رێنێسانس نیوز 2010.08.26 - 01:34 ماڵپه‌ڕی ئینتێرنێتی "هه‌مشه‌هری ئۆنلاین" له مانشێتێکدا له ژێر ناوی" نه‌وتراوه‌کانی ئۆپه‌راسیۆنی ئازاد کردنی سنه" بیره‌وه‌رییه‌کانی فه‌رمانده‌یه‌کی سپای پاسداران به ناوی "سه‌ید عه‌لی ئه‌کبه‌ری موسته‌فه‌وی" که ده‌ورێکی به‌رچاوی له شه‌ڕی کۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تاکانی ئینقلاب له کوردستان و به تایبه‌تی شه‌ڕی 24 رۆژه‌ی شاری سنه هه‌بووه بڵاو کرده‌وه. موسته‌فه‌وی دوای باسکردن له سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له ساڵانی دوای شۆڕشی ئێران له کوردستاندا ئاماژه به رۆڵی دوو به‌کرێگیراوی کورد به ناوه‌کانی"داریووش چاپاری" و ره‌حیم ئه‌حمه‌دی" ده‌کات. ناوبراو له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا ده‌ڵێ، دوای مۆڵگرتنمان له یه‌کێک له به‌رزاییه‌کانی شاری سنه به ناو "دیدگا" و چه‌ن شوێنی جیاوازدا وه‌کوو، بنکه‌ی رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن و له سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌کی شار له ته‌نیشت مۆڵگه‌کامانه‌وه وله سه‌ر ته‌پۆڵکه‌ی مه‌خزه‌نی ئاو، که ته‌نیا شوێنی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه بوو چه‌ک و چۆڵه قورسه‌کانمان هه‌ستانده سه‌ر پێ. ناوبراو له درێژه‌دا ده‌ڵێ، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن هێزه‌کانی کوردی وه‌فادار به ئینقلابه‌وه به تایبه‌تی داریووش چاپاری و ره‌حیم ئه‌حمه‌دییه‌وه وردترین زانیارییه‌کانمان به ده‌س هێنا، توانیمان به پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه ئاگری شه‌ڕ بکه‌ینه‌وه و بپرژینه سه‌ر بنکه‌کانی دوژمن و که‌متر له ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ک مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانییان پێ هه‌ڵپێچینه‌وه و توانای به‌رخۆدانیان لێ بستێنینه‌وه. داریووش چاپاری به‌رپرسی عه‌مه‌لیاتیی هێزه‌کانی به‌کرێگیراوی رێژیم له ساڵه‌کانی 1357 تا 1361 بووه که له پاییزی ساڵی 1384 له لایه‌ن که‌سێکی نه‌ناسراوه‌وه ته‌قه‌ی لێ‌کرا و کوژرا. ره‌حیم ئه‌حمه‌دییش به‌رپرسی به‌کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بووه له شه‌ڕی 24 رۆژه‌ی سنه. بیره‌وه‌رییه‌کانی موسته‌فه‌وی له‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌دا هاتووه. http://www.hamshahri.org/news-114182.aspx |