ده‌کرێ که‌سێک که له وه‌ڵاتێکی دێموکراتیک و له خۆێندنگا دایه و له پێناو ئازادی‌دا هه‌ڵوه‌دا بووه هه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستی که‌سێکی که‌م خۆێنده‌وار و به‌رژه‌وه‌ندیخواز و حزیبگه‌رای بێت؟ ئه‌گه‌ر وای لێهات سنووری نێوان زانست و دواکه‌وتویی کامه‌یه و چییه و چۆنه؟ سایتی ڕێنێسانس که خۆی وا نیشان ئه‌دا بێلایه‌نه و له ئه‌ساسدا هه‌تا بناگوێ لاینگره و خزمه‌تی بێ جیره و موچه ئه‌کا، وتووێژی به ناو هه‌واڵده‌رێکی له گه‌ڵ ڕیزدار حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بڵاو کردوه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌واڵده‌ره زیره‌ک و ئازایه له جیاتی ئه‌وه‌ی باسی سیاسه‌تی ڕۆژ و هه‌لومه‌رجی گیراوانی سیاسی و ئێعدام له کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی لێ بپرسێ، هه‌موو زیره‌کی، هۆش و ئه‌قڵی خۆی کۆ کردوه‌ته‌وه که ده‌ری بخات نه‌روز تیڤی سه‌ر به پ ک ک و ده‌زگای راگه‌یاندنی پژاکه. ڕیزدار حاجی ئه‌حمه‌دی به زمانێکی ساده تێی گه‌یاندووه که واز له‌و باسه بێنه و پێی وتووه من ئاگادار نیم که نه‌روز تیڤی هی پژاک بێت ئه‌گه‌ر تۆ شتێک ئه‌زانی به منیش بڵێ. له‌و وه‌ڵامه‌ی حاجی ئه‌حمه‌دیدا گه‌لێ شت به کراوه‌یی ده‌رکه‌تووه و مه‌به‌ستی کورتکردنه‌وه و له کورتیدا بڕینه‌وه‌ی باسه‌که بووه و به پێویستی نه‌زاینوه له‌و باره‌وه شتێک بڵێ و مافی خۆیه‌تی و بێگومان له سیسته‌می پژاک و پ‌ک‌ک دا به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل به ئه‌ساس ده‌گیردرێ نه‌ک خۆ هه‌ڵکێشان و منه‌تکردن به سه‌ر گه‌لدا. له پڕێکا سیاسه‌تزانی ئه‌وروپانشینی فه‌لسه‌فه‌خۆێنی کورد، کاک عه‌زیز شێخانی تووڕه ده‌بێ و ده‌ست ده‌داته قه‌ڵه‌م و ئه‌وه‌ی ئه‌یڵێ نایڵێته‌وه و به بیانووی گۆیا حاجی ئه‌حمه‌دی درۆیان ده‌کا ئه‌وپه‌ڕی بێڕیزی به به‌ڕێز عه‌بدوڵا ئوجه‌لان ئه‌کا و جووڵانه‌وه‌ی کورد له باکووری کوردستان به بێ قیمه‌ت باس ئه‌کا و حوکمی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پژاک ده‌رئه‌کا. سه‌ره‌تا ده‌بوایه کاک عه‌زیز ئه‌وه‌نده شعوور و تێگه‌یشتن و به‌رپرسیاره‌تی نه‌ته‌وه‌یی و مروڤانه‌ی هه‌بایه که به شێوه‌یه‌کی زانستیانه ڕه‌خنه‌کانی خۆی ئاراسته بکردایه و به که‌سێکی وه‌کو حاجی ئه‌حمه‌دی که به ئه‌ندازه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌ی کردووه نه‌ڵێ درۆزن، دووهه‌م ئاوا به بێڕێزی نێزیکی که‌سێکی وه‌ک به‌ڕیز ئوجه‌لان نه‌بێته‌وه که هه‌موو ژیانی بۆ ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌ی ته‌رخان کردوه و یازده ساڵی ڕه‌به‌قه له ژووری تاکه‌کسیدا به‌رخوه‌دان ئه‌کا و له پێناو ئازادی گه‌له‌که‌یدا هه‌موو حه‌قاره‌ت و تاڵی و سوێرییه‌ک ته‌حه‌مول ئه‌کات. کاک عه‌زیز له وڵاتێکی ئازادی وه‌ک فینلاند دانیشتووه و کومپیوته‌ره‌که‌ی کردوه‌ته‌وه و بیره‌ی ساردی "لاپینکولتا"ی فینلاندی له په‌نا خۆی داناوه و چاو له کاناڵه جوربه‌جوره‌کانی ئه‌روپایی ئه‌کا و باسی که‌سێک ئه‌کا یان بێڕێزی به که‌سێک ئه‌کا که له ژورێکی تاکه‌که‌سی شه‌ش گه‌زی چوارگۆشه‌دا به به‌رده‌وامی ڕووبه‌ڕووی ئه‌شکه‌نجه و بێڕێزی داگیرکه‌رانه‌ی کوردستان ئه‌بێته‌وه به‌ڵام به فه‌لسه‌فه و ئافراندنی نۆێ نه‌ته‌وه و خه‌باته‌که‌ی ئه‌پارێزێ و ته‌سلیم نابێ و به یه‌ک ئیشاره ملیۆنان خه‌ڵک ئه‌ڕژێنێته سه‌ر شه‌قامه‌کان. کاک عه‌زیز ئه‌وه نابینێ که پژاک و پ ک ک ڕووبه‌ڕووی هه‌موو جۆره زوڵم و زۆری و ناحه‌قیه‌ک ئه‌بنه‌وه به‌ڵام به‌رخوه‌دانێکی وایان ئافراندوه که جه‌وانانی کورد له شاخ و شار و به‌ندیخانه‌کانه‌وه وه‌ک یه‌ک خه‌بات ئه‌که‌ن و کولتوورێکی به‌رخوه‌دانی نۆیان ئافراندوه و هه‌مووشی له سه‌ر ئه‌ساسی فه‌لسه‌فه‌ی به‌ڕێز ئوجه‌لاندایه، به‌ڵام ئه‌و بۆخۆی هه‌ڵهاتووه و وه‌ک من وڵاتی به جێهێشتووه و کار و ژیان و خۆشگوزره‌انی خۆی ئه‌کا و ئه‌چێته پای کومپوتره‌که‌ی و ده‌ست ئه‌کا به جنێو دان و بێڕێزی کردن به ئیراده و پیروزییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی و خزمه‌ت به داگیرکه‌رانی وه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌کا، به بێ ئه‌وه‌ی خۆی هه‌ستی پێ بکات و سه‌یرتر له‌وه ئه‌وه‌یه سایتی به ناو ڕێنێسانس بڵاوی ئه‌کاته‌وه و سایتی به‌یان وه‌ک هه‌نگی له دارا دۆزیبێته‌وه لینکی ئه‌کا بۆ ئه‌وه خۆێنه‌ری زۆری هه‌بێ. به‌ڕاستی ئه‌مانه خه‌ریکی چین و ئه‌ساسی روژنامه‌وانی و سیاسه‌ت و خۆێندن و فه‌لسه‌فه‌یان چی و چۆنه؟ ئه‌مانه خزمه‌ت به کێ ئه‌که‌ن و بۆ وا ئه‌که‌ن؟ ئه‌مانه دڵسۆزی کورد و پارته کوردیه‌کانن یان پێچه‌وانه‌که‌ی؟ نوێنه‌ری ئه‌وروپای پژاک پێی وتم که کاتێک پژاک که‌وته ناو لیستی تێروری وه‌زاره‌تی خه‌زنه‌داری ئه‌مریکاوه و تیشک تیڤی پیروزبایی ئه‌و کاره‌ی ئه‌کرد و خۆشحاڵی خۆی ده‌رئه‌بڕێ (دیاره ڕه‌حیم ڕه‌شیدی بوو که ئه‌یوت به خۆشیه‌وه پژاک که‌وته لیستی تێروری ئه‌مریکا و له به‌رنامه‌یه‌کی زیندووی تیشک تیڤیدا و حیزبی دیموکراتیش هیچیان نه‌وت که ئه‌وه هه‌ڵوێستی ئه‌وان نییه، بۆیه له‌سه‌ر تیشک تیڤی حیسابه) به دیپلۆماته ئه‌مریکاییه‌کانم وت که بۆ واتان کردووه؟ له وه‌ڵاما وتیان، حیزبه‌کانی خۆتان به‌ڵگه‌یان داوه‌ته ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانی ئه‌مریکا که پژاک سه‌ر به پ ک ک یه و تا ئه‌و حیزبانه به ڕه‌سمی ئه‌و زانیارییانه‌یان نه‌دابوو، ئه‌مریکاییه‌کان هیچ ده‌لیل و به‌ڵگه‌یه‌کیان بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی پژاک به ده‌سته‌وه نه‌بوو. ئێستا کاک عه‌زیز شێخانی و هاوبیره‌کانی بۆ ئه‌وه کاناڵی نه‌وروز تیڤی که ئێسته‌کانێ بووه‌ته کاناڵی پڕ ته‌ماشاوانی کوردان تووشی کێشه بکه‌ن و به به‌ڵگه بیسه‌لمێنن که ئه‌وه کاناڵی پ ک ک و پژاکه و ده‌سا ئه‌وروپاییه‌کان بۆ دایناخه‌ن و سه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران و داگیرکه‌رانی هاوپه‌یمان و هاوپه‌یمانه‌کانی دیکه‌یان سووک که‌ن که‌وتونه‌ته نووسینی بابه‌تی له‌وجۆره و که بێگومان ئه‌و نووسینه و ئه‌و کارانه ته‌نیا خزمه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیه ئه‌کا و هیچی دیکه. داخوا له داخستنی نه‌وروز تیڤیدا چ قازانجێک به کاک عه‌زیز و هاوبیره‌کانی ده‌گا؟ داخوا به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پژاک کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ قازانجێک ئه‌کا؟ ئه‌رێ به‌راست مه‌به‌ستی کاک عه‌زیز و ڕێنێسانس و به‌یان له‌م کارانه چییه؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پژاک و پ ک ک و ڕیزاد حاجی ئه‌حمه‌دی ئه‌وه‌نده کاریان هه‌یه و کاری جیدی ئه‌که‌ن و کاتیان نییه وه‌ڵامی کاک عه‌زیز بده‌نه‌وه من ئه‌م چه‌ند خاڵانه‌م نووسی وه‌ک کوردێکی نه‌ته‌وه‌یی که هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تی ئه‌که‌م، ده‌نا له‌وانه‌یه پژاک و ڕیزدار حاجی ئه‌حمه‌دی ئه‌م کاره‌ی منیشیان پێ باش نه‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وان بیرکردنه‌وه‌یان ئاپۆئیستیه و بناغه‌که‌ی کرده‌وه و کاری به کرده‌وه‌یه و له درێژایی کار و خه‌باتیاندا رووبه‌ڕووی ده‌یان و هه‌زاران تومه‌تی له‌مه قورس‌تر بونه‌ته‌وه، به‌ڵام به کرده‌وه نه‌ک به ده‌مه ده‌مانێ کردن و شه‌ڕه جنێو نیشانیان داوه که ئه‌و که‌سانه هه‌ڵه‌ن و دڵنیاشم که کاک عه‌زیز هه‌ر له ئێسته‌وه تێ ده‌گا که هه‌ڵه‌یه و په‌شیمانه و پژاکیش چاو له ڕه‌خنه‌که‌ت ئه‌کا ئه‌گه‌ر پێی جدی بوو ئه‌وا له‌به‌ر چاوی ده‌گرێ، ئه‌گه‌ریش وه‌ک ئه‌وه‌ی من لێی تێگه‌یشتووم جنیونامه و توڕه‌بوونێکی جاهیلانه و دوور له زانست بێ، ئه‌وا به‌زه‌ییان به نووسه‌ره‌که‌یدا دێته‌وه و هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به کرده‌وه تێی بگه‌یه‌ینن واز له‌و کارانه‌ی بێنێ و خۆی په‌روه‌رده بکات. پژاک نایشارێته‌وه که ته‌نیا حیزبی روژهه‌ڵاتی کوردستان نییه و گرێدراوی بڕیاره‌کانی ک ج ک یه که ئه‌و سیسته‌مه بۆ کاک عه‌زیز نامۆیه له‌به‌ر ئه‌وه سیاسه‌ت ئه‌خوێنی و له‌و شتانه تێ ناگا. پژاک ده‌ڵی ئه‌گه‌ر پێوست بێ له سلێمانی یان ئامه‌د یان قامیشلی خه‌بات ئه‌کا بۆ ئازادیی کورد و کوردستان وه‌ک چۆن له کرماشان و مه‌هاباد و سنه ئه‌یکات و به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ر له پێناو ئازادی باکووردا پیوست بێ پژاک هه‌ڵوه‌شیته‌وه هیچ شتێکی سه‌یر نییه و له‌وه باشتره که له پیناو پاره‌دا له ئۆردوگاکانی باشوورا قه‌تیس بمێنێ یان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکادا ئاشبه‌تاڵ بکات. دیاره زۆر ڕاستی هه‌ن که سایتی به‌یان، ڕێنێسانس و کاک عه‌زیز و هاوبیره‌کانی نایبین و منیش نامه‌وێ باسیان بکه‌م له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌که‌ماندا ده‌نا پێتان وا نه‌بێ خه‌ڵک بێ ئاگایه. ئه‌وه‌ی ماڵی له شیشه‌یه با به‌رد له ماڵی خه‌ڵک نه‌گرێ. ماوه‌یه‌که ڕۆژنامه‌کانی باشوور و ڕۆژنامه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران باس له‌و بودجه‌یه ئه‌که‌ن که ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان بۆ حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ته‌رخان کردووه که ئێسته له ئوردوگاکاندا ئه‌ژین و حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌و یه‌که ڕه‌ت ئه‌کاته‌وه، له کاتێکد‌ا من خۆم به‌ڵگه‌م له ده‌ستدایه که ئه‌و حیزبانه مانگانه چه‌نده وه‌رئه‌گرن پشتگیری له‌و ڕۆژنامانه ناکه‌م و له وه‌ڵامی حکومه‌تی هه‌رێمیش تووڕه نیم و پێان ناڵیم درۆزنن، له‌به‌ر ئه‌وه لێان تێ ده‌گه‌م و وه‌ک کوردێکی به‌رپرسیار بیر له‌و حاڵه‌ته ئه‌که‌مه‌وه و دڵنیام که کاک عه‌زیز و سایتی ڕینێسانس و سایتی به‌یانیش له من باشتر ئه‌و یه‌که‌یه ئه‌زانن و بێده‌نگیشن و توره‌ش نابن و ناڵین ئه‌وه درۆیه؟ تا خاوه‌ن خۆێندکاری به‌شی زانسته سیاسییه‌کانی وه‌ک کاک عه‌زیز شیخانی و کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری وه‌ک سایته‌کانی ڕینێسانس و به‌یان بین، حاڵمان له‌مه باشتر نابێ و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌مان و ئه‌وانه‌ی له به‌ندیخانه‌کاندا به‌رخوه‌دان ئه‌که‌ن و ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی له کوردستانا ڕوبه‌ڕوی بێحورمه‌تی و ئه‌شکه‌نجه و ماده هۆشبه‌ره‌کان ده‌بنه‌وه له‌مه باشتر نابێ. 20100202 |