RSS Feed

      

شه‌ممه، ۱۶‌ی دیسامبری ۲۰۱۷

Renaissance News Index

 

هیچ کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای نکۆڵیکردن له‌ ئازادیی تاک بنیات نانرێ
« مه‌هاتما گاندی »
 

  گه‌نجینه‌ی هونه‌ر »» شێعر           ئه‌م لینکه [297] جار بینراوه       Send this page to your friens    Print this page    Send comment to this page

 

له‌به‌ر باران

 
 

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا

2010.08.12 - 20:47

 

چه‌شنى نیگاى گه‌مارۆدراو

چه‌شنى رامان له‌ بۆشایى

به‌چاوى ئاو دێمه‌ خوارێ

چه‌شنى با

به‌هه‌ڵه‌

بێ کۆتایى

شین ده‌چمه‌وه‌.  

 

له‌نێوانى باو با

ده‌مه‌وێ مرۆڤ له‌به‌ر باران لێکده‌مه‌وه‌

وه‌ک ئه‌وه‌ى باڵنده‌یه‌ک بم

بێ خه‌یاڵ به‌ بادا بڕۆم و

بڵێم

باران ئاسمان جێده‌هێڵێ

ئێمه‌ شوێن گه‌مارۆى داوین

ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاى تاریکى و فڕین نییه‌

له‌ سێوه‌که‌ى ئاده‌مه‌وه‌

ژیان به‌ زه‌ویدا ده‌ڕوا

ده‌ریا به‌زه‌ویدا ده‌ڕوا

مرۆڤ له‌گه‌ڵ باران

بیر له‌ ئاسمان ده‌کاته‌وه‌

له‌گه‌ڵ با

به‌ره‌و نیشتمان هه‌ڵده‌کا

 

 

بێ خه‌یاڵ به‌ بادا ده‌ڕۆین

باڵنده‌

له‌ نیشتمان کۆده‌که‌ینه‌وه‌

ده‌ست له‌ بۆشایى راده‌گرین

به‌ر له‌وه‌ى بڵێین

مرۆڤ

بوونه‌وه‌رێکه‌ بۆ مردن

با

بۆ جوله‌

نیشتمان

بۆ هیچ نه‌گوتن.

 

 

 ئاو و ئاو

با ئازاره‌کانى مرۆڤ جێده‌هێڵێ

مرۆڤ  نیشتمان

باران

جگه‌ له‌ ته‌نیایى

ئاوازێکى شین ده‌نووسێته‌وه‌

به‌ر له‌وه‌ى بڵێین مرۆڤ هه‌بێ یان نه‌بێ

ئاو به‌ با ده‌ڵێ

نیشتمان هه‌بێ یان نه‌بێ

باران به‌لێوى با

جوله‌ ناکا.

 

 

با له‌ شکۆفه‌ى لێوى باران

سه‌فه‌ر ده‌کا

کاتێک دێته‌وه‌ ماڵ

ده‌بینێ باران به‌ گۆچانێکه‌وه‌

 ورد ورد

خۆکوژى لێده‌خورێ به‌ره‌و نادیار

ده‌بینێ سه‌فه‌رى ئاو

له‌پشت زه‌رده‌په‌ڕ جێماوه‌

 

هه‌ناسه‌ى باران

له‌ بیابان دێته‌وه‌

به‌ڵام نه‌ سه‌وزایى دیاره‌ نه‌لێو.

 

 

با به‌لێوى با

ده‌ریا ره‌نگ ده‌کا

به‌ پێنووسێک له‌ تیشک

بیابان

من له‌شکرى ژیان ده‌خه‌مه‌وه‌ نێو بۆشایى

به‌رله‌وه‌ى کچه‌که‌م گاز له‌ سێوى "سیزان" بگرێ

فڕین به‌ شه‌پۆل ورد ده‌که‌مه‌وه‌

دڵم له‌به‌ر باران.

 

 

بێ خه‌یاڵ به‌ بادا ده‌ڕۆین

له‌به‌ر تاریکى

ئه‌ستێره‌کان

ئاسمان به‌ نیگا راده‌گرن

با هه‌موو زه‌وى به‌ جوله‌

من له‌نێوان ئه‌ستێره‌و با

دڵم ده‌خه‌مه‌ خه‌یاڵى

به‌ربوونه‌وه‌.

 

 

هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى بارانه‌وه‌ با په‌ناى داوه‌

دووباره‌ بۆخۆم ده‌گێڕمه‌وه‌

به‌ قوڵى ده‌ڵێم ژیان

چۆله‌که‌یه‌که‌ هه‌میشه‌ به‌خه‌یاڵ

قه‌فه‌ز ده‌چنێ

چۆله‌که‌یه‌که‌ له‌به‌ر باران

دڵ ده‌کاته‌وه‌

له‌به‌ر باران

مرۆڤ هه‌موو شتێکى ده‌وێ

به‌ڵام خاوه‌نى هیچ نییه‌

چونکه‌ دنیا وێنه‌یه‌کى خێرایه‌

له‌به‌ر باران

به‌ که‌س ناگیرێ

دووباره‌ به‌ قوڵى ده‌ڵێم

هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌باره‌ى مرۆڤه‌وه‌ ده‌گوترێ

وه‌ک نیشتمانێکى نادیار

گه‌ڵا و گه‌ڵا

له‌زستانى ته‌مه‌ن

با ده‌یبا

باران باران

وه‌ک سێوه‌که‌ى "نیوتن"

به‌ر خاک ده‌که‌وێ

مرۆڤ سێو کۆ ده‌کاته‌وه‌

له‌به‌ر باران

مرۆڤ سێو کۆ ده‌کاته‌وه‌

له‌به‌ر بۆشایى.

 

 

هه‌ولێر 8/1/2010

 

 

 

 

 

 

 

گه‌ڕانه‌وه بۆ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م          ئه‌م لینکه [297] جار بینراوه            Send this page to your friens    Print this page    Send comment to this page

 
 
 

 

 

بابه‌ته‌کانی نووسه‌ر

 

ئافرەت لەنێوان رۆشنبیریى نێر و ئابڵوقەى زماندا
 

هیرمینۆتیکا و مێژوو: پۆل ریکۆر وه‌ک نموونه‌
 

سێنترالیزمى نێرایه‌تى؛ له‌نێوان که‌لتور و حه‌قیقه‌تى بایۆلۆژى
 
 

مانشێت

 
 

 

 
 

 

 
 

 

 

 

هه‌واڵ

 
 

 

 
 

 

 
 

 

 

 

ڕاپۆرت‌و ئانالیز

 
 

 

 
 

 

 
 

 

 

 

مقالات فارسی

 
 

 

 
 

 

 
 

 

 

 

اخبار فارسی

 
 

 

 
 

 

 
 

 

 

 
 
 

Copyright © 2017 Renaissance. All rights reserved.