رێنێسانس نیوز؛ ئه‌ی ئێف پی 2010.02.05 - 20:26 ئه‌و کچه شازده ساڵه‌یه‌ی به "ونبوو" ده‌زانرا، له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه و به بڕیاری "ئه‌نجومه‌نی بنه‌ماڵه" زینده‌به‌چاڵ کراوه. ئه‌وه راستییه تاڵه، دوای توێژینه‌وه‌ی پزیشکی قانوونی له‌سه‌ر ته‌رمی "مه‌دینێ"ی شازده ساڵه ئاشکرا بووه، که له حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌یدا ژێرخاک کرابوو. پۆلیسی شاری سه‌مسور (ئادیامان) له باکووری کوردستان، له سه‌ر راپۆرتی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار، ده‌ستی به هه‌ڵکۆڵینی حه‌وشه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌ک کرد به‌دوای ته‌رمی کچێکی شازده ساڵه‌دا، که پێشتر به "ونبوو" راگه‌یه‌نربوو و سه‌رئه‌نجام دوای چوار کاتژمێر هه‌ڵکۆڵین، له چاڵێکی دوو میتریدا ته‌رمێکیان به دوو ده‌ستی به‌ستراو و به‌دانیشتنه‌وه دۆزییه‌وه. به گوێره‌ی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵی تورکیا، ته‌رمه‌که، بۆ کۆڵینه‌وه له ناسنامه، هۆکاری مه‌رگ و ...، ره‌وانه‌ی پزیشکی قانوونی کراوه له "ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی پزیشکیی تۆرگوت ئۆزال" له شاری سه‌مسور (ماڵاتیا). باوک و باپیره‌ی ئه‌و کچه، که به تۆمه‌تی کوشتنی مه‌دینێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کرابوو، به پۆلیسیان راگه‌یاندبوو که ته‌رمه‌که‌یان به مردویی ژێر خاک کردووه، به‌ڵام دوای ئاماده‌بوونی راپۆرتی پزیشکی قانوونی راستیی رووداوه‌که‌ی ئاشكرا بوو. به‌گوێره‌ی راپۆرته‌که "له ناو گه‌ده و سییه‌کانی مه‌دینێ‌دا رێژه‌یه‌کی به‌رچاو گڵ و خۆڵ دۆزراوه‌ته‌وه، شوێنی لێدران له جه‌سته‌یدا نییه و له خوێنه‌که‌شیدا هیچ ماده‌یه‌کی بێهۆشکه‌ر یان بکوژ نه‌بووه". ئه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی باوک و باپیره‌ی که گوتبوویان ته‌رمه‌که‌یان به مردویی ژێر خاک کردووه، گوزاره له‌وه ده‌کا که مه‌دینێ زینده‌به‌چاڵ کراوه. له راپۆرته‌که‌دا هه‌روه‌ها هاتووه که مه‌دینێ‌ی شازده ساڵه، له کاتی ژێرخاککردندا "پێریۆد" بووه. له ئه‌نجامی لێپرسینه‌وه‌ی پۆلیسدا له‌گه‌ڵ باوک و باپیره‌ی ئه‌و کچه زینده‌به‌چاڵکراوه، ئاشکرا بووه که "ئه‌نجومه‌نی بنه‌ماڵه" بڕیاری کوشتنی ئه‌و کچه‌ی داوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێ کوڕه‌کانی قسه‌ی کردووه. |