ئازادیی هه‌ڵبژاردنی که‌ره‌سته‌ی ئه‌زموونکردن و داشکاندنی قورسایی ئه‌وه‌ی به توانای عیلمیی خود به‌ناو ده‌کرێ، هه‌ستی ئازادبوونمان پێ ده‌به‌خشێ. نووسه‌ر زیاترمان پێ ده‌ڵێ له‌وه‌ی له دیدارێکی رووبه‌ڕوودا له‌گه‌ڵ زانیاریده‌رێک ده‌ستمان ده‌که‌وێ. چوونکه ئه‌و زانیارییه‌کمان ده‌داتێ که لێکۆڵه‌ر = پرسیارکه‌ر ئاگای لێی نییه یان ناتوانێ هیچیشی له باره‌وه بڵێ. ده‌بێ دانی پێدا بنرێ که هێندێک جاران دژوار و هێندێک جاریش گوماناوییه کاتێک خه‌ڵک راده‌پازنین بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونیان له‌سه‌ر ناسنامه و ره‌گه‌زی خۆیان لێ وه‌رگرین، یانیش بۆچوونه‌کانیان لێک ده‌ینه‌وه. ئێمه هه‌موومان ئه‌غڵه‌ب هه‌ڵگری "ناسنامه‌یه‌کی په‌نامه‌کین" که خۆمان ئاگامان لێی نییه، به‌ڵام جاری وایه له که‌لێنێکه‌وه سه‌ر ده‌ردێنێ و سه‌ری خۆشمان ده‌سووڕمێنێ. هه‌روه‌ها له‌و خاڵه‌شدا ده‌قی ئه‌ده‌بی یارمه‌تیمان ده‌دا. کتێب خوێندنه‌وه ساڵانێکه پاڵپشتێکی به‌هێز بووه بۆ من. ره‌نگه چانسم هه‌بووبێ که زانستی ئه‌ده‌بیاتم نه‌خوێندووه، که له سه‌رده‌می خوێندنی دواناوه‌ندیمدا دڵنیابووم که ده‌یکه‌م. ئایا وه‌ک ئێستا به ناو ئه‌ده‌بیاتی خه‌یاڵیدا وێڵ ده‌بووم و پێزانینم له خۆم نیشان ده‌دا چوونکا ئێتنۆلۆژی ئه‌و هه‌موو جیهان و حه‌قیقه‌تانه له‌خۆ ده‌گرێ؟ ئه‌وه‌ی ئه‌من بژاری ده‌که‌م کارامه‌یی ئێسته‌تیکیی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کان نییه، وه‌ک دیارده‌یه‌کی کو‌لتووریی جوان بژاری شێعر و رۆمان ناکه‌م، به‌ڵکوو له‌و گرێگرێواوی بوونه‌یان ده‌ڕوانم که وا له زانیارییه‌کان ده‌کا له شوێنی خۆیاندا رۆڵ بگێڕن. ئێستا که ئه‌وه گوترا ده‌بێ دان به‌وه‌شدا بنێم که کارامه‌یی بێسنووری ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کان له رووماڵکردنی هه‌ڵسوکه‌وت و کاردانه‌وه هاکه‌زایی و قووڵه مرۆیی‌یه‌کاندا، لایه‌نێکی دیکه‌ش له‌و واقیعه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کا که من به دوایه‌وه‌م. له‌وانه‌یه مه‌یله کۆنه‌که‌ی من بۆ فه‌لسه‌فه‌ی هانس لارشۆن وام لێ بکا که به‌رده‌وام وه‌دوای کۆوێنه‌ی شته‌کان بکه‌وم؛ کارکردی ته‌واوی هۆش، داخواز و له‌وانه‌ش زیاتر کۆی کارکردی هه‌ست. نووسه‌ری ئه‌فریقای باشوور نادین گۆردیمه‌ر که ساڵی 1991 خه‌ڵاتی نۆبێڵی وه‌رگرت ئاماژه‌ی به‌وه کرد که "هیچکام له نووسراوه به‌به‌ڵگه‌کانم ناتوانن به قه‌ت به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانم ڕاست بن. ره‌نگبێ بێجگه له هونه‌ر هیچ ڕێکارێکی دیکه نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی به جۆرێک له تێگه‌یشتنی شته‌کان بگه‌ین." پێکه‌وه‌بوونی بێ‌سنوور یه‌کێک له هۆکاره‌کانی بنیاتنانی خه‌ڵاتی نۆبێلی ئه‌ده‌بی له سه‌ر بنه‌مایه‌کی جیهانی، ئه‌وه‌یه که نووسه‌ران له هه‌موو جیهان هاوشانی یه‌کترن له توانای هونه‌ریی خۆیاندا. له‌وانه‌یه ئه‌وان له‌و پرسه ژیانییانه‌دا به قووڵی لێک نزیک بنه‌وه که په‌یوه‌ندییان به دیارده‌ی ئێتنیکییه‌وه هه‌یه؟ بۆنموونه هه‌موومان ئه‌وه‌ی ده‌زانین که گه‌لانی به‌ره‌گه‌ز خۆجێیی له هه‌ر شوێنێکی جیهان بن، هه‌ست به هاوبه‌شبوون ده‌که‌ن ده‌گه‌ڵ دیکه‌ی گه‌لانی خۆجێی و پشتیوانی‌یان لێ ده‌که‌ن له تێکۆشانیاندا بۆ پاراستنی مافه کولتووری و مرۆییه‌کانیاندا. کاتێک هونه‌رمه‌ندێکی "سامه**" ـ نیلس ئاسلاک ڤالکاپێ ـ له کۆمه‌ڵه شێعرێکدا (1991) ده‌نووسێ: "وه گوێت لێ بووه/ که دایکه ئه‌للیێ ده‌ڵێ/ "سامه" ناتوانێ هیچ بزانێ/ به‌ڵام گوێی مه‌ده‌یه/ په‌نجا ساڵه/ هه‌ر ئه‌وه‌ی گوێ لێ بووه/ بیر له‌وه بکه‌وه/ کێ ئه‌وه‌ی فێر کردووه" ئایا ئه‌و لێره‌دا له‌مه‌ڕ هه‌موو "سامه"کان نانووسێ؟ له‌وانه‌یه ئه‌زموونکردنێکی شێتانه به‌ڵام سه‌رنجڕاکێش بێ ئه‌گه‌ر بۆنموونه دوو شاعیری "سامه" و "ئه‌بورجین" له ده‌قێکدا پێک بگرین که تێیدا هه‌ردووکیان جیهانی بیره‌کانیان شیته‌ڵ ده‌که‌ن، له‌مه‌ڕ "بانتر"ی ئێستا و ره‌هه‌نده‌کانی ناوه‌وه و ده‌وروبه‌ر، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌یت و بالۆره فۆلکلۆرییانه (songlines) که ئه‌وان له قووڵایی خۆیاندا هه‌ڵیان گرتوون یان له سروشتدا ده‌یان بینن. وێده‌چێ جه‌وهه‌ری ئه‌و دوو جیهانه [رووحییه] زۆر نزیکی یه‌کتر بن. خوێنه‌ر به‌ڵام! واقیع و حه‌قیقه‌تی ئه‌و بابه‌ته به‌پله‌ی یه‌که‌م ته‌نیا له ده‌قه هونه‌رییه‌کاندا نییه. ئه‌ده‌بیاتی خه‌یاڵی به‌ستێنێکی به‌رفراوانه که گرێدراوی پێشینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کو‌لتووریی نووسه‌ره‌کانیه‌تی. بۆیه‌ش کات، شوێن و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، ئاوێته ده‌بێ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر که لێره‌دا "توێژه‌ره". ئه‌گه‌ر به چاوی ئێتنۆلۆگ چاوی لێ بکه‌ین، ئه‌وا ئه‌ده‌بیاتی هاکه‌زایی حه‌قیقه‌تی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و لێکۆڵه‌ری ئه‌ده‌بیات "گوننار هانسۆن"یش بۆمانی روون کردۆته‌وه که ئێمه وه‌ک خوێنه‌ر حه‌شیمه‌تێکی فره‌کولتوورین. ئێستا ئه‌وه‌ش هه‌یه که هانسۆن به تایبه‌ت له خوێنه‌رانی پسپۆڕی ئه‌ده‌بیاتی نه‌کۆڵیوه‌ته‌وه و ته‌نیا سه‌رنجی داوه‌ته خوێنه‌ر به‌گشتی. له‌وانه‌یه خوێنه‌ری ئێتنۆلۆژییش به‌شێوه‌یه‌کی هێندێک تایبه‌ت [سه‌یر، نائاسایی] چاو لێکا، به‌ڵام ئه‌من گوێ ناده‌مێ، با بفه‌رمێت! ئه‌من وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی کو‌لتووریی چاو له ده‌ق ده‌که‌م و زۆریش خۆم له‌وه ده‌بوێرم که که‌ڵکی خراپ له ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی نووسه‌ر وه‌ربگرم. هه‌ردوو ئێتنۆلۆگ "لێنا" و "تووماس گێرهۆڵم"یش له بابه‌تی ئه‌ده‌بیات و ستایلی ئه‌ده‌بییان کۆلێوه‌ته‌وه، له خوێندنه‌وه‌یه‌کی خۆیاندا بۆ هه‌ردوو زانستی ئانترۆپۆلۆژی و ئێتنۆلۆژی له زانکۆی ستۆکهۆڵم. " له شێوازی نووسینه‌وه‌ی واقیعدا، ناوه به ناوه باسی وێکچوون و جیاوازییه‌کانی نێوان ئێتنۆلۆگ و ئه‌دیبان دێته گۆڕێ. پێشتر ئه‌غڵه‌ب ده‌گوترا که تیۆری سنووره‌کانی نێوان ئه‌ده‌بیات و رۆژنامه‌گه‌ری هێڵکاری ده‌کا. به‌ڵام ئه‌و سنوورانه ئێستا هێنده زه‌ق نین. ئێستا ئیدی واقیع ئه‌وه‌نده به شتێکی ده‌ستوێڕاگه‌یشتوو نازانرێ و هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ک، به‌وانه‌ی ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌گه‌ریشه‌وه، بڕێکیان له تیۆریی شاراوه (Implicit) تێدایه." 1986 (لاپه‌ڕه 148) موعجیزه‌ی ئه‌ده‌بیات ئه‌من له‌گه‌ڵ دوایین رسته‌ی سه‌ره‌وه‌دا هاوڕام، به‌ڵام خۆم له وشه‌ی تیۆری به‌دوور ده‌گرم. لێره‌دا له‌جیاتان بۆچوونێکی کۆمه‌ڵناس "تۆرگنێی سێگه‌رستێد" دێنمه‌وه له کتێبی (ده‌سته‌ڵاتی وشه ـ توێژینه‌وه له ده‌رونناسیی زمان). "ئه‌وه‌ی له ده‌قێکی شێعریدا سه‌رنجڕاکێشه، ئه‌و پێوه‌ندییه‌یه که شێعر به‌رده‌وام له نێوان توێژاڵه زمانی و دۆخه به‌رهه‌سته‌کاندا دێت و ده‌چێ؛ بۆیه‌ش تێکه‌ڵاوییه‌ک له دۆخ و هه‌ست سه‌ر ده‌ردێنێ. ئه‌و تێکه‌ڵاوییه حاڵه‌تێکی تایبه‌ت به شێعره و فۆرمۆله‌ی وی له زمانی زانستی جیا ده‌کاته‌وه" 1994(لاپه‌ڕه 178). توانای نووسه‌ری ده‌قی ئه‌ده‌بی جیاوازه له ئی نووسه‌ری تیۆریی زانستی و ئێمه باش ده‌که‌ین که ئه‌و دوو توانستانه رووبه‌ڕووی یه‌کتر نه‌که‌ینه‌وه، به‌ڵکوو لێگه‌ڕێین هاوکاری یه‌کتر بکه‌ن و یه‌کتر ته‌واو بکه‌ن. له ده‌قی خه‌یاڵیدا هه‌نوکه‌یی‌بوونێک هه‌یه که به‌هایه‌کی تایبه‌تی به ده‌قه‌که ده‌به‌خشێ، چوونکا به‌ده‌ستوبردیی به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی کو‌لتووریمان بۆ ئاشکرا ده‌کا. رابردوویه‌ک ـ ئێستایه‌ک ـ دواترێک نا، به‌ڵکوو له‌نگه‌رگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بووه، به ئاراسته‌کردنی به‌ره‌و داهاتوو. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که ناوه‌ندی جیهان له هه‌موو شوێنێکه. ئه‌وه‌ی له ده‌قی شێعری و کاراکتێره هه‌ڵبه‌ستراوه‌کانیدا جێی بایه‌خه، ئه‌وه‌یه که راسپارده‌کانیان له لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه ده‌په‌ژرێندرێن، هه‌رچه‌ند هیچیش له‌باره‌ی کاراکتێره‌کانه‌وه نه‌زانن. ئێمه کتێبه‌کانی جودیت ڕایت ـ ئوسترالیا، مارگارێت لۆرێنس ـ کانادا، ناردین گۆردیمه‌ر ـ ئه‌فریقای باشوور و ... ده‌خوێنینه‌وه و لێیان فێر ده‌بین. هاسن لارشۆن ده‌نووسێ: "ئه‌من که هێنده که‌ڵک له باسی ئه‌ده‌بیات وه‌رده‌گرم، وه‌ک ره‌خنه‌گر یان مێژووناسی ئه‌ده‌بی وا ناکه‌م، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌یه باشتر ده‌روه‌ستی ورده‌کارییه‌کی فه‌لسه‌فی بێم، شتێک که له ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌کاندا ده‌ستم ناکه‌وێ. نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ورده‌کارییه‌که به‌خه‌ڵکیی بکه‌م، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زیندوو و خۆبینی بکه‌م" 1994 (لاپه‌ڕه 91 ـ 92). ئه‌منیش هه‌ر به‌و هۆیه‌وه ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌کار ده‌که‌م، له به‌دواداچوونی ئێتنۆلۆژیدا. ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ * ئێتنۆلۆگ، ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه فره‌ئه‌تنیکییه‌کانی پێشووی زانکۆی ئوپسالا ** "سامه"کان گه‌لێکی خۆجێیی باکووری سکاندیناڤیان که به‌سه‌ر هه‌رچوار وڵاتی رووسیا، فینلاند، سوێد و نۆڕوێژدا دابه‌ش کراون. |