئه‌مرؤش ده‌سه‌ڵاتداران وشه‌ی نه‌ته‌ویان بۆ کورد به‌کار نه‌هێناوه و پتر که‌ڵک له وشه‌ی (قه‌وم) وه‌رده‌گرن، دیاره ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی سیاسی خۆی له‌پشته‌وه هه‌یه و کاربه‌ده‌ستانی ئێران ده‌ڵێن ئێران یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه و له چه‌ندین قه‌ومی جۆراوجۆر پێکهاتووه، له کاتێکدا ئێران وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه‌یه که تیایدا چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر به‌یه‌که‌وه ده‌ژین و به‌داخه‌وه ئه‌م نه‌ته‌وانه له به‌ریوه‌بردنی ولاتدا هاوبه‌ش نین. قه‌وم له فه‌رهه‌نگی سیاسی ئێران‌دا به خه‌ڵکانێک ده‌گوترێت که خاوه‌نی کۆمه‌ڵێک هاوبه‌شی مێژووین (زمان، ئایین، داب و نه‌ریت و مۆسیقا و هونه‌ر ..) که کۆمه‌ڵیک خۆیان به خاوه‌نی هه‌ندێ بابه‌تی هاوبه‌ش ده‌زانن و به‌م پێیه خۆیان له کۆمه‌ڵێکی تر جیا ده‌که‌نه‌وه، نه‌ته‌وه‌ش به مانا به‌ربڵاوه‌که‌ی له چه‌ندین قه‌ومی جیاجیا پێکدێت که خاوه‌نی کیانی سیاسی و حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بن. کورد له ئێران به چاوی که‌مینه سه‌یر کراوه و سه‌یر ده‌کرێ و تا ئێستا مه‌جالی ئه‌وه‌یان پێ نه‌داوه بێته مه‌یدان و له پرسه چاره‌نووسسازه‌کاندا هاوبه‌ش بێت. شۆڕشی گه‌لانی ئێران ساڵی 1979 بۆ گه‌لانی ئێران ساڵێکی گرنگ و مێژوویی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، له‌و ساڵه‌دا خه‌ڵک له شۆرشێکی بێ وێنه‌دا رژیمی 2500 ساڵه پاشایه‌تیيان له ئێران رووخاند. گه‌لانی ئێران که له ده‌ست رێژیمه‌که‌ی شا به زاڵه هاتبوون و له سیاسه‌تی تاکره‌وانه‌ی شا بێزار ببوون، دژ به‌و رێژیمه ده‌ستیان دایه خۆپێشاندان و ناره‌زایی ده‌ربرین، شاڵاوی ناره‌زایی خه‌ڵک زۆر به تووندی و خێرا ته‌واوی شاره‌کانی ئێرانی گرته‌وه. کوردستانیش له‌م خۆپێساندان و ناره‌زاییانه بێبه‌ش نه‌بوو و شان به‌شانی نه‌ته‌وه‌کانی تر هاتنه مه‌یدان ، شا و دار‌و ده‌سته‌که‌ی بۆ پاراستنی رێژیمه که‌یان ده‌ستیان دایه کوشت و کوشتاری گه‌لانی ئێران به جۆرێک که هه‌زاران که‌س له خه‌ڵک بوونه قووربانی. ئه‌گه‌ر چی خه‌ڵکێکی زۆر کوژرا و بریندار بوون به‌ڵام له ئاکامدا شایان ناچار کرد که وڵات به جێ بهێڵێت، ئه‌وه بوو له ڕۆژی 1357.10.26 هه‌تاوی (1979)زایینی دا شا و بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ره و هه‌نده‌ران هه‌ڵهاتن. پاش هه‌ڵاتنی شا له ئێران ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد شۆرشی گه‌لانی ئێران سه‌ر که‌وت و خه‌ڵک ده‌ستی گرت به سه‌ر هه‌موو دا‌م ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تیدا و به‌شێکی زۆر له خاکی کوردستانی ئێرانیش که‌وته ده‌ست خه‌ڵک و بۆ ماویه‌که هێزی پێشمه‌رگه ئیداره‌ی کوردستانی ئێرانی به‌رێوه ده‌برد. ڕۆژی 1357.11.22 هه‌تاوی به‌رانبه‌ر به 11 فورییه‌ی 1979ی زایینی، هه‌موو گه‌لانی ئێران به هه موو پێكهاته كانييه وه ڕژانه شه‌قام و بازاره‌کان و ده‌ستیان کرد به خۆشی و شادی. ئه‌گه‌ر چی گه‌لانی ئێران بۆ ماف و ئازادی زیاتر دژ به شا و دار‌و ده‌سته‌که‌ی راپه‌رین و حوکمی 2500 ساڵه‌ی پاشایه‌تیان له گۆڕ نا، به‌ڵام به داخه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ویست و داخوازیه‌کانی ئه‌وان ئاخونده مێزه‌ر به‌سه‌ره‌کان بوونه خاوه‌نی شۆرشه‌که و ناوی شۆرشی گه‌لانی ئێران گؤڕا بۆ شۆرشی ئیسلامی ئێران!! ڕۆڵی کورد له شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا له پاش دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له لایه‌ن پێشه‌وای شه‌هید قازی محه‌مه‌دی نه‌مر له 2ی رێبه‌ندانی ساڵی 1324 هه‌تاوی (1945)ی زایینی بزووتنه‌وه‌ی کورد له ئێران33 ساڵ پاش دامه‌زرانی ئه‌م کۆماره ساوایه هاته‌وه مه‌یدان و داوای مافه‌کانی خۆی له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی ئازاد‌دا ده‌کرد، حکومه‌تی پاشایاتی له ئێران به‌رده‌وام زوڵمی له گه‌ڵی کورد ده‌کرد و کورد به هاتنه ناو ریزه‌کانی شپۆرش ئه‌وه به‌ده‌رفه‌ت زانی که داوای مافه‌کانی خۆی بکات. له سه‌ره‌تای شۆرش هه‌یئه‌تی نوێنه‌رايه‌تیی گه‌لی کورد که حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کرد و چه‌ند که‌سایه‌تی دیاری وه‌ک دکتور عه‌بدوره‌حمانی قاسملوو و مامۆستا شێخ عێزه‌دین حوسێنی و سه‌لاح موهته‌دی و غه‌نی بلووریان سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌یئه‌ته‌که‌یان ده‌کرد چه‌ندین جار سه‌ردانی تارانیان کرد و نوێنه‌رانی حکومه‌ت چه‌ندین جار سه‌ردانی کوردستانیان کرد و کۆبوونه‌وه و مه‌سه‌له‌کانی نێوان کورد و حکومه‌تی ناوه‌ندییان هه‌ڵسه‌نگاند.، له هه‌موو دانشتنه‌کاندا کورد سوور بوو له هێنانه به‌ر باسی کێشه‌یه‌ک به ناوی کێشه‌ی کورد له ئێران و داوای خودموختارییه‌ک بۆ کوردستانی ئیران و دیموکراسی بۆ سه‌رتاسه‌ر ئیرانیان خسته به‌ر باس. حکومه‌تی نوێی ئێران که به کۆماری ئیسلامی ناوبانگی ده‌رکرد و به وته‌ی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و کاته 98% خه‌ڵکی ئێران له هه‌ڵبژاردنی 12ی خاکه‌لێوه‌ی 1358 هه‌تاوی ده‌نگیان به کۆماری ئیسلامی‌دا له‌کاتێکدا له سه‌ر داوای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کورده‌کان به‌شداریيان له‌و ده‌نگدانه‌دا نه‌کرد، له هه‌موو دانیشتنه‌کانیاندا داواکارییه‌کانی نوێنه‌رانی کوردیان پشت گوێ خست و لایه‌نه سیاسییه‌کان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان بایکۆت کرد و ئه‌وه‌ش بووه سه‌ره‌تای ناکۆکی نێوان کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی تازه له ئێران به رێبه‌رایه‌تی (ئیمام) خومه‌ینی و به‌ره‌به‌ره ئاگری شه‌ڕی کوردستان خۆش ده‌بوو و شه‌ڕێکی چاوه‌ڕوان نه‌ککراو وه‌ک مۆته‌که باڵی به‌سه‌ر کوردستانی ئێران‌دا ده‌کێشا. کورده‌کان دوای شۆرش مێژوو ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ که کورده‌کان یه‌کێک له‌و نه‌ته‌وانه بوون که له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران دژی حه‌مه ڕه‌زا شای په‌هله‌وی چوونه نێو کۆمه‌ڵگای شۆڕشگێڕانی ئێرانه‌وه. دیاره سه‌ره‌تا کورده‌کان دوو دڵ بوون به‌ڵام دوایی ڕژانه نێو کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شاره‌کان و دژی شای دیکتاتۆر چالاکیان نواند. ئه‌و دوو دڵییه لای کورده‌کان ڕه‌نگه له ڕووی زانیاری بووبێ چوونکه هه‌ندێک وای بۆ ده‌چوون که ئه‌م (ئیمام) خومه‌ینییه که رێبه‌رایه‌تيی شۆرشی ده‌کرد ببێته دیکتاتۆرێکی تر بۆ نه‌ته‌وه شۆڕشگێڕه‌کانی تری ئێران و به نێوی دین سه‌رکوتیان بکا، که چی وه‌هاش ده‌رچوو که گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران ئه‌و دیکتاتۆرییه‌ی که به نێوی دین و شیعه گه‌ری خه‌ریک بوو به سه‌ری کورد بیسه‌پێنی قبووڵی نه‌کرد و به‌رگی شۆڕشگێڕانه‌ی له به‌ر کرد و دژی رژیمی دیکتاتۆری خومه‌ینی ڕاپه‌ڕی. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌خشه‌یه‌کی وایان بۆ کورد داڕشت بوو که به ناوی دین و جیهاد له پێناوی خودا فتوایان دژی کورد ده‌رکرد و سه‌ره‌ک کۆماری ئه‌و کاته‌ی ئێران "به‌نی سه‌در" ده‌ستووری دا به سوپای به وته‌ی خۆیان: سوپای بیست ملیۆنی ئێران، تاکوو کوردستان به ته‌واوی نه‌گرنه‌وه به‌نی پێڵاوه‌کانیان نه‌که‌نه‌وه. ئه‌وه بوو خه‌ڵکی کورد بۆ جارێکی تر که‌وته به‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی ڕژیم و به سه‌دان که‌س له پیر و منداڵ و ژن و لاو بوونه قوربانی و خۆێنیان به ناحه‌ق ڕژا. به‌ڵام نه‌یان توانی کوردستان له نه‌ته‌وه‌ی کورد پاک که‌نه‌وه. خومه‌ینی فه‌توای جیهادی ده‌کرد و شه‌ڕ له کوردستانی ئێران هه‌ڵگیرسا و شه‌ڕێکی خوێناوی کوردستانی ئێرانی گرته‌وه. سوپای پاسداران که سه‌ر به حکومه‌ت بوو هێرشی کرده سه‌ر شاره‌کانی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه بۆ به‌رگری له خاک و خه‌لکه‌که‌ی خه‌باتی چه‌کداری راگه‌یاند، به‌داخه‌وه رێبه‌رانی کورد ته‌نانه‌ت له کاتی شه‌ر له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ندیش دا هاوبیر و هاورا نه‌بوون و به‌رده‌وام کێشه‌یان بۆ یه‌کتری دروست ده‌کرد، تا وای لێهات شه‌ڕێکی براکوژی له کوردستانی ئێران له نێوان حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه سه‌یهه‌ڵدا و قوربانيی زۆری لیکه‌وته‌وه، ده‌وڵه‌ت ئه‌مه‌ی به‌هه‌ل زانی و به هێرشکردنه سه‌ر کوردستان پێگه‌ی حزبه‌کانی له‌رزۆک کرد و شه‌ڕی کوردستان هه‌ڵگیرسا، به هه‌زاران که‌س کوژران و به هه‌زارانی تر بریندار وبوون و ده‌یان هه‌زار که‌سیتر ئاواره بوون و شوێن و زێدی ژیانیان به‌جێهێشت و ناخۆشی باڵی به‌سه‌ر کوردستانی ئێران‌دا کێشا، خه‌ڵک له‌دژی حکومه‌تی په‌هله‌وی راپه‌ڕی و شایان وه‌ده‌رنا که حکومه‌تێکی دیموکراتیک که نوێنه‌رایه‌تيی خه‌ڵک بکات بێته سه‌ر کار، به‌داخه‌وه زه‌مه‌ن شتێکیتری بۆ داهاتووی خه‌ڵکی ئێران هێنایه کایه، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتدارێتيی مه‌لاکان و سه‌رهه‌ڵدانی کۆمارێک به ناوی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بوو که پێشتر ئه‌م شێوه سیسته‌مه له ناوچه‌که بوونی نه‌بوو، بۆیه تا ڕاده‌یه‌ک به‌لای خه‌ڵکه‌وه نامۆ بوو، حکومه‌تی مه‌لاکان هه‌ر به هێر‌ش بۆسه‌ر کوردستان نه‌وه‌ستا و ده‌ستی دایه تیرۆری که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کان و عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو و سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له رێبه‌رانی پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له ئه‌وروپا بوونه قوربانی تیرۆر و کورد له ئێران دوو سه‌رکرده‌ی گه‌وره‌ی له‌ده‌ستدا. له پاش 30 ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی له ئێران ترس و تۆقاندن و له‌سێداره‌دانی رۆڵه‌کانی کورد و نه‌بوونی ئازادی سیاسی و ئازادی ڕاده‌ربڕین و پێشێل کردنی مافه‌کانی مرۆڤ تا ئه‌مڕۆکه‌ش به‌رهه‌می ئه‌م کۆماره‌یه. ململانێی کورده‌کان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی دا که خاکی کوردستانیان داگیر کردووه ڕیشه‌یه‌کی مێژوویی هه‌یه و ته‌نیا پێوه‌ندی به کورده‌کانی ئێرانه‌وه نیه. کوردستان به هۆی باری ژیوپۆلیتیکه‌که‌ی که له نێوان دوو کیشوه‌ری ئاسیا و ئۆروپادا هه‌ڵکه‌وتووه و چه‌ندین سه‌ده‌یه له ژێر ده‌ستی دوو "قه‌ڵه‌مڕه‌وی" تورک و فارس و یان شیعه و سوننه بووه. هاوکات کاناڵی هاتووچۆی له‌شکری هێرشکه‌ر و داگیرکه‌ر بووه و یان مه‌یدانی شه‌ڕ و پێکدادانی داگیر که‌ران و هێرشکه‌ران بووه. هه‌روه‌ها نیشتمانی کوردستان له نێوان چوار وڵات دابه‌شکرا و خه‌ڵکی کوردیش له‌گه‌ڵ چوار کلتووری جۆراوجۆر زه‌جر ده‌کێشێ وخه‌بات ده‌کا. گه‌رچی فارسه‌کان ده‌ڵێن کورده‌کان له ئێران‌دا هیچ جیاوازییه‌کیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئێران‌دا نیه و بگره تا ئێستا به‌رده‌وام ئه‌وه دووباره ده‌که‌نه‌وه که کورده‌کان ئێرانییه ره‌سه‌نه‌کانن، ئه‌م رسته‌یه له سه‌رده‌می محه‌مه‌د خاته‌می سه‌رۆککۆماری پێشووی ئێران زۆر به‌کار هات، که‌چی ته‌نیا خۆی له درووشمدا بنینی و بۆ دڵخۆشی کورده‌کان ئه‌م قسه‌یان ده‌کرد، کورد له ئێران به‌رده‌وام له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه زولمی لێکراوه و چه‌وساوه‌ته‌وه و به تاوانی موحاره‌به و هه‌وڵدان له دژی ئاسایشی نیشتیمانی سزای له سێداره‌دان و به‌ندیخانه‌ی بۆ ده‌رچووه. شیرین عیبادی پارێزه‌ر و وه‌رگری خه‌ڵاتی نوبێلی ئاشتی 2003 له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: كورده‌كان له ئێران كۆنترین نه‌ته‌وه‌ن و پێش نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له‌م وڵاته دا بوونیان هه‌بووه‌و له‌و ناوچه‌یه ژیاون. رسته‌یه‌ک هه‌یه که " كورده‌كان كۆنترین نه‌ته‌وه‌یی ئاریایین" ئه‌وه بابه‌تێکی مێژوویه و حاشای لێناکرێ. کورد، له ئێران ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌کن كه سته‌میان دوو به‌رامبه‌ر لێ ده‌كرێ. سته‌مێکی مه‌زهه‌بی و سته‌مێكینه‌ته‌وه‌یی، بۆیه نابێ خۆمان له وان جیا بكه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر خۆشحاڵین هه‌موو به‌یه‌كه‌وه خۆشحاڵین، ئه‌گه‌ر خه‌مبارین هه‌موو به‌یه‌كه‌وه خه‌مبارین". پێویسته یاسای بنچینه‌یی به رێک‌وپێکی و به‌ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێت". ئه‌گه‌ر چاوێک به کارنامه ي 30 ساڵه ي کۆماری ئیسلامی‌دا بخشێنین، بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێ كه جگه له جه‌نایه‌ت و زوڵم و زۆر و ناعداله‌تی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار دژی گه‌لانی ئێران شتێكي تري به‌دى ناكرێ. له‌م سه‌رده‌مه، که سه‌رده‌می پێشکه‌وتنی زانست و دێموکراسی و ئازادی و ماڤی مرۆڤه، بۆ ئه‌وان نه هه ر جێگه‌ی په‌سه‌ند نییه، به‌ڵکو باوه‌ریشیان پێ نییه، ئه‌وه‌ی که جێ باوه‌ڕی ئه‌وانه، ئه‌و بیره کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌يیه که هی 1400 ساڵ له‌مه‌و به‌ره. به کورتی ده‌توانین بلێین ئه‌گه‌ر چی شۆرشی 1979 له ئێران به‌هه‌رمی خه‌باتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئیسلامی سیاسی له ئێران شێوه‌ی ئه‌م شۆڕشه‌ی له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک ناشیرین کرد و نموونه‌یه‌کی قێزه‌ونی له ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵک دا به جیهانیان نیشاندا که ئه‌ویش کۆماری ئیسلامی بوو که ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی لێکه‌وته‌وه: 8 ساڵ شه‌ری نێوان ئێران و عێراق که زیاتر له یه‌ک میلیون کوژرا و بریندار، زيان و زه‌ره‌ری ماڵی به قسه‌ی خودی مه‌لاکان زیاتر له 1000 میلیارد دۆلار و به هه‌زاران بنه‌ماڵه بێ حاڵ و ماڵ بوون، شه‌ڕ له دژی گه‌لانی ژێر ده‌سته، به‌تایبه‌ت کورد که له ماوه‌ی هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی تا ئێستا زیاتر له هه‌زاران كه‌سيان لێ شه‌هید کراوه و به سه‌دان که‌سیان ئێستاش له زیندانه‌کانی کۆماری به ناو ئيسلاميدا له ژێر پیسترین ئه‌شکه‌نجه و ئازار‌دان. ئيعدام کردنی سه‌دان هه‌زار که‌س به بێ دادگايي كردن له به‌ر چاوی هه‌موو کۆر وکۆمه‌ڵه مرؤف دۆسته‌کانی دوونیاوه. له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد له ئێران له‌سێداره‌دران وه‌ک: ئیحسان فه‌تاحیان و فه‌سیح یاسه‌مه‌نی و .. به پێێ دوایین زانیارییه‌کان تا ئێستا 21 کوردی‌تر له ئێران حوکمی له‌سیداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، و چاوه‌ڕوانی له‌سێداره‌دان ده‌که‌ن که ناوه‌کانیان بریتییه له : 1- زه‌ینه‌ب جه‌لالیان 2- شیرکۆ مه‌عارفی 3- حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی 4- سامی حوسێنی 5- جه‌مال محه‌مه‌دی 6- رۆسته‌م ئه‌رکیا 7- ره‌شید ئاخکه‌ندی 8- حوسین خزری 9- فه‌رزاد که‌مانگه‌ر 10- عه‌لی حه‌یده‌ریان 11- فه‌رهاد وه‌کیلی 12- موسته‌فا سه‌لیمی 13- ئه‌نوه‌ر رۆسته‌می 14- ئیره‌ج محه‌مه‌دی 15- محه‌مه‌د ئه‌مین ئاگوشی 16- ئه‌حمه‌د پولاد خانی 17- حه‌سه‌ن تالعی 18- شیرین عه‌له‌م هۆیی 19- محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵاهی 20- قادر محه‌مه‌د زاده 21- عه‌زیز محه‌مه‌د زاده 30 ساڵی به‌سه‌ر شۆرشی گه‌لانی ئێران تێپه‌ریوه و کێشه‌ی کورد تا ئه‌مڕۆش له ئێران بوونی هه‌یه و کورد له ئێران به مافه‌کانی خۆی نه‌گه‌یشتووه، پارته ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی ئێران درێژه به خه‌باتی خۆیان ده‌ده‌ن، خه‌ڵکی کوردستان له شێوه‌ی حوکمڕانی کاربه‌ده‌ستانی تاران نارازین و کوردستان له چاو ناوچه‌کانیتری ئیران ئاوه‌دانییه‌کی وه‌های به‌خۆوه نه‌بینیوه و بۆ ئه‌مه‌ش به‌رپرسان نه‌بوونی ئه‌منییه‌ت ده‌كه‌نه بیانوو و پارته کوردییه‌کان به تێکده‌ر و له‌ناوچوو ناو ده‌به‌ن و هه‌موو هه‌وڵیکی خۆیان خستۆته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی پێش به جموجۆڵی سیاسی له کوردستان بگرن. پارته ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی کوردی ئێران به هۆی قه‌یرانی ناوخۆیییان تووشی لێکترازان و له‌تبوون هاتوون و ململانێی و کێشه‌ی نێوانیان به‌رده‌وامه. حکومه‌تی ئێران به هۆی په‌ره‌پێدانی به‌رنامه ناوه‌کییه‌که‌ی له لایه‌ن ولاتانی ده‌ره‌وه رۆژ به رۆژ گه‌مارۆی زیاتری ده‌خرێته سه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌پۆلێکی ناره‌زایی له ناوخۆی ئێران له پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری و هاتنه‌وه سه‌ر کاری مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد دا درووست بووه و بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری ئێران به ناوی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز هاتۆته ئاراوه. کورد و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كه دژكرده‌وه‌یه‌ك بوو له دژی كرده‌وه‌ی خامه‌نه‌یی رێبه‌ر و ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رکۆمار، ئه‌مڕۆکه خۆی له رووبه‌رووبوونه‌وی خه‌ڵک و ده‌سه‌لاتی کۆماری ئیسلامی‌دا ده‌بینێته‌وه. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه رۆژ به‌رۆژ زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ و خه‌ڵکیکی زیاتر دێنه ناوه‌وه‌ی، ئه‌گه‌رچی سه‌رانی ریفۆرمخوازی ئێران محه‌مه‌د خاته‌می و میر‌حوسێن موسه‌وی و مه‌هدی که‌روبی رێبه‌رایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌که‌ن، به‌لام کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران به هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانه‌وه خۆیان له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ده‌بینه‌وه و خوازیارن له رێی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه مافه‌کانی خۆیان بخه‌نه به‌ر باس. کورده‌کانی ئێران ئه‌گه‌ر چی رۆڵێکی به‌رچاویان له شۆڕشی گه‌لانی ئێران دا بینی و توانیان وه‌ک لایه‌نێکی مه‌سه‌له‌که کێشه‌ی کورد له ئێران بخه‌نه به‌ر باس که دواتر به هۆکاری جۆراوجۆر و نه‌بوونی یه‌کریزی له نێوان لایه‌نه‌کان کێشه‌ی کورد به ئه‌نجام نه‌گه‌یشت و ئه‌مرۆکه پاش 30 ساڵ به‌سه‌ر شۆرشی گه‌لانی ئیران‌دا جارێکی‌تر کورده‌کان به ده‌نگێکیتر و به نه‌فه‌سێکی تازه‌تر هاتوونه‌ته مه‌یدان، به‌ڵام کورده‌کان تا ئێستا رۆڵیکی به‌رچاویان له‌م بزووتنه‌وه‌یه دا نه‌بووه بۆیه ناتوانین بڵێین: کوردیش به‌شێکه له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی که ئێستا له ئێران له ئارادایه، که ده‌ڵێم کورد مه‌به‌ستم ناوچه کوردنشینه‌کانه و ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی کورده له ده‌ره‌وه‌ی ئیران. زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕن كه مه‌سه‌له‌ی كورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێ و هه‌ندێ لایه‌ن وه‌ک حزبی دیموکراتی کوردستان و پارتی ئازادی کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پشتیوانیان له‌م بزووتنه‌وه‌یه کرد و هه‌ندێ لایه‌نیتر وه‌ک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئیران له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ل ره‌تی بزووتنه‌وه‌که نه‌بوون و به کێشه‌ى نێوان باڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌زانی، به‌ڵام ئێستا پاش ماوه‌یه‌ک و خوێندنه‌وه بۆ خۆپێشاندانه‌کان به‌چاوی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رانسه‌ری ئێران سه‌یری مه‌سه‌له‌که ده‌که‌ن و ده‌توانم بڵێم زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حزبه‌کانی کوردستانی ئێران خۆیان یه‌ک لایی کردۆته‌وه که تێکه‌ڵ به‌م بزووتنه‌وه‌یه بن و پشتیوانی له ره‌وتی بزووتنه‌وه‌که بکه‌ن. لێره‌دا ئاماژه به هه‌ڵویستی چه‌ند لایه‌نی سیاسی ده‌که‌م له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و گۆرانکارییه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێران؛ خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستان له‌مباره‌وه ده‌ڵیت:" ئه‌وه زۆر زۆر گرنگه بۆ ئێمه‌ی كورد، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی شتێكمان گیر بكه‌وێ، بۆ ئه‌وه‌ی كه بمانناسن، بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌نگ و ره‌نگی كورد له كێشه‌كانی ئێران‌دا له گۆڕێ‌دا بێ و له په‌راوێز نه‌كه‌وین، رێگای ئه‌وه‌یه ئێمه‌ش به شێوه‌ی جۆراوجۆر له نێو ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه به‌شدار بین. فورسه‌تێكه له‌و مه‌جاله ئیستفاده كه‌ین و كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرین". عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سکرتێری گشتیی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران پێی وایه پێکهاته‌ی نێوخۆیی ئۆئۆزیسیۆنی کوردی رێکوپێک و یه‌کگرتوو نییه و ده‌ڵێت: هه‌وڵ بده‌ین دیالۆگێک بکه‌وێته رێ له سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و گۆڕانکارییانه و ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای ئێران و باسێک له سر ستراتیژییه‌ک بکه‌ین که کورد له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا دا ده‌بێ بی بێت. موهته‌دی بوونی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز به قازانجی کورد له ئێران ده‌زانێ و هۆکاره‌که‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێنێته‌وه که کۆمه‌ڵێک هۆکاری سیاسی، مێژوویی و فه‌رهه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی کورد، بێجگه له‌وه‌ی له باری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه خواستێکی ره‌وای خۆی هه‌یه، له باری ناوه‌رۆکی سیاسیشه‌وه بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، بزووتنه‌وه‌یه‌کی دێموکراتیکه که له‌گه‌ڵ مۆدێڕنه و دێموکراسیخوازی کورد دژایه‌تیی نییه و هاوته‌ریبه." موهته‌دی پێی وایه که بزووتنه‌وه‌ی کوردی هه‌رچه‌ند داخوازیی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه دێموکراسیخوازه‌کانیشدا ناته‌بایی نییه و ئه‌ویش پشتگیری له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ده‌کات. مسته‌فا هیجری سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیرانیش وێرای پشتیوانی خۆی و حزبه‌که‌ی له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئێران له وتارێکدا داوای رێبه‌رایه‌تییه‌کی به‌هێز بۆ بزووتنه‌وه‌که ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان خۆیان له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا ببینه‌وه و له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: "به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م هێزه، ئه‌م به‌رنامه‌یه ده‌بێ وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و زوڵم‌و مافخوراوییه‌ی به‌نیسبه‌ت چین‌و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگا، له‌وانه نه‌ته‌وه زوڵملێكراوه غه‌یره‌فارسه‌كانی ئێران كراوه، رێگه‌چاره‌ی لابردنی ئه‌م زوڵمانه به روونی دیاری بكا، چوونكه كاتێك خه‌ڵك ده‌یانهه‌وێ به‌كرده‌وه په‌یوه‌ستی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بن، پێویسته ئاسۆی به‌ده‌ستهێنانی مافه پێشێلكراوه‌كانی خۆیانیان له پاش سه‌كه‌وتنی بزووتنه‌وه‌كه لـێ‌دیار بێ. له‌م بواره‌دا، راكێشانی متمانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران له پێناو نه‌هێشتنی ئه‌و زوڵمه سیاسی‌یه‌ی تا ئێستا له لایه‌ن رێژیمه‌وه لییان كراوه‌و چاره‌سه‌ری به هۆی دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی غه‌یره‌ناوه‌ندی‌و فیدراڵه‌وه ده‌توانێ رۆڵێكی زۆرسه‌ركه‌وتوو بگێڕێ، رێگه‌چاره‌یه‌ك كه له‌گه‌ڵ پێوانه‌و رێوشوێنه‌كانی دێموكراسی‌و یاسا ناسراوو ئه‌زموونكراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ته‌واوی یه‌ك ده‌گرێته‌وه". عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده که‌سایه‌تی ناسراوی کوردستانی ئیران پێی وایه كورد ده‌بێ له‌م قۆناغه‌دا بۆ خۆی قسه‌ی هه‌بێ و ده‌ڵیت: " كورد نازانم ده‌ڵێ چی؟ ئێستا كورد قسه‌ی منه، قسه‌ی تۆیه، قسه‌ی ئه‌م حیزبه، قسه‌ی ئه‌و حیزبه، ئه‌وه به‌دبه‌ختییه‌كی یه‌كجار زۆر گه‌وره‌یه كه یه‌خه‌ی كوردی گرتوه. له حاڵێك دا هه‌موومان باس له یه‌كیه‌تی ده‌گه‌ین. به‌ڵام به عه‌مه‌ل هیچی بۆ ناكه‌ین، به‌تایبه‌ت هێزه سیاسییه‌كان. كورد له كاناڵی هێزه سیاسییه‌كانه‌وه ده‌توانێ قسه‌ی خۆی بكا به یه‌ك. ده‌نا خۆ هه‌موو كورد ده ملیون دوازده ملیون كورد پێكه‌وه دانانیشێ، ده‌بێ هێزه سیاسییه‌كان پێكه‌وه دانیشن. راسته كه هێزه سیاسییه‌كان هه‌موویان موناديی ئه‌وه‌ن كه ده‌بێ قسه‌ی خۆمان بكه‌ین به یه‌ك، به‌ڵام كابرا حازر نیيه پێكه‌وه دانیشێ. چۆن قسه‌ی خۆت ده‌كه‌ی به یه‌ك كه حازر نه‌بی دانیشی. ئه‌من ره‌نگه به جۆرێك پێم باش بێ كه ئێستا ئێمه له كوردستان داوا له خه‌ڵكی ناكه‌ین بێنه مه‌یدان. داوا بكه‌ین كه چی، حیزبی دێموكرات شتێكی پێ بڵێ و ئه‌وی دیكه شتێكی دیكه‌ی پێ بڵێ، سه‌ر لێشێواوی؟ یانی ئێستا كورد بۆ خۆی، هێزه سیاسییه‌كانی و به‌وانه‌ی به ئۆپۆزسیونی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ناسراون و ئه‌وانه‌ی به ئۆپۆزسیونی نێوخۆی وڵات ناسراون، یان بڵێین ئه‌وانه‌ی به ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ناسراون، ئه‌وان تا ئێستا پێكه‌وه قسه‌ی خۆیان نه‌كردوه به یه‌ك تا پێکه‌و داوا له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بكه‌ن له رێگای خۆیان و به سیغه‌ی خۆیان مافه‌کانیان داوا بكه‌ن. كه‌وابوو ده‌بێ كورد له پێش دا قسه‌كانی خۆی بكا به یه‌ك، كه كردی به یه‌ك ئه‌و وه‌ختی بگه‌ڕێ لایه‌نه‌كانی نێو ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی له ئێران دا ده‌ستی پێكردوه ببینێته‌وه‌و بڵێ كورد قسه‌ی خۆی هه‌یه. له پاشان هاوده‌ردی كورد چوار میللیه‌تی دیكه‌ی ئێرانیشن که ئه‌وانیش داخوازیان هه‌یه و ئێران هی هه‌مووانه". به باوه‌ڕی حه‌سه‌ن زاده، کورد هیشتا نه‌یتوانیوه قسه‌یه‌کی بۆ گوتن هه‌بێت، کورد خاوه‌نی یه‌ک گوتاری هاوبه‌ش نییه و بێرو ڕاکان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و رووداوه‌کانی ناوخۆی ئیران جیاوازن. له نێو ئۆپۆزیسیۆنی کورددا هه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی که هه‌ڵویستیان له دژی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز گرتووه و ره‌خنه له حزبه‌کانی تر ده‌گرن که پشتیوانیان له‌م بزووتنه‌وه‌یه کردووه، بۆ نموونه حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ـ کۆمه‌ڵه، به دڵنیاییه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێ که " ئێمه هه‌رله ئێستاوه شكستی ئه‌م سیاسه‌تانه راده‌گه‌یه‌نین" و دڵنیاشه که "خه‌ڵكی كوردستان به پشت به‌ستن به وشیاری سیاسيی سه‌رچاوه گرتوو له 30 ساڵ خه‌بات له به‌رابنه‌ر رژیمی ئیسلامی و ته‌جره‌به‌ی سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی باڵه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م رژیمه، فریوی سیاسه‌تی شوێن كه‌وتنی سه‌رانی شه‌پۆلی سه‌وز ناخۆن". جیا له لایه‌نی سیاسی له نێو تاکی رۆشنبیری کوردیش‌دا که‌سانیک هه‌ن که ره‌خنه‌ی تووند له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ده‌گرن، عه‌باس وه‌لی مامۆستای زانکۆ ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌م جۆره بزووتنه‌وه وا لێکددداته‌وه که خاوه‌نی هیچ شوناسێکی تایبه‌تی نییه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا پێی وایه به بوونی هۆشیارییه‌کی هاوبه‌ش به شوناسێکی هاوبه‌ش له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز بگه‌ین. عه‌باس وه‌لی له‌مباره‌وه ده‌ڵیت: "ئه‌وه‌ی که هێزی سه‌وز هیچ شوناسێكی تایبه‌تی نییه به‌و مانایه‌ش دێت كه هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌شرووعییه‌ت جا چ یاسایی یان نایاسایی له ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌وه پێ نالكێنرێت. ئه‌مه‌ش به به‌ڵگه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌دات که ڕاوه‌سته‌کردن له سه‌ر فۆرمه نه‌ریتییه‌كانی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری و مه‌شرووعییه‌تی جه‌ماوه‌ری ناتوانن به ئامانجی مه‌به‌ست بگه‌ن. مه‌شرووعییه‌تی هێزی سه‌وزیش مه‌شرووعییه‌تیکی ناوه‌کی و نێوخۆییه و ئه‌میش به‌م واته‌یه که له ئێستادا ئه‌م هێزه له ناو پرۆسه‌ی ململانێ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و باڵاده‌ستی هێزی ده‌سه‌ڵاتدار دا جێگیربووه. له ڕاستی دا مه‌شرووعییه‌تی هێزی سه‌وز له ناو دژایه‌تی و ململانێ له‌گه‌ڵ هێزی ده‌سه‌ڵاتدار و باڵاده‌ستی ئه‌و دایه. به‌ڵام له بیرمان نه‌چی که دژایه‌تی هه‌میشه به‌رگری له مانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه ململانێی هێزی سه‌وز له دژی باڵاده‌ستی هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له هه‌مانكاتدا ململانێشه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی باڵاده‌ستی. كه‌واته چه‌مکی دژایه‌تی له نێوان بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و هێزی ده‌سه‌ڵاتدار له رێگه‌ی ململانێی ده‌سه‌ڵات ده‌ستنیشان ده‌كرێت. هۆشیاريی هاوبه‌ش له سروشتی ئه‌م ململانێیه ده‌توانێت هێزی سه‌وز به‌ره‌و ده‌ستنیشانكردنی ئامانجی هاوبه‌ش پێشبخات. ئه‌م پێشكه‌وتنه، له هه‌لومه‌رجی شیاودا، ده‌توانێت ئاماژه به له دایكبوونی شوناسی هاوبه‌شی هێزی سه‌وز بدات. له راستی‌دا دوای شۆرشی گه‌لانی ئێران ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به قه‌یرانێكی زۆر به‌رینی جه‌ماوه‌ری، سیاسی، ئابووری، ئه‌منییه‌تی، قانوونی، مه‌زهه‌بی و نێوده‌وڵه‌تیی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه کۆماریی ئیسلامی له‌گه‌ڵی رووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه. سیسته‌می کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌م قۆناغه شتێکی نوێی بۆ گه‌لانی خۆی و جیهان به گشتی پێ نییه و خه‌ڵکی ئێران داوای ریفۆرم و گۆڕین له شێوه‌ی حوکمڕانی ئێران ده‌که‌ن، خه‌ڵكی ئێران به هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و به هه‌موو چین و توێژێكه‌وه خوازیاری حکومه‌تێکی دیموکراتیکن که مافه‌کانی مرۆڤ پێشێل نه‌کات و رێز له بیر و ڕای جیاواز بگرێت و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا جیهان داوا له حکومه‌تی تاران ده‌کات ئاڵوگۆڕی جیددی له هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی خۆیدا بکات و ده‌ست له دوژمنایه‌تی وڵاتانی رۆژئاوا هه‌ڵبگرێ و پشتیوانی له تیرۆریزم نه‌کات و رێز له خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی بگرێت و ئێزن بدات خه‌ڵک به ئازادی بیر و ڕای خۆیان ده‌رببڕن و رێبه‌ران و به‌شداربووانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئێران سه‌رکووت نه‌کات. که وابوو ده‌بێ ئۆپۆزیسیۆنه‌کان که ئه‌مڕۆکه خۆیان له چه‌ندین قه‌واره‌ی جیاجیادا ده‌بینه‌وه و فره ره‌نگییه‌ک به بواری سياسییه‌وه دیاره، خۆیان به‌دوور له‌م بزووتنه‌وه‌یه نه‌زانن و به‌جۆرێک له جۆره‌کان خۆیان تێکه‌ڵ به‌م بزووتنه‌وه بکه‌ن و پشتگیری له خۆپێشاندان و ناره‌زاییه‌کان بکه‌ن. بارودۆخی ئێران رۆژ له دوای رۆژ ئاڵۆزتر ده‌بێ و كه‌لێنه‌كانی نێوان باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات له وڵات‌دا قووڵتر ده‌بێ و هه‌روه‌ها له لایه‌كی‌تر، به‌ربه‌ره‌كانیی ناڕازییانی ئه‌و جۆڵانه‌وه‌یه‌ی كه به جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز له ئێران ناسراوه، بۆ خۆی توانیویه‌تی جۆرێك كێشه یا له ئاستێكی دیكه‌دا حاكمییه‌تی ئێران یا باڵی پاوانخوازی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی تووشی قه‌یران بكا. ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ناوه‌نده سیاسییه‌كان چ له ئاستی جیهانی‌دا و چ له ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا سه‌رنجێكی زیاتر بده‌نه كێشه‌ی ئێران. جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان شۆڕشی گه‌لانی ئێران 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی ئێستا له ئارادا هه‌یه که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر شۆڕشی پێشوو (شۆڕشی گه‌لانی ئێران) له فره‌ده‌نگییه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و له کۆتاییه‌که‌یدا بوو به تاکده‌نگی و تۆتالیتاریزم، ئه‌مڕۆکه بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له تاکده‌نگی و شتی بچووکه‌وه ده‌ستی پێکردووه... به‌ڵام له‌سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵک خه‌ریکه فراوان ده‌بێته‌وه و له چوارچێوه‌ی گشتیدا خۆی پێناسه ده‌کات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین پرسیار دێنه ئاراوه؛ ئاخۆ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز توانیویه‌تی ببێته بزووتنه‌وه‌یه‌کی فره‌چه‌شن و بنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامی بخاته ژێر پرسیاره‌وه؟ ئاخۆ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ئاڵ و گۆڕی جیددی له ئێران درووست ده‌کات و کورد له‌م گۆڕانه چی به‌ر ده‌که‌وێت؟ ئاخۆ کورد له ئێران جارێکی‌تر له داوا کردنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆی دا بێ وه‌ڵام ده‌مێنێته‌وه؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری تر که داهاتوو وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه، ئه‌وه‌ی که ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه که له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا دوو ئه‌گه‌ر بۆ کورد له ئێران دێنه مه‌یدان، ئه‌گه‌ر یه‌کهه‌ڵویستی و یه‌کگوتاريی سیاسيی هاوبه‌ش له نیوان گشت لایه‌نه‌کان بۆ دامه‌زراندنی به‌ره‌یه‌کی سیاسی له ئێستاوه دروست بێت، ئه‌وا به‌شێک له‌و کێشانه که له داهاتوودا له ئیران بۆ کورد دێنه پێش چاره‌سه‌ر ده‌بن و ئه‌گه‌رێکی تر که چاره‌نووسی کورد به‌ره‌و لێژی ده‌بات و پێشبینی ناکرێ و هه‌موو پرسیاره‌کان بێ وه‌ڵام ده‌هێڵێته‌وه. ------------------------------------------------ تێبینی: بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته سوودم له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک له ئه‌نته‌رنیت وه‌رگرتووه، |