د. کاوه مه‌حموود، له وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ (رێنێسانس نیوز)، وێرای ئه‌و بابه‌ته‌ی سه‌ره‌وه، راوه‌سته‌ی له سه‌ر سیاسه‌تی حکوومه‌ته‌که‌ی کرد، سه‌باره‌ت به تۆپباران و به‌زاندنی سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه و روونی کرده‌وه که ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئێران "نه له‌گه‌ڵ دۆستایه‌تییا ئه‌گونجێ، نه له‌گه‌ڵ یاسای نێوده‌وڵه‌تیا ئه‌گونجێ"؛ به‌ڵام ره‌تیشی کرده‌وه که پارادۆکسێک هه‌بێ له نێوان تۆپبارانکردن و به‌زاندنی سنووری وڵاتێک، هاوکات له‌گه‌ڵ نواندنی چالاکیی فه‌رهه‌نگی له سه‌ر خاکی ئه‌و وڵاته. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو که "من په‌یوه‌ندییم هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێرانا که نامه‌وێ بیبڕم، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه چوونکا په‌یوه‌ندییم هه‌یه قبووڵی ده‌ستدرێژییه‌که‌ی ئه‌که‌م." هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌ستنیشانی کرد که ناتوانێ وه‌ک به‌رهه‌ڵستکارێکی ئێرانی هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ رووداوه‌کاندا بکات و رایگه‌یاند که "من نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌هاباد و دیاربه‌کرد نیم، من حکوومه‌تم، من ته‌عامول له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت ئه‌که‌م، تۆ ناتوانی به لۆجیکی به‌رهه‌ڵستکاری ئێران له‌گه‌ڵ من مامه‌ڵه بکه‌ی، داوای ئه‌وه‌م لێ مه‌که..." ئه‌و وه‌زیره‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، که هاوکات ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی حیزبی شیوعیی کوردستانیشه، له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی رێنێسانس نیوزدا سه‌باره‌ت به پرسی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رده‌ستبوونی مێدیای لیبڕاڵ و کۆنه‌پارێز (محافه‌زه‌کار) له باشووری کوردستان، ده‌ستنیشانی کرد که "من ئایدۆلۆجیا له سیاسه‌ت جیا ئه‌که‌مه‌وه" روونیشی کرده‌وه که له هه‌رێمی کوردستاندا "چانسی یه‌کسان هه‌یه بۆ هه‌موو رۆشنبیران دوور له ئایدۆلۆجیا". ئه‌مانه و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی دیکه له درێژه‌ی ئه‌و وتووێژه‌دا بخوێنه‌وه ئا: که‌ریم مه‌ره‌سه‌نه رێنێسانس نیوز؛ وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی ئێستا، له چاو وه‌زاره‌تی کابینه‌ی پێشوو، بێده‌نگتره، یان لانیکه‌م له مێدیاکاندا وا ده‌رده‌که‌وێ که بێده‌نگتر بێ، پێتان وایه ئه‌وه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ـ مه‌به‌ستت چییه له وشه‌ی بێده‌نگی... رێنێسانس نیوز: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که، ئه‌گه‌ر به‌پێی مێدیاکان بێ، چالاکیتان که‌متره له کابینه‌ی پێشوو... ـ ئێمه ئه‌توانین راپۆرتێکی دوورودرێژت بده‌ینێ سه‌باره‌ت به کار و چالاکیی وه‌رزی رابردوو، هی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌که، ئه‌توانی سوودیشی لێ وه‌ربگری و بڵاوی بکه‌یته‌وه. ئێمه کار و چالاکییه‌کانمان به‌رده‌وامه... رێنێسانس نیوز؛ ئه‌دی هۆی چییه که له مێدیاکاندا ره‌نگ ناداته‌وه؟ ـ ئێمه کۆمه‌ڵێک میدیامان هه‌یه که هی وه‌زاره‌ته‌که‌ن، مه‌سه‌له‌ن ئه‌گه‌ر چالاکییه‌ک هه‌بێ گۆڤاری هه‌رێمی کوردستان بڵاوی کردۆته‌وه، هه‌ندێ چالاکیی تریش هه‌یه که له‌وانه‌یه له رۆژنامه‌یه‌کا یان له جێگایه‌کا بڵاو کرابێته‌وه، جاران ته‌له‌فیزیۆنی نه‌ورۆز هه‌بوو که چالاکییه‌کانی زیاتر بڵاو ئه‌کرده‌وه. وه‌ک وتم ئێمه چالاکییه‌کانمان بڵاوکردۆته‌وه جا ئه‌گه‌ر هه‌ندێ راگه‌یاندن بڵاوی ئه‌کاته‌وه یان نا ئه‌وه ئازاده. به‌ڵام ئه‌و چالاکییانه که هه‌مانه هه‌ست ئه‌که‌م گۆڕانکاریی باشی تیایه چ له ڕووی چه‌ندایه‌تی چ له رووی چۆنایه‌تی. بۆ نموونه فێستیڤاڵی فیلم کراوه لێره، له سلێمانی کراوه، حه‌فته‌ی سینه‌ما کراوه له کۆیه، له که‌رکووک و له شاره‌کانی کوردستان. به به‌رده‌وامیش له هۆڵی پێشه‌وا بۆنه‌و شتی وامان هه‌یه. هه‌روه‌ها چالاکیی سه‌نته‌ره‌کان هه‌یه که به‌رده‌وام ده‌عمیان ئه‌که‌ین. رێنێسانس نیوز؛ دواتر دێینه سه‌ر هۆڵی پێشه‌وا، چوونکا سه‌باره‌ت به‌وێش پرسیارم هه‌یه، به‌ڵام جارێ هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ی سه‌ره‌وه قسه ده‌که‌ین. پێت وا نییه ره‌نگ یان پێشینه‌ی سیاسی ـ ئیدۆلۆژیی وه‌زیری رۆشنبیری وای کردبێ که مێدیاکان به‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ کار و چالاکییه‌کانتان بکه‌ن؟ ـ باوه‌ڕ ناکه‌م، من په‌یوه‌ندییه‌کی باشم هه‌یه له‌گه‌ڵ میدیاکان. دوایی من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئایدۆلۆجیام جیاکردۆته‌وه له ئیش و کاری وه‌زاره‌تا، له سه‌ره‌تاوه رامگه‌یاندووه که ئه‌م وه‌زاره‌ته وه‌زاره‌تی ئایدۆلۆجیا نییه، ئادۆلۆجیا شوێنی خۆی هه‌یه. جگه له‌وه من له‌و رۆژه‌وه که سوێندم خواردووه وه‌ک وه‌زیری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای کوردستان له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی به‌رته‌سکی حیزبایه‌تییه‌وه ئه‌بینم. ئه‌و سوێندخواردنه‌ش ته‌نیا سوێندخواردنێکی ئایننی نییه، به‌قه‌وده‌ر ئه‌وه‌ش سوێندخواردنێکی ئه‌خلاقییه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵک... رێنێسانس نیوز؛ به‌ڵام له‌وانه‌یه مێدیاکان ئه‌و پابه‌ندبوونه ئه‌خلاقییه‌یان له‌خۆیان نیشان نه‌دابێ... ـ نا من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ میدیاکانا باشه، کێشه‌م له‌گه‌ڵ میدیاکانا نییه، چوونکه من گوته‌بێژی حکوومه‌تم و میدیاکان به به‌رده‌وامی پرسیارم لێ ئه‌که‌ن و وه‌ڵامیان ئه‌ده‌مه‌وه، رۆژ نییه من سه‌د ته‌له‌فۆنم بۆ نه‌یه، هه‌ر هه‌مووشیان به ئاسانی وه‌ڵامیان ئه‌ده‌مه‌وه، ئه‌توانی خۆتیش له میدیاکان بپرسی که ئایا چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌که‌م. رێنێسانس نیوز؛ ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی پرسیاره‌کانم په‌یوه‌ندیی هه‌یه به چه‌ندایه‌تی و چلۆنایه‌تیی چالاکییه فه‌رهه‌نگییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان. ئه‌و چالاکییانه له زۆربه‌ی وڵاتان به گوێری رێوشوێنێک رێک ده‌خرێن که وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ ساڵانه به ناوی "سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی"ی وڵاته‌که ده‌یداته ده‌رێ، له‌وێدا هێڵکارییه‌کی گشتیی ئامانجه کولتووری و رۆشنبیرییه‌کان ده‌کرێ بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌کی کۆنکرێت به ناوه‌رۆکی چالاکییه‌کان بکات. ئایا وه‌زاره‌تی ئێوه شتێکی له‌و چه‌شنه‌ی داوه‌ته ناوه‌نده فه‌رهه‌نگییه‌کان؟ ـ ئێمه کۆمه‌ڵێک ناوه‌ندی رۆشنبیری هه‌یه که یارمه‌تییان ئه‌ده‌ین، وه کۆمه‌ڵێک ده‌زگای تر هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئێمه، یانی راسته‌وخۆ حکوومه‌ت له رێگای دارایی‌یه‌وه پشتگیری‌یان ئه‌کا، ئه‌وانیش پرۆژه‌ی خۆیانیان هه‌یه، ئێمه پشتگیریی پرۆژه‌کانی ئه‌وانیش ئه‌که‌ین، حه‌ز ئه‌که‌ین هه‌ر کام له‌م ده‌زگایانه ـ هی بڵاوکردنه‌وه بێ یان هه‌ر شتێکی تر ـ به که‌یفی خۆی وه‌ک وه‌زاره‌تێک کار بکا، ئه‌مه‌ش پێم وانییه ناکۆک بێ له‌گه‌ڵ ئه‌رکی وه‌زاره‌تی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، ئه‌رکی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری زیاتر ئه‌بێ ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردن بێ، رێگه خۆشکردن بێ نه‌ک ئه‌رکی ده‌ست تێوه‌ردان له چالاکییه‌کان. ئێمه زه‌مینه واڵا ئه‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی داهێنان، به هه‌موو قوتابخانه و ره‌وته فکرییه‌کانیانه‌وه ئیشی خۆیان بکه‌ن. رێنێسانس نیوز؛ هیچ رێوشوێن یان بودجه‌یه‌کی "ئاراسته دیارکه‌ر"تان هه‌یه که بۆ نموونه جه‌وهه‌ر و ئامانجی چالاکییه‌کان ئاراسته بکات، نه‌ک به مه‌به‌ستی ده‌ستوه‌ردان بێ له ناوه‌رۆکی چالاکییه‌کان؟ ـ هه‌ر کام له سه‌نته‌ره‌کان به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به خۆیانیان هه‌یه، ئێمه رێنماییمان ده‌رکردووه بۆ چۆنیه‌تی خه‌رجکردنی بودجه‌کانیان له بواری یاسایی‌یه‌وه، یانی چه‌نێکی خه‌رج ئه‌که‌ن بۆ نموونه بۆ شتی ئیداری، ناکرێ مه‌سه‌له‌ن تۆ پاره‌یه‌ک ئه‌یه‌ی که‌چی له سه‌تا حه‌فتا (70)ی خه‌رج کرێ بۆ ئیداری و له سه‌دا سی (30)ی خه‌رج کرێ بۆ چالاکی. ئێمه هێڵی گشتیمان داناوه که ئه‌مانه‌وێ داکۆکی بکا له رۆشنبیرییه‌کی پێشکه‌وتوو، مه‌ده‌نی و دیموکراتی که گیانی هاووڵاتیبوونی کوردستانی سه‌قامگیر بکا، دوور بێ له تۆوی تایفه‌گه‌ری و ده‌مارگیری به هه‌موو شێوازه‌کانیه‌وه. ئه‌مه په‌یامه گشتییه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێ بچینه ناو ورده‌کاریی شته‌کانه‌وه، چوونکه ئێمه نامانه‌وێ چاو‌دێر بین به‌سه‌ر رۆشنبیرانه‌وه یان به سه‌ر داهێنانه‌وه. ئه‌وان ئازادن که داهێنانی خۆیان بکه‌ن. ده‌شمێنێته‌وه ئه‌وه که ئه‌م حاڵه‌ته جیاوازه له جێگایه‌که‌وه بۆ جێگایه‌کی تر. هه‌ندێ ناوه‌ند و سه‌نته‌ر هه‌یه که چالاکییان گه‌رمه و داهێنانیان هه‌یه، هێندێ سه‌نته‌ریش هه‌یه که له‌وانه‌یه چالاکییان مامناوه‌ندی بێ. هه‌وڵمانیش داوه ئه‌و بودجه‌یه به‌پێی چالاکی بێ. هه‌نگاوی تریش ده‌نێین له ساڵانی داهاتوودا به جۆرێک که به پێی پرۆژه‌کان پاره‌یان بدرێتێ، پاره‌یه‌ک ته‌رخان بکرێ بۆ کاری ئیداری به‌ڵام به گوێره‌ی ئیشه‌کانیان پشتگیری بکرێ. ئه‌وه رێوشوێنه‌که‌یه‌تی نه ته‌نیا له سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ڵکوو پرۆژه‌مان به ده‌سته‌وه‌یه له سه‌ر ئاستی هه‌موو کوردستانا که هه‌موو "ئێن جی ئۆ"کان به‌و شێوه‌یه کار بکه‌ن. رێنێسانس نیوز؛ ئه‌دی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مێدیاکاندا سیاسه‌تی ئێوه چۆنه، ئایا بێجگه له یاسای رۆژنامه‌گه‌ری رێوشوێنێکی دیکه هه‌یه بۆ فۆڕماندنی ژینگه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی کوردستان؟ ـ کار ئه‌که‌ین بۆ ئه‌وه، هێندێ پرۆژه‌مان له‌به‌ر دستایه له چوارچێوه‌ی حکوومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تیش ئاگاداره که کار بکرێ بۆ رێکخسته‌وه‌ی ئه‌و بواره. کاتی ئه‌وه هاتووه که ئه‌و بواره رێک بخرێته‌وه، ئێمه کار بۆ ئه‌وه ده‌که‌ین ئێستا حالیه‌ن. رێنێسانس نیوز؛ له زۆر وڵاتان بودجه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌یه بۆ راگرتنی بالانسی ئیدۆلۆژی ـ فکری له ژینگه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریدا. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان به هه‌ر هۆیه‌که‌وه باڵاده‌ست بێ، ئه‌وا باری ئه‌وانی دیکه به‌و بودجه‌یه راست ده‌کرێته‌وه، ئه‌وه‌ش له پێناو پاراستنی فره‌ده‌نگی و فره چه‌شنیی مێدیادا، ئایا لێره شتێکی ئاوا هه‌یه؟ ئێمه به شێوه‌یه‌کی گشتی سه‌یری ئه‌و ده‌زگایانه‌مان کردووه، بۆ نموونه هه‌ندێ ده‌زگا هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری وه‌زره‌تی رۆشنبیری پشتگیریی ئه‌کرێن، وه‌ک نموونه رادوێی "نه‌وا"، رادوێی "نه‌وا" رادوێیه‌کی حیزبی نییه، رادوێیه‌کی سه‌ربه‌خۆیه و زۆر جاریش گوتارێکی ره‌خنه‌ئامێزی هه‌یه بۆ کاره‌کانی حکوومه‌ت، به‌ڵام حکوومه‌ت پشتگیریی کردووه و به‌رده‌وامیش ئه‌بێت له پشتگیری کردنیدا. به‌ڵام ئه‌مه له سنووری وه‌زاره‌تی ئێمه‌دا نییه به‌ڵکوو راسته‌وخۆ له سنووری دارایی‌یه و ئه‌وێ یارمه‌تیی ئه‌دات، ئه‌وه بڕیاری حکوومه‌ته... رێنێسانس نیوز؛ ئایا ئه‌وه به پێی یاسا ده‌کرێ یان له رێگای په‌یوه‌ندیگه‌لی دۆستانه‌وه؟ ـ به‌ڵێ به‌ڵی به پێی یاسایه، یاسایه‌کمان هه‌یه ئه‌و یارمه‌تییانه رێک ده‌خا، ئێمه کۆمه‌ڵێک یاسامان هه‌یه، بۆ نموونه یاسای ژماره پازده هه‌یه، یاسای ژماره هه‌ژده هه‌یه، بۆ هه‌موو جۆره داموده‌زگاکان یاسا هه‌یه، هه‌موو یارمه‌تی و پشتگیرییه‌ک به گوێره‌ی یاسا و رێنومایی‌یه... رێنێسانس نیوز؛ لێره هه‌ست به‌وه ده‌که‌م که مێدیای لیبڕاڵ و کۆنه‌پارێز [محافه‌زه‌کار] به شێوه‌یه‌کی ترسناک سه‌رده‌ست بن و مێدیای چه‌پ و پێشکه‌وتنخوازیش یان نییه یان که‌متر دیاره، ئه‌وه له حاڵێک دایه که پرسه‌کانی وه‌ک عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی که ده‌که‌ونه خانه‌ی ئامانجه چه‌په‌کان زۆر زه‌قن... ـ پرسیاره‌که‌ت ئایدۆلۆجییه، من له سه‌ره‌تاشه‌وه گوتم من ئایدۆلۆجیا له سیاسه‌ت جیا ده‌که‌مه‌وه... رێنێسانس نیوز؛ باشه ئاخر ده‌سته‌لات نابێ هه‌وڵی ئه‌وه بدات که باڵانس یان هارمۆنییه‌ک دروست بکات له نێوان رێچکه فکری و سیاسییه‌کاندا، له پێناو هێشتنه‌وه‌ی ره‌نگینییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌یدا؟ ـ به‌ڵێ، رێگه خۆشکردن بۆ رۆشنبیری و کولتوورێکی دیموکراتی، مه‌ده‌نی و فره چه‌شن؛ فره چه‌شن له هه‌موو بوارێکه‌وه، له بواری نه‌ته‌وه‌یی و ... رێگه‌نه‌گرتن له هه‌مووان، زه‌مینه خۆشكردن بۆ هه‌مووان، چانسی یه‌کسان بۆ هه‌مووان. رێنێسانس نیوز؛ ئایا چانسی یه‌کسان بۆ ڕۆشنبیرانی چه‌پیش هه‌یه؟ ـ چانسی یه‌کسان هه‌یه بۆ هه‌موو رۆشنبیران دوور له ئایدۆلۆجیا... له بیرت بێ من خۆم چه‌پم... رێنێسانس نیوز؛ ئه‌منیش بۆیه به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی له جه‌نابت ده‌پرسم... وا ده‌زانم پێگه و رۆڵی رۆشنبیرانی چه‌پ لێره زۆر لاوازه... ـ ئه‌بێ پرسیاره‌که له رۆشنبیرانی چه‌پ بکه‌ی ... رێنێسانس نیوز؛ له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌س له سه‌رکردایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ دانیشتووم به‌ڵام هیچم لێ وه‌ده‌ست نه‌که‌وتن، به شێوه‌یه‌کی ترسناک له رابردوودا قه‌تیس ماون. ـ خه‌تای خۆیانه، من ئێستا وه‌ک چه‌پێک قسه ناکه‌م، من وه‌ک وه‌زیرێک قسه ئه‌که‌م، به‌ڵام خه‌تای خۆیانه و له ئه‌وان بپرسه. رێنێسانس نیوز؛ دوای وتووێژه‌که وه‌ک چه‌پیش قسه ده‌که‌ین، به‌ڵام ئێستا ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر چالاکییه فه‌رهه‌نگییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له هه‌رێمی کوردستان قسه بکه‌ین؛ ئه‌و چالاکییانه چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگیی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری یان بڵێین به حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه هه‌یه؟ ـ چالاکیی رۆشنبیری له گه‌ڵ دراوسێکانمانا مه‌به‌ست په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانه، یه‌کێ له مه‌به‌سته‌کانی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانه. ئێمه له‌گه‌ڵ دراوسێکانمانا به مه‌نزووری ئایدۆلۆجی ته‌عامول ناکه‌ین، وه به مه‌نزووری ئه‌وه‌ش ته‌عامول ناکه‌ین که داخوا چ حکوومه‌تێک له‌وێ حوکم ده‌کات، به‌ڵکوو به مه‌نزووری ئه‌وه که له دراوسێی ئێمه ده‌وڵه‌تێک هه‌یه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته که تۆ له‌گه‌ڵیا ده‌ژی ناتوانی سنووری له‌گه‌ڵ بگۆڕی، جوگرافیا به ده‌ستی ئێمه ناگۆڕدرێ، هه‌رچۆنێک بێ ئه‌وه ئیراده‌ی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌یه و ئێمه ئه‌بێ به‌و جۆره مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ین، له چوارچێوه‌ی رێزگرتن له سه‌روه‌ریی نیشتمانیی خۆمان، رێزگرتن له به‌های خۆمان، وه رێزگرتن له سه‌روه‌ریی نیشتمانیی ئه‌وانیش، ده‌ستوه‌رنه‌دان له کاروباری ناوخۆی ئه‌وانیش. جا ئێمه ته‌عامول له‌گه‌ڵ مۆرکه سیاسییه‌که‌ی ئه‌و چالاکییه فه‌رهه‌نگییانه ناکه‌ین، به‌ڵکوو مۆرکه کولتوورییه‌که‌ی دوور له ئایدۆلۆجیا. بۆ نموونه مه‌عره‌زێکی [پێشانگه] کتێب ئه‌کرێته‌وه، ئه‌وانه ئازادن بێ ئه‌وه‌ی ئێمه بایکۆت دابنێین له‌سه‌ر جۆره بیر و بۆچوونێک، ئێمه به‌وجۆره مامه‌ڵه ناکه‌ین... رێنێسانس نیوز؛ به‌ڵام ئه‌وان له فۆڕمپێدانی ئه‌و پێشانگه‌یانه‌دا ته‌واو به شێوه‌یه‌کی ئیدۆلۆژییانه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، بۆ نموونه زۆربه‌ی یان هه‌موو ئه‌و کتێبانه که به‌شدار ده‌بن له‌پێشانگه‌که‌دا کتێبی دینین ... ـ مه‌عره‌زه‌کان ته‌نیا دینی نین، که‌سانی تریش مه‌عره‌ز ئه‌که‌نه‌وه، ئه‌بینی ئه‌وه‌ی که رێکی ئه‌خا کابرایه‌کی چه‌په، وه پێشانگه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تییه رێکی ئه‌خا، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و مادانه‌ی که به‌شدار ئه‌بن قه‌واره‌ی کتێبی ئایینین، له‌وانه‌یه هی سوننه‌مه‌زهه‌ب زیاتره له هی هه‌موو دینه‌کان. ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به هه‌لومه‌رجی ناوچه‌که‌وه هه‌یه، ئه‌مه گرفتێکه که په‌یوه‌ندیی به هه‌لومه‌رجی سیاسیی ناوچه‌که‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به ته‌رازووی هێزه سیاسییه‌کانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به ته‌وژمێکه‌وه هه‌یه که له ناوچه‌که‌دا هه‌یه. ئه‌م ته‌وژمه به قه‌راراتی ئیداری و به فه‌رمان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکرێ، ناکرێ له سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه‌ش تۆ ئازادییه‌کان داببڕی، چوونکا ئه‌بێ ئازادی به به‌رده‌وامی فه‌راهه‌م بێ بۆ هه‌موو خه‌ڵکێک و بۆ هه‌موو ناوه‌ندێک ... رێنێسانس نیوز؛ به‌ڵام ئامانجه ئیدۆلۆژییه‌کانی پشت ئه‌و پێشانگه‌یانه به روونی ده‌بینرێن، ده‌ی باشه که‌وابوو ناکرێ ئێوه به رێسا یان به هه‌ر ئامرازێکی دیکه فۆڕمێک به ناوه‌رۆکی پێشانگه‌که بده‌ی که له ئامانجه درێژخایه‌نه‌کانی تۆ دوور نه‌که‌وێته‌وه؟ بۆنموونه حکوومه‌تی هه‌رێم حکوومه‌تێکی سێکولاره و ئێمه ده‌مانه‌وێ وڵاتێکی سێکولاری دێموکراتیکمان هه‌بێ، که‌چی ده‌رگا به رووی هێزه توندره‌وه دینییه‌کاندا ده‌که‌ینه‌وه که بێن لێره به که‌یفی خۆیان باڵ راباوێن ... ـ دیسانه‌وه پرسیاره‌که‌ت ئایدۆلۆجییه، له بیرت نه‌چێ، حکوومه‌تی سێکولار مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێک ئه‌کا وه‌کوو خۆی، لێره‌دا تۆ رێگه له ئایین ناگری له نێو کۆمه‌ڵگه، رێگا له فکری ئایینیش ناگری، سێکولاریه‌ت په‌یوه‌ندیی به ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه، ئه‌وه تورکیا ئه‌بینی، له‌وانه‌یه حیزبێکی ئیسلامیش حوکم کا به‌ڵام سیسته‌مه‌که سیسته‌مێکی سێکولاره. واته سێکولاری به مانای جیاکردنه‌وه یان قه‌ده‌غه‌کردنی فکری ئایینی نییه له کۆمه‌ڵگه، ئێمه "جادانۆف" نین، به عه‌قڵیه‌تی جادانۆفی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ناکه‌ین بڵێین ئه‌مه راسته یان ئه‌مه چه‌په، یان هێڵ دابنێین، هه‌موو بیروباوه‌ڕه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌یا زه‌مینه‌ی خۆی هه‌یه، به تایبه‌تی کاتێک تۆ پله‌یه‌کی وه‌زاره‌تی وه‌رئه‌گری ئه‌بێ وا ته‌سه‌روف [هه‌ڵسوکه‌وت] که‌ی که ئه‌مه ببینی. من مافی خۆمه له چوارچێوه‌ی حیزبی سیاسیی خۆما، له چوارچێوه رۆشنبیرکردنی کادیری سیاسیی خۆما، به‌و ئاراسته‌ی خۆم بمه‌وێ رۆشنبیری بکه‌م، حیزبه‌که‌ش مافی خۆیه‌تی هه‌ر وا هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ کادیر، ئه‌ندام و لایه‌نگری خۆی بکا، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌بێ یه‌کسان بێ بۆ هه‌موو لایه‌نێک. ئێمه ده‌وڵه‌تی پرۆفشانڵمان ئه‌وێ، ئه‌وه‌ش ده‌وڵه‌تێکه که وه‌زیفه‌ی خۆی ئه‌بینێ وه‌کوو ده‌وڵه‌ت، دوور له ئایدۆلۆجیا، سێکولاریه‌ت ئایدۆلۆجیا نییه که به‌کاری بێنی به‌رامبه‌ر ئایدۆلۆجیای ئایینی. به‌رامبه‌ر ئایدۆلۆجیای ئایینی مارکسیه‌ت هه‌یه، ئایدۆلۆجیی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه، کۆمه‌ڵێک ئایدۆلۆجیا هه‌یه له راسته‌وه بۆ چه‌پ. سێکولاریه‌ت رێکخه‌رێکه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئایدۆلۆجییه‌کان مه‌جالیان هه‌بێ، دوور له‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت ببێته شتێکی ئایدۆلۆجی... رێنێسانس نیوز؛ ده‌ی باشه به‌ڵام له‌و پێشانگه‌یانه‌دا هێندێک هه‌ڵسوکه‌وتی ئاشکرای ئیدۆلۆژی یان سیاسی کراون، به تایبه‌ت له هه‌ڵبژاردنی شوێنی چالاکییه‌کاندا. بۆ نموونه هۆڵی پێشه‌وا، ئه‌منه سووره‌که و ... زۆر که‌س ده‌ڵێن ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه هه‌وڵێکن له پێناو به‌تاڵکردنه‌وه‌ی سه‌مبوله نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد له مانا، له هێما نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی... ـ ئه‌مه له‌وانه‌یه بۆ خه‌ڵکی کوردستان لێره وابێ، به‌س له‌وانه‌یه تۆ پێچه‌وانه بیخوێنیته‌وه. سه‌یر که لایه‌نێکی ئێرانی دێت له هۆڵی پێشه‌وا، پێشه‌وا که سه‌رکرده‌یه‌کی کورد بووه، هۆڵێک که ره‌مزێکی نیشتیمانیمانه، دێت له‌وێ ئه‌و چالاکییه ئه‌کا، ئه‌مه گه‌وره‌بوونه بۆ کورد، به‌تاڵکردنه‌وه‌ی هێماکان نییه. دێ له ئه‌منه سووره‌که چالاکی ئه‌کا، ئه‌منه سووره‌که ره‌مزی خه‌باتی کورده، کورد ئه‌و هێمایه‌ی پێ به‌خشیوه، کورد مانای پێ به‌خشیوه، پێشه‌وا تێکۆشانی خۆی و کوردستان ئه‌و هێمایه‌ی پێ به‌خشیوه. هوتێلمان هه‌یه به ناوی چوارچرا، شه‌قامه شه‌قامی قازییه، ئه‌وانه [کۆماری ئیسلامی] که دێنه ئێره له هێمای ئه‌م شتانه که‌م ناکاته‌وه، دێت له به‌رده‌م ئاڵای کوردستانه‌وه ره‌ت ئه‌بێ ئه‌مانه هه‌مووی ئاوایه .... رێنێسانس نیوز؛ به‌ڵام له به‌رده‌م پێشانگه‌که‌شی راست وێنه‌یه‌ک به گه‌وره‌یی هه‌ڵده‌واسێ که تێیدا کوردێک کرنۆشی بۆ خامنه‌یی بردووه و ده‌ستی ماچ ده‌کا... ـ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به وڵاتی خۆیانه‌وه هه‌یه، ئێمه ده‌ست له کاروباری ناوخۆی وڵاتی ئه‌وان وه‌رناده‌ین، ئێمه په‌یوه‌ندیی دیپلۆماتیمان هه‌یه له‌گه‌ڵیان ... رێنێسانس نیوز؛ ئه‌دی چه‌مکی کورد بوون... ـ ئاخر گوێ بگره من ده‌وڵه‌تم، من حکوومه‌تم، من به‌رهه‌ڵستکاری وڵاتێکی تر نیم، من ناتوانم وه‌کوو به‌رهه‌ڵستکاری ئێرانی بیر بکه‌مه‌وه، ئه‌وان مافی خۆیانه چۆن بیر ئه‌که‌نه‌وه، رێز له بیرکردنه‌وه‌یان ئه‌گرم به‌ڵام من وا بیر ناکه‌مه‌وه، بۆ؟ چونکا من حاڵه‌تێکی تایبه‌تیم هه‌یه، من ناتوانم شوێنی تۆ بگرمه‌وه، تۆش ناتوانی شوێنی من بگریته‌وه، تۆ سه‌نگینی له شوێنی خۆت و شوێنی خۆت ئه‌گریته‌وه، هه‌قی خۆته، مافی خۆته، رێگا له تێکۆشانی تۆ ناگرم به‌ڵام من ناتوانم وه‌کوو تۆ بیرکه‌مه‌وه، چوونکا من هه‌رێمێکم، سنووررێکم هه‌یه، له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکم که پێی ئه‌ڵێن عێراقی فیدڕاڵ، کۆمه‌ڵێک ئیتیفاقیاتم هه‌یه، پابه‌ندم به ده‌ستوورێکه‌وه که ده‌ستووری عێراقه، پابه‌ندم به قانوونی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، مه‌نتیقی ده‌وڵه‌ت جیایه له مه‌نتیقی شۆڕشگێڕی، تۆ به مه‌نتیقی شۆڕشگێر ته‌ماشای ئه‌رکی ده‌وڵه‌ت ئه‌که‌ی، باوی ده‌وڵه‌تی شۆڕشگێر نه‌ماوه له جیهانا، ئه‌وه‌ی که هه‌بوو له کۆنا، نموونه‌ی سۆڤیه‌ت و گیڤارا و کوبا کۆتایی پێهات، ئه‌وه سه‌رده‌مێک بوو، لێره ده‌وڵه‌تێک هه‌یه که شه‌رعیه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌یه، له قۆناغێکا که گلۆبالیزمه و عاله‌م هه‌مووی له یه‌کتری کۆبوونه‌ته‌وه، تۆ هه‌تا ئه‌گه‌ر مارکسیانه‌ش بیر بکه‌یته‌وه ئه‌بێ بزانی چۆن ته‌عامولی له‌گه‌ڵ ئه‌که‌ی. رێنێسانس نیوز؛ ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به مارکسایه‌تییه‌وه نییه، بێ هۆ نییه که له ناو ملوێنان وێنه‌ی خامنه‌یی ئه‌و وێنه تایبه‌ته هه‌ڵده‌واسرێ له پێته‌ختی هه‌رێمێک که پێی ده‌ڵێن کوردستان! ـ ئه‌وه په‌یوه‌ندی به خۆیانه‌وه هه‌یه، من رێز له ئیراده‌ی ئه‌وان ئه‌گرم، وه‌ک وتم من حکوومه‌تم، من ته‌عامول له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت ئه‌که‌م، تۆ ناتوانی به لۆجیکی به‌رهه‌ڵستکاری ئێران له‌گه‌ڵ من مامه‌ڵه بکه‌ی، داوای ئه‌وه‌م لێ مه‌که... رێنێسانس نیوز؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو که کوردبوون له‌وانه‌یه له هه‌ردوولا یه‌ک مانای هه‌بێ! ـ ئه‌مه عیلاقه‌ی به کوردایه‌تییه‌وه نییه، کوردایه‌تیی من وایه، کوردایه‌تی فۆڕمێک نییه، جلوبه‌رگێک نییه له هه‌موو جێگایه‌ک وه‌ک یه‌ک بێ، تۆ جلێکم بۆ بدووری که خۆت لێی رازی بی و من له به‌ری که‌م، ئه‌وه کوردایه‌تیی نییه. ئه‌گه‌ر کوردایه‌تی لێره فۆڕمێک وه‌رئه‌گرێ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا دێت بۆ ئێره و تۆ له ژێر ئاڵای کوردستانا بیبینی، من ئه‌مه به کوردایه‌تی ئه‌زانم، هه‌تا ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم بچێته ئه‌وێ و ئاڵای کوردستانیشی بۆ دانه‌نێن، بۆ؟ چوونکا من هه‌لومه‌رجی وه‌زعه‌که ئه‌خوێنمه‌وه. پێشتر ئێعترافی نه‌ئه‌کرد به بوونی سه‌رۆکی هه‌رێم، ئێسته سه‌رۆکی من به فه‌رمی بانگ ئه‌کا بۆ ئه‌وێ ئه‌مه هه‌نگاوێکه بۆ پێشه‌وه. رێنێسانس نیوز؛ جیاوازییه‌که له شێوه‌ی ڕوانینه‌که دایه... ـ هه‌ر وڵاتێک تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، تێکۆشانی گه‌لی کوردستان له ئێران تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، داوا له من مه‌که نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌هاباد بم، من نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌هاباد نیم، من ئه‌توانم هاوسۆز بم له گه‌ڵی، پشتگیریی بکه‌م به شێوازێک له شێوازه‌کان، نه‌ک وه‌ک حکوومه‌ت و به فه‌رمی، به‌ڵام وه‌کوو تاکه‌که‌س جیایه، به‌ڵام من نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌هاباد و دیاربه‌کر نیم، ئه‌وانه‌ی له دیاربه‌کرن ئه‌وان نوێنه‌ری ئه‌وێن... رێنێسانس نیوز؛ به‌ڵام نوێنه‌ری خه‌ڵکی سه‌ر سنووره‌کان هه‌ن که رۆژانه بۆردومان ده‌کرێن! ـ به‌ڵێ... رێنێسانس نیوز؛ له‌و مه‌ودا زه‌مه‌نییه‌دا که دوو پێشانگه‌ی گه‌وره‌ی کۆماری ئیسلامی له هه‌رێمی کوردستان کراونه‌وه، تۆپبارانی سه‌ر سنووره‌کان به‌رده‌وام بووه، ئه‌و دوو دیارده‌یه به یه‌که‌وه جۆره کۆنتراستێکی تێدایه، پارادۆکسێکی دروست کردووه! ـ نا نا نا، هیچی دروست نه‌کردووه، ئه‌زانی بۆ؟ ئه‌بێ بزانی ئێمه له یادی ئایه‌توڵا خومه‌ینی چیمان وتووه، ئه‌بێ بزانی سه‌رۆکی پارله‌مان که له‌وێ بووه، خۆم که وه‌کوو وته‌بێژ و له جیاتی به‌رێز سه‌رۆکی حکوومه‌ت له‌وێ بوومه چیمان وتووه له‌وێ، ئه‌وه گرینگه. ئێمه وتوومانه ئه‌وه‌ی ئێوه ئه‌یکه‌ن نه له‌گه‌ڵ دۆستایه‌تییا ئه‌گونجێ، نه له‌گه‌ڵ یاسای نێوده‌وڵه‌تیا ئه‌گونجێ، نه‌له‌گه‌ڵ په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانا ئه‌گونجێ، ئه‌مه پێشێلکردنه، زیان گه‌اندنه، ئه‌وه‌ی که پێی ئه‌ڵێن پشتێنی ئه‌منی له هه‌موو دنیایا نه‌ماوه و ... ده‌یان شتی له‌و جۆرمان پێ وتوون. به شێوه‌یه‌کی فه‌رمیش پێمان وتوون ئه‌بێ بکشێنه‌وه. تۆ ئه‌مه بڵێ، ئه‌گه‌ر من ئه‌مانه‌م نه‌وتووه تۆ هه‌قی گله‌ییت هه‌یه، به‌ڵام من ئه‌مانه‌م وتووه لێردا... رێنێسانس نیوز؛ به‌ڵام شته‌که جۆره پارادۆکسێکی تێدایه، له‌لایه‌ک بۆردومان و له لایه‌که‌ی دیکه چالاکیی فه‌رهه‌نگی! ـ نا، ئه‌بێ ئێوه شتێک به روونی تێبگه‌ن، من نامه‌وێ په‌یوه‌ندیی خۆم ببڕم له‌گه‌ڵ ئێرانا، من په‌یوه‌ندییم هه‌یه که نامه‌وێ بیبڕم، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه چوونکا په‌یوه‌ندییم هه‌یه قبووڵی ده‌ستدرێژییه‌که‌ی ئه‌که‌م. ئه‌مه فه‌ننه له دیپلۆماسیه‌تی سیاسی‌دا، له دیپلۆماسیه‌تی سیاسی‌دا تۆ واقیع و هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌که به‌هه‌ند وه‌رده‌گری، شتێک نییه به‌ناوی "یان هه‌موو شتێک یان هیچ"، له وه‌زعی سیاسی‌دا وا مامه‌ڵه ناکرێ، بۆ؟ چوونکا من خۆم هه‌لومه‌رجی خۆم ئه‌زانم، ئه‌زانم له چ ژینگه‌یه‌کا کار ئه‌که‌م، ئه‌زانم ده‌وروبه‌ره‌که‌م کێیه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و ژینگه‌یه‌دا، ئه‌و واقیعه‌دا که هه‌یه هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌که‌م، من له خه‌یاڵا سیاسه‌ت ناکه‌م، من به‌رپرسم به‌رامبه‌ر وه‌زعی هه‌رێمێک، له به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یا که دایئه‌نێم ـ که ئه‌ڵێم من مه‌به‌ستم خۆم نییه، مه‌به‌ستم حکوومه‌تی هه‌رێمه، مه‌به‌ستم بڕیاری سیاسییه ـ جا من ئه‌و حاڵه‌ته هه‌مووی به‌هه‌ند وه‌رئه‌گرم، دیسانه‌وه ئه‌ڵێم، من به عه‌قڵیه‌تی هێزێکی شۆڕشگێری ئه‌م یان ئه‌و وڵاته‌وه بیر ناکه‌مه‌وه، من به عه‌قڵی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سته‌ڵاتی خۆم بیر ئه‌که‌مه‌وه که به‌رپرسم به‌رامبه‌ری، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داخوا من له‌سه‌ر کورسییه‌که‌م یان نا، نه‌ء، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من کیانێکم هه‌یه، بوونێکم هه‌یه، چۆن ئه‌م بوونه و ئه‌م کیانه ئه‌پارێزم له‌م ئاڵۆزییه‌ی که هه‌یه، وه تواناکانی خۆشم ئه‌زانم، واقیعبینانه بیر ئه‌که‌مه‌وه، چۆن داکۆکی له‌خۆم ئه‌که‌م و هه‌ڵوێستم لاواز نابێ، هه‌ڵوێستی نیشتیمانیشم لاواز نابێ... ئه‌مه هه‌موو ئه‌بێ به‌هه‌ند وه‌ربگری له‌و حاڵه‌ته‌یا. له‌به‌ر ئه‌وه من هه‌ڵوێستی خۆشم ده‌رئه‌بڕم، به‌لام هه‌ڵبژاردنه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی رێگای پێکدادان نییه، من ئێعلانی کیفاحی موسه‌له‌حم نه‌کردووه له دژی ئێران... رێنێسانس نیوز؛ که‌س داوایه‌کی وای نییه، به‌ڵام ده‌توانی پێشانگه‌کان قه‌ده‌غه بکه‌ی تا ئه‌و کاته‌ی تۆپباران ڕانه‌وه‌ستاوه! ـ نا، من پێشانگه‌که‌ش ئه‌که‌م و له‌وێش وا ئه‌ڵێم، له‌وێش ئه‌و قسانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌که‌م، له یادی ئایه‌توڵا خومه‌ینیدا وا ئه‌ڵێم. ئه‌مه هه‌ڵبژارده‌که‌یه، ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه ئه‌گونجێ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاسته‌یا، سبه‌یرۆژ ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆپبارانه به‌رده‌وام بێ، له چوارچێوه‌ی دیپلۆماسیه‌تی ئاشتیانه، له چوارچێوه‌ی شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا مامه‌ڵه ئه‌که‌م، به‌ڵام به خه‌مخۆریی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش. هه‌رچۆنێک بێ فه‌رق هه‌یه له به‌ینی ئه‌وه‌ی چیم ئه‌وێ و چی هه‌یه، ئه‌م دوو شته جیا بکه‌ینه‌وه، سیاسه‌ت بڕیار نادا چیت ئه‌وێ، ئه‌وه‌ی بڕیار ئه‌دا تۆ چیت ئه‌وێ له دڵتا، ئه‌وه فکر و ئایدۆلۆجیایه، یان هه‌رچی تۆ ناوی ئه‌نێی، ئه‌مه بڕیار ئه‌دا تۆ چیت ئه‌وێ. به‌ڵام چی ئه‌کرێ، چی مومکینه، چی ده‌توانی بکه‌ی به شێوه‌یه‌کی واقیعبینیانه، ئه‌وه‌یه سیاسه‌ت. من ده (10) ساڵ پێشمه‌رگه بوومه، تاکوو دوای راپه‌ڕینیش، به‌ڵام فه‌رق هه‌یه له به‌ینی بیرکردنه‌وه‌م کاتێ که چه‌که‌که‌م به شانه‌وه بووه و له شاخه‌که بووم، ئه‌و کاته مه‌نتیق و لۆجیکم جیایه، به‌ڵام ئێستا ئه‌بێ لۆجیکم جیا بێ. من له لۆجیکی ئه‌وانه تێئه‌گه‌م که ئێستا پێشمه‌رگه‌ن یان تێئه‌کۆشن، ئه‌زانم چۆن بیر ئه‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌بێ ئێوه‌ش له وه‌زعی ئێره تێبگه‌ن، له‌وه که من چۆن بیر ئه‌که‌مه‌وه... رێنێسانس نیوز؛ زۆر سپاس بۆ میواندارییه‌که‌تان... ـ به‌خێر بێن... |