سه‌لاح مازوچى، ئه‌ندامى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى کۆمه‌ڵه و ئه‌ندامى کۆمیته‌ى ئیجرایى حیزبى کۆمۆنیستى ئێران، له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسێکی ڕێنێسانس نیوز، له روانگه‌ی حیزبه‌که‌یه‌وه تیشک ده‌خاته سه‌ر بارودۆخی هه‌نوکه‌یی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان. مازوچى واى ده‌بینێت پێگه‌ى هێزه چه‌پ و ڕادیکاڵه‌کان زۆر به‌هێزه و ده‌ور و ڕۆڵیان له ڕووداوه‌کانى ئێران‌دا هه‌یه، له هه‌مان کاتدا به گه‌شبینییه‌وه ده‌ڕوانێته داهاتووى ئێران و پێىوایه که موسه‌وى و که‌روبى چانسێکیشیان بۆ گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات نییه،" چونکا وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر کۆمارى ئیسلامى کۆتایى پێ بێت، هه‌موو ڕه‌وتێکى مه‌زهه‌بى له‌گه‌ڵى ده‌ڕوات و جارێکى تر له ئێران حکومه‌تێکى مه‌زهه‌بى نایه‌ته‌وه سه‌رکار". ئه‌و ئه‌ندامه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه، سه‌باره‌ت به لێکنزیکبوونه‌وه‌ی هێزه کوردییه‌کان رایده‌گه‌یه‌نێ که ئه‌و برۆکه‌یه به باش ده‌زانێ، به‌ڵام جه‌ختیشی ده‌کاته‌وه که "کاتێک هێزه‌کانى دیکه‌ى کوردستانى ئێران تاڕاده‌یه‌کى زۆر ئومێدیان به موسه‌وى به‌ستووه و ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکى کوردستانیش ببه‌نه ژێر ئاڵاى موسه‌وى و ...، ئێمه ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته بیر ده‌که‌ینه‌وه". سازدانى: محه‌مه‌د چاوشین ڕێنێسانس نیوز : ئێران هه‌میشه ئه‌مریکا و دیکه‌ى وڵاتانى ڕۆژئاوا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کات که له‌پشت ئه‌و گرژى و ئاڵۆزیانه‌وه‌ن که له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى خولى ده‌یه‌مى سه‌رۆکایه‌تى له‌و وڵاته سه‌ریان هه‌ڵداوه، پێتان وایه ئه‌مریکا ده‌ستى له‌و ڕووداوانه‌ى ئێستاى ئێران‌دا هه‌بێ؟ یان حکومه‌تى ئێران مه‌به‌ستیه‌تى به‌و بیانووه خه‌ڵکانى ناڕازى و نه‌یارى خۆیان سه‌رکوت و له‌ناوبه‌رێ؟ سه‌لاح مازوچى: کۆمارى ئیسلامى به وه‌ڕێخستنى ته‌بلیغاتى له‌وچه‌شنه ده‌یه‌وێ ده‌ستى خۆى بکاته‌وه بۆ سه‌رکوتى نه‌یاره‌کانى و جگه له‌وه شتێکى دیکه نییه، چونکه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى که له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى خولى ده‌یه‌مى سه‌رۆکایه‌تى سه‌رى هه‌ڵداوه، سه‌رچاوه‌که‌ى له ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵکانێکه که به درێژایى سى (30) ساڵى ڕابردوو له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه مافیان خوراوه و پشتگوێ خراون. خه‌ڵک له‌و ماوه‌دا هه‌لێکیان بۆ ڕه‌خسا و ناڕه‌زایه‌تیى خۆیان له دژى ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆرییه ده‌ربڕى که له‌ماوه‌ى سى ساڵى ڕابردوودا له‌لایه‌ن کۆمارى ئیسلامییه‌وه ده‌رحه‌قیان په‌یڕه‌و کراوه. ڕێنێسانس نیوز: سه‌ره‌تاى ئه‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ى که ئێستا له ئێران سه‌رى هه‌ڵداوه به‌دروشمى"راى من کجاست" (کوا ده‌نگه‌که‌م) ده‌ستى پێ‌کرد، به‌ڵام ئێستا هه‌ست ده‌کرێت دروشمه‌کان ڕادیکاڵتر بوونه‌ته‌وه و خه‌ڵکانى ناڕازى دروشمى"مه‌رگ بۆ دیکاتۆر" یان "مه‌رگ بۆ خامنه‌یى" یان به‌رزکردۆته‌وه، ئێوه چۆن له‌و گۆڕانه‌ى دروشمه‌کانى خه‌ڵکانى ناڕازى ئێستاى ئێران ده‌ڕوانن؟ سه‌لاح مازوچى : وه‌ک پێشتر گوتم ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى ئێستا سه‌رى هه‌ڵداوه سه‌رچاوه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردوو، واتا ئه‌وه نییه بلێین له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا دروشمه‌کانى خه‌ڵک ڕادیکاڵ بوونه‌ته‌وه، خه‌ڵک بیانوویه‌کیان بۆ دروست بوو که بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و داخوازییه‌کانى خۆیان بخه‌نه ڕوو. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا حوسێن موسه‌وى و مه‌هدى که‌روبى یا ئه‌وه‌ى پێى ده‌گوترێ "جه‌ره‌یانى سه‌وز" یان "ئیسلاحخوازانى ده‌وڵه‌تى" به هۆى ئه‌و هه‌موو ئیمکاناته ماڵى و ڕۆژنامه‌وانیه‌ى که له به‌ر ده‌ستیان دابوو، به‌هۆى ئه‌و هه‌موو پشتیوانییه‌ى میدیاکانى ڕۆژئاوا له‌و ڕه‌وته‌یان کرد به‌تایبه‌ت که‌ناڵه‌کانى وه‌کو "بى بى سى، به‌شى فارسى ده‌نگى ئه‌مریکا"، یان به‌هۆى بوونى ئه‌وهه‌موو کادر و پسپۆڕ و ده‌زگا ڕۆژنامه‌وانیانه‌ى له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خاته‌میدا بۆ بیروباوه‌ڕ و ستراتیژى خۆیان په‌روه‌رده‌یان کردبوو، به له‌به‌رچاوگرتنى هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه بۆ موسه‌وى و پشتیوانه‌کانى زۆر ئاسان بوو ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کیش بێت جڵه‌و و سه‌رکردایه‌تیى خه‌ڵکانى ناڕازى بگرنه ده‌ست و ئه‌وه‌ى که ئامانج و دروشمى خۆیان بوو ئه‌وه بکه‌نه دروشم و خواستى خه‌ڵک. موسه‌وى و که‌روبى ده‌یانویست واى پیشان بده‌ن که ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى خه‌ڵک ته‌نها له دژى ئه‌و ساخته‌کاریانه‌یه که له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تیدا ئه‌نجام دراوه، واتا نه‌یانده‌ویست ڕاستىی داخوازییه سه‌ره‌کییه‌کانى خه‌ڵک ده‌رکه‌وێ که ئه‌و خه‌ڵکه نه‌ک هه‌ر به موسه‌وى و که‌روبى و "جه‌ره‌یانى سه‌وز و ئیسلاحخوازانى ده‌وڵه‌تى" ڕ‌ازى نییه به‌ڵکو خواسته‌کانیان ئه‌ولاتر له‌وانه. ئێستا که موسه‌وى و که‌روبى هاتونه پێشێ و خه‌ڵکیش له‌و هه‌له سودیان وه‌رگرتووه به‌و مانایه نییه خه‌ڵکانى ناڕازى پشتگیرى له‌و ستراتیژ و دروشمه‌ى موسه‌وى بکه‌ن که ده‌ڵێ "ده‌مه‌وێ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خومه‌ینى زیندوو بکه‌مه‌وه" یان ده‌ڵێ "ده‌مه‌وێ له چوارچێوه‌ى قانوونى ئه‌ساسیدا چاکسازى له ئێران‌دا بکه‌م". خه‌ڵک له‌وه تێده‌گه‌ن که له سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خومه‌ینى و له چوارچێوه‌ى ئه‌و قانوونه ئه‌ساسییه‌دا چ بێڕێزى سووکایه‌تییه‌کیان پێکراوه و هه‌زاران که‌سیش له زیندانیانى سیاسى له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌سێداره دراون. ڕێنێسانس نیوز : هێزه چه‌پ و دیموکراتخوازه‌کانى ئێران له کوێى ئه‌و بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ن که ئێستا به شێوه‌ى به‌رین ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زایى له دژى ده‌سته‌ڵاتدارانی کۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌رده‌بڕن؟ سه‌لاح مازوچى : هێزى چه‌پ و ڕادیکاڵ به گشتى زیاتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خۆیان له‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌مڕۆ له ئێران‌دا به‌دى ده‌کرێن. ئێستا چه‌ندین بزووتنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى جۆراوجۆر له ئێران بوونیان هه‌یه وه‌ک بزووتنه‌وه‌ى کرێکارى، ئێستا بزووتنه‌وه کرێکارییه‌کانى ئێران له‌چه‌ندین پێکهاته و ده‌سته و ڕێکخراوى جۆربه‌جۆر خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و له مناسباتى جیاوازدا ڕۆڵى خۆیان ده‌بینن. یان بزووتنه‌وه‌ى ژنانى ئێران، هه‌رچه‌نده تائێستا ته‌یفى لیبڕاڵه‌کان و تا ڕاده‌یه‌کیش ئیسلاحخوازانى ده‌وڵه‌تى توانیویانه جڵه‌وى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌ده‌سته‌وه بگرن به‌ڵام هێزى چه‌پ و ڕادیکاڵیشیان له‌نێودا هه‌یه. یان ئه‌و بزووتنه‌وه خوێندکارییه‌ى که ئێستا ده‌یبینن له‌ژێر کاریگه‌ریى هێزه چه‌پ و ڕادیکاڵه‌کان دایه، ئه‌و دروشمانه‌ى ئه‌وان له به‌رامبه‌ر کۆمارى ئیسلامى به‌رزیان کردۆته‌وه مۆرکى هێزه چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کانى پێوه دیاره. لێره‌دا ده‌کرێ ئاماژه‌یه‌کیش به بزووتنه‌وه‌ى خه‌ڵکى کوردستان بکه‌ین که بزووتنه‌وه‌یه‌کى شۆڕشگێڕانه‌ى خه‌ڵکه و ده‌بینن چۆن خۆى نیشان ده‌دات، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو پڕوپاگه‌نده و ئاماده‌کارییه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کرێت به‌ڵام خه‌ڵکى کوردستان به ڕێژه‌ى 20% ده‌چنه سه‌ر سندووقه‌کانى ده‌نگدان. هه‌موو ئه‌و ڕاستییانه نیشانده‌رى ئه‌وه‌ن که له‌ناو ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ى خه‌ڵکیدا، جۆرێک بۆچوونى ڕادیکاڵ و چه‌پیش هه‌یه که به‌گشتى له‌ژێر کاریگه‌ریى هێزه چه‌پ و کۆمۆنیسته‌کان دایه. ڕێنێسانس نیوز : چاودێرانى سیاسى پێیان وایه که رژیمى کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانێکى سیاسیى وا قوڵ بۆته‌وه که له ماوه‌ى سى ساڵى ڕابردوودا بێوێنه‌یه و ده‌ربازبوونیش له‌و قه‌یرانه هه‌روا سانا نییه، واى لێک ده‌ده‌نه‌وه که سیسته‌مى ئێستاى ئێران دوایین ساته‌کانى ته‌مه‌نى خۆى ته‌ى ده‌کات، لێکدانه‌وه‌ى ئێوه له‌و باره‌وه چییه؟ سه‌لاح مازوچى: به‌بڕواى ئێمه‌ش ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه واقعبینانه‌یه، چونکه نیشانه‌یه‌ک به‌دى ناکرێ که ڕژیم بتوانێ ئه‌و قه‌یرانه دامرکێنێته‌وه. رژیم له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه تووشى قه‌یران هاتووه، له ڕووى ئابورییه‌وه بارودۆخى زۆر خراپه، ڕۆژ به ڕۆژ ڕێژه‌ى بێکاران زیاتر ده‌بێ و کاربه‌ده‌ستانى ده‌وڵه‌تیش بۆخۆیان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که نیگه‌رانن له په‌ره‌سه‌ندنى ڕێژه‌ى بێکارى، زه‌مینه‌ى په‌ره‌سه‌ندنى ناڕه‌زایه‌تى کرێکاران زیاتر ببێت. له ڕووى سیاسیشه‌وه ڕژیم ڕه‌وشى خراپه، له لایه‌ک ئه‌و ڕژیمه ناتوانێ به شێوه‌ى جاران ده‌سه‌ڵاتى خۆى درێژه پێبدات چونکه باڵه جۆر به جۆره‌کانى ده‌سه‌ڵات ناتوانن به پشتبه‌ستن به میکانیزمى پێشوو په‌یوه‌ندییه‌کانى خۆیان ڕێک بخه‌ن و ئَێستا ڕوانگه و بیرکردنه‌وه‌ى جیاواز له‌مه‌ڕ هه‌ڵسووکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانى ئێستا هه‌یه، له لایه‌کیش هیچ نیشانه‌یه‌ک نابینرێ بۆ دامرکاندنه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تىی خه‌ڵک. له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش ئێران تا دێ ته‌ریک و گۆشه‌گیرتر ده‌بێ و بیروڕاى جیهانیش زیاتر سه‌رنجى له‌سه‌ر ئێرانه و کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى وه‌کو پێشووتر له ئاست سه‌رکوت و تاوانکارییه‌کانى ڕژیم بێده‌نگ نین و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن. سه‌رجه‌مى ئه‌وانه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که قه‌یرانه‌کانى ئێستاى ڕژیم درێژه‌یان ده‌بێ به‌ڵام که‌ى ئه‌و قه‌یرانه ده‌بێته هۆى ڕووخانى ئه‌و ڕژیمه ئه‌وه په‌یوه‌ندیى به شکڵگرتنى ئاڵترناتیڤێکه‌وه هه‌یه که خه‌ڵک هیواى پێ هه‌بێ و خواسته‌کانیان به‌دى بێنێت. ڕێنێسانس نیوز : کورد له بارودۆخى ئێستاى ئێران‌دا ده‌بێ له کوێى ڕووداوه‌کان بێت؟ پێت وانییه که هێزه کوردییه‌کانى ئۆپۆزسیۆنى ئێران له ئاست ڕووداوه‌کانى ئێستاى ئێران که‌مته‌رخه‌م بن؟ سه‌لاح مازوچى : تا ئه‌و جێگایه‌ى په‌یوه‌ندیى به ئێمه‌وه هه‌بێت من واى نابینم له‌ئاست ڕووداوه‌کانى ئێستاى ئێران که‌مته‌رخه‌م بووبین، ئێمه پێمان وانییه خه‌ڵکى کوردستان ده‌سته‌وه‌ستان ڕاوه‌ستن و چاوه‌ڕوانى ده‌ره‌نجامى ئه‌و ڕووداوانه‌ى ئێستاى ئێران بکه‌ن چونکه له ماوه‌ى سى (30) ساڵى ڕابردوودا هه‌میشه هه‌ڵوێست و داخوازییه‌کانیان ڕوون و شه‌فاف بوون. به‌ڵام دیاره له بارودۆخێکى وادا هه‌ر لایه‌نه و به دواى ستراتیژ و به‌رنامه‌ى خۆى ده‌که‌وێت. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چاو بگرین که ڕژیم تا ڕاده‌یه‌کى زۆر کوردستانى میلیتاریزه کردووه و جیاوازیى له‌گه‌ڵ تاران و باقى شاره‌کانى ئێران هه‌یه، ڕژیم له بیانوویه‌ک ده‌گه‌ڕێ که به تووندوتیژى و کوشتارى زیاتر له تاران و شاره‌کانى تر ڕووبه‌ڕووى خه‌ڵکى ناڕازى له کوردستان ببێته‌وه، چونکه ڕژیم ده‌زانێ کوردستان وه‌ک تاران و ته‌ورێز نییه و کوردستان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى حیزبیه، حیزبه سیاسییه‌کان هه‌ن و نفوز و کاریگه‌رییان هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت کۆنتڕۆڵى کوردستانى له‌ده‌ست چوو، ده‌بێ له کوردستان بارگه و بنه تێک بنێت. بۆیه به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌وه ده‌بێ ئێمه له‌بیرى تاکتیکێکى گونجاو دابین بۆ هاتنه مه‌یدانى خه‌ڵکى کوردستان و تێکه‌ڵبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى ناڕازیى خه‌ڵکى له سه‌راسه‌رى ئێران. بۆ نموونه بانگه‌واز بۆ وه‌ڕێخستنى مانگرتنێکى گشتى له کوردستان ده‌توانێ تاکتیکێکى گونجاو بێ له بارودۆخى ئێستادا. ڕێنێسانس نیوز : هه‌ندێک بۆچوون هه‌یه پێیان وایه که ئامانجى "شه‌پۆلى سه‌وز"ى حوسێن موسه‌وى هیچ شتێک نییه جگه له ده‌ربازکردنى ڕژیمى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌و قه‌یرانه‌ى ئێستا و ڕێگه‌یه‌که بۆ به‌رده‌وام ڕاگرتنى ئه‌و ڕژیمه به چه‌شنێکى دیکه، ئێوه بۆچوونتان چییه له‌و باره‌وه؟ سه‌لاح مازووچی: به‌ڵێ هه‌روایه و خۆشیان ڕایانگه‌یاندووه. موسه‌وى ئاماژه‌ى به‌وه داوه که خوازیارى ئه‌وه‌یه "سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى خومه‌ینى زیندوو کاته‌وه" یان ده‌ڵێ که ئه‌و ده‌یه‌وێ "له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا چاکسازى بکه‌م". موسه‌وى چه‌ندین جار به ئاشکرا ڕایگه‌یاندووه که "کۆمارى ئیسلامى نه وشه‌یه‌ک زیاد نه وشه‌یه‌کیش که‌متر"م ده‌وێ. له کاتى ناڕه‌زایه‌تییه‌کانیشدا موسه‌وى تاکتیک و دروشمى زۆر موحافیزکارانه‌ى به‌کار ده‌هێنا. که‌واته هه‌موو ئه‌وانه نیشانده‌رى ئه‌و ڕاستییه‌ن که موسه‌وى نایه‌وێ له چوارچێوه‌ى نیزامى کۆمارى ئیسلامى تێپه‌ڕ بێ به‌ڵام خه‌ڵک تێپه‌ڕ بوو له ستراتیژىی ئه‌وان. ڕێنێسانس نیوز : که‌واته ناکرێ حوسێن موسه‌وى و که‌روبى به ئۆپۆزسیۆنى ئێستاى ده‌سه‌ڵاتى کۆمارى ئیسلامى بزانین وه‌ک هه‌ندێک هێز و لایه‌ن واى بۆ ده‌چن و پێیان وایه له داهاتوودا ئه‌وانه ده‌سه‌ڵاتى ئێران ده‌گرنه ده‌ست؟ سه‌لاح مازوچى: نا هه‌رگیز ناکرێ، چونکه موسه‌وى و که‌روبى پێیان وایه که ته‌نها ئه‌و ستراتیژ و به‌رنامه‌یه‌ى خۆیان دایانڕشتووه ده‌توانێ ته‌مه‌نى کۆمارى ئیسلامى پێ درێژتر بکه‌نه‌وه. پێیان وایه ئه‌و سیاسه‌ته توندڕه‌وانه‌یه‌ى ئێستاى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد و سوپاى پاسداران په‌یڕه‌ویى لێده‌که‌ن کۆمارى ئیسلامى به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات. موسه‌وى و که‌روبى بۆیه دژى باڵى ئێستاى ده‌سه‌ڵاتى ئێران ده‌وه‌ستنه‌وه پێیان وایه ئه‌وانه ناتوانن کۆمارى ئیسلامى باشتر ڕابگرن. له‌و بارودۆخه‌دا ئێمه به پێچه‌وانه‌ى به‌شێکى زۆرى هێزه سیاسییه‌کانى دیکه‌ى کوردستانى ئێران بیر ده‌که‌ینه‌وه به‌رامبه‌ر به بارودۆخى ئێستاى ئێران و خودى حوسێن موسه‌وى و که‌روبى که هیوایان پێیه‌تى. ئێمه پێمان وایه ئه‌و سیاسه‌ته‌ى هه‌ندێک له حیزبه‌کانى کوردستانى ئێران له به‌رامبه‌ر موسه‌وى و که‌روبى گرتویانه‌ته به‌ر به لاڕێدابردنى خواست و ئامانجه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانه، هه‌رچه‌نده خه‌ڵک هۆشیارن و سه‌ره‌ڕاى بانگه‌وازى ئه‌و هێزانه بۆ پشتیوانى له به‌رنامه‌کانى موسه‌وى به‌ڵام خه‌ڵک وه‌ڵامێکى نه‌دانه‌وه. ڕێنێسانس نیوز: له‌یه‌کێک له چاوپێکه‌وتنه‌کانتدا له گه‌ڵ ڕۆژنامه‌یه‌کى باشوورى کوردستان ئاماژه‌تان به‌وه داوه که کۆمه‌ڵه "هیچ پڕۆژه‌یه‌کى بۆ پێکهێنانى به‌ره‌ى کوردستانى نییه" یان ده‌ڵێى "پێکهێنانى به‌ره‌ى کوردستانى له کوردستانى ئێران ئیمکانى نییه"، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌تان له کوێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه؟ له‌کاتێکدا بارودۆخى ئێستاى ئێران وا له‌هێزه به‌رهه‌ڵستکاره‌کانى ئێران ده‌خوازێ که هه‌موولایه‌ک به‌تایبه‌ت لایه‌نه کوردییه‌کان لێک نزیک ببنه‌وه و هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵویست بن و ستراتیژێکى هاوبه‌ش دابڕیژن، یان پرسیاره‌که‌م به چه‌شنێکى دیکه بخه‌مه‌ڕوو: ئێوه چ به‌دیلێکى ترتان له‌جێگه‌ى به‌ره‌ى کوردستانى پێیه؟ سه‌لاح مازوچى: ئێمه که ده‌ڵێین ناتوانین له به‌ره‌یه‌کدا کۆببینه‌وه به‌مانا سیاسى و ته‌شکیلاتییه‌که‌ى، ئه‌وا ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که هیچ خاڵێکى هاوبه‌ش بۆ هاوکارى شک نابه‌ین له‌گه‌ڵ هێزه‌سه‌ره‌کییه‌کانى کوردستان، به‌ڵام ئێمه ده‌بێ ڕاستگۆیانه مامه‌ڵه بکه‌ین. له هه‌لومه‌رجێکى هه‌ستیارى وه‌ک ئێستاى ئێران‌دا یه‌کێک له‌و شتانه‌ى که ده‌توانێ زه‌مینه‌ى هاوکارى و لێک نزیکبوونه‌وه بڕه‌خسێنێ ئه‌وه‌یه که ئێمه خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌یه‌کى نزیک له‌یه‌کمان بۆ ڕه‌وتى ڕووداوه‌کانى ئێستاى ئێران هه‌بێت. به‌ڵام کاتێک هێزه‌کانى دیکه‌ى کوردستانى ئێران تاڕاده‌یه‌کى زۆر ئومێدیان به موسه‌وى به‌ستووه و ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکى کوردستانیش ببه‌نه ژێر ئاڵاى موسه‌وى و له‌چوارچێوه‌ى ستراتیژى موسه‌ویدا به‌دواى مافه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان بکه‌ون، ئێمه ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته بیر ده‌که‌ینه‌وه. سیاسه‌تێکى له‌و جۆره ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌یه‌کیش بۆ هاوکاری هه‌بێ له‌به‌ینى ده‌بات. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که هێزه‌کانى کوردستانى ئێران ستراتیژیى سیاسىی جیاوازیان هه‌یه، چه‌ندین جاریش ڕوونمان کردۆته‌وه که به‌هۆى ئه‌و جیاوازیانه که له‌ستراتیژى سیاسیماندا هه‌یه ناتوانین بچینه ناو به‌ره‌یه‌که‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وهێزانه. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى ئه‌و هێزانه به‌جدى بێنه مه‌یدانى خه‌بات له دژى کۆمارى ئیسلامى ئێمه ئاماده‌ین له گه‌ڵیان هاوکاربین. که‌واته ئێمه هیچ ڕێگایه‌کمان نییه جگه له‌وه‌ى ڕاستییه‌کان به خه‌ڵک بلێین و وه‌بیریان بێنینه‌وه که موسه‌وى و که‌روبى و خاته‌مى کێن و ستراتیژییان چییه؟ پێیان بڵێین که ئه‌وانه له‌چوارچێوه‌ى نیزامى کۆمارى ئیسلامى زیاتر ناڕۆن!!. تێشیان بگه‌یه‌نین که موسه‌وى و که‌روبى ته‌نانه‌ت چانسێکیشیان بۆگرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات نییه، چونکه ئه‌گه‌ر کۆمارى ئیسلامى کۆتایى پێ بێت هه‌موو ڕه‌وتێکى مه‌زهه‌بى له‌گه‌ڵى ده‌ڕوات و جارێکى تر له ئێران حکومه‌تێکى مه‌زهه‌بى نایه‌ته‌وه سه‌رکار. هێزه سیاسییه‌کانى کوردستان گره‌و له‌سه‌ر "ئه‌سپى دۆڕاو" ده‌که‌ن، چونکه بێزارى و ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵک له حکومه‌تى مه‌زهه‌بى ئێستاى ئێران هیچ ده‌رفه‌تێکى بۆ موسه‌وى و هاوشێوه‌کانى نه‌هێشتۆته‌وه که ده‌سه‌ڵات له دواى سیسته‌مى ئێستاى ئێران به ده‌سه‌ته‌وه بگرن. به‌داخه‌وه هێزه یسیاسیه‌کانى کوردستان زه‌مینه‌ى هاوکارى و پێکه‌وه کارکردنیان له‌به‌ین بردووه، ئه‌وه‌ش له کاتێکدایه که هه‌موو هێزه‌کان دروشمى پێکهێنانى به‌ره‌یان به‌رز کردۆته‌وه. جیاوازیى له ستراتیژئى سیاسیمان ته‌نها په‌یوه‌ندیى به ئێستاوه نییه، پێشتریش که هێزه‌کانى دیکه‌ى کوردستان دروشمى "به‌ره‌ى کوردستانى"یان به‌رزکردبۆوه و له هه‌مان کاتدا هیوایان به‌وه به‌ستبوو که ئه‌مریکا بێ و پڕۆژه‌یه‌کى هاوشێوه‌ى کوردستانى عێراق له ئێرانیش به‌ڕێوه ببات. ئێمه دژى ستراتیژێکى له‌و شێوه‌ین و ده‌مانه‌وێ پشت به‌خه‌ڵکى کوردستان ببه‌ستین و بزووتنه‌وه‌ى کوردستان به‌هێزو ته‌یار بکه‌ین له‌دژى کۆمارى ئیسلامى و سه‌ره‌نجامیش خه‌ڵک خۆیان ده‌سه‌ڵات به ده‌سته‌وه بگرن. ڕێنێسانس نیوز : به‌ڵام زۆر که‌س پێیان وایه هۆکارى پێک نه‌هاتنى به‌ره ئه‌وه‌یه که چه‌ندین هێز و لایه‌ن له‌ژێر یه‌ک ناوى هاوشێوه خه‌بات ده‌که‌ن و ئاماده‌ش نین یه‌کترى به‌ڕه‌سمى بناسن، بۆیه نه‌توانراوه پارته‌کانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌چوارچێوه‌ى به‌ره‌یه‌کدا کۆببنه‌وه ـ بۆنموونه چه‌ند "کۆمه‌ڵه" چه‌ند "دیموکرات" ـ ئایا ئێوه شتێکى له‌و شێوه به‌گرفت ده‌بینن؟ یان ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ "کۆمه‌ڵه"کانى تر کۆ ببنه‌وه؟ سه‌لاح مازوچى: ئێمه نه‌هاتنى هیچ هێزێک ناکه‌ینه پێشمه‌رج بۆ هاوکاری و پڕۆژه‌یه‌کى هاوبه‌ش، ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌وه سه‌رئه‌وه‌ى که ئه‌و پڕۆژه‌یه تاچه‌ند یارمه‌تىده‌ر ده‌بێ بۆ کۆکردنه‌وه‌ى وزه و تواناکانى بزووتنه‌وه‌ى سیاسىی کوردستان و به‌کارهێنانیان له‌دژى کۆمارى ئیسلامى. به‌ڵام ئه‌وه‌شمان نه‌شاردۆته‌وه که هه‌رکه‌س هات و ئۆردوگایه‌کى لێدا و که‌ناڵێکى ته‌له‌فزیۆنى قوتکرده‌وه و هێزى چه‌کدارى له ده‌ورى خۆى کۆکرده‌وه ئه‌وه به‌و مانایه نییه له ناوخۆى ئێران‌دا پێگه و ڕیشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌بێت. ئێستا زۆر لایه‌ن به‌ناوى هێزى سیاسییه‌وه خۆیان ده‌ناسێنن به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌کانیان هیچ ته‌کانێک به کۆمه‌ڵگه ناده‌ن و خه‌ڵکیش گوێیان لێ ناگرێت. له هه‌مان کاتدا ئه‌و هێزانه دروشمى به‌ره به‌رز ده‌که‌نه‌وه و ده‌یانه‌وێ قورسایى خۆیان بنوێنن. خه‌ڵک ده‌توانێ قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر سه‌نگ و قورسایى ئه‌و هێزانه بکات و ده‌رى بخات کام هێز ڕیشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى هه‌یه و کام هێزیش ته‌نها خۆى به ئۆردوگایه‌که‌وه به‌ستۆته‌وه. ئه‌و هێزانه زۆرجار بۆخۆشیان ده‌ڵێن "ئێمه هێزێکین دوورخراوه‌ین"، له کاتێکدا ئێمه قه‌ت پێمان وانییه، پێمان وایه هێزى سه‌ره‌کیى کۆمه‌ڵه له کوردستانى ئێرانه نه‌ک زڕگوێز. ئێستا به‌هۆى ئه‌و کێشمه‌کێشمه و فاکته‌ره جۆربه‌جۆرانه‌ى له کوردستانى عێراق هه‌یه، حیزب دروستکردن زۆر ئاسانه، ده‌توانى ئیمکاناتى ماڵى پێکه‌وه بنێیت و که‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنیش قوت که‌یه‌وه و هێزى چه‌کداریش له ده‌ورى خۆت کۆ که‌یته‌وه! به‌ڵام ئایا به ڕاستى ئه‌و هێزانه پێگه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه و ده‌توانن هه‌ڵگرى به‌شێک له ئاوات و ئاره‌زووه‌کانى خه‌ڵک بن؟ |