ئێمە 5 منداڵ بووین لە ماڵەوە: من و سێ برا و ئامۆزایەک. ئەم جارە دایکم بە منی وت کە بچم تووەکە و تاوەکە و تۆزەخوێکەو پیکنیکەکەی لە ژێرخان بۆ بێنم چونکە 5 دەقەی ماوە فیلمەکە دەست پێ بکات. تووەکەش لە ژێرخان لە ناو دەبەیەکی گەورە دایە. ئێمە لە دیوە گەورەکە سەیری ئەو فیلمەی کە 5 دەقەی ماوە دەست پێ بکات دەکەین. دوای دیوە گەورەکە هاڵەکەیە دوای هاڵەکەش درگایەکمان هەیەکە لە سەر رێ باریکەکەی سەر حەوشە گەورەکەمانە. درگایەکە چونکە باوکم بە شەوان نایەتەوە ماڵ دایکم بە قوفڵێکی گەورە دایدەخات دەڵێت لە بەر لات و لوت. من قوفڵە گەورەکەم کردەوە و لەودیوەوە دەمەوێت دایخەمەوە لە بەر ئەوەی کە من کاتێک هام لە ژێرخانەکە لات و لوت نەچنە ماڵەوە. دەستم کورت بوو. خۆم بەرز کردەوە کە دەستم بگات بە قوفڵەکە. کە دەمویست درگاکە دابخەم هەر پەستا پەستا قژم کە لار لام دابوو دەهاتە ناوچاوم. لاسایی کچێکی خزممانم دەکردەوە کە ئەویش قژی لار لادەدا و کراسی سپیشی لەبەردەکرد منیش کراسی سپیم لە بەر کردووە . هەڵبەت ئەو قژی خاوخاو هاتبووە خوار بەڵام قژی من بژ بوو زیاتر تاڵ تاڵ دەچووە ناوچاومەوە تا ئەوەی کە خاوخاو بێێتە خوارەوە بەپەلە لام برد چونکە قوفڵەکەم نەدەدی هەر پەلەشم بوو کە زوو بچمە ژێرخانەکەو تووەکە و تاوەمە و تۆزە خوێکە لە گەڵ پیکنیکەکە هەڵبگرم و بگەڕێمەوە و دایکم بۆمان ببرژێنێ و ئێمەش بە دەم فیلمەکەوە بیترووکێنین .تۆزێک لە 5 دەقەکە تێپەڕیوە من هەر خەریکی بەستنی قوفڵەکەم زیاتر خۆم هەڵدا دەستم هەر نەگەیشتێ هەر چەند من درێژی پۆلەکەمان بووم و دایەگەورەشم هەمیشە دەیوت درێژی تۆ بەس بۆ داگرتنی خوێدانەکە باشە کە لە سەر ساعەتەکەیە. ئێمە بۆ ئەوەی خۆێدانەکانمان شۆ هەڵنەهێنن هەمیشە لە سەر ساعەتەکە داماندەنا بەڵام درێژی من لێرەدا هیچ کاریگەرییەکی نەبوو رەنگە کە گەورەتر ببم درێژتریش ببم چونکە نازانم باڵخ چییە بەڵام دەڵێن تا ئەو کاتەش هەر دەتوانم درێژ ببم پێم وانییە ئەمشەو باڵخ ببم چونکە مانگە شەو نییە کچێکی دراوسێمان دەیوت مانگەشەو بوو کە لینجییەکی لەوێدا هەست پێکرد ئیتر ئەو بالخ بوو و ئیتر بەس لەپەنجەرەوە ملی دەکێشایە دەرەوە و نەدەهاتە بەر درگا و ئیتر هەر ئەوەش بوو کە هەرگیز درێژ نەبوو بەڵام تا منیش ئەو لینجییە هەست پێدەکەم جارێ چوارپێیەک دەخەمە ژێر قاچم بۆ ئەوەی دەستم بە قوفڵەکە بگات ئاخر کە لەو دیو درگاکەوە دینە ئەم دیو درگاکەوە 3 پیلکانەی هەیە من لە سەر دواپیلکانە وەستام چوارپێیەکەم لە ژێر پێیە کە هەمیشە پێڵاوەکانی باوکمی لەسەرە بۆ ئەوەی دوایی بە دایکم نەڵێ چ کوێرێک قاچی ناوە بە پێڵاوەکانمدا دایکم هەمشە پێڵاوەکانی ئەوی لە سەر دادەنا. ئێستا بە چوارپێیەکەوە توانیم دەرگاکە قوفڵ بدەم بۆ ئەوەی لات و لوت پەلاماری کەس نەدەن. کلیلەکەیشم خستە گیرفانمەوە. گیرفانم دەمە بنێشتێکی پێوە چەسپیوە ها بە بنکی بنکییەوە نازانم هی کەیە پێوەی ماوەتەوە نینۆکەکانمی تێدەگیرنم. هەڵدەکەنرێ. دەیخەممە دەممەوە دەڵێن ئەگەر بنێشت بجاوی یانی ئەوەی کە تۆ عازەبی نازانم عازەب یانی چی بەڵام وشەیەکە کە پوورم لە گەڵ باڵخ بووندا پێکەوە دەیانڵێت منیش توندتر دان بە دەمە بنێشتەکە دا دێنم. 3 پیلکانەکە کە هاتمە خوارەوە گەیشتمە باریێ بە هەڵاتن بڕوم و پیلکانەکان بە بازبازێن بچمە خوارەوە بۆ ئەوەی زووتر بگەمە ژێرخانەکە. ویستم بازی یەکەم هەڵدەم ... - شەمچەکەت لە بیر نەچێت! لە بەر خۆمەوە دەقیژێنم:باشە باش. نازانم دایکم بیستی یا نا هیچی نەوت. دنیا زۆر بێدەنگ بوو. کپ کپ. بازی یەکەمم هەڵدا. تەقەی یەکەم بازی خومم بیست" تەپەیەکی یەکجار یەکجار بەرز بوو . - چەتیو باز مەدە خراپە! (دایکم دیسان هاواری لێ بەرز بوویەوە) من لە هەندێ شت سەردەرناهێنم دایکم دەڵێ باز دان بۆ خوێنی بن خراپە دەپژمێ ... دەڕژێ... دەپشمێ... نازانم چ وشەیەکە کە دایکم دەیزانێ و هەمیشە دەیڵێ . - باشە باز نادەم. (منیش بە هاوار وەڵامی دایکمم دایەوە) پێڵاوەکانم داکەند بۆ ئەوەی دەنگی پێڵاوەکانم نەبیسێت: یەک باز... دووباز... سێ باز... و ئەمەش چوارەم باز. نازانم بنم شتەکەی کە دایکم دەیزانێ و من نازانمی لێ هات یا نە هەڵبەت ناشنازانم دەست بۆ کوێم ببەم بزانم بنەکە لە شوێنی خۆیەتی یا نە بۆیە پێڵاوەکانم لە پێ کردەوە . دوای 10 هەنگاوی تر واتە دوای تێپەڕاندنی بیرەکە دەگەمە درگای ژێرخانەکە. درگای ژێرخانەکە نوقرەییە لە شەویک کە مانگە شەویش نییە ئەو هەر بۆ خۆی دەبریسکێتەوە. وەک کراسە سپییەکەی بەری خۆم وایە. دەنگێکی بەرز هاتە گوێچکەم: - فیلمەکە دەستی پێکرد. من هێشتا نەگەیشتمەتە بەر دەم بیرەکە. - ئای سەرەتای فیلمەکەم لە کیس نەچێت! بەردەم خۆم جوان نابینم گلۆپی سەر درگای ژێرخانەکە سووتاوە. هێواش هێواش هەنگاوی یەکەمم هەڵدیچنم . هیچی لێ نییە . هەنگاوی 2هەم. هیچ. 3هەم. هیچ. 4ەمیش هیچی لێ نییە. 5یش هیچ. دەزانم لە رۆژدا کە 5 هەنگاوم دەبژارد دەگەیشتمە سەرەتای بیرەکە. کەواتە ئێستا لە سەرەتای بیرەکەدام. هەنگاوی نێوان 5 و 6 قاچم لە بیرەکە کە خەریکە تێدەپەڕێ و هەنگاوی 6 ... - فیلمەکە شەڕی ئاڵمانی و پارتیزانییە یەک بە خۆم بەم دەنگە بەرزەی براگەورەکەم داچڵەکییم. براگەورەکەم جاران دەنگی ئاوا بەرز نەبوو چەند رۆژێکە وای لێ هاتووە. هەنگاوی نێوان 5 و 6م بۆ هەڵنەگیرا قاچم لە بیرەکە هەڵکەوت. یەکسەر بە سکدا کەوتم بە عەرزدا. باش بوو سکم زل بوو نەیهێشت ئازارێکی وام پێ بگات. سکم ماوەیەکە هەر دێت و زل دەبێت . کە سەرم بەرز دەکەمەوە لووتم و سکم وەک یەکن. برا بچووکەکەم هەمیشە گاڵتە بە لووتم دەکات بە لوت درێژ لوت درێژ دەمکاتە گریان. هەفتەی پێشوو بوو برا ناوەنجییەکەم لووتی هەردووکمانی بە خەتکێشی بیرکارییەکەی ئەننازە گرت. لووتی ئەو بە پێی خەتکێشی بیرکاری برا ناوەنجییەکەم یەک سانت و قولانچکێک لە هی من کورتتر بوو. قولانچکێک براکەم لە سەر خەتکێشی بیرکارییەکەی پێی نیشان دام کە زۆر زۆریش نییە. کەواتە بۆیە من ئێشکی وام پێنەگەیشت چونکە سکم یک سانت و قولانچکێک لە لووتی براکەم درێژترە. کەواتە هەمیشە چکۆلەییش باش نییە سکی من لەو کاتەوە گەورە بوو کە دایکم سکی بە برا بچووکەکەم پڕ بوو. هەموو رۆژێک دەچوم دەستم بە سکی دایکم دادەهێنا. رەق رەق بوو. دوای ئەوە بە دزییەوە دەچوومە دیوە بچووکەکەی پشتەوە و پەردەکەم دادەدایەوە و دەرگاکەشم قوفڵ دەکرد دەستم بە سکی خۆمدا دەهێنا. سکی منیش رەق بوو. گەورەش بوو. کاتێک کە دستم بە سکمدا دەهێنا دەلەرزام پێم وابوو منیش وەک دایکم سکم هەیە. دایەگەورەم دەیوت: ژن کاتێک سکی دەبێت کە چاو لە ناو چاوی پیاوێک بکات . دایکت چاوی لە ناوچاوی باوکت کردووە. وەڵڵاهی دایەگەورەم راست راست دەکا. منیش هەمیشە چاو لە ناو چاوی باوکم دەکەم چونکە چاوی ئەو سەزە منیش رقم لە هەر کەسێکە کە چاوی سەوز بێت بۆیە زۆرترم سەیر دەکرد. دایکم نازانم چەنێک بەڵام من تاقی کردنەوەی سەری ساڵم بوو کە ئەو برا بچووکەمانی بوو. بەڵام دایکم زۆر زۆری قیژاند. دایەگەورەم هەر دەستی بە سەر و چاویدا دەهێنا و ئارەقەی ناوچاوانی بۆ دەسڕی. پوورەکانیشم هەر دوو دەستی دایکمیان توند توند گرت بوو بەلام ئەو هەر خراپتر دەیقیژاند جار جارەش دەیقیژاند:خودااااااااااااااااااااااا نازانم بۆ بە سەر خودادا دەیقیژاند و هەر ناشزانم چ کارێکی بە خودا بوو . کاتێک بە سەر ئێمە دا دەیقیژاند و ناو چاوی دەدا بە یەکدا ئەوە یانی ئەوەی کە تێبگە تۆ کارێکی خراپت کردووە. دوای بەسەر خودا قیژانەکەشدا هەر دەیقیژاند و دەیقیژاند و دەیقیژاند. من لە قیژەقیژەکەی ئەو زۆر زۆر ترسام بۆیە نامهەوێ سکم بچووک بێتەوە ئاخر ئەو هەر دوای ئەو قیژە قیژە بوو کە سکی بچوک بچووک بوویەوە. هەستام لە سەر کراسە سپیەکەمەوە دەستێکم بە سکم دا هێنا هێشتا هەر رەق بوو و هەڵبەت زلیش. لە سەر کراسە سپیەکەمەوە هەستەم کرد سکم تۆزێک گەرمە.. نابێت هیچ رووی دابێت! - ئەرێ ئەوە بووی بە چی فیلمەکە خەریکە تەواو دەبێت؟ دایکم نەڕاندی. بەپەلە درگای ژێرخانەکەم کردەوە و دوو پیلکانەم بڕی و دەستم بە دیوارەکەدا هێنا بۆ کلیلی گڵۆپەکە گەڕام و دۆزیمەوە و هەڵم کرد. چووم بۆ لای کۆمێدەکە و دەبەی تووەکە کە لای کومیدەکە بوو سەرەکەییم کردەوە. تاوەکەشم لە ناو کومیدەکە دەرهێنا . تووم کردە ناو تاوەکە و تۆزێک خوێم پێوە کرد شەمچەکەش کە لە سەر پیکنیکەکە بوو لە گەڵ پیکنیکەکە هەڵمگرت. چوومەوە سەر 2 پیلکانەکەی ژێرخان وا گلۆپەکەم تێدا هەڵکرد و ئەمجار گلۆپەکەم کووژاندەوە. لە پیلکانەکان سەرکەوتم و چوومەوە ئەو دیو درگای ژێرخانەکەوە و درگاکەییم داخست و 5 هەنگاوم بڕی. نێوان 5ەم هەنگاو و 6ەم هەنگاو تۆزێک هێواشم کردەوە. هەستم بە کزەیەک لە سەر سکمدا کرد. بەرلەوەی قاچم بگاتە بیرەکە بەحاڵێک و دووبەڵڵا قاچم سووڕاند. نەکەوتم. 5 هەنگاوی تریشم بڕی. بە 5 پیلکانەکەدا سەرکەوتم. باریکە رێگەکەی نێوان 5 پیلکانەکەوو 3 پیلکانەکەی کە چوار پێییەکەم لێ دانابوو و تێمپەڕاند. دەستم قورس بوو. ئاخر پیکنیکە قورس بوو شەمچەکەش لە سەر پیکنیکەکە بوو خوێکە و تاوەکەشم لە سەر پیکنیکەکە دانابوو و تووەکەشم کردبووە ناو تاوەکە. دەستم شل شل ببوو. هەر چەند دایکم هەر بانگە بانگی دەهات و دەڕۆی و دەیوت فیلمەکە خەریکە تەواو دەبێت تۆ بە لای ناسڵامەتتەوە ئەو تووە کەی دێنی بیبرژێنم بەڵام من هەر بە هێواشی دەڕۆیشتم. ئەم سکەیشم نازانم بۆ کزینەکەی هەر زیاد دەکات. پیکنیکەکە دەستمی تەواو شۆڕ کردبۆوە بۆ خوارەوە. گەیشتمە چوار پێیەکە پیکنیک و شتەکەم لە سەر پیلکانەکە دانا. چوومە سەر چوار پێیەکە و قوفڵی درگاکەم کردەوە. خۆم چوومە ئەو دیو درگامەوە و لەو دیوەوە پیکنیک و تاوە و شتەکانم کە لە سەر پیلکانەی 3هەم بوون هەڵمگرت . قورس بوو و نقەیەکم لە خۆم دا و بە سەختی بەرزم کردەوە و بۆ ئەوەی کە نەکەوێتە خوارەوە لە دەستە شل شل بووەکانم کاتێک کە درگاکە دادەخەمەوەنام بە سکمەوە سکم بە پیکنیکەکە زیاتر کزایەوە. درگاکەم قوفڵ دا و چوومە ژوورە گەورەکە کە 3 براکەم و ئامۆزاکەم و دایکم دانیشتبوون پێکەوە سەیری فیلمە ئاڵمانی و پارتیزانییەکەیان دەکرد. دایکم چاوی لە فیلمەکە هەڵگرت. من پیکنیک و تاوە شەمچەکەم دانا بۆ ئەوەی دایکم تووەکەمان بۆ ببرژێنێت و ئێمە بە دەم فیلمەکەوە بیتروکێنیین. ئامۆزاکەم یەک بە خۆی هەڵبەزیییەوە: - ئەرێ وەڵڵا پارتیزانەکە نای بە کەللە سەری ئاڵمانییەکەوە. چاو چاو خوێن... دایکم قیژاندی: ئەو خوێنە چییە بە بەر سکتەوە. - ئاوا بوو کە (من بنم...) نازانم ئەو وشەیە چییە کە دایکم دەیڵێ... هاوپۆلیکەکەی وڕما. |