روونتر بڵێین کۆماری ئازه‌ربایجانی ئێران کاتێ هه‌ستی کرد که حکوومه‌تی ناوه‌ندی خه‌ریکه هێرشی بکاته سه‌ر له خراپترین دۆخی پێوه‌ندییه‌کانی خۆیدا بوو له‌گه‌ڵ کۆماری کوردستان و هه‌ر بۆیه‌ش هیوایه‌ک به وه‌رگرتنی هاوکاری و پشتیوانی چه‌کدارانه‌ی کورده‌کان له ئارادا نه‌بوو. شووره‌وییه‌کان به‌ر له پاشه‌کشه‌ی سیاسی – سه‌ربازی له خاکی ئێران هێژموونی و سه‌ره‌وه‌ری خۆیان بۆ هه‌ردوو کۆماره‌که سه‌لماندبوو و دیپلۆماته‌کانی یه‌کیه‌تی سۆڤییه‌ت له ناوچه‌که ئاڕایشی سه‌ربازی کورد و ئازه‌ری له به‌رامبه‌ر یه‌کتر و ئه‌گه‌ری ده‌ستبردنی کورد بۆ هێزی باڵاده‌ستی سه‌ربازی له یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی خاک‌دا لاواز ده‌که‌ن هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا ده‌کرێ خاوه‌ن کێشه‌کان نه‌ته‌قنه‌وه به رووی یه‌کتردا. به‌ڵام وه‌ک نوسه‌ری کتێبه‌که باس ده‌کا شووره‌وییه‌کان خاوه‌ن سیاسه‌تێکی روونی وا نه‌بوون که بکرێ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی تێدا به‌دی بکرێ. له راستیدا سیاسه‌تی لێڵ و کاتبه‌سه‌ربردنه‌کانی ده‌وڵه‌تمه‌دارانی رووس میکانیزمێکی بۆ ره‌وینه‌و ویه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئالۆزییه‌کانی نێوان هه‌ردوو لا و نزیککردنه‌وه‌ی کۆماره‌کان ناخاته روو. نوسه‌ر له سه‌ره‌تاکانی ئه‌م به‌شه‌دا پێوه‌ندییه‌کانی نێوان کورد- ئازه‌ری له سێ ئاستدا ده‌ستنیشان ده‌کا: " سه‌روبه‌ندی باڵاده‌ستی و زاڵبوونی شووره‌وی، سه‌روبه‌ندی ده‌ستکراوه‌یی دیپلۆماتی، و، ئاخره‌که‌ی، سه‌روبه‌ندی باڵاده‌ستی و زاڵبوونی ئێران" ل64 له قۆناغی یه‌که‌مدا که له مانگی مای 1946ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا، سه‌روبه‌ندی زاڵبوونی هێژموونی رووسه‌کانه. لێره‌دا هه‌ردوو کۆمار له سه‌رتاکانی شکڵ‌گرتنی خۆیاندان و سه‌رقاڵی رێکخستنی نێو ماڵ و ته‌نزیمی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌یان. نوسه‌ر لێره‌دا ئاماژه به هه‌نگاوی پێشگیرانه‌ی دیپلۆماسیی رووسه‌کان بۆ ساردکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی ناوچه‌کان و "له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت یارمه‌تیشیان کردبێ به را‌گرتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پلانی په‌لامار و هێرشێکی کوردی بۆ سه‌ر خوارووی کوردستانی ئێرانیش." ل65 نزیک که‌وتنه‌وه له تاران قازی محه‌ممه‌د له وه‌ڵامی کۆنسوولی ئه‌مریکادا که لێی ده‌پرسێ: " کورده‌کان ده‌یانه‌وێ چ پێوه‌ندییه‌کیان له ته‌ک حکوومه‌تی نێوه‌ندی هه‌بێ؟" ده‌ڵێ: " ئامانجی کورده‌کان هه‌ر هه‌مان ئه‌وانه‌یه که حکوومه‌تی ئازه‌ری هه‌یه‌تی، واته فه‌رمانڕه‌وایی له چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێران دا." ل 74 دوای ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی جیهانی وا ده‌کا که هێزی ئه‌رته‌شی سوور له سه‌رووی ئێران بکشێته‌وه، هه‌ر دوو کۆماره‌که له بوونی دیوارێکی دیفاعی له به‌رانبه‌ر هێرشی له‌شکه‌ری ناوه‌ندی بۆ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان بێ به‌ش ده‌بن و به ناچار سیاسه‌تی رازیکردنی تاران و هاوکات په‌یداکردنی هاوپه‌یمانی به ده‌سه‌ڵات تر به‌شی گه‌وه‌ری سیاسه‌تی فراوانی ئه‌و دوو کۆماره پێک ده‌هێنێ. له بابه‌ت کورده‌کانه‌وه، دۆخه‌که تاراده‌یه‌کی زۆر به‌ره‌و ناسکی ده‌ڕۆا و دوو ده‌ستی جیاواز له کوردستانی مۆکرییه‌وه به‌ره‌و تاران درێژ ده‌کرێن. ده‌ستی یه‌که‌م، هی ئه‌و سه‌رۆک عه‌شیرانه‌یه که هه‌وڵیان ده‌دا له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی کۆمه‌ڵێک به‌لێنی پاراستن و مانه‌وه‌ی دۆزی عه‌شیره‌یی خۆیاندا ملکه‌چی و فه‌رمانبه‌ری خۆیان بۆ قه‌وامو‌لسه‌ڵته‌نه‌ی سه‌رۆک وه‌زیر بسه‌لمێنن و ئارام ئارام زه‌مینه بۆ خاڵیکردنی پشتی ئه‌و کۆماره خۆش بکه‌ن که ببوونه بڕبڕه‌ی پشتی. ده‌ستی دووه‌م، له لایه‌ن قازی محه‌ممه‌د و ده‌زگای ده‌وله‌تی کوردییه‌وه درێژ ده‌بێ تا بتوانێ له سه‌ر بنه‌مای رێزدانان بۆ سه‌روه‌ری خاکی ئێران و ره‌چاوکردنی مافی کورده‌کان پێوه‌ندیی خۆی به ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه بپارێزێ و بڕواته پێش. ریچارد مۆلی له کتێبه‌که‌یدا ویرای ئاماژه‌کردن به‌وه‌ی که دۆخی سیاسی ناوچه‌که له پاییزی ساڵی 1946دا به‌ره‌و ساردی و بێ هیوایی ده‌ڕوا و ئازه‌رییه‌کان له‌وپه‌ڕی ناباوه‌ڕیدا چاوه‌ڕوانی هاتنی هێزی سه‌ربازی قه‌وامیان ده‌که‌ن، قازی هه‌وڵ ده‌دا پشتگیری سه‌ربازی بۆ ئازه‌رییه‌کان دابین بکا، ده‌نووسێ: " هه‌ڵوێستی قازی له ماوه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئاخری دا لێڵ و ناڕوونه. ئه‌و به‌رده‌وام بوو له سه‌ر پێداگرتن بۆ پشتیوانی عه‌سکه‌ری له دێمۆکراته‌کان و وتووێژه‌کانی خۆی ( ره‌نگه مه‌به‌ست وتووێژ له‌گه‌ڵ تاران بووبێ/ کۆسار) تا نزیک که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی ئێران له مهاباد وه‌دره‌نگی خست. ئاخر حه‌وله‌کانی وی بۆ وه‌دیهاتنی هاوکاری عه‌سکه‌ری کوردی- ئازه‌ربایجانی نه‌ک هه‌ر به جۆش و خرۆش- ته‌نانه‌ت قاره‌مانانه‌ش بوو- ئه‌گه‌رچی له‌به‌ر رووناکایی ساڵێکی دوور و درێژی دوژمنکاری له نێوان دوو رێژیمه‌که‌دا سه‌یریش بوو. ئه‌و ناشێلگیرییه به گرد بڕی شیاوی لیخوردبوونه‌وه وتاوتۆێ کردنی زیادتره." ل 67. به‌مجۆره خاڵه ئه‌ساسییه‌کانی له‌مه‌ڕ ئه‌م باسه ده‌گه‌نه کۆتایی، به‌ڵام خودی کتێبه‌که هێشتا کۆتایی نه‌هاتووه و پێویستی به ده‌وڵه‌مه‌ندکردن هه‌یه، چوونکه ستراتژیی سیاسی کورد له ئێران دا سه‌رئه‌نجام دۆخێکی هاوشێوه له گه‌ڵ کۆنترین دراوسێی خۆی، واته ئازه‌رییه‌کان دا ده‌هێنێته‌وه ئاراوه و که‌س نازانێ که ئاخۆ ئاڕاسته‌ی کێشه‌کان چاره‌نووسی ئه‌م گه‌له به چ ئاقارێکدا ده‌به‌ن. تێبینی/ به‌ڕیز حه‌سه‌ن قازی ئه‌م کتێبه‌ی له زمانی ئنگلیزییه‌وه کردووه به کوردی. |